کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بنه‌ماكانى دروستبونى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و شكستى سیاسى

Sunday, 23/08/2020, 20:30


پرسیارى گرنگ و جه‌وهه‌رى كه‌ لێره‌دا ده‌بێ بكرێت ئه‌وه‌یه‌ ، چۆن و بۆچى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان  ئاوا به‌خێێرایی له‌دایك بوو ، هه‌ر وه‌كو كوڕى فیلم گه‌وره‌بوو ، دواجار هه‌ر به‌وخێرایه‌ش توشى پوكانه‌وه‌و له‌ناوچۆنى خێرا بوو ؟؟. هۆكاره‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى  كه‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ به‌ به‌رنانه‌  دانه‌مه‌زرێنراوه‌و  ئاماده‌كارى بۆ نه‌كراوه‌ نه‌خشه‌و پلانى بۆ دانه‌نراوه‌ ، به‌ڵكو كاردانه‌وه‌ بوه‌ . كاتى خۆى من به‌ درێژى له‌ زنجیره‌ نوسینێكمدا كه‌ له‌ 13 به‌ش خۆى ده‌بینێته‌وه‌ به‌ درێژى باسم كردوه‌ .
ئه‌و كاته‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانى تێدا دروست بوو  بۆشاییه‌كى سیاسى زۆر گه‌وره‌  له‌ گۆڕه‌پانى سیاسى هه‌رێمى كوردستان دروستببو . ناڕه‌زاییه‌كى زۆر گه‌وره‌ى جه‌ماوه‌رى به‌رامبه‌ر به‌ یه‌كێتى وپارتى هه‌بوو . یه‌كێتى و پارتى نه‌یانتوانى نمونه‌یه‌كى جوانى حوكمڕانى نیشانى خه‌ڵك بده‌ن . نه‌یان توانى نوێنه‌رایه‌تى خه‌ڵكى كوردستانبن .
له‌و كاته‌دا كه‌ خه‌ڵك زۆر له‌ یه‌كێتى و پارتى توڕه‌بون ، له‌ناو ڕیزه‌كانى یه‌كێتى نیشتمانیش كێشه‌و گرفتى زۆر گه‌وره‌ هه‌بون له‌سه‌ر چۆنیه‌تى به‌ڕێوه‌ بردنى یه‌كێتى نیشتمانى .
 له‌ ئه‌نجامدا كاك نه‌وشیروان  بڕیاریدا ڕیفۆرم له‌ناو یه‌كێتیدا بكات . بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌ستا به‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن  له‌ناو ڕێخسته‌نكانى یه‌كێتى نیشتمانى و له‌ ئه‌نجامدا سه‌ركه‌وتنى به‌ده‌ست نه‌هێناو ئه‌وه‌ش شكستێكى زۆر گه‌وره‌بوو بۆ كاك نه‌وشیروان  به‌رگه‌ى ئه‌و شكسته‌ى نه‌گرت و له‌ یه‌كێتى هاته‌ ده‌ره‌وه‌و كۆمپانیاى وشه‌ى دامه‌زراند.  ئه‌وه‌ى كه‌ زۆر گرنگه‌ هه‌موو لایه‌ك باش بیزانن كه‌ ئه‌و كاته‌ى كۆمپانیاى وشه‌ش دامه‌زرێنرا ، كه‌م تازۆر هیچ باسێك و هیچ به‌رنامه‌یه‌ك بۆ دامه‌زراندنى هیچ ڕێكخراوێكى سیاسى نه‌بوه‌ . 
به‌ڵام ناڕه‌زاییه‌كانى جه‌ماوه‌ر به‌ گشتى و كێشه‌و ململانێكانى نێو یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان  زه‌مینه‌ى دروستبونى له‌ دایك بونى بزوتنه‌وى گۆڕانى ڕه‌خساند . لێره‌شدا كه‌سایه‌تى كاك نه‌وشیروان خۆى كه‌ خاوه‌نى ڕابوردویه‌كى سیاسى پاك بوو،  له‌گه‌ڵ پشتیوانى و هاوكارى به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌و كادیرانى ناویه‌كێتى نیشتمانى بۆ كاك نه‌وشیروان  له‌گه‌ڵ پشتیوانى ئه‌و هه‌موو ناڕازیانه‌ى ناو كۆمه‌ڵگا ، هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ زه‌مینه‌یان خۆش كرد بۆ له‌ دایك بونى  بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان . 
بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌شدارى هه‌ڵبژاردنى 25/7/2009 كردو بوو به‌ خاوه‌نى 25 كورسى په‌ڕله‌مانى هه‌رێمى كوردستان و حیزبى دووه‌م . ئه‌مه‌ ڕوداوێكى زۆرچاوه‌ڕوان نه‌كراوبوو ، شۆكێكى گه‌وره‌ش بوو بۆ یه‌كێتى نیشتامانى . یه‌كێتى و پارتى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانیان به‌ مه‌ترسى گه‌وره‌ ده‌زانى بۆسه‌ر ده‌سه‌ڵاتى خۆیان ئه‌وان به‌ یه‌كه‌وه‌ كه‌وتنه‌ دژایه‌تى كردنى بزوتنه‌وه‌كه‌و ڕاوه‌دونان و ئازاردانى گۆڕان خوازان و نان بڕینیان . 
هه‌تا ئه‌و كاته‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌شدارى ده‌سه‌ڵات نه‌بوو ، ئه‌ستێره‌ى به‌ختى  ڕۆژ  له‌دواى ڕۆژ له‌ گه‌شه‌ كردندابوو . به‌ڵام ئه‌وه‌ى زۆر مایه‌ى نیگه‌رانى بوو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان خاوه‌نى هیچ به‌ر نامه‌یه‌ك نه‌بوو بۆ ڕێكخستن و كۆكردنه‌وه‌ى ئه‌وجه‌ماوه‌ره‌ به‌رفراوانه‌ . ئه‌مه‌ هۆكارێكى  سه‌ره‌كى پاشه‌كشه‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بوو له‌ گۆڕه‌پانى سیاسیدا.
 جه‌ماوه‌رى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان  خۆڕسكاوانه‌ له‌ده‌ورى گۆڕان  كۆببونه‌وه‌  به‌وهیوایه‌ى بزوتنه‌وه‌كه‌  بارودۆخى ژیانیان بۆ باش بكات و  سیسته‌مى حوكمڕانى بگۆڕن . له‌وكاته‌شدا بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان دروشمى چاكسازى و دژایه‌تى هه‌ردوك بنه‌ماڵه‌ى به‌رزده‌كرده‌وه‌ و ئه‌وه‌ش كاریگه‌ى زۆرى هه‌بوو له‌سه‌ر جۆشدانى جه‌ماوه‌ر.    
به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ى بڕیارى دا به‌شدارى ده‌سه‌ڵات.  بكات ، هه‌موو شتێك گۆڕاو سه‌ره‌تاى نه‌گبه‌تى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌ستى پێكرد . به‌رژه‌وه‌ندى شه‌خسى جێگه‌ى به‌رژه‌وه‌ندى گشتى گرته‌وه‌ .  ته‌ماعى وه‌رگرتنى پۆست وپله‌و پایه‌  هاته‌ كایه‌وه‌و دژایه‌تى و دیارده‌ى ڕق له‌ یه‌كتر بون  له‌ناو هه‌ڵسوڕاوانى بزوتنه‌وى گۆڕان  ده‌ستى پێكرد .  لێره‌وه‌ كێرڤى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌ره‌و دابه‌زین ده‌ستى پێكردو تا ئێستا به‌رده‌وامه‌.
له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ خرابتر ، كاره‌سات بارتر ، جه‌رگ بڕتر ئه‌وه‌بوو كه‌ كاك نه‌وشیروان وه‌كو دامه‌زرێنه‌ى بزوتنه‌وه‌كه‌و وه‌كو باوكى ڕوحى هه‌موان و وه‌كو كه‌سێكى خاوه‌ن ڕابوردویه‌كى پاك و خاوه‌ن ئه‌زمون خاوه‌ن متمانه‌ى هه‌موان ، نه‌یتوانى ڕوڵى ڕاسته‌قینه‌ى خۆى ببینێت و یه‌كێتى ناو ڕیزه‌كانى بزوتنه‌وه‌كه‌ بپارێزێت و هه‌موان به‌ یه‌ك چاو سه‌یر بكات . 
ده‌ستى كرد به‌ په‌راوێز خستنى هه‌ندێك له‌و سه‌ركردانه‌ى كه‌ پشتیوانیان كرد بۆ دروست كردنى بزوتنه‌وه‌كه‌ و هه‌ندێكى له‌خۆى نزیك ده‌خستنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌و ڕێگایه‌وه‌ زه‌مینه‌ خۆش بكات  كوڕه‌كانى بێنێته‌ پێشه‌وه‌ ڕوڵیان بداتى  بێ ئه‌وه‌ى هیچ به‌رپرسیاریه‌تێكیان  هه‌بێت له‌ناوبزوتنه‌وه‌كه‌دا  به‌شدارى كۆبونه‌وه‌كانی پێ ده‌كرودن و زۆرجاریش ئه‌م و ئه‌وى ده‌شكاند له‌به‌رچاوى كوڕه‌كانى و ئه‌وه‌ش به‌ به‌رنامه‌ بوو .
ئه‌و كاته‌ى بڕیاردرا به‌شدارى حكومه‌ت بكه‌ین ڕۆژ به‌ ڕۆژ كێشه‌ و ململانێكان گه‌رمتر ده‌بون و هه‌ر یه‌كه‌ هه‌وڵى ده‌دا خۆى پۆست بۆخۆى وه‌رگرێت . له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌وه‌  خه‌ڵك ئومێدى هه‌بوو به‌و به‌شداریى كردنه‌له‌ حكومه‌ت و چاوه‌ڕوانى گۆڕانكارى گه‌وره‌یان ده‌كرد  له‌پڕۆسه‌ى حوكمڕانیدا . به‌ڵام له‌ ڕاستیدا داهاتو ئه‌وه‌ نه‌بوو كه‌ خه‌ڵك چاوه‌ڕوانى ده‌كرد و ئاشه‌وان له‌ خه‌یاڵێك و  ئاش هێڕ له‌ خه‌یاڵێك. 
هه‌ندێك خه‌ریكى به‌ده‌ست هێنانى پۆستبون , هه‌ندێك  خه‌ریكى دژایه‌تى یه‌كترى بون . كاك نه‌وشیروان ده‌یویست  كار بۆ ئه‌وه‌ بكات شوێن پێی كوڕه‌كانى قایم بكات . هه‌ندێكیش له‌ خشكه‌وه‌و له‌ په‌ناوه‌ خۆیان ده‌وڵه‌مه‌ند بكه‌ن . هه‌ندێكیش ده‌غیله‌ى مناڵه‌كانى ده‌شكاندو بۆ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانى دێنا  . له‌و كاته‌دا كه‌ هاوڵاتیان چاوه‌ڕوانى گۆڕانكارى گه‌وره‌بون و ئومێدى گه‌وره‌یان به‌ گۆڕان هه‌بو ، بارودۆخى بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌هه‌موو ڕویه‌كه‌وه‌ زۆر له‌ یه‌كێتى و پارتى  وێرانتر بوو ، له‌وپه‌ڕى بێ سه‌روبه‌ریدابوو . 
 زۆر جاریش خه‌ڵك هه‌بوو پاره‌ى ده‌نارد له‌ ڕێگاى ئه‌م و ئه‌وه‌وه‌ له‌ ترسى سزادانى  یه‌كێتى وپارتى و ده‌یان گوت  ناومان مه‌هێنن.  به‌ ده‌یان و سه‌دان ده‌فته‌ر دۆلار  وه‌رگیراوه‌و دزاره‌وه‌و ته‌سلیم نه‌كراوه‌ . پرسینه‌وه‌ نه‌بوه‌ . پاشا گه‌ردانى بوه‌ . خه‌ڵك هه‌بوه‌ به‌ گرێبه‌ست  دامه‌زرابو ، به‌ڵام  له‌ میرگه‌پان باخى ده‌كڕى ، باخى بۆخه‌ڵكى تریش ده‌كڕى .
 كێیان بویستایه‌ پاره‌یان ده‌دایه‌ . له‌ كاتى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا  به‌ ده‌یان  هه‌زار دۆلار دزراوه‌.  بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان  له‌ دوره‌وه‌ شارى گه‌وره‌بوو  له‌ نزیكه‌وه‌ شارى وێران بوو . سه‌یركه‌ن له‌ كۆنگره‌ى یه‌كه‌مدا كه‌م تا زۆر باسى دارایی گۆڕان نه‌كراو هه‌موو شتێك دیزه‌ به‌ده‌رخۆنه‌ كرا .
 كاك نه‌وشیروان خۆى بڕیارى دابوو كه‌ ئه‌وه‌ باس نه‌كرێت چونكه‌ خۆى باش ده‌یزانى ئه‌گه‌ر باسى دارایی بكرێت ،چ  ده‌نگه‌ ده‌نگ و ئاژاوه‌و ناڕه‌زایی و كاره‌سات ڕوده‌دات. سه‌یر له‌وه‌دایه‌ پێشتر كاك نه‌وشیروان خۆى باش ده‌یزانى و ئاگادارى  ئه‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵیه‌ى ناو گرده‌كه‌بوو ، چونكه‌ پێشتر ئاگاداریان كردبوو له‌و باره‌یه‌وه‌ . به‌ڵام هه‌ر ده‌یویست بێده‌نگى لێ بكات و رۆِژگار به‌ڕى بكات .
 نه‌خۆشیه‌كه‌ى كاك نه‌وشیروانیش كاریگه‌رى زۆر خراپى خسته‌ سه‌ر ئاینده‌ى بزوتنه‌وه‌كه‌ . دیاره‌ پێش ئه‌وه‌ى ئه‌و خه‌به‌ره‌ بڵا ببێته‌وه‌ و هه‌موان بیزانن ، خۆى زانیویه‌تى و به‌رنامه‌شى ئه‌وه‌بوه‌ كه‌ دواى خۆى كوڕه‌كانى ببنه‌ خاوه‌نى  بزوتنه‌وه‌كه‌ .
 كه‌واته‌ ئه‌و ئومێدى نه‌مابو به‌وه‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان هیچ گۆڕانكارییه‌كى  پی َبكرێت .  بۆیه‌ ئه‌وه‌ى بیرى لێكردۆته‌وه‌و ئه‌وه‌ى كارى بۆكردوه‌  ئاینده‌ى كوڕه‌كانى بوه‌ ، نه‌ك بزوتنه‌وه‌كه‌ . دواجار ڕاستییه‌كانیش ده‌ركه‌وت و ئێستا كوڕه‌كانى بونه‌ خاوه‌نى بزوتنه‌وه‌كه‌ و ئه‌وه‌ى منو خه‌ڵك ده‌یڵێین خوانه‌ خواسته‌ بوختان نییه‌ و وه‌كو ڕۆژى ڕوناك دیاره‌ .
 زۆر جار خه‌ڵك لێره‌و له‌وێ ده‌ڵێت ، به‌خوا دواى كاك نه‌وشیروان بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌ ڕێگا ڕاسته‌كه‌ لایداو خێرى تێدا نه‌ماوه‌ . به‌ڕاستى ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتنه‌و هۆكارى پۆكانه‌وه‌ى بزوتنه‌وه‌كه‌ كاك نه‌وشیروان خۆی بوو .ئه‌ى ئه‌وه‌ نییه‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ بۆته‌ موڵكى كوڕه‌كانى ، قابیله‌ كوڕه‌كانى خۆى دژى ڕێبازه‌كه‌ى بن . كاكه‌ هه‌موو ڕێبازه‌كه‌ى بۆ ئه‌وه‌بوو كه‌ كوڕه‌كانى ببنه‌ خاوه‌نى هه‌موو شتێك .ئیتر ڕێباز هیچ عه‌یبێكى تێدا نییه‌و مه‌به‌ستى خۆى پێكاوه‌ . 
دروستبونى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ ڕوانگه‌ى كاردانه‌وه‌ دروست بوه‌ . به‌ڵام خه‌ڵك خراپ تێگه‌یشتوه‌ ، یان خه‌ڵه‌تێنراوه‌ .به‌ كوردیه‌كه‌ى  فێڵ له‌ خه‌ڵك كراو ده‌ستى خه‌ڵكیان بڕى . هیچ كارێك به‌ بێ به‌رنامه‌ سه‌ركه‌وت و نابێت .
با لێره‌دا كه‌مێكیش باسى دواى وه‌فاتى كاك نه‌وشیروان بكه‌ین و بزانین جێگره‌وه‌كانى چییان بۆ بزوتنه‌وه‌كه‌ كرد ، چییان بۆ خه‌ڵك كرد  ،چییان بۆخۆیان كرد ؟؟. پێش ئه‌وه‌ى كاك نه‌وشیروان وه‌فات بكات كاك عوسمانى حاجى مه‌حمود و كاك قادرى حاجى عه‌لى په‌ڕاوێز خستن له‌به‌ر ئه‌وه‌ى  ترسى ئه‌وه‌ى هه‌بوو دژى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى كوڕه‌كانى كار بكه‌ن .  ئه‌گه‌ر بیزانیایه‌ هه‌ر كه‌سێكى تریش دژى كوڕه‌كانى ئه‌و قسه‌ ده‌كه‌ن و ماستاویان بۆ ناكه‌ن ، به‌ هه‌مان شیوه‌،  په‌ڕاوێزى ده‌خستن .
كاتێك وه‌فاتى كردو خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن هه‌ڵبژێرا ، وه‌كو ئه‌وه‌ ده‌رچوو كه‌ خۆى پێش وه‌خت به‌رنامه‌ى بۆ دانابوو  . به‌رنامه‌كه‌به‌ شێوه‌یه‌ك بوو كه‌ یه‌كسه‌ر  حیزبه‌كه‌ ببێـه‌ موڵكى كوڕه‌كانى . حیزبه‌كه‌  برێتییه‌ له‌ ناوى ڕه‌مزى بزوتنه‌وه‌كه‌ ، دارایی بزوتنه‌وه‌كه‌، ئیعلامى بزوتنه‌وه‌كه‌ . ئێ ئه‌وانه‌ ئێستا له‌ ژێر ده‌ستى خۆیاندایه‌ . ئه‌م سه‌ركرده‌ تازانه‌ یه‌كسه‌ر هه‌وڵیاندا له‌پارتى نزیك ببنه‌وه‌و ڕێكه‌وتن بكه‌ن و به‌شدارى حكومه‌ت بكه‌ن . گومانى تێدا نییه‌ كوڕه‌كانى كاك نه‌وشیروانیش ئه‌وه‌یان پێ خۆش بوو .
ئێمه‌ زۆربوین له‌ناو جڤاتى گشتى و ده‌ره‌وه‌ى جڤات كه‌ پێمان باش نه‌بوو به‌شدارى حكومه‌ته‌كه‌ى پارتى  بكه‌ین چونكه‌ ته‌جروبه‌ى پێشوترمان له‌گه‌ڵ پارتى هه‌بوه‌ . ئه‌وه‌شمان زانیوه‌ هه‌رچى له‌پارتى نزیك بێته‌وه‌ ، زیان ده‌كات . باشترین نمونه‌ یه‌كگرتوى ئیسلامییه‌ كه‌ به‌شدارى حكومه‌ته‌كه‌ى پارتییان كرد و چییان به‌سه‌ر هات . 
به‌ڵام پێشوه‌خت به‌رپرسانى گرده‌كه‌  ڕێكه‌وتنیان كردبوو . ته‌نانه‌ت پۆسته‌كانیشیان بۆ  خۆیان دیارى كردبوو . به‌ قسه‌ى كه‌سیان نه‌كرد . به‌شداریكردنه‌كه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵك و بزوتنه‌وه‌كه‌ نه‌بوو ، به‌ڵكو بۆ به‌رژه‌وه‌ندى هه‌ندێ كه‌سى چاوچنۆك بو كه‌ هه‌میشه‌  له‌ بیرى خۆیاندابون.  پارتى خۆى ده‌زانێت چى ده‌كات و چۆن نه‌یاره‌كانى  ده‌خاته‌ داوى خۆیه‌وه‌ .  وه‌عدى پۆستى زۆرى به‌ گۆران دابوو ، زۆر زیاتربون له‌ قه‌باره‌ى خۆیان . مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌ بوو سه‌ره‌تا قاچییان ئارداوى بكه‌ن و دوایی قاچه‌كانیان به‌ جۆرێك به‌ ته‌ڵه‌كه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ نه‌توانن خۆیان ڕزگار بكه‌ن . 
واڕێكه‌وتن كه‌ چاكسازى بكه‌ن و ئه‌گه‌ر دواى 6 مانگ پارتى وه‌عده‌كانى نه‌برده‌ سه‌ر هه‌ڵوێستیان ده‌بێت و ئاماده‌شن له‌ حكومه‌ت بكشێنه‌وه‌ .  ته‌مه‌نى حكومه‌ت ساڵێك زیاتره‌ . ته‌نها چه‌ند پۆستیكى كه‌میان وه‌رگرتوه‌ . پارتى عاقڵانه‌ پۆستى وه‌زیرى دارایی داوه‌ به‌ گۆڕان بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رچى ڕه‌خنه‌ى دارایی هه‌یه‌ ڕوبه‌ڕوى گۆڕان بكرێنه‌وه‌و ئیحراج ببن له‌به‌ر ده‌م ڕاى گشتیدا .  ئه‌وه‌ 8 مانگ به‌سه‌ر ساڵى 2020 تێ ده‌په‌ڕێت و تا ئێستا دوو موچه‌ دراوه‌ به‌ لێبڕینه‌وه‌ .   به‌ به‌رچاوى وه‌زیر داراییه‌وه‌ داهاتى گومرگه‌كان به‌ تاڵان ده‌برێت و ده‌سه‌ڵاتى هیچى نییه‌و ناچاره‌ بێده‌نگ بێت . 
وه‌زیرى كارو بارى كۆمه‌ڵایه‌تى پشكى گۆڕانه‌ به‌ڵام خاوه‌ن پێداویسته‌ تایبه‌ته‌كان كه‌ زۆرینه‌یان موچه‌كانیان 200 هه‌زاره‌  له‌م ساڵه‌دا دووجار موچه‌یان وه‌رگرتوه‌ . له‌ برى ئه‌وه‌ى گۆڕان هه‌ڵوێستى هه‌بێت و بڕیار بده‌ن له‌ حكومه‌ت بكشێنه‌وه‌و له‌و پرسیارته‌ خۆیان ڕزگار بكه‌ن ،ده‌ڵێن 30 پۆستمان ماوه‌ وه‌رى گرین . زۆر بێ ئاگایانه‌ دواى پارتى كه‌وتون له‌په‌ڕله‌مان ده‌نگ  له‌سه‌ر یاساى میدیاى ئه‌لكترۆنى ده‌ده‌ن . واته‌ به‌ستنى ده‌مى خه‌ڵك .دوایی له‌ ژێر ترس و فشارى خه‌ڵك ئیمزاكانیان كشانده‌وه‌ .  
 كه‌واته‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌  بۆ وه‌رگرتنى پۆست به‌شدارى حكومه‌تى كردوه‌ نه‌ك چاكسازى . باشه‌ بۆچى ئێمه‌ هه‌مومان پێشوه‌خت ده‌مانزانى پارتى به‌ قسه‌ى گۆڕان چاكسازى ناكات و فێڵ له‌ گۆڕان  ده‌كات ، ئه‌ى چۆن ڕێكخه‌رى گشتى  كوێخاكانى ترئه‌وه‌یان نه‌ده‌زانى ؟؟.
 به‌ڵام ئه‌وانه‌ى ڕێكه‌وتنه‌كه‌یان كرد ، ئه‌و ڕاستیانه‌یان ده‌زانى و ئه‌وان بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان به‌شدارى حكومه‌تیان كرد نه‌ك له‌ پێناوى چاكسازى و خه‌ڵك و بزوتنه‌وه‌كه‌دا .
كێشه‌ى گۆڕان  له‌گه‌ڵ پارتى ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ پۆستیان پێ بده‌ن له‌پێناوى ڕازیكردنى  ناِرازیه‌كانیان . له‌ناو ئه‌وانه‌شدا نزیكه‌كانى خۆیان . سه‌رنجى ئه‌مانه‌ى خواره‌وه‌ بده‌ن و ڕاستییه‌كانتان بۆ ده‌رده‌كه‌وێـت. پۆستى جێگرى وزاره‌تى ناوخۆ و په‌روه‌رده‌یان وه‌رگرتوه‌ . دوو كه‌سیان بۆ ئه‌و پۆستانه‌ داناوه‌ كه‌ هه‌ردوكیان موالێدى 1957 واته‌ كاتى خانه‌ نشین كردنیانه‌ . مانگى پێنجى ساڵى 2020  ده‌ست به‌كار بون و مانگى حه‌وت خانه‌ نشین كراون . واته‌ هه‌ر یه‌كه‌ى دوو مانگ كاریان كردوه‌ .
 باشه‌ چاكسازى له‌ كوێ و ئه‌م كاره‌ ناشیرینه‌ له‌ كوێ ؟. سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌ش  به‌رپرس هه‌یه‌ له‌ناو گۆڕأن ده‌ڵێـت:  كه‌س ناتوانێت له‌ ئامانجه‌كانمان  دوورمان بخاته‌وه‌ باشه‌ كام ئامانجانه‌  ئه‌ى بێخه‌به‌رى داماو .  یه‌كێكى تر ده‌ڵێت : ئومێدى گه‌وره‌مان هه‌یه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ چاكسازى بكات. ئه‌مانه‌ له‌سه‌ر ئومید ده‌ژێن . ئه‌ى ئه‌گه‌ر ئومێدیان چاندو ساڵه‌كه‌ى  بێ باران بوو سه‌وز نه‌بوو چى ده‌كه‌ن؟؟  نازانین ئه‌مانه‌ خه‌ڵه‌تاون  یان دیانه‌وێت خه‌ڵك بخه‌ڵه‌تێنن؟؟.  
ئێستا دوو كه‌سیان پاڵاوتوه‌ بۆ پۆستى به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى خه‌له‌كان و وارماوا . به‌ پێی یاسا  نابێ ئه‌و  كه‌سه‌ ده‌رچوى تازه‌ بێت .  مه‌رجه‌كه‌ى تر ئه‌وه‌یه‌ نابێ له‌ 12 ساڵ كه‌متر خزمه‌تى هه‌بێت ، چونكه‌ پۆستى به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌  به‌رامبه‌ر معاونى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتییه‌ .
 ئه‌وانه‌ى  بۆ ئه‌و دوو پۆسته‌ پاڵێوراون  ، یه‌كێكیان  تازه‌ ده‌رچوه‌و  پیشتر دانه‌مه‌زراوه‌ . ئه‌وى تریشیان 7 ساڵ خزمه‌تى هه‌یه‌ .   گۆڕانخوازانى ئازیز من له‌ خۆتان ده‌پرسم ئه‌م به‌شداری كردنه‌ى گۆڕان له‌ حكومه‌تدا  به‌م شێوه‌یه‌ له‌ پێناوى ئه‌نجامدان و چاكسازى و خزمه‌تى خه‌ڵك و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌  یان بۆ وه‌رگرتنى پۆسته‌ بۆ ئه‌وانه‌ى له‌ گرده‌كه‌ خاوه‌ن بڕیارن ؟؟ . 
 له‌ ئێستادا كوڕه‌كانى كاك نه‌وشیروان له‌هه‌موو كه‌س زیاتر له‌ پارتى و یه‌كێتییه‌وه‌ نزیكن چونكه‌ هه‌ردوك لا به‌رژوه‌ندى مادى باشیان بۆ ڕه‌خساندون بۆ ئه‌وه‌ى  گۆڕان خوازان  بێ ئومید ببن و بزوتنه‌وه‌كه‌ نه‌مێنێت . 
بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان توشى شكستى سیاسى گه‌وره‌ بوه‌و تازه‌ هه‌ڵناسێته‌وه‌و جاریكى تر له‌سه‌ر پێی  خۆى ناوه‌ستێته‌وه‌ . كوڕه‌كانى كاك نه‌وشیروانیش كه‌ ئێستا خاوه‌نى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانن بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانیان لاگرنگ نییه‌ چى به‌سه‌ر دێت و  له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتودا  یه‌ك ئه‌ندام په‌ڕله‌مان به‌ده‌ست بێنێت یان دوان .
 ئه‌وان ناوى بزوتنه‌وه‌كه‌یان پێویسته‌و له‌ په‌نا ناوه‌كه‌ى ده‌سكه‌وتى خۆیان مسوه‌گه‌ره‌ چونكه‌ بزوتنه‌وه‌ گۆڕانیان له‌كۆڵ پارتى و یه‌كێتى كردۆته‌وه‌و ، ماڵى ئۆپۆزسیۆنیشیان وێران كرد .ئێستا كوڕه‌كانى كاك نه‌وشیروان خاوه‌نى  چه‌ندین كۆمپانیان و له‌ مه‌رزه‌كان قه‌پان و كۆمپانیاى كوالیتى كۆنتڕۆڵیان هه‌یه‌و خاوه‌نى ده‌سكه‌وتى خۆیانن و چ كاریان به‌ بزوتنه‌وى گۆڕان نه‌ماوه‌ ؟ به‌ڵام ئه‌وه‌ خه‌ڵكه‌ تا ئێستا له‌ گوێی گادا نوستوه‌و  واده‌زانن مه‌لیك ماوه‌و  ئاگایان له‌ هیچ نییه‌ . 
كورد ده‌ڵێت نان ئه‌ونانه‌یه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ خوانه‌ گۆڕانیش و هه‌مومان ئاگامان له‌ تاڵانى سامانى ئه‌م وڵاته‌ هه‌یه‌ . موچه‌ نییه‌و خه‌ڵك فه‌قیره‌و ئه‌وه‌تا خه‌ریكن یاساش ده‌رده‌كه‌ن كه‌ هه‌رچى قسه‌ به‌ حكومه‌ت بڵێت سزاى ده‌ده‌ن .
 هه‌موشمان ده‌زانین  كه‌ چاكسازى ناكرێت .  باشترین به‌ڵگه‌ش لێدوانى هه‌ردوك به‌رپرسى مه‌رزى باشماخ و په‌روێز خان كه‌ هه‌ردوكیان  گۆڕانن چۆن قسه‌ له‌سه‌ر تاڵانى داهاتى گومرگ ده‌كه‌ن .
زۆر به‌ ئاشكرا ده‌ڵێن  به‌رپرسان به‌ قاچاخ كاڵا ئه‌مدیو ده‌كه‌ن و پاره‌ ناده‌ن .ئه‌وه‌تا له‌ ڕێگاى ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ چه‌ندین ڕۆژه‌  باسى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ مه‌رزه‌كان 29 كۆمپانیاى جۆراو جۆر هه‌یه‌ به‌ ڕێگاى جیاواز پاره‌ له‌  شۆفێران وه‌رده‌گرن به‌شێكى  زۆر كه‌م  پاره‌ به‌ حكومه‌ت ده‌ده‌ن .  
پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌: ئه‌گه‌ر بونى ئه‌م كۆمپانیایه‌ پێویسته‌ له‌ مه‌رزه‌كان هه‌بێت  بۆچى حكومه‌ت  له‌ هه‌موو مه‌رزێك ئوفیسێك ناكاته‌وه‌و هه‌موو كاروباره‌كان ڕێك ناخات , حكومه‌ت خۆى پاره‌وه‌رگرێت ؟؟بۆچى ڕێگا ده‌دات كۆمپانیاى كه‌رتى تایبه‌ت  بین و  داهاتى ئه‌م هه‌رێمه‌ بۆخۆیان به‌رن ؟  هاولاِتیانى ئازیز ئه‌مه‌ وه‌ڵامى پرسیاره‌كه‌ى خۆمه‌و خۆشم وه‌ڵامى ئه‌ده‌مه‌وه‌ . هیوادارم باش سه‌رنجى بده‌ن :  حكومه‌تى هه‌رێم بڕیارى داوه‌ هه‌رچى هاورده‌ بكرێت له‌ ڕێگاى كۆمپانیاوه‌ بێت .
حكومه‌ت بڕیارى داوه‌  كاروبارى مه‌رزه‌كانیش له‌ ڕێگاى كۆمپانیاوه‌  سه‌رپه‌رشتى بكرێن .  ئه‌م بڕیاره‌ى حكومه‌ت كاك قوباد ئیمزاى له‌سه‌ر كردوه‌ . به‌ڵام له‌و حاڵه‌ته‌دا ده‌بێ  ئیعلان بكرێت و كۆمپانیاى زۆر به‌شدارى تێدا بكه‌ن و ئه‌و كات بۆ كێ ده‌رچون بدرێنه‌  ئه‌وكه‌سانه‌ . ئه‌مان هاتون به‌م شێوه‌یه‌ به‌شیان كردووه‌ . مه‌رزى باشماخ  و سه‌یران به‌ن  و ته‌وێڵه‌  بۆ  یه‌كێتى دانراون .واته‌ كۆمیانیاكانى سه‌ر به‌ یه‌كێتى . مه‌رزى په‌روێزخان و كیلێ  بۆ كۆمپانیاى (لۆكس ئه‌یجنسى)  یه‌و سه‌ربه‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌ .
مه‌رزه‌كانى سنورى پارتیش  به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ نێوان باڵه‌كاندا  به‌شكراون .ئه‌گه‌ر هه‌موو داهاتى ئه‌م گومرگانه‌ له‌ ڕێگاى كۆمپانیاى تایبه‌تى حكومه‌ته‌وه‌  سه‌رپه‌رشتى بكرێن و پاره‌كه‌ى بۆ خه‌زینه‌ى حكومه‌ت بگه‌ڕێته‌وه‌ ، داهاتى هه‌رێم له‌ موچه‌ش زیاد ده‌بێت .
 ئه‌وه‌تا له‌ ناچاریدا حكومه‌ت ڕازى بوه‌ نیوه‌ى داهاتى گومرگه‌كان  بداته‌ به‌غداو فه‌رمانبه‌رى خۆشى بنێرێت بۆ سه‌رپه‌رشتى مه‌رزه‌كان .ئه‌و كات بۆ هه‌موولایه‌ك ڕاستیه‌كان ئاشكرا ده‌بێـت و ئه‌و كات ده‌زانرێت داهاتى ڕاساه‌قینه‌ى ئه‌وگومرگانه‌ چه‌ندبوه‌ . ئه‌م دوو حیزبه‌ وازیان له‌ دزى نه‌هێنا ، تا گومرگه‌كانیشیان خسته‌وه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى مه‌ركه‌ز .
سه‌یرى ئه‌م گاڵته‌ جاڕیه‌ بكه‌ن : به‌ ئیمزاى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت ئه‌وكۆمپانیانه‌ كار ده‌كه‌ن . كۆمپانیاكان سه‌ر به‌ حیزبه‌كانن . له‌ ڕێگاى ئه‌م كۆكپانیانه‌وه‌ زۆرینه‌ى داهاتى گومرگ بۆ حیزبه‌كانى خۆیان ده‌به‌ن . واته‌ پاره‌ نابێت بۆ موچه‌ .له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانیشدا كاك قوباد خۆى ده‌نگ بۆ ئه‌وه‌ ده‌دات  كه‌ موچه‌ به‌ لێبڕینه‌وه‌ دابه‌ش بكرێت .
  كه‌واته‌ سیناریۆكه‌ به‌م شێوه‌یه‌ :به‌ ئه‌مرى حكومه‌ت  پاره‌ى له‌ حكومه‌ت ده‌دزرێـت.  به‌ ئه‌مرى حكومه‌تیش  موچه‌ به‌ نیوه‌ ناچڵى ده‌درێت .  وه‌زیرى دارایش له‌سه‌ر پشكى گۆڕانه‌و به‌ مه‌به‌ستى چاكسازى به‌شدارى حكومه‌تیانكردوه‌ . 
له‌ولاشه‌وه‌  كۆمه‌ڵێك چه‌قه‌نه‌ لى ده‌ده‌ن و ده‌ڵێن : تاماوین  پایه‌ندین به‌ ڕێبازه‌كه‌ى  بارزانى و مامه‌ گیان و    باوكى  فه‌قیرو هه‌ژاران .  له‌ ڕۆژى ده‌نگداندا پاڵ به‌ یه‌كه‌وه‌ ده‌نێن بۆ ئه‌وه‌ى زوو فریاكه‌ون و ده‌نگ به‌ بارزانى نه‌مر و مامه‌گیان و باوكى فه‌قیرو هه‌ژران بده‌ن . وه‌رن ئه‌و كه‌ره‌ له‌و قوڕاوه‌ ده‌رێنن . میلله‌تێك ئاوابێت ،چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ى لێ ده‌كرێت بتوانێت سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌ست بهێنێت ؟؟. 
ئه‌لبێرت كاسۆ ده‌ڵێت : كاتیك خۆت بڕیارت دابێ كۆیله‌بێت ،ئیتر من چۆن شه‌ڕى ئازادیت بۆ بكه‌م.  سێ حیزبى به‌شدارى حكومه‌ت به‌شدارن له‌ به‌ تاڵانبردنى  داهاتى گومرگه‌كان  له‌كاتێكدا پاره‌ نییه‌ بۆ موچه‌و هه‌رسێ حیزبیش دروشمى چاكسازییان به‌رزكردۆته‌وه‌ . هه‌نگاوى یه‌كه‌مى چاكسازیه‌كه‌یان برێتییه‌ له‌ برینى موچه‌ى هاولاِتیان . 
  داهاتى سه‌ره‌كى ئه‌م هه‌رێمه‌ نه‌وته‌ . پێش ئه‌وه‌ى ئه‌م قسه‌و باسه‌ به‌و گه‌رم و گوڕیه‌ له‌سه‌ر گومرگه‌كان بكرێت ، ده‌بوو له‌سه‌ر چۆنیه‌تى ده‌رهێنانى نه‌وت و فرۆشتنى وداهاته‌كانى بكرایه‌ .تا ئێستا  ته‌نها پارتى ئاگاى له‌و بواره‌یه‌ . 
كاتێك قسه‌و باس گه‌رم ده‌بێت  له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ، خێرا پارتى  هه‌ندێك ملیۆنه‌ دۆلار به‌ یه‌كێتى ده‌دات و بیده‌نگیان ده‌كات و دواى ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌  باره‌ى داهاتى نه‌وته‌وه‌ له‌ یه‌كێتى بپرسى ده‌ڵێن به‌ڵى ئاگامان لێیه‌تى .  لێره‌وه‌ په‌یامێك بۆ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان : ئێوه‌ سه‌ره‌تا به‌ نیازى چاكسازى به‌شدارى حكومه‌تتان كرد. بڕیاریشتان دا ئه‌گه‌ر تا 6 مانگ چاكسازى نه‌كرێت هه‌ڵوێستمان ده‌بێت و ئه‌گه‌رى ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ش  له‌ حكومه‌ت ، به‌دوور نازانرێت  .ئه‌وه‌ ساڵێك تێپه‌ڕبوه‌و ئه‌مه‌ش حاڵه‌كه‌یه‌ . 
ئه‌وه‌ى ماوه‌ته‌و به‌ گرینگى ده‌زانم باسى بكه‌م ئه‌مه‌یه‌ :  رۆِژێك وه‌زیرى دارایی موژده‌ ده‌دات كه‌ موچه‌ كه‌م ناكرێته‌وه‌ . به‌ڵام دواى نزیكه‌ى دوو مانگ موچه‌ به‌ لێبڕینه‌وه‌ دابه‌ش ده‌كرێت . له‌ولاوه‌ سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان  لێدوان ده‌دات و ده‌ڵێت : ته‌نها بۆئه‌م مانگه‌ موچه‌ به‌ ڵێبڕینه‌وه‌  دابه‌ش ده‌كرێت .
 به‌ڵام ئه‌وه‌تا ئه‌م موچه‌یه‌ش هه‌ر به‌شێوه‌ى پێشو بو . ئه‌وه‌ش حاڵى گومرگه‌كانه‌و گۆڕان هیچ ده‌سه‌ڵاتى نییه‌ .  ئه‌وه‌ هه‌ر ناوێرن باسى سێكته‌رى نه‌وت بكه‌ن . له‌ولاشه‌وه‌  به‌رپرسێكتان  پرۆژه‌ى  میدیاى  ئه‌لكترۆنى ده‌نوسێت بۆ ئه‌وه‌ى لێره‌ به‌دواوه‌ هه‌رچى قسه‌ى كرد زمانى كورت بكه‌نه‌وه‌ .
 بۆ ئه‌وه‌ى له‌وه‌ زیاتر ئابڕوتان نه‌چێت مردو له‌مه‌ى ئێستا پاكتر ناشۆرێته‌وه‌و كاته‌كه‌ى زۆر گونجاوه‌و به‌هانه‌ى باشتان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و ئه‌گه‌ر له‌به‌ر خاترى گۆران و گۆڕان خوازان  به‌شدارى حكومه‌تتان كردوه‌  ، به‌ ئاشكرا بڵێن هیچمان پێناكرێت و بڕیارى كشانه‌وه‌ له‌حكوه‌ت بده‌ن و سه‌رى خۆتان و حیزبه‌كه‌تان به‌رزبكه‌نه‌وه‌و چیتر مه‌بنه‌پشتیوانى ئه‌وتاڵان چیانه‌و دزیه‌كانیان بۆ مه‌پۆشن . 
  هاوڵاتیانى ئازیز ئه‌ڵێن قسه‌ زۆر وتن قورئان خۆشه‌ خولاسه‌ى كه‌لام ئه‌مه‌یه‌ :ئه‌گه‌ر خۆمان نه‌خه‌ڵه‌تێنین به‌ كرده‌وه‌ بۆ هه‌مومان سه‌لمێنراوه‌ كه‌ سه‌ركرده‌كانى  باشور ئه‌هلى ده‌وڵه‌ت دارى نین .هه‌ر له‌سه‌ره‌تاشه‌وه‌  شایانى ئه‌وه‌ نه‌بون وه‌كو سه‌كرده‌ ناوزه‌د بكرێن . به‌ڵام به‌ هۆى دڵسو خۆشه‌ویستى خه‌ڵك بۆ نیشتمان، ئه‌وانه‌یان به‌ سه‌ركرده‌ى خۆیان زانیوه‌ و له‌پشتیانه‌وه‌ وه‌ستاون .
 یان له‌ نه‌زانینى خه‌لكه‌وه‌ بوه‌  كه‌ پشتیوانى ئه‌مانه‌ كراوه‌و وه‌كو سه‌ركرده‌ى خۆیان قبوڵیان كردون . له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ خه‌ڵك فه‌قیر بوه‌و ناخى ئه‌م سه‌ركردانه‌ى نه‌ناسیوه‌ و شاره‌زایان نه‌بون  . كاتێكیش كه‌ له‌شاخ بون و وه‌كو سه‌ركرده‌ى ده‌ست پاك و خاوه‌ن ڕێباز ناسراون ، ئه‌وه‌ له‌پیاوه‌تى خۆیانه‌وه‌ نه‌بووه‌ . به‌ڵكو هیچیان له‌به‌ر ده‌ست نه‌بوه‌ به‌تاڵانى به‌رن . به‌ڵام كاتێك ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌ ده‌ست و ده‌ستیان به‌ پاره‌ گه‌یشت  ، كه‌سیان له‌ بیر نه‌ماو وه‌كو نه‌دیو بدى ده‌ستیان به‌سه‌ر هه‌موو شتێكدا گرت .  
له‌ ساڵى 1964 تا ئیستا ده‌كاته‌ 56 ساڵ ئه‌مانه‌  دۆزه‌خیان داخستوه‌ بۆ ئه‌م میلله‌ته‌ به‌ ده‌یان هه‌زاریان به‌ كوشتدا له‌ پێناوى به‌رژه‌وه‌ندى خۆیاندا .دواجار هه‌موو ڕێبازو ستراتیج و نیشتمان په‌روه‌رییان هاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى سامانى ئه‌م وڵاته‌ بۆخۆیان قۆرخ بكه‌ن و له‌ نێوان خۆیاندا وه‌كو برا به‌شى بكه‌ن و وه‌كو ئه‌وه‌ى نه‌ بایان دیبێت و نه‌ بۆران . 
به‌ڵام ئێمه‌ى بێ ئاگا ، ئێمه‌ى داماو ، ئێمه‌ى گێل تا ئێستاش شه‌ڕى یه‌كترى ده‌كه‌ین له‌سه‌ر ئه‌وان . باشه‌ ئه‌وان سامانى ئه‌م وڵاته‌ تاڵان ده‌كه‌ن و نیشتمان ده‌فرۆشن ، ئه‌ى تاكه‌ى عاقَل نابین وكوڕى خۆمان به‌ قوربانى كوڕى ئه‌وان ده‌كه‌ین ؟؟ . بیر بكه‌نه‌وه‌  كوڕى كام له‌م سه‌ركردانه‌ خوێن له‌ لوتیان هاتوه‌ ؟؟. تا ڕاپه‌ڕین  مناڵه‌كانیان  هه‌واى كوردستانیان هه‌ڵ نه‌مژیوه‌ ، ئێستا ئه‌وان نه‌ك هه‌ر خۆیان به‌ خاوه‌نى هه‌موو سامانى ئه‌م نیشتمانه‌ ده‌زانن ، خۆیان به‌ ئاغاو ئێمه‌ش به‌ ن ۆكه‌رى خۆیان ده‌زانن ئه‌مه‌ى  خواره‌وه‌ قسه‌ى كه‌سێكه‌ كه‌ زۆ جوان و گونجاوه‌ بۆ ئێستاى ئێمه‌ قسه‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌ : (په‌ڕله‌مان شاگردى حكوموته‌ .حكومه‌ت شاگردى حیزبه‌ . حیزب دوكانى بنه‌ماڵه‌یه‌ . بنه‌ماڵه‌ش غولامى بیگانه‌یه‌ ). 
سه‌ید قوتبیش ده‌ڵێ: 
مه‌پرسن له‌سته‌م كاران بۆسته‌متان كرد 
بپرسن له‌كۆیله‌كان بۆ كڕنوشتان برد 
ئێستا هه‌مومان له‌ناوجه‌رگه‌ى ڕوداوه‌كانداین . ئاگامان له‌ خشپه‌ى مارو مێروه‌ نه‌ك هه‌ر دزى و تاڵانى  به‌رپرسه‌كان . كه‌واته‌ لێره‌ به‌دواوه‌ هه‌رچى به‌سه‌رمان بێت خۆمان  تاوان بارین و حه‌ق نییه‌ گله‌یی له‌ كه‌س بكه‌ین .ده‌ڵێن : ئه‌گه‌ر مریشك خۆى خۆڵ نه‌كات به‌سه‌رى خۆیدا ، كه‌س ناتوانێت خۆڵ بكات به‌سه‌ریدا  .  وه‌كو ده‌شڵێن :پیاوى عاقڵ ئه‌لفێكى به‌سه‌ بۆ تێگه‌یشتن ، فه‌رمون ئه‌وه‌ هه‌زار ئه‌لفیش .  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە