دادوەرە مۆمیکراوەکانى هەولێر
Sunday, 19/07/2020, 21:37
لا تظلِمنّ إذا ما كنتَ مُقتدراً فالظلمُ مرتعُه يُفضي إلى الندَم
تنام عينُك والمظلوم منتبهُ يدعو عليك وعينُ الله لم تَنَمِ
--------------------------
بەبریارى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران لە ڕێکەوتى ٥ /٥ /٢٠٢٠ دا موچەى دادوەران و داواکارانى گشتیش کەمکرایەوە بەبێ هیچ پاڵیشت و بنەمایەکى یاسایی ، بەئاشکرا ئەوە دەردەخات کەسەربەخۆیی دەسەڵاتى دادوەرى درۆیەکى هێند گەورەیە بەقەد قەراتى، ئەوەى کەناوى سەربەخۆیی لێنرایە لاسایکردنەوەیەکى گێلانەى یاسا عێراقیەکانە و لەژێر هەر پاساوێکدا بێت نابێت دەست بۆ موچەى دادوەران ببرێت بەهۆى ئەو ئەرکە هەستیارەى لە ئەستۆیاندایە.
سەرۆک وەزیران بەبێ بنەمایەکى یاسایى موچەى دادوەرانى کەمکردۆتەوە , موچە بەیاسا ڕێکخراوە و دەبێت بەیاسا تەعدیل بکرێت، هەتا ئەم دەمە دادوەران کش و ماتن، دادوەرێک نەتوانێت بەرگرى لەموچەکەى خۆی بکات چۆن دەتوانێت بەرگرى لە عەدالەت و قانون بکات، دادوەران نەیانتوانیوە بەیاننامەیەکیش دەربکەن ، سەندیکاکەشیان سەندیکاى (یەکێتى)دادوەران کوردستان لەژێر هەژمونى دەزگاى پاراستندایە خۆى پەناگیرکردوە و بەیاننامەیەکی ناڕەزایی دەرنەکردووە چجاى بەرگرى دۆزى دادوەران بکات . سەرۆکى ئەنجومەنى دادوەرى هیچ مەلەکەیەکى قانونى تێدا نیە و تەنها لێهاتوییەک ( مؤهلات )تێدا بێت ئەوەیە بەندەیەکى گوێڕایەڵى بنەماڵەى بارزانیە و خۆى لەموچەبڕینى داوەران کەڕوکاسکردووە ، کێشەکە تەنها کەمکردنەوەى موچە نیە بەڵکو ئەوە ژێرپێنانى شکۆى دەسەڵاتى قەزائیە .
بەگوێرەى جاڕنامەى جیهانى مافەکانى مرۆڤ دادوەر وەکو هاوڵاتى دەتوانێت سەربەستانە بیروڕاى دەرببڕێت بەمەرجێک شکۆى پیشەکەیى و خاوێنى و سەربەخۆیی داوەرى بپارێزێت ، لەبەر ئەوەى دەسەڵاتى دادوەرى سەربەخۆنیە هیچ داوەرێک جورئەتى ئەوەى نیە بەئاشکرا ڕەخنە لەبڕیارى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران بگرێت .
لە دادوەرێک ڕیوایەتکراوە : سایتێکى ڤایبەریان هەیە بووە بە شوێنى بڵاو بونەوەى سەحیحى بوخارى و ئەبوو هەریرە و فکرى وەهابى بەدەگمەن قسەیەکى لەسەر قانون تێدا بێت ، قسەى ژنێک لەسۆشیال میدیا لەسەر مزگەوت کراوە بە بابەتی سەرەکى ... ھـتد ، ئەو قسانە وەکو بەڵگەیەک وەربگرین ، ئاستى ووشیارى دادوەران وێرانەیە ، ئێستا خودى ڕۆشنفکرانى عەرەب چەندەها لێکۆلینەوە و کتێب و گومانیان لەسەر بوخارى هەیە و سەرچاوە ئاینى و مێژووییەکان درۆزنى ئەبوو هەریرە دەردەخەن ، زانکۆى ئەزهەر لیژنەى بۆ پێداچونەوەى فەرمودەکانى پێغەمبەر داناوە ، بەو شێوەیە بێت لەلاى دادوەران هەرئەوە ماوە ئاڵاى ئیبن تەیمیە و شەعراوى و قەرزاوى بشەکێننەوە ، ئەشێت ئەو دادوەرانە ئەو حەقیقەتە بزانن ئاین بەشێکە لەخسوسیاتى هەرکەسێک ، بەدیوێکیتردا دەگەینە ئەو ئەنجامەى ڤایبەرى دادوەران هیچ ڕێزێکى بۆ ئەو دادوەرانە تێدا نیە کە سەر بەئاینزاکانیترن ، ئەوەش پێچەوانەى بنەماى دادوەریە .
لە ژێر هەژمونى حیزبدا ، گەورەترین لێدان لەبەهاکانى پیشەییى و لێهاتویی قانونى و پاکێتى دەسەڵاتى داوەری دراوە ، لەجێگەى ئەوانەدا ملکەچى وبێدەسەڵاتى و خۆهەڵواسین و ڕاپۆرت نوسین و پانکردنەوە و دەم داخستن و خۆلەقەرەنەدان و دورەپەرێزبون جێگەی گرتۆتەوە و بێدەنگى لەهەموو پێشلکارییەک بووە بەباو . بەگشتى دەتوانین داوەرانى هەولێر بەسەر سێ بەشدا دابەشبکەین :
یەکەم : کەمینەیەکى کەم و دەگمەنن ئەوانەش دادوەرى بەویژدان و پیشەیی کەڕاستگۆیانە مامڵە لەگەڵ پیشەکەیاندا دەکەن و لەحوکمدانیاندا پەیرەوى هەموو بنەمایەکى یاسایین .
دووەم : دادوەرە پارتی و پاراستنەکان ، ئەوانە وەک چەکدارێکى بنەماڵەى فەرمانڕەواى بارزانى ڕەفتار دەکەن و جیاوازیەکە ئەوەیە ئەمان لەبرى تفەنگ قەڵەمیان لەدەستە و لەبرى فیشەک بنێن بەخەڵکەوە ، بە ووشە و بڕیارەکانیان جەرگى نەیارەکانى بنەماڵەى فەرمانڕەواى بارزانى کون ئەکەن ئینجا بابەتەکە سیاسیى بێت یان بەرژەوەندیە ئابوریەکانیان ... هتد .
سێەم : دادوەرە ئیسلامیەکان کەئەوانەش تێکەڵاوێکن لەداوەرە پارتیانەى کە خەلفیەتێکى ئیسلامیان هەیە یان نیمە ئاشکرا و نیمە نهێنى سەر بەڕەوت و حیزبە ئیسلامی و ئیخوانى و ئەردۆغانیەکانن . لەڕوانگەى ئاینەوە دەڕواننە دنیا خۆیان بەوەکیلى خودا دەزانن .
دادوەر دەبێت بێلایەن و لەسەرو هەمو ڕەوت و بیروڕایەکى سیاسیەوە بێت , ئەوانەى خاڵى (٢ و ٣ ) شێرپەنجەی دادگاکانن ، دادگا بوە بەیەکێک لەدەزگا ئیرهابى و سەرکوتکگەرەکانى حکومەتەکەى مەسرور بارزانى چۆنى ویست بەکارى دەهێنێت ، دادوەران شکۆى مەحکەمە لەئەزیەت و ئازاردانى خەڵکدا ئەبینن بەتایبەتى فەقیر و هەژار ، گەنجێک لەسەر نوسینەکەى لەبەردەم کۆلیژدا بڕفێنرێت و بەهەموو بازگەیدا بەمردویى بێت یان بەزیندویى لاشەکەى بەکوژراوى فرێبدرێت ، ئەگەر دادوەرى لێکۆڵینەوە کەسێکى بە شەرف و پرۆفیشناڵ بوایە ئەوەندە بەڵگە لەبەر دەستابووە لەماوەى شەو ڕۆژێکدا ڕفێنەران ئەدۆزرانەوە ، کەسێک لەزیندان لەژێر شکەنجەدا ئەکوژرێت هەروا بەئاسانى تێدەپەڕێت ، فەرمانیگرتن بۆ پەرلەمانتار سۆران عمر بەمادەى ٤٣٣یاسای سزادانى عێراق دەرئەکرێت - بەچاوپۆشین لەناقانونى بونى بڕیارەکە - ئەم پیاوە کەسى نەکوشتووە هەتا یەکسەر فەرمانیگرتنى بۆ دەربکرێت دەبوایە لەسەرتاوە بانگهێشتى ( استقدام ) بۆ دەرکردایە ، بێجگە لەوەى تاوانەکە سوکە و کەتنە , بووە بەنەریتێکى قەزائى لەتاوانەکانى کەتن لەسەرەتاوە تۆمەتبار بانگهێشتى دادگا ئەکرێت نەک ڕاستەوخۆ فەرمانیگرتن ، تۆمەتبار لەشارى سلێمانیەوە قسەى لەسەر کۆمپانیاکەى مەسرور بارزانى کردوە بەپێی یاسا دادگاکانى سلێمانى تایبەتمەندە بەبینینى داوا ، ئەوە لێدانە لەشکۆى تۆمەتبار و پەڕلەمانە کارتۆنیەکە ، ئەو دادوەرە شەرەفى پیشەکەى لەبەڕکى مەسرورە ، ڕۆژنامەنوسێکى بوێرى وەکو هێمن مامەند هەربەڕێگەى دادگا و زیندانەوە بوو ، ئاسایش و دادگا دوو دەزگاى داپڵۆسێنەرن بەرامبەر هەموو دەنگێکى ئازاد و بوێرى هەولێر و بادینان .
هەر لەدادگاکانى هەولێر بەو شێوەیەى کەپێشتر ئاماژەمان کرد فەرمانی گرتن بۆ ( کاک نەوشیروان مستەفا ) ى سەرۆکى حیزبى گۆڕان دەرکرا هەتا کۆچى دوایکرد ، پاش ئەوەى محەمەد حاجى کە ئەندامى ئەو حیزبە بوو لەکۆبونەوەیەکى حیزبى بەنهێنى قسەکانى سەرۆکى حیزبەکەى تۆمار دەکات و دەیدات بە پاراستنى پارتى.
لەدادگاکانى سلێمانى فەرمانیگرتن بۆ ( کاک هیوا ئەحمەد مستەفا ) لێپرسراوى لقى پارتى سلێمانى دەرکرا بەتۆمەتى ئەوەى فەرمانى تەقەکردنى دەرکردبوو بۆ خۆپیشاندەرانى ١٧ى شوباتى ٢٠١١ و کوژرا و بریندارى لێکەوتەوە .
تەرازوى عەدالەتى دادگاکانى هەولێر لەدادگاى تەمیزەوە بگرە هەتا گچکەترین دادگا بەدەست بنەماڵەى بارزانی و پاراستنەوەیە و چۆنیان خواست ئاوەها مامڵەى پێوەدەکەن ، دۆسیەى هیوا ئەحمەد مستەفا بۆ دادگاکانى هەولێر دەگوێزرێتەوە بە پاساوى ئەوە کەسلێمانى شوێنێکى ئەمین نیە بۆ دادگاییکردن ، بەڵام ڕەفزى گوێزانەوەى دۆسیەکەى نەوشیروان مستەفا ئەکەن بۆ دادگاى سلێمانى کەبەپێ تایبەتمەندى شوێن دادگاى سلێمانى دەبێت دادگایی لێبکرێت ، ئەگەر سلێمانى بۆ ( هیوا ئەحمەد ) ئەمین نیە بە چ پپێوانەیەک هەولێر بۆ ( نەوشیروان مستەفا ) ئەمینە .
دادوەرانى سلێمانى کاتى خۆى لەسەر بڕیارى پاشەکەوتى موچە مانیانگرت و سەرکەوتوو بون ، بەڵام یەک دادوەر لە هەولێر نەک مانگرتن ناڕەزایەتیەکى نەکرد ، دادوەرانى سلێمانى بەیاننامەیان بۆ پشتیوانى داخوازیە جەماوەرییەکان دەرئەکرد , دادوەرانى هەولێر دەچونە زیارەتى هیوا مستەفا لێپرسراوى لقى پارتى لەشەقڵاوە کەهێشتا فەرمانیگرتنى لەسەر بوو ، بەو زانیاریانەى دەستم کەوتووە لە ناو داوەرانى سلێمانى شورەییە لەگەل سیاسى ئیحتکاک بکەیت ، دادوەرانى هەولێر لەبانگەشەى حیزبى پارتى ئاڵاى زەرد دەشەکێننەوە ، ئەمانە دادوەرن یان کارمەندى ئاسایش و زیرەڤانى یان پاسەوانى بارەگا و بنەماڵەى بارزانى .
ئیفتخار ئەحمەد شودرى سەرۆکى دادگاى باڵاى پاکستان بوو ، لەبەر ئەوەى دادوەرێکى ئازاو لێهاتوو بوو ، بڕیارەکانى دژ بە کردەکانى حکومەت بوو بەتایبەت لەبوارى مافەکانى مرۆڤ ئەمە پەروێز مشەرەفى سەرۆکى ئەوکاتەى پاکستانى قەڵسکردبوو هەتا ئەو دادوەرەى کەنارگیرکرد و دەریکرد بە پاساوى ئەوەى خراپ دەسەڵاتى بەکارهێناوە ، لەکاردانەوەى ئەمەدا هەزارەها پارێزەر و هەزاران کەس ڕژانە سەر شەقامەکانى شارەکانى پاکستان و حکومەت ناچاربوو ئەو دادوەرە بگەڕێنێتەوە سەرکار ، ئەگەر دادوەر پشت و پەناى خەڵک بێت خەڵکیش ئاوەها لەسەرى بەجواب دێت .
لەبەر ئەوەى دادگاکانى هەولێر وەکە ئامرازێکى سەرکوتگەر بەدەست دەسەڵاتەوەیە ، خەڵک کەیفیان بە کەمکردنەوەى موچەى دادوەران دێت ، تەنانەت کارمەندانى دادگاکان و پارێزەرانیش دڵخۆشى خۆیان نەشاردۆتەوە و نایشارنەوە ، نوکتە و قسەى خۆشیان لەسەر دروستکردون .
دەبێت دەسەڵاتى داوەرى لەو لیخنیە خاوێن بکرێتەوە و دادوەرانى ئازا و خاوەن هەڵوێست و پرۆفیشناڵ جڵەوى دادگاکان بگرنە دەست و هەموو ئەو دادوەرە لیخنانە ڕابماڵن و وەک خاشاک فڕێیان بدەنە زبڵدانى هەولێرەوە .
• ئەم وێنانە ، دادوەرانى هەولێرە وەک مەڕ ڕیزیان گرتووە و سەردانى تۆمەتبار هیوا ئەحمەد دەکەن لێپرسراوى لقی پارتى لە شارۆچکەى شەقڵاوە ، ئەگەر بڕۆن بۆ حزورى مەسعود و مەسرور و مەنسور ، بێگومان بە هەر چوار پەل ڕێدەکەن .
• ئەو ڤیدیۆیەش دادوەرانى هەولێرە سەرشۆڕانە لەبانگەشەى حیزبى پارتى .
تەنها ئەم دوو دیکۆمینتە بەسە بۆ ئەوەى هەموو ئەو دادوەرانە لە سلکى قەزائى دەربکرێن ، بەڵام مەحاڵە بنەماڵەى فەرمانڕەواى بارزانى دەستبەردارى ئەو مەڕانە ببێت !
لە خوارەوە وێنەی چەند یاساناس و دادوەرە مۆمیاکراوەکان ببینە، چوونەتە خزمەت هیوا ئەحمەدی پیاوکوژی لقی چوار:
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست