کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نمونەكەی د.عەلی وەردی و فەزاحەتی مامۆستایانی زانكۆ

Saturday, 28/11/2020, 22:50


د.عەلی وەردی لە دو شاكارە كتێبەكەی خۆی –شخصیە الفرد العراقی- و -گبیعە المجتمع العراقی- باسی كەسایەتی دوفاقی هاوڵاتی عێراقی ئەكات كە زۆربەیان بەجلوبەرگ لاسایی ئەوروپی ئەكەنەوەو بە ئەقڵیش لەخزمەتی قۆناغی جەهالەت و خورافات و عەشیرەتگەری ئەخولێنەوە، كەسە دوفاقەكانی كۆمەڵگای جەهالەت سەدان گرفت هەبێ كە ئاستەنگی بەردەم پێشكەوتنی كۆمەڵگا بێ بە بیانوی بێ لایەنیەوە خۆی لەو مەسەلە پیرۆزە ئەدزێتەوە بەڵام بۆ دیفاع لە عەشیرەت و كلتورەكەی لەسەنگەری پێشەوەیە. 
بۆچونەكانی عەلی وەردی زۆر جار لە روداو و پێشهاتەكانی كوردستاندا ئەبینرێ، تازەترین مەهزەلەش دوای تەقاندنی چەند فیشەكێكە لەبەردەم بارەگای تازەی كەسنەزانیەكان لەدەروازەی شاری سلێمانی، دەستبەجێ رابەری تازەی كەسنەزانیەكان كە پێگەكەی بە میرات لە باوكیەوە بۆ بەجێ ماوە كۆنگرەیەكی راگەیاندنی بۆ كەنالەكان ساز كرد 
فەزاحەتەكە ئا لێرەوەیە، وتەبێژی تازەی تەریقەت كە بەزمانی تەحەداوە قسەی بۆ راگەیاندنەكان ئەكرد و هەرەشەی ئاراستەی هەر كەس و لایەنێ كرد كە زیانی مادی و مەعنەوی بە بارەگای تازەی تەریقەتی كەسنەزانی بگەیەنێ، ناوی دكتۆر -هەژار محمد جەلال-ە و مامۆستای زانكۆی پۆلوتەكنیكی سلێمانیە. پرسیارەكەمان ئەوەیە كاتێك شەق لە مامۆستا هەڵدرا لەسەر داوای معاش و هەقی خۆی، دەرگای زانكۆ و ناوەندەكانی خوێندن كلیل درا لەبەر بێ معاشی، ناوەندە ئەكادیمیەكان لەبەر بێ بودجەیی وشك كرا كەس دەموچاوی ئەم مامۆستایەی بینی كۆنفرانسێ بۆ دیفاع لە زانكۆ و زانست و ئەكادیمیەت ببەستێ؟؟ ئەی لەسەر تەقاندنی چەند گولەیەك كە بە وتەی خۆی لە مەرقەدەكەشەوە دور بوە و ئاراستەی ئەوانیش نەكراوە بۆ وا توڕە بووە؟ ئەو چەند فیشەكانەی تەقێنراوە خۆ بەرامبەر دەرگای سەرەكی زانكۆی سلێمانیشە، ئایا زانكۆی سلێمانی پیرۆزترە ناوی بهێنرێ كە دەیان كۆلیج و كتێبخانەی هەیە، یان بارەگای كەسنەزانی كە پڕە لەو دەروێشە هیندی و پاكستانی و عەرەبانەی بۆ نان خواردن و زیارەت خۆیان خزاندۆتە ئەو بارەگە تازەیە؟. 
ئەم ماستە بێ موو نیە، كەسێ خاوەنی دكتۆرا بێ و لەسەر پەك خستنی زانكۆكان و قوتی موچەخۆران نەیەتەجواب، بەڵام هەرەشە لە كەناڵەكانی راگەیاندنەوە بكات لە هەركەس كە گولەیەك لەبەردەم مەرقەدی شێخ بتەقێنێ، دیارە كە موچە و داهاتی تەكیەكەی زۆر چەورتر لە زانكۆیە و رێزی دەروێشەكانی تەكیەكەی لە مامۆستایانی كتێبخانە و كۆلیژ و حەرەمی زانكۆی سلێمانی لەلا گرنگ ترە. 
چەند فەزاحەتە شیڕەشیڕ بۆ شێخێ بكەی كە هەر باوەڕی بەعیلم نیە جگە لە خورافیاتی خۆی... ئەمە نیشانەی ئیفلاسی هەمو ئەو بڕوانامەی دكتۆرایانەیە كە لە زانكۆكانی كوردستاندا بەموچەی بەرز و بێ عیلمیەوە ساڵ دوای ساڵ چارەنوسی خوێندكاران و كوالیتی زانستیان بەرەو ماڵ وێرانی راپێچ كردوە، موچەكانیشیان چەند هێندەی مامۆستا دڵسۆزەكانی باخچەی مناڵان و قوتابخانە بنەرەتیەكانە كە لە حەفتەیەكدا شەش رۆژ وانە ئەڵێنەوە و لەگەڵ ناسكترین تەمەنی مرۆڤیش ئەبێ مامەڵە بكەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە