کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


له‌بابان و بادینانه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی سه‌وز و هه‌رێمی زه‌رد

Thursday, 02/07/2020, 23:58


ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ مێژوو و سه‌رێك له‌ میرنشینه‌كانی بادینان و بابان بده‌ین، شه‌ن و كه‌وی واقعی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وكات بكه‌ین و گرێی بده‌ین به‌واقعی ئێستای هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هیچ له‌واقعه‌كه‌ نه‌گۆڕاوه‌.
        ئه‌وكات میرنشینی بابان و بادینان سه‌ربه‌ عوسمانییه‌كان بوون و له‌لایه‌ن سوڵتانه‌كانه‌وه‌ حوكم كراوه‌، میر و كاربه‌ده‌سته‌كانی میرنشینه‌كه‌ جێبه‌جێ كاری ئه‌جێندا و فه‌رمانه‌كانی ئه‌وان بوون، كاریان كۆكردنه‌وه‌ی باج و خه‌راج بووه‌ له‌ جوتیار و پیشه‌وه‌ران و بازرگانانان و ناردوویانه‌ بۆ سـوڵتان، به‌رده‌وام به‌كارهێنراون له‌لایه‌ن سوڵتانه‌وه‌، جۆرێك له‌حه‌ساسییه‌ت و ناوچه‌گه‌رێتی له‌نێوانیاندا درووستكراوه‌ و شه‌ڕی یه‌كتریان پێكراوه‌.
        ئه‌گه‌ر سه‌رنجی واقعی هه‌رێمی كوردستان بده‌ین زۆر به‌ ڕوونی ئه‌وه‌ هه‌ست پێ ده‌كه‌ین كه‌ ئێستاش له‌لایه‌ن ووڵاتانی دراوسـێوه‌ حوكم ده‌كرێت، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌رێمی سه‌وز له‌ژێر هه‌ژموونی ئێران و هه‌رێمی زه‌رد له‌ژێر هه‌ژموونی توركیادایه‌، هه‌رێمی سـه‌وزی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ناڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ حوكم ده‌كرێت، كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێمی سه‌وز جێبه‌جێ كاری فه‌رمانه‌كانی مێزه‌ر به‌سه‌ره‌كانی ئێرانن، هه‌رێمه‌كه‌ له‌ژێر ئه‌جێندای سیاسی و هه‌واڵگری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێراندایه‌، هه‌ر ده‌سته‌ و گروپێك پێك بێت كه‌ كاری سیاسی بكات له‌م هه‌رێمه‌دا، خۆڕسك دروست بووبێت و له‌ده‌ره‌وه‌ی گروپه‌كانی سه‌ر به‌ ئه‌وان بێت، ئه‌وه‌ كاری ده‌سته‌ و گروپه‌كه‌ به‌دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌وان لێك ده‌درێته‌وه‌، ئاسته‌نگ و كێشه‌ی گه‌وره‌یان بۆ دروست ده‌كرێت، سه‌ره‌ئه‌نجام یان كه‌سه‌ دیاره‌كانی  ده‌سته‌ و گروپه‌كه‌ ده‌كڕدرێن یان ده‌ستگیر ده‌كرێن له‌ژیر فشاردا ده‌سته‌ و گروپه‌كه‌ ناچار به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ ده‌كرێت.  به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ هه‌رێمی زه‌ردی پارتی دیموكراتی كوردستانیش هه‌ر ده‌سته‌ و گروپێك له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌جێندای ئه‌وان پێك بێت و كاربكات به‌ئاراسته‌ی هوشیاركردنه‌وه‌ و سه‌ربه‌خۆبوونی ئیراده‌ی تاكی كورد، ئه‌وه‌ كاری ده‌سته‌ و گروپه‌كه‌ به‌دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌وان لێك ده‌درێته‌وه‌، ئاسته‌نگ و كێشه‌ی گه‌وره‌یان بۆ دروست ده‌كرێت، سه‌ره‌ئه‌نجام یان كه‌سه‌ دیاره‌كانی  ده‌سته‌ و گروپه‌كه‌ ده‌كڕدرێن یان ده‌ستگیر ده‌كرێن و ته‌عزیب ده‌درێن، له‌ هه‌رێمی زه‌رد شته‌كه‌ زیاتر زه‌قـه‌، به‌زۆری كه‌سه‌ دیاره‌كانی  ده‌سته‌ و گروپه‌كه‌ تیرۆر ده‌كرێن یان هه‌ندێ جار به‌ئاشكرا ده‌كوژرێن.
         ئه‌گه‌ر وه‌كو نمـوونه‌ كاری حیزبایه‌تی وه‌ربگرین، ده‌بینین له‌م هه‌رێمی كوردستاندا چه‌ند حیزبێك هه‌ن كه‌ هه‌ندێكیان دروستكراوی ئێرانن و وه‌لائیان بۆ مێزه‌ر به‌سه‌ره‌كانی كۆماری ئیسلامی هه‌یه‌، هه‌ندێكی تریان دروستكراوی توركیان وه‌لائیان بۆ ئه‌ردۆغان و ئاكه‌په‌ هه‌یه‌، كادره‌ باڵاكانی حیزبه‌كانی سه‌ربه‌ ئێران له‌ تیڤییه‌كانه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌ون و حیزبه‌كانی سه‌ربه‌ توركیا به‌ خائین وخۆفرۆش و سیخوری میت و به‌كرێگیراوی توركیا له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، به‌هه‌مان شێوه‌ كادره‌ باڵاكانی حیزبه‌كانی سه‌ربه‌ توركیا حیزبه‌كانی سه‌ربه‌ ئێران تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌ گه‌نده‌ڵ و مشه‌خۆر و سـیخوری سوپای پاسداران، له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م دوو به‌ره‌یه‌، هیچ حیزب و گروپێكی سیاسی بوونی نییه‌ كه‌ كاری سیاسی و حیزبایه‌تی بكات.
       له‌ڕووی ئابوریشه‌وه‌ بازاڕی هه‌رێم پڕ بووه‌ له‌كاڵا و شمه‌كی ئێرانی و توركی، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كان له‌ناوچوون و ئه‌وه‌شی كه‌ ماوه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوچوونی له‌سه‌ره‌، جگه‌ له‌وه‌ كومپانیا جۆر به‌جۆر و جیاوازه‌كانی ئێران له‌هه‌رێمی سه‌وز و كومپانیا جۆر به‌جۆر و جیاوازه‌كانی توركیا له‌ هه‌رێمی زه‌رد زۆربه‌ی كارو پڕۆژه‌ گرنگ و پڕ داهاته‌كانی حكومه‌ت وه‌رده‌گرن و قازانجه‌كه‌ی بۆ ووڵاته‌كانیان ده‌به‌ن، واته‌ پاره‌ی بازاڕ و حكومه‌ت ده‌چێته‌ گیرفانی ئاغاكانی ئێران و قه‌رداشه‌كانی توركیاوه‌. 
       له‌ده‌رئه‌نجامی ئه‌م به‌راووردكارییه‌دا ده‌توانم ئه‌وه‌ هاوڵاتیانی هه‌رێمه‌كه‌م بڵێم كه‌ له‌ بابان و بادینانه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی سه‌وز و زه‌رد، هیچ له‌واقعه‌كه‌ نه‌گۆڕاوه‌، ئه‌وكات ژێر ده‌سته‌ و ئێستاش هه‌ر ژێر ده‌سته‌ین، ده‌سته‌ڕه‌نجمان و سامان و داهاتی ووڵاته‌كه‌مان فارس و تورك ده‌یبه‌ن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە