کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شه‌رم له‌م هه‌رێمه‌ هه‌ڵگیراوه‌

Sunday, 16/08/2020, 2:17


پیاو دۆش داده‌مێنێ كاتێ وه‌ك رۆژی رووناك چاوی به‌شته‌كان ده‌كه‌وێ و له‌ هه‌قیقه‌تی رووداوه‌كان تێده‌گات، ئه‌وجا به‌جۆرێ ده‌گه‌وجێندرێ و فێڵی ده‌رهه‌ق ده‌كرێ و به‌ درۆ گوێكانی پڕ ده‌كرێته‌وه‌ ئه‌وجا پێیوابێ زوڵم خۆمانه‌ له‌ زوڵمی بێگانه‌ باشتره‌ له‌كاتێكدا زوڵم هه‌ر زوڵمه‌ ئه‌گه‌ر برا به‌رامبه‌ر به‌ برای خۆی بیكات.
ئه‌وه‌نده‌ی له‌ مێژووی گه‌لان راماوم، هیچ گه‌لێكم به‌قه‌د ئه‌م گه‌له‌ی له‌مه‌ڕ خۆمانم نه‌دیوه‌ ئه‌وه‌نده‌ ساویلكه‌، ئه‌وه‌نده‌ بێ هه‌ڵوێست، ئه‌وه‌نده‌ خۆش باوه‌ڕ، ئه‌وه‌نده‌ به‌ زوڵم و سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ رازیبێت هه‌رچیه‌كی لێبكه‌ن هه‌ر بڵێ: رازیم.
ساڵانێكی زۆره‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمه‌وه‌ له‌رێی میدیاكانه‌وه‌ ئه‌وه‌ به‌گوێی هاونیشتمانیان ده‌درێ كه‌ به‌غدا موفلیسه‌و پاره‌ی نیه‌، كه‌ به‌غدا شكستخواردووه‌و توانای ئیداره‌دانی نیه‌، كه‌ حوكومه‌تێكی شیعه‌گه‌ری نه‌ته‌وه‌په‌رست به‌ڕێوه‌ی ده‌بات ، تا ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی له‌م هه‌موو بارودۆخه‌ باس له‌وه‌ بكه‌ن كه‌ به‌غدا له‌سه‌ر لێوارو رۆخی داڕمانه‌.
هه‌ڵبه‌ته‌ هێنانه‌وه‌ی ئه‌م هه‌موو شێرو رێویه‌ بۆ چیه‌، مه‌گه‌ر وه‌ك ده‌وترێ هه‌ر درۆبكه‌، درۆبكه‌، درۆبكه‌ تا باوه‌ڕت پێ ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش وه‌ك كورد وته‌نێ په‌تی درۆ ئه‌گه‌ر درێژیش بێت دواجار هه‌ر ده‌یچڕێ له‌بری ئه‌وه‌ی په‌تی درۆ كورته‌، بۆیه‌ ئه‌م قسانه‌ ده‌وترێ تا قه‌ناعه‌ت به‌من و تۆبێنن كه‌ ئه‌گه‌ر دزی بكه‌ین با دزیه‌كه‌مان به‌رده‌وامبێ، ئه‌گه‌ر تاڵان و برۆی ئه‌م مه‌مله‌كه‌ته‌ ده‌كه‌ین با كه‌س فزه‌ی لێوه‌ نه‌یه‌ت، ئه‌گه‌ر چیمان كرد تۆبه‌و وه‌زعه‌ رازیبه‌و داوای مووچه‌ مه‌كه‌ با مووچه‌ دواكه‌وێ به‌ڵام قه‌واره‌و كیانه‌كه‌مان له‌ناو نه‌چێ.
ئه‌وه‌ی له‌و رۆژانه‌ سه‌رنجی راكێشام دیده‌نیه‌كی كاك رێباز حه‌ملانی یاریده‌ده‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم بوو كه‌ هێنده‌ی دیكه‌ی بێ ئومێدی له‌ناخی مووچه‌خۆران دروست كرد به‌ راگه‌یاندنی چه‌ند رسته‌یه‌ك، له‌وانه‌ دوای تێپه‌ڕبوونی 47رۆژ به‌سه‌ر دواكه‌وتنی مووچه‌، وتی: ته‌نها 350ملیۆن دۆلارمان له‌داهاتی نه‌وت و ناوخۆ له‌به‌ر ده‌سته‌ به‌ڵام ئێمه‌ پێویستمان به‌755ملیۆن دۆلار هه‌یه‌ بۆیه‌ مووچه‌مان پێ نادرێت ده‌بێ له‌ عێراقه‌وه‌ پاره‌مان بۆ بێت و قه‌رز بكه‌ین پاشان مووچه‌مان پێ ده‌درێت.
له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ده‌ڵێت: به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك چووینه‌ته‌ پێشه‌وه‌ له‌ به‌غداد به‌هه‌موو داواكارییه‌كان رازین به‌ڵام تا ئێستا نه‌گه‌یشتووینه‌ته‌ رێكه‌وتن، بۆیه‌ وه‌فد ده‌نێرین بزانین بۆچی به‌غداد ئه‌و پاره‌یه‌ نانێرێت؟.
ئه‌وه‌ی له‌م قسانه‌ی ئه‌و به‌رێزه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر به‌غدا ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ نه‌نێرێ ئه‌وه‌ ده‌بێ مووچه‌خۆران فاتیحه‌ له‌سه‌ر گیانی خۆیان بخوێنن له‌كاتێكدا تا به‌ئه‌مڕۆ ده‌گات هه‌میشه‌ ده‌ڵێین به‌غدا مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی خۆی پێ نادرێ ئه‌ی چۆن مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم بدات؟ هه‌میشه‌ ده‌ڵێین: پاره‌ی پێویست له‌به‌ر ده‌ست نیه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر به‌غداش پاره‌ بنێرێ ئه‌وه‌ ده‌بێ بڕه‌ پاره‌یه‌كی تریش قه‌رز بكه‌ین تا مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی پێ بده‌ین، جا لێره‌دا چه‌ند پرسیارێك سه‌رهه‌ڵده‌دات:
ئه‌وه‌ ئه‌و مانگه‌ وا رۆیشت، ئه‌ی بۆ مانگه‌كانی تر ئایا هه‌مان شت دووباره‌ نابێته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ به‌جۆرێ كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر ره‌وشی هاوڵاتیان دروست كردووه‌، هه‌موو جموجۆڵ و جووڵه‌یه‌كی ئابوری و بازرگانی وه‌ستاندووه‌، له‌كاتێكدا قووتی خه‌ڵك ده‌بێ له‌ پێشه‌وه‌ی هه‌موو شتێك بێ و ئه‌گه‌ر خه‌مخۆری له‌ حكومه‌ت هه‌بوایه‌ بۆچی هه‌ر ئه‌م هه‌فته‌یه‌ وه‌فدی ره‌وانه‌ی به‌غدا نه‌ده‌كرد له‌كاتێكدا رۆژ نه‌بوو راینه‌گه‌یه‌نن كه‌ له‌هه‌فته‌ی داهاتوو وه‌فدی هه‌رێم ده‌چێته‌ به‌غدا و كۆتایی به‌كێشه‌كان دێنێ و ته‌نها واژكردن ماوه‌، هه‌روه‌ها راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق بۆ وته‌كانی وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ له‌12/8/2020 رایگه‌یاند ئه‌وه‌ ئاماژه‌یه‌ك بوو كه‌ هیچ هه‌نگاوێكی دڵخۆشكه‌ر له‌ئارادا نیه‌ له‌كاتێكدا وه‌زاره‌تی دارایی عێراق رایانگه‌یاند: هه‌رێم نه‌رمی نانوێنێ.
هه‌ندێ له‌ په‌رله‌مانتارانی كوردی كوردستان و عێراق نایشارنه‌وه‌ كه‌ هه‌رێم ده‌رهه‌ق به‌و داهاته‌ی هه‌ندێ له‌ به‌رپرسان دێته‌ ده‌ستیان ئه‌مانه‌ كۆسپن له‌به‌رده‌م نه‌گه‌یشتن به‌ رێكه‌وتن و ئاماده‌نین ده‌سبه‌رداری ببن.
كاك عه‌لی حه‌مه‌ سالحی سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ سه‌روبه‌ندی دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی 2 رایگه‌یاند ئه‌و لێبرینه‌ی له‌سه‌دا 21 بۆ یه‌ك مانگه‌و مانگانه‌ له‌ سی رۆژ جارێك مووچه‌ ده‌درێ، كه‌چی ئه‌وه‌ به‌ره‌و په‌نجا رۆژ ده‌ڕوات هیچ مووچه‌یه‌ك دابه‌ش نه‌كراوه‌، ئێستا هه‌ڵوێستی چیه‌؟ چ به‌ هه‌واداران و لایه‌نگرانی حزبه‌كه‌ی ده‌ڵێت؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە