کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


‌هه‌ست كردن به‌ به‌رپرسیاری له‌ شیعری (نیشتمان)ی فه‌رهاد به‌رزنجی دا

Sunday, 23/08/2020, 21:31


شیعره‌كه‌ : 

1ـ مایه‌ی شه‌رمه‌ نیشتمانم من ناتوانم وه‌ك ئه‌وان بم
له‌ ناخۆشی پشتت لێكه‌م له‌خۆشیدا چۆپی كێش بم
2ـ ئه‌وان چاویان له‌گه‌وهه‌ر و زێرو زیوی تۆ بڕیوه‌
منیش خه‌ونم به‌سه‌ربه‌ستی و ئاوه‌دانی تۆوه‌ دیوه‌
3ـ له‌لای ئه‌وان تۆ كاڵایت و هه‌ر كات ویستیان ده‌تفرۆشن
له‌لای منیش ئه‌و به‌هه‌شته‌ی رۆڵه‌ی كوردم پێت دڵخۆشن
4ـ كه‌واته‌ تۆ جێی ئومێدی هه‌زارانی وه‌كو منیت
دڵنیابه‌ رۆژێك هه‌ر دێ له‌ گه‌نده‌ڵان رزگار ببیت
--
1ـ فه‌رهاد به‌رزنجی وه‌ك ده‌نگێكی دیاری سه‌رده‌م له‌ شیعری نیشتماندا هه‌ست به‌ به‌رپرسیاری ده‌كات و دوای عه‌قڵی باوی سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵات ناكه‌وێ و به‌ته‌واوی خۆی جیاده‌كاته‌وه‌ له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه‌ نیشتمانی لای خه‌ڵكه‌كه‌ی سووك كردو خه‌ڵك ئینتیمای بۆ نیشتمانه‌كه‌ی نه‌ما.
شاعیر له‌ دێری یه‌كه‌مدا كه‌ ده‌ڵێ ناتوانم وه‌ك ئه‌وان بم و له‌ ناخۆشی پشتت تێبكه‌م و له‌ خۆشیدا چۆپی كێش بم، مه‌به‌ستی دوو به‌ره‌یه‌ ، به‌ره‌ی یه‌كه‌م به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ كه‌ نیشتمانی بۆیه‌ ده‌وێ بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نیا بۆ خۆی بێت، به‌ره‌ی دووه‌میش مه‌به‌ستی كوڕی رۆژه‌، واته‌ ئه‌وانه‌ی دوای ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ون به‌ مه‌به‌ستی سوود وه‌رگرتن، به‌ڵام سوود وه‌رگرتنێك كه‌ لێوان لێوه‌ له‌ ناحه‌قی، بۆیه‌ شاعیر ئه‌م دوو جۆر مرۆڤ و دوو جۆر به‌ره‌یه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌، دواجاریش ئه‌م دوو به‌ره‌یه‌ هه‌ر ده‌بنه‌وه‌ به‌یه‌ك به‌ره‌و هه‌ردووكیان كانیاوی نیشتمان داگیر ده‌كه‌ن.
2ـ له‌دێری دووه‌میشدا به‌هه‌مان شێوه‌ هه‌ر مه‌به‌ستی ئه‌و دوو جۆره‌ كه‌سانه‌یه‌ كه‌ چاویان له‌ سوودی مادییه‌ به‌ بێ ره‌نج و له‌سه‌ر حسابی خه‌ڵكی هه‌ژار و زۆرینه‌ی گه‌ل، به‌ڵام شاعیر خه‌ونێكی مرۆڤانه‌ی هه‌یه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ ئازادی و ئاوه‌دانی، ئه‌بێ چ خه‌ونێك و دواتر چ هه‌وڵێك له‌مه‌ جوانترو به‌رپرسیارانه‌تر هه‌بێ.
3ـ له‌لای دوو جۆر مرۆڤه‌ گه‌نده‌ڵه‌كه‌‌، نیشتمان هه‌میشه‌ وه‌ك كاڵا سه‌یر ده‌كرێ و هه‌ركاتێ ئاره‌زوویان لێبێت ده‌یفرۆشن و به‌ڵام لای شاعیر به‌هه‌شتێكه‌و زۆرینه‌ی كورد دڵیان پێخۆشه‌.
4ـ شاعیر له‌ دێری كۆتاییدا نیشتمان ده‌كات به‌ قیبله‌ی خۆی و خه‌ڵكی و ده‌ڵێ جێگای ئومێدی هه‌زارانی وه‌كو منیت، وه‌ ته‌واو گه‌شبینه‌ به‌وه‌ی كه‌ به‌ره‌ی گه‌نده‌ڵكاران رۆژێك دادێت ئاوا ببن و بچنه‌ زبڵدانی مێژووه‌.
--
جۆرج كه‌نه‌دی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكای ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی بیست له‌ دێڕێكی زێڕیندا ده‌ڵێ ( مه‌ڵێ نیشتمان چیم بۆ ده‌كات، بڵێ من چی بۆ نیشتمان ده‌كه‌م)
ئه‌گه‌ر یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری له‌ هه‌ر وڵاتێكدا هه‌بێت، ده‌بێت له‌ په‌روه‌رده‌ی هه‌موو تاكێكدا ئه‌و دێڕه‌ بوترێته‌وه‌و له‌ماڵان و شوێنه‌ گشتیه‌كاندا هه‌ڵبواسرێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ نیشتمانه‌ وزه‌و تواناو وره‌و په‌روه‌رده‌مان ده‌داتێ و ده‌بێت ئێمه‌ش بۆ ئێستاو نه‌وه‌كانی داهاتوومان نیشتمان سه‌ربخه‌ین.
به‌ڵام ئه‌و دێڕه‌ی (كه‌نه‌دی) له‌ئێستاو له‌سه‌رده‌می گه‌نده‌ڵكاراندا بۆ كوردستان ناخوات ، ته‌نها ئه‌و كاته‌ ده‌خوات كه‌ نیشتمان بكه‌وێته‌ خه‌ته‌ره‌وه‌و گه‌نده‌ڵكاران داوا له‌ جه‌ماروه‌ری دڵسۆز و راسته‌قینه‌ بكه‌ن و به‌رگری لێبكه‌ن و دێڕه‌كه‌ی هه‌ڤاڵ كوێستانییان پێ بڵێن كه‌ به‌ زمانی سه‌ركرده‌یه‌كه‌وه‌ له‌ رۆژێكی ره‌شی هه‌شتاكاندا ده‌ڵێ :(نیشتمان هه‌ر هی من نییه‌ هی ئێوه‌شه‌ ، هی هه‌مووانه‌)، بۆیه‌ كاتێك نیشتمان هی هه‌مووان ده‌بێت كه‌ له‌ ناخۆشی و خۆشیدا هی هه‌مووان بێت، نه‌ك له‌ ناخۆشیدا بۆ هه‌ژاران و له‌ خۆشیدا بۆ كه‌مینه‌یه‌كی گه‌نده‌ڵ و نابه‌رپرس و چاوچنۆك بێت، كه ته‌واوی شیعره‌كه‌ی فه‌رهاد به‌رزنجی گوزارشت له‌مه‌ ده‌كات، بۆیه‌ شیعركه‌ واقیعی سه‌رده‌می تیاچڕبۆته‌وه‌و به‌نه‌مری ده‌مێنێته‌وه‌.
هه‌روه‌ها ئه‌م شیعره‌ بۆ سروودو گۆرانی ده‌شێت و كێش و قافیه‌ی ته‌واوه‌و مۆسیقایه‌كی خۆشی هه‌یه‌و ده‌توانرێ مێرد مناڵ و هه‌رزه‌كارو گه‌وره‌ش بیڵێنه‌وه‌ و ژماره‌ بڕگه‌كانی 16 بڕگه‌یه‌، له‌دێڕی یه‌كه‌مدا پشت لێ كردن هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر پشت تێكردن بووایه‌ باشتر بوو، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ی شاعیریش هه‌ڵه‌ نییه‌ و ته‌واوه‌.
تێبینی/ شاعیر هه‌وڵده‌دات ئیملاو ڕێنووسی نوێ به‌كار بهێنێ و سه‌ركه‌وتووشه‌ تیایدا، به‌ڵام من هه‌وڵده‌ده‌م ئیملا و ڕێنووسی كۆن به‌كار بهێنم، (ئه‌مه‌ش مشتومڕی له‌ نێوان من و شاعیر و نوسه‌ری به‌ناوبانگ عوسمان محه‌مه‌د هه‌ورامی دروستكردووه‌) چونكه‌ نه‌وه‌ی ئێستا كه‌ له‌ قوتابخانه‌ ته‌نها فێری هه‌ڵبژاردنیان ده‌كه‌ن به‌هۆی سیسته‌مه‌كه‌وه‌ و نوسین كه‌مبۆته‌وه‌ و ته‌له‌به‌ ڕێنووس و نوسین به‌باشی نازانێ، بۆیه‌ منیش ناچارم وشه‌كانیان بۆ كه‌رت بكه‌م و وه‌كو فه‌رهاد به‌رزنجی و مامۆستا عوسمانیش به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ هه‌ندێ وشه‌ نه‌نوسم.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە