کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مێژوو قسەی خۆی دەكات!

Thursday, 27/08/2020, 22:43


چۆن 3ی ئابی 2014 بۆ كوردستان, مێژووییكی جیای لە رابردووی بە دنیا بەرهەم هێنا, لە پەیوەندی نێوان موسڵمانان و ئێزیدییە كوردەكان و پێكهاتە ئاینییەكانی دی لەناو خۆی كۆمەڵگای كوردستان, ئیتر لەو مێژووە بەدواوە داگیركردنی خاك و كوشتن و كۆیلەكردنی ژنانی ئێزیدی و غەیرە موسڵمانان بۆ پیاوانی موسڵمانی كورد, پیرۆزیی و رەوایی نەما, لە ئاستی جیهانیش كوشتنی جۆرج فلۆید لە 25ی ئایاری 2020 لە شاری مینیابۆلیسی ئەمریكا, مێژووی پێنج سەدەی رابردووی رۆژئاوای هەڵتەكاند, 25ی ئایار كودەتایەكی شۆڕشگێڕانە بوو بەسەر مێژوودا, ئەمە سەرەتایەكە بۆ پێداچونەوە بە رابردوو و هەڵسەنگاندنی نوێی پیرۆزی ورەوایەتیەكانی رابردوو, دیاردەی جۆرج فلۆیدەكان لە كات و شوێنی جیای دنیا بەردەوام دەبن, بە كۆیانەوە مێژوویەكی نوێ بۆ مرۆڤایەتی دەنووسرێتەوە, مرۆڤانەتر و راستتر بێت لەو مێژووەی كە تا ئێستا دەسەڵاتداران نوسیویانەتەوە.
ئەفلاتون و ئەرستۆ دوو ناوە گەورەكەی فەلسەفەو رۆشنبیری كۆیلەداریان پیرۆز كردووە, بۆیە دەكەونە بەر تیغی مێژووە نوێكەو رزگاریان نابێت, گاندی سەر بە چینی براهما بووەو باوەڕی بە سستەمی كاستاتی هیندۆسی هەبوو, چەندە ئاشتی خواز بێت, چڵە زەیتوونەكان چەندە سەوزو زۆر بن و بەرگی پیرۆزی براهمایی دادی نادات و دەبێت بچێتە بەر دادگاییكردنی سستەمی زاڵمانەی كاستاتی هیندۆسی, لە بالتیمۆری هەرێمی ماریلاندی ئەمەریكا خۆپیشاندەران پەیكەری كریستۆفەر كۆڵۆمبسیان شكاند و فڕێیان دایە ئۆقیانووسی ئەتەڵەسیەوە, كۆڵۆمبسێك رۆژئاوای كردە كەڵەگای جیهان, سەرچاوەی نیعمەت و خشڵ و زێڕو خاكی پان و بەرین و بەبرەكەتی تازە دۆزراو بوو بۆیان, كەچی ئەمڕۆ پەیكەرەكان وەك شێرە بەفرینە لەبەردەم نەوەی كۆیلەكان دەتوێتەوەو بێڕیزی پێ دەكرێت, تەنانەت ئاڵای ئەمەریكاش سوتێنرا لە سەردەمی دروشم و هێزی یەكەم ئەمەریكادا, وێڵسن سەرۆكی 28ەمینی ئەمەریكا, لە كاتی خۆی زۆرترین رێزو خۆشەویستی هەبوو, كەچی لە بەرواری 27-6-2020دا زانكۆی برینستۆن لە ولایەتی نیوجیرسی ئەمەریكا ناوی لەسەر بەشی پەیوەندییە نێونەتەوەییەكان هەڵگیرا, بەهۆی سیاسەتی رەگەزپەرستانەی بەرامبەر بە رەش پێستەكان, تەنانەت تاوانی راستیزم چەرچڵیشی گرتەوە, نە سەركەوتنەكانی جەنگی جیهانی دووەم و نە نۆبڵی ئەدەبەكەی فریای نەكەوت, چونكە پشتیوانی داگیركاری هیندستانی كردووە, لە شاری ئەنتۆرپنی بەلجیكاش پەیكەری لیبۆلدی دووەم لادرا, كە لە ساڵانی 1865 بۆ 1909 حوكمی وڵاتی كرد, چونكە لە نێوان ساڵانی 1885 بۆ 1909 زیاتر لە 10 بۆ 15 ملیۆن كۆنگۆیی لە ماوەی دەسەڵاتیدا كوژران, پەیكەرەكەی بە پەیكەری یاریچیەكی ناوداری شارەكە بەناوی تۆبی ئەلدرۆیلد گۆڕایەوە, بەم شێوەیە لە زۆر وڵات وەك رمانی پولی دۆمینە, پەیكەرو ناوی لایەنگرانی سستەمی كۆیلایەتی و راسستەكان داڕمان,هێشتا ناوێكی زۆری دی ماوە, بە چاوی سوكەوە سەیری رەش پێستەكانیان لە قالبی ئاینیدا كردووە, بچنە ئەو فەرهەنگە نەفرەتییەوە, هاوكات هەموو هێمكانی حكومەتی كۆنفدرالی باشوری ئەمەریكا كەوتنە لادران, چونكە دژ بە هەڵوەشاندنەوەی سستەمی كۆیلەدری بوون لە ساڵی 1861 دا, ئاڵای كۆنفدراڵی لە ولایەتەكانی باشور هەموو داگرتران, ئەمە بە پراتیك نووسینەوەیەكی نوێی مرۆڤانەی مێژوو بوو, نەك وەك ئەوەی ترامپ وتی" وێران كردنی مێژوو", لە ئیسپانیاش فرانكۆ لە گۆڕستانی دۆڵی شەهیدان رفاتەكەی دەركرا, سەرۆكی فەڕەنساش دەستخۆشی لە تانەر ئەكچام مێژووناسی تورك كرد كە لە پەرتوكێكدا بە بەڵگەوە سەلماندویەتی دەوڵەتی عوسمانی فەرمانی دابوو بە جینۆسایدی ئەرمەنەكان, تانێر ئەكشام ئەو لە پەرتوكەكەیدا فەرمان و بڕیارەكانی عوسمانی بۆ ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی بڵاو كردەوە, وەك سەلماندنی ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی بە نەخشە لە لایەن دەوڵەتەوە,ئەم شێوە نووسینەوە مرۆڤانەیەی مێژوو دەبێتە رێبازو قوتابخانەی داهاتوو, تەواوی ئەفسانە پیرۆزەكانیش نەك تەنها مێژووە دەستكردەكانی چینە باڵادەستەكان رادەماڵێت, ئێمەش دەبینە بەشێك لەو قوتابخانە مرۆییەی مێژوو, بۆیە چەندە زوو پێی بگەین, زووتر مێژوو رزگار دەكەین .
لەم روانگەیەوە وەك بەشێك لە خێزانی مرۆڤایەتی, دەتوانین مێژوویەكی نوێ بۆ كوردستان بنووسینەوە, لە سەرەتاوە بە دیدێكی مرۆیانە بڕوانینە كارو كردەوەی بزوێنەرانی ئەو مێژووە, كە خۆی لە ئەكتەرە چالاكەكانی كۆمەڵگا كە بە سەركردە سیاسییەكان ناو نراون , چۆن ولسن و كۆڵۆمبس و چەرچڵ و فرانكۆ جارێكی دیكە لە دیدێكی مرۆڤانەتر لە رابردوو خوێنرانەوە, بزانین ئەم ئەكتەرانەی كوردیش پەپولە بوونە یان تاوانكار؟, لێرەوە دور لە سۆز بۆی بچین, بە حەقیقەتی خۆیانەوە تەسلیم مێژوویان بكەین, تا ئەم حەقیقەتە دەرنەخەین, ئەوا مێژوو زوڵم لە قوربانیانیان دەكات, یاداشتە درۆیینەكانی ئەوان دەبنە حەقیقەتی مێژوویی.
تاوان یەك پێوەری هەیە, بەو پێوەرە حەقیقەتی یاساییەكەی دیاریدەكرێت و دەپێورێت لە ئاستی جیهانی, ئەگەر سزاكانیش جیاواز بن, جیاوازی ناكات لە ناسنامەی بكەر لە هەموو رووەكانەوە, گرنگ كەسی تۆمەتبار پاش ساغبونەوەی تۆمەتەكان لە سزا رزگاری نەبێت, لێرەدا دوو نموونە دێنمەوە, لەسەر نەبوونی جیاوازی لە نێوان پێگەی تۆمەتبار لە هەمبەر دەسەڵات, ئەگەر دەسەڵات نەفرەت لێكراویش بێت بۆ وڵاتانی باڵادەستی جیهانی " هاشم تاجی سەرۆك پێشوی كۆسۆفۆ و سەرۆكی سوپای رزگاری كۆسۆفۆ, رابەرایەتی خەباتی چەكداری گەلی كۆسۆفۆی كرد, بۆ گەیشتن بەوەی پێی گەیشتن, تۆمەتی تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی بەرەو رویكرایەوە, كە خۆی لە 10 جۆرە تاوان دەبینێتەوە, كوشتن, بێسەرو شوێنكردن, چەوساندنەوەو ئەشكەنجە, هەنووكە چاوەڕوانی دادگاییكردنەو لە پۆستەكانی دور خراوەتەوە, نموونەی دووەم لە ڕۆژی دووشەممە 18-5-2009 بەحر ئیدریس ئەبوقردە, سەرۆكی بەرەی بەرگری یەكگرتووی دارفۆر ئامادەی بەردەم دادگا بوو لە شاری لاهای هۆڵەندا, ناوبراو لەگەڵ دوو سەركردەی دارفۆری دیكە كە تا ئێستا ناوەكانیان ئاشكرا نەكراوە لە لایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتیەوە" ئای سی سی" تۆمەتبار كران بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ بە پەلاماردانی هێزەكانی ئاشتی پارێزی سەر بە یەكێتی ئافریكا لە دارفۆر لە ساڵی 2007, كە لەو پەلامارەدا 12 كەس لە هێزەكانی ئاشتی پارێز گیانیان بەختكردووە, لە تشرینی دووەمی ساڵی 2008, داواكاری گشتی لوریس مۆرینۆ ئۆكامبۆ بڕیاری دەستگیر كردنی سیان لە سەركردە سەربازیەكانی دارفۆری دەركرد بە تاوانی هێرشی ناوبراو , كە هێرشی بۆ سەر هێزەكانی ئاشتی پارێزیان بە تاوانی گەورە ناوزەد كرد, دواتر قردە بێ تاوان دەرچوو , ئازایانە هاتەبەردەم دادگا, مەبەست لەم دوو نموونەیە جیاوازی نەكردە لە نێوان بەرهەڵستكاری حكومەت لە سزای تاوان, لە هەردوو وڵاتەكە سەرۆك كۆمارەكانیان لە لایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە تۆمەتبار كرابون" میلۆسۆفیج و عومەر بەشیر", كەچی ئۆپۆزسیۆنی و دەسەڵات وەك یەك مامەڵیان لەگەڵدا كراوە بەرامبەر بە گومانی تاوانەكان و دادپەروەری.
پایەی دادپەروەری جیهانی لەسەر سێ كۆڵەكە راوەستاوە, ئەوانیش بریتین لە" دادپەروەری, راستی, قەرەبووكردنەوە", دادپەروەری لە لێكۆڵینەوە لە هەموو تاوانەكان بێجیاوازی و لێپرسینەوە لە هەموو گومانلێكراوانی تاوانەكان لە دادگایەكی دادپەروەردا بێ چاوپۆشی لە كەس, كە مافەكانی هەردوولا پارێزراو بن بێ لاسەنگی, بە مەرجێك لەكۆتای پرۆسەكە تاوانبار لە سزا رزگاری نەبێت, هەرچی راستیەكانە, قوربانیەكان و كەسوكارەكانیان هەموو راستیەكان سەبارەت بە تاوانەكان كە بەرامبەریان كراوە بزانن, هاوكات دەسەڵات پێویستە هەموو راستیەكان و گوتەی هەموو لایەنەكانی تاوانەكان بە فەرمی لە كەناڵەكانی بڵاو بكاتەوە وەك راستی دانیان پێدا بنێت, دان نەنان بە راستیەكان وەك مۆتەكە وایە متمانە ناهێڵێت و حەقیقەتەكان دادەپۆشێت, لە كۆتادا قەرەبووكردنەوەی قوربانیان و خێزانەكانیان لە روی مادی و مەعنەوەیەوە بۆ سەرلەنوێ بنیات نانەوەی ژیانیان و لە بیربردنەوەی تاوانەكان بەشێكی گرنگی پرۆسەكەیە, دادپەروەری لە جیهان لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دی ناگۆڕێت, یەك پێوەری ستانداردی جیهانی هەیە بۆی, كە پایەكەی لەسەر بنەماكانی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی و جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤ و رێكەوتنامەی جنێف و مافی مرۆیی جیهانی راوەستاوە, ئیبراز كردنی كۆمەڵكوژیەك و فەرامۆش كردنی دانەیەكی تر، بە پێی هێزو فاكتی بەرژەوەندی ئەو لایەن و دەوڵەتەی لە پشتی وەستاوە, پێچەوانەی دادپەروەرییە, هاوكات كارێكی نا ئەخلاقیشە.
باسكردنی تاوانە زەقەكانی رابردووی كوردستان بەشێك نییە لە كولاندنەوەی برین وەك لایەنگرانی تاوانكاران ئاماژەی پێدەدەن, برینەكەی ئەوان لە پێناو دەرباز بوونە لە سزا, باسنەكردن و رێگا گرتن لە باسكردنی تاك بە تاكی تاوانەكان و گەڕاندنەوەی دادپەروەری بۆ خۆی بەشێكە لە تاوان و برینی راستەقینە, نەبوونی دادپەروەری برینێكی قوڵە لە جەستەی دەسەڵات, مرۆڤەكان لە كەرامەتدا یەكسانن باوەڕو پێگەی چینایەتی و پلەو پۆستیان هەرچیەك بێت, بۆیە پێویستە بێجیاوازی لە هەموو تاوانەكان رابردوو بكۆڵرێتەوە, كەرامەت بۆ قوربانیان بهێنرێتەوە, دادپەروەری دژ بە ئاشتەوایی نییە, بەڵكە ئەوە ئاشتەواوی كۆمەڵایەتییە بێ دادپەروەر نایاتە دی, نرخی مرۆڤەكان و سزای تاوانەكان لەسەر بنچینەی ئینتمای سیاسی و ناوچەیی دیاری ناكرێن, بەڵكە هەموو لەهەمبەر یاساو دادوەریدا یەكسانن, هیچ كەسێك لەوانەی لە تاوانەكاندا دەستیان هەبووە لە لێكۆڵینەوەكان بەدەر ناكرێن, بەهۆی پۆستی سیاسی و حیزبیەوە, رابردوو لەسەر شانۆی هەنووكەیە, تاوانەكان ناسڕێنەوە بەهۆی پۆست و پارێزبەندی سیاسیەوە, دەبێت دادپەروەری بۆ قوربانیان بگەڕێتەوە, هەر كەسێك بێت قوربانی, حەرامیش نییە و بگرە ئەركی چالاكوانانی مافی مرۆڤە بێجیاوازی لە نێوان بكەرەكان و پێگەی سیاسی و جەماوەری ئێستایان دۆسیەكان بجوڵێنن, لێ بەش بەشكردنی تاوان كارێكی نا ئەخلاقییە, نابێت هیچ لاپەڕەیەكی تاوانی رابردوو لە تاریكیدا بمێنێتەوە, لە كاتێكدا مێژووی 6 دەیەی رابردوومان تژییە لە تاوانی زەقی سیاسیەكان تا ئاستی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جینۆسایدیش لە هەندێك كاتدا, بەڵكە كارەسات لە شاردنەوەی برینە بەناوی نەكولانەوە, وە درێژكردنەوەی تەمەنی برینەكانە تا ئاستی شێر پەنجە و مەرگ, وەك یاسای نێو دەوڵەتی دیاریكردوە تاوانە زەقەكان كات و شوێن نابێتە رێگر لەبەردەم داواكردنی سزادانی بڕیاردەران, بكەران و هاندەرانی, هاوكات مانەوەی برین و چارەسەرنەكردنی نەخۆشیەكە یانی بەردەوامی دان بە مانەوەی برین و بەرداوامیدان بە كولانەوەو پەروەردە كردنی میكرۆبی زیان بەخش لە جەستەی گەلدا, كەسی تاوانكار هەڵگری میكرۆب و ڤایرۆسی كوشندەی تاوانە, چونكە تا برین بوونی هەبێت لە جەستەدا كولانەوەش بەردەوام دەبێت, هاوكات گوزارشتیشە لە نەخۆشی جەستە, جەستە بۆ خۆی برینی كوشندەی تێدا نەبێت, كولانەوە بوونی نابێت, كولانەوەو برین جوتەن, بێ یەكتری هەڵناكەن, باشترین رێگا چارەسەركردنی برینە لە رێگای دادپەروەرییەوە, بوونی برین دەریدەخات مرۆڤەكە تەندروست نییەو توانای گەشەی نییەو بەرەو مەرگ دەڕوات, وە چارەسەری ئەمەش لای خەڵكی نییە, بەڵكە لای دادپەروەرییە,چەپڵە تاوان ناسڕێتەوە, تەنها دادوەری دەیسڕێتەوە, دورینەوەی دەمەكان و هەڕەشەی باسنەكردنی نەخۆشیەكە چارەسەر نییە, بەڵكەچارەسەر لای سزادانی ئەو كەسەیە تاوانی ئەنجامداوەو برینی تاوان لە جەستەیایەتی و هەڵگری ڤایرۆسی تاوانە, نابێت بوونی چەند تاوانكارێك ببێتە هۆی نەخۆشی گەلێك, باشترین چارەسەر بڕینەوەی نەخۆشیەكەیەو لە بنەڕەتەوە دەرهێنانێتی, كە خۆی لە دادگایی یاخود لە نەرمترین شێوەیدا لێبوردەیدا دەبینێتەوە, لێبوردەییش لە نەرمترین شێوازیدا بێبەری نییە لەوەی تاوانكار وەك خۆی كە تاوانكارە نیشان بدرێت لە كۆمەڵگادا و دان بە راستیەكاندا بنێت و داوای لێبوردن بكات, لێبوردەیی لە نەرمترین شێوازیدا هەموو ئەم پرۆسانەی لە گەڵدایە, دان نان بە تاوان و داوای لێبوردن و بڵاوكردنەوەی هەمووو راستییەكان, ئەگەر قوربانی ژیانی لێ سەندرابێتەوە, ئەگەر كەسوكارەكەی دادوەرییان بۆ نەگەڕابێتەوە, تاوانكار لە پێگەی تاوانبارییەوە دانی بەراستیەكاندا نەنابێت و داوای لێبوردنی نەكردبێت, ئەوە تاوانكار بەردەوام لەبەردەم چەقۆی گەڕاندنەوەی دادپەروەری و سزا داندا دەبێت, كە ئەمەش كەمترین هەنگاوە بنرێت, بە مردنیش ئەم تارماییە لە كۆڵی نابێتەوە, چونكە دادپەروەری هەر دەگات بە راستیەكان و لە مێژوودا وەك ئەوەی هەیە تۆمار دەكرێت, وێڕای ئازاری ویژدان و دەرونی, تاوانكار خۆی دەزانێت چەپڵەی لایەنگرانی نەزان چەندە زۆر بێت, پیاهەڵدانی گەمژەكان تژی بێت و كۆمەڵگای داگرتبێت, هێزی زەبلاحی هەبێت, هژمۆنیا لە قوڵایی ئاسماندا بێت, تاوان ناسڕیتەوە, بچوكە لە ئاست قوربانییەكی بێدەسەڵاتدا, بەردەوام تارمایی تاوانەكە راوی دەنێن, حەقیقەت بە دوای وەڵام نەدراوەكاندا دەگەڕێت, تەنها بە پیادەكردنی دادپەروەری و گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەنەكەی و وەرگرتنی سزاو و قەربوكردنەوەی قوربانیان وكەسوكارەكانیان و دان نان بە هەقیقەت چ وەك چۆنیەتی تاوانەكە وە چ وەك حەقیقەتە یاسایەكە و داوای لێبوردن كردن لە قوربانیان و زیانلێكەتووان ئازارەكە سوك دەبێت نەك كۆتایی پێ بێت, كۆتایی هاتن نییە لە روی تۆماری مێژوو لە سیڤی كەسی تاوانباردا, تاوان هەقی بەسەر ئەوەوە نییە كێ ئەنجامی داوە, پێگەی چییە لە ئێستادا و چی دەكات لە داهاتوودا, بەڵكە هەقی بەسەر كردەوەكانی رابردوەوە هەیە, تاوان كاری رابردوون, وەلێ سزاكەیان كاری ئایندەیە, كەسێك ببێتە بكەری تاوان ئەوا تاوانبارە ئیتر هەر كێیەك بێت, لەگەڵ كردارەكەدا نازناوەكە هەڵدەگریت, ئینكاری تاوان و پیرۆز كردنی تاوانبار بۆخۆی بەشێكە لە تاوان, هەنگاوی یەكەمی چەسپاندنی حوكمی یاسا لەهەر وڵاتێكدا سەرەتا بە دادگاییكردنی ئەمانە دەست پێ دەكات, نەك ئەمانە لە دەرەوەی دادوەری بن و ئاڵای یاساخوازی بەرز بكەنەوە, دادوەری ئیستسنائی تێدا نییە, كەس لە دەرەوەی بازنەكەی نییە, پارێزبەندی نادات بەكەس, خۆ هیتلەر لە وڵاتی فەیلەسوفاندا جەماوەریترین كەس بوو, بینۆتشەو سەدام حوسێن خەڵك سەرەتا دەیان ویستن, وڵاتەكانیان پێش خست, غۆنتر غراس نۆبڵی وەرگرت, وەلێ لایەنگری لە نازی لە قۆناغی لاویدا لە بیر نەكرا, كەسیش ناتوانێت لەژێر پەردەی حیزب و حكومەت و شەڕدا تاوانەكان خۆی بشارێتەوە, بە پێی پرنسیب و یاساكانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و دادگا جیهانیەكان كەس تاوانبارە نەك حیزب و حكومەتەكان, بەرپرسیارێتی تاوان لە ئەستۆی تاكە,بۆیە كەس ناتوانێت لە ژێر ئەو پەردانە خۆی بشارێتەوە, لە دارفۆر عومەر بەشیر لە پاڵ ئەحمەد هارون وەزیری ناوخۆو عەلی محەمەد عەلی فەرماندەی جانجوید تاوانبارن نەك سودان و پارتی كۆنگرەی گەل, نموونە لەم بوارەدا زۆرن, هەموو كەیسەكانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بەم پێوەرەن, بۆیە ئەوانەی لە رابردوو لە كوردستان تاوانیان ئەنجامداوە كەسەكانن نەك پارتەكان"بڕیار دەران, بانگەشەكەران و هاندەران"راگەیاندن كاران", جێبەجێكاران", دیاریكردنی ئەمانەش لە رێگای تۆمەت بەخشینەوە نابێت, بەڵكە لە رێگای لێكۆڵینەوەو دادگاییكردنەوە دەبێت, رێگریكردنیش لە دادگاییكردن ئەویش بۆخۆی تاوانە, دادگاییكردن وەك كوشتنی رەحیم وایە, ئازاری نەخۆش كەمەكاتەوە, كەسی تاوانبار هەمیشە ئازاری دەروونی هەیە, پێویستە لە رێگای دادگاو سزاوە رزگار بكرێت لەو ئازارە دەرونییە, تا ئەمانە سزا نەدرێن لە دادگادا و قەربوی بنەماڵەی قوربانیان نەكرێتەوە, روفاتی قوربانیان نەدرێتەوە بە بنەماڵەكانیان, مۆنمێنتی یاداوەریان بۆ دروست نەكرێت, دادپەروەری ناگەڕێتەوەو برینەكانیش بێ چارەسەر هەر دەمێنێتەوەو بەردەوام دەبن لە كولاندنەوەو ئازارەكان لە گەڵ تەمەندا دێن, روحی تاوانەكان هەمیشە وەك مۆتە بەسەریانەوەیە وەك تارمایی دەمێنێتەوە, كۆمەڵگاش بە دەم ئەم برینە ئەبەدیانەوە دەتلێتەوە, بە پێی كات سزای تاوان و تاوانكار ناگۆڕێت, چونكە تاوانەكان ئەوانەی رویانداوە لە رابردوو و بەردەوامیشە تا ئاستی تاوانە گەورە جیهانیەكان دەڕۆن, ئەوانەی لە خەمی نەكولاندنەوەی برینەكاندان پێویستە داوای زوو جێبەجێكردنی دادپەروەری بكەن نەك شاردنەوەی, دەبێت تاوانباران دان بە رابردووی خۆیاندا بنێن, دادپەروەری بۆ قوربانیان بگەڕێتەوە, بە رێگا گرتن لە دەربازبوون لە سزا, تا دادپەروەری نەگەڕێتەوە بۆ تاوانەكانی رابردوو, ناتوانین دوا رۆژی باشتر بەدی بێنین, تا یاسا نەبێتە هێڵی جیاكەرەوەی تاوانكار و قوربانی, ئەوا ئاشتەوایی بەدی نایات, دادوەری دادپەروەر, دادوەرە لە نێوان قوربانی و تاوانكاردا, ئەوە سنوریان جیا دەكاتەوە, نەك پۆست و دەسەڵات و هێزو باوەڕی سیاسی, بێلایەنكردنی دادگاكان و داماڵینیان لە هەژموونی سیاسەت، كەڵتوورو بەهێزكردنی داواكاری گشتی هەنگاوی یەكەمە لەو بوارەدا,كەواتە با بەفلاش باكی گومانەوە بگەڕێنەوە بۆ دواوە, كۆمەڵگا لەو درم و ڤایرۆسە پاك بكەینەوە, كە بۆتە هۆی فێڵكردن لە مێژوو.
لە هەموو بارگرژیەك لە نێوان لایەنەكان وەك ئاگر بەردان لە پەرێز, دۆسیەكان رابردوو كڵپە دەسێنێتەوەو تاوانەكان زەق دەبنەوەو دێنەوە مەیدان, تارمایەكەی بەردەوام بەسەر كۆمەڵگاوە دەبێت, وتەی هەموو لایەنەكانیش بەرامبەر نەیارەكانیان لە ژماردنی تاوانەكانیان لە راستیەوە نزیكەو حەقیقەتێك هەیە لە ئەنجامدانی, تا دادگا یەكلای دەكاتەوە, ئەوا هەر مۆتەكەی بە راستی دەمێنێتەوە, تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانیش زیاتر خەڵك لە ناوەڕۆكەكانی ئاگادار دەكاتەوەو هیچ بەهانەیەك بۆ هیچ كەسێك, لە ژێر هەر ئاڵایەكدا بێت نییە بۆ ئەنجامدانی تاوان, چونكە یاسا ودادپەروەری لەو چركە ساتانە كۆتاییان نایات كە بەهانەی تاوان دێنە پێشەوە لە شەڕو ململانێی سیاسی, بەڵكە لەو چركە ساتانە چاوەكانی تیژتر دەبن, لە هیچ بارودۆخێكدا مرۆڤەكان دەست كراوە نین بۆ ئەنجامدانی تاوان, ئەگەر هەڕەشەشی لەسەر بێت و لایەنی بەرامەریش پەلاماردەرو هەڵەو تاوانباریش بێت تا ئاستی خیانەت وەك خۆیان ئاماژەی پێ دەدەن, هەموو لایەنەكانی شەڕ دەبێت ڕێز لە یاسای نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ بگرن, بە پێی پەیماننامە نێودەوڵەتیەكان مامەڵە بكەن, دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بە یەك ئاست لەبەرامبەر لێپرسینەودان, كە چویتە شاخ, یان چەكت بەناوی بزاڤی نەتەوایەتیەوە هەڵگرت, یان نەیارەكەت دڕندەو بێزلێكراو بوو لە ئاستی جیهانی , یان و یان, رێگا بە تۆ نادات, لە دەرەوەی پرنسیبەكان تاوانی قەرەقوشیانە ئەنجام بدەیت, لە كوشتنی دەرەوی دادگا, تیرۆر, ئەشكەنجە, كوشتنی دیل, ئەشكەنجە دانی هاوڵاتیان, بە بارمتەگرتنی هاووڵاتیان لە كاتی شەڕی ناو لادێ, شوێنبزركردن, چەكداركردنی منداڵان, ڕفاندن و كوشتنی هەڕەمەكی, نرخ دانەنان بۆ ژیانی مەدەنیەكان، هێرشی مەرگهێنەرانە‌ لە ناوچەكانی دانیشتوان كە خەڵك تیایاندا كوژراون و برینداركرون, كردنی وڵات بە نێوجەرگەی شەڕی وڵاتان, رێگا گرتن لە دەرباز بوونی خەڵك لە ناوچەكانی شەڕ, رێزنەگرتن لە سەروەت و سامانی خەڵكی, نە پاراستنی كەرامەتی هاووڵاتیان و .........وەك دەبینین لە رابردوو كوشتنی نەیار شۆڕشگێڕی بوو, خوێنڕشتن قارەمانێتی بوبێت, ئێستا مرۆڤەكان خۆیانی لێ بێبەری دەكەن, ئەگەر چی ئەمانە نەك راستیەكان بڵاو ناكەنەوە, وە دەرگای دادوەریان داخستووە, تەنانەت ئامادە نین بچوكترین هەنگاو كە دان نان بە تاوانەكان و داوای لێبوردن كردنە بنێن, تەنانەت هیچ سیاسیەك و بەرپرسێك لە وتەیەكی نابەجێ و كردەیەكی بەدی خۆی پەشیمان نییە و بەرپرسیارێتی هیچ دەرئەنجامێكی خراپیشی هەڵناگرێت كە لە رابردوو ئەنجامیان داوە, ئەوان وشیاری پەشیمانیان نییە, پەشیمانی و داوای لێبوردن كردن بە نەنگی دەزانن لە كاتێكدا لە روی بانگەشەی سیاسیەوە ئیدعای مەدەنیەت دەكەن, لە كاتێكدا پەشیمانی و داوای لێبوردنكردن ئەخلاق و بەرپرسیارێتیە نەك بەرامبەر رابردوو, بگرە بۆ داهاتووش, بۆ دوبارە نەبوونەوەی تاوانەكان, شەرمكردن لە تاوان و هەستكردن بە گوناح بەشێكن لە هەستكردن بە مرۆڤ بوون, ئەگەر تاوان وەك حەرامی كۆمەڵایەتی بكرێتە كلتور, ئیتر ئەم ملهوڕییە جێگایان لە كۆمەڵگادا نامێنێت, دەبێت لەو قۆناغە دەرچین داوای لێبورد كردن كفری سیاسی بێت, دەبێت بكرێتە بەشێك لە سیاسەتی باو, كلتوری باو, سەردەمی پیرۆز ناساندنی دڕندەیی تۆقێنەر بەسەر چووە, ئاڵای دادپەروری و لێبوردەیی جێگای دڕندەیی گرتۆتەوە.
دۆسیەكان پێویستی بە لێكۆڵینەوەی سەربەخۆو دادگای بەهێز هەیە بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدات, هەر كەچووە دادگاوە, دوای ئەوەی بە تۆمەتەكانی بەسەردا ساغبووەوە, دوای سەلماندن و بە بەڵگەكردنی رووداوەكان ئەوا دەبێتە بەشێك لە مێژوو, ئەوجا پێویستە رووداوەكان بەزمانی بێلایەنی و بە شێوەی زانستی بنووسرێتەوە, بۆ ئەوەی جارێكی دیكە نەوەكانی داهاتوو ناچار نەبنەوە دەستكاری مێژوو بكەنەوە.
ئەوان بۆ نەمركردن و جوانكردن و رەوایەتیدان بە خۆیان, هەموو مێژوویەكیان تەزویر كردووە,یاداشتەكانیان پچڕ پچڕە, وێڕای بەسەرهاتی تاوانەكان, ناو, شوێن ساڵ و رۆژی لە دایك بوون و مردنیش, خێڵ و عەشیرەت, هەمووشی بە پیرۆز دەزانن, دەست لێدانیشی قەبوڵ ناكەن, بۆیە دەبێت سومبلە پیرۆزەكان هەڵتەكێنرێن و هەموو مێژووەكان سەر لە نوێ بنووسرێنەوە, هەندێك خراپ باشە بن, هەندێك باشیش خراپە بن لە داهاتوودا, هەندێك ئازایەتی ئەمڕۆ سبەی دەبنە تاوان, هەندێك تاوانی ئەمڕۆش دەبنە چرای ژیانی داهاتوو, كاتێك مێژوو و رەوایەتی لە دیلی ئایدۆلۆجیا و ئەفسانەی نەتەوایەتی و ئاینی رزگاریان دەبێت, ئەوكات پێویستمان بە مێژوویەكی نوێ دەبێت, بە ئازاد بوونی مێژوو لە كۆت و بەندی فەرمانڕەوایان و پیرۆزی و ئایدۆلۆژیا, ئیتر سەرتاپای ئەو مێژووە دەگۆڕێت دەسەڵاتداران و خاوەند ئایدۆلۆژی و ئاینەكان بۆ بە پیرۆز كردنی مێژوییەكەیان نووسیویانە, مێژوییەك قسە كردن لەسەری ببوە كفر, ئێستا دەبێت مێژوو لە روانگەی بەها دادپەروەریەكان ئازاد بكرێت, مێژوو لە پیشەسازییەوە بكرێتە حەقیقەت, لە ویستی دەسەڵاتداران و بەرژەوەندییانەوە بكرێتە نوسینەوەی راستیەكانی هەناوی كۆمەڵگا, بنچینەی فەلسەفەی مێژوو بریتیە لە پشكنین و گەڕان بەدوای دوو وەڵامدا, كەی و چۆن رویاندا؟, كێ و لە كوێ ؟,مێژوو پڕە لە درۆی كەسانی تاوانبار و دزو ترسنۆك و بوغزاوی ئەژدیها ئاسای فێڵباز, مرۆڤ لەو رۆژەوەی لە دایك دەبێت مێژووەكەی دەست پێدەكات، بە چاك و خراپیەوە, نابێت كەرت كەرت بكرێن, مێژوو ئاوێنەی هەموو كردارەكانیەتی, بە ئارەزووی خۆی و هەواداران نانوسرێتەوە, بەڵكە كردارەكان وشەكان كە پێكهاتەی مێژووەكەن دیاریدەكەن, هاوكات مێژووی دوێنێ لەمرۆ جیاناكرێتەوە, هەموو پێكەوە یەكەیەكی دانەبڕون, نابێت مێژوو پیرۆز نیشان بدرێت, دەبێت پیرۆزیی لێ وەربگرترێتەوە, تەنانەت پیرۆزی لە ئەفسانەكانیش وەربگرترێتەوە, رەوایەتی پێ بدرێت و تەسلیم بە راستیەكان بكرێت.
كەواتە ئەوەی هەیە و نووسراوەو ناو نراوە مێژوو , حەقیقەتەكانی هەموو رێژەییەو لە گۆڕانە, ناتوانرێت راستیەكان تا كۆتایی بشاردرێنەوە, ئەگەر دەرگای راستیەكانی مێژووش داخرابێتن بە زەبرو ستەمكاری, لەودیو دەرگاكانەوە راستییەكان خۆیان رزگار دەكەن و سەردەردێنن.
مێژووی هەموو گەلان پڕە لە خوێن و كوشت و بڕ, زوحاك لە چاویانەوە فریشتەیە, زوحاكەكانی ئەمڕۆ زۆر زیاتر لە زوحاكە ئەفساناویەكانی مێژوو تاوانیان كردووە, لە بری ئەوەی ئەژدیهان لەسەر شانیان بڕوێت, خۆیان بونەتە ئەژدیهای حەوت سەرە, لە مێژووی نوێدا ئەژدیها ئەژدیهایە نەك پەری دەریا, كەواتە پێكەوە كار بكەین بۆ نووسینەوەی مێژوو لە بەر رۆشنایی دادوەری دادپەروەردا, پەری و ئەژدیها لەیەكتر جیابكەینەوە, پێش هەموو كارێك وەك گەلێكی ستەملێكراو پێویستمان بەو جیاكردنەوەیە هەیە, بۆ ئەوەی لە رێی ئەو ئەژدیهایانەوە نەبینە دێو.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە