کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


چاكسازى یان موزایه‌ده‌ى سیاسى

Saturday, 10/10/2020, 13:44


ئه‌گه‌ر چى كۆبونه‌وه‌ى ڕۆژى 4/10/ 2020 په‌ڕله‌مانى كوردستان به‌ ئاماده‌بونى سه‌رۆكى حكومه‌ت و جێگره‌كه‌یی و وه‌زیرى دارایی و ستافه‌كه‌یان هیچ هیوایه‌كى لێ سه‌وز نه‌بوو بۆ موچه‌ خۆران ، به‌ڵام له‌ زۆر ڕوه‌وه‌ بایه‌خى خۆى هه‌بوو ، زۆر لایه‌نى شاراوه‌  به‌ ڕاشكاوانه‌ باس كران  . سه‌ره‌تا ئاماده‌بونى سه‌رۆكى حكومه‌ت له‌ په‌ڕله‌مان چ بۆ ئه‌وه‌بێ ڕونكردنه‌وه‌ بدات له‌ سه‌ر ویستى خۆى یان بانگ هێشت كرابێ  ته‌نانه‌ت بۆ لێپرسینه‌وه‌ش . ئه‌وه‌ كارێكى ئاساییه‌و هه‌موو ڕۆژانى 4 شه‌ممه‌ سه‌رۆكى حكومه‌تى به‌ریتانیا  ده‌چێته‌ په‌ڕله‌مان و ڕونكردنه‌وه‌ ده‌دات و پرسیارى لێ ده‌كه‌ن و ڕه‌خنه‌شى لی َده‌گرن . جگه‌ له‌وه‌ى ئه‌مه‌ ناكاته‌ منه‌ت ، به‌ ئه‌ركى سه‌رشانى خۆشى دازانێت.  باشه‌ بۆچى ئاماده‌بونى سه‌رۆكى حكومه‌ت له‌ په‌ڕله‌مان  بۆ یه‌كه‌م جار دواى ساڵێك و سێ مانگ   بوو به‌ هات هاته‌كه‌ى ڕۆم . 
هه‌ندێك ئه‌ندام په‌ڕله‌مانى پارتى ئه‌م ئاماده‌ بونه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌تیان  له‌ قه‌باره‌ى خۆى زیاتر گه‌وۆه‌كردوه‌و وه‌كو ڕوداوى گرنگ باسى ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن ئه‌وه‌ نیشانه‌ى شه‌فافیه‌ته‌ . نازانم ئاماده‌بونى  سه‌رۆكى حكومه‌ت  چ په‌یوه‌ندییه‌ى به‌ شه‌فافیه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌ ؟ . ئایا ئه‌وگه‌نده‌ڵیانه‌ى ئاشكرا كردوه‌ كه‌ حیزبه‌كه‌ى خۆى له‌ بوارى نه‌وتدا  ئه‌نجامیان داوه‌ ؟؟. ئایا ڕێگری كردوه‌ له‌و قاچاخچییه‌ته‌ى  له‌ خاڵه‌ گومرگییه‌كان ده‌كرێت له‌ لایه‌ن به‌رپرسانى حیزبه‌كه‌ى خۆیه‌وه‌ ؟؟ . ئایا ئه‌وپارانه‌ى ئاشكرا كردوه‌  كه‌ دزراون و له‌بانكه‌كانى وڵاتان دانراون ؟؟. ئایا ناوه‌رۆكى ڕێكه‌وتنه‌ 50 ساڵیه‌كه‌ى بوارى نه‌وت و غازى  له‌گه‌ڵ توركیا  بۆ ئه‌ندامانى په‌ڕله‌مان باس كردوه‌ ؟.
كه‌واته‌ ئه‌وچاكسازیه‌ى كراوه‌ چییه‌و  چى كراوه‌ كه‌ تا ئێستا ئێمه‌ نایزانین ؟؟. 
باسى ئه‌وه‌ ده‌كرێت سه‌رۆكى حكومه‌ت به‌ ڕاشكاوى وه‌ڵامى هه‌موو پرسیاره‌كانى داوه‌ته‌وه‌ . به‌ڵام هیچ چاره‌سه‌رى بۆ كێشه‌كان پێ بوو ؟ ، یان دانى به‌وه‌دا  نا كێ به‌رپرسیاره‌ له‌ هۆكارى ئه‌م قه‌یرانانه‌ . سه‌رۆكى حكومه‌ت دانى نا به‌وه‌ى گه‌نده‌ڵێ له‌ خاڵه‌ سنوریه‌كان  هه‌یه‌ . به‌ڵام  ئه‌وه‌ى به‌ ئاشكرا كارى قاچاخى له‌ خاڵه‌  سنوریه‌كان ده‌كات به‌رپرسانى باڵاى حیزبه‌كه‌ى خۆیی جێگره‌كه‌نى .
 ئه‌ى كێ ده‌ستى گرتون  كه‌ سزاى ئه‌وانه‌ بده‌ن ؟ له‌و ڕۆژه‌وه‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت  ده‌ست به‌كار بوه‌ دروشمى چاكسازى به‌رزكردۆته‌وه‌و وكو بنیشته‌ خۆشه‌ و وه‌كو قاوان له‌ هه‌موو كۆر ِو كۆبونه‌وه‌و لێدوانه‌كانیدا دوباره‌ ده‌كرێته‌وه‌و كراوه‌ته‌ موزایه‌ده‌ى سیاسى و  تا  ئێستا هیچ هه‌نگاوێك نه‌نراوه‌  كه‌شایانى باس بێت . 
ئه‌وه‌ى كراوه‌  برین و كه‌مكردنه‌وه‌و دواخستنى موچه‌ى  هاولاِتیانه‌ . سه‌ربارى  ئه‌وه‌ش  سه‌رۆكى حكومه‌ت ژیرانه‌ یه‌ك ملیار دۆلار قه‌رزى  تریشى كرد به‌ماڵ به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ى نه‌خۆى هیچ ڕونكردنه‌وه‌یه‌ك بدات و نه‌ كه‌سیش پرسیارى لى بكات هۆكارى  زیاد بونى ئه‌م ملیاره‌ دۆلاره‌ چییه‌ بۆ سه‌ر قه‌رزه‌كانى ترو له‌ كوێوه‌ هات  ؟؟.  له‌ سه‌رو هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه‌ حه‌ق وایه‌ سوپاسى سه‌رۆكى حكوه‌ت بكه‌ین و  چاكسازیه‌كه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت  و دڵسۆزیه‌كه‌ى به‌رز بنرخێنین .
 باشه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رۆكى حكومه‌ت  له‌ یه‌كه‌م ڕۆژى ده‌ست به‌كار بونیه‌وه‌  بیگوتایه‌ قه‌رزه‌كانى سه‌ر حكومه‌ت 30 ملیار دۆلاره‌ ، هه‌ر وه‌كو ئێستا نه‌ده‌بوو ، كه‌س قسه‌ى ده‌كرد ؟.  چۆن وه‌كو ئێستاو دواى به‌رده‌وام لێدانى قاوانى چاكسازى  له‌ پڕ ملیارێك  دۆلار قه‌رزى حكومه‌ت زیادى كرد و كه‌سیش فزه‌ى لێوه‌ نه‌هات . ئه‌ویش ئاوا تێپه‌ڕیش ده‌بوو، ده‌كراشه‌ ماڵ به‌سه‌ر  هاوڵاتیانه‌وه‌ .  پارتى هه‌موو شتێكى بۆ چۆته‌ سه‌رو هه‌رچى بیه‌وێت ده‌یكات . باشه‌ تا ئێستا كه‌س ده‌زانێت ئه‌م قه‌رزانه‌ چۆن كراون و له‌ كوێ كراون و بۆچى كراون ، ئه‌ى كه‌واته‌ پاشه‌كه‌وتى موچه‌ له‌پاى چى ؟؟. 
 ئه‌وه‌ له‌پیاوه‌تى و گه‌وره‌یی خۆیانه‌وه‌یه‌ جار و بار پرسه‌ گورگانه‌ ده‌كه‌ن . ئه‌گینا ده‌توانن بڵێن : قه‌رزدارین و ته‌واو . له‌سه‌رى  نه‌ڕۆن باشتره‌ .  چاكسازیه‌كه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت   وه‌كو ئه‌مه‌ وایه‌ : ئه‌گه‌ر حكومه‌ت  عه‌مبارێكى گه‌وره‌ى پڕله‌ فه‌رده‌گه‌نمى هه‌بێت و بێ به‌رنامه‌ وبێ بیركردنه‌وه‌ له‌ ڕۆژانى ئاینده‌  ، ده‌ست بكات به‌  فرۆشتن و به‌شینه‌وه‌و ته‌خشان و په‌خشان كردنى فه‌رده‌گه‌نمه‌كان و پیاوه‌تییان پێوه‌ بكات . دوایی سه‌یر ده‌كات  عه‌مبار خاڵى بۆته‌وه‌و هیچى واى تێدا نه‌ماوه‌و خه‌ڵكانێكى زۆریش  چاوه‌ڕوانى گه‌نم ده‌كه‌ن . 
 بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كه‌  بڕیار ده‌دات  هه‌موو ده‌نكه‌ گه‌نمه‌كانى ناوعه‌مباره‌كه‌ كۆ بكه‌نه‌وه‌ . به‌و كاره‌ش كێشه‌كه‌  چاره‌سه‌ر نابێت  و بڕیار ده‌دات گیرفانى  كرێكاره‌كان  بگه‌ڕێن  . دواى  به‌ خه‌ڵك ده‌ڵێن ، گه‌نمان نه‌ماوه‌و  ده‌بێ له‌ برى سێ جه‌م دوو جه‌م نان بخۆن .  به‌ڵام تازه‌ به‌وه‌ كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر ناكرێت و ده‌بی َ به‌دواى ئه‌وه‌دا بگه‌ڕێن  ئه‌وهه‌موو فه‌رده‌ گه‌نمانه‌ چییان لێ هات ، فرۆشران، به‌خشران ؟ ئه‌ى كێ به‌رپرسیاره‌ ؟  چاكسازیه‌كه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌تیش هاتۆته‌ سه‌رئه‌وه‌ى هه‌نگاوى یه‌كه‌م موچه‌یان كه‌م كرده‌وه‌ . هه‌نگاوى دووه‌م:  هه‌موو مانگێك موچه‌ ناده‌ن به‌ به‌هانه‌ى ئه‌وه‌ى به‌غدا به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێمى نه‌ناردوه‌.
 ئه‌ى باشه‌ هه‌ر ئێوه‌ خۆتان نه‌بون ده‌تان گوت به‌غدا ئیفلاسى كردوه‌و پاره‌ى نه‌ماوه‌، بۆیه‌ ئابورى  خۆمان سه‌ربه‌خۆ ده‌كه‌ین ؟ئه‌ى  سه‌ربه‌خۆتان نه‌كرد؟ باشه‌  به‌  چ حه‌قێك چاوه‌ڕوانى  به‌شه‌ بودجه‌ ده‌كه‌ن  به‌ش بودجه‌ى چى ؟.  له‌كاتێكدا به‌رده‌وام نه‌وتان فرۆشتوه‌و یه‌ك دینارتان به‌ به‌غدا نه‌داوه‌  ؟ . 
 به‌ڵام سه‌رۆكى حكومه‌ت ئه‌وه‌ى نه‌گوت ئه‌گه‌ر به‌غدا  بودجه‌ى هه‌رێم نه‌نێرێت ، چى ده‌كه‌ن ؟ خه‌ڵك ده‌مرێنن ؟  كاك قوباد باسى  سه‌فه‌ره‌كانى خۆى بۆ به‌غدا كرد . شتێكى تازه‌یان تێدا نه‌بوو .  تۆ چوى بۆ پاره‌ و به‌غداش  پاره‌ نادات چونكه‌ هیچ ڕه‌سیدتان  نییه‌  . گوایه‌ باسى ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان و  جێ به‌جێ كردنى ماده‌ى 140 كردوه‌ .    پارتى  ئه‌وه‌نده‌ى هه‌وڵى داواوه‌ فوئاد حوسه‌ین ببێته‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ ، ئه‌وه‌نده‌  قسه‌ى له‌سه‌ر جێ به‌جێكردنى  ماده‌ى 140 نه‌كردوه‌ .
به‌ گشتى ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌كان  قسه‌ى باشیانكرد و ڕه‌خنه‌ى خۆیان له‌حكومه‌ت گرت و باسى گه‌نده‌ڵیه‌كانیشیان كرد له‌گه‌ڵ  پێشنیارى چۆنیه‌تى چاره‌سه‌رى ئه‌وگه‌نده‌ڵیانه‌ى كراون  . به‌ڵام له‌ هه‌مویان گرنگتر  قسه‌كانى عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح وكاروان گه‌زنه‌یی و هاوڕێ مه‌لا ستار و شێركۆ جه‌وده‌ت وئه‌بوبه‌كرهه‌ڵه‌دنى و شیرین خان خێزانى شه‌هید كاوه‌ گه‌رمیانى   بون كه‌ ده‌ستیان خشته‌سه‌ر برینه‌كان و هه‌موو هۆكارى شكسته‌كان و  ئیفلاسبونى هه‌رێمى كوردستانیان گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ ئه‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵیه‌ زۆره‌ى له‌ كه‌رتى نه‌وتدا كراوه‌و به‌ پله‌ى یه‌كه‌م پارتى لیی به‌رپرسیاره‌ . سه‌یركه‌ن  له‌ كاتێكدا هه‌رێم توشى ئه‌و قه‌یڕانه‌ گه‌وره‌ بوه‌ ، پارتى به‌ردوام خه‌ڵك داده‌مه‌زرێنێت . باشه‌ ئه‌گه‌ر ڕاست ده‌كه‌ن . تا ئێستا لیستى ناوى هێزه‌كانى 80 ته‌سلیم به‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ نه‌كراوه‌و دامه‌زراندن به‌رده‌وامه‌ .  وه‌ڵامێكى ڕاستى شێركۆ جه‌وده‌ت بدنه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر بوختانه‌  بۆچى وه‌كو سۆران عومه‌رى لی َناكه‌ن ؟  
 ته‌نها پارتى له‌ ورده‌كارى  سێكته‌رى نه‌وت  ده‌زانێت و هه‌موى به‌ ئاگادارى ئاشتى هه‌ورامى و نێچیر بارزانى  بنه‌ماڵه‌ى بارزانى  كراوه‌ .ئێستاش سه‌رۆكى حكومه‌ت داواده‌كات ده‌نگ بده‌ن به‌ وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كان ، بێ ئه‌وه‌ى ناوى كه‌س بهێنێت . ئه‌گه‌ر سه‌رۆكى حكومه‌ت به‌ نیازه‌ چاكسازى بكات ، ده‌بێ له‌بوارى نه‌وتدا بیكات .
 ئه‌وكات نابێ وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كان پارتى بێت . باشتر وایه‌ كه‌سێكى بێ  لایه‌ن بێت و هه‌موو دۆسیه‌ى نه‌وتى بخه‌نه‌ به‌رده‌ست  بۆ ئه‌وه‌ى ڕاستییه‌كانى  گه‌نده‌ڵى كه‌ به‌ ملیاره‌ها دۆلاره‌ بۆ ڕاى گشتى ئاشكرا بكرێن . جێی خۆیه‌تى  لیژنه‌یه‌كى بێ لایه‌ن پێك بهێنرێت بۆلێپرسینه‌وه‌ له‌ نیچیر باروانى و ئاشتى  هه‌ورامى  له‌سه‌ر چۆنیه‌تى گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كان و هه‌ڕاج كردنى نه‌وتى كوردستان و ئاشكرا كردنى ناوه‌رۆكى   گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانى 50 ساڵه‌ى  نێوان هه‌رێم و توركیا .
 ئه‌مه‌یه‌ ڕێگاى ڕاست بۆ ئه‌نجامدانى چاكسازى .    ئه‌گه‌ر سه‌رۆكى  ئه‌وه‌ حكومه‌ت نه‌كات ، هه‌رچى بێلێت ده‌چێته‌ بوارى موزایه‌ده‌ى سیاسى و خه‌ڵه‌تاندنى خه‌ڵكه‌وه‌. ئه‌گه‌ر سه‌رۆكى حكومه‌ت ئه‌م هه‌نگاوه‌ بنێـت ، ماناى وایه‌ یه‌كه‌م به‌ردى بناغه‌ى چاكسازى  داده‌نێت . ڕاسته‌ چاكسازى و قه‌ده‌غه‌كردنى  قاچاخچیه‌تى له‌ خاڵه‌ گومرگییه‌كان و برینى موچه‌ى هه‌ندێ كه‌سى ناموسته‌حه‌ق و زیاكردنى باجیش  سودى هه‌یه‌ ، به‌ڵام  كۆكردنه‌وه‌ى ده‌نكه‌ گه‌نمه‌كان  خه‌ڵكى برسى تێر ناكات ، به‌ڵكو به‌ دۆزینه‌وه‌ى فه‌رده‌گه‌نمه‌كان خه‌ڵك له‌برسیه‌تى  ڕزگار ده‌كرێت . 
به‌ڵا كاتێك یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانى فراكسیۆنێكى ئۆپۆزسیۆن  وتى ئه‌گه‌ر ناتوانن موچه‌ى خه‌ڵك دابین بكه‌ن ، حه‌ق وایه‌ ده‌ست له‌ كار بكێشنه‌وه‌ . له‌ وه‌ڵامیشدا سه‌رۆكى حكومه‌ت وتى خه‌ڵك ده‌نگى به‌ ئێمه‌ داوه‌ . كه‌واته‌ كه‌س چاوه‌ڕوانى هیچ چاكسازییه‌ك  نه‌كات و ئه‌وه‌ى ده‌گوترێت موزایه‌ده‌ى سیاسییه‌و بۆ خه‌ڵه‌تاندن وچه‌واشه‌كردنى خه‌ڵكه‌ . 
پارتى به‌ پاساوى ئه‌وه‌ى زۆرینه‌ى خه‌ڵك ده‌نگیان پێداوه‌ ، كه‌ ئه‌وه‌ش ڕاست نییه‌و هه‌موى به‌ ته‌زویر و ساخته‌كارى بوه‌ ، هه‌موو بڕیارێك  به‌ حه‌قى خۆى ده‌زانێت . به‌ ئاشكرا سامانى وڵات تاڵان  ده‌كه‌ن و كاتێك خه‌ڵكیش خۆپیشاندان ده‌كه‌ن و داواى موچه‌كانیان ده‌كه‌ن  ، ده‌یانگرن و ده‌یان خه‌نه‌ زیندانه‌وه‌ و تا ئێساش ئه‌وه‌یان بۆ چۆته‌ سه‌ر .    ئێستا تۆپه‌كه‌ له‌ گۆڕه‌پانى یه‌كێتى و  گۆڕاندایه‌ .
 ئه‌گه‌ر یه‌كێتى و گۆڕان ڕأست ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت  چاكسازى  بكرێت و به‌ مه‌رجى چاكسازى و به‌ مه‌به‌ستى چاكسازى به‌شدارى حكومه‌تیان كردوه‌ ، به‌وشێوه‌یه‌ ده‌كرێت كه‌ ئه‌ندام په‌ڕله‌مانتاره‌كان  زۆربه‌ ڕاشكاوانه‌ داویانكرد . عه‌لى حمه‌ ساڵح  به‌ ته‌حه‌داوه‌ وتى ناوى هه‌موو گه‌نده‌ڵه‌كان و دزه‌كان و قاچاخچییه‌كان و دۆسیه‌ى نه‌وتم لایه‌ و ده‌توانم بیخه‌مه‌ به‌رده‌ستان . 
كه‌واته‌ هیچ به‌هانه‌یك  نه‌ماوه‌ كه‌ چاكسازى نه‌كه‌ن . ئه‌وه‌تا هه‌موو شتێكتان بۆ ئاشكرابوو ، خۆتان خاوه‌نى  هێزن ، كه‌واته‌ چاوه‌ڕوانى چى ده‌كه‌ن ؟ .به‌ڵام با هه‌موان ئه‌و ڕاستییه‌ باش بزانن ،چاوه‌ڕوانى كردن له‌وه‌ى كه‌ خه‌ڵكانى گه‌نده‌ڵ و تاڵانچى و چاوبرسى چاكسازى بكه‌ن ، وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ ئاسنى سارد بكوتى  . 
 ئه‌گه‌ر یه‌كێتى  ئاگادارى دۆسییه‌ى نه‌وت  و ونبونى ئه‌وهه‌موو پاره‌ى نه‌وته‌ نین و به‌شداریش نین   ، باداوا له‌ پارتى بكه‌ن لاپه‌ِه‌ شاراوه‌كانى دۆسیه‌ى نه‌وت  هه‌ڵده‌نه‌وه‌و ڕاستییه‌كان ئاشكرا بكه‌ن .  ئه‌گه‌ر پارتى به‌ قسه‌ى نه‌كردن با  له‌گه‌لأ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان  بڕیارى كشانه‌وه‌ له‌ حكومه‌ت بده‌ن .  ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو حیزبه‌ هه‌ر له‌ حكوه‌تدا بمێننه‌وه‌ ، ماناى وایه‌ ئه‌وانیش  وه‌كو پارتى تاوانبارن و به‌رزكردنه‌وه‌ى دروشمى چاكسازى ته‌نها ده‌بێته‌ پڕوپاگه‌نده‌و موزایه‌ده‌ى سیاسى . له‌ كۆتاییدا ده‌مه‌وێت سه‌رنجتان ڕاكێشم بۆ دوو خاڵى زۆر گرنگ . 
یه‌كه‌م : كاتێك وڵاتى كرواتیا  توشى كێشه‌ى ئابورى بوو ، سه‌رۆكه‌كه‌ى كه‌ئافره‌تێك بوو ، بڕیاریدا یه‌ك دۆلار قه‌رزنه‌كات . ده‌ستى كرد به‌ چاكسازى به‌م شێوه‌ : سه‌ره‌تا له‌ خۆیه‌وه‌ ده‌ستى پێكردو له‌ سه‌دا 30 موچه‌كه‌ى خۆى هێشته‌وه‌  . ته‌یاره‌ تایبه‌ته‌كه‌ى خۆى فرۆشت و وه‌كو هاوڵاتى ئاسایی به‌ ته‌یاره‌ سه‌ردانى وڵاتانى ده‌كرد . موچه‌ى وه‌زیر و خه‌رجى وه‌زاره‌ته‌كانى كه‌م كرده‌وه‌ . ژماره‌ى سه‌فاره‌ت و قۆنسل خانه‌كانى كه‌م كرده‌وه‌ . ژماره‌ ئوتومبێله‌كانى و خۆیی و وه‌زیر و وزاره‌ته‌كانى كه‌م كرده‌وه‌ .  هه‌وڵى دا هه‌رچى خه‌رجى نا پێویست و زیاده‌یه‌ كه‌مى بكاته‌وه‌ . 
به‌ڵام سه‌یرێكى ڕه‌تڵى سه‌یاره‌ جام  ڕه‌ش و ده‌رعه‌كانى  سه‌رۆكى حكومه‌ت و ئامۆزاكه‌ى  سه‌رۆكى هه‌رێم و باوكى بكه‌ن  بزانن ژماره‌یان چه‌نده‌ و خه‌رجى كڕێنیان چه‌ندبوه‌و خه‌رجى مانگانه‌یان چه‌نده‌ ؟؟. دوایی سه‌یرى  ژماره‌ى  پاسه‌وانه‌كانیان  بكه‌ن و خه‌رجى مانگانه‌یان حساب  بكه‌ن ؟. دواجار به‌دواداچون بكه‌ن بۆ هه‌موو ئه‌وبه‌ر پرسانه‌ى سه‌یاره‌ى حكومه‌تیان لایه‌و خه‌رجى چاك كردنه‌وه‌و مه‌سره‌فى به‌نزین و پاسه‌وانه‌كانیان ، ئه‌و كات بۆتان ده‌رده‌كه‌وێت   قوتى هاوڵاتیان چۆن و له‌ لایه‌ن كێوه‌ ، به‌تاڵان ده‌برێت و  به‌ فیرۆِ ده‌درێت .
  ئه‌گه‌ر سه‌رۆكى حكوموت موزایه‌ده‌ى سیاسى ناكات با چاكسازى له‌ خۆیه‌وه‌ ده‌ست پێ بكات . دواى ئه‌وه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ چ پێویستییه‌كى به‌و هه‌موو وه‌زاره‌ت و وه‌زیر و گوزیره‌ هه‌یه‌ كه‌ هیچ كارێكیان نییه‌و بونه‌ بارێكى قورس به‌سه‌ر بودجه‌ى ئه‌م هه‌رێمه‌وه‌ . سه‌ره‌ڕاى ئه‌م قه‌یرانه‌ گه‌وره‌یه‌ ، به‌رده‌وام خه‌ریكى دامه‌زراندنى به‌رێوه‌به‌رى گشتى و ڕاوێژكارى نه‌زانن ته‌نها بۆ ڕازیكردنى حیزبه‌كان ، له‌ پیناوى ئه‌وه‌ى پاڵ پشتیان بكه‌ن بۆ مانه‌وه‌یان له‌ ده‌سه‌ڵاتدا .  
 ئه‌گه‌ر ته‌نها خه‌رجیه‌ زیاده‌كان كه‌م بكه‌نه‌وه‌ ، مانگانه‌ به‌شى كه‌رتى ته‌ندروستى ده‌كات  ؟  له‌م كاتى قه‌یرانه‌دا  كه‌ به‌ دوو مانگ جارێك به‌ لێبڕینه‌وه‌ موچه‌ ده‌درێت و ڕه‌تڵى سه‌یاره‌كانى  سه‌رۆكى حكومه‌ت و پاسه‌وانه‌كانى  له‌ سه‌رۆكى وڵاتێكى وه‌كو قه‌ڕه‌نسا زۆرتربن ، چ عه‌قَڵ و مه‌نتقێك ئه‌وه‌ قبوڵ ده‌كات  كه‌ بڕوا بكه‌ى كه‌سێكى ئاوا چاكسازى پی َبكرێت ؟ . سه‌رۆكى حكومه‌ت بۆ یه‌كه‌م جار هاتۆته‌ په‌ڕله‌مان له‌شكرێك چه‌كدارى هێناوه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ى بچێت بۆ به‌ره‌كانى شه‌ڕ.كاكى برا تۆ لێت تێك  چوه‌ ئێره‌ په‌ڕله‌مانه‌  نه‌ك به‌ره‌ى شه‌ڕ . خۆ ئه‌گه‌ر له‌ په‌ڕله‌مان و میلله‌تیش ترست هه‌یه‌ ، ئه‌ى كه‌واته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى كێی و  به‌ خۆت ده‌ڵێی چى ؟؟. 
دووه‌م: ساڵێك  و سێ مانگه‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت ده‌ست به‌كار بوه‌ . كاتێَك ئۆپوزسیون  داوا ده‌كات سه‌رۆكى حكومه‌ت بێت بۆ په‌ڕله‌مان ، ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌كانى  سه‌ر به‌حیزبه‌كه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت  هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ئۆپۆزسیۆن ، وه‌كو ئه‌وه‌ى تاوانیان كردبێت . له‌م كاتى قه‌یرانه‌داو  له‌گه‌ڵ بونى ئه‌و هه‌موو كێشانه‌ى دارایی كه‌ حیزبه‌كه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت لێی به‌رپرسیاره‌ ، كاتێك سه‌رۆكى حكومه‌ت هاته‌ په‌رله‌مان ئه‌گه‌ربه‌ وردى سه‌رنجتان دابێت :
 هه‌موو ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌كانى  سه‌ر به‌ حیزبه‌كه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت   به‌ شان و باڵیدا هه‌ڵیان ده‌دا  ، له‌برى ڕه‌خنه‌ گرتن    . سه‌رۆكى په‌ڕله‌مانیش  ته‌نها دوو ده‌قیقه‌ى  دانابوو بۆ قسه‌كردن . ئه‌گه‌ر یه‌كێك بیویستایه‌  دوو وشه‌ زیاد بكات ، ده‌بوو بڵێ جه‌نابى سه‌رۆكى په‌رله‌مان : بیكه‌ به‌ خاترى خواو پیغه‌مبه‌ر ، تو رسولالله‌ ، تو حه‌زره‌تى غه‌وس ، بیكه‌ به‌ خاترى قه‌برى شێخ عه‌بدول قادرى گه‌یلانى و كاك ئه‌حمه‌دى شێخ  با ئه‌م دو قسه‌یه‌ش بكه‌م . ئاخر چاوه‌ڕوانى چى له‌م په‌ڕله‌مانه‌  ده‌كرێت ؟.
سه‌رۆكى وڵاتێك بڕیار ده‌دات  په‌ڕله‌مانه‌كه‌ى حه‌ل بكات . پێی ده‌ڵێن بۆچى ئه‌م بڕیاره‌ت دا ؟ له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێت : ئه‌و پاره‌یه‌ى له‌ په‌ڕله‌مانێكى ئاوا بێ كه‌ڵكدا  خه‌رج ده‌كرێت  ،  له‌ دوو ویسگه‌ى به‌رهه‌م هێنانى كاره‌بادا خه‌رج بكرێت زۆر باشتره‌ . به‌ دڵنیایه‌وه‌  په‌ڕله‌مانه‌كه‌ى ئێمه‌ش  هه‌ر  بۆ ئه‌وه‌ باشه‌ ئاواى لێبكرێت . به‌ڵام كى َ ئه‌وه‌ بكات ؟.
 ئه‌م ده‌سه‌ڵاتداره‌ گه‌نده‌ڵانه‌ پێویستیان به‌ په‌ڕله‌مانێك هه‌یه‌ خه‌ڵكانى ئاواى تێدابێت ، بۆ ئه‌وه‌ى به‌رگرى له‌ گه‌نده‌ڵیه‌كانى حكومه‌ت بكه‌ن  بۆ مانه‌وه‌یان له‌سه‌ر كورسى ده‌سه‌ڵات .با ئه‌وه‌شمان له‌ یاد نه‌چێت  تا ئێستاش له‌ په‌ڕله‌مانى كوردستان  ئه‌ندام په‌ڕله‌مانى زۆر بویر هه‌یه‌و به‌ڕاستى نوێنه‌رى خه‌ڵكن و  له‌كاتى خۆیدا قسه‌ى خۆیان ده‌كه‌ن . به‌ڵام كه‌مینه‌ن . 
قسه‌یه‌كى ونستون چه‌رچڵى   سه‌رۆك وه‌زیرانى به‌ریتانیا له‌ كاتى چه‌نگى جیهانى دوه‌متان  وه‌كو نمونه‌ بۆ ده‌هێنمه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت :
ئه‌گه‌ر ویستان گه‌لێك وه‌كو خۆى بناسن ، سه‌یرى ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌كانیان بكه‌ن ، بزانن شایانى گوڵ باران كردنن یان پێڵاو تێگرتن . بڕواتان هه‌بێت هه‌ندێك له‌ ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌كان  شایانى ئه‌وه‌ن  ( هینیان  ) پێداكه‌ن   نه‌ك هه‌ر پێڵاویان تێگرن . به‌ڕاستى ئه‌وانه‌ ناوى په‌ڕله‌مان و ئه‌ندام په‌ڕله‌مانیشیان  سوك و له‌كه‌دار كردوه‌ و بۆ ئه‌وه‌ باشن بخرێنه‌ ته‌نه‌كه‌ى خۆڵه‌وه‌ . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە