کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پلان و پیلان له‌ هه‌رێمى كوردستان

Friday, 18/09/2020, 0:42


ئاشكرایه‌ لاى هه‌مووان كه‌ وڵاتانى جیهانى ئه‌مرۆ دابه‌شبوونه‌ته‌ سه‌ر دوو جۆرى زۆر جیاواز. جۆرى یه‌كه‌میان ئه‌و وڵاتانه‌ن كه‌ پیشكه‌وتوون و ئابووریان به‌هێزه‌، جۆرى دووه‌میش ئه‌و وڵاتانه‌ن كه‌ دواكه‌وتوون و ئابوورییان داته‌پیوه‌. گۆمانى تیدا نیه‌ هۆكارى ئه‌م جیاوازییه‌ش به‌شیكى زۆرى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌ بڕواى من بۆ په‌یره‌وكردنى دوو جۆرى جیاوازى ستراتیجیه‌تى كاركردن له‌م وڵاتانه‌ كه‌ ئه‌ویش پلان و پیلان دانانه‌. كه‌ له‌ خواره‌وه‌ پێناسه‌ى هه‌ردووكیان ده‌خه‌ینه‌ ڕوو.
 پلان دانان بریتیه‌ له‌ كۆمه‌له‌ گۆرانكاریه‌كى تیۆرى و كردارى كه‌ مرۆڤ جێبه‌جێى ده‌كات به‌تواناو هوشیاریه‌وه‌ له‌ دۆخى ژینگه‌ جیاوازه‌كاندا به‌ مه‌به‌ستى به‌ده‌ستهێنانى زۆرترین سوود وباشترین به‌كارهێنانى سامانه‌ سروشتیه‌كان و مرۆییه‌كان، ئه‌مه‌ش بۆ هێنانه‌دى دۆخیكى باشترو ژیانیكى ئاسووده‌تر بۆ كۆمه‌لگا. له‌م پێناسه‌یه‌ بۆمان ئاشكرا ده‌بیت كه‌ ئامانجى گشتى له‌ پلان دانان جێبه‌جێكردنى  گه‌شه‌پێدانه‌ و زیادكردنى به‌رهه‌مه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانى خۆشگوزه‌رانى. به‌ كورتى ئامانجى گشتى له‌ پلان دانان  بریتیه‌ له‌ به‌ده‌ستهێنانى هاوسه‌نگیه‌ك له‌ نێوان قه‌باره‌ى به‌رهه‌مهێنان و ئاستى خزمه‌تگوزاریه‌كان له‌ لایه‌ك و گه‌شه‌ى دانیشتوان و به‌رز بوونه‌وه‌ى ئاستى بژێوى له‌ لایه‌كى تره‌وه‌.
ئه‌وه‌ى تایبه‌ته‌ به‌ پیلان دانان ده‌كرى بڵیین ئه‌ویش شێوه‌یه‌كى پلان دانانه‌ - چونكه‌ بیركردنه‌وه‌ و دارشتنى بۆ ده‌كرى- به‌ڵام به‌ دیوه‌ ناشرینه‌كه‌ى، چونكه‌ به‌ مه‌به‌ستى هێنانه‌دى به‌رژوه‌ندى به‌رته‌سكى لایه‌نیكى دیاریكراوو قوربانى دان به‌ به‌رژه‌وه‌ندى گشتى لایه‌نیكى تر كۆتایى دیت. ئه‌م جۆره‌ پلانه‌ نیگه‌تیڤه‌ دوو لایه‌نى تیدا به‌ دى ده‌كرى، لایه‌نى یه‌كه‌م پیلانگیره‌ و لایه‌نى دووه‌م ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌ یا گرۆپه‌یه‌ كه‌ پیلانه‌كه‌ى به‌سه‌ردا ده‌سه‌پینرى. به‌م شێوه‌یه‌ لایه‌نى دووه‌م ده‌بیته‌ قوربانى ده‌ستى لایه‌نى یه‌كه‌م. 
به‌ تێروانین له‌و دێڕانه‌ى سه‌روه‌و به‌ خوێندنه‌وه‌ى دۆخى ڕابردوو وه‌ ئێستاى هه‌رێمى كوردستان ده‌كرێ بڵیین كه‌ له‌گه‌ڵ غیابى ته‌واوه‌تى پلان دانان له‌و هه‌رێمه‌، به‌ڵام پیلان دانان به‌ شێوه‌یه‌كى ڕوون و ئاشكرا ئاماده‌یى هه‌بووه‌ و هه‌ر له‌گه‌ڵ جێگیربوونى ده‌سه‌ڵاتى پارتى و یه‌كیتى ئه‌م ڕیڕه‌وه‌ به‌ ته‌واوه‌تى بووه‌ته‌ بنچینه‌ى حوكمڕانى ئه‌م جووت به‌ڵایه‌.  له‌ ڕیگه‌ى جێبه‌جیكردنى ئه‌م پیلانانه‌ى خواروه‌ ئه‌م دوو پارته‌ به‌ ته‌واوه‌تى كۆمه‌ڵَگاى كوردییان وێران كردووه‌:
داڕشتنى بنه‌ماى هاوبه‌شى ئیداره‌دانى هه‌رێم (فیفتی فیفتی) كه‌ وایكردووه‌ هه‌ر وه‌زارتیك و فه‌رمانگه‌یه‌ك به‌ شێوه‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆ كاربكات، چونكه‌ هه‌ر حزبه‌و وه‌زاره‌ته‌كه‌ى بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆى وئه‌ندامانى ته‌رخان ده‌كات دوور له‌ به‌رژه‌وه‌ندى گشتى و خه‌ڵك.
قۆرغكردنى ده‌سه‌ڵاتى بڕیاردان به‌ده‌ست به‌رپرسه‌كان و به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتن و به‌لاوه‌ نانى توانسته‌ زانستیه‌كانى كه‌سانى پسپۆر و شاره‌زا كه‌ ئه‌م بڕیارانه‌ش زۆر جار به‌ زه‌ره‌رى گه‌وره‌ى خه‌ڵكدا ده‌شكێته‌وه‌ چونكه‌ خه‌مى یه‌كه‌مى ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێم به‌رده‌وامبوونه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات، به‌مه‌ش درێغى ناكه‌ن له‌ جیبه‌جیكردنى ئه‌م پیلانه‌ هه‌تا گه‌ر دژى به‌رژه‌وه‌ندى هاولاتیان بیت زوورجار.
•    په‌ێره‌وكردنى سیاسه‌تیكى هه‌ڕه‌مه‌كى له‌ حكومڕانى، چونكه‌ گه‌ر چى حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌ دوا یه‌كه‌كانى هه‌رێم هه‌ر چه‌نده‌ له‌ سه‌ره‌تادا به‌ به‌رنامه‌ى قه‌به‌و زڵ داده‌مه‌زرین به‌ڵام دواتر ده‌رده‌كه‌ویت كه‌ مه‌به‌ست لێى ته‌نها خۆده‌رخستنى سه‌ر شاشه‌یه‌ و هیچى تر و به‌رنامه‌كانى جێگاى جێبه‌جیكردن نیه‌.
• تێكه‌ڵكردنى كارى سیاسى و بازرگانیكردن، كه‌ ئه‌مه‌ش بوارى گه‌نده‌ڵى ئیدارى و به‌رپابوونى محسوبیه‌ت و به‌رژه‌وندخوازى كه‌سى قوولتر كردووه‌ بوارى ئه‌وه‌ى نه‌داوه‌ كه‌ بازاریكى ئازاد له‌سه‌ر بنه‌ماى كێبركى دادپه‌روه‌رانه‌ بینیته‌ كایه‌وه‌.
• لاوازكردنى ئینتیماى نیشتمانى تاك. ئه‌مه‌ش به‌ زه‌قكردنه‌وه‌ى جیاوازى چینایه‌تى نیوان دانیشتوان و بێ به‌هاكردنى به‌ها ئه‌خلاقیه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردی و زاڵبوونى ڕووحیه‌تى خۆپه‌رستى. 
بۆیه‌ زۆر حه‌یف و مه‌خابن هه‌ر له‌ دواى ڕاپه‌رینه‌ مه‌زنه‌كه‌ى گه‌لى كوردستان، ده‌سه‌ڵاتداران و به‌رپرسانى ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌ بڕى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى كوردستان و دووباره‌ بونیادنانى گونده‌كان و گێرانه‌وه‌ى ناوچه‌ كوردستانیه‌ دابڕینراوه‌كان بۆ سه‌ر خاكى نیشتمان، خه‌مى یه‌كه‌میان بریتى بووه‌ له‌وه‌ى كه‌ چۆن به‌ شێوه‌یه‌كى خێراو له‌پڕ ده‌وڵه‌مه‌ند بن له‌سه‌ر حیسابى ئه‌م خاكه‌. به‌ڵگه‌ى حاشا هه‌ڵنه‌گرى ڕاستى ئه‌و سیاسه‌ته‌ش بریتیه‌ له‌وه‌ى له‌م بارودۆخه‌ ئابورییه‌ سه‌خته‌ى كه‌ كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان پیایدا تیپه‌ر ده‌بن و حكومه‌ته‌كه‌ى موفلیسه‌و مووچه‌ى چه‌ندین مانگى فه‌رمانبه‌رانى قه‌رزاره‌، ده‌بینین كه‌ حیزب و به‌رپرسه‌ باڵاكانى ئه‌م هه‌رێمه‌ خاوه‌نى ملیونه‌ها دۆلارن و هه‌رچى گردوو ته‌پۆڵكه‌و زه‌وى بازرگانى وپرۆژه‌ هه‌یه‌ له‌ خۆیان و حاشیه‌ته‌كانیان تاپۆكردووه‌. ئه‌م سیاسه‌ته‌ش كه‌ ئێستاشى له‌گه‌ڵ دابى په‌یره‌و ده‌كرى و به‌ ناوى جیا جیاو به‌ ئامرازى فره‌چه‌شن هه‌وڵى به‌ تاڵانبردنى ده‌رامه‌ت و سامانى ئه‌م وڵاته‌ى پى ده‌درى، بووه‌ته‌ مایه‌ى ئه‌وه‌ى كه‌ خاكى كوردستان هه‌راج بكرى و به‌ گریبه‌ستى ناڕوون و نا شه‌فاف بفرۆشرى به‌ وڵاتان و كۆمپانیا بیانیه‌كان. به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بینین كه‌ به‌ داخه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتى كوردى نموونه‌یه‌كى پرشنگدارى له‌ پاراستن و گه‌شه‌پێدانى خاك و سامانه‌ سروشتیه‌كانى پێشكه‌ش به‌ هاوڵاتیان نه‌كردوو  هێچ به‌هایه‌كى جوانیشى لاى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵك نه‌هیشت كه‌ پێش ڕاپه‌رین خۆیان ده‌كرده‌ قوربانى. له‌ بڕى ئه‌مه‌ ده‌بینین له‌ رۆژگارى ئه‌مرودا، خۆشه‌ویستى خاك و كوردپه‌روه‌رى له‌ بیرى هاوڵاتیان برانه‌وه‌ و له‌ جێگاى ئه‌و خه‌مى په‌یداكرنى بژێوى ژیان و قووتى ڕۆژانه‌ كارى هه‌ره‌ له‌ پێشینه‌یانه‌. هه‌موو ئه‌مانه‌ى كه‌ باسكران هۆكارن بۆ ئه‌وه‌ى تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگاى كوردى له‌ دۆخیكى ده‌روونى شڵه‌ژاوو نا جیگیر گوزه‌ر بكه‌ن ومتمانه‌یان به‌ حیزبه‌كان و حكومه‌ت نه‌مینى. چونكه‌ ته‌نها ڕێگا بۆ بونیادنانى هه‌ستى به‌ هاوڵاتى بوونى ته‌ندرووست، ڕه‌خساندنى ژینگه‌یه‌كى سیاسى دیموكراتى یه‌ له‌ پاڵ چه‌سپاندنى بنه‌ماى دادپه‌روه‌رى و یه‌كسانى، به‌م شێوه‌یه‌ش په‌یوه‌ندى نێوان ده‌سه‌ڵاتدارو میلله‌ت وتاك و خاك په‌ره‌ده‌سینى و پته‌وتر ده‌بێت. له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ى سه‌روه‌ به‌رده‌وام پلان دانان ڕولیكى ئه‌وتوى نه‌بینیوه‌ له‌ دارشتنى تیروانینكى زانستى بۆ به‌ره‌وپیشبردن و گه‌شه‌پیدانى هه‌رێم. بۆیه‌ ده‌سه‌لاتداران ئه‌گه‌ر به‌ ڕاستى له‌ خه‌مى میلله‌ت دابن ده‌بی ده‌ست به‌جى بایه‌خ به‌ پلان دانان بده‌ن له‌ بڕى پیلان، ئه‌مه‌ش له‌ رێى كاراكردنه‌وه‌ى وه‌زاره‌تى پلان دانان و فه‌رمانگه‌كانى پلان دانانه‌ له‌ داموده‌زگاكانى حكومه‌ت. گومانیشى تیدا نیه‌ كه‌ سه‌ركه‌وتنى ئه‌م پرۆسه‌یه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ جیبه‌جیكردنى چاكسازیه‌كى گشتگیر له‌ وڵات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە