کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


له‌ نێوان عومه‌رى سه‌ید عه‌لى و مه‌لا به‌ختیاردا

Saturday, 26/09/2020, 16:08


له‌و كاته‌وه‌كه‌ مه‌لا به‌ختیار له‌ ته‌له‌فزیۆنى ڕوداودا چاوپێكه‌وتنێكى ئه‌نجامداو  دواى ئه‌وه‌ش كتێبى ( له‌برى بیره‌وریه‌كانى  ) بڵاوكرده‌وه‌ هه‌ڵڵایه‌كى زۆر گه‌وره‌و به‌رفراوانى له‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌سه‌ر دروستبو. هێرشى زۆرى كرایه‌ سه‌رو تا ئێساش هه‌ر به‌رده‌وامه‌ . به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرى كه‌  مێژوى شێواندوه‌ . ناحه‌قى زۆرى به‌رامبه‌ر به‌ نه‌وشیروان مسته‌فا كردوه‌و به‌ كۆنه‌ قین باسى ڕابوردوى نه‌وشیروان مسته‌فاى كردوه‌ .هێرشه‌كان به‌ زۆرى له‌ لایه‌ن  هه‌ڵسوڕاوانى بزوتنه‌وه‌ گۆڕانه‌وه‌ ده‌كرێنه‌ سه‌رى . 
باسى ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ مه‌لا به‌ختیار به‌ فیتى پارتى له‌م ته‌وقیته‌دا له‌ ته‌له‌فزیۆنى ڕوداو ئه‌و چاوپێكه‌وتنه‌ى ئه‌نجامداوه‌و له‌ هه‌مان كاتیشدا كتێبه‌كه‌ى بڵاو كردۆتوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ده‌نگۆى سه‌فه‌ره‌كه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێم  بۆ توركیا له‌چاوى خه‌ڵك بشارێته‌وه‌  چونكه‌ مه‌لا به‌ختیار له‌ مێژه‌ بۆته‌ پارتى و بۆ پارتى كار ده‌كات . به‌ش به‌ حاڵى خۆم ڕه‌خنه‌ى زۆرم له‌سه‌ر مه‌لا به‌ختیار هه‌یه‌ . مه‌لا به‌ختیار هه‌وڵى زۆرى دا كه‌ ڕێكه‌وتنى ده‌باشانى نێوان یه‌كێتى و گۆڕان سه‌رنه‌گرێت . دواجار سه‌ركه‌وتوش بوو له‌ هه‌وڵه‌كانى و  سه‌رى نه‌گرت . ئه‌گه‌ر سه‌رى بگرتبایه‌ ، بێشك گۆڕان و یه‌كێتى ده‌بونه‌وه‌ به‌ یه‌ك . 
دوا به‌دواى ئه‌وه‌ هه‌وڵى زۆرى دا  مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى  له‌پارتى نزیك بكاته‌وه‌و له‌ ئه‌نجامدا له‌و كاره‌شیدا سه‌ركه‌وتو بوو . دواجار  بونه‌پشتیوانى مه‌سعود بارزانى  بۆ نه‌نجامدانى ڕیفراندۆم و به‌و هۆیه‌وه‌ نێوه‌ى خاكى كوردستان و دۆسته‌كانیشمان له‌ ده‌ست دا چونكه‌ به‌ قسه‌مان نه‌كردن ڕیفراندۆم بۆ ساڵێك دوا بخه‌ین .  له‌ دواى ریفراندۆمه‌وه‌ به‌رده‌وام هه‌رێمى كوردستان ڕوبه‌ڕوى مه‌ترسى ده‌بێته‌وه‌و ئه‌وه‌تا ته‌عریب له‌ كه‌ركوك ده‌ستى پێكردۆته‌وه‌.  به‌لاى منه‌وه‌ ئه‌نجامدانى ریفراندۆم  وه‌كو تاوان وایه‌ . پشكى مه‌لا به‌ختیاریش له‌و تاوانه‌ هیچى كه‌متر نییه‌ له‌ پشكى مه‌سعود بارزانى . 
گومانى تێدا نییه‌ دروستكردنى ئاڵاى  شۆڕش و هه‌وڵه‌كانى  بۆ لاوازكردنى ڕێزه‌كانى یه‌كێتى  ، یه‌كێكى تره‌  له‌و ره‌خنانه‌ى له‌سه‌ر مه‌لا به‌ختیاره‌و  له‌ ڕاستیشدا زیانى زۆر گه‌وره‌ى به‌ یه‌كێتى گه‌یاندو  بوو به‌ هۆكارى سه‌رگه‌ردان كردنى ژماریه‌كى زۆرى كادیر و پێشمه‌رگه‌ى یه‌كێتى و شه‌هیدكردنى ژماره‌یه‌كیش . 
مه‌لا به‌ختیار یه‌كێكه‌ له‌ پێشمه‌رگه‌ سه‌ره‌تایه‌كانى شۆڕشى نوێ و ئه‌ندامى كۆمه‌له‌ بوه‌ . هه‌ر زوو له‌ هه‌ڕه‌دى لاویدا هه‌لى بۆ ڕه‌خساوه‌و خۆشى كه‌سێكى زیره‌ك و بزێو و وریابوه‌و بۆته‌ كاره‌كته‌ریكى دیارى ناو شۆڕش .  هه‌میشه‌ ڕۆڵى به‌رپرسى بینیوه‌و كه‌ مه‌ڵبه‌نده‌كان دروست بون ، یه‌كه‌م كه‌س بوو ، كرا به‌ به‌رپرسى مه‌لبه‌ندى یه‌ك . 
هه‌رچه‌نده‌ مه‌لا به‌ختیار ئه‌ستێره‌ى به‌ختى دره‌وشاوه‌بوو ، هه‌لى باشى بۆ ڕه‌خسابوو كه‌ به‌ ئامانجه‌كانى خۆى  بگات ، به‌ڵام زۆر په‌له‌ى كردو زوو كه‌وته‌ ململانێ  و ڕكه‌به‌رایه‌تى  له‌گه‌ڵ  نه‌وشیروان مسته‌فا و ته‌نانه‌ت مامجه‌لالیش . هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتنى  مه‌لا به‌ختیار له‌و كاته‌دا ئه‌وه‌بوو زۆر خۆى به‌ گوره‌تر و به‌ تواناتر ده‌زانى له‌وه‌ى  كه‌ هه‌بوه‌ . واته‌زۆر شانازى به‌ خۆیه‌وه‌ كردوه‌ .  ئه‌گه‌ر باشتر بیرى بكردایه‌وه‌و ئه‌و په‌له‌ په‌له‌ى نه‌كردبایه‌ ، دواجار  هه‌ر خۆى ده‌بوو به‌ به‌دیل و جیگره‌وه‌ى مام جه‌لال  و كاك نه‌وشیروان هه‌ر ئه‌وان خۆیان  ده‌یانكرده‌ جێگره‌وه‌ى خۆیان  . 
كاتێك كه‌ڵه‌ كه‌ڵه‌ى دروستكرنى ئاڵاى شۆڕشى كه‌وته‌ سه‌ره‌وه‌و خه‌ڵكى له‌ ده‌ورى خۆى كۆكرده‌وه‌ ، به‌ده‌ستى خۆى ماڵى خۆى وێران كردو ئه‌ستێره‌ى به‌ختى خۆى كوژانده‌وه‌. به‌ بۆچونى خۆم له‌وكاته‌وه‌ كه‌ گیراو خرایه‌ به‌ندیخانه‌وه‌ ژیانى سیاسى ئه‌و ته‌واو بوو ،  مه‌لا به‌ختیار خۆى زۆترین زیانى  به‌ خۆى گه‌یاندو حه‌ق نییه‌ گله‌یی له‌ كه‌س بكات . 
 مه‌لا به‌ختیار كه‌وته‌ هه‌ڵه‌یه‌كى زۆر گه‌وره‌وه‌ . پێشم وایه‌ ئێستا خۆشى له‌و بڕیاره‌ى خۆى په‌شیمانه‌ . كاتێك  مه‌لا به‌ختیار گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ناو یه‌كێتى  وه‌كو هه‌موو ئه‌وانه‌ى پێش ڕاپه‌ڕین  كوردستانیان جێ هێشتبوو ، ناوى خرایه‌ لیستى  دابڕاوه‌كان . به‌ڵام  حسابى ڕابوردوى مه‌لا به‌ختیاریان له‌به‌ر چاوگرت و روڵى پێشویان پێ دایه‌وه‌و  جارێكى تریش بۆوه‌ به‌ ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى  .
 به‌ڵام جارێكى تریش مه‌لا به‌ختیار كه‌وته‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌كى گه‌وره‌ى تره‌وه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌كى زۆر خراپى كرد بۆ بارو  دۆخى ناو یه‌كێتى و مه‌ركه‌زى قوه‌تى خۆى .  دواى نه‌خۆش كه‌وتنى مامجه‌لال به‌رنامه‌ى دانابوو ببێته‌ سكرتێرى  یه‌كێتى . كاتێك له‌وه‌دا سه‌ركه‌وتو نه‌بوو ، ده‌نگوباسى پۆستى سه‌رۆك كۆمار ده‌ستى پێكرد ، ئه‌ویش كارى بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرد ئه‌وپۆسته‌ وه‌رگرێت . ده‌بوو مه‌لا به‌ختیار خوێندنه‌وه‌یكى  وردترى بۆ بارودۆخى ناو یه‌كێتى و پێگه‌ى خۆى بكردبایه‌و ئه‌وه‌ى له‌به‌ر چاو بگرتبایه‌  كه‌ دواى دروستكردنى ئاڵاى شۆڕش وسه‌رنه‌كه‌وتنى  تازه‌ ئه‌م هه‌لانه‌ى له‌ده‌ست داوه‌و مه‌حاڵه‌ پۆستى ئاوا وه‌رگرێت ، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كه‌سێكى بێ توانایه‌ ، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ى  پشتیوانى نییه‌و ئه‌و هه‌له‌ى بۆ  ناڕه‌خسێنن كه‌ پۆستى له‌وشێوه‌یه‌ وه‌رگرێت .  به‌ڵام ئه‌ویش تموحى خۆى هه‌بوه‌و ئه‌م هه‌وڵه‌شى داو به‌ڵام ئه‌نجامى نه‌بوو . 
 به‌ڵام  ئه‌وه‌شمان له‌ یاد نه‌چێت  مه‌لا به‌ختیار نه‌ یه‌كه‌م كه‌سه‌ هه‌ڵه‌ى سیاسى ئاوا گه‌وره‌ بكات و  نه‌ دواكه‌سیش ده‌بێت .  ئه‌وانه‌ى كه‌وتونه‌ ململانێی سیاسیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ڕكه‌به‌ره‌كانى خۆیان ، هه‌ندێكیان باشیان بۆ هاتۆته‌ پێشه‌وه‌و به‌ مه‌رامه‌كانى خۆیان گه‌یشتون . هه‌ندێكى  تریان خراپ به‌سه‌ریاندا شكاوه‌ته‌وه‌و  توشى شكستى گه‌وره‌ش بون . مه‌لا به‌ختیار یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ى  سه‌ركه‌تو نه‌بوو له‌ هه‌وڵه‌كانى و  به‌ ئامانجه‌كانى خۆى نه‌گه‌یشت. 
بۆئه‌وه‌ى به‌ باشى له‌ ڕاستییه‌كان بگه‌ین و  ده‌ربرینه‌كانمان له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕق و تۆڵه‌ كردنه‌وه‌و كاردانه‌وه‌ نه‌بێت و به‌ خۆڕایی قوڕ نه‌كه‌ین  به‌سه‌رى كه‌سداو  كه‌مێكیش ویژدان به‌كاربهێنین ، با كه‌مێك بگه‌ڕێینه‌وه‌  بۆ ڕابوردوى  مێژوى خۆمان . ساڵى 1961شۆڕشى  كورد  ده‌ست پێكرد. ساڵى 1964 دوو به‌ره‌كى دروست بوو . ئه‌و دوو به‌ره‌كییه‌ بووبه‌سه‌ره‌تانى ئه‌م میلله‌ته‌ . بوو به‌ هۆكارى ئه‌وه‌ى  میلله‌ت به‌ مافه‌كانى خۆى نه‌گات و  بگه‌ینه‌ ئه‌م بارودۆخه‌ى ئێستا .
 پرسیارى جه‌وهه‌رى ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئه‌وه‌ كارێكى خراپ نه‌بوو ؟ بۆچى ئه‌ولێك ترازانه‌ى ناو شۆڕش ئه‌نجام درا؟ ئه‌ى نه‌ده‌كرا ڕێگرى لێ بكرێت ؟  كه‌واته‌ ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌ى به‌رپرسه‌كانى شۆڕشى ئه‌وكاته‌بوو ؟ هه‌ڵه‌ى مه‌لا مسته‌فاو برایم ئه‌حمه‌د و  مامجه‌لال و  هاوڕیكانیان  بوو. كاتێك شۆرشى نوێ به‌ ڕابه‌رایه‌تى یه‌كێتى دروست بۆوه‌ ، دوایی بزوتنه‌وه‌ له‌ یه‌كێتى جیابۆوه‌و حیزبى سۆسیالیست دروست بوو .دواى ئه‌وه‌ش حیزبى سۆسیالیس توشى لێكترازان بوو ، زه‌حمه‌ت كێشان له‌دایك بوو . باشه‌ بۆچى ئه‌مانه‌ش  ڕویاندا ؟له‌ پێناوى چیدابوو ؟نه‌ده‌كرا  ڕێگرى بكرێت ؟ ئه‌ى ئه‌وانه‌ى ئه‌مه‌یان كردوه‌ ، هه‌له‌یان نه‌كردوه‌ ؟
فیاده‌ى موه‌قه‌ته‌ كه‌ دروست بوو ، دواى ماوه‌یه‌ك حیزبى گه‌ل له‌ دایك بوو . ئه‌ى ئه‌مه‌یان بۆچى و له‌پێناوى چێدا ڕویدا ؟ نه‌وشیروان مسته‌فا دواى سه‌ده‌یه‌ك وه‌ك هاوڕێی خه‌باتى  مامجه‌لال ، دواجار لێی جیابۆوه‌و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانى دروست كرد . بۆچى ئه‌وه‌ ڕویدا ؟بۆچى كه‌ مامجه‌لال بوو به‌ سه‌رۆك كۆمار ، نه‌وشیروان مسته‌فاى نه‌كرد به‌ جێنشینى خۆى ؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ى بكردایه‌ ، نه‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان دروست ده‌بوو ، نه‌ یه‌كێتیش وه‌كو ئێستا لاواز ده‌بوو . باشه‌ بۆچى مامجه‌لال  ئه‌وه‌ى نه‌كرد   پۆستى سكرتێرى گشتى  له‌گه‌ڵ خۆى بۆخۆى  برده‌ گۆڕه‌وه‌ ؟  باشه‌ ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌ نه‌بوو ؟؟.
كاتێك  نه‌وشیروان مسته‌فا  بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانى دروست كرد ،داواى له‌ هاوڕێكانى كرد پشتیوانى  لى بكه‌ن . ئه‌وانیش پشتیوانییه‌كى باشیان لێ كرد . بزوتنه‌وه‌ى گۆران   له‌ هه‌ڵبژاردنى یه‌كه‌مدا  له‌ یه‌كێتى زیاتر ده‌نگى هێنا . به‌ڵام بۆچى كه‌ هێزى په‌یداكرد و قاچى گه‌یشته‌ بوار و ده‌ورى قه‌ڵه‌باڵغ بوو ، ئه‌و هاوڕێیانه‌ى پشتیوانییان لێ كرد، په‌ڕاوێزى خستن و نه‌فره‌تى لێكردن . باشه‌ بۆچى و له‌پێناوى چێدا  ئه‌مه‌ى كرد ؟؟ . باشه‌ بۆچى دووباروكردنه‌وه‌ى هه‌مان هه‌ڵه‌ى سه‌ركرده‌كان به‌رامبه‌ربه‌ یه‌كترى  به‌رده‌وامه‌ و بۆته‌ كه‌لتور . هه‌رچى ده‌سه‌ڵاتى په‌یداكرد ، هاوڕێ نزیكه‌كانى خۆى  په‌ڕاوێز ده‌خات و  نه‌فره‌تیان لێ ده‌كات ؟. 
مامجه‌لال  به‌ بارزانى ده‌ڵێت :ئێوه‌ حیزبه‌كه‌تان كردۆته‌ حیزبى بنه‌ماڵه‌و ئێمه‌ ئه‌وه‌مان قبوڵ نییه‌ .خۆى جیا ده‌بێته‌وه‌و حیزب دروست ده‌كات و دوایی ئه‌ویش  حیزبه‌كه‌ ده‌كاته‌ حیزبى بنه‌ماڵه‌ى خۆى . نه‌وشیروان مسته‌فا  دژى به‌ بنه‌ماڵه‌كردنى حیزبه‌ له‌ لایه‌ن مامجه‌لاله‌وه‌ . كاتێك خۆى حیزبى دروست كرد ، ئه‌ویش حیزبه‌كه‌ى خۆى كرده‌ حیزبى بنه‌ماڵه‌و هاوڕێكانى بێ به‌رى كرد .  ئه‌وه‌تا حه‌مه‌ى حاجى مه‌حمودیش حیزبى سۆسیالیستى كردۆته‌ حیزبى بنه‌ماڵه‌ى خۆى .  له‌ئیستادا یه‌كێتیش  به‌ عه‌مه‌لى له‌ناو خۆیدا دابه‌ش  بوه‌ به‌سه‌ر چه‌ندین بنه‌ماڵه‌ى ترو چه‌ندین ئیمپرتۆر دروست بون و  هه‌ر یه‌كه‌یان به‌ جیا بۆ خۆى هه‌ڵپه‌ ده‌كات .  گومانى تێدا نییه‌ دواى مرنى مه‌سعود بارزانیش ،پارتى دابه‌ش ده‌بێت  لانى كه‌م بۆ دوو ئیمپڕاتۆریه‌ت ، ئه‌گه‌ر زیاتریش نه‌بێت . 
دواجار دێمه‌ سه‌رباسى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان . دواى كااك نه‌وشیروان عومه‌رى سه‌ید عه‌لى بوو به‌ جێگره‌وه‌ى نه‌وشیروان مسته‌فا .ئه‌و  له‌ ڕێگاى بنه‌ماڵه‌وه‌  نه‌بوو به‌ وارسى نه‌وشیروان مسته‌فا ، به‌ڵام  له‌به‌ر ئه‌وه‌ى سیاسه‌ت مه‌دارێكى موخه‌زره‌مه‌ و پێشینه‌ى باشى هه‌یه‌ له‌ ململانێى حیزبید ، توانى خۆى ده‌ست بگرێت به‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌كه‌و  هه‌موو بڕیاره‌كان  بۆ خۆى  قۆرخ بكات . ئه‌ویش هه‌ندى له‌ هاوڕێكانى  خۆى په‌ڕاوێز خستن و ئه‌وانى تریشى له‌ ڕێگاى پێدانى پۆسته‌وه‌  بێده‌نگ كردن . عومه‌رى  سه‌ید عه‌لى شاره‌زاییه‌كى بێ وێنه‌ى هه‌یه‌ له‌ئیداره‌دانى ته‌كه‌توله‌وه‌ . 
عومه‌رى سه‌ید عه‌لى وه‌كو كه‌سێكى ته‌كه‌تول چى ناسراوه‌ . ئه‌وكاته‌ى كه‌ له‌ به‌ندیخانه‌  هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌و چونه‌ شاخ   كیتله‌ى سجنیان دروست كرد . عومه‌رى سه‌ید عه‌لى  له‌ ناو مه‌ڵبه‌ندى سلێمانى  جێ ده‌ستى دیاره‌ و مه‌ڵه‌بندى سلێمانى ببو به‌ دوو به‌ره‌ى دژ به‌یه‌ك . پاره‌یه‌كى زۆر له‌و ململانێیه‌ به‌ خۆڕایی به‌هه‌ده‌ر درا . به‌ناحه‌ق بۆست به‌م ده‌دراو ئه‌وى ترى  لێ بی َبه‌ش ده‌كرا .
ئێستا كه‌ ڕێكخه‌رى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌ ،سه‌رنج بده‌ن  پۆسته‌كانى به‌و كه‌سانه‌داوه‌  كه‌ كاتى خۆى ته‌كه‌تولى خۆى بون .
ئه‌وه‌تا له‌پێناوى به‌رده‌وامى له‌سه‌ر ته‌كه‌تول ، فراكسیۆنى گۆڕان له‌ په‌ڕله‌مانى عێراق ، په‌یوه‌ندییه‌كى ئه‌وتۆیان نه‌ماوه‌ به‌ گۆڕانه‌وه‌ . ئێستا ڤایرۆسى  ته‌كه‌تول  توشى فراكسیۆنى  په‌ڕله‌مانى كوردستانیش بووه‌  . ڤایرۆسه‌كه‌ زۆربه‌ خێرایی بڵاو بۆته‌وه‌ . دواى ئه‌وه‌ى عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح وه‌كو سه‌رۆكى فراكسیۆن ده‌ستى له‌ كار كێشایه‌وه‌ ، عومه‌رى سه‌ید عه‌لى  ویستى شاخه‌وانى ڕه‌ئوف به‌گ بكاته‌ سه‌رۆكى فراكسیۆن . به‌ڵام دیاربوو ده‌نگیان بۆ نه‌دا .  دوایی ده‌نگیان به‌ دابان داو له‌ كۆى 12 ده‌نگ 7 ده‌نگى به‌ده‌ست هێنابوو . دیاره‌  عومه‌رى سه‌ید عه‌لى دابانى به‌دل َ نه‌بوه‌.  بۆیه‌سیناریۆیه‌كى تریان  رێك خست و جارێكى تر ده‌نگدانیان دووباره‌  كرده‌وه‌ . 
ئه‌مجاره‌یان گولستان سه‌عید هاته‌ هاوكێشه‌كه‌وه‌و دا بان و گولستان هه‌ر یه‌كه‌یان 6 ده‌نگى هێناوه‌ . ئێستا ده‌ڵێن : ئه‌گه‌ر ژنێك وپیاوێك وه‌كویه‌ك ده‌نگ بهێنن ، ئه‌وه‌ ژنه‌كه‌ ده‌بێته‌براوه‌ .   وه‌كو ده‌ڵێن  ئه‌وه‌ ته‌نها له‌ ڕایه‌ڵه‌و بازنه‌كاندا  جێ به‌ جێ ده‌كرێت ، نه‌ك له‌ئاستى ئۆرگانى باڵا. به‌هه‌ر حاڵ خاڵى  گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ته‌كه‌تول  كارى خۆى كردو ئاژاوه‌ى  خسته‌ ناو  فراكسیۆنه‌كه‌وه‌ . 
سه‌یركه‌ن وه‌كو چۆن به‌ بنه‌ماڵه‌كردنى حیزب بۆته‌ كه‌لتور ، به‌ هه‌مان شێوه‌ش ته‌كه‌تولیش  بۆته‌ كه‌لتور . وه‌رن با به‌یه‌كه‌وه‌   لێكدانه‌وه‌ بۆ ئه‌مه‌بكه‌ین . ئه‌گه‌ر شاخه‌وان یان دابان یان گولستان یان هه‌ر كه‌سێكى تر ببیته‌سه‌رۆكى فراكسیۆن  چ جیاوازییه‌كیان هه‌یه‌؟ هه‌مویان گۆڕان نین ؟  به‌ حساب گۆڕان به‌شدارى  حكومه‌تى كردوه‌ بۆ ئه‌نجامدانى  چاكسازى .
 به‌ڵام له‌ ڕاستیدا گۆڕان بۆته‌پاشكۆى  پارتى و ئه‌جینداى پارتى جێ به‌جى َده‌كات . ئه‌وه‌تا لایه‌نى ئۆپۆزسیۆن ده‌یانه‌وێت  لێپرسینه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت و جێگره‌كه‌یی و وه‌زیرى دارایی بكه‌ن . ئه‌وه‌ش پێویستى به‌ 23 ئیمزا هه‌یه‌ . به‌ڵام تا ئێستا 22 ئیمزا كۆكراوه‌ته‌ . له‌ سه‌ره‌تادا ته‌نها شیرین وشایان عه‌سكه‌رى ئیمزایان كردبوو بۆ لێپرسینه‌وه‌ ، به‌ڵام له‌م دوایه‌دا عه‌لى حه‌مه‌ ساڵحیش ئیمزاى كردو ئێستا ڕێژه‌كه‌ ته‌واوبوه‌ .   ئه‌گه‌ر ئه‌ندامانى فراكسیۆنى گۆڕان  خۆیان به‌ نوێنه‌رى  خه‌ڵك ده‌زانن ، ده‌بی َبه‌رگرى له‌ مافى هاولاِتیان بكه‌ن . كه‌واته‌  كاتى ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ى خۆیان به‌ قه‌رزدارى ده‌نگى خه‌ڵك ده‌زانن ده‌نگ بده‌ن بۆلێ پرسینه‌وه‌. 
 ئه‌وه‌ نه‌ك  نابێته‌ ڕه‌خنه‌ له‌سه‌ریان   به‌ڵكو ده‌بێته‌ مایه‌ى سه‌روه‌رى و  ئه‌گه‌ر ده‌نگ نه‌ده‌ن  وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ ئه‌ندام په‌ڕله‌مانى پارتى بن و بۆ پارتى كار بكه‌ن .  ئه‌وه‌تا جوتیاره‌كان به‌رهه‌مى په‌تاته‌كه‌یان  له‌به‌ر ده‌م وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ فڕى ده‌ده‌ن چونكه‌ پاره‌یان بۆ ناكات . 
به‌ هۆى دابه‌زینى به‌هاى دراوى ئێرانى و توركى  په‌تاته‌  به‌ نرخێكى زۆر هه‌رزان به‌ قاچاخ هاورده‌ى كوردستان ده‌كه‌ن . ده‌بێ ئه‌ندامانى فراكسیۆنى گۆڕان بێده‌نگ نه‌بن وبه‌رگرى له‌ مافى جوتیاركان بكه‌ن  . ئه‌وه‌ى له‌ مه‌رزه‌كان به‌ ئاشكرا  قاچاچییه‌تى  ده‌كه‌ن به‌رپرسانى   یه‌كێتى و پارتین .   وه‌زیرى دارایی گۆڕانه‌و نابێ بێده‌نگ بێت . ئه‌گه‌ر قسه‌ى ناڕوات ، بۆچى گۆڕان له‌ حكومه‌ت ناكشێته‌وه‌ ؟. 
ئه‌ى ناڵێن بۆ ئه‌نجامدانى  چاكسازى به‌شدارى حكومه‌تمان كردوه‌ ؟به‌ڵام  تا ئێستا موچه‌ى خه‌ڵك كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌و دواى ده‌خه‌ن .  ئه‌مه‌یه‌ چاكسازى ؟؟.   به‌ڵام ئه‌وه‌ى  زۆر سه‌یر و مایه‌ى گاڵته‌ جاڕییه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ندى به‌رپرسى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌ڵێن : 3 ئه‌ندام په‌ڕله‌مانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان  ئیمزایان كردوه‌ بۆلێپرسینه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت و جێگره‌كه‌یی  و وه‌زیرى دارایی و خه‌ریكین كێشه‌كه‌یان چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین . باشه‌ كام كێشه‌یه‌ ؟ یه‌عنى داواكردن بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌ به‌رپرسانى حكومه‌ت كێشه‌یه‌ بۆ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ؟  كه‌واته‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان  بۆپشتیوانى گه‌نده‌ڵى به‌شدارى حكومه‌تى كردوه‌و دژى مافى هاوڵاتیانه‌ . ده‌بوو سه‌رانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان  داوا له‌ هه‌موو ئه‌ندامانى  فراكسیۆنى گۆڕان بكه‌ن ده‌نگ بده‌ن بۆ لێپرسینه‌وه‌ ، نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ى  سزاى ئه‌وانه‌ بده‌ن  كه‌ ده‌نگیان داوه‌ . 
پرسیار ئه‌وه‌یه‌ به‌ ناو پۆستى ڕێكخه‌رى گشتى هه‌یه‌ . واته‌ ڕێخستنى كاروبارى گشتى بزوتنه‌وه‌كه‌ . به‌ ویژدانتان   ئه‌م جۆره‌ ئیش كردنه‌ ده‌چێته‌بابى  رێكخستنه‌وه‌ ، یان تێكدانه‌وه‌ . دروستكردنى   ته‌كه‌تول له‌ناو فراكسیۆنى گۆڕان به‌ ده‌ستى ئه‌نقه‌ست تێكدانه‌ یان رێك خستنه‌ ؟. سه‌رنجیش بده‌ن ئایا عه‌داله‌ت ڕه‌چاوكراوه‌  له‌ دابه‌شكردنى پۆسته‌كاندا ؟ 
دواى وه‌بیر هێنانه‌وه‌ى  كه‌مێك له‌ ڕوداوه‌كانى  ڕابوردو كه‌ به‌ واتاى كولانه‌وه‌ى برینه‌كان دێت با كه‌مێكیش به‌راورد كارى بكه‌ین . له‌ ئه‌نجامى دروستبونى به‌ره‌ى جه‌لالى و مه‌لایی .شه‌ڕى كوردو كورد دروست بوو . به‌ره‌ى جه‌لالى  بونه‌ پاڵپشتى دوژمن و خه‌ڵكى كورد ده‌كوژرا . له‌ 31 ئابدا مه‌سعود بارزانى سوپاى عێراقى هێنایه‌ سه‌ر هه‌ولێر . به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ش ئه‌وانه‌ هه‌ر به‌ سه‌رۆكى مانه‌وه‌ و میلله‌ت هیچى لێنه‌كردن . بنه‌ماڵه‌ى بارزانى  پارتیان كرده‌ حیزبى بنه‌ماڵه‌ . مامجه‌لال له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ناكۆك بوو له‌گه‌ڵ بارزانى . به‌ڵام كه‌ یه‌كێتى نیشتمانى دامه‌زرا . دوایی مامجه‌لال كردى به‌ حیزبى بنه‌ماڵه‌ . خۆ ئه‌مه‌ بوختان نییه‌و ئه‌وه‌ ئێستایه‌ نه‌ك ڕابوردوو .
نه‌وشیروان مسته‌فا دژى به‌ بنه‌ماڵه‌كردنى  یه‌كێتى بووله‌ لایه‌ن مامجه‌لاله‌وه‌ . بۆیه‌ یه‌كێتى جێهێشت و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانى دروست كرد . به‌ڵام دواجار بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانیش نه‌بوو به‌ حیزبى بنه‌ماڵه‌ ؟؟. خۆ ئه‌مه‌شیان  بوختان نییه‌و ئه‌وه‌ ئێستایه‌ نه‌ك ڕابوردو . ئێستا عومه‌رى سه‌ید عه‌لى  به‌ناو ڕێكخه‌رى گشتییه‌ و ئه‌جینداى كوڕه‌كانى كاك نه‌وشیروان مسته‌فا جێ به‌جى َ ده‌كات . 
 پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئه‌وه‌ى مه‌لا به‌ختیار كردویه‌تى له‌ كارى ئه‌وانه‌ خرابتره‌ كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ناوم هێناون؟؟. ئه‌گه‌ر  ئه‌وه‌ى مه‌لا به‌ختیار كردویه‌تى  كارێكى خیانه‌تكارانه‌و  تێكده‌رانه‌یه‌ ، چ جیاوازییه‌كى هه‌یه‌ له‌گه‌لأَ كارى ئه‌وانیتر ؟؟  بۆچى ئه‌م خائین و تێكده‌ربێت و  ئه‌وانیتر  پاڵه‌وان و نیشتمان په‌روه‌ر  ؟؟.ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ى پێش ئه‌و كارى له‌وجۆره‌یان كردبێت و به‌ حه‌قى خۆیانى بزانن، ئه‌ى بۆچى بۆ ئه‌م ڕه‌وا نه‌بێت وخیانه‌ت بێت ؟ .
ده‌ڵێن مه‌لا به‌ختیار به‌ نه‌هێنى ڕێكخستنى  له‌ناو كۆمه‌ڵه‌و یه‌كێتى دروست كردوه‌ و ئه‌وه‌ خیانه‌ته‌ وتاوانه‌ . باشه‌ ساڵى  1970 كۆمه‌ڵه‌ له‌ناوپارتیدا دروست نه‌بوو ؟ كه‌واته‌ ئه‌وانه‌ش خائین بون كه‌ كۆمه‌ڵه‌یان دروست كرد  ؟. باشه‌ عومه‌رى سه‌ید عه‌لى له‌ناو مه‌ڵبه‌ندى سلێمانى ته‌كتولى له‌ كێ ده‌كرد ؟كێی له‌ كێ هه‌ڵده‌گێرایه‌وه‌ و ئه‌مه‌ى بۆچى ده‌كرد ؟؟  كاتێك له‌ناوبزوتنه‌وه‌ى گۆڕاندا كارى ده‌كرد بۆ په‌راوێز خستن و ده‌رپه‌ڕاندنى قادرى حاجى عه‌لى و عوسمانى حاجى مه‌حمود ، بۆچى له‌ پێناوى چێدا ئه‌مه‌ى ده‌كرد؟؟ ئه‌وان تێكده‌رو دوژمنى گۆڕان بون و خۆشى فریشته‌ ؟؟ 
باشه‌ خۆ ئێستا نه‌ عوسمانى حاجى مه‌حمود و نه‌ قادرى حاجى عه‌لى ماون ڕكه‌به‌رى بن ، ئه‌ى كێشه‌ى فڕاكسیۆنى به‌غداو  په‌ڕله‌مانى كوردستان له‌سه‌ر چى دروست بوه‌ ؟ زوربه‌ى هه‌ره‌ زۆریان گه‌نجن و ئه‌ى نه‌وشیروان مسته‌فا خۆى كارى نه‌ده‌كرد گه‌نجه‌كان بێنێته‌ پێشه‌وه‌ و بۆ ئه‌وه‌ى خاوه‌نى بڕیاربن و  كۆیله‌ى كه‌س نه‌بن ؟ .
 ئه‌ى بۆچى لێیان ناگه‌ڕێن نوێنه‌رایه‌تى خه‌ڵك بكه‌ن و به‌رگرى له‌ مافه‌كانیان بكه‌ن ؟ ده‌تانه‌وێت بیانكه‌نه‌ كۆیله‌ى خۆتان .  باشه‌ وه‌رن وردتر به‌راود كارى  بكه‌ن   له‌ نێوان كاره‌كانى مه‌لا به‌ختیار و  سه‌ركرده‌كانى پێش خۆیی و ئه‌وانه‌شى ئێستا  حاكم و كوێخان ،بزانن كێ زۆرترین هه‌ڵه‌و تاوانى كردوه‌  به‌رامبه‌ر به‌ میلله‌ت .  بۆچى ده‌بێ گۆشت خواردن هه‌ر له‌ گورگ لۆمه‌بێت . 
بۆچى به‌و شێوه‌یه‌ خوێنى كراوه‌ته‌ كاسه‌وه‌ ؟
ئه‌وهێرشانه‌ى  له‌ ئێستادا ده‌كرێنه‌ سه‌ر مه‌لا به‌ختیار و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك تۆمته‌بارى ده‌كه‌ن  ،به‌ زۆرى له‌ لایه‌ن بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌وه‌یه‌  به‌ مه‌به‌ستى به‌رگرى كردن له‌ نه‌وشیروان مسته‌فا . به‌ڕاستى ئه‌وه‌ خۆى له‌ خۆیدا  بچوك كردنه‌وى كاك نه‌وشیروانه‌ ، نه‌ك گه‌وره‌ كردنى . به‌ڕێزینه‌ به‌شێكى زۆرى مێژوى یه‌كێتى مێژوى كاك نه‌وشیروانه‌ .
 نه‌و شیروان مسته‌فا  سه‌ركرده‌یه‌كى  گه‌وره‌ى ئه‌م میلله‌ته‌ بوه‌ . خاوه‌نى مێژوى خۆیه‌تى و كه‌س ناتوانێت  په‌ڕاوێزى بخات و له‌ مێژوى ئه‌م میله‌ته‌ى ده‌رهێنێـت.  ئه‌گه‌ر  مه‌لا به‌ختیار غه‌درى زۆرى له‌ نه‌وشیروان مسته‌فا كردوه‌ ، ده‌بوو هاوڕێكانى خۆى له‌ناو یه‌كێتى نیشتمانیدا ، بهاتنایه‌  سه‌رخه‌ت و به‌رگرییان له‌ مێژوى نه‌وشیروان  بكردایه‌ نه‌ك كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك له‌ گردى زه‌رگه‌ته‌  كه‌ هه‌ر بایی ئه‌وه‌ كاك نه‌وشیروانیان ناسیوه‌ جارێك وێنه‌یان له‌گه‌ڵ گرتوه‌ ، یان له‌ نزیكیه‌وه‌ دانیشتون .
 ئه‌گه‌ر به‌رگریكارى نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌ر جه‌ماعه‌تى گرده‌كه‌بن ، ماناى ئه‌وه‌یه‌ كاك نه‌و شیروان  كه‌سێكى گوناهه‌. به‌ دیوێكى تریشدا ماناى ئه‌وه‌یه‌  ، ئه‌وه‌ى  مه‌لا به‌ختیار  به‌رامبه‌رى  وتویه‌تى  ڕاسته‌ .  به‌ڵام  هیچ  كام له‌م دوو بۆچونانه‌  به‌ ته‌واوى ڕاست نین .  نه‌وشیروان  مسته‌فا سه‌ركرده‌یه‌كى دیارى ئه‌م گه‌له‌یه‌ . خه‌ڵكێكى زۆر خۆشیان ده‌وێت . به‌ڵام  ئه‌و بۆچونه‌شیان به‌رامبه‌رى هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش هه‌ڵه‌ى هه‌بوه‌ . دیاره‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ش مه‌لا به‌ختیاریش  به‌شى خۆى  حسابى بۆ ده‌كرێت و وه‌كو ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ له‌ گردى زه‌رگه‌ته‌  چه‌ندین لیژنه‌یان  بۆ دروست كردوه‌  ، بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ى نامه‌ى ئه‌عمالى .
  ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌و كه‌م و كورتیشى هه‌بێت ، كه‌مێكیش كارى چاكه‌ى هه‌ر هه‌یه‌و ناكرێت خه‌بات و ماندو بونه‌كه‌شى به‌كه‌م سه‌یر بكرێت . له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ ئه‌م بۆچونه‌ش هه‌یه‌ تا ئێستا  ئازادى ڕاده‌ربڕین   له‌ناو یه‌كێتى له‌ حیزبه‌كانى تر باشتره‌ و له‌و روانگه‌یه‌وه‌  كه‌س له‌ناو یه‌كێتى  وه‌ڵامى مه‌لا به‌ختیار ناداته‌وه‌ . گومانیشى تێدا نییه‌ كه‌سانى زۆر هه‌ن له‌ناو یه‌كێتێدا  كه‌ تا ئێستاش نه‌وشیروان  مسته‌فایان خۆشتر ده‌وێت له‌ مه‌لا به‌ختیار  ئه‌وه‌ ڕاستییه‌و نكولى لێناكرێت . 
به‌ بۆچونى من سه‌رانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان باشتر وایه‌ كاروبارى ناوخۆى خۆیان  ڕێك بخه‌ن و  كه‌مو كورتیه‌كانى خۆیان  به‌ هۆى هه‌ڵڵا دروستكردن له‌سه‌ر مه‌لا به‌ختیار  له‌پێش  چاوى گۆڕان خوازان نه‌شارنه‌وه‌  له‌ ته‌له‌فزیۆن ڕوداو له‌به‌رنامه‌ى ڕه‌نج سه‌نگاوى له‌گه‌ڵ هوشیار عومه‌ر عه‌لى ڕێكخه‌رى ژوورى دبلۆماسى  بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان باسى ئه‌وه‌ كرا  ، كه‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان 4 لیژنه‌ى دروستكردوه‌ بۆ كۆكرده‌وه‌ى زانیارى له‌سه‌ر مه‌لابه‌ختیار .
 باسى ئه‌وه‌ش كرا كه‌ مه‌لابه‌ختیار داواى دیبه‌یتى كردوه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵاى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌وبابه‌ته‌ . له‌ وه‌ڵامدا هوشیار عومه‌ر ده‌ڵێت : عومه‌رى سه‌ید على  وتویه‌تى  شایانى ئه‌وه‌ نییه‌ قسه‌ى له‌گه‌ڵ بكرێت .  پێشنیاره‌كه‌ى مه‌لا به‌ختیار  باشترین  ڕێگایه‌ بۆ كۆتایی هێنان و گه‌یشتن به‌ وه‌ڵامێك  ڕاسته‌وخۆ له‌و به‌رنامه‌یه‌وه‌ .ئه‌وكات  پیویست به‌ پێك هێنانى لیژنه‌ ناكات .
 نه‌وشیروان مسته‌فا كه‌سێێكى نزێكى عومه‌رى سه‌ید عه‌لى و  مه‌لا به‌ختیار بوه‌ , هه‌رسێكیان هاوڕێی  شاخ  و خه‌بات بون . با كاك عومه‌ر خۆى له‌ برى هه‌موان وه‌كو ڕێكخه‌رى گشتى و جێنشینى  نه‌وشیروانمسته‌فا پرسیار له‌ مه‌لا به‌ختیار بكات و  داواى لێ بكات  هۆكارى دروست كردنى ئه‌و تۆمه‌ت و بوختانه‌ باس بكات به‌رامبه‌ر به‌ نه‌وشیروان مسته‌فا  . گومانى تێدا نابێت  عومه‌رى سه‌ید عه‌لیش  ده‌بێ  له‌ هه‌موو كه‌س باشتر بزانێت  وه‌ڵامى مه‌لا به‌ختیار بداته‌وه‌  و هه‌موو ڕاستییه‌كان بۆ جه‌ماوه‌ر  رون بكاته‌وه‌و  بۆ خه‌ڵكى بسه‌لمێنێت  كه‌ مه‌لا به‌ختیار  بوختان چییه‌ .
به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌كات و بڵێ شایانى ئه‌وه‌ نییه‌ قسه‌ى له‌گه‌ڵ بكه‌ن، ئه‌ى دوستكردنى 4 لیژنه‌و ئه‌و هه‌موو هه‌راو هۆریایه‌ بۆچى ؟؟. ئه‌گه‌ر عومه‌رى سه‌ید عه‌لى ئاماده‌ى دیبه‌یت  نه‌بێت له‌گه‌ڵ مه‌لا به‌ختیار  دو بۆچونى له‌سه‌ر دروست ده‌بێت  یكه‌م : عومه‌رى سه‌ید عه‌لى تواناى ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى  نییه‌ له‌گه‌ل َمه‌لا به‌ختیار به‌ هۆكارى ئه‌وه‌ى  ناتوانێت وه‌ڵامى  مه‌لا به‌ختیار بداته‌وه‌ .
 دووه‌م: گومان لاى خه‌ڵك دروست ده‌كات  هه‌رچى مه‌لا به‌ختیار وتویه‌تى  ده‌چنه‌ خانه‌ى ڕاستییه‌وه‌ .  با بزانین عومه‌رى سه‌ید عه‌لى خۆى  كۆتایی به‌م چه‌له‌ حانێیه‌ ده‌هێنێت ، یان به‌ لیژنه‌ى ده‌سپێرى  بۆئه‌وه‌ى ئه‌م قسه‌وباسانه‌ به‌رده‌وام بن و درێژه‌ بكێشن  .  ئه‌و كات خه‌ڵك حه‌قى خۆیه‌تى بڵێت :
 ئه‌گه‌ر قسه‌كردنى مه‌لا به‌ختیار له‌ ته‌له‌فزیۆنى ڕوداو له‌م ته‌وقیته‌دا  به‌ فیتى پارتى و بۆ به‌رژه‌وه‌ندى پارتییه‌ ، ئه‌ى  دروستكردنى 4 لیژنه‌ بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ى نامه‌ى ئه‌عمالى مه‌لا به‌ختیار و دروستكردنى ئه‌م چه‌له‌حانێیه‌و درێژه‌ پێدانى ، بۆ ئه‌وه‌ نییه‌  كێشمه‌ كێشمه‌كانى  ناو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌  گشتى و  كێشه‌ى هردوو فراكسیۆنه‌كه‌و بۆَڵه‌ بۆَلى هه‌موو ئه‌وانه‌ى به‌ نیازى پۆست وه‌رگرتنن ، له‌ بیر گۆڕان خوازان به‌رنه‌وه‌؟. 
نه‌وشیروان مسته‌فا خاوه‌نى مێژوى خۆیه‌تى . نه‌ مه‌لا به‌ختیار و نه‌ كه‌سى تر ده‌توانێت  هیچى لی َكه‌م بكات ، یان زیاد بكات . نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ هه‌موو كه‌مو كورتیه‌كانیه‌وه‌  به‌شێكه‌ له‌ مێژوى ئه‌م میلله‌ته‌ وبایی ئه‌وه‌ جێ ده‌ستى دیاره‌  پێویستى به‌ داكۆكى كه‌س نه‌بێـت . باسه‌رانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان  هه‌وڵ بده‌ن جێ ده‌ستى خۆیان دیاربێت ، له‌ برى ئه‌وه‌ى  له‌سه‌ر ڕابوردوى نه‌وشیروان بژێن . خه‌ڵك نه‌وشیروان مسته‌فاش و مه‌لا به‌ختیاریش ده‌ناسن . هه‌موو كه‌سێكیش لایه‌نى ئه‌رێنى و نه‌رێنى خۆى هه‌یه‌ . 
 هه‌موو سه‌ركرده‌كانى دنیا چه‌ند گه‌وره‌و  به‌تواناو لێهاتوبوبن ، هه‌ر مرۆڤن . مرۆڤیش كه‌ كارى كرد چاكیش ده‌كات و خراپێیش . كاتێك من یان تۆ ڕه‌خنه‌ له‌  مه‌لا مسته‌فاو مامجه‌لال و نه‌وشیروان مسته‌فاو مه‌سعود بارزانى ده‌گرین  به‌ ماناى ئه‌وه‌ نییه‌ له‌ سه‌ركردایه‌تى ده‌شۆرێن . ئه‌وانه‌ سه‌ركرده‌بون و هه‌ر وه‌ك سه‌ركرده‌  ناویان ده‌برێت و خاوه‌نى مێژوى خۆیانن .دواى مردنیشیان وه‌كو چۆن خه‌ڵك باسى خه‌بات وتێكۆشانیان ده‌كات ، ئاواش باسى هه‌ڵه‌و كه‌م و كورتییه‌كانیان ده‌كات و كه‌سیان فریشته‌ نه‌بون . 
جیابونه‌وه‌ى به‌ره‌ى جه‌لالى له‌ پارتى و دروستبونى ناكۆكى و به‌ شه‌هید كردنى ئه‌وهه‌موو خه‌ڵكه‌ قابیلى له‌ بیر چونه‌وه‌ نییه‌ .كاره‌ساتى هه‌كارى له‌ بیر ناچێته‌وه‌ . 31 ئابى 1996 له‌ بیر ناچێته‌وه‌ . ئه‌نجامدانى ڕێفراندۆم و لێكه‌وته‌كانى له‌بیر ناچنه‌وه‌ . جیابونه‌وه‌ى نه‌وشیروان له‌مامجه‌لال دواى سه‌ده‌یه‌ك له‌ هاوڕێیه‌تى و خه‌باتكردن به‌ یه‌كه‌وه‌ ، له‌بیر ناچێته‌وه‌ .
 پشت گوێ خستنى ئه‌وانه‌ى كه‌بونه‌ پشتیوانى    نه‌وشیروان مسته‌فا   له‌ دامه‌زراندنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانداو دواجار په‌ڕاوێزخستنیان و ده‌رپه‌ڕاندنیان  له‌بیر ناچێته‌وه‌ .  خه‌ڵك هه‌یه‌ به‌ردوام به‌ دواداچۆنو لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كات بۆ ئه‌و ڕوداوه‌ مێژویانه‌و پرسیار ده‌كات  : ئه‌و كاره‌ كێ كردى؟ هۆكارى كردنه‌كه‌ى چی بو وبۆچى كرا ؟ به‌رهه‌مى چیبو؟ كى سودمه‌ندى یه‌كه‌م بوو؟  تاوانبارانى سه‌ركى كێبون ؟ ئایا ئه‌وانه‌ سزادران ، یان هه‌ر خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتن و وه‌كو به‌رزه‌كى بانان ده‌سوڕێنه‌وه‌ ؟
وه‌كو چۆن  خه‌بات وتێكۆشانى عومه‌رى سه‌ید عه‌لى له‌ زیندانى كردن ، خه‌باتى نه‌هێنى ، خه‌باتى شاخ ، برینداربونى و  كه‌م  ئه‌ندامبونى  جێگه‌ى شانازییه‌ بۆى و نابێ به‌ نادیده‌ بگیرێت ، هه‌ر ئاواش  كارى  په‌رت كردنى ڕیزه‌كانى  ناو حیزب و  ته‌كه‌توله‌كانى ده‌ر ئه‌نجامه‌كانى له‌ بیر ناچنه‌وه‌ . 
 به‌ هه‌مان  شێوه‌ش  چۆن له‌ئێستادا مه‌لا به‌ختیار ڕه‌خنه‌ باران ده‌كرێت ، تۆمه‌تبار ده‌كرێت ، وه‌كو دێو و درنج  ناو ده‌برێت  له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئاڵاى شۆڕى دروست كردوه‌و هه‌وڵى تێكدانى ڕێزه‌كانى یه‌كێتى  داوه‌  ، ده‌بێ ئاواش باسى خه‌بات و ماندوبونى بكرێت  كه‌ هه‌موو ته‌مه‌نى گه‌نجیه‌تى خۆى پێداوه‌ ؟. بۆ ئاگاداریتان  15 ساڵ زیاتره‌  ڕو به‌ڕو مه‌لا به‌ختیارم نه‌دیوه‌ . په‌یوه‌ندى ته‌له‌ فۆنیم له‌گه‌ڵیدا نییه‌ و نه‌بوه‌ . 
له‌پێشه‌رگایه‌تیدا ناسیومه‌ .  خه‌ڵكى دوو شوێنى جیاواز دوور له‌ یه‌كترین . كێشه‌ى كۆمه‌لاِیه‌تیمان له‌ به‌یندا نه‌بوه‌ . كه‌سمان له‌كه‌س نه‌كوشتوه‌ . ئه‌رزو ماڵى یه‌كترمان  داگیر نه‌كردوه‌ . به‌ڵام هه‌میشه‌ ڕه‌خنه‌م له‌ هه‌ڵسو كه‌وتى هه‌بوه‌ ، ئێستاش  ڕه‌خنه‌ى زۆرم لێی هه‌یه‌ ، له‌ ئێستاشدا نه‌ ئه‌و پێویستى به‌ منه‌و  نه‌ من پێویستیم  به‌وه‌ .   هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ ڕوانگه‌ى به‌رژه‌وه‌ندى گه‌ل و  نیشتمان بوه‌ نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندى خۆم . خوازیار بوم سه‌ركرده‌یه‌كى خۆشه‌ویستى ناو میلله‌ته‌كه‌م بوایه‌و هه‌میشه‌ به‌چاكه‌ ناویان ببردایه‌ . 
به‌ڵام به‌ هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه‌ مه‌لا به‌ختیاریش وه‌كوهه‌موو خه‌باتگێره‌كانى تر خاوه‌نى مێژوى خۆیه‌تى و  وه‌كو له‌ سه‌ره‌وش باسم كردوه‌ ، مه‌لا به‌ختیار  خۆى زۆرترین زیانى به‌ خۆى گه‌یاندوه‌ , نه‌یتوانى  باش خۆى بگونجێنێت و جێ قاچى خۆى قایم بكات و له‌سه‌ر خۆ هه‌نگاو بنێت و دوور بینتر بێت به‌رامبه‌ر به‌ ئاینده‌. مه‌لا به‌ختیار  زیاتر ئه‌وه‌نده‌ى ڕۆشنبیرى  ناو كتێب و  سه‌ر كاغه‌ز بوو، ئه‌وه‌نده‌  ئه‌زمونى كردارى نه‌بوو . 
 ئه‌گه‌ر ئه‌و كات بیركردنه‌وه‌و ئه‌زمونى وه‌كو ئێستاى  هه‌بوایه‌ ، به‌وشێوه‌یه‌ هه‌ڵس و كه‌وتى نه‌ده‌كرد . به‌ڵام ئه‌وه‌ هه‌ر ئه‌و نه‌بوه‌و ئه‌ویش نابێت كه‌ ده‌كه‌وێته‌ هه‌ڵه‌ى ئاواوه‌ . 
من له‌م نوسینه‌مدا نه‌ به‌رگریم له‌ كه‌س كردوه‌ ، نه‌غه‌درم له‌كه‌س كردوه‌ . ویژدانى خۆم كردۆته‌ دادوه‌ر . ئه‌گه‌ر كه‌سێكیش ڕه‌خنه‌ى له‌م نوسینه‌ هه‌بێت ، ئه‌وه‌ ئازاده‌ هه‌رچى ده‌یڵێت و ئه‌مه‌ بۆچونى خۆمه‌ .  ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌شم كردبێت و قسه‌كانم به‌ ڕاست  نازانن ، داواى لێبوردنتان لى ده‌كه‌م و به‌ گه‌وره‌یی خۆتان بم به‌خشن . داواى لێبوردن ده‌كه‌م كه‌ ناوى سه‌ركرده‌كانم وه‌كو خۆى نوسیوه‌ به‌بى َپێشگرى وشه‌ى  به‌ڕێز و كاك و جه‌ناب  چونكه‌ ناوه‌كان زۆر دووباره‌ بونه‌وه‌و ئه‌وه‌ش  ڕوبه‌رى نوسینه‌كه‌ى  زۆرتر ده‌كرد . هه‌موو ئه‌و سه‌ركردانه‌ى ناوم هێناون كه‌سانى  به‌ڕیزن لام و به‌ حه‌قى خۆمى نازانم به‌شێوازى نا شایسته‌و دوور له‌ ئه‌ته‌كێتى  نوسین و عورفى كۆمه‌ڵایه‌تى  باسیان بكه‌م . 
تێبینى : ئه‌زانم ئه‌م نوسینه‌ زۆر و دورو درێژه‌ ، به‌ڵام نه‌ده‌كرا بیكه‌م به‌ دوو به‌شه‌وه‌  . به‌باشم زانى به‌ یه‌ك به‌ش بڵاوى بكه‌مه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ناوه‌رۆكه‌كه‌ى  ڕونتر بێت لاى خوێنه‌ر . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە