بەغداد و هەولێر و کاتیۆشا هەڵدان!
Monday, 05/10/2020, 15:26
هێرشی سەربازی و کاتیۆشا هەڵدان بۆ سەر بنکەکانی هاوپەیمان و ئەمریکا لە عیراق، دۆخی سیاسی ئەو وڵاتەی بەرەو ئاڵۆزتر برد، کاردانەوی هەبوو لەسەر گۆڕانی هەڵوێستی ئەمریکا، بەرامبەر بە حکومەتەکەی کازمی و دەسەڵاتدارانی سیاسی ناوەند و هەرێم. تا گەیشتە ئەو ڕادەیەی کە، پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە میدیاکاندا ڕایگەیاند، کە ئەوان تەواو قەڵسن لەو کەسانەی کە دەستیان هەیە، یان بێ دەنگن یان چاودەنوقێنن لەڕاست ئەو هێڕشە سەربازی و کاتیۆشا هەڵدانە بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمان و ئەمریکا لە عیراق، ئەوجارە ئەوان ئامادەن باڵوێزخانەی ئەمریکی لە بەغداد دابخەن یان بیگوازنەوە بۆ هەولێر، لە دوای ئەو لێدوانە چەند کاتیوشایەک ئاراستەی هەولێریش کرا.
لە عیراق کێشەکە تەنیا داخستنی باڵوێزخانەی ئەمریکا نییە، جگە لە گرفتی گەندەڵی سیاسیی و ئابووریی و سەربازی، ناتەبایی نێوان هێز و پێکهاتەکانی عیراق، یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانیش مەسەلەی ناکۆکی نێوان شیعەکان خۆیانە. ئەوەی ئاسایشی ناوچەی سەوزی بەدەستەوەیە ئەو هێزانەن کە سەر بە ئێرانن و لەنێو دڵی ناوچەی سەوزدا هەن وەک حەشد، شانبەشانی ئەوەش لەنێو هەمان هێز دەیان گروپی بچووکی تێیدا بەدیدەکرێت کە زانیاریی تەواویان لەسەر ناوچەی سەوز هەیە و دەستیان دەڕوات و بۆیان دەچێتە سەر هەر کارێک ئەنجام بدەن لەبەرئەوەی بە فەرمی بە بەشێک لە سوپای عیراق ددانیان پێدانراوە، کە ئەمە بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم و ناوەند نامۆ نییە و دەزانن هەموو ئەو گروپانە لەلایەن ئیرانەوە یارمەتی دەدرێن، وێرای ئەوەش هەموویان خۆیان ڕەگێکی مێژوویان هەیە لە نۆکەریکردن بۆ ئیران، کە ئەمریکا گومانی لە هەموویان هەیە کە نەتوانن لەبەرەی ئەمریکا خۆیان ساغبکەنەوە، لەو میلیشیانە بێنە دەنگ کە هێرش دەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عیراق، بۆیە ئەوجارە ئەمریکا زمانی هەڕەشەی دژ بە هەموو دەسەڵاتدارانی سیاسی عیراق بەکارهێنا.
ئیران پارچەبوونی پارت و هێزە چەکدارە شیعەکانی لا مەبەستە، نایەوێت ئەو میلیشیانە لەژیر یەک سەرکردایەتی کۆببنەوە و ئەمریکا بە ئاسانی هەژموونی خۆی بەسەریاندا بسەپێنێت و بە ئاسانی بکڕێن، بەڵام ئەگەر پارچە پارچە بن ئەوا ئاسان نییە هەموویان بکەونە ژیر ڕکێفی ئەمریکا دژ بە ئیران. تاران دڵنیاییە لەوەی کە بەکشانەوەی ئەمریکا لە عیراق بۆشایی سیاسی دروست دەبێت و ئیران سەدبەرابەر لە جاران دەسەڵاتی زێتر دەبێت، بڕیاری ئەمر و نەهی بەدەست خۆی دەبێت، کە ئەمە هەرگیز لە بەرژەوەندیی ئایندەی گەلانی عیراق و پرسی ڕەوای نەتەوەیی کورد و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا نییە.
داخستنی باڵوێزخانەی ئەمریکی لە بەغداد، حکومەتی عیراق لەنێو کۆمەڵگەی نێو نەتەوەیی تووشی گۆشەگیری دەکات، لەبەرئەوەی دوای داخستنی باڵوێزخانەی ئەمریکی گەلێک لە وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا لەسەر ئاستی جیهان و دنیای عەرەبی و ئیسلامی، بەدوای ئەمریکادا هەمان هەڵوێستیان دەبێت و عیراق بەجێدەهێڵن، هیج مسۆگەرەیش نییە کە دوای ئەوە یارمەتییەکانی ئەمریکا لە باکورەوە تا باشووری عیراق بەردەوام بێت.
دوو بۆچوونی دژ بەیەک هەیە دەربارەی داخستنی یان گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغداد. بۆچوونێک ئەوەیە کە ئەم لێدوانەی پۆمپیۆ تەنیا قسەیە، بە فەرمی ئەمریکا هیج بڕیارێکی دەربارەی گواستنەوەی باڵوێزخانەی لە بەغداد ڕانەگەیاندوە و مەرجیش نییە ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی مانگی یازدەدا سەرکەوتوو بێت بۆیە ئەو بڕیارە ناخرێتە بواری جێبەجێ کردن و تەنیا هەڕەشەیەکی سیاسیە ئەمریکا دژ بە شیعە و حکومەتی ناوەند کارتی هەرێم و پێشمەرگە وەک فشار بەکاردەهێنێت.
پێچەوانەی ئەو بۆچوونەش ئەوەیە کە، ئەگەر ترامپ لە هەڵبژاردنەکانیش سەرنەکەوێت بەڵام تا دوای سەری ساڵ بڕیار بەدەست دەبێت، ماوەی سەڕۆکایەتیەکەی دوای سەری ساڵی داهاتوو کۆتایی دێت، هەروها وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەر لەخۆیەوە لێدوان نادات، ئەمریکا ئەو بڕیارەی بە فەرمی دەناسێنێت و لە ساڵی تازەدا دەیخاتە بواری جێبەجێکردن.
لە سەرەتادا کۆشکی سپی پشتیوانی لە کازمی کرد و بانگێشتی ئەمریکایان کرد، لەبەرامبەر ئەوەدا چەند مەرج و ئەرکێکیان ڕاسپاردە کازمی. یەکەم شت ئەوەبوو، کە خۆی ساخکاتەوە لەبەرەی ئەمریکا یان ئیران. بێگومان دووەم مەرچ ئەوە بوو کە کازمی دەبێت لێپرسراوەتی پاراستنی هێز، باڵوێزخانە و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە عیراق بپارێزێت، هەر لەو گەشتەدا ئەمریکا بنمێچی کاتیان بۆ کازمی دیاری کرد، کە لە ماوەی مانگێک دەبێت ناوچەی سەوز لە بەغداد لە هێڕشە سەربازییەکانی میلیشیای سەر بە ئیران بپارێزێت و هەڵوێستی هەبێت بەرامبەر ئەنجامدەرانی کارە تیرۆریستییەکان ئەگەر ڕوویاندا.
ئێران لە ڕێگەی دەزگەی هەواڵگری خۆی لە عیراق، ئاگاداری ئەو مەرج و ئەرکانە بوو کە ئەمریکا ڕووبەڕووی کازمی کردبوو، لەبەرئەوە ئەوجارە تاران دەستی کرد بە ڕێکخستنی بەشێک لە میلیشیاکانی لەژێر ناونیشانی دی و لەو چەند هەفتەی ڕابردوودا هێرشیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق کرد، دواتر چەند کاتیۆشایەکیان هەڵدا. دواتر دەزگەی هەواڵگری ئەمریکی پێش چەند هەفتەیەک زانیارییان دەستکەوتبوو کە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ئیران، پلانیان ئەوەیە، کە هەڵکوتنە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکی، هەمان ئەزموونی بینغازی دووبارە بێتەوە کە سەفیری ئەمریکیی تێیدا کوژرا. لەو ساتوکاتانەدا کە ئەمریکا لەسەروبەندی خۆ ئامادەکردنە بۆ هەڵبژاردن، نایەوێت ئەزموونی بێنغازی دووبارە بێتەوە و کاردانەوەی هەبێت لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دووبارە شکۆی ئەمریکا بڕوشێت.
هێشتا بڕیاری فەرمی لەلایەن ئەمریکاوە ڕانەگەیەنراوە کە باڵوێزخانەی بگوازێتەوە بۆ هەولێر، بەڵام بە بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، دەسەڵاتدارانی هەرێم لە میدیاکاندا وایان نیشاندا کە ئەمە لە بەرژەوەندیی ئەوانە و پێگەی سیاسی ئەوان لەنێو کۆمەڵگەی نێونەتەویی بەهێزتر دەکات، بە پشتیوانی ئەمریکا ئەوان لەسەر کورسی دەسەڵاتدا دەمێنەوە، بەردەوام دەبن لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان و گشت وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکاش پشتیوانی لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەکەن. هەر سەبارەت بەو بابەتە وتەبێژی فەرمی سەڕۆکایەتی هەرێم لە میدیاکاندا ڕایگەیاند، کە ئەمریکا لەگەڵیاندا لەسەر هێڵە. ئەم جۆرە دەربڕینە واتە لە پێگەیەکی بەهێزەوە دەدوێن، لە کاتێکدا ئەوان سوورسوور دەزانن کێ ئەو کارە تێرۆریستەی ئەنجامداوە بەڵام حکومەتی ناوەند ئاسا ناوێرن کاردانەوەیان هەبێت بەرامبەری کە ئەمریکا ڕەتی ئەو جۆرە هەڵوێستە دەکات.
هەرێمی ئەمڕۆ، گۆڕەپانێکی بێ کێشەی سەقامگیری سەربازیی و ئابووریی نییە، بە دەیان هێز و گروپی میلیشیای سەر بە تورکیاو ئیرانی لێیە، سوپای تورکیا بەشێکی زۆری هەرێمی داگیرکردوە، جگە لە بوونی هێز و میلیشیای فەرمی و نافەرمی سەر بە شیعەکانی عیراق لە هەرێم و دەوەروبەرەکەی هەن، لەبەرئەوە هاتنی باڵوێزخانەی ئەمریکی بۆ هەولێر و پاراستنی کارێکی ئاسان نییە، ڕاستەوخۆ هەولێر دەبێت بە ئامانجی سەربازی گشت ئەو لایەنانەی کە گرفتیان لەگەڵ ئەمریکادا هەیە و ئەوەی لە بەغداد ئەنجامی دەدەن لە هەولێریش بەجۆرێکی دی ئەنجامی دەدەن، موشک و کاتیۆشا هەڵدان پێویستی بەوە نییە ئەنجامدەرانی لەنێو شارەکانی هەرێم بنکەیان هەبێت و نزیک بن، موشەک هەڵدان لە دووری هەزاران کیلیۆمەتر دەکرێت ئەنجام بدرێت.
ترامپ پێش ئەوەی سیاسی بێت بزنسمانە، بەبێ دەستکەوت و بەرابەر پشتیوانی لە کەسێک و لایەنێکی دیاریکراو ناکات کە توانای ئەوەی نەبێت ئەو ئەرک و کارانەی کە ئەمریکا بۆ بەرژەوەندیی خۆی پێ ڕاسپاردون نەتوانن ئەنجامیدەن. ئەزموون سەلماندویەتی کە ترامپ پابەندی هیچ ڕێککەوتنێک نابێت و نەفەسی کورتە، وەک کشانەوەی لە ڕێککەوتونی چین و ئیران، لەبەرئەوە ئەگەر ئەمریکا بەفەرمی باڵوێزخانەی خۆی بگواستەوە بۆ هەولێر، هەمان لێپرسراوەتی ڕووبەرووی دەسەڵاتدارانی هەرێم دەبێتەوە، هەمان دۆخی کازمیان دەبێت، ئەوانیش دەبێت خۆیان لەبەرەی ئەمریکا یان ئیران ساغ بکەنەوە، نەک پێیەکیان لەگەڵ ئیران و تورکیا بێت، ئەویدیان لەگەڵ ئەمریکا. دەسەڵاتدارانی هەرێم لەلایەک خۆیان بە خاوەنی هەموو دەرامەت و سامانە سروشتییەکانی هەرێم دەزانن، بەڵام کە دێتە سەر مەترسی سەربازیی، لە میدیاکاندا خۆیان تێکدەدەن، لێپرسراوەتی پاراستنی ئاسایشی هەرێم دەخەنە ئەستۆی ناوەند، داوا لە عیراق دەکەن هەڵوێستیان هەبێت، بەرامبەر بە هەڵدانی کاتیۆشاکانی ئەو دوایە بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر!
بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست بەتایبەتی لە عیراق ئەوەیە کە بتوانێت بەبێ کێشە لە ڕێگەی کۆمپانیا ئەمریکیەکان نەوت بەرهەم بهێنێت و ڕەوانەی دەرەوەی ئەو ناوچەیەی بکات. هەروها جەنگی تیرۆر دژ بە میلیشیاکانی سەر بە ئیران و ئەلقاعیدە و داعش لە ڕێگەی شەڕی بەوەکالەت و بەکارهێنانی سەرمایەی سەربازی مڕۆی لە خەڵکی ناوچەکە و سوپای فەرمی حوکمەتەکانی ئەو دەڤەرە بکات. ئەمریکا لەخۆی بترازێت هەوڵدەدات هیج زلهێزێکی جیهانی لە ناوچەکە خاوەن شکۆ نەبن و نەهێڵێت زلهێزە ناوچەیەکان ببن بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئەوەندە بەهێز بن، لە داهاتوودا لە ئەمریکا هەڵگەڕێنەوە و بەرژەوەندییەکانی بخەنە مەترسی، شکۆی سیاسی و سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکە بشکێنن. تا ئێستاش ئەمریکا هەوڵدەدات ئاسایش و کیانی ئیسرائیل بپارێزێت، لەبەرئەوە گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکی لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دی گۆڕینی ستراتیژ و پلانی دڕێژراوی ئەمریکا نییە لە ناوچەکە، هەروها زامنی بەدەستهێنانی هیچ دەستەکەوتێک نییە بۆ عیراق و هەرێم و هەر ڕۆژێکیش ئەمریکا بەرژەوەندییەکانی وا بخوازێت کە عیراق بەجێبهێڵێت، بەبێ سێودوو لێکردن ئەوە دەکات، هەروها ڕوون نییە کە ژێربەژێر لەگەڵ ئیران ڕێکدەکەوێت یان نا. ئەگەر ئەمریکا بڕوات گۆڕەپانەکە بۆ ئیران چۆڵ دەکات، عیراق لە باکووریەوە تا باشووری دەکەوێت ژێر کۆنتڕۆڵی ئەو گروپ و پارتە چەکدارانەی کە سەر بە ئیرانن. ئەزموون پێمان دەڵێت بەهێز بوونی ئیران لە عیراق لە بەرژەوەندیی پرسی کورد نابێت، هەنوکە هەر دەستێکەڵکردنێکیش لەگەڵ ئەمریکا لەلایەن هەرێمەوە دواڕۆژ ئیران هەژمار بۆ ئەو هەڵوێستە دەکات، ئەگەر بۆی بلوێت مامەڵەی لەگەڵ نەتەوەی کورد لە عیراق بەهەمان شێوەی مامەڵەکردنی دەبێت کە لەگەڵ نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات ئەنجامی دەدات و هیچ ئاسۆیەکی ڕوون و ئایندەیەکی پرشنگدار چاوەڕێی میللەتی کورد نابێت.
دەسەڵاتدارانی ناوەند و هەرێم، زانیاریی تەواویان هەیە کە میلیشیای چەکداری سەر بە ئیران لەنێو ناوچەی سەوز و ناوچەکانی دی عیراق و هەرێم هەن. هەمووشیان باش ئەوە دەزانن کە کێن ئەوانەی کاتیۆشایان هەڵدا بۆ ناوچەی سەوز لە بەغداد و فڕۆکەخانەی هەولێر. هەنووکە حکومەتی عیراق بە ئاشکرا دەڵێت کە گوایە ئەو لە ووتوێژە لەگەڵ چەند گروپی میلیشیایەکی سەر بە ئیران، واتە حکومەتی ناوەند و دەسەڵاتدارانی هەرێم باش دەزانن کە کێ بەو کارە تێرۆریستیانە هەڵدەستێت بەڵام وەک دەوڵەت و سوپا لەگەڵیان هیچیان بۆ ناکرێت، لەسەرتانسەری عیراق ئەو میلیشیانە لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە پشتیوانی دەکرێن، کە سەدان جار لە حکومەتی ناوەند و هەرێم بەهێزترن، ئەوان دەسەڵاتیان لەسەروی دەسەڵاتی حکومەت، سوپا و دادە بۆیە تا ئێستا تەنیا شتێک کە دەسەڵاتدارانی ناوەند و هەرێم بەرامبەریان بۆیان بکرێت، تەنیا خۆدەرخستن، فشەو قیرەقیری نێو میدیاکانە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست