دکتۆر قەرەچەتانى .. وێرانکردنى دەروون
Saturday, 19/09/2020, 18:31
پێش ماوەیەک دکتۆر قەرەچەتانى لەسەر نەهامەتى ژنێکى بێچارە کەهاناى بۆ هێنابوو، بەدەر لەهەموو ئەخلاقێکى ئینسانى و پیشەیی هەڵایەکى نایەوە و ئەوکاتە لەسۆشیال میدیاوە ڕەخنەى لێگیرا و دواتر کەوتە پاکانە و پینەو پەڕۆى قسەکانى، پێمباشبوو بۆچونەکانم پەلوپۆدار بێت و لەو هەڵایەدا قەتیس نەبێت کەڕۆژانە وەکو زۆر ڕوداویتر تێئەپەڕێت بەڵکو ببێتە بابەتێک بۆ تێڕامان و گفتوگۆ و مایەى هەڵوێستەلەسەرکردنى.
قەرەچەتانى زۆربەى بابەت و گفتوگۆ و چاوپێکەوتنەکانى لە سلێمانى گیرداوە و دژایەتى گەنج و کۆمەڵگاکەى، داخ و دانەکیڕە و دڵڕەشى شاراوە نیە کە زۆر دورە لە پەیامى دەرونناسێکەوە.وەکو نمونە چەند بابەتێک هەڵدەهێنجم و خوازیارم ببێتە مایەى گفتوگۆ و هیوادارم قەرەچەتانى بایی ئەوە غیرەتى پیشەیی هەبێت وەڵامم بداتەوە.
ژن گۆڕینەوەکەى قەرەچەتانى
قەرەچەتانى بۆ ڕادیۆى (٢٤)ى مەسرور ئەڵێت:
- (
ئەزانى گەیشتۆتە چى خاتون گیان بەخوا بەهەرکەسێک بڵێیت بڕواناکات بەس بەخواو پێغەمبەر هاتۆتە لاى من هاتوە ئەڵێ چى گەیشتۆتە ئەوە ئیلا ئەبیت گۆرینەوە بکەی ئەڵێم گۆرینەوە چیە ئەڵێت لەفلان شوێنا عائیلە هەیە ژنەکانیان ئەگۆڕنەوە ئەمە لە فلیم و ئەوانەدا لەوانەیە بینیومانە.- بێژەرى ڕادیۆ: ئەوە لە سلێمانیە ؟
لە شارێک لەشارەکان لەهەر شوێنێک بێ باناوى شوێنەکە نەڵێین بەڵێ لەشوێنێک لە فڵان و فڵان شەرت نیە لەشارێک هەبێت لەزۆر شوێن هەیە..بە قورعان ژنەکانیان ئەگۆڕنەوە دور لەڕوی تۆ گەیشتۆتە ئەوە..- بێژەرى ڕادیۆ: یەعنى کۆمەڵگاى کوردى گەیشتە ئەو ئاستەى کە ژنەکانیان.- بەڵێ بەڵێ بەدڵنیایی هەموو عایلە نا تەبعەن سمپڵێک هاتۆتە لایمن وەکو کەیسێک من نازانم چەندە هەتا ئەیگوت لەفەیسبوک ئەنتەرنێت شتێکى پێوتم من حەزناکەم ئەوە بڵێم ئەوە بکە چەندەها ژن مێردەکانیان پەیوەندیت پێوە ئەکەن..ئیمان و ئەخلاق و قیەم نیە گەیشتۆتە ئەو حەدە ئەمەنە ئەنتەرنێت و ئەم شتانە کاریگەرى لەسەر کردووە بەخواو پێغەمبەر.).
ئەم ووتانە قەت لەگەڵ پیشەى دەرونناسێکدا یەکناگرێتەوە و بەم هەموو سوێندخواردنەوە لەقسەى مەلایەکى سیاسی یان سەلەفێ ئەچێت کەدوژمنى هەموو ڕوناکیەکى ناوکۆمەڵن و هەتا ڕاوى خۆیان لەگۆمى لیخن و دواکەوتوى بکەن:
• قەرەچەتانى نەک دەرون ناس نیە بەڵکو لەهەموو هەستێکى ئینسانى و ئینسان دۆستى داماڵراوە، ئەگەر ژنێکى وەها هاتبێت بۆلاى بۆچارەسەر و ڕێنمایی.قەرەچەتانى ئەبوایە هەوڵى چارەسەرى بدات و ڕیشەى کێشەکە بنەبڕبکات نەک دەهۆڵى بۆ لێبدات کەرامەتى ئەو ژنە و کۆمەڵ لەکەدار بکات و بڵێت ئیمان و ئەخلاق نەماوە.
• ئەبێت قەرەچەتانى بەم هەڵایەی ئەو خێزانەى توشى چ جۆرە نائارامى و دڵە ڕاوکێیەک کردبێت و خستیونەتە لێوارى لێکترازان لەبرى ئەوەى متمانەیان بۆ بگێڕێتەوە.
• ئەوەى قەرەچەتانى ئاماژەى پێداوە تەنها کێشەى تەنها کەسێکە و داوایەکە و هێشتا کارەکە بەفیعلى نەکراوە، ئەوەش نەبووە بەدیاردەیەکى کۆمەڵایەتى هەتا لەڕادیۆیەکى داخلەدڵ و ئاستنزم هەڵایەکى لەسەر بنێیتەوە و کۆمەڵ توشى دڵەڕاوکێ بکات.
• ئەو گریمانەیەش لەئارادایە ڕێککەوتنى نێوان کەریم قەرەچەتانى و پارتیدا بێت و هەتا هەڵایە بنێتەوە بۆ کپکردنى بەشێک دەنگى ناڕەزایەتى.
• قەرەچەتانى هەموو بنەمایەکى زانستى و پیشەییى پێشێلکردووە و خیانەت و ناڕاستگۆ بووە بەرامبەر بە پیشەکەى و نهێنى درکاندووە و هیچ پاساوێک بۆ ئەمبگرەو بەردەیەى نیە بەڵکو ئەوەى قەرەچەتانى کردویەتى تاوانە ئەبێت لێپرسینەوەى لەگەڵدابکرێت، سزاکەى زیندانیکردنە بۆ ماوەى دوو ساڵ خوازیارم دەزگاى داواکارى گشتى بۆتەنها جارێکیش بووە بەئاگا بێتەوە ئەم (پرۆفیسۆرە) بەسزاى تاوانەکەى بگەیەنێت.
پاش ئەوەى قەرەچەتانى لەسەر ئەوە توشى کاردانەوەیەکى میللى بوو بەپلەیەکى وەها قەت چاوەڕێینەکردووە ئەمجارە بەهەندێک پاکانەى بێبنەما و دور لەزمانى ئاکادیمى و زۆر بەبێسەلیقەییى پاساوى هێنایەوە بۆ کەناڵى ڕوداو لە قسەکانى پێشوترى دزێوترو قێزەونتر بوو ئەڵێت:
- (
کەیسێک حاڵەتێک هاتۆتە لام یەک حاڵەت..کەیسێک هاتۆتە لام باسى هیچ شارێکم نەکردوە..زەرەیە غیرەت شەرەف ناموسى هەبێت..کەیسێک هاتۆتە لام لێدراوە ئەڵێت مێردەکەم ئەڵێت ئەمەم بۆ بکەیت خەریکە گەیشتۆتە تەڵاق و کەسوکارم ڕازینین ئەڵێن مناڵ مەهێنەرەوە حەوت مناڵە شتێکى واهەیەتى..هەر ئەگریا مناڵەکانى پێبو تەقریبەن ٧ مناڵ بوو شتێکى وا..لەپەلەپەلەیدا وتومە ٣ مناڵ ئیستا بیرم کەوتەوە..نازانم چى بکەم بیر لەخۆکوشتن ئەکەمەوە مێردەکەم حەزى چۆتە سەر ئەوە ئەڵێت زۆر خێزان هەیە ئەیکەن..).
بەکورتى: ژنێکى ئازاردراو پەناى بۆ ئەم قەرەچەتانیە بردووە بەحەوت مناڵەوە و بەگریانەوە و بیر لەخۆکوشتن ئەکاتەوە بەوەى چارەیەکى بۆ بکات و نەچێتە ژێر ڕکێفى مێردەکەیەوە بؤکارێکى ناشایستە.
چ ویژدانێکى زیندوو، چ کەسێکى بە ئەخلاق، چ کەسێک زەڕەیەک کەرامەتى هەبێت، چ کەسێک یەک تۆز سۆز و میهرەبانى لەجەستەیدا مابێت، ئیستغلالى کێشەى ژنێکى ئازاردراو و بێچارە و دڵ شکاو چاوگریان بە حەوت مناڵەوە ئەکات و بە پەلەپەل لەسەر ڕادیۆى ٢٤ ئاوەها بێشەرمانە و بێئابروانە و دور لەهەموو پێودانگێکى ئاکادیمى باسى ئەکات , بۆ ڕادیۆیەک کەخاوەنەکەى و باوکى و بنەماڵەکەى سەرچاوەى هەموو نەهامەتى و قەیرانێکى سیاسی و کۆمەڵایەتین.
هێشتا کارەکە ڕوینەداوە و ژنێک داواى چارەسەر ئەکات بەڵام قەرەچەتانى زۆر بێئەخلاقیانە بۆڕادیۆى ٢٤ ئەڵێت: (بە قورعان ژنەکانیان ئەگۆڕنەوە دور لەڕوی تۆ گەیشتۆتە ئەوە.) دەى قورعان بتکات بە گاوانى دێی قەرەچەتان و دێکانى دەوروبەرى.چ شەرمەزاریەکى ئینسانى و پیشەییە درۆیەکى ئاوەها زەبەلاح لەسەر تەلەفیزۆن بکەیت و قورعانى لەسەر بخۆیت، پێدەچێت قەرەچەتانى شەرمنەکردنى لەلا بوبێت بە بابەتێکى ڕۆژانە.
ئەگەر ئەو ناوەندە ئاکادیمیەى زانکۆى سلێمانى قەرەچەتانى موچەخۆریەتى بەفیعلى ئاکادیمیایی بوایە، ئەبوایە ئەم کەریم قەرەچەتانیەى بناردایەوە بۆدێکەى خۆى هەر هیچ نەبێت کەرەنتینەى ئەخلاقیان بکردایە.
قەرەچەتانى وەها توشى شۆک بووە لەهەندەرانەوە براکەى بەناوى کامەران کوردى هێناوەتە سەرخەت و ئەویش کەڕەواڵەیەکە هەتا ئێستا حاڵى نەبووە کەلەئەوروپا و ئەمریکا یاسا حوکم ئەکات و کەرامەت و کەسایەتى و تایبەتمەندێتى کەسەکان پارێزراوە، کامەران ئەڵێت:
(گەر وایە بۆ لە ئەمەریکا و ئەوروپا و سویدیش چەندین بەرنامە و باس و بابەتی ڕاستەوخۆ و تۆمارکراوو هەن لەسەر دیاردە و لادانە کۆمەڵایەتی و تاکەکەسیەکانەوە ؟.بۆ لە ئەمەریکا د.فیل و ئۆپرا لە بەرنامەکانیاندا چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو کەس و خێزانانەدا دەکەن کە تووشی کێشە و گرفتی دەروونی و خێزانی و کۆمەڵات دەبن و بوونەتەوە؟).
ئەو تەلەفیزۆنانە هەموى کەسانى پیشەیی و شارەزا بەڕێوەى ئەبەن نەک وەکو ئەوانەى کە لەسۆزانى خانەکەى پاراستن دەرچوبێتن , بێژەرەکانیان وریاو لێهاتون و بەدەیان ڕاوێژکار و کەسانى پسپۆڕ لەو دیوو ئەو بەرنامانەوەن و ئەو بەرنامانە ئامانجدارن و پەیامی چاکردنى کۆمەڵیان پێیە و ئاکادیمیایانە بۆکێشەکان ئەچن و ئەگەر پرۆفیسۆرەکەى قەرەچەتان بەهەڵکەوتیش بچێتە بەرنامەیەکى وەهاوە قورعان بخوات و باس لەنەمانى ئاین و ئەخلاق بکات ئەوە یەکسەر چوارپەلى ئەبەستن ئامبولانسى بۆ ناو ستۆدیوەکە بۆ ئەهێنن و فریاى نەخۆشخانەیەکى دەرونى ئەخەن هەتا دەست لەئارامى کۆمەڵ نەوەشێنێت.
خاڵى گرنگى ئەوبەرنامانە ئەوەیە ئەوکەسە خۆى ڕەزامەندە باسى کێشەکەى بکرێت نەک وەکوو قەرەچەتانى ئیستغلالى کێشەى ژنێکى نەگبەت ولێدراو و لانەواز بکات و هەڵایەکى لەسەر بنێتەوە بڵێت بە قورعان ژنەکانیان ئەگۆڕنەوە.
قەرەچەتانى و تێکەڵکردنى ئایین:
زاناى دەرونناسى بەناوبانگ سیگموند فرۆید ئەڵێت: سەرچاوەى ئایین لەدەستەوسانى ئینسانە بەرامبەر بەهێزەکانى سروشت و هێزە غەریزەییەکانى ناو خودى خۆى.ئایین لە قۆناغە سەرەتاییەکانى گەشەکردندا سەریهەڵدا کە ئینسان نەیتوانیوە ئەقڵى بەگەڕبخات بۆ بەرەنگارى هێزە دەرەکى و ناوخۆیی و بیچارە بووە لەجڵەوگیریان.
ئەگەر بڕوانینە ڤیدۆ و (کتێبەکانى) قەرەچەتانى ئەبینین لەبرى ئەوەى وەکو ئاکادیمیەک بەمیتۆدێکى زانستى بدوێت و سود لەو هەموو قوتابخانە زۆر و زەبەندانەى زانستى دەرونناسى وەربگرێت و بینەرو خوێنەرى پێئاشنابکات و پاڵپشت بەئامار و داتاى ڕاستەقینە، پەنا بۆ ئاین ئەبات و لەنێویدا بۆ ئاینى ئیسلام وهیچ بەهایەک بۆ ئاینزاکانیتر دانانێت کەسەدان ساڵە بەبێ کێشەو هەتا ئیسلامى سیاسى سەرى هەڵنەدابوو، ژیانى پێکەوەیی زۆر بەئاسایى و بێدەریدیسەر بەرداوام بوو.
ووتەکانى قەرەچەتانى زیاتر لە وتەى مەلایەک ئەچێت نەک مەلایەکى کراوەو عیرفانى وەکو ئەو مەلایانەى پێشترى سلێمانى کەهەریەکەى زانایەک بووە لەشیعر و ئەدەب و فەرهەنگ و رۆشنفکرى سەردەمى خۆیان و شاکارەکانیان بە درەوشاوەى ماوەتەوە.بەڵکو لە مەلاى سەلەفی وئیخوانى و ئیسلامى سیاسی کەئیش لەسەر وێرانکردنى کۆمەڵگا و تاکى کورد ئەکەن و هەموو شعورێکى ئینسانى ئەکوژن و ئینسانێک دروست ئەکەن بێچارە خۆى بەملکەچ و تاوانبار بزانێت، ئینسانێک کۆمەڵ بەیەک تۆپەڵ هەڵەو گوناه ئەبینێت، ئینسانێک هەموو بیرکردنەوەیەکى لێسەندراوەتەوە , یەکێک لەو مەلایانەى دۆستى قەرەچەتانى ئەڵێت ئینسان وەکو حوشتر وەهایە ئەبێت لغاو بکرێت، کاتێک خێزانێکى ئێزیدى لەپێکدادانى ئوتۆمبێل خۆیان و ئۆتۆمبیلەکەیان سوتان، بڕواننە ئەو کۆمینتانەى کە ئیسلامیەکان لەقەیسبوک لەسەریان نوسراوە یەک زەڕە هەستى ئینسان دۆستى و هاوخەمى تێدانیە و بەڵکو پڕە لەکۆمێنتى نەشیاو تەنها لەبەر ئەوەى ئەو قوربانیانە ئیسلام نەبون، وەرە داتایەکى بۆبکەو لەڕوى دەرونناسیەوە لێکۆڵینەوەى لەگەڵدا بکە، ئەوکاتە ڕۆڵى تێکدەر و وێرانکەرى کەسانى وەک قەرەچەتانى دەرئەکەوێت کە چ ڕۆڵێکى بەد ئەگێڕن و کۆمەڵ بەرەو چ ئاقارێکى بەدبەختی و هەڵدێر ئەبەن، لەژێر ڕۆشنایی تیۆریەکەى قەرەچەتانى کە ڕۆژانە باسى نەمانى ئەخلاق و ئیمان ئەکات، لە شارۆچکەى چەمچەماڵ باوکێکى دڵڕەقى بێبەزەیى دوکچى بێدایک لەخوێنى خۆیاندا ئەگەوزێنێت.
قەرەچەتانى زەبرێکى کوشندەى لەزانستى دەرونناسی داوە و لەگەڵ ئاین تێکەڵیکردوە و ئەوەتا تەنها بۆ نمونە کەباسى ئارامگرتن (الصبر) ئەکات پەنا بۆ دەقى ئاینى ئەبات لەکاتێکدا بناغەدارانى ئەم زانستە و لێکۆڵیاران هەڵەیەکى وەها مەرگباریان نەکردووە، تۆ کەباسى ئارامگیرى ئەکەیت , ئەبێت کەسەکە لەسەر خۆڕاگرى ڕابهێنیت یان مەشقى پێبکەیت و بەمەبەستى ئەوەى کەسێکى خاوەن ئیرادەى بەهێز دروست بکەیت، قەرەچەتانى سەر بەهەمان قوتابخانەى ئەو (دکتۆر) ەیە کە ئاین و پزیشکى تێکەڵاو ئەکات و داوا ئەکات کچانى تەمەن ٩ ساڵە بەشوو بدرێن یان لەسەر تەلەفیزۆن پەنجەکانى خۆى ئەلێسێتەوە چونکە بنى نینۆکەکانى ڤیتامین و پرۆتینى تیایە.قەرەچەتانی بەمەبەست ئەمەئەکات و بەجۆرێک لەجۆرەکان دژ بەووشیار بونەوەى تاکى کوردە بەمەش خزمەتیکى باشى بەدەسەڵاتى سیاسیکردووە، لەلایەکیترەوە هەموو ڕۆژێک بابەتێکى نوێ بەقوڕگى ئیسلامیەکاندا ئەکات، پرۆفیسۆرى ٣٠ساڵە هەتا ئێستا ٣٠ وشەى لەسەر دەرونناسى ئاینى و بناغەدانەرەکەى زاناى جیهانى سیریل بیرت نەوتووە.
بڕوانن چ سایت و پەیجى دواکەوتوو و ئیسلامى سیاسى و سەلەفى و ئیخوانى هەیە ووتەکانى قەرەچەتانى پەخشئەکەنەوە و پەیجیان بەناو و وێنەوى ئەوەوە هەیە.ئەوەش نمونەیەکە:
٦ی نیسانی ٢٠١٩ ·
(د.کەریم شەریف قەرەچەتانی) لە وەصفی جیلی ئێستادا لە دیمانەیەکدا ئەڵێ:
لە چەن ساڵی داھاتوو کاتێک ئەم نەوەی ئێستا دەبنە جێگرەوەی نەوە کۆنەکەمان و ڕۆژگاری ئەمان دەست پێ دەکات ئەم تۆزە قیەم و ئادابە کۆمەڵاتیەش کە ئێستا ھەیە نـــــــامێنێ...دڵنیابن دوای چەند ساڵێکی تر کوردستان دەبێتە کانگای بێ ئەخلاقی وفەساد جۆرەھا نەخۆشیش لە نێوماندا زیاد دەبێت.
قەرەچەتانى دژایەتیەتی گەنجان:
قەرەچەتانى لەبرى ئەوەى وەکو دەرونناسێک لە هەوڵ و تەقەلاى ئەوەدا بێت کەجیلێکى تەندروست و ئازا و خاوەن ئیرادەیەکى بەهێز دروست بێت و هۆشیارى دەرونیان بداتێ، بەڵام دور لەهەموو پێودانگێکى زانستى و داماڵراو لەهەموو ئەخلاقێکى ئینسانى و پیشەیی دژایەتى گەنجان ئەکات کەحکومەتى دزو چەتەى بنەماڵەیی بڕستى لێبڕیون و بێکارى وبێدەرەتانى و هەژارى بەرۆکى یەکبەیەکى گرتون و هاتونەتە سەر وێرانەیەک بەوتەى قەرەچەتانى لەسەر دەستى ئەم گەنجە داماو ماڵوێرانانەدا (دڵنیابن دوای چەند ساڵێکی تر کوردستان دەبێتە کانگای بێ ئەخلاقی وفەساد جۆرەھا نەخۆشیش لە نێوماندا زیاد دەبێت)، ئەبێت بۆ (دڵنیابن) پشتى بەچ باس و لێکۆڵینەوەیەکى زانستى بەستبێت، ئینسان دەستەوسان دۆشدائەمێنێت بە فاڵچى زیاتر هیچ وەسفێکیترى بۆ ئەم کابرایە بۆنادۆزرێتەوە.
قەرەچەتانى بەووتەى خۆى پەرۆشى قیەم و ئەخلاقە و ئەڵێت: (ئەم قسەیە بۆ تەئریخ ئەکەم و مەسئولیەتێکى ئەخلاقیە و ئەیڵێم ئەم جیلەى ئێمە بڕوات جیلى دواى ئێمە کارەسات دروست ئەبێت ئەوەى کە هەشمانە نامێنێت من هاوار ئەکەم ئەپاڕێمەوە ئەم قیەمانەى ئێستا هەمانە ئەم جیلە ئاوابڕوات ئەوەش نامێنیت).
بەگومانم قەرەچەتانى ئەگەر زەڕەیەک ئەخلاقى تیدا بێت، ئایا گەنج قیەم و ئەخلاقى نەهێشتووە یان کۆمەڵێک چەکبەشانى کێوى لە ئاڵوگۆڕێکى نێودەوڵەتیدا هەلیان بۆهەڵکەوت و لەسنورەکان و لەئاوارەیی ئێرانەوە هاتنەخوارێ ئایا قیەم ئەخلاق و دیموکراسى و ڕێز و هاونیشتمانیبونیان هێنا، یان لەگەڵ گەیشتنیان بۆشارەکان کەوتنە دزى و ڕاوڕوت و دەسبەسەراگرتنى موڵکى گشتى، کەناوسکیان گەرمبۆوە و پاتەى لاستیکیان داکەند بەنەخوێنیان کردەوەو کەوتنە ڕاوى مێینە و دواتر پاش تاڵانکردنى سامانى سەر زەوى کەوتنە ژێر زەوى و بەنۆکەرى و سیخوڕى و چەمانەوە بۆ بێگانە.
ئایا گەنجى داماو و گیرفان خاڵى ئەم هەرێمە شەوى سوریان هەیە ؟ کچان لە ئۆکرانیاوە ئەهێنن ؟ کۆمپانیایان هەیە ؟ گرد و ڤیلایان هەیە، خانوى گرانبەهایان لە لەندەن و ئەلمانیا و ئەمریکا هەیە ؟ ئایا گەنجان سوپایەک لە رۆشنبیرى گەوج و مەلاى ویژدان فرۆشیان هەیە ؟ قاچاخچین , دەرمانى ئێکسپایەر ئەهێنن، تەلەفیزۆن و زنجیرەى تورک ئەهێنن.قەرەچەتانى لێشاوى ئەوگەنجە سەرهەڵگرتوانە نابینێت کەخۆیان داوەتە بەرشەپۆلى بێڕەحمى مەرگ، خۆکوژى ئەو گەنجانە نابینیت کەبەهارى تەمەنیان هەڵئەوەرێت.
بونى فیزیکى گەنجى داماو وائەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، لەسەر نوسین ئەکوژرێت، کومێنتێک ئەوەشێنێت زیندانى ئەکرێت، خۆپیشاندان ئەکات لەبەعس دڕندانەتر لەدەزگاکانى ئاسایش ئەشکەنجە ئەدرێت، شاربەدەر ئەکرێت، لەقەڵەمڕەوى دزو چەتەکانى بەرزانى تەنانەت جامانەى کورد یاساغە بۆنمونە: لەمێرگەسور ئەبێت جامانەت سور بێت.ئەبێت قەرەچەتانى پشتى بەکام داتا و پێوەرى زانستى بەستووە کە کوردستان ئەبێت بە کانگاى فەساد و بێئەخلاقى لەسەر دەستى ئەم گەنجە ماڵوێرانانەى ئێمەدا، ئەبێت ئەخلاق لەلاى چى بێت ؟.
قەرەچەتانى و ئەخلاق:
قەرەچەتانى ئەخلاق تەنها لەسێکس و ناوگەڵدا ئەبینێت ولەهەر بۆنەیەکدا بۆى بلوێت هێرشێکى ناڕەوا و بێویژدانانە ئەکاتە سەر ژن و کچانى ئەم وڵاتە وەک ئەوەى ئەخلاق تەنها پارچەیەکى جەستەى ئەمانە بێت، بەمەش کۆمەڵگاى توشى نائارامی و دڵەڕاوکێ کردۆتەوە و خەریکە خێزانەکان کچەکانیان لێئەبێت بەبەڵا و ئەمەش ئەو ئامانجەیە کە قەرەچەتانى ئەیەوێت و ئەو ئەخلاقەیە کەئاڵاکەى هەڵکردووە و ڕێگاى بۆ ئیسلامى سەلەفى و سیاسى تەختکردووە هەتا بەسەر کۆمەڵدا بڕشێنەوە و چى بۆگەناوى کەلتورى بیابان و جەزیرەى عەرەبیە لەزاریان بێتەدەرەوە، بەڕاست ئەم (پیاو)ە دەرونناسە یان خەریکە سەرى مەنهۆڵى زێرابى (وەکیل)ەکانى خوا هەڵئەداتەوە.
بەداخەوە ئەو بەها جوانە ئەخلاقیانە نابینیت کەبنەماڵە سیاسیە بێئەخلاقەکان ئەیانەوێت تەفروتوناى بکەن سەدان ڕێگەو لەو پێناوەدا بەکار ئەهێنن، کەقەرەچەتانى لاتراسکەى گرتووەو خۆى لەم بابەتە دورە پەرێزگرتووە , چەند نمونەیەکى بچوکى ئەو بەها کۆمەڵایەتیە جوانانە:
ڕاستگۆیى..لەسیستەمێکدا کەبەبالاى بنەماڵەچەتەکان دابڕاوە هێشتا ئەم کەلتورە لەناو کۆمەڵدا لەگیان نەکەوتووە، بەهەموو پیوانەیەک ئەبوایە ڕاستگۆیی لەمۆزەخانەدا بۆى بگەڕاینایە بەڵام ڕاستگۆیی وەکو بەشێک لەکەلەتورى کۆمەلى ئێمە هێشتا ماوە.
لەخۆبوردەییى و قوربانیدان (ئاڵتریسم – الایثار)..یەکێکە لەو بەهاجوانەى ناوکۆمەڵ، کەسانێک هەن ئەوەندە لەخۆبوردەن لەپێناوى کەسانیتردا قوربانیدەرن و بینیومانە کەقوربانیان بەجەستەى خۆیان داوە لەپێناو رزگارکردنى خەڵکانیتردا، بەتایبەت لەکارەساتى ئاگر کەوتنەوە و لافاو و نقوبون لەچەم و ڕوبارەکاندا..کە زۆر جار بوە بەهۆى گیانبەخشینى کەسى فریادڕەس.
بەخشندەیی..لەگەل ئەم هەموو نادادیى و قەیرانە هێشتا بەخشندەیی و بەهاناچون لەکۆمەلدا بەگەشاوەیی ماوە.
هەرەوەزى و گیانى یارمەتى..سۆز و بەزەیی و میهرەبانى...هتد.
قەرەچەتانى لەبرى ئەوەى ڕوى بەهاو ڕەفتارە جوانەکانى کۆمەڵ دەربخات وهەمیشە لەهەوڵ و تەقەلاى ئەوەدایە کۆمەڵ دزیو بکات و بێهیوایى و دڕدۆنگى بڵاو بکاتەوە و زۆر بێویژدانانە کۆمەڵ بەفاسید و بێئیمان وەسف ئەکات، دەرونناسی بچوککردۆتەوە لە ڕەخنەى تیک تۆک و گەنج و نێرگەلە و گۆرانى و بەند بێژى.ئەگەر ئەم وتارە ئاگرینانەى قەرەچەتانى دەرونوێرانکەر نەبوایە لەسەر نەمانى ئیمان و ئەخلاق ئاوەها بەخوێنساردى باوکێک دوکچى جگەر گۆشەى خۆى ئەکوشت و خۆڵى بەسەر جەستەی خوێنینیاندا ئەپژان ؟!.
قەرەچەتانى و زمانى قسەکردنى:
قەرەچەتانى بەزمانێکى بازاڕى و عەشایەرى ودواکەوتوانەى پڕ لەوەهم و نازانستى و نائاکادیمى و دور لەمۆراڵى مامۆستایەکى زانکۆ ئەدوێت ڕێک وەکو مەلا و ئەوانەى بەلاسایکردنەوەى وەهابیەکان ناوى بانگخوازیان لەخۆیانناوە، بەزمانێک کەلێنێک یان لێکترازانێکى خێزانى یان لادانى تاکەکەسى گەورە ئەکات، بەزمانێک پرە لەوەهم و ڕاڕایى، بەزمانێک کەهیچ داتایەکى زانستى پاڵپشتى ناکات، لەبرى ئەوەى بەزمانێکى زانستى قسە بکات و ئاستى ووشیارى خەڵک بەرزتر بکاتەوە و ئاسۆى بیرکردنەوەیان ڕونتر بکات.
بیرمەندى عەرەب عەبدوڵا ئەلقسیمى ئەڵێت: (هەموو گەلان نەوەى نوییان لەدایک ئەبێت، ئێمە نەبێت کەباو باپیرانمان ئەبێت، ئەوەش بە چاندنى شەقڵى باوباپیانمان لەنێویاندا کەداوایان لیئەکەین سورین لەسەرى و پابەندى بن و پاریزگارى لێبکەن، لەبەر ئەوە گەلانى دنیا پێشئەکەون و ئێمە دواکەوتوین).
بڕوانن دەسەڵاتى بنەماڵە و خێزانە دزەکانى دەسەڵات چۆن کەیفیان بەم زمانى قسەکردنە دێت و دەرگاى هەموو تەلەفیزۆنەکانیان بۆ خستۆتە سەر پشت و ئەزانن قەرەچەتانى چ پەیامێکى دڵخوازى ئەوانى پێیە بۆ دژایەتى کۆمەڵ و گەنج و ژنان و کچان، ئەزانن چ دەلاقەیەک ئەخاتە ناو ڕیزەکانى کۆمەڵەوە.ئیسلامیەکان بەهەموو ڕەنگ و دەنوکە تیژ و کولەکانیانەوە هاوڕان لەگەڵ قەرەچەتانى و بەتەواوکەر و ساڵحى ڕێگاى خۆیانى ئەزانن تەنها ترسێکیان ئەوەیە ڕۆژێک جبەیەک لەبەربکات و مینبەرى مزگەوتێکیان لێداگیر بکات.
قەرەچەتانى و سوێند خواردن:
قەرەچەتانى لەوتار و قسەکردنەکانیدا هەمیشە سوێند ئەخوات، ئەخلاقى کەسێکى ئاسایى لەژیانى ڕۆژانەیدا قبوڵى ئەو هەموو سوێند خواردنە ناکات، ئەوە بووە بەبەشێک لەکەلتورى ئێمە ئەو کەسەى دەم بەسوێنە لە گفت و لفتیا بەدرۆزن ناسراوە.بەشێوەیەکى گشتى ئەوکەسەى لەقسەکردنیدا پەنا بۆ سوێند خواردن ببات ئەوە بێبنەما قسەئەکات و ئەیەوێت بەمە بەرامبەرى ڕازیبکات، ئەو کەسەى سوێند ئەخوات کەسێکى لاوازەو باوەڕى بەخۆى نیە، کەسێک پەیڕەوى میتۆدى زانستى بکات پێویستى بەسوێند خواردن نیە میتۆدى زانستى و لێکۆڵینەوە و داتا ڕوى لەهەموو کۆمەڵە، باشە تۆ سوێند ئەخۆێت لەسەر ئاینەکەى خۆت ئەى ئەوانەى ئاینزایەکیترە یان هەر باوەڕى بەهیچ ئاینێکیتر نیە، هەرچەند قەرەچەتانى لەوەشدا کورتى هێناوە لە ئاینى ئیسلامدا سوێند بە قورئان و پێغەمبەر ناخورێت بەڵکو سوێند تەنها بەخوا ئەخورێت، ئەوەش چەند نمونەی سوێند خواردنەکانێتى:
• وەلا وە بیلا وە تەڵا هەرسێکى ناوى خوایە.
• بەخوا و پێغەمبەر.
• بەقورعان.
• سوێند بەخوا.
قەرەچەتانى و چاوپیسى:
ئەوەى خوارەوە دەقى نوسینەکەى قەرەچەتانیە خوازیارم ئەگەر بۆتانلوا بیخوێننەوە , ئەبێ گوناهى خوێنەران چیبێت بەبابەتێکى وەها بێماناوە سەرقاڵببن بەڵام ناچاریە ئەوە پرۆفیسۆرە سى ساڵیەکەى قەرەچەتانە لەم سەردەمى تەکنۆلۆژیاو پێشکەوتن و گەردونناسیە تازە بەتازە خەڵکى داماو وخێرلەخۆنەدیوى کوردستان بەم بابەتە پوچەوەوە سەرقاڵ ئەکات، بابۆساتێک داببەزینە ئەو ئاستەى ئەو، ئەوەتا جیاوازى نێوان چاوپیسى و چاوەزار ناکات لەکاتێکدا چاوەزار نوشتەیە یان جۆرە موریەکى شێوە جیاوازى شینە، ئەم کابرایە دوکانێکى چاوەزار فرۆشتن بکاتەوە باشترنیە، ئەم پیاوە گەوجێک زیاتر هیچیتر نیە و لەبەدبەختى ئەم میللە و پێویستى دەسەڵات بۆگەمژەکردن و کەرکردنى خەڵک، دەرکەوتووە.
چاوپیسى بەشێکە لەکەلتورى دواکەوتوى خەڵک پێدەچێت لەزۆر شوێنتریش هەبێت بەلام هیچ بنەمایەکى زانستى نیە، بلیمەتەکانى زانستى دەرونناسى لەهیچ شوێنێکدا لەبابەتێکى وەها نەدوواون، تەنانەت ئەوەى بەناوى پێغەمبەرەوە وتراوە بێبنەمایە، وتەى بوخاریە کەپاش کۆچى دوایى پێغەمبەر بە (١٩٣) ساڵ دواتر لەدایکبووە واتە نزیکەى دوسەدساڵ ئەو وتانە کۆکراونەتەوە و جێگەى باوەرنیە و لەئاستى عەرەبى وئیسلامیدا کەوتونەتە شەن وکەوى.
تەنها ئەم دیکۆمینتە بەسە بۆ ئەوەى لەعەقڵى پوچى ئەم کابرایە تێبگەین، تەنها ئەم دیکۆمینتە بەسە بۆ ئەوەى ئەم زیندەوەرە لەسلکى خوێندن دەربکرێت، ئینجا وەرە هاوڕێو کەسوکارمان لەلاى بیانیەکان لە ڕویان بێت بڵێن ئێمەش تایبەتمەندى بوارى دەرونناسیمان هەیە.خۆش ئەوەیە ئەوەیە پرۆفیسۆر چارەسەرى چاوپیسیشى دۆزیوەتەوە ئەڵێت بەسەمونى گەرمە، بریا ئەوەشى بوتایە سەمونە گەرمەکە بکەینە ئاوە وە بیخۆینەوە یان ئاوەکەى بکەین بەسەروگوێلاکماندا.
د.كريم شريف قرجتاني
تەمووز ٢١ ·
باوەڕت بەچاو پیسی هەیە؟چی بکەین بۆئەوەی تووشی کەسی چاوپیس نەبین؟)
چاو پیسی ئەو ژەهره کوشندەی ناوکۆمەڵگا دەبێ باوەڕمان و پێغەمبەری خودا دەفەرموێ بەشێك لە ئومەتەکەم بە بە چاوپیسی و چاوزار دەمرن و لەناودەچین ئەو ژەھرەی چەندای خستە سەرجێگاو چەندانی تریشی خستە ناو گۆڕەوە، ، ھیچی تێناچێت بەخوا کە منداڵێک ئەبینیت پێش ئەوەی بڵێت کە جوانە بڵێت #ماشاءالله، ، تەنها بە یەك ماشاالله هیچ چاو پیسیەك نامێنی،
رۆژانە زۆرکەس کێشەکانیان بۆمان دەخەنە ڕوو کە گوایەچاوپیسی لێیداون و تووشی بێتاقەتی و شەکەتی بوونە بەشێکیشان دەڵێن جادوو و نوشتەمان لئ کراوە کەچی واش نیە چاوزارە...
#چارەسەر...
خۆشەوستانم بۆ ئەوەی تووشی ئەوژەهره کوشندەیە نەبیت، هەرگیز باسی لەش ساغی مەکە لای نەخۆشێك کە لەسەرجێ کەوتوە، یاخودا کاتێك خودا جوانیەکی بەتۆ داوە لای ناشرینێك باسی جوانیەکەت مەکە، ئەوەی زۆر گرینگ بئ ئەوەی کاتێك خودا ماڵ؟سەروەتێکی بەتۆ داوە لای خەڵکی باس مەکە خۆت کڕ بکە بلئ ئەوەی خودا دایبێ دەیخۆین،
بەبەردەوام یادی خودا بکە و زکری خودا بکا، هەولدە خێر بکە بەتایبەت بەشتی گەرم بۆ نمونە بەسەمون، کاریگەی باشی دەبئ ئەو زکرانە بۆ ئەوەی چاوپیس، کارت لئ نەکات، زۆر ڕێگاو زکرو شتی تریش هەیە ئەوەی ووستی بۆی دەنئرم بەڵام لێرە دامنەناوە نامەوئ درێژەی پئ بدە، بەوهیوایەم هەموو لا ساغ و بئ کێشەو دەروون ئارام بن).
قەرەچەتانى و پەروەردەى مناڵ:
قەرەچەتانى ئەڵێت:(ئەگەر دەپرسى چ شتێک زیندوێتى و هەستیارى ویژدانى مناڵ دەپارێزێت , ئەوا لەوەڵامدا دەڵێم شەرم و حەیا ! بۆیە زۆر گرنگە ئاگامان لەوە بێت دەستکارى ئەم هەستانە نەکەین و زیانیان لێ نەدەین، چونکە هەرئەوەندەى هاوسەنگى ئەم تەرازووە تێکچوو، ئیدى شتێک نامێنێت بەناوى ویژدانەوە.لاتان سەیر نەبیت باسى شەرم و حەیا لاى منداڵ دەکەم، بەڵێ مەبەستمە مناڵى بچوکیشە، چونکە ئەو هەستە بونى هەیە و لەگەڵ ڕۆژەکانیت تەمەنى ئەم هەستانەش باڵادەبێت , بۆیە ووریاى منداڵەکەتبە.).
شارەزایانى بوارى پەروەردە لەسەر ئەوە کۆکن کە شەرم نیشانەیەکى نێگەتیفانەى مناڵە و ئەنجامى دروستى لێناکەوێتەوە بۆمناڵەکە و بۆکۆمەڵگا وپێویستە دایک و باوک زووڕەس ئاگاداریببن و بەرەنگارى ببنەوە و چارەسەرى پێویستى بۆ بکەن چونکە ئەو کێشەیە لەقۆناغى هەرزەکاریدا بەشێوەیەکى گەورەتر و زیانبەخشتر دەرئەکەوێت.
کاریگەرى شەرم لەسەر ئینسان ئەبێت هۆى چەندەها پشێوى لەکەسایەتیدا، کەسێکى شەرمن پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانى لاوازە و ناتوانێت لەناو کۆمەڵدا خۆى بگونجێنێت وچاوکراوە بێت، بێدەنگى و دورەپەرێزى لەلا باشترە، بەمەش لێهاتویی و تواناى بیر و هۆشى لاواز ئەبێت، هەست ئەکات لاوازە و تواناى ڕوبەروبونەوەى نیە.شەرم جۆرە ئیفلیجیەکە توشى لاشە و دەرون ئەبێت، وەکو هەر فشارێکى دەرونى ئەبێت هۆى دەرکەوتنى جۆرەها ڕەفتاڕیى نامۆ لەبڕیارداندا.
سەرەکیترین هۆیەکانى شەرمکردن ئەگەڕێتەوە بۆ پەروەردەکردنێکى نادروست و دڵڕەقانە کەمناڵ ناچارە ملکەچى فەرمانەکانى خێزانەکەى بێت و تواناى دەربڕنى نامێنێت و خۆڕسکانە هەڵسوکەوت ئەکات و ترسێک لەناخیدا چەکەرە ئەکات و ئەوەش لە پەیوەندى لەگەڵ دەوروبەرى ڕەنگئەداتەوە.لەبەر ئەوە شارەزایانى بوارى دەرونناسى مناڵان زۆر ڕێکار و راسپاردەئەخەنە ڕوو بۆ پشتگیرى مناڵ بۆ گەشەپێدانى بەهرەکانى و هەلى بۆبڕەخسێت هەتا باوەڕى بەخۆى پتەو بێت لە کەشێکى خێزانى پرلەخۆشەویستى و لێبوردەیی و یەکترى قبوڵکردن.
قەرەچەتانى بەم قسە بێنرخانەى ئەیەوێت جیهانى مناڵانیش وێران بکات و جیلیکى نەخۆش و دەستەوسان بێت ئاراوە و بۆئەوەى دەسەڵاتى خێلەکى چۆنى ویست میللەتێک مایەپوچ وسەرگەردان بکات، ئەم قسانەى قەرەچەتانى بەهەزارەها فرسەخ لەئەقڵى ئینسانێکى کامڵ و بەویژدان دورە و سەیر ئەوەیە باسى حەیا بۆمناڵ ئەکات لەکاتێکدا ئەوە جۆرێکە لەپابەند بونى بەها باشەکانى کۆمەڵ و لەبرى ئەوەى باس لەپەروەردەیەکى دروست و میهرەبانى بکات ئەیەوێت ئەقڵى کۆمەڵگا بۆ ئەو ئاستە نزمەى خۆى دابەزێنێت.خوێنەرى بەڕێز خوازیارم ئەوەت لەلا ڕونبوبێتەوە کەئەم زیندەوەرە چ دەستدرێژیەک و چ ناهەقیەک لەجیهانى بێگەردى مناڵان ئەکات.
قەرەچەتانى کەسێکى نەرگسیە (النرجسیة):
بەگوێرەى گۆڤارى ( psychology Today) نەرگسى حاڵەتێکى پشێوى دەرونیە کەسەکە گرنگى خۆى لەلا قەبە ئەبێت و زۆر پێویستى بەوەهەیە کەببێتە جێگە بایەخ وسەرسامى خەڵک.لەژێر ئەم دەمامکى خۆ قەبەکردنەدا کەسایەتیەکى لاواز و لەرزۆک و باوەڕبەخۆ نەبوو شاراوەتەوە و بەبچوکترین ڕەخنە کاریگەر ئەبێت.
تینیسون لى ڕاوێژکارى بەریتانى تایبەتمەند لە پشێوى کەسایەتى نەرگسى چەند پێوانەیەکى داناوە بۆناسینەوەى کەسایەتى نەرگسى کەئەمانە گرنکترینیانە و هەوڵئەدەین وێناکەى قەرەچەتانى دابنێین بەرامبەرى بەپێى نوسین و چاوپێکەوتن و یوتوبەکانى.
• زیاد لەپێویست هەستدەکات کە کەسێکى گرنگە (قەرەچەتانى هەمیشە باس لەگرنگى خۆى ئەکات کە پرۆفیسۆرە و ٣٠ ساڵ خزمەتى هەیە)
• سەرسامى لەڕادەبەدەر بەخۆى وایلێئەکات بێتە سەر ئەوباوەڕەى جۆرێکى ناوازەیە.(باس لەکتێب و دانراوەکانى وێردى سەرزمانیەتى لەکاتێکدا کتێبێکى وەهاى نیە لەدەرگاى خوێنەران بدات و خوێنەر ناچارى خوێندنەوەیان بکات، مامۆستا عەلادین سەجادى ٢٠ کتێبى دانسقەى داناوە و تێدایە سەرچاوەیەکى گرنکە و لەزانکۆکان ئەخوێندرێت بەیەکجاریش ئەو مامۆستایە خۆى بەم کار و بەرهەمانەیەوە هەڵنەکێشاوە.)
• وەژارەى (وهم) هێز و سەرکەوتنى هەیە.(بەبێهۆ هەمیشە لەخۆى ئەدوێت و خۆى بەسەرکەوتوو ئەزانێت وێنەیەکى وەهاى لەلا دروستبووە هەرکەسێک ڕەخنەى لێبگرێت بەبێویژدان و لەدنیا تێنەگەیشتوو ناوزەدەى ئەکات).
• هەستى شایستە بوون (قەرەچەتانى ئەڵێت پرۆفیسۆرەو نایکەن بەعەمیدى کۆلیژ، ناهێڵن عەیادە بکاتەوە، شایستەى وەزیرى پەروەردەیە..هتد)
• کەسایەتیەکى ئستغلالیە و ئیرەیى ئەبات و لەسۆز داماڵراوە.(ئەم شەعبەى ئیمە موستەحەقە لەپارتى و یەکێتى حوکمیان بکات خەڵکەکە خۆى وایە).
• هەڵوێستەکانى نیشانەى خۆبەزلزانى و لوتبەرزییە.(مامۆستاى زانکۆ هەیە حیزب و سیاسەت دایناوە من دوسەر مەڕى نادەمێ وەک شوان لەبەر ئەوەى بەگورگ خواردى دەدات).
پێش کۆتایی:
ئەم (دەرونناس)ە وەکو ئەوەى هیچ گومرگێک لەسەر قسەکانى نەبیت بەڕاست و چەپدا قسەئەکات بەزمانێکى دور لەبەر پرسیارێتى و هاوسەنگى فیکرى و خۆى ئەداتە دەست هەڵچونى ڕۆژانە و لەبەها کۆمەڵایتیەکان ئەدات دور لەئەقڵ و ویژدانێکى تەندروست , شکۆى ئینسان و بەتایبەتى گەنچ ئەخاتە ژێر پرسیارەوە بەداخەوە هەتا ئێستا توانیویەتى مێگەلێک لە ئینسانى دەرون نەخۆش و بێسەلیقە لەخۆى خڕبکاتەوە.
ئەوە ئەرکى پزیشکانى دەرونى و شارەزایانى بوارى دەرونناسى و ئاکادیمیاکانە کەجڵەوى ئەم کابرایە بگرن نەهێڵن کۆمەڵ بەرەو هەڵدێر و لێکترازان ببات بە دەرونى بیمارى هەتا فێرى بکەن بەلۆجیکى ئینسان چۆن لەناو ئینساندا بژى.
لە کۆتاییدا:
ئەڵمانیەک ئەڵێت لەمناڵیەوە ئەترسام وا ئەزانم کەسێک لەژێر سیسەمەکەمدا خەوتووە، چوم بۆلاى پزیشکى دەروونى بۆچارەسەر داوایى ٢٠٠ یۆرۆى لێئەکردم بۆ هەرسەردانێکى , سەردانیەکردنیش چوار جار لەهەفتەیەکدا و بۆماوەى ساڵێک بو، پێموت بیرى لێئەکەمەوە و پاشان دێمە سەردانت.بەڵام سەردانیم نەکرد، ڕێکەوت پاش ساڵێک لەمۆڵێکدا دکتۆرم بینى بەسەر سوڕمانەوە وتى: بۆچى نەهاتى.وتم ئەوبڕە پارەیەى داواتکرد بۆم هەڵناسوڕێت و دەزگاى دڵنیاى تەندروستى لەبەر زۆرى پارەکە هاوکاریم ناکات، بەڵام هاوڕێیەکى عێراقیم هەیە بە هەمبەرگرێک و بیبسیەک چارەسەرى کردم.دکتۆر بەسەرسوڕمانەوە وتى: دکتۆرە ؟ چۆن چارەسەرى کردى ؟.
ئەڵمانیەکە لەوەڵامدا وتى: پێیوتوم سیسەمەکە بفرۆشەو لەسەر زەوى بخەوە و لەو ڕۆژەوە گرفتەکەم کۆتایی هاتووە.
سیسەمەکەى قەرەچەتانى دوو چەتەوڵى دزێوى لەژێردا خەوتووە، یەکێکیان کەلتورى قین و دڵڕەشى بەعسە و هى ئەو سەردەمەى قەرەچەتانیە کەبەبەعسێتى لە کۆلیژى پەروەردەى موسڵى وەرگیرا و هەر بەبەعسێتى تەواویکرد، لەشەرمەزاریدا تێکەڵاوى قوتابیە کوردەکان نەبوو.
چەتەوڵە دزیوەکەى تر مەسعودى پیشە خوێن و خاکفرۆشیە، قەرەچەتانى بەدڵسۆزنرین کەس بۆ کوردستان ئەیناسێنێ و چاوى لەسەر بارەگا ڕەشەکەیەتى لەسەرى ڕەش.
قەرەچەتانى بە ئەقڵى ژێر سیسەمەکەیەوە دەرونناسیى ئەکات، کەواتە بەهەوڵى هەموو لایەک هاوکاربین لەسەر ئەم سیسەمەوە بیخەینە سەر زەوى و بەهەمومان قسەو وتار و یوتوبەکانى بەبێ وەڵام نەهێڵینەوە ئەگەر بەکۆمینتێکى بچوکیش بووە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست