کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سه‌ردانه‌كه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێم بۆ توركیا و چه‌ند سه‌رنجێك

Sunday, 06/09/2020, 23:44


سەرەتایەكی كورت: بە درێژایی 29 ساڵی حوكمرانی یەكێتی وپارتی هەر وەڤدێك بۆ هەر شوێنێك چوبێت هاولاِتیان بە گشتی كۆمەڵێك سەرنج و گومانیان هەبوە. دواجار دەریش دەركەوت كەوت هەموو سەرنج و گومانەكانیش لەشوێنی خۆیاندابون. ئەگەر چونی وەڤدەكە گرنگ بوبێت بۆ پارتی خۆی ، ئەوە سەرۆكی وەڤد دەبوو هەر پارتی بێت.
خۆ ئەگەر ئەو مەبەستەی وەڤدەكەی بۆ ڕێك خرابێ زۆر گرنك نەبوێت و زیاتر پڕۆتۆكۆلی بوبێت و بەرژەوەندی تایبەتی پارتی تێدا نەبوبێت ، ئەوا وەڤدێكی گەورەیان لە هەموو حیزبەكان پێك هێناوە و هەمویانیان دەخەڵەتاند.
خۆ ئەگەر بارودۆخەكە پێویستی بەوە هەبوبێت وەڤدێك پێك بهێنرێت و بە ناچاریش یەكێتی تێیدا بەشدار بوبێت، ئەوا لە كاتی چونی وەڤدەكەدا بۆ ئەوشوێنە هەر چۆنیك بێت پاشقولێكیان لە ئەندامانی تری وەڤدەكە گرتوەو فرسەتیان هێناوە لە پشتی پەردەوە كاری خۆیان كردوە. بۆ زیاتر ڕون كردنەوەی ئەم بۆچونانە سەیری ئەم نمونانەی خوارەوە بكەن.
یەكەم : جارێكیان وەڤدێكی هەرێم بە سەرۆكایەتی نێچیر بارزانی دەچنە بەغدا بۆ وتو وێژ لەسەر كیشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا. هەرچەندە مێژوەكەیم لەیاد نەماوە بەڵام ئەوەندەم لە یاد ماوە سەرۆكی لایەنی وەڤدی یەكێتی سەعدی ئەحمەد پیرە دەبێت. كۆبونەوەی ئاسایی تەواودەبێت. بەڵام لە شەودا نێچێر بارزانی و چەند كەسێك لە حیزبەكەی خۆی ، خۆیان دەگەیەننە لای سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران. دیارە بۆ دەسكەوتی تایەبتی حیزبەكەیان چون. بۆ بەیانی كە ئەوە ئاشكرا دەبێت و برادەرانی یەكێتی گلەیی دەكەن ، لەوەڵاما دەڵێن : كاك نێچیر هەندی قسەی تایبەتی خۆی هەبوو ، بەڵام لەبەر ئەوەی عەرەبی باش نازانێت ، ئێمە وەكو وەرگێڕ لەگەڵی چوین. سەعدی ئەحمەد پیرە عەرەبی زانێكی زۆر باشە. بۆ ئەوەی هیچ گومانیك دروست نەبێت ، ئەو بەشداری دانیشتنەكەی بكردبایە ، باشتر نەدەبوو؟.
دووەم: لەم چەند رۆِژەدا سەرۆكی فەڕەنسا سەردانی بەغدای كرد ، سەرۆكی هەرێمیش سەردانی سەرۆكی فەرەِنسای كرد لە بەغدا. دیارە چونەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ بەغدا لەسەر داوای سەرۆكی فەڕەنسا بوەو ئەوەش مانای وایە چیتر هەوڵیر بایەخی جارانی نەماوە. لەبەر ئەوەی ئەم كۆبونەەیە هەم ماوەكەی زۆر نەبوەو هەم شتی نەهینیشی تێدا باس نەكراوەو هیچ دەسكەوتێكی تایبەتی پارتیشی تێدا نەبوو ، سەرۆكی هەرێم هەردوو جێگرەكەشی لەگەڵ خۆی بردن. لە لایەك دڵی جێگرەكانی خۆش كرد. لە لایەك دڵی یەكێتی و گۆڕانیشی ڕازی كرد بەوەی گرنگی بە نوێنەرەكانیان دەدات. لە لایەكی تریشەوە پارتی هیچ زیانێك ناكات.
بەڵام دوای گەڕانەوەی سەرۆكی هەرێم لە بەغدا یەكسەر سەفەری كرد بۆ توركیاو لەگەڵ سەرۆكی توركیاو وەزیری دەرەوەی توركیا كۆبونەوەی كرد. بەڵام ئەم جارەیان هیچ لە جێگرەكانی لەگەڵ خۆی نەبرد ، هەموو ئەندامانی وەڤدەكە لە نزیكەكانی خۆیی و سەر بە حیزبەكەی خۆی بون. كەواتە خەڵك حەقیەتی پرسیاریشی هەبێت و گومانیشی هەبێت لەم دوو سەردانەی سەرۆكی هەرێم. پێش ئەوەی بۆچونی خۆم لەسەر ئەم سەفەرەی سەرۆكی هەرێم دەربڕم ، پێم خۆشە ئەمانەشتان وەبیربێنمەوە بۆ ئەوەی بزانن چۆن پارتی هەمیشە خەرێكی پاشقول گرتنە.
یەكەم : زوربەتان ئەوەتان لەبیرە كە وەڤدێك بە سەرۆكایەتی نێچیر بارزانی وەكو سەرۆكی حكومەت و قوباد تاڵەبانی وەكو جێگری سەرۆكی حكومەت سەردانی مۆسكۆیان كرد. وابزانم بڕی 3 ملیار دۆلار قەرزیان وەرگرت. لە بری ئەوە نەوتی خاویان پێدان. بۆری نەوتی هەرێمیان پێ فرۆشتن. ڕێگایان پێدان نەوتیش دەرێنن.
ئەوەی زۆر گرنگە و دەمەوێت ئاماژەی بۆ بكەم كە پارتی هەمیشە یەكێتی خەڵە تاندوە ئەمەیە : نوێنەری ڕەسمی حكومەتی هەرێم لەو كاتەدا لە مۆسكۆ هەبوو ، ئامۆزای كاك قوباد خۆشی بوو ، ئەویان بەشداری پێنەكرد لەكاتی گفتوگۆ و ئیمزاكردنی گرێبەستەكە ، بەڵام نوێنەری پارتی وەكو حیزب بەشداری كۆبونەوەكە بوو. ئەگەر من بومایە لەشوێنی كاك قوباد هەرگیز ئەوسوكایەتیەم قبوڵ نەدەكرد و كۆبونەوەكەم جێ دەهێشت. بەڵام نازانم بۆچی ئەوەی نەكرد؟؟
دووەم : هەموتان ئەوەتان باش لە یادە كە ماوەی پیشو چەندین جار وەڤدی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدای دەكرد بۆ گفتوگۆ لەسەر پارەو بودجە. وەڤدەكە ئەوەندە زوو زوو دەچونە بەغدا وای لێهاتبوو پێیان دەگوتن ، تكایە تا ئاگادارتان نەكەینەوە مەیەنەوە بۆ بەغدا. بۆ ئەمەیان سەرۆكی وەڤد كاك قوباد بوو. دیار بوو زۆریشی لاگرنگ بوو كە كراوە بە سەرۆكی وەڤد. بەڵام ئەگەر پارتی بیزانیایە خێری بۆ خۆی تێدایە ، هەرگیزكاك قوبادیان نەدەكرد بەسەرۆكی وەڤد. دیارە حكومەتی بەغدا دیقە دیقەی بە وەڤدی هەرێم دەكرد. ئەوەیان لە بیر مابوو كە كاتی خۆی نێچیر بارزانی دەیگوت بەغدا پارەی نەماوەو ئیفلاسی كردوە.
كە وەڤدەكە دەگەڕایەوە و بۆ كاك مەسرۆریان باس دەكرد ڕازی نەدەبوو بە مەرجەكانی بەغدا. دواجار كە ناچار بون و هیچ ڕێگایەكی تر نەما لەبەر دەمیان هەر بەو مەرجانە ڕازی بون كە لە كۆبونەوەكانی پێشو حكومەتی بەغدا ڕازامەندی دەربڕیبو. بەڵام مەسرور بارزانی هەموو ڕەنج و ماندوبونەكی كاكە قوبادی كرد بە هی خۆیی و تەلەفونی بۆ مستەفا كازمی كرد كە ڕازین بە مەرجەكانی ئێستای بەغدا.
دوای ئەوە كرا بە هەڵڵاو گوایە ئەوەی ئەو وەڤدە بە چەندین جار كۆبونەوە نەیان توانی ئەنجامی بدەن و بگەنە ڕێكەوتن ، بەڵام كاك مەسرور بە یەك تەلەفۆن جێ بەجێی كرد. سەیركەن چۆن لیرەشدا كڵاویانكردە سەری كاك قوبادی زۆر گوناح.ئەگەر كاك قوباد كەسێكی شارەزای سیاسەت و فرت و فێل بوایە هەر نەدەبوو بچێتە ژێر ئەوەی ببیتَە سەرۆكی وەڤد و بچێتە بەغداو خۆی بكات بە خاوەنی ئەو كارەساتانەی كە پارتی بەسەر ئەم میللەتەی هێناوە.
هیوادارم چیتر كاك قوباد نەچێتەوە بۆ بەغدا بۆ قسەكردن لەسەر بودجە و بە پارتی بڵێن : فەرمون چۆنتان وێران كردوە ئاواش چاكی بكەنەوە. بەڵام وەكو باس دەكرێت وەڤدەكە بە سەرۆكایەتی كاك قوباد دەچێتەوە بۆ بەغداو كە چەلەحانیەكەی تەواو كرد ، بۆئیمزا كردنی بڕیاری كۆتایی كاك مەسرور دەچێت و سەركەوتنەكە دەكات بە هی خۆی.
سێیەم : لە دوای ڕاپەڕێن و ئەو كاتەی سێ پارێزگای هەرێمی كوردستان وەكو ناوچەی دژە فڕین دیاریكران ، فڕانسۆ میتران سەرۆكی ئەوكاتەی فەڕەنساو زۆر دۆستی كورد بوو. داوای وەڤدێكی كوردی كرد سەردانی فەڕەنسا بكەن. كە وەڤدەكەدەچنە فەڕەنسا پێشنیاری ئەوەیان بۆ دەكەن كە هەوڵ دەدەن كەركوكیش بخنە ناوچەی دژە فڕینی فڕۆكە جەنگییەكانی بەعس و هێزێكی تایبەتی پۆلیسیش بۆ ئیدارەدانی شارەكە دروست بكەن. ئەوەش بە مانای ئەوە دەهات هێواش هێواش كەركوكیش بخەنە سەر هەرێمی كوردستان. ئەگەر كورد سیاسەتی بزانیایە ئەوە هەنگاوی یەكەم دەبوو بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بە كەركوكیشەوە بە تەواوی سەر بەخۆ بێت.
هەر كە كۆبونەوەكە تەواو دەبێت و وەڤدەكە دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان ، هوشیار زێباری لە توركیا لادەدات و دەچێتە لای بەرپرسانی تورك و لە هەموو ناوەرۆكی كۆبونەوەكە ئاگاداریان دەكەنەوە. ئەوكات توركیا دەیكاتە هاوار و عێراقیشی لێ‌ ئاگادار دەكەنەوەو ئەو پرۆِژە گرنگەی فەڕەنسا بۆ كورد لە بار دەبەن.
چوارەم: كاك نەوشیروان یادی بەخێر بۆی گێراینەوە و وتی بەرپرسە فەڕەنسیەكان ئامادەیی خۆیان نیشاندا كە باشترین كەسانی شارەزا لە بواری یاساو كاری پەڕلەمانێدامان بۆ بنێرن بۆ نوسینەوەی دەستور بۆ ئەوەی كاتێك لەگەڵ بەغدا ڕێكەوتن دەكەین و دەقە یاساییەكان دەنوسرێنەوە توشی هەڵە نەبین و بزانین داوای چی دەكەین. لە درێژەی قسەكانیدا وتی : پارتی ڕازی نەبوو لە ترسی ئەوەی بەغدا لێیان عاجز نەبێت.
پێنجەم: هەموشتان لە بیرتان ماوە چۆن لە خولی یەكەمی پەڕلەماندا پارتی ڕازی نەبوو داوای فیدڕاڵی بكەین و ئەوان هەر سوور بون لەسەر حوكمی زاتی. ئەمانە كۆمەڵێك پرسی گرنگن و بەپێویستم زانین بیرتان بهێنمەوە. سەیری ئێستای پارتیش بكەن ، لە لایەك ڕاپرسی ئەنجام دەدەن بۆ سەربەخۆیی كوردستان و خۆیان كردۆتە قارەمان. هەر ئەم سەرۆكی هەرێمەی ئێستایە كاتی خۆی دەیفەرمو ئێمە ئابوری خۆمان سەربەخۆ دەكەین و نەوتی خۆمان بۆ خۆمان دەردێنین و دەیفرۆشین چونكە ناچارین ئەوە بكەین بەغدا ئیفلاسی كردوە. ئەم جارەش لە بەغدا لەبەر دەم مستەفا كازمیدا دەیفەرموو : من شانازی بە عێراقی بونی خۆمەوە دەكەم.
ئێستا كاتی ئەوەیە بپرسین : چی لە پشتی سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمەوەیە بۆ وڵاتی توركێا ؟؟.
هەموو كەسێك لە ئێمە حەقی خۆمانە گومانمان هەبێت لە سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ توركیا. حەقی خۆشمانە بپرسین بۆچی سەرۆكی هەرێم كتوپڕ دوای كۆبونەوەی لە گەڵ سەرۆكی فەڕەنسا ، گەڕایەوە بۆ هەولێر و سەفەری كرد بۆ توركیا. لەبەر ئەوەی سەرۆكی هەرێم پێشتر و لە كاتێكدا هیچ پۆستێكی حكومی نەبوە خۆیی و ئاشتی هەورامی چونە توركیاو گرێبەستی نەوت و غازی لە گەڵ توركیا بۆ ماوەی 50 ساڵ مۆر كردوە. نێچیر بارزانی هەرێمی كوردستانی توشی قەیرانی دارایی وئیفلاسبون كردۆتەوە. مەترسی لەناو چونی قەوارەی هەرێمی كوردستانیشی دروست كردوە. بۆیە هەر سەفەرێك بە تەنها ئەنجامی بدات ، گوماناوی و جێگەی موتمانەی جەماوەر نابێت.
كێ ناڵێت لەم سەردانەشیدا پەندێكی لەوە خراپترمان پێ نادات ، كارەساتێكی گەورەی ترمان بەسەر دا ناهێنێت.لەوانەیە كارێك بكات بە حسابی خۆی هەڵەی پێشوی چاك بكاتەوە ، بەڵام خرابتریشی بكات. باشە بۆچی سەفەری كردوە ، ئایا پرسی بە پەڕلەمان كردوە ، ئایا سەردانەكەی حیزبییە ، بنەماڵەییە ، یان حكومییە ؟؟ ئەمانە هەموو پرسیارن و وەڵامیان دەوێت و نابێ وەكو مۆركردنی گرێبەستی 50 ساڵەی نەوت و غاز تێپەڕێت و كەس نەزانێت. ماوەتەوە ئەوەی بۆچونی خۆم دەربڕم لەسەر ئامانجی سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ توركیا:
یەكەم : نێچیر بارزانی پەیوەندی شەخسی باشی لەگەڵ بەرپرسانی تورك هەیە و لە هەمان كاتیشدا مامەلەی بازرگانی زۆر گەورەشی لەگەڵ توركیا هەیە ، بۆیە خۆی بە دۆستی بەرپرسانی تورك دەزانێت ، لەوانەیە هەندی زانیاری گرینگی لە كاتی كۆبونەوەكەدا لە پەناوە دەست كەوتبێت و پەیوەندی بە توركیاوە هەبوبێت و بیەوێت بەرپرسانی توركیا ئاگادار بكاتەوە بۆ ئەوەی زیاتر ببێتە جێگای متمانەیان.
دووەم :لەوانەیە بەرپرسانی توركیا خۆیان داویان لی َكردبێت سەردانی توركیا بكات و بیانەوێت زانیاری وردیان دەسكەوێت لە بارەی كۆبونەوەكەوە چونكە خۆیان دەزانن پەیوەندییان لەگەڵ مستەفا كازمی باش نییە.
سێیەم :لەوانەیە بۆ قسەكردن بێت لەسەر پرسی پەكەكە. كێ ناَڵێت توركیا بڕیاری نەدابێت پەلاماری قەندیل نەداو داوای هاوكاریش لە پارتی بكەن.
چوارەم : ئەی بۆچی بۆ مەبەستی هەڕەشە كردن نەبێت لەپارتی و ئاگاداریان بكەنەوە لەوەی نەبنە پاڵپشتی كازمی.
پێنجەم : بە دووریش نازانرێت سەرۆكی هەرێم خەرێكی ئێمزاكردنی گرێبەستێكی تر بێت و وەعدیان بداتی ئەگەر هەرێمی كوردستانی عێراق داگیر بكەن و ئەوان بكەنە حاكمی هەرێم، ئامادەن پاڵ پشتییان بكەن.
ئەمانەی كە من نوسیومن هەمویان ئەگەرن و پرسیارن. هەتا ئەو كاتەی بنەماڵەی بارزانی ئاوا بە نەهێنی پەیوەندی لەگەڵ ئەم وڵات و ئەو وڵات ، ئەم تاقم و ئەو تاقم ، ئەم كەس و ئەو كەس ببەستن و كەسی لێ‌ ئاگادار نەكەنەوەو هەر خۆیان بیزانن ، گومانەكانیش هەر بەردەوام دەبن. هیوادارم سەردانەكەی ئەم جارەی سەرۆكی هەرێم بۆ زیان گەیاندن نەبێت بە هەرێمی كوردستان.
هیوادارم هەردوو جێگرەكەشی بێدەنگ نەبن و لە گەڕانەوەیدا داوی لێ بكەن هۆكاری سەفەرەكەی بۆ توركیا بۆ پەڕلەمان و ڕای گشتی ڕون بكاتەوە.چونكە ئەگەر ئەنجامێكی خراپی هەبێ ، ئەوان وەكو نوێنەری دوو خیزبی بەشداری حكومەت ، ڕوبەڕوی بەرپرسیاریەتی دەبنەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە