عەرەبانە و دەوڵەتى کوردى .. تازەترین ڤێرژنى گۆڕان
Sunday, 09/08/2020, 23:26
خوێنەران بەگەورەیی خۆیان ئەمبەخشن کەئەڵێم (عەرەبانە و عەرەبانچى) تەنها ئاماژەیە بۆ یاسین خزرى پەڕلەمانتارى ئێستا و دەستگێڕى جاران، هەمان ئەو وشەیەیە کە خۆى بەکارى ئەهێنێت .
دەستگێر .. کەسێکە بەچەرمەسەرى و فەلاکەت لەم جەنجاڵی و بێکارییەدا، خۆى هەلى کارى بۆ خۆى دۆزیوەتەوە و بە بێ ئەوەى هیچ جۆرە تێچونێک بکەوێتە سەر (حکومەت) . ئێستا کە هەژارى ڕۆژانە لە هەڵچوندایە ، ساڵ لەدواى ساڵ سوپاى بێکاران ڕوو لەزۆر بوونە ، هەزارەها گەنجى دەرچوى پەیمانگا و زانکۆکانیش دێنە ناو ئەم سوپایەى بێکارانەوە و ئەوانیش بەشێکى بەرچاویان دەستگێرى ئەکەن .
پێموابوو کە یاسین خزرى دەستگێڕ بچێتە پەڕلەمان خەمى هەموو دەستگێڕەکان ئەدا بەکۆڵیدا و لەپەڕلەمان ئەیکاتەوە ، هەوڵئەدات ئاوڕێک لەژیانى ئەم توێژە بدرێتەوە ، لانیکەم بەیاسایایەک بەجۆرێک لەجۆرەکان کار و بژێویان ڕێکبخەن یان بیانخەنە ژێر چەترى یاسایەکەوە دەستەبەرى کۆمەڵایەتیان بۆ دابین بکەن .
لەدوا هەڵبژاردنى پەڕلەماندا ٣٠ ئەیلولى ١٩١٧ کەمترین ڕێژەى بەشداربونى خەڵک هەبوو کەنەگەیشتبووە ئەو ستاندارە جیهانیە بۆ دەنگدان دیاریکراوە ، لەم هەڵبژاردنەدا حیزبى گۆڕان عەرەبانچى و بەندبێژ و بێژەرى تەلەفیزیۆنى و نەخوێندەوارى هێنایە پێشەوە بەکۆمەڵێک دروشمى ڕازاوە و قەبە و پڕ لەدرۆ ، یاسین خزریش یەکێک بوو لەوانە ، خەڵکێک کەدەنگیان پێداوە بەهۆى ئەوەى کە نەدار و هەژارە هەتا ئاڵوگۆڕێک بەسەر ژیانیدا ببێت و سود لەو موچەیەى پەڕلەمان وەربگرێت ، بۆ نمونە ئەمە یەکێکە لەو بانگەوازانەى لەکاتى بانگەشەى هەڵبژاردن , بۆ کاک یاسین خدر کراوە : ( بۆ هاورێ و خۆشەویستانم تکاتان لێ دەکەم دەنگ بدەن بە کاک یاسین بەشکو لە کۆل ئەم عەرەبانەی بکەینەوە دڵنیابن لەدەنگەکەتان پەشیمان نابن .) . بەڵام :
یاسین خزر لەپێگەیشتنێکى ڕادیۆى دەنگى ئەمریکا ناخى زەرد و ڕزیوى خۆى ئاشکرا ئەکات و ئەڵێت :
(قهزیهی كورد گهلێك لهوه گهورهتره كه ئێمه چاومان له موچه بێت كهم بكرێتهوه یان زیاد بكرێت. ئێمه دهمانهوێت دهوڵهتێكی كوردی دروست بكهین)
ئایا بەرنامەى حیزبى گۆڕان بۆ دوا هەڵبژاردن باسى دەوڵەت ئەکات ؟ ئایا کارنامەى حکومەت ئاماژەى بەدروستکردنى دەوڵەت کردوە ؟ ئایا وشەى دەوڵەت و دروستکردنى ڕۆژێک لە ڕۆژان لەپەڕلەمان لەژێر لێوەوە باسکراوە ؟ .. بێگومان نەخێر .
موچە و بژێوى دابینکردن ئەرکى حکومەتە ، هەمو کرێکارێک , فەرمانبەرێک ئەرکى لەسەرە و بەرامەریشدا مافى هەیە ، یاسین .. کەئەبوایە داکۆکیکارى مافى خۆشبژێوى خەڵک بێت , ئەڵێت نابێت چاومان لەموچەوە بێت و دەوڵەتمان بۆ دروست ئەکات ، گەمژەیەتیش سنورى نیە تۆ موچەت پێنەدرێت دەوڵەت بە عەرەبانەکەت دروست ئەکەین ، لەبانگەشەى هەڵبژاردنى حیزبى گۆڕان موچەیان بۆکابانى ماڵ دابینئەکرد ، ئەبێت کابانى داماوى ماڵ ئێستا چى بڵێت ئەبێت ئەوانیش وەکو یاسین سەرقاڵى قەزیەى دەوڵەت بن . ئەوانە پاکانە و ڕیکلامێکى پاتاڵ و بێناوەرۆکە بۆ شڕە حکومەتەکەى مەسرور ، یاسینیش وەکو حیزبەکەى ڕۆڵێکى لەم ستایش و پیاهەڵدانەدا بەرکەوتووە .
لە ناڕەزایەتیەکانى سەرەتای ئەمساڵى سلێمانى و شار و شارۆچکەکانى بەرامبەر پێنەدانى موچە و نەبونى خزمەتگوزاریەکان ، یاسین هاوپیشە بەند بێژەکەى لەڕانیە چونە ناو خۆپیشاندەرانەوە بۆ پشتگیریان ( هەرچەند بۆ سێلفى و ڕیکلامێکى هەرزانبەها بوو ) ئەوکاتە یاسین پیلانى دروستکردنى دەوڵەتى ڕانەگەیاندبوو .
هەژارى خراپترین جۆرى توند و تیژییە ، هەزار ئەفسوس خەڵکێکى هەژار کەهەلێکى بۆ هەڵئەکەوێت ئاڵوگۆڕێک لەژیانیدا دێتە ئاراوە لەپێشدا دوژمنایەتى ئەوانە ئەکات وەکو خۆى هەژار بوون و ئەبێت بەکۆیلەى ئەوانەى کە ژیانى و گوزەرانى خەڵکیان وێرانکردوە و پیشەیان دزى و چەتەگەریی و خاکفرۆشیە .
یاسینى تازە پیاکەوتوو لەمێژە دوژمنایەتى بۆ موچەخۆران دەربڕیوە ولە تەشەنەسەندنى کرۆنا ڤایرەس و دەستپێکردنى کەرەنتینەوە دەنگى لێهەڵبڕیووە دژ بەو پەڕلەمانتارانە وەستاوەتەوە کە بەرگریان لە موچەخوراوانکردووە ، لەبەر ئەوەى حیزبى گۆران ئیشى نەماوە جگەلە ستایشى بێچوەکەى مەسعود و حکومەتەکەى ، یاسین نایەوێت لەکاروانى حیزبەکەى بەجێبمێنێت ، ئەڵێت :
* ئەو پەڕلەمانتارانەى باسى برینى موچە دەکەن لە بێ ئیشیاندایە و کەرەنتینەکراون و نازانن چی بکەن .
* هیچ بەرنامەیەک نیە بۆ ئەوەى دەسکارى موچەى فەرمانبەران بکرێت .
* تیمى بزوتنەوەى گۆڕان ، لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان گفتوگۆیانکردووە و دەرکەوتووە کە هیچ هەوڵێک نیە بۆ ئەوەى دەسکارى موچەى فەرمانبەران بکرێت .
لەو بڕوایەدام ئەم ( پیاوە ) کاتێک دەستگێربوو لەسەر عەرەبانەکەى شیرینى و لوقمەقازى ئەفرۆشت ئەوەندە بێکەرامەت بوبێت وەکو ئێستاى , ئەگەر ئەو پرسیارەى ئاڕاستە بکرێت ئەوە بوو بەواقیع و مەسرور دور لەهەموو ڕێساو یاسایەک موچەى قرتاند ، ئەبێت خۆى و حیزبەکەى چى بڵێن ؟.
یاسین خزر لەهەمان دیدارى ڕادیۆى کوردى ئەمریکا ئەڵێت : (خۆ من كهسێك نیم له خۆڕا بووبم به ئهندام پهرلهمان ڕاسته پیشهكهم عهرهبانه چی بووم و عهرهبانهم ههبووه ، بهڵام له ههمان كاتدا كهسێكی چالاكوانی مهدهنی بووم ، چالاكوانی سیاسی بووم ، چالاكوانی ژینگهیی بووم ، خۆ من له خۆڕا نهگهیشتومهته ئهو شوێنه خهڵك وا دهزانێت ڕێك دهستی عهرهبانهم گرتووه و هاتومهته ئهوێ )
ئەم ( پیاوە ) لە پەڕلەمان ئینتەلایکردوە و شیرازەى ئەقڵى شێواوە ، ساڵانێک عەرەبانە سەرچاوەى سەرەکى بژێوى بووە لەبرى بڵێت دەسکى عەرەبانە ئەڵێت دەستى عەرەبانە ، من نازانم چالاکوانى سیاسى چیە ؟ ئەوەى هەیە کەسێک ئەندامە حیزبێکە ، ئەگەر ڕونیبکاتەوە هەتا بزانین چ جۆرە چالاکیەکى لەبوارى مەدەنى و ژینگەییدا چیبوە ، دڵنیام نازانێت مەدەنى چ مانایەک دەبەخشێت لەکتێکدا ئەم عەرەبانچیە وەکو خۆى بەدەنگى ئەمریکا ئەڵێت بەنیازە سێ دەوڵەت بە ١٨ ملیۆن کەسەوە بەڕێوەببات ، گردەکەى حەسەن و حسەین سەیرو سەمەرەیى تێدایە ، کاکە چالاکوانیچى بۆناڵێیت خەڵک بەزەییان جوڵاوە و دەنگیان پێداویت , موچەى مۆڵى خۆت وەربگرە وەکو هاومۆمەکانى ئێستا و پێش خۆت .
پەڕلەمانتار یاسین خزر ئەڵێت :
( خۆ وهزیری دارایی هێزی چهكداری نییه ڕێ له مافیا دهگیرێت ؟ ئێ ئهوه مافیاگهراییه زۆر شت بهیاسا كراوه بۆ نموونه كۆمپانیا ههیه ئهوه زانیاری یه لهلام به بهڵگه كه داهاتی ژمارهی ئۆتۆمبێل دهكات ههر ژمارهی به 55 ههزار. كۆمپانیایهك بهڕێوهی دهبات كه 15 ههزار بۆ حكومهته و 40 ههزار بۆ كۆمپانیایه ئهی ئهوه مافیا گهرایی نییه؟! بۆ حكومهت بۆ خۆی نایكات؟! ) .
یاسین لەو گردە دیژلەمەى هەڵقوڕاندووە کە دەهۆڵى سیستەم و سوپاى نیشتمانى لێئەدا ، ئێستا گلەیی ئەوەى هەیە وەزیرى دارایی هێزى چەکدارى نیە بەر بەمافیاگەرایی بگرێت ، ئەگەر وەزیرەکە شاگردە مافیا بوو ، ئەڵێت زۆر شت بەیاساکراوە کەواتە پەڕلەمان شەرعیەت ئەدات بە مافیا گەرێتى ، یاسین مافیاگەرێتى لەو کۆمپانیایەدا ئەبینیت تابلۆى ژمارەى ئۆتۆمبیل ئەکات بە ( ٥٥ ) هەزار دینار و لەوە ( ١٥ ) هەزارى بۆحکومەتە زۆر بە داخ و خەمبارە بۆ پشکەکەى حکومەت کە کەمە ، وەرە خۆت دەستگێڕێکى هەژار بیت خەمى خەڵکت نەبێت کەئەو بڕە پارەیە بۆ تابلۆى ئۆتۆمبیل زۆرە بەڵکو لەسەر ئەوە پیشبخۆیتەوە پشکى حکومەت کەمە ، لە هەرێمێکدا دز و خوێڕى و چەتە و تاڵانچى لوتیان ژەنیوەتە نەوت و غاز و داهاتى سنورەکان و ناوخۆ و بازرگانى دەرمان و هێلکە و چیمەنتۆ و ...هتد بەڵام ئەم پەڕلەمانتارە مافیا گەرایی تەنها لەپارەى تابلۆى ئۆتۆمبیل ئەبینێ کەئەوەش ئەگەر مڵکى حەسەن و حسەینى گردەزەرد بوایە یان پشکیان هەبوایە نەیئەوێرا هیچ بڵێت .
ئەم پەڕلەمانتارە هەرچەند جیاوازى لەنێوان دەوڵەت و قەوارەى هەرێمدا ناکات هەربە زمانى لوقمە قازى لەدەوڵەت ئەدوێت و ئەفەرموێت :
(ناكرێت بڵێت قهوارهیهك ههڵدهوهشێنمهوه لهبهر ئهوهی حكومهت مووچهی كهمكردۆتهوه ، من لهگهڵ دهوڵهتی كوردیم ههتا سهر ئێسقان من قوربانیم داوه لهپێناو ئهو دهوڵهته) . چڵیت و خوێڕى و بەرەڵاکانى پارتى و مەسعود و مەسرور هەمان ووتە ئەجونەوە .
ئەگەر واز لەلیستى قوربانیەکانى یاسین خزر بهێنین لەپێناوى دەوڵەتى کوردى شوکرانە بژێربین کە ئێسقانەکانى لەژێر زنجیرى دەبابەى دوژمن ووردو خاش نەبووە ئەگینا ئێستا نەیئەتوانى بڵێت : (من لهگهڵ دهوڵهتی كوردیم ههتا سهر ئێسقان).
هەربە زمانى لوقمە قازى ، ئەبێت یاسین مەبەستى چیبێت (هەتا سەر ئێسقان) ، پار مانگى سێ چیا کوڕە لەندەنیەکەى نەوشیروان مستەفاى باوکى هەژار و لێقەوماوان دور لەچاو و ئاهونزولەى گۆڕانچیەکان سەرێکى لەسەرى خیانەتدا لەسەرى ڕەش ، دڵنیام ئەویش چووە پەیامى ( هەتا سەر ئێسقان ) بە مەسعود بەرزانى بدات .
هەڵوەشاندنەوەى قەوارەى هەرێم هەمان ئەو ووتە قێزەونانەى سەرى ڕەشە کە پیسخۆر و کۆیلە و بەرەڵاکانى چوار دەوریان ئەیڵێنەوە ، ئەوەى هەڕەشەیە لەسەر داهاتومان خودى ئەو بنەماڵە دەسەڵاتدارانەن کەمێژویان مێژوى کوردکوژى و نەهامەتى و خاکفرۆشى و خۆفرۆشیە ، حیزبەکەى حەسەن و حسەینیش بەخێرایى ڕۆکێت ئاسا گەیشە ئەم کاروانە .
یاسینى پەڕلەمانتار هەتا ئێستا نازانێت ئەرکى پەڕلەمانتار چیە لەحکومەت بە گلەییە و ئەڵێت :
• موچهكهی پهرلهمانتاری زۆر زۆر زیاده من لهناو هۆڵی پهرلهمان وتم زۆرترین مووچه با 2 ملیۆن و نیو بێت و كهمترین مووچه 500 ههزار بێت حكومهت بهقسهی نهكردم
• وهكو پهرلهمانتار هاوكاری حكومهت بین و هاوكاری میللهت بین .
بەکورتى : ئەرکى بنچینەیی پەڕلەمانتار یاسا دانانە ، پێشنیار بۆ یاساکان ، لێکۆڵینەوە و دیالۆگ لە و پرۆژە یاسایانەى لەلایەن حکومەتەوە بۆ پەڕلەمان ێیت ، دەنگدان لەسەریان .پرۆسەى یاسا دانان .. یاساگەلێک دەرئەچێت کە ژیان و پەیوەندى هاونیشمانیان ڕێکدەخات وە پەیوەندوەندى نێوان حکومەت و گەل ، بەمەش پەرلەمان و پەڕلەمانتار هاوبەشن لەنەخشەى سیاسى ناوخۆ و دەرەکى .
دەسەڵاتى (صلاحیة) پەڕلەمانتار :
• دەسەڵاتى یاسادانان ، بەشدارى لە دیالۆگى یاساکان و دواتر دەنگدان لەسەرى .
• دەسەڵاتى دارایى ، ئەمەش لە مناقەشەکردنى بودجەى گشتى و بڕیاردان لەسەرى , باجەکان و ڕێکخستنیان و یاساى تایبەتیان بۆ دەرکرێت و هەموو باجێک ئەبێت بەیاسا ڕێکبخرێت .
• دەسەڵاتى هەڵبژاردن و باوەڕپێدان ، وەکو هەڵبژاردنى سەرۆک و جێگرى سەرۆکى پەڕلەمان و لیژنەپەڕلەمانیەکان و هەڵبژاردنى سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى حکومەت ..
ئەرکێکی گرنگترى پەڕلەمان چاودێرى کردەى حکومەتە (دەسەڵاتى جێبەجێکردن) بە سەرۆک وەزیران و وەزیرەکانەوە بە سیاسەتى ناوخۆ و دەرەکى هەتا بچوکترین فەرمانگە ، پەرلەمانتار ئەتوانێت پرسیاریاریان بۆ بنێرێت و دواى ئامادەبونیان لە پەڕلەمان لەسەر پرسە جۆراو جۆرەکان بەوەڵامیان بهێنێت و لەهەر هەڵەو کەمورتى لێپرسینەوە بکات و ئاگاردایان بکاتەوە .
ئەم پەڕلەمانتارەى گۆڕان لەبرى ئەوەى یاسا دەربکات و ببێتە چاودێرێکى سەرسەخت و کۆڵنەدەر و ئازا بەسەر حکومەتەوە ، ئەبێت بەهاوکارى حکومەت ، ئەمجۆرە نمونانە هەڵبژاردەى گۆڕانە و ناهێڵێت دڵى پارتى گەرد بگرێت و ناهێڵێت نمونەى پەرلەمانتارى بوێر و یاخى دوبارە ببێتەوە وەک ئەوەى ئێستا لەبەغداد نمونەیەکیان هەیە و ڕۆژانە داخ و کەسەرى لێئەخۆن , ئەوەش وەڵامى ئەو پرسیارەیە بۆچى گۆران پەنا بۆ ئەمجۆرە شێوازە ئەبات ، لەکاتێکدا لە شارى ڕانیە چەندەها پارێزەر و ئاکادیمى و خاوەن بڕوانامە و شارەزاى تێدایە کە شایستەى کارى پەڕلەمانتارین .
یاسین خزر دەڵێت:
(من ئێستا سوودم له پهرلهمان نهكردووه بۆ پله و پۆستیش نهچوومهته پهرلهمان من لهدهرهوهی پهرلهمان بوومایه وئهگهر بوومایه به لایهنێكی تر پارهی زۆر چاكیان دهدامێ وسهیارهی زۆر چاكتریشیان دهدامێ) .
ئێمە میللەتێکى کڵۆڵ و بێچارەین ، کەسیک هەتا دوێنێ مێشى لەسەر عەرەبانەکەى شیرینى و لوقمەقازى یەکەى دەرئەکرد ، چاوقایمانە منەتمان بەسەردا ئەکات و ئەڵێت بۆ پلەو پۆست نەچومەتە پەڕلەمان ، کاکە خۆ دکتۆرات لە ئابوریدا نیە ، ماجستێرت لەیاسادا نیە ، شارەزاى بوارى ژمێریارى و چاودێریت نیت ، ڕۆژنامەنوسێکى لێهاتوو نیت ، پێگەیەکى کۆمەڵایەتى و جەماوەریت نیە ، براى ئەزیزم .. بۆ سودت لەپەڕلەمان نەبینیوە ئێستا بتکێشن چەند قات کێشت زیادیکردووە دور نیە تەرازوەکەش بشکێت . بۆ سودت نەبینیوە موچەى مانگێکت بەقەدەر موچەى چەند مانگێکى کرێکارێک یان فەرمانبەرێکە ، تۆ لەو چاوپێکەوتنەدا گرژ ئەبیت کەباسى موچە و خانەنشینیت لەگەڵ ئەکەن قەزیەى کوردت بیرنامێنێت ، خانەنشینى بە چوارساڵ سودمەندى نیە لەپەڕلەمان ؟ .
منەتکردنى کاکە یاسین زۆر قەبەیە ، نەبووە بەلایەنێکیتر کەپارەى زۆر چاک و سەیارەى چاکتریان پێدەدا ، هەرچەند منەتى تێدا نیە حیزبەکەت بووە بووە بەولایەنەى کە پارەى زۆر و سەیارەى چاکیان هەیە و هەلە بۆت هەڵکەوتووە لەپەڕلەمان پێویستیان بەدەنگتە و کەخانەنشین بویت ئەبێت مێش لەخۆت دوربخەیتەوە . ئەمە یەکێکێکە لەو نهێنیانەى ئەوەتى ئەم بزوتنەوەیە دروستبووە پارتى بەهێزتر و دڕندەتر بووە و ئێستاش کەگۆڕان بووە بەشاگردێکى بەئەمەک و دڵسۆزى پارتى ، پارتى کۆنترۆڵى هەموو جومگەیەکى حوکمرانى گرتۆتە دەست و پاشماوە و بەرماوەى خۆى و قنگەشەڕى بۆ بەجێهێشتون ، ئەوەتا ئەم برادەرە زوڕناى دەوڵەتچێتى ئەژەنێت و ئاهونزولەى پارەى زۆر و سەیارەى چاک ى گەیشتۆتە تەویلە و خانەکەى پارتى و ڕەنگە ناخیان بەڕەگى زەرد بارگاوی کردبێت .
کاکە یاسین :
هەرچەندە تۆ کەرى ئەو بارە نیت ، بەڵام لەم هەرێمەدا کەرێتیش ڕێگایەکە بۆ بون بە پارتى ، تۆیەکى دەسگێڕێکى داماو ئەوەتى ئالیکى پەڕلەمانت خواردووە تەنگەت ئەستور بووە ، پارتیش ئاخوڕێکى گەورە بەقەبارەى خۆتى بۆ ئامادەکردویت ، پیرۆزە لە تۆ و گۆڕانخوازان ، هەتا ئەتوانیت جوتەى دەوڵەتدارى لەمیللەت بدە ، لەبیرت نەچێت زەڕەى دەوڵەتداریت بگاتە عەرشى سەرى ڕەش .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست