کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هیوادارم حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا رێكنه‌كه‌ون

Tuesday, 11/08/2020, 22:45


ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه‌ وته‌ی كاك حه‌مه‌ی حاجی مه‌حموده‌ كه‌ له‌هه‌ندێ له‌ میدیاكان بڵاوكراوه‌یه‌، هه‌روه‌ها له‌ وته‌یه‌كی دیكه‌یدا ده‌ڵێت: چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا جیابوونه‌وه‌یه‌ له‌ عێراق.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمه‌ هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر بكه‌م:
یه‌كه‌م: كوردستان به‌قۆناغێكی دارایی سه‌خت گوزه‌ر ده‌كات، كورد وته‌نێ: ئه‌وه‌ی نه‌بێ به‌ماڵم نازانێ به‌حاڵم.. هاوڵاتیانی ئه‌م هه‌رێمه‌ جگه‌ له‌ ده‌سته‌و تاقمێكی دیاریكراو له‌ به‌رپرسی حزبی و حكومی و بازرگان، له‌سه‌دا خه‌فتای خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌ژێر هێڵی هه‌ژاریه‌وه‌ ده‌ژێن و ئه‌و مووچه‌ی دێته‌ ده‌ستیان ژیانێكی نه‌ژێ و نه‌مرێی پێ ده‌به‌نه‌ سه‌ر، بۆیه‌ بێزاری و نه‌هامه‌تی و ناره‌حه‌تیه‌كانی خه‌ڵك به‌جۆرێ جۆشی سه‌ندووه‌ ده‌بێ به‌رچاو روون بین ئه‌گه‌ر خه‌ڵك له‌سه‌ر ئه‌و بێ مووچه‌یی و بێ بازاریه‌ له‌ سه‌برو ئارامگریی دا سنوورێكی دیاریكراوی هه‌بێت ئه‌وه‌ له‌ته‌قینه‌وه‌ی ناره‌زایی و ناخی خۆیاندا هیچ سنوورێك نامێنێ.
دووه‌م: هه‌موو مرۆڤێك ده‌توانێ وشه‌ی قه‌به‌ قه‌به‌ ریز بكات، وشه‌ شتێكه‌ هه‌موومان پێیده‌وێرین، وه‌لێ ئه‌وانه‌ی قسه‌ی زل ده‌كه‌ن ئاخۆ ئه‌گه‌ر له‌جێی ئه‌و كه‌سانه‌بن كه‌ نانی ئێواره‌یان نیه‌و له‌لایه‌ن ماڵ و مناڵ و خێزانه‌وه‌ سه‌رزه‌نشت ده‌كرێن و به‌هۆی نه‌بوونیه‌وه‌ به‌رده‌وام كێشه‌یان هه‌یه‌، با ئه‌و به‌رپرسانه‌ خۆیان له‌جێی ئه‌وانه‌ دانێن كه‌ پاره‌ی موه‌لیده‌یان نیه‌، پاره‌ی جه‌مێكی خۆشیان نیه‌ بیده‌نه‌ ماڵ و منداڵیان، پاره‌یان نیه‌ بۆ نه‌خۆشی خۆیان سه‌ردانی دكتۆر بكه‌ن و.. . هتد، ئاخۆ زاتی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌و قسانه‌ بكه‌ن، خه‌ڵك چی له‌ سه‌ربه‌خۆیی بكات ئه‌گه‌ر دیناری له‌باخه‌ڵ نه‌بێت، من پێموایه‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌ربه‌خۆیه‌، ئه‌گه‌ر له‌ به‌غداش جیابێته‌وه‌ هه‌ر ئه‌و په‌یكه‌رو هه‌یكه‌ل و یه‌كه‌یه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌رێم به‌رێوه‌ ده‌بات خۆ كه‌سانێك نایه‌نه‌ سه‌ر حوكم كه‌ له‌ هه‌ساره‌یه‌كی تره‌وه‌ بێن.
سێیه‌م: له‌ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی ده‌نگمان بۆ سه‌ربه‌خۆیی دا، كه‌چی چونكه‌ رای نێوده‌وڵه‌تی وهه‌رێمایه‌تی پشتیوانمان نه‌بوو، هه‌ر زوو باماندایه‌وه‌ به‌غداو داوای گفتوگۆمان كرد، له‌وه‌شدا به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م نیوه‌ی خاكی كوردستانمان له‌ده‌ست دا كه‌ سه‌ركردایه‌تی كورد پێی وابوو دوای رزگاركردنی ئه‌و ناوچانه‌ له‌ده‌ست داعشی تیرۆریست، ئیدی شتێك نه‌ماوه‌ به‌ناوی جێناكۆك و هیچ حسابێك بۆ حكومه‌تی ناوه‌ند ناكات و ئه‌و شوێنانه‌ی به‌خوێن ئازاد كردووه‌و به‌بێ خوێن به‌جێی هێشت، كه‌چی خوریه‌كه‌مان لێ بووه‌وه‌ به‌ ریس.
چواره‌م: ئه‌و هات و هاواره‌ی خه‌ڵكه‌ ره‌ش و رووت و به‌ش مه‌ینه‌تیه‌ی خۆپیشاندان ده‌كه‌ن و داوا ده‌كه‌ن مووچه‌كانیان بچێته‌ سه‌ر به‌غدا، ئه‌وانه‌ هاوڵاتی دڵسۆزی ئه‌م هه‌رێمه‌ن، نه‌ خۆفرۆشن، نه‌جاش، به‌ڵام ئه‌و نه‌بوونی و نه‌داری ژیانه‌ وایلێكردوون په‌نا ببه‌نه‌ به‌ر دوژمنیان ئه‌گه‌رچی حه‌زیشی پێ نه‌كه‌ن، فه‌رموو له‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌دا چه‌ند به‌رپرس و ملیاردێر ئاماده‌بوو قرشێ له‌ داهاته‌كه‌ی بخاته‌ خزمه‌تی حكومه‌ت تا مووچه‌ی پێ بدرێ هه‌رنا پێشمه‌رگه‌ لێره‌و له‌وێ له‌به‌ر نه‌بوونی خۆی نه‌كوژێ و رێژه‌ی جیابوونه‌وه‌و ته‌لاق زیاد نه‌كات؟
پێنجه‌م: با ئێمه‌ خۆمان به‌ فسف س پاڵه‌وان نه‌زانین، راسته‌ پێشمه‌رگه‌ قه‌ڵغانه‌ بۆ پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی خوێنی شه‌هیدان، به‌ڵام بێ ئومێدی زۆر رووی كردۆته‌ ناوخودی پێشمه‌رگه‌ كه‌ باراشكاوی ده‌نگی ناره‌زایی به‌رز بكه‌نه‌وه‌و ئه‌و حه‌ماسه‌ته‌یان تێدا نه‌بێ و بڵێن: ئێمه‌ خۆمان به‌كوژ بده‌ین ومه‌سئوله‌كان بیخۆن.
شه‌شه‌م: ئێمه‌ ئه‌گه‌ر پیلانمان نه‌بێ وخۆمان نه‌ناسین نازانین چی ده‌كه‌ین، كورد ته‌یاره‌ی نییه‌ مقاوه‌مه‌ی ئیف 16 به‌چی ده‌كات ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه‌ بقلیشێته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بێ هه‌میشه‌ دوور بینانه‌ بڕوانینه‌ رووداوه‌كان.
حه‌وته‌م: كاكه‌ حه‌مه‌ خودان خه‌باته‌و نكۆڵی له‌و رابردووه‌ی ناكرێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه‌ بژێوی ژیان و ناله‌باری بارودۆخی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تی نه‌بێت، كێ هه‌یه‌ حه‌زبه‌جیابوونه‌وه‌ نه‌كات، وه‌لێ ده‌بێ پێش جیابوونه‌وه‌ خه‌ڵك و حكومه‌ت و حزبه‌كان ئاشت بكرێنه‌وه‌، یه‌كتر قبوڵكردن و یه‌كریزی ده‌بێته‌ زامنی ئه‌و جیابوونه‌وه‌ كه‌ هه‌موو تاكێك خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە