کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كه‌مێك له‌ مێژووی ژیانم و چیرۆكی خوێندنم

Monday, 28/09/2020, 13:28


له‌ پۆلی دووی سه‌ره‌تایی به‌ هۆی نه‌خۆشیه‌وه‌ سه‌ركه‌وتو نه‌بووم. له‌ پۆلی شه‌شی سه‌ره‌تایش سه‌ركه‌وتو نه‌بووم و دوباره‌م كرده‌وه‌و هه‌ر له‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ خرابوومه‌ به‌ر ئیش و ڕۆڵی كه‌سێكی له‌ ته‌مه‌نی خۆم گه‌وره‌ترم ده‌بینیی. له‌ پۆلی یه‌ك و دووی ناوه‌ندییش (7 و 8) له‌ ناوه‌ندی شۆڕش / سلێمانی بوومه‌ دوو ساڵه‌و سه‌ركه‌وتوو نه‌بووم، زۆرتر به‌هۆی ئیش كردنم له‌ دوكانه‌كه‌ی باوكم و نه‌بوونی بایه‌خدان پێم و كه‌مبوونه‌وه‌ی فاكته‌ری پالپێوه‌نه‌ر بۆ خوێندن و قوتابخانه‌و خراپی سیسته‌می په‌روه‌رده‌ش. 
له‌به‌ر گه‌وره‌یی خێزانه‌كه‌مان و له‌ پێناوی  بژێوی ژیانی خێزانه‌كه‌، من وه‌ك كوڕی ته‌مه‌ن گونجاو، باوكم به‌ زۆر له‌ قوتابخانه‌ ده‌ری هێنام و بوومه‌ ئیشكه‌رو حه‌ماڵی دوكانه‌ بچكۆله‌ به‌قاڵیه‌كه‌مان و عه‌ره‌بانه‌ی شت گواستنه‌وه‌شم پاڵ پێوه‌ ده‌نا .. دواتر چوومه‌ ناوه‌ندیی شه‌وان، باوكم په‌سه‌ندی نه‌كردو هێنامیه‌ ده‌ره‌وه‌. دوو ساڵ دواتر كه‌سێك له‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی پێی ووتم ده‌توانم تاقیكردنه‌وه‌ی خارجی بده‌م بێ چوونه‌ قوتابخانه‌و ده‌وامی ڕۆژانه‌. چوومه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی ، ئه‌و كات به‌رامبه‌ر مزگه‌وتی گه‌وره‌ بوو. كتێبه‌كانم كڕی به‌ زمانی عه‌ره‌بی ، چونكه‌ خوێندنی ناوه‌ندی و دواناوه‌ندی ئه‌و كات به‌ عه‌ره‌بی بوو ، ته‌كسیه‌كم گرت و كتێبه‌كانم برده‌ ماڵه‌وه‌. تاقیكردنه‌وه‌كانی پۆلی دووی ناوه‌ندیم به‌ خارجی ته‌واو كرد. دواتر كه‌وتمه‌ خۆئاماده‌ كردن بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی سێی ناوه‌ندی (پۆلی 9) ئه‌ویش به‌ دزی باوكمه‌وه‌. زۆر كات به‌ هۆی شه‌ڕی پارتی و حكومه‌ته‌وه‌ شه‌وان كاره‌با  ده‌كوژایه‌وه‌و ده‌بوو له‌به‌ر مۆم و چرا سه‌عی بكه‌م. 
ڕۆژانه‌ له‌ دوكانه‌كه‌ماندا له‌سه‌ر زه‌رفی شت تێكردن ڕاهێنانم ده‌كردو باوكم به‌لایه‌وه‌ سه‌یر بوو بۆ ئه‌م هه‌موو شت نوسینه‌ له‌سه‌ر كیس و زه‌رفه‌كانه‌. بۆ ته‌واو كردنی پۆلی 9 له‌ ڕۆژانی تاقیكردنه‌وه‌كانم به‌ بیانویه‌ك ده‌ڕۆیشتم بۆ ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌كان/ له‌ دوو وانه‌ ئیكمال بووم ، له‌ دوباره‌ كردنه‌وه‌كه‌دا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووم. له‌ نوێوه‌ كه‌وتمه‌ خۆ ئاماده‌ كردن بۆ ته‌واو كردنی ئه‌و قۆناغه‌ بۆ ساڵی دواتر. مودیریه‌ی ته‌ربیه‌ به‌شداری كردنمی ڕه‌د كرده‌وه‌و داوای شوناسنامه‌ی عێراقییان ده‌كرد لێم ، منیش نه‌مبوو چونكه‌ ئێمه‌ ته‌به‌عیه‌ی ئێرانی بووین و نه‌نكان و باپیرانم كاتی خۆی له‌ ڕۆژهه‌لاتی كوردستانه‌وه‌ هاتبونه‌ باشورو حكومه‌ته‌كانی عێراق هه‌رگیز ناسنامه‌ی عێراقییان پێ نه‌داین.. ئێستاشی له‌سه‌ر بێت.

(باوكم كۆڵنه‌دانی منی بینی)

باوكم كۆڵنه‌دانی منی بینی و چیتر هاته‌ سه‌ر خه‌ت و به‌ واسته‌و واسته‌كاری له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ ڕه‌زامه‌ندی به‌شداریكرنم له‌ تاقیكردنه‌وه‌كان بۆ وه‌رگیراو ئه‌و قۆناغه‌شم بڕی. دواتر چوومه‌ قوتابخانه‌ی (7) نیسانی شه‌و به‌ زمانی عه‌ره‌بی. دوای ماوه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری قه‌تابخانه‌كه‌ ، كه‌ كه‌سێكی به‌عسی و عه‌ره‌ب و حیزبی بوو بێهیوا بوو له‌وه‌ی بۆچی من ناسنامه‌كه‌م ناده‌مه‌ ئه‌وان. هه‌رچۆنێك بوو ئه‌و قۆناغه‌شم بڕی. 
 

(بریاری جێهێشتنی عێراق)

نه‌بوونی ناسنامه‌ی عێراقی گرفتی زۆری بۆ دروست كردبووین و چیتر بێهیواو بێتاقه‌تیش بوبووم له‌ ژیانی ئه‌و ولاته‌م ، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی دوو جار له‌ فیرقه‌و ئه‌منی سلێمانی به‌ تۆمه‌تی سیاسی گیرام و لێدانیشم خواردو دانێكیشیان شكاندم. بڕیارمدا سه‌ری خۆم هه‌ڵبگرم و به‌ پاسپۆرتی ئێرانی و سه‌رده‌می شا ، بێ پێویست بوون به‌ فیزه‌ له‌ ساڵی 1976 و له‌ ته‌مه‌نی 20 ساڵیدا ڕۆیشتمه‌ ئه‌ڵمانیا.. له‌ جنسیه‌و سه‌فه‌ری سلێمانی مۆله‌تی (10) ڕۆژم بۆ دانرا كه‌ ده‌بێت له‌و ماوه‌یه‌دا عێراق جێبهێلم گه‌رنا ته‌سفیر ده‌كرێم بۆ ئێران و بریاڕه‌كه‌ش گه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌بوو. له‌ ولاتی دێرینی خۆت وه‌ك بێگانه‌ بژیت و بێ مافیش بكرێیت و زۆربه‌ی جار ئیقامه‌شیان بۆ درێژ نه‌ده‌كردینه‌وه‌و فه‌رمانی گرتنیان بۆ ده‌رده‌كردین... له‌ ئه‌ڵمانیاش په‌ناهه‌نده‌ییان پێ نه‌ئه‌دام و ده‌یانووت ده‌توانیت بگه‌رێیته‌وه‌ بۆ ئێرانی ده‌وڵه‌تی شاو دوای 16 ساڵ جنسیه‌ی ئه‌ڵمانیم پێدرا چونكه‌ به‌ پێی یاسایه‌كی كۆن ده‌بوایه‌ ئێران ئیسقات جنسیه‌م بۆ بكات كه‌ بۆیان نه‌ده‌كردم. بۆ یه‌كه‌مجاریش دوای 17 ساڵ توانیم بگه‌رێمه‌وه‌ كوردستان ، دوای ڕوخانی ڕژێمی به‌عس.

(ژیانی خوێندنم له‌ ئه‌ڵمانیا )

له‌ ئه‌ڵمانیا كه‌وتمه‌ به‌ر كرێكاری و كاری قورس و چێشتنی ژیانی ته‌نیایی و بێكه‌سی و دوور له‌ خۆشه‌ویستی كه‌س و كار. 
 
بێ ئه‌وه‌ی كۆرسی زمان بكه‌م خۆم فێری ئه‌ڵمانی كردو دوای دوو ساڵ خۆم بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی خارجی تۆمار كرد. له‌ سه‌رجه‌م (8) تاقیكردنه‌وه‌ی شه‌فه‌هی و ته‌حریری جگه‌ له‌ دوو وانه‌ كه‌ نه‌ده‌چوومه‌ پێشه‌وه‌، سه‌ركه‌وتو بووم له‌وانی تردا. دواتر په‌یوه‌ندیم كرد به‌ چه‌ند دواناوه‌ندیه‌كی شه‌وانه‌ ، له‌ شاری بۆنی پایته‌ختی ئه‌و كاته‌ی ئه‌ڵمانیا له‌ پۆلی 12 وه‌رگیرام چونكه‌ پێشتر ئه‌و قۆناغه‌ی ترم بڕیبوو. خوێندنه‌كه‌م زۆر قورس بوو ، زۆربه‌ی كاته‌كه‌ش ده‌بوو له‌به‌ر كه‌می پاره‌ كار بكه‌م. ماوه‌یه‌ك شه‌وان دوای قوتابخانه‌ كارم له‌ كارگه‌یه‌كی ماسی و گیانله‌به‌ری ئاویی ده‌كردو پێنجی به‌یانی ده‌گه‌یشتمه‌وه‌ ماڵه‌وه‌و بۆگه‌نی ماسیم لێ ده‌هات و كه‌س له‌ پاسه‌كه‌دا له‌ ته‌نیشتمه‌وه‌ دانه‌ده‌نیشت. 
دوای ته‌واو كردنی پۆلی 13 ی دواناوه‌ندی له‌ شاری بۆن ، له‌ زانكۆی ماربورگ / ئه‌ڵمانیا به‌كالۆریۆس و ماسته‌رم وه‌رگرت له‌ بواری زانستی سیاسیی و كۆمه‌لایه‌تی و ڕاگه‌یاندن ، ڕۆژانێكی ناخۆشیشم بینی چونكه‌ له‌و كاتانه‌دا به‌عس كه‌س و كارمی به‌ ده‌ستبه‌سه‌ری ده‌ركرد بۆ ئێران و ماڵ و موڵكمانی داگیر كرد. دوای ماوه‌یه‌كیش دایكی خۆشه‌ویستم به‌ ڕوداوێكی تراژیدی ماڵ ئاوایی لێ كردین كه‌ سالانێك بوو نه‌مدیبو و نه‌متوانی پاداشتی شه‌ونخونیه‌كانی بۆم بده‌مه‌وه‌ ، ئه‌وه‌و چه‌ندین تراژیدیای تری خێزانیی.. له‌ شاری ڤوپه‌رتال بڕوانامه‌ی دوكتۆرام له‌ بواری زانستی سیاسه‌دا وه‌رگرت. له‌به‌ر نه‌بوونی مینحه‌ی خوێندن ده‌بوو به‌ رێگای كار كردنه‌وه‌ چاره‌ی بژێوی ژیانیش په‌یدا بكه‌م ...  
دواتر گه‌ڕامه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌ زانكۆی سلێمانی له‌ كۆلێژی زانسته‌ مرۆڤایه‌تیه‌كان و زانسته‌ سیاسیه‌كان بوومه‌ مامۆستاو چوار ساڵیش جێگری ڕاگری كۆلێژه‌كه‌ بووم و هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا بوومه‌ پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌رو دوو جاریش له‌سه‌ر ڕه‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تی خوێندنی بالا ڕۆیشتمه‌ ئه‌وروپا بۆ ئه‌نجامدانی پۆست دوكتۆراو نوسینی دوو كتێبی ئه‌كادیمی. له‌به‌ر  كه‌می موچه‌كه‌م شه‌وان له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌ی ڕاگرایه‌تیه‌كه‌ ده‌خه‌وتم.. بارودۆخی ناله‌باری هه‌رێمی كوردستان و باری ناله‌باری زانستی و زانكۆو شه‌ڕی مل شكاندن و به‌ حیزبی كردنی زانكۆكان و ... چیتر دڵخۆش نه‌بووم به‌ مانه‌وه‌م و له‌گه‌ڵ خێزان و منداڵه‌كانم ملی گه‌ڕانه‌وه‌م گرته‌وه‌ به‌ر بۆ ئه‌وروپاو له‌ نوێوه‌ ده‌بوو ژیان پێك بهێنینه‌وه‌.. 

(دوا قۆناغی ئه‌كادیمیم)

دوای خه‌باتێكی زۆری زانستیی توانیم پله‌ی ( پڕۆفیسۆر) له‌ بواری زانسته‌ سیاسیه‌كاندا به‌ ده‌ست بهێنم.. هاوشان هه‌موو ته‌مه‌نیشم سه‌رقاڵی كاری سیاسی و نوسین و كوردایه‌تیش بووم بێ بیركردنه‌وه‌ له‌ هیچ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی ته‌سكیی كه‌سیی. 
 

(كۆڵ نه‌دان و نه‌فه‌س درێژیی پێویستیه‌كی ژیانه‌ )

كۆڵ نه‌دان و ددان به‌خۆدا گرتن و نه‌فه‌س درێژیی پێویستیه‌كی ژیانه‌و بچوكترین تروسكایی به‌كاربهێنه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانت و هه‌میشه‌ش مرۆڤ دۆستبه‌و خه‌سڵه‌ته‌ جوانه‌كانی ژیان مه‌دۆرێنه‌ ، وێنایه‌كی باشبه‌و پیشه‌كه‌ت و مه‌عریفه‌كانت بۆ خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی بێت بۆ ئه‌وه‌ی ببیته‌ مرۆڤێكی به‌رهه‌مهێنه‌رو ته‌ندروست و به‌ سوود.. هیوادارم ئه‌م چیرۆكه‌م هانده‌رێك بێت بۆ هه‌مووان.. ئه‌وه‌ی من به‌ ده‌ستم هێناوه‌ پله‌ی زانستی و ئه‌كادیمیه‌ ، به‌لام لای من گرنگه‌ كه‌سه‌ ئه‌كادیمیه‌كه‌ ڕۆشنبیریش بێت. له‌ كۆتایدا ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ش بلێم كه‌ دایك و باوكم هه‌ر وه‌ك نه‌نك و باپیرانم نه‌خوێنده‌وار بوون و له‌ خێزانێكی خوێنده‌وارو ئه‌كادیمیه‌وه‌ چاوم به‌ دونیا نه‌كه‌وتوه‌وه‌و له‌ ماڵی ئێمه‌دا كتێبخانه‌ نه‌بووه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە