کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئاخر ئه‌مه‌يه‌ كاوڵستانه‌كه‌ى باسم كرد

Thursday, 20/08/2020, 16:12


وه‌ڵامێك بۆ كاك چه‌تۆ بينايى

به‌ڵێ وڵاته‌كه‌ى من (كاولساتانه‌) ، نووسينه‌كه‌ى كاك ( چه‌تۆ بينايى) يش كاولترى كرد . چونكى له‌م ماڵوێرانى ونه‌هامه‌تييه‌ى ميلله‌ته‌كه‌مان به‌ده‌ست ده‌‌سه‌ڵاتێكى ديكتاتۆرو خوێنمژدا تووشى هاتووه‌ ، له‌جياتى ئه‌وه‌ى نوسه‌ره‌ ئازاو ئازاده‌كان ده‌ست بخه‌نه‌ ناوده‌ستى يه‌كتر بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى ئه‌و جه‌يشه‌ زه‌به‌ڵاحه‌ى ده‌سه‌ڵات و قه‌ڵه‌مفرۆشه‌كانى ، كه‌چى هه‌ندێ له‌م نوسه‌رانه‌ كه‌وتونه‌ته‌ گيانى يه‌كترو موزايه‌ده‌كردن به‌سه‌ر يه‌كه‌وه‌ !.
من زۆر رێز له‌كاك چه‌تۆ ئه‌گرم ، چونكى به‌قه‌ڵه‌مێكى ئازاو بوێرى ئه‌زانم ، هيچ بابه‌تێكى ئه‌ويشم تێنه‌په‌ڕاندووه‌ له‌هه‌ر كوێيه‌ك بێت ، پێم سه‌ير بوو هاوخه‌بات و هاوهه‌ڵوێست هاوخه‌مێكى ميلله‌ته‌كه‌م له‌پشته‌وه‌ خه‌نجه‌رم لێبدات ، وه‌كو قه‌يسه‌رى رۆما وته‌نى " ته‌نانه‌ت تۆش ئه‌ى برۆتس "! . به‌س نيه‌ رۆژانه‌ قه‌ڵه‌مفرۆشه‌كانى ده‌سه‌ڵات هه‌ڕه‌شه‌ى زمانبڕينمان لێئه‌كه‌ن و ده‌سه‌ڵات و ده‌زگا ئه‌منيه‌كانيشى ئه‌مانتۆقێنن ، هه‌ر ئه‌وه‌ مابوو له‌سه‌ر رووى جوانترين لاپه‌ڕه‌كانى ( كوردستان پۆست) دا كه‌ تاكه‌ مينبه‌رى راسته‌قينه‌ و ئازادى ميلله‌ت و قه‌ڵه‌مه‌ دڵسۆزه‌كانه‌ ، بكه‌وينه‌ شه‌ڕى خۆكۆژى نوسه‌ره‌ ئازاده‌كانه‌وه‌ !!.
پێش هه‌موو شتێك بۆ به‌رچاوڕوونى كاكه‌ چه‌تۆ ده‌ڵێم ، من بيست و پێنج ساڵه‌ بابه‌ته‌كانم له‌ته‌ك زۆربه‌ى بڵاوكراوه‌كانى ترى كورديدا ، له‌ ( كوردستانى نوێ ) شدا بڵاو ده‌كه‌مه‌وه‌ . ته‌نانه‌ت گۆشه‌يه‌كى هه‌فتانه‌شم له‌م رۆژنامه‌يه‌ هه‌يه‌ كه‌ ئێستا گه‌يشتۆته‌ زياتر له‌200 گۆشه‌ى به‌ناوى ( هه‌ولێريات ) ه‌وه‌ . به‌درێژايى ئه‌و ساڵه‌ دوورودرێژانه‌ نه‌ك هيچكات كارمه‌ندى كوردستانى نوێ نه‌بوويم و ناشبم ، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر نوسينه‌كانيشم يه‌ك درهه‌م و يه‌ك فلس وعانه‌و دۆلارێكيشم وه‌رنه‌گرتووه‌ . هه‌ر خۆم عاده‌ته‌م وابووه‌ يه‌ك دينار له‌به‌رامبه‌ر نوسينه‌كانم وه‌رنه‌گرم . چونكى بازرگانى به‌ قه‌ڵه‌مه‌كه‌م ناكه‌م .
بۆ به‌رچاو روونى كاكه‌ چه‌تۆى بينايى چاويشم ، ئه‌و ساڵانه‌ى دواى خيانه‌تى 31 ئاب بۆ ماوه‌ى نۆ ساڵ ئاواره‌ى سلێمانى بووم ، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانى كوردستانى نوێشدا نوسه‌رێكى ره‌خنه‌گر بووم له‌ ئه‌داى حكومه‌ته‌كه‌ى يه‌كێتى ئه‌وسا ، هه‌ر بۆيه‌ش هه‌ميشه‌ پياوێكى ڕه‌زاقوڕس بوومه‌ له‌لاى ده‌سه‌ڵاتدارانى يه‌كێتييه‌وه‌ .
با بێمه‌ سه‌ر سه‌رنجه‌كانى كاكه‌ چه‌تۆ كه‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌ويش وه‌كو هه‌ر كه‌سێكى به‌دبه‌ختى ئه‌م وڵاته‌ له‌وه‌همێكى قووڵدا ده‌ژى و واده‌زانێ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ى ئێمه‌ له‌هه‌ڕيمى كوردستاندا چه‌شنى هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكى ترى دونيا به‌ ناڕه‌زايه‌تى خه‌ڵك وخۆپيشاندان كۆتايى پێ دێت ، بێخه‌به‌ر له‌وه‌ى ئه‌م ئه‌زموونى حوكمڕانى ئێمه‌ له‌دونيادا چه‌شنى نيه‌ ، هه‌م له‌حوكمڕانى و هه‌ميش له‌ميلله‌ته‌كه‌ى . چونكى ئه‌و ميلله‌ته‌ى به‌ خاكه‌ناس و پێمه‌ڕه‌و چه‌قۆ كه‌وته‌ گيانى گه‌وره‌ترين ده‌سه‌ڵاتى ديكتاتۆرى سه‌رزه‌مين له‌راپه‌ڕينه‌ مه‌زنه‌كه‌ى ساڵى 1991 دا چواره‌مين هێزى عه‌سكه‌رى دونياى به‌ڕه‌و به‌غدا ڕاونا ، ئێستا له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتى ديكتاتۆرى بنه‌ماڵه‌ى بارزانيدا چۆكى شكاوه‌ ، ئه‌و مێگه‌له‌ى منيش ناويم هێنان ، مه‌به‌ستم ئه‌و‌انه‌ن كه‌ به‌فيتى شاسوار عه‌بدولواحيد دێنه‌ سه‌رشه‌قام ، به‌بێ ئه‌وه‌ى بير له‌وه ‌بكه‌نه‌وه‌ كه‌ شاسوار له‌داخى داواكردنى قه‌رزه‌كانى چاڤيلانده‌وه‌ هانى ئه‌و خه‌ڵكه‌ ئه‌دات وه‌كو فشارێك بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات ، ئه‌گينا توو خوا كاك چه‌تۆ تۆ شاسوارى خاوه‌ن كۆمپانيايه‌كى گه‌نده‌ڵ ، به‌به‌دێل و فريادره‌سى ئه‌زانى بۆ راپه‌ڕين وگۆڕانكارى ؟! . له‌حه‌ڤده‌ى شوباتدا سلێمانى و ئه‌و ناوچه‌يه‌ى پێى ده‌وترێ ( زۆنى سه‌وز ) بۆ دوو مانگ زياتر گڕى گرت ، دواتريش ده‌يانجار خۆپيشاندانى گه‌وره‌ى فه‌رمانبه‌رو مامۆستايانيشى تێدا ئه‌نجامدرا ، ده‌ با بپرسين ده‌سكه‌وته‌كه‌ى چى بوو . ئه‌وانه‌ى تيا چوون كێ قه‌ره‌بووى كردنه‌وه‌ ؟؟.
تۆ ئه‌زانى كاك چه‌تۆ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ى به‌ پێڵاوى لاستێكه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ كوردستان وبه‌رى ره‌نجى هه‌زاران قوربانى راپه‌ڕينه‌كه‌ى كوردستانيان به‌ سه‌دان مليار دۆلار چنييه‌وه‌ ، ئێستا پێتوايه‌ ئاوا به‌ سووك و سانايى له‌به‌ر خاترى خۆپيشاندانێك ده‌ستبه‌ردارى ده‌سه‌ڵات و نه‌وت و سامانى كوردستان بن ؟؟ . ئه‌مه‌ خه‌ياڵه‌ قوربان .. ئه‌م ده‌سه‌لآته‌ هيچ دوژمنێكى ئه‌م كورده‌ نه‌ماوه‌ ده‌ستى له‌گه‌ڵ تێكه‌ڵ نه‌كردبێ ، هه‌ر هيچ نا ، به‌يانى ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ مه‌ترسى بێته‌ سه‌ر سوپاى توركيامان پيا ئه‌كات ، خۆ توركياش ئاماده‌يه‌ بۆ هه‌ر شتێك كه‌ قه‌واره‌ى كورد له‌ناو ببات و هه‌رێمه‌كه‌مان بكات به‌ سورياو يه‌مه‌ن وليبيا . ئه‌وه‌تا ئه‌بينى چى له‌سوريا وليبياى كرد ؟؟.
به‌ڵێ من ده‌سه‌ڵاتى پارتى به‌ به‌رپرسى يه‌كه‌مى ئه‌م هه‌موو نه‌هامه‌تييه‌ ئه‌زانم ، هه‌ر سێ سه‌رۆكايه‌تيه‌كه‌ى هه‌رێم به‌ده‌ست ئه‌وانه‌وه‌يه‌ ، ده‌زگا ئه‌منيه‌كان له‌ژێر كۆنترۆڵى‌ خۆيدايه‌ ، پێشتر به‌ كه‌مينه‌يه‌كه‌وه‌ سه‌رۆكى په‌رله‌مانى ده‌ركردو په‌رله‌مانى په‌كخست ، ئێستاش به‌زۆرينه‌وه‌ په‌رله‌مانى داگييركردووه‌ حيساب بۆ كه‌س ناكات . ئه‌وه‌ش ماناى بێبه‌رى كردنى يه‌كێتى نيه‌ كه‌ ئه‌ويش هاوبه‌شى حكومه‌ته‌ ، به‌ڵام توو خوا كاكه‌ چه‌تۆ تۆ پێتوايه‌ يه‌كێتى چى پێئه‌كرێ به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى پارتى . خۆ بينيت له‌سه‌ر پارێزبه‌ندى سۆران عومه‌ر هيچ حيسابێكى بۆ نه‌كرد ، ئێستاش له‌بڕينى 21% مووچه‌ى خه‌ڵكى هه‌ژاريش هيچ حيساب بۆ يه‌كێتى ناكات ، ئيدى يه‌كێتى چ ده‌سه‌ڵاتێكى هه‌يه‌ به‌سه‌ر پارتييه‌وه‌ تاكو گله‌يى وگازنده‌ى لێبكه‌ين .
كاكى خۆم ره‌نگه‌ جه‌نابت نه‌زانى من زياتر له‌بيستوپێنج ساڵه‌ ره‌خنه‌ له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ بۆگه‌نه‌ى كوردستان ده‌گرم ، سه‌رم له‌وه‌شدا‌ سپى كرد ، سه‌دان نوسينى كوردى وعاره‌بيم له‌دژى ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ نووسيووه‌و ئه‌رشيفه‌كه‌م له‌گوگڵ بدۆزه‌ره‌وه‌ ، باجى زۆر گه‌وره‌شم له‌م پێناوه‌ داوه‌ ، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر يه‌ك وتارى عه‌ره‌بيم له‌سايتى ( ئيلاف ) سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم نێچيرڤان بارزانى نانبڕاوى كردم وله‌جه‌ريده‌ى ( شه‌رقولئه‌وسه‌ت ) به‌ده‌ركردنى دام ، ئێستاش جه‌نابت من به‌ ويژدانفرۆش و قه‌ڵه‌مێكى‌ خۆفرۆش به‌ خوێنه‌رانت ئه‌ناسێنى ! هه‌ر هيچ نه‌بێ براده‌ر ئه‌رشيفه‌كه‌ى خۆم له‌ (كوردستان پۆست) ببينه‌ ئێنجا ئه‌و حوكمه‌م به‌سه‌را بده‌ .
ئێستاش له‌په‌رۆشييه‌وه‌ بۆ ميلله‌ته‌كه‌مه‌ داواى رێگايه‌كى ترى لێبكه‌م بۆ سه‌رخستنى قه‌زييه‌كه‌ى ، چونكى جارێكيتر دووپاتى ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌وا هه‌ر خۆپيشاندانێك له‌هه‌ولێره‌وه‌ ده‌ستپێنه‌كات ، سه‌ركه‌وتن نايه‌ته‌ ده‌ست ، بينيشمان كاتێك سه‌د كه‌س هاتنه‌ سه‌رشه‌قامه‌كانى هه‌ولێر چۆن ده‌سه‌ڵات سه‌د هه‌زار ئاسايش وبه‌ڵته‌چى خۆى خسته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان . با له‌وه‌ش زياتر كوڕى خه‌ڵكى به‌كوشت نه‌ده‌ين ، چونكى هێشتا زامه‌كانى شه‌ڕى ناوخۆ سارێژ نه‌بوونه‌ته‌وه‌ كه‌ هيچ كه‌سێك له‌وانه‌ى هه‌لێانگييرساند تا ئێستاش مێش ميوانيان نه‌بووه‌ .
به‌ڵێ تاكه‌ چاره‌سه‌ر بڕيارى بوێرى ده‌نگده‌رانه‌ بۆ دوورخستنه‌وه‌ى ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ديكتاتۆره‌ ، چونكه‌ هه‌ر ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ن سى ساڵه‌ ئه‌مانه‌يان له‌سه‌ر كورسييه‌كه‌ داناوه‌ ، هه‌ر خۆشيان ئه‌توانن كورسيه‌كه‌ بله‌قێنن ..منيش باوه‌ڕم به‌وه‌ نييه‌ كه‌وا هه‌ڵبژاردنێكى پاكو بێگه‌رد و دوور له‌گزى وفزى و ‌ته‌زوير ئه‌نجامبدرێ ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خه‌ڵكى بڕيارى خۆيداو ده‌نگى به‌مانه‌ نه‌دا با هه‌ر به‌ كورسى ته‌زويره‌وه‌ بێنه‌ سه‌ر حوكم ، خۆ ئه‌و كاته‌ هيچ شه‌رعييه‌تيان نامێنێ ، ئه‌وسا هه‌موو دونياش تێئه‌گا كه‌ ئه‌مانه‌ ده‌سه‌ڵاتێكى ديكتاتۆرو خۆسه‌پێنن .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە