بابۆڵە جگەرەکەی من و سینیە جگەر و گورچیەلەکانی بەردەم سەرۆک جاشێک
Sunday, 15/11/2020, 14:23
پیرەمێری شاعیر دەربارەی هەژاری و برسیەتی ڕوو لە ستەمکاران و دەسەڵاتداراران دەکات و دەڵێ:
لەگەڵ چاکەدا ڕۆحتان دوژمنە
هونەر و فەنتان بۆ پیاو کوشتنە
لەباتی تۆپ و قونبەلە و بۆمبا
حەبێ دروست کەن برسیەتی لابا
بۆ خواردنە خەڵک وا هاوار دەکا
هەر برسیەتییە کە پیاو هار دەکا
------------------------
لەفەی کەباب: ئەو خواردنەی هەژارەکان دەیان خەونی سەوز و شینی پێوە دەبینن...
هەژاری ئەو مۆتەکەیەکە تا مردن لە زاکیرەتدا دەمێنێتەوە...
جاشەکان و پیاوەکانی بەعس و دەسەڵاتداران، ئەو چین و توێژەبوون هەر وەک ئێستا گاڵتەیان بە پول و پارە و ژیان دەکرد...
هەژارەکانیش ئەو کاتە و ئیستاش ئەوانە بوون دژ بە دەسەڵات و حوكمڕانانى دز و بكوژ و پیسخۆر بوون، هەمیشە هەر وەک چۆن ئیستا منداڵە بەرپرس و کەسانی نزیک بە دەسەڵات چیان بوێت لە بەردەستیاندایە.سەردەمی بەعسيش کەسانی نزیک بە دەسەڵات هەمان بە زم بوون.
ئێمەی دژە دەسەڵات و دوژمن بە دەسەڵات هەر وەک ئیستا بە ژەمێ تێر و بە دە ژەم برسی، وەک هەژارەکانی ئەمرۆی دژ بە دەسەڵاتی خۆمالی کوردی چەتە و بکوژ.
"على سەلمە " ناوێک هەبوو سەرۆک جاش بوو، خەڵکی گرگاشەى ناوچەی شارباژێر بوو، کە لە دوای لەفە خواردنێکەوە ئاشنای ڕەنگ و ڕووخساری بووم!
ئەو کات من هێشتا تەمەنم 13 ساڵێک دەبوو، ئەو نەوەیە بووین کە نانێکی گەرممان لە نانەواخانەیک دەکڕیو، دەچووین لەبەردەم کەبابخانەکانی شاردا بە بۆن و دوکەڵی کەبابەوە نانەکەمان بە ووشکی قووت ئەدا.
ئەو رۆژەم هەرگیز لە بیر ناچێتەوە، کە چوومە لای جگەر خانەکەی ئەحە ى گولە لە سلێمانی…
ئەو ڕۆژە هێندە پارە لە گیرفانمدا بوو، کە پێم وابوو دەتوانم بە جورئەتەوە بچمە بەردەم ئەحە ى گولە و هاواری لێ بکەم:- وەستا لەفەیەک جگەرم بۆ پێچەرەوە، هانێ دەی ئەوەش پارەکەیە تی!
ئەو کات نەفەری جگەر، بە دینارێک بۆ دینار و نیویک بوو، منیش وابزانم ڕوبعە دینارێک، واتە چارەکە دینارێکم پاشەکەوت کردبوو لەفەیەک جگەر یان کەبابی ئەو کاتەی دەکرد!
ئەحە ى گولە سەرقال بوو هەر هاواری لە شاگردەکان دەکرد و سەیری کۆمەڵێک چەکداری جاشی دەکرد، کە سەر مێزەکەیان بە یە ک سینی گەورە جگەر ڕازاندبوەوە، بەو بەیانی زووە.
چوار چەکدارە جاشەکەش بە جل و پۆشاکی کوردی کڵاو و جامانەوە، چەکە میزەلی و حەفتا و پێنجەیەکانیان خستبوە لایەکی خۆیان.
بە بێ نان شیشە کانیان دەگرت بە دەستەوە و یەک یەک پلە جگەرە برژاوەکانیان لە شیشەکە ڕادەکێشا و بەدەم قسەکردن و قسە و نەرمە پێکەنینەوە سەرقاڵی خواردنی بوون.
دوای دوو سێ هاوار ئینجا وەستا ئاوڕێکی لە من دایەوە و بەلا چاوێک سەیری منی منداڵی ڕەنگ سەرمابردەی هەژاری کرد،
ووتی:-ها چیت ئەوێت؟
منيش بە شەرمەوە ديمەنى ئەو جاشانەم بینی کە زیاد لە 30 شيش زياتر لە سەر سينيەكەيانە، منیش تەنیا مشتەریەکی نابووت تەنیا یەک لەفەم دەویست کەمێک هەستم بە خۆکەمزانی و شەرمەزاری کرد.
ئێ من کە بە چەند مانگیک جارێک دەبمە مشتەری ئەحەی گوڵە ئەویش تەنیا یەک بابۆڵە جگەر، یان گورچیلە، جاشەکانیش کە مشتەری رۆاژنە و، هەر یەکەیان کڕیاری زیاتر لە 12 شیش جگەر و گورچیلە جیاوازیمان زۆر دەبێت بۆ خاوەن دوکان.جیاوازیەکە بۆ دوکاندارەکە زۆرە، من مانگی یەک شیش جگەر، جاشەکان هەریەکەیان گەر رۆژی تێکڕا 8 شیش بخۆن دەکاتە نەفەری 240 دانە لە مانگێکدا، کە ئەمە بۆ کەسی بزنێسمان جیاوزیەکەی زۆر نابەرامبەرە، منیش بم زیاتر بە تەنگ دڵ و خزمەتی ئەو مشتەریانەوە دەبم کە زۆرینەی سوود و قازانم پیدەگەیەنن...
ئەحەی گوڵە رۆژانە چەندین سەتڵە جگەر و گورچیلە و گوونی حەیوانی دەهێنا، گەر هەموو مشتەریەکانی وەک من بوونایە بە مانگیکیش نەیدەواتانی ئەو هەموو سەتڵە جگەرە بفرۆشێت نەک بە یەک رۆژ!
بۆیە ئەو زیاتر سەرقاڵ و مەشغوڵی ئەو مشتەریانە بوو، کە بە سینی و بە گۆترە داوای خواردنیان دەکرد و بە جۆرێک لە بوغرا بوونەوە ئادەی وەستا پەلەمانە جیت هەیە خێرا بۆمان حازر بکە، فەرموون بەخێربێن چەند ئەمر دەکەن تا بەیەک سانیە لە خزمەتاندا بین...هەرچەنیک حازر دەکەی کێشە نییە دوایی حەق و حیساب دەکەین...جارێ برسیمانە، کەی تێرمان خوارد ئاگادارت دەکەین!
ئەمەش بۆ هەموو دوکاندار و کاسبکارێک هەمان هەڵوێستە، دوکاندا هەقی نییە و بەسەر ئەوەی موشتەری پارەکەی لە کوێ پەیدا کردووە و چۆن پەیدا دەکات، گرنگ ئەوەیە زۆرترین شتومەکی پێ بفرۆشێت...جا ئیتر جاشە یا پیاوی نزیک دەزگاکانی حوکمەت و ئەمن و ئاسایشە، بە جاسووسی پارەی پەیدا کردووە.یان منداڵە بێ باوکە، منداڵە باوک زیندانیەکە، منداڵە باوک لە سیدارە دراوە، منداڵی هەژارێکە باوکی تا ئێوارە بە حەماڵی و ووردەواڵە فرۆشتن پارەی ژەمە خواردنی خیزانەکەی بۆ پەیدا ناکرێت...بۆ منێکیش کە دوور لە نازی باوکایەتی و لە خەونیشدا باوک لە ئامێزی نەگرتووم و باوەشیکی گەرم و دوو ماچی قوڵی باوک نەکراوم هەموو بۆ من زۆر بەئازار بوو، بەڵام هەموو ئەم شتانە نە دوکاندار دەیزانێت نە دەیەویت بیزانێت و نەکار و کەسابەتی ئەم بەم چیرۆکانە بەرەو باشی دەچێت.بۆیە ئەمانە هیچی کێشەی دوکاندار نییە و زۆر جاریش لەوانەیە مەیل و مەرحەبای ئەمانەی لا وەک جنێودان وابێت!
لەو کاتەی بۆ لەفەکەم وەستابووم کە وەستا حازری بکات، گویم لێ بوو سەرەڕای سەر سینیەکەیان هێشتا پڕ بوو لە شیشە جگەری دەست لێنەدراو، یەکێک لە جاشەکان کە ناو دەمی پڕ بوو لە خوادن؛ ووتی: وەستا گیان وەستا گیان، کە چەند گوون و گورچیلەیەکی ترمان بۆ حازر بكەن بە بێ هەژمارکردنی ژمارەکەی کە چەند شيش بێت.
ئیتر زۆر بە ترس و شەرمەوە ووتم:- وەستا گیان یەک لەفە جگەرم دەوێت ئەتوانی بمدەیتێ گەر زەحمەت نەبێت؟!
تا لەفەکەم حازر بوو، من بەس بە لاچاو نیگام لەسەر ئەو جاشانە بوو، دواتر زانیم کە ئەمە سەرۆک جاشە و ناوی عەلى سەلمەيە...
پارەکەی گیرفانی منی منداڵە هەژاری دوور لە نازی باوک، کە باوکیشم بە خەو نەدیووە! هەر ئەوە نەبوو بچمە سەر یەکێک لە مێزەکان و دابنیشیم و، داوای نانی گەرم و خواردنی گەرم و ماستاویکی خەستیان لێ بکەم، دوای خواردنەکەش چایەکی بکەم بەسەردا و خزمەت بکرێم!
بۆیە هەر دوای وەرگرتنی لەفەکە، بەپەلە تا لەفەکە بەدەستمەوە سارد نەبێتەوە چوومە کۆلانە تەسکەکەی ئەو دیو، کە دەچووە سەر شەقامی مەولەوی، لەوێدا پاڵم دا بە دیوارەکە، بەو سەرمایە بە بێ پەرداخێک ئاو، بە بێ کورسی و مێز دەستم کرد بە خواردنی، دواتریش کە هەندیک دەستم چەور بوو لە بری ئەوەی بچمە دەستشۆرێک دەستەکانم بشوم، بە زمان دەستم کرد بە پاکردنەوەی تا هیچ نەبێت گەر بە لەفەکە تەواو تێر نەبووبم بەڵکو بەو کەمە چەوری و پاشماوەی بۆن و تامی لەفەکە کەمێکی تر سکی خاڵیم تێرتر بکەم...
تامی ئەو لەفە جگەرە تا ئیستاش لە خەیالمە، بە هەمان شێوەش ئەو هەست بە شەرم و بێ پارەیەی خۆم و، ئەو سینیە پڕ لە جگەر و گۆشتەی لەبەردەم ئەو جاشانەدا دانرابوو، قەت لە زهنم دەرناچێت.
وا بۆ 24 سال دەچێت لە ئەوروپا دەژیم، ژیان و گوزەرانم سوپاس بۆ رەنج و ماندوو بوونی خۆم، ئیستا نەک لە هیچم کەم نییە، بگرە زۆریشی زیادە، بەڵام ئیستاش ئەو بەیانیە تاڵەم لە بیر ناچێتەوە، کە کۆمەلێک جاش و خۆفرۆش لەسەر بازرگانی بە خوێنی هەژارەکانەوە بەوشێوەیە های لایف دەژیان، ئێمەش بۆ پاروە کەبابێک رۆژانەی دەیان ڕۆژمان پاشەکەوت دەکرد تا لەفەیەک جگەر، یا کەبابێکی لای عومەری ئەجێ، یا عەباس ئەبو شواربی، پێ مسۆگەر بکەین.
بۆ ئەوانەی کەم زانیاریان لەسەر سەرۆک جاش "عەلی سەلمە " هەیە:
'عەلی سەلمە' گەنجێکی ڕێشن، کەمێک دەم چاڵی باریکەلەی باڵا مام ناوەندی بوو، خەڵکی گرگاشەی ناوچەی شارباژێر بوو، یەکێک لە موسەشارە زۆر گەنجەکان بوو، بۆ ئەندام بوون لە مەجلیسی تەنفیزی و تەشریعی ناوچەی حوکمی زاتی حیزبی بەعس ناوی پاڵاوتبوو.
لە یەکێک لە گەڕەکە خۆشەکانی ئەو کاتەی سلیمانی گەڕەکی (عەقاری) ماڵێک هەبوو، کۆمەڵێک کچی جوان کە بۆ ئەو سەردەمە ناویان هەبوو لە جوانیدا، دڵنیام بۆ ئیستاش بوایە هەر جوان بوون، یەکیک لە کچی ئەو ماڵەی هێنا و کردی بە هاوسەری خۆی، کچێکی باڵابەرز، باریکەلە، هەمیشە سەروقژی وەک ئەوروپی زەرد دەکرد.
عەلی لەگەڵ دەزگای تەواری سلێمانیدا زیاتر کاری دەکرد، دواتریش لە ئەنفالەکاندا رۆڵێکی گەورەی گێڕا بۆ هاوکاری جەیش و سوپای عێراقی لە عەمەلیاتی ئەنفالدا هەر وەک زۆربەی سەرۆک جاش و بەعسیەکانی تری کوردستان.
دوای ڕاپەڕین لە ڕێگەی شەقامی گشتی، کە لە سلیمانیەوە دەردەچێت بەرەو عەربەت، تاکە سەرۆک جاش بوو، کە کوژرا.
(هەرچەندە یەکێتی کە باڵا دەستی ناوچەکە بوو، تاوانی ئەوەی خستە پاڵ، گوایە تا ئیستاش پەیوەندی لەگەڵ بەعس نەپچراندووە، بەڵام من پیم وابوو هۆکار ئەوە نەبوو، چونکە نەک جاش بگرە زۆربەی سەرکردە سیاسیەکانی کورد تا سەدام ڕوخا پەیوەندیان لەگەڵ بەعس نەپچراندبوو، نەدەکوژران.
هۆکار ئەوە بوو کە "عەلی سەلمە " وەک زۆربەی سەرۆک جاش و بەعسیەکان سەر بە بنەماڵە و خێڵ و عەشرەت نەبوو، یان سەر بە بنەماڵەیەی ناوداری شێخ و ئیمانداری دەست ڕۆیشتوو بێت، تا لەترسی تەکیە و دیوەخان و دەروێشەکانی نەوێرن بیکوژن، دڵنیام گەر عەشرەتێک یان دیوەخانیک لە پشتیەوە بوایە، ئیستا لە کوردستان پێگە و مەکانەی خۆی هەردەما).
تێبینی:
وێنەی 'عەلى سەلمە'م دە ست نەكە وت، بويە لە بڕى ئەو وێنەی کۆمەڵێک چەکدار و بەرپرسی پارتیم دانا، کە دلنیام زۆرتان وەک من جیاوازی نابينن لە نێوان جاشەکانی جاران و پیاوانی سەر بە دەسەڵاتی ئەمڕۆی حیزبە كوردیيەكان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست