ئه‌ردۆگان دژ به هه‌مووان
Monday, 14/09/2020, 23:40
ماکیسمیلان پۆپ
و. له ئه‌ڵمانییه‌وه: هیوا ناسیح
---------------------------
جیۆپۆله‌تیک: سه‌رۆکی تورکیا ده‌یه‌وێت سنوره‌کان له ده‌ریای ناوه‌ڕاستدا سه‌رله‌نوێ رهنگڕێژبکاتهوه، به‌مه‌ش مه‌ترسی جه‌نگ له‌گه‌ڵ یۆنان‌دا دێنێته‌ئاراوه.
له حوزه‌یرانی ساڵی ٢٠٠٦ دا جه‌م گیورەندیز، سه‌رۆکی به‌شی پلاندانانی هێزی ده‌ریایی تورکیا نه‌خشه‌یه‌کی بۆ سنوری ده‌ریاوانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌که‌ی داهێنا، که ئه‌وکات سه‌رنجی هیچ که‌سی ڕانه‌کێشا و بایه‌خی پێ نه‌درا، نه‌خشه‌که زۆر توندڕه‌وانه و شه‌ڕانگێزانه ده‌هاته به‌رچاو. ناوبراو له وتارێکیدا له ئه‌نقه‌ره داوای کرد: سنوری ده‌ریاوانی ده‌ریای ناوه‌ڕاست فراوان بکرێت، حکومه‌ت ده‌بێت له کاتی پێویستدا چه‌کیش به‌کاربهێنێت، تا ئه‌م سنورانه دووباره دابڕێژێته‌وه، تاوه‌کو به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسی و ئابورییه‌کانی وڵاته‌که‌ی بپارێزێت. ئه‌و ناوی ئه‌م پلانه نوێیه‌ی نا (ماڤی ڤهتهن) واته نیشتمانی شین. ئه‌و له چاوپێکه‌وتنێکیدا له سکایپیش گوتی: من ده‌مه‌وێت تورکیا بگاته ئاستی خاوه‌ن هێزێکی دیاری نێودهریایی.
ئه‌وه‌ی که ئه‌وکات له ئه‌نقه‌ره هیچ بایه‌خێک به پلانه‌که‌ی ناوبراو نه‌درا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وکات تورکیا په‌لی بۆ ئه‌وه ده‌کوتا، که ببێته ئه‌ندامی یه‌کێتی ئه‌وروپا. سه‌رۆکوه‌زیرانی ئه‌وکات و سه‌رۆکی ئێستای تورکیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان هیچ به‌رژه‌وه‌ندی له‌وه‌دا نه‌ده‌بینی، که کێشه و شه‌ڕی له‌گه‌ڵ دراوسێیه‌کی وه‌ک یۆنان‌دا هه‌بێت.
دواتر ڕووداوه‌کانی ژیانی گیورهندیز چاوه‌ڕواننه‌کراو بوون، چونکه ئه‌و وه‌ک سه‌دان ئه‌فسه‌ری تر ساڵی ٢٠١١ ده‌سگیرکران. ناوبراو وای خۆی نیشانده‌دا، که که‌مالیسته و هه‌ڵگری بیری سێکولاری دامه‌زرێنه‌ری وڵاته‌که‌یان مسته‌فا که‌مال ئه‌تاتورکه، زیاتر له‌وه‌ی که کار بۆ حکومه‌تێکی ئیسلامیی کۆنسه‌رڤاتیڤی ژێر حوکمی ئه‌ردۆگان بکات. هه‌ر بۆیه ئه‌ردۆگان پێویستی به پیاوانی وه‌ک ئه‌م نه‌بوو. گیورهندیز بێ‌تاوان سێ ساڵ و نیو له زینداندا دانیشت، له زیندانێکی زۆر پارێزراو له سیڤهرلی نزیک ئه‌سته‌مبوڵ، به‌ر له‌وه‌ی که مافی بۆ بگێرنه‌وه.
له‌م نێوانه‌دا تورکیا سیاسه‌تی خۆی سه‌له‌نوێ گۆڕی، ئه‌ردۆگان ماڵئاوایی له ئامانجی بوون به ئه‌ندام له یه‌کێتی ئه‌وروپا کرد. ئه‌و په‌یڕه‌وی گوتارێکی ناسیۆنالیستانه‌ی کرد، به‌مجۆره حکومه‌ت پلانه کۆنه‌که‌ی گیورهندیزی دۆزییه‌وه. ئه‌ردۆگان خۆرهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوه‌ڕاستی کرد به سه‌نته‌رێکی جیۆپۆله‌تیکی چاوتێبڕین بۆ خۆی. له پڕ سه‌رۆکه‌که، وه‌زیری دهوهوهیان وه هاوپه‌یمانه ڕاستڕهوهکهیان، هه‌موو به‌جارێک ده‌ستیانکرد به قسه له‌سه‌ر (نیشتمانی شین). گیورهندیز له دوژمنێکی ده‌وڵه‌ته‌وه به‌رزبۆوه بۆ ده‌مڕاستی حکومه‌ت، ئه‌و خۆی به‌مه سه‌رسام بوو زیاتر له‌وه‌ی خۆشحاڵ بێت. ئه‌و گوتی: بابه‌ته‌که داهاتوی تورکیایه.
ماوه‌یه‌کی زۆره که تخوبی ده‌ریایی ناوچه‌ی ده‌ریای ناوه‌ڕاست به پێی په‌یماننامه‌ی لۆزانی ساڵی ١٩٢٣دیاریکراوه. ئه‌رۆگان له‌مه زیاتر قبوڵی ناکات. وڵاته‌که‌ی، وه‌ک ئه‌و بانگه‌شه ده‌کات، که له ئه‌نجامی دیاریکردنی سنوره‌کاندا زیانی به‌رکه‌وتووه. هه‌ردوو تورکیا و یۆنان هه‌فته‌ی ڕابردوو هێزی ده‌ریایی خۆیان جوڵاند. ئه‌مه له ساڵی ١٩٩٦ه‌وه، که هێزی ده‌ریایی هه‌ردوو لا له‌سه‌ر دوو دورگه‌ی چۆڵی ناوچه‌ی ئێگیز (ناوچه‌ی باکوری خۆرهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوه‌ڕاسته - وه‌رگێڕ)، کاتێک که‌شتی جه‌نگییه‌کانی تورکیا و یۆنان به‌رامبه‌ر به یه‌ک وه‌ستابوون، گرژی وا ڕوینه‌داوه تا ئێستا.
ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا ململانێکه پێشینه‌ی هه‌یه، ئه‌مه زیاتر ته‌کنیکییه، به‌ڵام ئه‌مه له ئه‌گه‌ری ته‌قینه‌وه‌ی کێشه‌که که‌م ناکاته‌وه. له جه‌وهه‌ردا بابه‌ته‌که ئه‌وه‌یه، که کام وڵات له کام به‌شی خۆرهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوه‌ڕاستدا مافی هه‌یه. به پێی رێککه‌وتنی مافی ده‌ریاییی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان ساڵی ١٩٨٢ ئاماژه‌ی پێکراوه، که‌وا وڵاتان مافیان هه‌یه به دووری نیوه‌تیره‌ی ٢٠٠ مایل (نزیکه‌ی ٣٢٢ کم – وه‌رگێڕ) به ده‌وری دوگهکهیهکدا ئه‌وه‌ی پێێ ده‌گوترێت ناوچه‌ی تایبه‌تیی ئابوریی (AWZ) که ماده‌ی خاو ده‌ربهێنێت.
حکومه‌تی تورکیا رێک پێچه‌وانه‌ی ئاراسته‌ی ته‌وژمه‌که رێده‌کات. له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ندێک دورگه‌ی یۆنانی ته‌نها چه‌ند کیلۆمه‌ترێکی که‌م له تورکیاوه دوورن، ئه‌مه وایکردوه، که ئه‌م ناوچه‌ی تایبه‌تیی ئابورییه‌ی تورکیا زۆر بچوکتر بێت له‌وه‌ی تورکیا حه‌ز ده‌کات.
کێشه‌که به‌وجۆره چاره‌سه‌ر ده‌بێت، که هه‌ردوولا داوای یارمه‌تیی له ده‌زگایه‌کی بێلایه‌ن بکه‌ن, وه‌ک دادگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌نهاخ یان دادگایه‌کی ناوبژیکار. له‌م نێوانه‌دا پێویسته هه‌ردوولا له‌سه‌ر سودبینینی پێکه‌وه‌یی له ناوچه ده‌ریاییه‌که رێبکه‌ون، که کێشه‌ی له‌سه‌ره، تا له‌وه‌ی سور بن له سه‌ر ئه‌وپه‌ڕی داواکارییه‌کانیان.
ئێردوگان له تشرینی دووه‌می پارساڵدا به‌ڵێنی هاوکاری به سه‌رۆکوه‌زیرانی لیبیا فه‌یاز سه‌ڕاج دا، که دژ به لیوا خه‌لیفه حه‌فته‌ر هاوکاری بکات. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا سه‌ڕاج رێککه‌وتنێکی له‌گه‌ڵ تورکیادا کرد، که ناوچه تایبه‌ته ئابورییه‌که‌ی تورکیا به ده‌وری دورگه‌ی کرێتادا فراوان بێت. نه یۆنان و نه وڵاتانی تری دراوسێ وه‌ک ئیسرائیل و میسر رێککه‌وتنه‌که‌یان به فه‌رمی ناسی. یۆنان و میسر له مانگی ئابدا رێککه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، که هه‌ردوولا دژ به‌م ناوچه نوێیه تایبه‌تیه‌ی ئابوری تورکیا بن.
ئه‌ردۆگان په‌ل بۆ ئه‌وه ده‌کوتێ، که له ده‌ریای ناوه‌ڕاستدا ئه‌مری واقیع جێبه‌جێ بکات. هه‌فته‌ی رابردوو ئه‌و که‌شتی به‌دواگه‌ڕانی گازی (ئوروچ ڕایز) به ئاڕاسته‌ی یۆنان نارد، که چه‌ند که‌شتییه‌کی جه‌نگی هاوکات پاسه‌وانییان ده‌کرد، تا له نزیک دورگه‌ی کاستلۆریزۆ لێکۆڵینه‌وه و گه‌ڕان ئه‌نجام بدات. ماوه‌یه‌کی کورت پێش ئه‌وه‌ش ڕایگه‌یاند، که له نزیک قوبروس به‌دواداگه‌ڕانی ماده‌ی خاو ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
ئه‌وروپییه‌کان زه‌نگی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یان لێدا. حکومه‌تی یۆنان ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئه‌ردۆگانی وا ناونا که (گرژکهرانه و دژبه ئاشتییه). به‌رپرسی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتی ئه‌وروپا یوسیف بارێل له کۆبونه‌وه‌یه‌کی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی یهکتێ ئه‌ورپادا داوای له تورکیا کرد، که بێ دواکه‌وتن گه‌ڕان و سۆراخکردنی گاز له ده‌ریای ناوه‌ڕاست رابگرێت. سه‌رۆکی فه‌ره‌نسا ئیمانوێل ماکرۆن بۆ هاوکاریی یۆنان چه‌ند که‌شتییه‌کی جه‌نگی ڕه‌وانه‌ی ئه‌وێ کرد. ئه‌و له تویتێکدا به زمانی یۆنانی ئه‌نقه‌ره‌ی تۆمه‌تبار کرد، که تاکڕه‌وانه گرژی ده‌خاته‌وه و کاری سه‌رچڵانه ده‌کات.
له ڕاستیشدا به‌رژه‌وه‌ندی گاز ده‌رهێنان ته‌نها هۆیه‌که له چه‌ندان هۆی دیکه، که دوژمنایه‌تییه‌که‌ی پێ ده‌بڕدرێت. پسپۆڕانی بواره‌که په‌ی پێ ده‌به‌ن، له خۆرهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوه‌ڕاستدا له ده ساڵی رابردوودا ئه‌وه‌نده سامانی گاز دۆزراوه‌ته‌وه، که ٥٠هێندهی قه‌باره‌ی ساڵێکی به‌کاربردن و پێویستی ئێستای فه‌ره‌نسایه.
سه‌رچاوه‌کانی وزه که‌وتونه‌ته قوڵایی ده‌ریاکه و ته‌نها به تێچوونێکی زۆر ده‌رده‌هێنرێن. نرخی نه‌وت و گازیش له ساڵانی ڕابردوودا داشکاوه. ئه‌مه‌ش به‌لایه‌نی پسپۆڕانه‌وه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت که نێردراوانی ده‌ریای ناوه‌ڕاست ده‌ستکه‌وتی که‌میان ده‌بێت. کۆمپانیای وه‌ک بریتیش په‌ترۆڵ رایانگه‌یاندوه، که لهبهرهۆی ئابوریی نایانه‌وێت له داهاتوودا له هیچ کێڵگه‌یه‌کدا له وڵاتێکی نوێ‌دا ده‌ست به‌کار بکه‌ن.
ئه‌ردۆگان ده‌ستی بردوه بۆ پرۆژه توندڕهوانهکهی (نیشتمانی شین) به نیگه‌رانی و شانازییه‌وه هه‌روه‌ها بۆ به‌کاربردنی سیاسه‌تی ناوخۆیی (ئیستیهلاکی مه‌حه‌لی). سه‌رۆکی تورکیا ده‌رهێنانی گاز و سه‌رچاوه‌کانی وزه له ده‌ریای ناوه‌ڕاستدا وه‌ک به‌رده‌بازێک ده‌بینێت بۆ په‌ڕینه‌وه له‌م دۆخه.
له ڕاستیدا هه‌ر یه‌ک له وڵاتانی یۆنان، قوبروس، میسر، ئیسرائیل، ده‌سته‌ڵاتداریی ئۆتۆنۆمی فه‌له‌ستین، ئوردون و ئیتالیاش رێککه‌وتنێکیان مۆر کردوه، که کۆڕبه‌ندی گازی خۆرهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوه‌ڕاسته. تورکیا له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م ڕێککه‌وتنه‌یه. له مانگی حوزه‌یراندا حکومه‌تی ئیسرائیل ده‌نگیان به‌وه‌دا، که لوله‌یه‌ک له خۆرهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوه‌ڕاست رابکێشن، به پێچه‌وانه‌ی ویستی تورکیاوه، گاز له که‌ناراوه‌کانی ئیسرائیله‌وه به قوبروس و یۆنان‌دا به‌ره‌و ئه‌وروپا بگوێزێته‌وه.
" کاتێک ئه‌ردۆگان جێگای له سه‌ر مێزه‌که بۆ دانه‌نرێت، دێت مێزه‌که قڵپ ده‌کاته‌وه" ئه‌مه ماکس هۆفمان یه‌کێک له سینک تانکه‌کانی ئه‌مریکا و شاره‌زای کاروباری تورکیا له سه‌نته‌ری گه‌شه‌پێدانی ئه‌مریکی، له تویتێکدا وای نوسی.
ئه‌ردۆگان ململانێی ناو ده‌ریای ناوه‌ڕاست ده‌هێنێته پێش، تا وه‌ک ده‌رفه‌تێک بێت، بۆ ئه‌وه‌ی ڕووی خه‌ڵک له ره‌وشی خراپی سیاسه‌تی ناوخۆی وهرگهڕێنێت. ئابوریی تورکیا ساڵانێکه له قه‌یراندایه، که به هۆی په‌تای جیهانگیری کۆرۆناوه خراپتریش بووه. لیره‌ی تورکی به نرخی یه‌ک بۆ نۆ به به‌راورد به یۆرۆ نزمترین ئاستی مێژوویی تۆمارکردوه. هه‌روه‌ها ئه‌ردۆگانیش به پێی ڕاپرسییه‌کان له دۆخێکی وا خراپدایه، که نمونه‌ی له رابردووی حوکمڕانیدا ده‌گمه‌ن بووه. ئه‌و ده‌بێت بترسێت، که له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تی تورکیا ساڵی ٢٠٢٣ جارێکی تر هه‌ڵنه‌بژێردرێته‌وه.
له ئه‌وروپادا ڕایه‌کی یه‌کگرتوو نییه، که پێویسته چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دوژمنکاریی و هه‌نگاوه ئاڵنگاریی و سه‌رکێشییه‌کانی سه‌رۆک و حکومه‌تی تورکیادا بکه‌ن. له پێش هه‌موویاندا سه‌رۆکی فه‌ره‌نسا داوای ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌کی توند ده‌کات. پاریس و ئه‌نقه‌ره له ئێستادا له لیبیادا دوژمنانه به‌رامبه‌ر یه‌ک بوونه‌ته‌وه، به‌وه‌ی که هه‌ر یه‌که‌یان پشتیوانی له جه‌مسه‌رێکی شه‌ڕه ناوخۆییه‌که‌ی ئه‌وێ ده‌که‌ن.
یه‌که‌مجار له ته‌موزدا که‌شتی جه‌نگی (کۆربێت)ی فه‌ره‌نسی له ده‌ریای ناوه‌ڕاستدا که‌شتییه‌کی تورکی، که هاوکات به که‌شتی تری جه‌نگیی تورکی پاسه‌وانی ده‌کرا، ڕاوه‌ستاند، که گومانی ئه‌وه‌ی لێده‌کرا، که چه‌ک به‌ره‌و لیبیا به قاچاخ ببات. وه‌زاره‌تی به‌رگری فه‌ره‌نسی رایگه‌یاند، که گوایا که‌شتییه تورکییه‌کان ڕاداره‌کانیان ڕووی له کۆربێتی فه‌ره‌نسی کردوه، ئه‌م مانۆڕه‌ش هه‌نگاوێک پێش ته‌قاندنی بۆمبه به‌ره‌و ئه‌وان، فه‌ره‌نسییه‌کان توانیتیان گرژبوونه‌که خاوبکه‌نه‌وه، به‌وه‌ی که له خوله‌کی کۆتاییدا ڕووی پێ وه‌رگێڕن.
حکومه‌تی ئه‌ڵمانیا به پێچه‌وانه‌وه ده‌یه‌وێت که ئه‌ردۆگان هه‌رچۆنێک بووه رابکێشێتهوه سه‌ر مێزی گفتوگۆ. دانوستان و گفتوگۆی نێوان ئه‌نقه‌ره و ئه‌سینا فه‌شه‌لی هێنا، به ماوه‌یه‌کی که‌م پێش ئه‌وه‌ی ده‌ستپێبکات.
له ئه‌ڵمانیا نیگه‌رانییه‌که گه‌وره‌یه، که دۆخه‌که له ده‌ریای ناوه‌ڕاستدا له کۆنترۆڵ ده‌ربچێت، ته‌نانه‌ت گه‌ر به هۆی ڕووداوێکی کت‌وپڕ و نهخوازراویشهوه بێت.
ئه‌ردۆگان پێش ماوه‌یه‌ک رایگه‌یاند، که هێرش بۆ سه‌ر که‌شتیی بهدواگهڕانهکان بێ وڵام نامێنێته‌وه. هه‌روه‌ها له یۆنانیش ناسیۆنالیسته‌کان هانی سه‌رۆکوه‌زیرانی خۆیان کریاکۆس میتسۆتاکیس ده‌ده‌ن، که به هیچ جۆرێک له کێشکهدا له‌گه‌ڵ تورکیادا ملکه‌چ نه‌بێت و نه‌رمی نه‌نوێنێت.
نوێنه‌رایه‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وروپا ده‌ڵێت: هیچ که‌س نایه‌وێت ململانێکه‌ی نێوان هه‌ردوو ئه‌ندامی ناتۆ یۆنان و تورکیا بگاته ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌کداریی، به‌ڵام به‌پێی خۆپڕچه‌ککردن و ئاماده‌کاریی هه‌ردوولا، مه‌ترسی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ رۆژ به ڕۆژ زیاتر ده‌بێت.
سه‌رچاوه و تێبینی:
ئه‌م وتاره له گۆڤاری دێر شپیگلی ئه‌ڵمانی ژماره ٣٥ی ئه‌مساڵ له رۆژی ٢٢ی ئابدا بڵاوکراوه‌ته‌وه، نوسه‌ره‌که‌ی ماکسیمیلان پۆپ، رۆژنامه‌نوسێکی دیار و ناسراوه، په‌یمانگای رۆژنامه‌نوسی له ئه‌ڵمانیا و زانسته سیاسییه‌کانی له زانکۆی ئیسته‌مبوڵ خوێندوه، له ساڵی ٢٠١٠ه‌وه کار بۆ دێر شپیگل ده‌کات، خه‌ڵاتی ده‌زگای رۆژنامه‌نوسانی باشوری ئه‌وروپای وه‌رگرتوه.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست