کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌ گه‌نده‌ڵ بزانێت نابێته‌ پاشكۆی

Monday, 07/09/2020, 9:26


به‌شداری ده‌سه‌ڵات به‌هه‌رشێوه‌یه‌كی بێت بۆ یه‌ك ئامانجی سه‌ره‌كیه‌ كه‌ به‌ پێی بۆچون و فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی حزبه‌كه‌ت ( له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تۆ وه‌ك حزب به‌شداریت نه‌ك وه‌كو جه‌ماوه‌ری و ده‌نگ و پێگه‌ی كه‌سی تایبه‌تی خۆت)خزمه‌تی خه‌ڵك بكه‌یت و به‌ هه‌موو رێگه‌یه‌ك هه‌وڵی راسته‌رێكردنی ده‌سه‌ڵات لاربووه‌وه‌ بده‌یت، یان ئه‌گه‌ر بتوانیت ئه‌و ماوه‌یه‌ لێی دوور بیت كه‌ توانای خۆپارێزی له‌ نه‌خۆشیه‌ سیاسی و ئابووری و یاساییه هه‌مه‌جۆره‌كانی ده‌سه‌ڵاتت هه‌بێت و به‌ڕونی ئه‌وه‌ت بۆ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ت روون كردبێته‌وه. ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌تدا بۆ چاكسازی و رێكخستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌شدار بوبیت نه‌ك له‌ پێناو خۆتوندكردنه‌وه‌ی پاش شكستی سیاسی و قه‌زمبونی حزبه‌كه‌ت وه‌كو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی پاش كۆچی دوایی ره‌وانشاد نه‌وشیروان موسته‌فا. به‌ڵام له‌م ماوه‌یه‌ و پاش ئه‌ودوفاقی و نه‌بردنه‌سه‌ری به‌ڵێن و به‌درۆكه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یمانانه‌ی له‌ شێوه‌ی؛ ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگداچاكسازی نه‌كرێت له‌ حكومه‌ت ده‌كشێینه‌وه‌، وایلێهات كه‌ نه‌ك وه‌كوحزبێكی هاوبه‌ش خۆیان فه‌رز نه‌كرد به‌ڵكو بوون به‌ پایشكۆی ده‌سته‌راستی حزبی حكومڕان و نه‌ك نه‌كشانه‌وه‌ به‌ڵكو زۆر رێگه‌یان له‌ خۆیان داخست وئێستاش به‌ناوی هه‌بونی شتی كتوپڕێ وه‌كو نه‌خۆشی كۆرۆنا و قه‌یرانی دارای و مانه‌وه‌ی كاتی چاكسازی به‌هانه‌ش بۆ هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕی و گه‌نده‌لی و شكسته‌كانی گه‌نده‌ڵانیش دێننه‌وه‌ و ته‌نها مه‌به‌ستیان مانه‌وه‌یه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات و به‌رده‌وامبوون له‌ دابه‌شكردنی كێكه‌یه‌‌ وچاویان له‌ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و پۆستانه‌یه‌ كه‌ به‌ڵێنیان پێدراوه‌ و ده‌زانن مامه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتیش بژی و مه‌مره‌یه‌ و ورده‌ ورده‌ وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه‌ (وه‌كوبه‌خشینی دڵۆپ دڵۆپی ئاو به‌ كه‌سێك له‌ گیانه‌ڵادا بێت مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كات) ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستی مانه‌وه‌یان له‌سه‌ر ئه‌م وه‌زعه‌ی پاشكۆیه‌تیه‌، هه‌ر ماوه‌یه‌ك پۆستێكیان پێ ده‌به‌خشێت و وه‌كو كوردی خۆمان وته‌نی ده‌میان چه‌ور ده‌كات و ئه‌وانیش مه‌ست ده‌بن و ته‌نانه‌ت ره‌خنه‌ی راگه‌یاندنی هه‌ندێك له‌ قسه‌قوته‌كانیشیان نامێنێت.
سه‌یر له‌وه‌دایه‌ گۆڕان به‌خۆی هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات گه‌نده‌ڵه‌. به‌ هاوكێشه‌یه‌كی ئاسان، تۆیه‌ك پاشكۆی گه‌نده‌ڵ بیت، به‌ ملكه‌چی گه‌نده‌ڵ ده‌مێنێته‌وه‌، تۆیه‌ك توانای چاكسازیت نه‌بێت و نه‌توانیت هیچ فشارێك بكه‌یت و هیچ كارتێكی ئه‌وتۆی فشارت به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌بێت ته‌نها قسه‌ت بۆ ده‌مێنێته‌وه‌، تۆیه‌ك ته‌نها چاوت له‌سه‌ر پۆست و پایه‌ و نه‌بڕینی رزقی به‌چه‌كانت بێت بوێری ئه‌وه‌ت نابێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی سازش بجوڵێیته‌وه‌، تۆیه‌ك به‌رده‌وام جه‌ماوه‌ریت له‌كزیدا بێت به‌ چی رێگه‌یه‌ك ده‌توانیت وا له‌ده‌سه‌ڵات بكه‌یت لا له‌ جموجوڵی سیاسی و هۆشیاری تۆ بۆ بارودۆخه‌كه‌ بكاته‌وه‌ و حسابت بۆ بكات؟
له‌م كاته‌دا له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع ته‌نها پارتی ده‌سه‌ڵاته‌ و یه‌كێتیش له‌ ده‌ڤه‌ری سه‌و‌ز جارجاره‌ بۆ مانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌مه‌ جه‌ماوه‌ره‌ی و پێگه‌ی خۆی نه‌رمه‌ گله‌یی و فشارێكی هه‌یه‌ و، حاڵی مادی و به‌ڕێوه‌به‌ردنی داموده‌زگاكانی زامنكردووه‌ و پێگه‌ هه‌ستیاره‌كانی ژێر ركیڤی خۆی كۆنتڕۆڵ كردووه‌ و دۆستی ده‌ره‌كی به‌توندی پشتی گرتووه‌ و بۆ مانه‌وه‌ی له‌م وه‌زعه‌ی ته‌نها جار ناجارێك له‌ راگه‌یاندن نوزه‌یه‌كی لێوه‌ دێت و له‌ راستیدا شوكرانه‌به‌شه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌یره‌ گۆڕان له‌ لایه‌ك ده‌نگی ئۆپۆزسیۆنی كپ كردووه‌ و له‌لایه‌كی تره‌وه‌ خۆی كردووه‌ به‌ شه‌ریكه‌ گه‌نده‌ڵ و ناتوانێت خۆی له‌و زۆلكاوه‌ قوتار بكات و له‌و ناوه‌ڕاسته‌ بێ پێشه‌نگ و بڕیاڕی راست و بوێر ماوه‌ته‌وه‌ و له‌ ئاست رویارێكی قووڵی سه‌ر ڕێگه‌كه‌ی به‌ڕأستی سه‌ری سورماوه‌ و، بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ ئایا لێی بدات و چش له‌ ده‌ره‌ئه‌نجام یان ده‌س بگرێت به‌ كڵاوی خۆیه‌وه‌ و له‌م دیو روباره‌كه‌ بنه‌ وباره‌گای خۆی لێیداوه‌ و خۆی توندتر بكات و چۆله‌كه‌یه‌كی له‌ده‌ستدایه‌ له‌ هه‌زار چۆله‌كه‌ی سه‌ر داره‌كه‌ی بۆ باشتره‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە