کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


باشورى كوردستان و مافیاى كوێر بین

Tuesday, 22/09/2020, 0:28


باشورى كوردستان له‌ ئێستادا له‌ خراپترین بارو دۆخدایه‌ ، لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان له‌ ناوخۆیاندا دژى یه‌كتر هه‌موو نه‌شیاوێك ده‌كه‌ن ، له‌ گه‌ڵ یه‌كتریش زۆر خه‌راپتر تا راده‌ى ئه‌وه‌ى هه‌موو تۆمه‌ت و ناشرینیه‌ك ده‌ده‌نه‌ پاڵ یه‌كتر ، بابه‌ته‌كه‌ هه‌ر گه‌نده‌ڵى و دزى و خیانه‌ت نیه‌و گه‌یشتوه‌ته‌ ئه‌وه‌ى هه‌موویان یه‌كتر به‌ دیلكوژو مافیاو چه‌ته‌ تۆمه‌تبار بكه‌ن ، ئه‌م مێژووه‌ تاریكه‌ سه‌ره‌تاكه‌ى ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مى سه‌رهه‌ڵدانى مه‌لایى و جه‌لالى ،  ئه‌م ناووناتۆرانه‌ تا ئه‌مڕۆ و به‌ جۆرێكى  درێژه‌یان هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر مه‌لایى و جه‌لالیه‌كه‌ كه‌متر بۆنى خزانى بۆ ئامێزى دوژمن لێده‌هات ، ناونانى یه‌كتر به‌ جاش و به‌ كرێگیراوى تۆرانى و سه‌فه‌وى زۆر ناشرینترو بێماناتره‌ ، نزیكه‌ى زۆربه‌ى سه‌رانى پارتى و یه‌كێتى له‌ نه‌وه‌ى یه‌كه‌م سه‌ر به‌و دوو قوتابخانه‌ یه‌كبوغزێنه‌ره‌ن ، كه‌ هیچ نه‌ماوه‌ به‌رانبه‌ر یه‌كترى نه‌كه‌ن ، له‌ كاتێكا ده‌یان جار بوارى ئه‌وه‌یان بۆ ڕه‌خساوه‌ كه‌ دۆخى كوردستان باش بكه‌ن و نه‌یانكردوه‌.
ناچاركردنى مرۆڤى كورد به‌وه‌ى ئاوات بخوازێت دوژمن حوكمڕانى بكات نه‌ك ئه‌مانه‌ و ته‌رویجدان به‌ هیچ نه‌بوونى كورد له‌ ئه‌ستۆى ئه‌و ده‌سته‌و گروپانه‌یه‌ كه‌ بۆیه‌كجار له‌ سه‌ر ئه‌و هه‌موو ناشرینیه‌ى مێژوو نه‌ك سزاى خۆیان نه‌دا بگره‌ ئاماده‌نه‌بوون داواى بوردن له‌ میله‌ته‌كه‌یان بكه‌ن ، تێكشكاندنى كه‌سێتى كورد تاڕاده‌ى ئه‌وه‌ى بڕواى وابێت هیچ ئومێدێك به‌ خۆ خاوه‌نى نیه‌ به‌رهه‌مى نزیك به‌ شه‌ست ساڵى ئه‌و ململانێ ناشرینه‌یه‌ كه‌ رۆچوه‌ته‌ نێو خوێن و ئێسك و پروسكى ئێمه‌وه‌و نه‌وه‌بۆ نه‌وه‌ ده‌یگوازینه‌وه‌ ، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وازمان له‌ پرسى شوناس و خۆ خاوه‌نى هێناوه‌ و نه‌وه‌ى نوێ زۆربه‌ى گاڵته‌ى ته‌واویشى به‌ كورد بوون نایه‌ت .
له‌ 60 ساڵى رابردوودا جگه‌ له‌ پاكتاو كردنى یه‌كتر ، جگه‌ له‌ دیلكوشتن و خیانه‌ت ، جگه‌ له‌ هه‌موو سوكایه‌تیه‌ك به‌ یه‌كتر یه‌ك هه‌نگاومان بۆ چاكسازى و بونیادنانى مرۆڤى كورد نه‌ناوه‌ ، له‌ كاتێكا نیوه‌ى ئه‌و 60 ساڵه‌ كورد له‌به‌شى زۆرى باشورى كوردستان خۆى حوكمڕانى خۆى كردوه‌، به‌ڵام چى كرد ، تاڵان و دزى ، سڕینه‌وه‌ى شوێنه‌وارو ئاودیو كردنى كۆنینه‌ ، باوشكردن به‌ دوژمنداو خیانه‌تى گه‌وره‌ ، شه‌ڕى خوێناوى یه‌كترو به‌ كوشتدانى هه‌زاران گه‌نج و لاو ، دواتریش تێكشكاندن و سوككردنى كه‌سێتى كورد ، له‌ كاتێكا به‌عس به‌و هه‌موو جه‌به‌روته‌ى خۆیه‌وه‌ نه‌یتوانى به‌و راده‌یه‌ كه‌سێتى كورد وردو خاش بكات كه‌ ناسیونالیزمى كوێر بینى كورد به‌ ناوى شۆڕشه‌وه‌ كردى .
له‌نێو ئه‌و بارودۆخه‌دا بۆیه‌كجار له‌ سه‌ر خیانه‌ت ، دیلكوشتن ، دزى و تاڵانى ، گه‌نده‌ڵى و وڵاتفرۆشى كه‌س سزا نه‌درا ، نه‌ك كه‌س سزا نه‌درا بگره‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ى ئه‌و كارانه‌یان كردووه‌ كراون به‌ كه‌سانى نیشتمانپه‌روه‌رو شۆڕشگێڕ ئه‌مه‌ش هه‌موو شتێكى له‌ به‌رچاوى نه‌وه‌ى نوێى كورد ناشرین و بێمانا كردوه‌، تا ئه‌و راده‌یه‌ى ئه‌وان هیچ جوانیه‌ك ، تروسكه‌یه‌ك له‌و رابردوه‌دا نه‌بینن و هه‌ركه‌سێكیش ئه‌گه‌ر بچوكترین ئاماژه‌ به‌ كارێكى باش بدات بیده‌نه‌ به‌ر تیرى تانه‌، یانى له‌ نێوان جنێوو ماستاوكردنا هیچ بوارێك بۆ ره‌خنه‌وره‌خنه‌ى بنیاد نه‌رانه‌ نه‌ماوه‌ته‌وه‌ ، تا ئه‌و ئاسته‌ى مرۆڤ حه‌ز به‌ نه‌وتن و نه‌نووسین و بێده‌نگى بكات .
له‌ راستیدا بۆ ئه‌م مێژوه‌ تاوانێكى گه‌وره‌یه‌ ناوى شۆڕش بده‌یته‌ پاڵ بزوتنه‌وه‌ ى چه‌كدارى كورد ، بۆیه‌ ره‌نگه‌ هه‌را وه‌ك ئه‌وه‌ى خه‌ڵكى گه‌رمیان ده‌یڵێن پڕ به‌ پێستى روداوه‌كه‌ بێت ، شۆڕش له‌ كوێى دنیا كاره‌ساتى وه‌ك ئه‌وه‌ى هه‌كارى ، قڕناقه‌و پشتئاشان ، دیكوشتن و پیسكردنى ناوى یه‌ك ده‌گرێته‌ به‌ر ، شۆڕش له‌ كوێى دنیا به‌ زۆرى زۆردارى هاوخه‌باته‌كه‌ى ته‌خوین ده‌كات و ده‌یكات به‌ جاش ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ شۆڕش بۆ ناونانى ئه‌وه‌ى ئێمه‌ تاوانه‌و هیچى تر ، به‌ڵام له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ نێو ئه‌و مێژوه‌دا هه‌زاران گیانبازى و قوربانى دان هه‌یه‌ ، ئازایه‌تى نواندن له‌ زیندانا ، به‌ گژ سته‌مكاریدا چوونه‌وه‌ ، مانه‌وه‌له‌ دواى ئه‌نفال و جێنه‌هێشتنى خاكى سوتمه‌رۆ.
ئه‌ركى ئێمه‌یه‌ جیاوازیه‌كان ببینین هه‌ڵوه‌سته‌ى له‌ سه‌ر بكه‌ین ، بینینه‌وه‌ى زێڕ له‌ نێو زبڵ و زاكى خیانه‌تا ، نه‌گوناهه‌ ،نه‌ ماناى پیاهه‌ڵدانه‌،ئه‌وه‌ به‌شێكه‌ له‌ كارى ئه‌وانه‌ى ئێستا شه‌ن و كه‌وى ئه‌و رۆژگاره‌ ده‌كه‌ن ، گه‌رچى به‌ پێى گێڕانه‌وه‌ى هه‌ندێك له‌ كاره‌كته‌ره‌كانى نێو ئه‌و هه‌رایه‌ ده‌بێت له‌ پێشدا كه‌سى گێڕه‌ره‌وه‌ سزا بدرێت .
كێشه‌ى گه‌وره‌ له‌ كوردستان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ست له‌ سه‌ر برینه‌كه‌ش دابنرێت ، چاره‌سه‌ركردنى برینه‌كه‌ قورسه‌ ، ئه‌وه‌ش له‌ به‌ر ئه‌وه‌ى بزوتنه‌وه‌ چه‌كداریه‌ كورده‌كه‌ ده‌رگاى هه‌موو چاره‌سه‌ریه‌كانى به‌ ڕووى هه‌ر جوڵانه‌وه‌یه‌كدا داخستوه‌ ، له‌ ده‌ساڵى رابردوودا ئه‌م راستیه‌مان به‌ چاوى خۆمان بینى ، ده‌ستگرتن به‌ سه‌ر هێزى چه‌كدار ، ئاسایش و ته‌ناهى و زانیارى ، ئابورى و میدیاو په‌یوه‌ندى دیبلۆماسى ، كار كردنى به‌رده‌وام له‌ سه‌ر كڕینى ده‌نگه‌ جیاوازه‌كان و ئه‌وانه‌ى  هه‌ڵوه‌سته‌یان له‌ سه‌ر دۆخه‌كه‌ هه‌یه‌ ، شێواندنى رێگه‌كانى چاره‌سه‌رى به‌شێكن له‌ له‌مپه‌ره‌كانى به‌رده‌م چاره‌سه‌رى ، له‌وه‌ش گه‌ڕێ كه‌ به‌شێكى زۆرى هاوڵاتى به‌ كه‌مترین ماف رازیه‌و ئاماده‌یه‌ بۆ مانه‌وه‌ى ئه‌م دۆخه‌ هه‌ر شت بكات كه‌ گه‌وره‌كانى پێى ده‌سپێرن .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە