تیرۆری میلیشیا شیعیەکان و گروپەتوندڕەوە سوننیەکان
Wednesday, 23/09/2020, 5:09
دروستكردنی هێزی حەشدی شەعبی لەكاتێكدا بوو كە مەترسی داعش لە بەغداد نزیكبووەوە كە ئەوەش دەكاتە مەترسی لەسەر عیراقی شیعی، بەو هۆیەشەوە مەرجەعی باڵای شیعەكانی عیراق ''عەلی سیستانی'' بەفەتوایەكو بەدروشمی ''لەبەیکە یاحوسێن'' باڵانسی هێزی شیعی راستكردەوەو لەوێوە یەكەم قۆناغی ئایندەیەكی ئاڵۆزو تراژیدیا بەهۆی ئەو هێزەوە لە مێژووی عێڕاقدا دەستیپێکردو دواتریش مەترسییە راستەقینەكانی دەرکەوتن. .
حەشدی شەعبی بەپێی سیستم دروستنەكراوەو كۆپیكردنی ئەزموونی هێزی دیكەیە لە وێنەی: سوپای قودس و حزبوڵڵای لوبنانی، لە توركیاش لەدوای كودەتاكەی ٢٠١٦ ئەردۆغان دەستی بەدروستكردنی هێزێكی لەو شێوەیە كردووەو ئامانجی یەكەمی پاراستنی هەیمەنەو دەسەڵاتەكەیەتی، یانی ئەردۆغانیش سەرکردەی تیرۆریستەکانەو هاوشێوەیە لەگەڵ داعش و حەشدی شیعی.
حەشدی شەعبی نە یەك هێزەو نە یەك هێز دژیەتی و نە یەك فەرماندەو خاوەنداری هەیە، بەڵكو زیاتر لە دەیان گروپی چەكدارییە وە زۆرینەی كوردو عەرەبی سوننە دژی مانەوەین و دەیان فەرماندەش سەركردایەتی دەكەن، لەهەڵبژاردنەكانی ئایاری 2018شدا ئەو هێزە بوویە خاڵی ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و عیراق، هەروەها حەشدی شەعبی توانی بەزەبری هێزی سەربازی دەستوەربداتە هەڵبژاردنەکان و ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی گۆڕی بەفەرمانی ئێران و لەبەرژەوەندی ئێران.
لەسەر سێ ئاست حەشدی شەعبی مانەوەی رەتدەكرێتەوە:
یەكەم: بەهۆی دروستكردنی مەترسییەوە لەسەر كوردستان و ئەزموونەكەی كۆدەنگییەكی كوردستانی بۆ رەتكردنەوەی مانەوەی حەشدی شەعبی دروستبووە.
دووەم: حزبە عەرەبییە سوننەكان حەشدی شەعبی بەمەترسی دەزانن بۆ سەر شوناسی مەزهەبی خۆیان و مانەوەی بەو شێوەیەی ئێستا رەتدەكەنەوە.
سێیەم: دەستووری هەمیشەیی عیراق بوونی هەر هێزێكی چەكدار لە دەرەوەی دامەزراوەی سوپاو دەسەڵاتی سەرۆک وەزیران رەتدەكاتەوە.
ئەم هێزە میلیشییایە مەزهەبییە بۆچی و لەپێناو کێ و چی دا دروستکرا؟ بەهۆی ئەوەی رووداوەكان زۆرو ئاڵۆزن، هەروەها بەهۆی ئەوەی كەسێتی تاكی عێراقی یادەوەریی لاوازەو تەنیا دیوێكی دیمەنەكان دەبینن و توانای لێكدانەوەی پشتی رووداوەكانیان نییە، رەنگە لەیادییان نەمابێت بۆچی لەرۆژانی سەرەتای هاتنی داعشدا، سوپا زەبەلاحەكە بەبێ شەڕ لەشارە سوننییەكان كشایەوەو چەك و جبەخانەکانی بۆ داعش بەجێهێشت؟ ئەوكات کەم کەس گومانی ئەوەیان هەبوو كە ئەمە تاكتیكی مالیكی سەرۆک وەزیرانی ئەوکات بووبێت بۆ پەڕینەوەی ئاڵۆزی بۆ ناوچە سوننییەكان. وە ئامانجیش دروستکردنی شەڕی تائیفی سوننەو شیعە بوو، بەفەرمانی ئێران کە نوری مالیکی سەرۆکوەزیرانی ئەوکات و زۆرینەی سەرکردەکانی ئێستای حەشدی شەعبی فەرمانەکەی ئێرانیان جێبەجێ کردو خۆیان فرۆشت بەئێران و ناویان وەکو قێزەونترین خائینی مێژوو لەوڵاتەکەی خۆیان تۆمارکرد. كاتێکیش مەرجەعیەتی باڵای شیعەكان بانگەوازی بۆ پێكهێنانی حەشدی شەعبی كرد، بۆ ڕەوایەتیدان بەم هێزە عەشایەرو نایاساییەو بۆئەوەی لەناوچە سوننییەكاندا هەق و ڕەوایەتی شەڕکردنی هەبێت، ئەمجارە كەوتنە لۆمەكردنی سوپا بەوەی نەیتوانیوە بەرگری بكات، بۆیە پێویستە رۆڵی سوپا پەراوێز بخرێت و دەبێت بایەخ بە حەشدی شەعبی بدرێت و پڕچەك بكرێن، لەپێناو ئەم ئامانجەی عێڕاقێکی خاوەن سەروەری و دەستورو نیزام و یاساو سوپایەکی یاسایی بگۆڕن بۆ وڵاتێکی مەزهەبیی، مەرجەعیی و میلیشیایی.
بەمجۆرە ناڕاستەوخۆ راگەیاندنی شەڕی شیعە و سوننەبوو. گوێ بەهیچ كاردانەوە و ناڕەزایەتییەك نەدرا. سوپا فەرامۆش كرا، توانا سەربازی و داراییەكانی عێراق خرانە خزمەتی بەهێزكردنی پێگەی حەشدی شەعبییەوە، بەبێ بوونی هیچ یاسایەك، لە بودجەی گشتیی عێراق مووچەو ئیمتیازاتیان بۆ دابین كرا. نەیارانی حەشدی شەعبی، یاخود ئەوانەی بەشێك نەبوون لەم ئامانجە ستراتیجییەی شیعە لەعێراق، كەوتنە نیشاندانی تاوانەكانی حەشدی شەعبی و ویستیان سەرنجی هێزو ناوەندە نێودەوڵەتییەكان رابكێشن كە ئەو تاوانانەی حەشدی شەعبی دەیانكات، جیاوازییەكی نییە لەگەڵ ئەوانەی داعش دەیانكات. تەنانەت لە ئاستی رێكخراوە كاریگەرەكانی وەك (هیومان رایتس وۆچ) و كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان هۆشداری درا لەوەی كە ئەوەی حەشدی شەعبی دەیكات، كۆمەڵكوژییە. بەڵام ئەوەش رێی لە پێشڕەوییەكانی حەشدی شەعبی نەگرت...
پرۆسەی بەشیعەكردنی عێراق بەدەیان ڕێگەی جۆراوجۆر هێشتا بەردەوامی هەیە. شیعەی عەڕەبی کە سێ جار دوژمنی سەرسەختی کوردە، جارێک وەکو قەومییەت ئەوان عەڕەبن و ئێمە کوردین، جارێکیش وەکو مەزهەب ئەوان شیعەی گەمژەی، دڕندە و خوێنڕژن و کوردیش سوننەی موسوڵمانن. جارێکیتریش کێشەی خاک و دەوڵەتداری و دیموکڕاسیمان هەیە لەگەڵیان. بۆیە کورد لەداهاتووی دوورو نزیکدا دەبێتە ئامانجی هێزە نانیزامە تیرۆریستەکانی حەشدی شەعبیی شیعیی، بۆیە یەكێك لە رێگە گونجاوەكان سەربەخۆبوونی كوردستان و جێهێشتنی عێراقە بۆ شیعەكان...
ئامانجی حەشدی شەعبی کۆنتڕۆڵ کردنەوەی هەموو عێراقە بە کوردستانیشەوەو هەر لەسەرەتای دروست بوونی ئەو میلیشایە چەکداریەوە بۆ زۆر کەس و کۆڕوکۆمەڵی نێونەتەوەیش روون بوو کە ئامانج لە پێك هێنانی ئەو ڕێکخراوە بەسەرپەرشتی ئەوکاتی "قاسم سولێیمانی" نوێنەری خامنەیی بۆ پاراستن و فراوانکردنی هیلالی شیعییە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. حەشدی شەعبی وەکو برابچکۆڵەی سوپای پاسدارانی ڕژێمی تیرۆریستی ئێران، لەلایەن ئێرانەوە هاوکاری و ڕاهێنانیان پێ دەکرێت و هەتا لە رووی پێك هاتەو ستڕاتیژیەکانیان بەیەك ئاڕاستەی دیاریکراودا هاوشێوەی سوپای پاسداران، لەئێراقدا ڕێنمایی دەکرێن. ئێران بۆ مەبەستی تایبەتی سیاسی و ئابووری و نیزامی خۆی میلیشیای چەکداری شیعەکان بەهێزدەکات.
بەراوردێكی خێرا لە نێوان میلیشیای حەشدی شیعەو ڕێكخراوی داعش لە چەند خاڵێكدا:
داعش كوڕی شەرعی قاعیدەیەو ڕێكخراوێكی تیرۆریستی جیهانی جیهادیەو ئەركەكانی ڕێكخراوی قاعیدە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەوەكالەتی جیهادیەكانی جیهان تەواو دەكات. بەڵام حەشدی شەعبی كوڕی شەرعی ئێرانەو ڕێكخراوێكی میلیشیایی چەكداریی شیعەییەو بەوەكالەتی ئێران و شیعەی جیهان لە شەڕو جەنگدان.
بەڵام داعش بە پاڵپشتی دەزگای هەواڵگری نێودەوڵەتی و بەهاوكاری ووڵاتە سوننەکانی ناوچەكەو دیكتاتۆرەكانی جیهانی ئیسلامیی داهێنراوە.
لێ حەشدی شەعبی لە لایان دەزگا هەواڵگریەكانی ئێران و بە هاوكاری شیعەكانی عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن داهێنراوە.
داعش بە حیساب تۆڵەی ستەملێكراوانی شوێنكەوتووانی سوننە مەزهەب ئەكەنەوە، گوایە لەگەڵ زلهێزانی جیهانی لە جەنگدایە بۆ ڕاماڵینی سوپای داگیركاری صەلیبی و جولەكەو كوفری عالەمی، بەڵام حەشدی شەعبی لەژێر پەردەی تۆڵەسەندنەوە لە شوێنكەوتوانی شیعە مەزهەب و خوێنی بە ناحەق ڕژاوی ئالو بەیت لە دژی شوێنكەوتوانی سوننە مەزهەب شەڕی سیاسی و ئابوری خۆیان دەكەن. داعش ڕێكخراوێكی كۆچەری و ڕەوتەنیەو بۆ مەرامێكی كاتی و تەكتیكی لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر دەگوازرێتەوە، ئامانجی مانەوەیان كاتیەو زۆر جار بە گوێرەی پێویست و پیلانەكانی نێودەولەتی جێگۆڕكیان پێدەكرێت. بەڵام حەشدی شەعبی ئامانجیان داگیركردن و پیلانی پەلهاوێشتن و فرانخوازیان هەڵگرتووه، هەرشوێن و وڵاتێكیان داگیر كرد بە ئاسانی دەستبەرداری نابن. داعش جگە لە خۆیان هیچ گروپ و ڕەوتێكی سوننی یاخود شیعەیان پێ قبوڵ نیە، هەر لایەنێكـ لەفەرمانی ئەوان لابدا خوێنی حەڵاڵ دەكەن. بەڵام حەشدی شەعبی تەنها دژی سووننەكان دەجەنگن بە هیچ جۆرێكـ دەستی شەڕو كاولكاریان ناگاتە شوێنی نیشتەجێی شوێنكەوتوانی شیعه مەزهەب و كوشتاری شیعە بەدەستی شیعە حەرامكراوە. داعش لە كاتی كۆنترۆڵكردنی شارو گوندەكاندا جگە لە كوشتن و فڕاندن كەرەستەكانی ناو ماڵ و كەلوپەلی بازاڕەكان بە لایانەوە گرنگ نیە لەكاتی هەڵهاتندا بەجێی دێڵن، بەڵام حەشدی شەعبی بە هۆی فەتوای مەرجەعەكانیان ''هەموو شتێكی غەیرە شیعە'' حەڵاڵە و پاش كوشتن و بڕین و گواستنەوەی تەواوی ماڵ و بازاڕەكان ئەوجا گەڕەكو كۆڵانەكانیش دەتەقێننەوەو كاولی دەكەن... داعش ڕێكخراوێكی تیرۆریستی قەدەغەکراوەو مامەڵەی فەرمی لەگەڵیدا ناكرێت، واتە گەمارۆدان و قەتیس كردنی سەرچاوەكانی هێزو توانای سەربازی و داراییەکانیان. بەڵام حەشدی شەعبی گروپێکی تیرۆریستی زێدە توندڕەوو میلیشیایەكی فەرمی دانپێدانراوی دەوڵەتەو بودجەو مووچەی تایبەت بە خۆیان هەیەو بەئاشكراش پاڵپشتی ئەكرێت. داعش و حەشدی شەعبی لێکچوونی زۆر و خاڵی هاوبەشی زۆریان لەنێواندا هەیە، تەنێ ئەوەنەبێ یەکێکیان بووەتە هێزێکی قانونی و ئەمری واقیع، وە ئەویتریان هێزێکی یاساغ و تیرۆریستە، لێ لەڕاستیدا هەردوکیان دوو هێزی عەڕەبیی قەومیی سڕف تیرۆریستین و ئێجگار توندڕەوو زاڵمن، تەنانەت لەسەدەی ٢١دا تەنها دوو هێزی دونیان کە شێوازی نوێیان داهێناوە لە کوشتن و ئەشکەنجەدانی مرۆڤ. داعش چی تراژیدیایەکی بەسەر کوردهێنا لەشەنگال، حەشدی شەعبیش هەمان تاوانەکانی بەرامبەر کورد ئەنجامدا لەکەرکوکو دەوروبەری لەدوای داگیرکردنی کەرکوک.
ئەم هێزە میلیشیا شیعە نانیزامیانەی لەکەرکوک حوکم دەکەن، دەیان ژنی کوردییان هەتککردو دەستدرێژی سێکسییان کردەسەریان، لایەزال ڕۆژانە تاوانەکانیان لەکەرکوک بەچاوی خۆمان دەبینین. بۆیە لەئێستادا پیرۆزترین ئەرکی گەنجانی کوڕو کچی کورد، ئەوەیە چیتر قبوڵی ئەم چەوساندنەوەو هەتککردنی دایکو خوشکەکانمان نەکەن و ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری لەکەرکوک ئەنجام بدەن لەدژی میلیشیا شیعەکان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست