له‌به‌رئه‌م هۆكارانه شه‌ڕی په‌كه‌كه‌و پارتی روو نادات!
Wednesday, 11/11/2020, 5:06
دوای ته‌قینه‌وه‌ی بۆڕی هاورده‌ی نه‌وتی هه‌رێم بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و دروست بوونی گرژی و ئاڵۆزی له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌و پارتی دیموكراتی كوردستان و جولاندنی هێز به ئاقاری سنووری چالاكیه‌كانی په‌كه‌كه، سه‌ره‌ڕای سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و كرده‌وه له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراق و فه‌ڕه‌نساو ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئهمریكاو ره‌تكردنه‌وه‌ی شه‌ڕی براكوژی له‌لایه‌ن هێزو قه‌واره سیاسیه‌كانی كوردستان.
ئاماژه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه دۆخه‌كه له‌سه‌ر لێواری ته‌قینه‌وه‌یه‌وه.
وه‌لێ ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێ، سه‌ره‌ڕای هه‌ڕه‌شه‌كان و چاولێك سووركردنه‌وه‌و له‌ته‌كدا هه‌وڵه دیبلۆماسیه‌كان بۆ هێوركردنه‌وه‌ی ئه‌و ره‌وشه، هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕو شۆی ناوخۆیی ئه‌گه‌رێكی دووره‌و وا به‌ئاسانی به‌رپا نابێت، پاساو بۆئه‌و قسانه:
1-په‌كه‌كه له جوغزو سنوورێكی دیاریكراو مۆڵگه‌و حه‌شارگه‌ی خۆی بنیاتناوه، چالاكیه‌كانی دژ بهتوركیا ئه‌نجام ده‌دات و ده‌گه‌ڕێته‌وه شوێنی مه‌به‌ست (ئه‌و بازنه‌ی تێیدا كۆبۆته‌وه) بۆیه له هه‌ڵگیرسانی هه‌ر شه‌ڕێكی نه‌خوازراودا پشتگیری نێو ده‌وڵه‌تی و ته‌نانه‌ت هه‌رێمایه‌تی ئه‌وه‌نده به‌هێز نیه به‌شداری ئه‌و شه‌ڕه ببێ، له‌كاتێكدا بابه‌تێك بۆ سه‌ركه‌وتن و برانه‌وه نیه جگه له ماڵوێرانی و قڕكردنی كورد به‌ده‌ستی یه‌ك و پاساوه‌كان هیچ كات به‌لای په‌كه‌كه ناشكێته‌وه ئه‌گه‌ر پێی وابێ به‌چوونه ناو ئه‌و گه‌مه سیاسیه ده‌بێته براوه‌ی شه‌ڕه‌كه.
2-پارتی كه حوكمرانی هه‌رێمی له ئه‌ستۆ گرتووه، تا ئێستا زامنی ئه‌وه‌ی نه‌كردووه ئایا تا چه‌ند لایه‌نه‌كانی تر وهبهدیاریكراوی یه‌كێتی ده‌بێته هاوبه‌شێكی راسته‌قینه ئه‌گه‌ر ئه‌و جه‌نگه به‌رپا بوو شان به‌شانی هێزه‌كانی پارتی شه‌ڕی په‌كه‌كه بكات؟، یاخود یه‌كلایه‌نه داخلی ئه‌و شه‌ڕه ده‌بێ و دواجار مسداقیه‌تی په‌رله‌مان و خه‌ڵك له‌ده‌ست ده‌دات؟ ئه‌وه‌ش له‌به‌رژه‌وه‌ندی پارتی نیه‌و وابه‌ئاسانی ناچێته ناو شه‌ڕێك و گره‌و له‌سه‌ر ئه‌سپی تۆپیو ناكات تا نه‌زانێ كۆتاییه‌كه‌ی به‌چی ده‌گات، له كاتێكدا هه‌رێم به‌ده‌ست قه‌یرانی داراییه‌وه ده‌ناڵێنێ و باڵانسی ئه‌و حهماسهتهیش ئه‌وه‌نده به‌رز نییه خه‌ڵك به‌شداری پرۆسه‌یه‌ك بكات پێی بوترێ شه‌ڕی براكوژی له‌كاتێكدا هه‌موو سه‌ركرده‌كان ته‌حریم و ته‌جریمی شه‌ڕی خۆكوژی ده‌كه‌ن، قۆناغی ئه‌مڕۆ له دوێنێ ناچێ و سبه‌یش وه‌ك ئه‌مڕۆ نییه..
3-ئه‌و شه‌ڕه بۆ په‌كه‌كه و پارتی ده‌بێته هۆكارێ به‌ناوی پشتێنه‌ی ئه‌منی توركیا زیاتر به‌قووڵایی خاكی هه‌رێم شۆڕبێته‌وه‌و له‌هه‌ر جێگه‌یه‌ك مۆڵگه‌ی سه‌ربازی راخست، ئیدی به‌ناوی به‌رگری وخوێنڕشتنهوه ئه‌وه‌نده به ئاسانی چۆڵی ناكات و شه‌ڕی توركیایش چ بۆ پارتی یا په‌كه‌كه ئه‌وه‌نده ئاسان نییه.
4-حكومه‌تی عێراق وه‌ك سه‌روه‌ری یه‌كێتی خاكه‌كه‌ی كه هه‌رێم تا ئێستا به‌شێكه له عێراقی فیدرالی، به‌مه‌یش رێ بۆ سوپای عێراق خۆش ده‌بێ به‌ناوی پاراستنی سه‌روه‌ری خاك و به‌رگریكردن له سنووره‌كانی تا قولایهكانی خاكی هه‌رێم بخشێ، ئه‌وه‌ش ده‌بێته پاساوێك بۆ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر هه‌رێم و له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه به‌پاساوی پاراستنی بۆڕیه نه‌وته‌كان، ده‌ست به‌سه‌ر خاڵه سنووری وگومرگیهكان بگرێ، ئه‌وه‌ش لێدانه بۆ ئه‌و سه‌ربه‌خۆیه‌ی هه‌رێم بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات و داهاتووی ئه‌م هه‌رێمه ده‌كه‌وێته مه‌ترسی.
كه‌واته هه‌موو ئه‌مانه بیانوون بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رباری هه‌موو ئهوگرژیانهی هه‌یه، شه‌ڕی پارتی و په‌كه‌كه دروست نه‌بێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست