بەغدا یا هەرێم كامیان ئەو قوڕاوەیان بۆ گرتوینەوە ؟!
Saturday, 15/08/2020, 14:03
لەساڵی 2014 ەوە بەبریارێكی نادەستوری ئەنجومەنی وەزیران دەست بۆ قوتی خەڵكی كوردستان برا بە برینی رێژەی 50% تا 75% ی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و ئەم برینە بەشێوازی جیاواز تا ئەو ساتەش بەردەوامە كە لەناوەراستی مانگی ئابی 2020 داین وخەڵك مووچەی مانگی ئازاری وەرنەگرتوە. گەر لەو هەرێم وعێراقە فدراڵە قانون نوزەو شكۆی هەبوایە، ئەوا ئەو بریارە هەر تەنیا هەڵنەدەوەشێنرایەوە، بەڵكو ئەوانەی لەپشت دەركردنی ئەو بریارەوە بون راپیچی دادگا دەكران، بەڵام چی بكەین وڵاتەكەی ئێمە دامودەزگای حوكمرانیەت و ئیدارە ویاسا دیكۆرو كارتۆنین و دەسەڵاتی راستەقینە لای حزبەكانە، ئەوانیش بەگوێرەی بەرژەوەندیە تەسكەكانیان هەڵیان دەسورێنن ، كەچی لەولاشەوە بەرپرسە حیزبیەكانیش وەك خەڵك رەخنە دەگرن وگلەیی لەو دۆخە ناهەموارە دەكەن كە بۆ خەڵكیان دروست كردووە !
حوكمرانانی هەرێم لەساڵی 2014 ەوە هۆكاری دۆخی ئێرە دەگەرێننەوە بۆ بەغدا، گوایە بەشە بوجەو مووچەی فەرمانبەرانی بریوە، لەو ساتەوەش وەفد ناردن وكۆبونەوەو كۆبونەوە كاری لەگەڵ بەغدا بێ ئەنجام بەردەوام بوە. با بزانین ئایا بەغدا كەمتەرخەمەو لەپشت سەرهەڵدانی ئەو دۆخەیە یان هەرێم خۆی ؟
ئەگەر بەغدا لایەنی كەمتەرخەمە لەو بابەتە خۆ دەكرا لە 2014 ەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم هەڵوێستێكی جدیان نواندبا لەبەرانبەری، بەوەی لە پەرلەمان وحكومەتەكەی ئەوێ كشابانەوە وەك كارتێكی فشار، بەڵام ئەوان نەك هەر ئەو رێگایەیان نەگرتە بەر ، بەڵكو بەردەوام لەسەوداو مامەلەی پێكهێنانی حكومەتەكانی ئەوێ و پۆست وەرگرتن بون لەدامودەزگاكانی عێراق. بۆیەش سەرەرای بونی دەیان تەها محێدینمان لە ناو دەسەڵاتەكانی تەشریعی وتەنفیزی وقەزایی بەغدا، نەیان توانی بەغدا ناچار بكەن بەپێی دەستور شایستە داراییەكانی هەرێم بنێرێ، ئەمە خۆی لەخۆیدا بەڵگەی ئەوەیە كە بەغدا كەمتەرخەمی وپێشێلكاری دەستوری نەكردوە بەرانبەر هەرێم، ئەگینا لەو هەموو نوێنەرەی هەرێم بەتایبەتیش ئەوانەی ناو وەزارەتی دارایی عێراق وەكیل وەزیرو وەزیری دارایی ، دەیانتوانی رووبەرووی بەغدا ببنەوەو شەفافانە لایەنی كەمتەرخەم بۆ خەڵكی عێراق دەستنیشان بكەن بەتایبەتیش لەناو پەرلەمانی عێراق، كە ئەمە نەكراوە بۆیە لەو حالەتەدا هەڵوێستی هەرێم دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە. بە پێچەوانەوە لەبری ئەوەی هەرێم بەهەنگاوێكی دەستوری فشار بخاتە سەربەغدا ، گۆمەكەیان شلۆق تركرد كاتێك ریفراندۆمیان ئەنجامدا بێ گوێدانە بونی هەڵومەرجە پێویستەكانی ئەو پرۆسەیە لەرووی خودی وبابەتیەوە. دوای شكستی ئەو پرۆسەیەش لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی وجیهانی، عێراق بەتوندی رووبەرووی هەرێم بویەوەو دەیان جۆر فشاری خستە سەر، كەچی بەرپرسانی حیزبی هەرێم بە پەلە پروزێ خۆیان گەیاندەوە بەغدا بۆ تۆبەو كرنۆش بردن و تەسلیم بونەوە بە بەغدای عروبەوە، ئەو بەغدایەی پێش ریفراندۆم هیچ حسابێكیان بۆ نەدەكرد. بۆیە لێرەوە دەتوانین بلێین بەغدا دەستی نیە لە دروستكردنی ئەو دۆخەی هەرێمی تێ كەوتوە، بەڵام بەغدا لەرووی دەستوریەوە بەرپرسە لە چارەسەركردنی بەپێی مادەكانی (110/سێیەم، 2/ یەكەم/ ب - ج، 5 ،13، 14، 46، 105، 106، 111) ی دەستوری عێراقی 2005، چونكە نابێ دەستەوەستان بوەستێ لەراست پێشێلكاریەكانی هەرێم لەسەر مافە دەستوریەكانی خەڵك ، بۆیە خۆدزینەوە لەو بەرپرسیارەتیە مانای ئەنجامدانی پێشێلكاریەكی دەستوری ئاشكرایە لەلایەن حكومەتی فدراڵی بەغداوە ، بەڵام بەداخەوە لەوڵاتی میلیشاو حوكمی هێز دەزگایەكی دەستوری نیە بتوانێ پێشێلكاریەكان بوەستێنێ، سا ئەو پێشێلكاریانە لەلایەن حكومەتی فدراڵ ئەنجام بدرێن یا لەلایەن هەرێمەوە.
كەواتە خولقێنەری ئەو دۆخە هەرێم خۆیەتی نەوەك بەغدا، چونكە ناكرێ دەسەڵاتێك سی ساڵە حوكمرانە لەسەر خاكێكی پر لەداهات و سەرمایە ستراتیجێكی تۆكمەی نەبێ بۆ ئیدارەدانی ژیان وچارەنوسی خەڵكەكەی لەرووی سیاسی وئابوری وكۆمەڵایەتی وفەرهەنگیەوە، وە چاوی لە بەغدا بێ پارەی بۆ بنێرێ و بەرێوەی بەرێ، لەكاتێكا خۆی سەرچاوەی داهاتی زۆری لەبەر دەستە، وەك، بەرهەمە نەوتیەكان، خاڵە سنوریەكان، داهاتی فەرمانگەو وەزارەتەكان، بەلام نادیارن و دامودەزگا كارتۆنیەكان بەپەرلەمان و وەزارەتی داراییشەوە زانیاریان دەربارەیان نیە، بەهیچ شێوەیەكیش ئاگاداری بودجەی راستەقینەی ئەو هەرێمە نین، بەڵكو ئەم زانیاریانە تایبەتن بە ژوورە تەسك وتاریكەكانی حزب و بەهیچ شێوەیەك دزە ناكەن بۆ دەرەوە. بۆیە ئێمە رەشۆكی هۆكاری ئەو دۆخە ناخەینە ئەستۆی هەرێمەوە ، ئەگەر زۆربەی بەڵگەو ئاماژەكان بەو ئاراستەیە نەبن، چونكە مومكین نیە دەسەڵاتێك لەسەر ئەو هەمو داهات وسەرمایە نەتوانی ژیانێكی گونجاو بۆ خەڵك دەستەبەركاو موچەی فەرمانبەران دابین بكا, وە بەشێوەیەكی گشتی لە زۆربەی دەوڵەتە فدراڵیەكان وعێراقیش (م110/سێیەم) بابەتی دارایی وپارە دەچنە خانەی پسپۆریە حەسركراوەكان بۆ حكومەتی فدراڵی ناوەند ، بۆیە ئەگەر هەرێم داوای بەشە بودجەی خۆی لەبەغدا دەكا پێویستە داهاتەكانی خۆشی شەفافانە بخاتە بەردەم حكومەتی فدراڵەوە، ئەمە لەهیچ وڵاتێكی فدراڵی نیە هەرێمێك سەرمایەو داهاتەكانی خۆی بۆ خۆی هەڵگرێ و لەوسەریشەوە حكومەتی فدراڵ بودجەكەی بۆ دابین بكا !
بەڵام كاتێك نە یاسا سەروەر بێ و نە دەزگا حوكمرانیە كارتۆنیەكان بتوانن لە بودجە بپرسنەوە بەداهات وخەرجیەكانەوە، ئا لەو بارودۆخەدا سەروەت وسامانی میللەت تەخشان وپەخشانی پێ دەكرێ، وە ئەمەش رێ خۆشكەرە بۆ سەرهەڵدانی چەندین دەوڵەتۆكە لەناو ئەو هەرێمە، كە هەریەكەیان هێزو دارایی و میدیاو بەندیخانەو زۆر شتی تریشی تایبەت بەخۆی هەیە. ئیتر چۆن پارەو سامانی گشتی ئەو وڵاتە خۆی بگرێ تا مافی موچەخۆرانی پێ دەستەبەر بكرێ لەوەی مانگانە لەكاتی خۆیاندا موچەكانیان وەرگرن و وادەی وەرگرتنی موچەكانیان لێ نەبێ بە مەتەڵ وەك ئێستا، بۆیە كاتێ لێرەدا حاڵ بەو شێوەیە بێ لەكوێ پارە وداهات لەبەر كێخواكانی كوردایەتی بەشی موچەخۆرانی لێ دەمێنێتەوە كە سوتماكی راستەقینەی نیشمانن، كە بەداخەوە لەژێر سایەی سستەمێكی عەسكەرتاری داواكردنی ئەو مافە سەرەتایی ودەستوریەشیان پێ رەوا نابینن ولێیان حەرام كراوە !
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست