کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30

کێن ئەوانەی لاشەی بزوتنەوەی گۆڕان دەنێژن؟

Saturday, 03/07/2021, 22:52

1538 بینراوە


پایزی تەمەنی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەمڕۆدا دەست پێناکات، کە پۆل پۆل لایەنگرانی ئەو حزبە نامەی دەست لەکارکێشانەوەیان لە میدای حزبی و سێبەرەکاندا بڵاو دەکەنەوە، سەرانی ئەو حزبەش لە تەمەڵیوتەوەزەلیدا لە گردەوەکە ئاڵاون و هیچ وەڵامێکیان پێ نییە، بۆ هەواڵی ئەو دیاردەیەی کە میدیا کوردییەکانی تەنیوە.
بزوتنەوەی گۆڕان لە قۆناغێکدا، بەرنامە و پرۆگرامی کە تەنیا لە نووسیندا بەرجەستە کرابوو، بۆ چاکسازیی سیستەمی دەسەڵاتی هەرێم، کە دەرکەوت تەنیا ئامرازێک بوو بۆ خەڵک کۆکردنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو گەمەیە تەمەنێکی کورتی هەبوو، ڕووی ڕاستەقینەی سەرانی ئەو بزوتنەوەیە زوو بەدەرکەوت، لەبەرئەوەی سەرانی ئەو بزوتنەوەیە نەیانتوانی خۆڕاگربن، پشتیان لە دەنگی ناڕەزای شەقام کرد، دەستبەرداری ژیانی شاهانەی گردەکە نەبوون، شەقیان لە مووچەی خانەنشینی پلە باڵا هەڵنەدا، پۆستە باڵاکانی هەرێم تەماحیان لا دروست کرد، دیوەخانەی پیرمام هەڵیانیخەڵەتاند، موڵکوماڵی بزوتنەوەکە بە میرات لەسەر چیا و نما تاپۆ کرا، زۆربەی سەرانی ئەو حزبە ژێبەژێر سۆزیان بۆ ماڵی بارزانی و تاڵەبانی دەنواند و سیخوری دەزگەی پاراستن و هەواڵگری بە ئاسانی لەنێویاندا جێگەی بووەوە و پۆستی باڵایان وەرگرت. هەموو ئەو ڕووداوانە بۆ لایەنگرانی ئەو حزبە و شەقامی باشوور نامۆ نەبوو و  پەتی سێدارەشی بۆ ئەو بزوتنەوەیە هەڵواسی.
ئەقڵیەتی زۆربەی کادیرانی پێشکەوتووی کە لە بزوتنەوەکەدا مرخیان لە پۆستی باڵای نێو حکومەتی هەرێم خۆشکردبوو و کردیە، خاوەن هەمان ئەقڵیەتی کادیرەکانی پارتی و یەکێتین، کە هەوڵدەدەن لەنێو زلکاوێکدا مەلە بکەن بۆ دەستەکەوت و فەراهەم کردنی ژیانی شاهانە بۆ خۆیان و ماڵومنداڵیان و فیزلێدان و خۆبادان بەسەر خەڵکی هەژاری نێو کۆمەڵگەی باشووردا و بوون بە کۆڵەکە بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتی گەندەڵی هەرێم!  ئەم تێبینیە بۆ شەقامی باشوور و بە تایبەتی بۆ لایەنگرانی بزوتنەوەکە ڕووونە، بۆیە ئەگەر ئەوان بۆخۆیان ڕەوایە کە بۆ پارە کار بکەن، دەبێت ئەوەشیان قبوڵبێت کە لە ئاست خوارەوەی بزوتنەوەکەش، لایەنگرەکانیشیان هەمان ئامانجیان هەبێت و بە پارە پارتی و یەکێتی لە ڕێگەی سیخورەکانیان کار لەنێویاندا بکەن و بیان کڕن، لەبەرئەوە دەبینین کە ساڵ لە دوای ساڵدا ئەو کادیرە پێشکەوتووانە و سەرانی ئەو بزوتنەوەیە بە دەستی خۆیان چاڵ بۆ بزوتنەوەکە هەڵدەکەنن و لاشەی بزوتنەوەکە دەنێژن.  
 پارە کۆکردنەوە بۆ سەرانی بزوتنەوەی گۆڕان ئامانجێک بوو و دیاردەیەکی شاراوەش نەبوو، بۆیە هێشتا بزوتنەوەکە مقەوماتی بە حزب بوونی تێیدا دروست نەببوو، سەرانی ئەو حزبە بۆ دەستکەوتی بودجەی حزبی لە میزانیەی هەرێمدا، پەلەیان کرد و ئەو بزوتنەوەیان وەک حزب بە فەرمی تۆمارکرد، ئەو ڕاستیەیان وێڵ کرد، کە دروست کردنی حزب بەبێ بوونی ئایدیالۆژیەکی فیکری و سیاسی و ڕێکخراوەیی، بەبێ بوون و دیاریکردنی هێڵێکی گشتی ڕوون، بۆ تەکاندان بە بزوتنەوەکە و دیاریکردنی ئامانجەکانی ئەو ئایدۆلۆژیایە و ئامانجە نیشتمایی و نەتەوەیەکانی پیت بە پیت و خاڵ بە خاڵ ڕووننەکاتەوە، لایەنگرەکانی پەروەردە نەکات و تەنیا لەسەر توڕەیی خەڵک بژێت، چاوەڕوانی هەڵبژاردنە پڕ لە ساختەکانی هەرێم بێت و بە ئەندامەکانی بڵێت: ئێوە تەنیا بڕۆن "دەنگ بدەن" و هەقتان نەبێت. بێگومان ئەو جۆرە مامەڵەکردنە لەگەڵ جەماوەریی ئەو حزبە هۆی ئەوە بوو کە هیچ یەکگرتنێکی فیکری لەنێو لایەنگر و جەماوەریی ئەو حزبەدا دروست نەبێت و بۆیە  هەنووکەش بەئاسانی لەیەک دەترازێت و پۆل پۆل بڕیاری دەست لەکارکێشانەوەیان هەنگاوێکی ئاسان دەبێت!