کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەڵگەیەک بە ڤیدیۆ:(رۆژی سوتانی مۆنێمێنتەکەی هەڵەبجە)

Monday, 22/06/2020, 18:10


کوردستانپۆست بۆ یەکەمجار لە ئەرشیفەکانی خۆیدا ڤیدیۆیەکی دۆکۆمێنتاری دۆزییەوە کە خۆپیشاندان و نارەزایی خەڵکی هەڵەبجەیە، لەبەر ئەوەی لەو زیاتر زانیاریی دیکەمان نەدەزانی لە فەیسبوکدا بە بێ لۆگۆی کوردستانپۆست دامانا،  داوامان کرد کە کێ زانیاریی زیاتری هەیە بۆمان بنیرێت، خۆشبەختانە کۆمەڵیک لە خەڵکی هەڵەبجە زانیاریی تەواویان خستە سەری، ئەویش بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
 رۆژی 16 / 3 / 2006  خەڵکی ناڕازیی شاری هەڵەبجە هاتوونەتە سەر شەقام و گەرمترین و بەهێزترین ناڕازیی دەردەبڕن. رۆژی سوتانی مۆنێمێنتەکەی هەڵەبجەیە، واتا (مەزاری شەهیدان) کە پارتیی و یەکێتیی بازرگانییان پێوە دەکرد و کردبوویان بە دەغیلە و گەنجێکیش بەناوێ کوردە شەهید کرا.
یەکێک کۆمێنتێکی نووسیوە دەڵێت: ئەوە ئەوکاتەیە بە بڕیاری نیچیر بەرزانی و
بەسەرپەرشتی فەرەیدوون جوانڕۆی ئەکات. مۆنیمێنتەکایان سوتان.
یەکێکی تر نووسیوێتی و دەڵێت: ئەو رۆژە گەنجی شارەکەم بەبێ جیاوازی داوای مافەسەرەتایەکانی خۆیان دەکرد، ئەوکات بەناوی ھەلەبجەوە و خوێنی شەھیدانەوە پارەیەکی زۆری کەسوکاری شەھیدان و ھەلەبجەیەکان دەخورا لە لایەن مام جەلال و یەکێتی و عومەر فەتاحەوە. لەو رۆژەوە بەدواوە شتی باش بۆ ھەلەبجە کراوە. وە بەداخەوە کە ژمارەیەک لە ھاورێکانمان کە لە خۆپیشاندان دوەری سەرەکیان دەگێرا ئێستا بوون کۆیلەی یەکێتی و خۆیان بە پارە فرۆشت
- نامانەوێ ئەمجارە...... مەسئول بێتە ئەمشارە.
یەکێک لەو بەڕێزانە بەناوی کاک گۆران هەڵەبجەیی ئەم کۆمێنتە دوور و درێژەی لەسەر نووسیوە:
ئەو ڕۆژە لەبیرەوەری گەنج و لاوەکانی هەڵەبجەدا بە ڕۆژی شکاندنی پەڵێن و پەیمانی دەسەڵاتی کوردی دادەنرێت؛ ئەوکات تەنها سێ زانکۆ لە هەرێمدا هەبو سەلاحەدین وسلێمانی و کۆیە، مانگێک پێش 16\03\2006 بو نوێنەری فێرخوازی هەڵەبجەییەکان لەهەرسێ زانکۆکە چونە پەڕلەمان بۆ گەیاندنی داواکاری دانیشتوانی هەڵەبجە و دواجاریش نوێنەرەکان چوینە لای سەرۆکی حکومەت-ئیدارەی سلێمانی (عمر فەتاح) بەڕێزیان بەڵێنی جێبەجێکردنی داواکاریەکانی پێداین و پێی وتین دەتوانن خۆپیشاندانیش ئەنجام بدەن بۆ داخوازیە ڕەواکانتان و گوتیان کە هێزی ئەمنی بە ئەدەبەوە هاوکارتاندەبن، ئێمەش بەبڕیارو قسەکانی عمر فەتاح و بەڵێنەکانی پەڕلەمان سەرەتای ڕوداوەکە زۆرینە نەچوین بۆ گردبونەوەکە تا کاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆ 16ی سێی 2006 کاتێک لەماڵەوە بوم گوێم لەدەنگی تەقەی تفەنگەکان بو لای مۆنۆمێنتی هەڵەبجە ئیدی زانیم کە بەرپرسان وەعدەکەیان نەبردوەتە سەر و ئاساییش بێ ئەدەبی کردوەو پابەندی ڕاسپاردەکانی عمرفتاح نەبون بۆیە زو خۆم گەیاندە لای مۆنۆمێنتەکە هاوکات هەزاران کەسی دی بەڕێوەبون بۆ ئەوجێگایە. لەڕاستیدا ئەوڕۆژە 3-4 هێرشی مەدەنی و دژە هێرشی چەکدارانی حیزبیی لەچەند قۆڵێکەوە ڕویدا کە تیایدا ڕۆڵەیەکی خێرلەخۆنەدیوی شارەکە بەناوی (کوردە) شەهیدکرا و چەند بریندارێکیشی لێکەوتەوە هێرشە چەکداریەکان توندوتیژبون ببۆمبی دوکەڵاوی و هی فرمێسکڕێژ بەکارنەدەهات بەڵکو گولـــلـــەی ڕاستەقینە دەتەقێنرا تەواوی چەکدارەکان لەدەرەوەی شارەکە ئامادەکرابون تاکتاکەیەکیان نەبێت هەڵەبجەیی بو بەوەدا دەزانم خاتونێک تەمەنی مامناوەندبو لەبەرەی خۆپیشاندەران دوای ئەوەی تەقەیەکی زۆرمان لێکراو خۆماندابو بەزەویدا خاتونەکە دەنگی هەڵبڕی و وتی بە چەکدارێک "هەی ناڕەسەن خۆ بەلای خۆی تۆ لەناویاندا هەڵەبجەییت بۆ تەقەمان لێدەکەیت وتی دایکی سێ شەهیدی کیمیابارانم!" لەولاشەوە کچێکی خۆپیشاندەر لە فیشەک هەڵهاتبو تاکێک لەپێڵاوەکانی بەجێماو کەوتە سنوری هێزە چەکدارەکە جەماوەری ئەو میحوەرە دژەهێرشیان دەست پێکردەوەو توانرا پاشەکشە بە چەکدارەکان بکەین و پێڵاوەکەشمان بۆ کچە بەشداربوەکە گەڕاندەوەو دوابەدوای ئەوە هێرشی پێچەوانەی مەدەنی دەستی پێکردەوەو چەکدارەکان بەناچاری گەڕێنرانەوە بارەگاکانیان، بەداخەوە دەمەو ئێوارە کە ئێمە بڵاوەمان لێکرد دەسەڵات لەدەرەوەی هەڵەبجە زیاتر لە سەد پاسی گەورە خەڵکی هێنابو بۆ مۆنۆمێنتەکە و لەڕاگەیاندنەکانیانەوە چەواشەکاریان دەکرد گوایە ئەو هەموو خەڵکەی کەلەدەرەوەی شارەکەهاوردەکرابون گوایە دانیشتوانی هەڵەبجەن و دژی کاری گێرەشێوێنی ئەوڕۆژەبون، بیرمە مەلا بەختیار گوتاری دەداو هەڕەشەی لەئەنجامدەرانی خۆپیشانەکەدەکرد. ئەو خۆپیشاندانە سودی زۆری هەبو ئەوەبو خزمەتگوزاری قیرتاوکردن و بینای قوتابخانە و شەبەکاتی ئاوو مەحەتەی کارەبا و ئاڵوگۆڕی کەسەئیداریەکان ئەنجامدراو لەساڵی دواتردا بەحەزەرەوە سەرۆکی حکومەت ڕاستەوخۆ بەشداربو لەیادەکەداو جگەلەوەی پەڕلەمان بەردەوام لەسەرخەتبون بۆ ئەوەی ڕوداوەکە دوبارەنەبێتەوە....
شەرەفێکی گەورەبو کە بەشداربوم لەو سەروەریەدا بۆ شارەکەم، شایانی باسە ئەندامانی سەرجەم حیزبەکان بە یەکێتی وپارتیشەوە بەشداری جدی بون لەخۆپیشاندانی ئەوڕۆژەدا هەموان یەکدەست و یەک هەڵوێستبون.
 بەڕێزێکی تر ئەمەی خوارەوەی نووسیوە:
ئەوە ١٦ی ٣ی ٢٠٠٦ ە، یادی هەڵەبجە، یەکەمینەکان و سەرەتای دەنگی ناڕەزایی بوو دژی سوڵتەی کوردی، گەورەترین و شانازیترین خۆپیشاندان بوو کە تەواوی خەڵکی لە بەرەیەکداو بێ جیاوازی دژی حیزب و دەسەڵاتی کوردی کۆکردبۆوە لەتاو ئەو ناڕەزایی و پشتگوێ خستنەی کە توشی هەڵەبجە کرابوو و تا ئێستاش بەردەوامە ئەو زوڵم و دژایەتی شارە، تا ئەو سەردەمە دوو جۆر داهات هەبوو بۆ دەسەڵات و مافیاکانی کوردستان یەکەم هەڵەبجە بوو کە وەک تورەکەی سواڵیان لێ کردبوو و پارەیان لەسەر کۆ ئەکردەوەو بەردەوام وەفدی خاریجی سەردانی ئەکردو هەڵەبجەشیان لە خراپترین دۆخدا هێشتبۆوەو وەک پێشانگایەکی سواڵکردن بەردەوام لە نمایشدا بوو، دووەم داهاتیشیان ابراهیم خەلیل بوو، ئەوسا نەوت و تانکەرو فرۆکەخانەو شتی وا نەبوو ..
شیعارەکەش ئەمانەبوون
نامانەوێ ئەمجارە
مەسول بێتە ئەم شارە
نامانەوێ پەرلەمان
بمانخەنە سەر ئێران (لە داخدا)
وە گەنجێک بەناوی (کوردە) شەهید کراو چەندینی تریش بریندار و مۆنۆمێنتەکەی هەڵەبجە سوتێنراو بۆیەکەمین جار لەبەردەم چەندین میدیاو چاودێری جیهانیدا کە هەمووی بە بۆنەی یادی هەڵەبجەوە هاتبوون دەسەڵاتی کوردی سوک و ڕسوا کراو بە فیعلی شەق لە قنی چەندین مەسئولی وەک ..... هەورامی نوێنەری تاڵەبانی هەڵدراو بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک حوکمڕانیەتی کوردی و دەسەڵاتی حیزبی لەشاردا نەما ، بەندە شەرەفی ئەو بەشدارییەم پێ بڕا، ئەوەی جێگای داخ بوو وەک ئێستا کەناڵی کوردی و تۆڕی کۆمەڵایەتی نەبوو تەنها لە ڕێگەی چەندین برادەرو تەلەفۆنەوە پەیوەندیمان بە چەندین برادەری ترمانەوە ئەکرد لە شارەکانی ترو داوای ڕاپەرینی سەرتاسەری و هەستانی ئەوانمان ئەکرد لە شارەکانی تر بەڵام بە حوکمی زەعیفی کەناڵی پەیوەندییەکانمان بەداخەوە هیچ نەکرا ..
ئەوەی شایانی باسە لە داهاتنی شەوەکەیدا ئیتر حیزبی حاکم حوکمی عەسکەری و ڕفاندن و تێهەڵدان و هەڵکوتانەسەری سەپاندو چەندین کەس لەو بەروارەدا بۆ ماوەی چەندین مانگ ڕوویان لە ئێران کردو دواتر گەڕانەوە و چەندین کەسیش هەڵهات بەرەو ئەوروپاو بە یەکجاری نەجاتی بوو، وە لە ڕاگەیاندنەکانیشیانەوە لەبری تۆمەتی داعش بوون تۆمەتی موخەریبین و جاشی ئێران و دەستی دەرەکی و چەندینی تریان درووی بە باڵای خەڵکی بەشەرەف و بەشمەینەتی ئەوشارەدا، وەک بەرپرسێکی سەربازیشیان لە کۆبوونەوەیەکی نێوخۆیاندا وتبووی ئەگەر کیمیاویمان هەبووایە لەو یادی هەڵبجەدا ئەمانکردەوە بەسەریاندا چونکە سومعەی حیزب و شکۆی کوردیان لەبەرچاوی دەیان میوان و وەفدو میدیای جیهانیدا شکاندووە ..
ئەوە ڕۆژێکی مێژوویی و پڕ شانازییە بۆ هەڵەبجە هاوتای مزاهەرەکەی ساڵی ٨٧ ی دژ بە بەعس زیاتریش ، وە بەیەکەم بەرپەرچدانەوەی فیعلی و قورسی جەماوەری بەرفراوان دائەنرێت دژی دەسەڵاتی چەتەگەرای کوردی و بە یەکەمین ڕاچڵەکین و ئاگا هاتنەوەی میللەت دائەنرێت لەناو خەو و خەفڵەتی کەراندنی نەتەوەییدا...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە