کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هێرشەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان

Monday, 29/06/2020, 13:18


پێش دەستپێکردنی هێرشەکانی شەوی چواردەی حوزێرانی ئەمساڵ شاندێکی حکومەتی تورکی کە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئەو ووڵاتە سەرۆکایەتی دەکرد، سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ(مستەفا کازمی) سەرۆک وەزیرانی عیڕاق کۆبوونەوە.دوای چەند ڕۆژێک هێرشی بەربڵاوی دەیان فڕۆکەی شەڕکەر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپخانەکانی تورکیا لەسەر چەندین ناوچەی جیاوازی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. وەکو دەستەواژەیەکی سواو هەمیشە سەرانی ئەنقەرە، پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) دەکەنە بیانوو بۆ هێرشە داگیرکارییەکانیان بۆ سەر خاکی هەرێم و عیڕاق.
هێرشەکان نوێ نین، درێژکراوەی ئەو هێرشانەن کە ماوەی ساڵێکە بەردەوامە، بەڵام ئەوەی هێرشی ئەمجارەی تورکیا لە هێرشەکانی پێشوو بۆ سەر هەرێمی کوردستان جیا دەکاتەوە، هەمئاهەنگی تەوای داگیرکەرانی کوردستانە، بەتایبەتی هەمئاهەنگی نێوان ئێران و تورکیایە. بۆمبارانکردنی دەڤەری حاجی ئۆمەران لەلایەن تۆپخانەکانی ڕژێمی ئێران بەشێوەیەکی هاوتەریب لەگەڵ هێرشی ئاسمانی ڕژێمی تورکیا بۆ سەر کامپی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور و شوێنەکانی تری هەرێم پێمان دەڵێن کە لایەنی سێێەمیش بەشدارە لەو هێرشانەدا ئەویش بێدەنگی هەرێم وعیڕاقە!
لەسەروبەندی هێرشەکانی ئەمجارە، واتە شەوی چواردەی حوزێران، حکومەتی ناوەندی عیڕاق نیازی باشنەبووە، بەتایبەتی سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان. لێرەدا ئەوەی گرنگە خەڵکی هەرێمی کوردستان فریونەخوا بە چەند بەیاننامەیەکی ىەغدا دژی هێرشەکانی تورکیا و ئێران. عیڕاقی ئەمڕۆ عیڕاقێکی مەزهەبیە و گرێدراوی ڕژێمی ئێرانە و کێشەی زۆری هەیە لەگەڵ کورد، لەوانەش کیشەی کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکانی هەرێم و بوودجە و داهات و سنوور هتد... پەیوەندیدار بە هەمان مژار چەند پەرلەمتارێکی لایەنە شیعیەکان لە پەرلەمانی عیڕاق لەسەر هێرشەکان ڕایانگەیاندبوو بۆ حکومەتی هەرێم ڕێگە بە بنکە و بارەگای سوپای تورکیا دەدات بێنە هەرێم، بۆ ڕێگە بە سوپای عیڕاق نادات بێتەوە هەرێمی کوردستان؟ ڕەنگە ئەو پرسیارە تا ئاستێک لە جێگای خۆیدابێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان توانای بەرەنگاربوونەوەی تورکیا و ئێران و عیڕاقی نیە، هاوکات گەندەڵی وەک نەخۆشی شێرپەنجە بۆتە هۆی داڕزانی ستاتۆی هەرێمی کوردستان، ئەوەی کە هەیە ئاماژەیە کە هەرێمی کوردستان بێچارەیە ناتوانێ بەمشێوەیە بەردەوام بێت، مەبەست تەنیا کابینەی حکومەت و پەرلەمان نیە، بەڵکو مەبەست کۆی قەوارەکەیە کە بەخوێنی هەزاران شەهید و زیندانی سیاسی و ئەنفال بونیادنراوە، هەڕەشەی داڕمان و لەناوچوونی لەسەرە. هۆکاری گەیشتن بەو قۆناغە مەترسیدارە بێگومان ئەو تاقمە سیاسیە کلاسیکە گەندەڵەی گیرفان گەورەن کە داهاتی ووڵاتیان خستە گیرفانیان و لە پێناو بەرژەوەندی شەخسی و بنەماڵەیی خۆیان خەریکە ئەزموونی هەرێم دەڕوخێنن!!
دەسەڵاتدارانی هەرێم دەبێت ئەو ڕاستیە بزانن، پاراستنی ئەو قەوارە سیاسیەی کە پێی دەڵێن هەرێمی کوردستان، تەنیا بە دادگایی کردنی گەندەڵکاران بەتایبەتی فیرعەونەکانی لووتکەی دەسەڵات و بنەماڵە دەکرێ، چاکسازی سەرکەوتوو دەبێ کاتێک دەسەڵاتدار لە خۆی و بنەماڵە و کەسانی دەوروبەر و حزبەی دەستپێبکات، هەروەها دیموکراتیزەکردنی هەرێم بۆ بەهێز کردنی بەرەی ناوخۆی هەرێم خاڵێکی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی هەرێم پارێزراوبێت و بتوانێ لەسەرپێ بمێنێتەوە، چونکە حکومەتی پۆلیسی لە هیچ ووڵاتێک ناتوانێ بە زەبری دار یا داپڵۆسینی هاووڵاتیانی حوکم بکات، کاتێک هاووڵاتیانی هەرێم دژی هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا و ئێران خۆپیشاندان دەکەن، بە چ پاساوێک هێزە ئەمنییەکانی هەرێم خۆپیشاندان قەدەغە دەکەن یا خۆپیشاندەران دەستگیردەکەن؟ پێوویستە بنکە و بارەگا سەربازییەکانی داگیرکەرانی کوردستان بە دیاریکراوی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان بچنە دەرەوە.
تا ئێستا جاسوسەکانی تورکیا و ئێران بە هاوکاری خیانەتکاران و گای بنەخۆی ڕۆڵی(جی پی ئێس) دەبینن و پەرە بە تیرۆرکردنی خەڵکانێکی تێکۆشەر دەدەن لە هەردوو زۆنەکەدا. نموونە زۆرن لەوانەش:
لە دەڤەری سلێمانی پێشمەرگە و زیندانی سیاسی دێرین(کەمال شێخ سادە- کەماڵ پێنخوێنی) و وەستا سدیق ساڵیاوەی بەدڕندانە لە پێنجوێن تیرۆرکران. پێشمەرگەی دێرین و خەباتکاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان(ئێقباڵ مورادی) لە پێنجوێن تیرۆرکرا، بەهەمانشێوە (دیار غەریب- هەڵمەت) ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە لەلایەن فڕۆکە تورکیەکان کرایە ئامانج ، هەروەها سەرحەد ڤارتۆ کرایە ئامانج شەهیدکرا، دوو کادیری پەکەکە لە ئەزمەڕ لە سلێمانی لەلایەن فڕۆکەی تورکی کرانە ئامانج و شەهیدکران. ڕادەستکردنەوەی زیندانی سیاسی کورد(مستەفا سەلیـمی) لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی دەڤەرەکە لە دەڤەری پێنجوێن بە ئێران، کە ڕۆژێک دواتر لە زیندانی سەقز لە سێدارەدرا، بۆ هەتا هەتایە پەڵەیەکی ڕەشە بەنێوچەوانی ئەو تاقم و دەزگایەی کە ڕادەستیانکردەوە و هاوکاری ڕژێمی سێدارەن. لە(٢٦) ی مانگی ئایاری ئەمساڵ لە گوندی سەفرەی سەر بە ماوەت لە پارێزگای سلێمانی فڕۆکەی تورکی دوو گەریلای پەژاک و سێ ووڵاتپارێزی شەهید کرد. نزیکەی مانگێک دواتر لە(٢٥) ی حوزێران لە ناوچەی کونە ماسی سەربە پارێزگای سلێمانی لەئەنجامی بۆمبارانکردنی دەڤەرەکە لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کەسێک شەهید و شەش کەسی تریش برینداربوون.
لە زۆنەکەی تردا لەئەنجامی کاری سیخوڕی و هاوکاری خۆفرۆشان و خیانەت کردن، مام زەکی لە شەنگال کرایە ئامانجی فڕۆکەی تورکیا و شەهیدکرا، بەهەمانشێوە لە دەڤەری برادۆست قاسم ئەنگین لە کۆتایی مانگی ئایار لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی شەهیدکرا. بوونی زیاتر لە پازدە بارەگا و بنکەی سەربازی سوپای تورکی داگیرکەر لەسەر خاکی هەرێم و لەژێر چەتری حکومەتی هەرێم ئەمانە هەموو بەڵگەن لەسەر هاوکاریکردنی نێوان دەزگا سیخوڕییەکانی حزبەکانی خێڵ و بنەماڵەی دەسەڵاتدار لەهەردوو زۆن لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان واتە تورکیا و ئێران.
ئەگەر حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان واتێگەیشتوون کە میللەت ڕاپەڕێ و ڕایانبماڵێ، ئەوسا سوپای تورکیا و ئێران فریایان دەکەوێ، هەڵەیەکی مەزن دەکەن، هەرچەندە ناحەق نین ئەگەر وا بیربکەنەوە، چونکە ئەوانە قەت تێکۆشانی سیاسیان نەکردووە، بە تێڕوانینی ئەوانە کوردایەتی پرەنسیپ نیە، بەڵکو پیشەیەکە باشترین داهاتی هەیە، هەموو کوردایەتی ئەوانە لە چوار کۆمپانیای قەحپە کە هەموو سێکتەرەکانی ژیانیان داگیرکردووە کورتکراوەتەوە، لەبەر ئەوە ئاساییە دەبنە ئەڵقە لەگوێ میت و ئیتڵاعات، خیانەت لە میللەت دەکەن.
باشتروایە دەستبەردای خیانەتبن، با نەتەوەی کورد لەسایەتان لە باشوری کوردستان زیاتر زەلیل نەبێت و خاکی هەرێم لەلایەن تورکیا داگیرنەکرێ. بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسی پارێزراوبێت، پێوویستە لە چوارچێوەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ببنە بەشێک لە یەکڕیزی ناوماڵی کورد، هەروەها ئەوانەی خیانەت و کوردایەتیان کردە هۆکار بۆ کۆکرنەوەی ملیۆنان و ملیارات دۆلار، کاتی ئەوە هاتووە بدرێنە دادگا هەموو سامانەکانیان دەستی بەسەر دابگیرێ و بگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی ووڵات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە