شكستی كابینەی نۆیەم و خۆڵكردنە چاوی خەڵك
Wednesday, 16/09/2020, 23:01
كەم بژی كەڵ بژی وتە بەناوبانگەكەی شەهید خاڵە شەهابی شێخ نوری لە زیندانەكانی بەعسداكە تا ئێستاش دەنگدەداتەوەو میڵەت ڕائەچڵەكێنێت بۆ هەستانەوە و ڕۆح بەبەرداكردنەوەی ژیان ،مارشەكەی خاڵە شەهاب پێمان ئەڵێ ؛ئامان تەفرەی بریقەو دروشم درۆی كوردایەتی ئەمڕۆ مەخۆن كە یەك ووشەی بەرنامەی رزگاریو پێشكەوتنو خزمەتكردنی میڵەت و عەدالەتی كۆمەڵایەتیان بیر نەماوەو تەنانەت ناوی شەهیدەكانیشیان بیر چووەتەوە !
كابینەی نۆیەم هیچ مۆدێلێكی حوكمڕانیەتی تێدا نەماوەو نەفەسی پارتی و عەقڵی هەواڵگری برا گەورە پەڕلەمانی كوردستانی كردووەتە دەزگایەكی بێ ڕۆح و لاوازو دەستەمۆكراوی حیزب ،لەبری ئەوەی پەڕلەمان دوای ڕۆڵی یاسا دانان ڕۆڵی چاودێریكردن ببینێت بووەتە جێبەجێكارو ڕۆڵی شانۆگەرییەكانی پارتی دەبینێت ،هیچ كابینەك هێندەی كابینەی نۆیەم وابەستەی حیزب نەبووەو هیچ خولێكی پەڕلەمانیش هێندەی خولی پێنجەم دەستەمۆی حیزب نەبووە ،پەڕلەمانی كوردستان لە كوێ و لە كام سەنگەری بەرەی گەلدایە ؟ كوا بەڵێنەكانی هەڵبژاردنتان؟ قەرار نەبوو ئێوە لەگەڵ مافی گەلدابن؟ قەرار نەبوو ئێوە نوێنەری ڕاستەقینەی فەرمانبەرێكی موچە خوراو وپشتیوانی چینی هەژارو چەوساوە بن؟! گرنگترین كارێك گەڕانەوەو هەمواركردنەوەی یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم و پرسی پرۆژە یاسایی دەستوری هەرێم و سندوقی داهاتە نەوتییەكان و ڕێكخستنەوەی زۆرو بۆری كورسی كۆتاكان بوو كە لە خولی پێنجەمی پەڕلەماندا یەكلایی بكرێتەوە ،كەچی نوێنەرانی گەل !خۆیان لێكردووەتە كەڕەی شەربەت .
كابینەی نۆیەم هیچ كارنامەو پلانێكی نییە بۆ دروستكردنی حكومەتێكی بەهێز! برا گەورە نەتوانیووە كێشەی موچە چارەسەر بكات بەڵكو پرسی موچەی موچەخۆران لە نیوە مووچە بووەتە چارەكە موچە و لە٤٥ ڕۆژ جارێك بووەتە دوو مانگ جارێك ! و سیاسەتی برسیكردن و چەوساندنەوە دەگیرێتە بەر ، كابینەی نۆیەم نەیتوانیووە كێشەی ئاوو كارەبا چارەسەر بكات ئێستاش بەشێكی زۆری گەڕەكەكانی پایتەخت لە بێ ئاویدا هاواریان دەگاتە كەشكەلانی فەلەك ! كابینەی نۆیەم ڤایرۆسی كۆرۆنای كردووەتە پاساوێك بۆ ڕێگەگرتن لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان و بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكان و زیاتر لە ١٠٠ پێشێلكاری بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان و چالاككوانانی مەدەنی ئەنجامدراوە و ڕێگری هەبووە لە ڕوماڵكردن و هەڕەشەو پەلاماری ڕۆژنامەنوسان دراوەو بەیاسای تر و لە دەرەوەی یاسایی كاری ڕۆژنامەنوسی ڕۆژنامەنوسان دادگایی كراون ،جگە لە هەڵكوتانە سەر ماڵی ڕۆژنامەنوسان لە نیوەی شەودا! تا ئێستا كابینەی نۆیەم نەیتوانیووە بەدیدو ڕوانینێكی نیشتیمانی بە كارنامەیەكی یەكڕیزو یەكگرتوو لەگەڵ بەغداد و فراكسێۆنە كوردییەكان پرسی بودجەو موچەو نەوت و خاڵە سنورییەكان یەكلایی بكاتەوە .
لەتەمەنی كابینەی نۆیەم دا هێرش و پەلاماردانەكانی توركیا بە بیانوی پەكەكە زیادی كردووەو لەگەڵ هەر هێرش و پەلاماردانێكی فڕۆكەكانی توركیا زیاتر لە ڕووی زەمینییەوە سوپای توركیا پێشڕەوی دەكەن بۆناو خاكی هەرێم و بنكە سەربازی و هەواڵگرییەكانیان زیاتر دەبێت ،كابینەی نۆیەم نەیتوانیووە شكست بۆشایی ڕیفراندۆم پڕ بكاتەوە كە خەڵكی كوردستانی بێ ئومێد كرد لە شۆڕەسورەكانی ڕیفراندۆم بە پێچەوانەوە زیاتر بێ متمانەی خولقاندووەو میڵەت بە هاتنی كازمی دڵخۆش دەبێ و كوردستانیش بە ئەمانەت دەسپێرن بە كازمی كە ئەوە نیشانەی شكستی پارتی و هێزەكانی ترە ژە كوردستان بە ئۆپۆزسیۆنیشەوە .
كابینەی نۆیەم سەرباری ئەم هەموو شكستە لە قەرزولە نەدانی چارەكە موچەو لەنەبوونی خزمەتگوزاری بۆ خەڵك و نەبونی ئیرادەی چاكسازی نەبوونی شەفافیەت و ئازادی و لەپێشێلكاری سیادەی هەرێم و سیمای دوو ئیدارەیشی زیندوو كردووەتەوە ،بە دیدو روانێنی من تەمەنی ساڵی یەكەمی كابینەی نۆیەم بەڵگەیەكی باشی زانستییە بۆ هەڵسەنگاندنی كابینەی نۆیەم و هەنگاوەكانی برا گەورە دەركەوت دروشمی كوردستانێكی بەهێز خۆڵكردنە چاوی خەڵك و فرۆشتنەوەی شكستە بەتامی سەركەوتن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست