کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


فرسەت سۆفی لە چینی هەژاران بوو!

Friday, 20/11/2020, 16:39


ئەوە قسەی من نییە، قسەی فس فس پاڵەوان وچەقۆکێشێکی زڕە دێوقڕانە بە ناوی نێچیروان بارزانی. یەک بەیەک دژبەرەکانی خۆیان دەکوژن ، پاشان بۆیان دەگرین وپرسەیان بۆ دادەنێن، تا بە خەڵكانی دیکەی دژی خۆشیان بڵێن: چاولێبکەن چیمان لێکرد؟! تا زیندوو بوو کارمان لێکێشا، کاتێکێش بە پێویستیی بزانین سەری پان دەکەینەوە. چون ئێمە کوڕ وکوڕەزای کەسێکین بەناوی مەلامستەفای بارزانی، کە تا ئەو ڕۆژەی توانیی کوردی بە کوشتدا و دوایین ساتەکانی تەمەنییشی سووک و هاسان گووتی: کاری من تەواوە! سروشتی تیمساحیش هەر ئەوەیە کاتیک نێچیرەکەی ڕاو دەکات، دڵۆپ.. دڵۆپ فرمێسک بە چاوانیداهەڵدەوەرێن. بنەماڵەی بارزانیش تیمساحی دوو پێن! جگە لەوانەش لە هەرچی ئاژەڵ و دڕندەیە مەترسیدارترن.
بێ هیوایی لە ژیاندا کارێکی باش نییە، مرۆڤ تا ئەو رۆژەی کە دەژی دەبێ خاوەنی هەست و هیوای بەردەوام بێت. ئەوەیە سرووشتی ژیان، بەڵام جار جارەش بێ هیوایی رێگوزەرێکی ئەرێنی و باشە، هەرکات مرۆڤەکان خۆی لێلادەن تووشی تڕاژیدیا دەبن، رێک ئەوەی کە لە باشووری کوردستان ماوەی سی ساڵە گەل پێوەی دەناڵێنێ.
بەڵێ، بێ هیوایی لەو دەسەڵاتەی باشوور هەم باشە، هەمیش ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەییە، خەڵكی وەزاڵە هاتوو لە باشوری کوردستان بە تەواوی نەگەیشتونەتە ئاستی بێ هیوایی بۆ ڕاماڵێنی ئەو دەسەڵاتە، کە لە سەر خوێنی شەهید و ئاڵا و سرودی ئەی رەقیب وهیندێک پرسی نەتەوەیی خۆی دەژێنێ.
دونیا دەزانێ فرسەت سۆفی لە سەر چی بەو شێوەیە تیڕۆر کرا! پیاوە نۆکەرەکانی بنەماڵەی بارزانی دەڵێن کڕۆنا کوشتی! لەوەش سرنجڕاکێشترئەوەیە کە چەقۆ کێشێکی وەک نێچیروان بارزانی لە مەراسیمی هێنانەوەی تەرمی فرسەت سۆفیدا دەڵێ: ئەو لە جیلی هەژاران بوو! ئاخر ئەوە نییە بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیش سی ساڵە وەک هەژاران دەژین!؟
لە یەک رستەدا بەراشکاوی مرۆڤ دەتوانێ مرۆڤی جینایەتکار پێناسە بکات، ئەوانە بزانن راستیەکان چین، بەڵام خۆی لێ گێل دەکەن ، کە جینایەتکارن. دەسەڵاتی جینایەتکار و مرۆڤی جینایەتکار شاخ و باڵی نییە، ئەوە سی ساڵە لە بەرچاومانن. ئەو کەسانەش کە پەردەپۆشی جینایەتکارەکانی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی دەکەن وناوی خۆیان ناوە پێشمەرگە، شان بە شانی ئەو کوردکوژانە جێگای خۆیان کردۆتەوە، هەموو شتێکن، تەنیا، پێشمەرگە نین.
لە داهاتووشدا دەمانکوژن، هەر بێ دەنگین! سامانی وڵاتمان دەدەزن، هەر بێدەنگین! ژن ومنداڵـمان دەکەنە فارس وتورک وعەڕەب،هەر بێدەنگین! لەوەش برسی ترمان بکەن هەر بێدەنگ دەمێنین! تا کاریان پێمانە کارمان لێ رادەکێشن، هەر بێدەنگین ! تۆ بڵێی رۆژگارێک دابێ، کە بە یەکجاری هەست بە بێ‌ هیوایی بکەین لە دەست ئەو دەسەڵاتە وخەرمان خەرمان هیوای ژیانێکی نوێ بۆ دواڕۆژی نەتەوەکەمان لە سەر یەک هەڵچنین و چاو لە داهاتوویەکی پڕ لە هیوا و ئۆمێد بکەین.
لە زۆر کەسم بیستووە دەڵێن، لە ناو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیدا کەسانی شۆڕشگێڕ و راستگۆ و پاکی تیدایە! لە ناو ئەو دوو حیزبەدا کەسانی دڵسۆزیی تیدایە؟ لە راستیدا ئەو بۆچوونە زۆر سەقەتە و نادروستە. ئەو کەسانە ئەگەر باش و دڵسۆزیی نیشتمان و نەتەوەی کوردن، لەناو ئەو گەندەڵ و دزانەدا چۆن دەژین؟ بۆ خۆیان بە ئاگری ئەو چەتانە دەسووتێنن؟ ئەگەر راست دەکەن با خۆیان لە بەرەی گەلدا بدۆزنەوە. من بە مردنی هیچ کەس دڵخۆش نابم، مەڕحومی فرسەت سۆفی ئەگەر کەسێکی باش و دڵسۆزیی کورد بایە ماوەیەک لەوەی پێش بە ئاشکرا راینەدەگەیاند: ئەگەر خەڵك خۆپیشاندان بکات بە فیشەک جوابتان دەدەینەوە، پاشان گلییمان لێ مەکەن! ئەو قسەیە کوا قسەی مرۆڤێکی کوردە؟ ئەوەی گووتنی دەستوریی بنەماڵەی بارزانییە، کە بە زاری فرسەت سۆفی پەیامیان دا بە خەڵكی هەژار و دیلکراو. فرسەت سۆفی، هاوار و دەنگیی خەڵكی باشووری کوردستانی قەت نەبیست، تەنیا گوێی بۆ فەرمانەکانی بنەماڵەی بارزانی ڕاگرت.هەرکەسی دیکەش جێگای بگرێتەوە هەرئاوا دەکات و هەرواش دەژی.
مرۆڤی کورد،  خاوەن ویژان و خاوەن هەست خۆی لە بنەماڵەی بارزانی دوور دەکاتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە