کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


قەوارەتان پیرۆز

Saturday, 22/08/2020, 13:19


هەرێمێکی داتەپیو ، دەسەڵاتێکی چەتە مێش بە لایا بڕوا گیرفانی ئەگەڕێ شتێکی دەستکەوێ ، حکومەتێکی دابەستە بەس سەری رازی بوون رائەوەشێنێ و بەرد قسە بکا وەزیرەکانی نوتق ناکەن مەگەر لە مەتبەخەکانی ماڵەوەیان، پارلەمانێکی کارتۆنی بۆ دەستبەرزکردنەوە و معاشێکی چەور وەک چەوری سفرەکانیان ، گەر جار و بار وورتە وورتێ یان بۆڵەبۆڵێکی لێوە بێ هەر رۆژێکە و لەگەڵ معاشا گلەیی و رەخنە هەر لەبارەگای حیزبەکان ئەمێننەوە ، ئابووریەک کەس نازانێ چ سیستەمێکە ، رۆژێ سەربەخۆ ، رۆژێ وابەستە ، تاوێ فیدراڵی و دەمێکی تر هەرێمایەتی، کەرتی تەندروستی رووخاو ، خوێندن و پەروەردە لەئاستی سەفر گەر لە ژێرەوە نەبێ ، ئاست و ستانداری بژێوی خەڵک ناکرێ بەروارد بکرێ بە "سۆماڵ" ، تویژێک مەمرە مەژی و توێژێکی تر لەسەر قاسەی داهات و قووتی خەڵکی بێ دەرامەت ئەژین ، جەندرمەی تورکی لە سەیتەرە لەگەڵ برا پاراستنەکانیان داوای هەویە لە خەڵک ئەکەن ......ئەمانە و دەیان نمونەی تر دیمەنی ئەمڕۆی ئەوەیە کە پێی ئەڵێن " قەوارەی هەرێم "!!!کە جگە لە نەگبەتی و نەهامەتی چی تری بۆ ئەو خەڵکە ئاساییە داماوە نەبوە و نابێ ، هەرێمێک بەناوی خەڵکی کوردەوە بودجەی ئەخورێ ، دزی لێ ئەکرێ ، سوپای داگیرکار ی وەک تورکیای لێ جێنشین ئەکرێ و خیانەتی نیشتمانی بە نوێژی نیوەڕۆ لێ ئەکرێ ، مووچەی خەڵک ئەخرێتە بری قەرز و دزی بنەماڵەیەک هەردەم لە هەموو سەنگەرێکا بوون تەنها سەنگەری خەڵکی کورد و بەرگری لێی نەبێ ، قەوارەیەک لە لایەن کۆمەڵێک مافیای خاوەن هەڵگری تاج و نەجمەی ئاش بەتاڵ وەک حەصانەیەک بەکار بێ بۆ برسی کردن خەڵک ، دزینی بودجەی خەڵک ، مەحروم کردنی خەڵک لە داهاتی خاک و نیشتمانی خۆی ، لووش یانی ئەو پارەیەش کە لە بەغاوە بۆ خەڵک ئەنێردرێت ، خەشنۆش کردنی هاوکاری بەغا و خێرخوازان لە بەرنگار بوونەوەی کۆرونای دووەم ، چونکە لای بەندە دەسەڵاتی هەرێم کۆرونای یەکەمە... ئیتر کاتی ئەوە هاتوە کە بپرسین : ئەم قەوارەیە شەڕ و لەعنەتی بۆ خەڵک زۆرترە یان خێر و بەرەکەت ؟ بە بێ وەستان و بەبێ گومان شەڕ و نەگبەتی و هەژار بوون و سووکایەتی نەتەوەیی و هاووڵات بوونی ئەوەنە زیاترە کە ناپێورێ وەک شاخ و چاڵ ، هەر رۆژێکی تەمەنی بوونی ئەم قەوارەیە خەڵک زیاتر ئەکەوێتە قوڵایی نەهامەتی و بێ ئومێدی لەسەر هەموو ئاست و بوارە جیاکانا و دەرباز بوون لێیان ئاسان نابێ و مەترسی ئەوەش هەیە کە بوونی ئەم قەوارەیە بەم میتودە مافیانەیەی ئێستای لەبەردەوام بوونی و درێژەیان بە تەمەنی بگەینە رێگەیەکی داخراو و مانەوەی رژێمەکەی هەولێر / بارزان ببێ بە ئەمری واقیع و هەتا مابین بڵێین ئەم نانە بەو ڕۆنە !!
بەڵام خۆشبەختانە ئێستاش نەچوە بچێ ، سەرەڕای هەموو مەشەقەت و زەحمەتێ ، سەرڕای هەموو دژایەتێکی دەسەڵات بەرامبەر بە خەڵک ،ئێمەی خەڵکی سلێمانی پێویست ناکا چیتر باجی بێ ئەقڵی ژێر چەتری قەوارە بەین ، جیتر دەستەوسان دانەنیشین چاوەرێ بین وەک خێر و سەدەقە لە لایەن ئەو بنەماڵەیەی بە " صۆرە" ناومان ئەبەن مافی بژێوی خۆمان لە داهاتی خۆمان وەربگرین ، حیزب و پاشکۆکانی ئەو دەسەڵاتە کەیفی خۆیانە چۆن ئەڕواننە دەسەڵاتی مافیای کوردی ، خەڵکی سلێمانی لەوەتەی هەیە باچی یاخی بوون و هەڵوێستی خۆی ئەیا ،ئەمجارە بە پرۆژەی " بە هەرێم کردنی سلێمانی " کە مافێکی هەم دەستووری و هەم ئیداری و هەم یاسایی خۆیەتی کە شارەکە بەیەک دەنگ و دەنگمان بخەینە سەر دەنگی یەکتر بۆ ئەوەی پایتەختەکەی بابان خۆی بڕیار و مافی چارەنووسی خۆی دیاری بکا کە بە هەرێم کردنی شارەکەیە، خۆمان خاوەنی داهات ، بودجە ،بژێوی خۆمان بین ، بەمەش نە دستدرێژی ئەکەییە سەر کەس و نە مافی کەس ئەخۆین ، بە پێچەوانەوە ئەمانەوێ مافی خۆمان لە شارەکەی خۆمانا پراکتیک و جێبەجێ ئەکەین ، سەیرە بنەماڵەیەک ئەجیندا و مەرامی خۆی بسەپێنێ بەسەر هەموو هەرێما !! بەڵام ئێمە لەشارەکەی خۆمانا نەتوانین خۆمان ساحێبی خۆمان بین و قەتیس ماوی یاسا جەنگەڵیەکانی بنەماڵەیەک بین ؟ بۆ؟بنەماڵەیەک ببڕ و بکوژی هەرێم و قەوارەیەک بێ ، بەڵام ئێمە لە شارەکەی خۆمانا نەتوانین چۆنمان ئەوێ وا بژین کە ئەمەش خواست و هیوا و نهێنی دڵی نزیکەی یەک ملیۆن و پێنج سەدهەزار کەسە ... ئێمە نامانەوێ چیتر لە ژێر ناوی ئەمری واقیعی قەوارە ویەک پارچەیی هەرێم باجی کەساسی و بێ دەسەڵاتی بەین و خەڵکان و کەسانێکی تریش هەر بەناوی یەک پارچەیی هەرێمەوە پاشا ئاسا بژین و فەرموون ئەوەش مێژوو بزانین کاممان بۆ بەرنگاری لە کورد و مافی تاکی کورد زۆرتر زیاترمان کردوە ،، کاممان لە سەنگەری نیشتمان پەروەریا خوێناوی ترین ؟! وەڵامەکە قورس نیە ، چەن رۆژێکی تر یادی 31/ی ئابە.
قەوارەتان پیرۆز..........

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە