رۆشنبیر کێیە و رۆشنبیریی چۆن تێدەگەین؟(بەشی 3)
Monday, 15/06/2020, 23:00
ئەگەر (رۆشنبیر) ئەو ئەرکە مێژویی یانە بەدروستی ئەنجام نەدات ئەوە دەبێتە مۆدێلێکیی نوێی پۆپۆلیزم.ئاکاری مۆدێلە کۆنەکەی پۆپۆلیزم وەهایە لەبارودۆخی رامیاری شێواو، پشێویی و پاشاگەردانیدا سەرهەڵدەدات وەک لە صاڵانی سییەکانی سەدەی رابوردودا سەریهەڵدا، ئەوەبو لە ئەڵەمانیا هێتلەر وراسیست و لە ئیتالیاش فاشیزم ومۆسلۆنی هێنایە سەرکار، لەوێشەوە گەیشتە باشوری ئەمەریکا و لەوڵاتی فەنزوێلا (شافیز) هاتەسەرکار،لە وڵاتی ئەرجەنتینیش سەرۆکێکی وەک (كێرچنەر) ولە بۆلیڤیاش (لێڤۆمۆرالسن) بونە سەرکردەو رابەری وڵاتەکانیان. ئەوە پۆپۆلیزمی کۆن، مۆدێلە نوێ یەکەشی ئەوەیە کەلە خۆرهەڵاتی نزیک وخۆرهاڵاتی ناوەند و دۆردا دەسەڵاتی نەخوازراو وبێزراوی خۆی بەسەر گەلانی ئەو ناوچانەدا دەسەپێنێت ،نمونەی هەرە بەرچاویش سەرانی وڵاتانی عەرەب و موسوڵمانی هێنایە سەرکار کە لەژێر دروشمی قەبەو بریقەداردا کارلەسەر وروژاندنی هەست وسۆزی گەل دەکەن، نەپرۆژەو، نە بەرنامەی کارو چاکسازی یان بەدەستەوە نییە. رژێمە دیکتاتۆری یەکانی وڵاتانی عەرەب، رژێمی ئێستای تورکیاش بەسەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆگان کە خوێنڕێژترین سەرۆکی تورکیایە لەدوای مستەفاکەمالەوە و هەر دەچێتە ئەو بازنەیەوە لە فۆکردنە چینەکانی گەل ووروژاندنی هەستوسۆزی نەتەوەپەرستیی تورک بەتایبەتیش دژایەتیکردنی 45 چل پێنج ملیۆن کۆرد بەخۆیان زمان و مێژو و کولتوریانەوە ئەگەر لەسەر روی مەریخیش بن!!
پۆپۆلیزم شەرعیەتی خۆی لەکوێ وە هێناوە؟هەرچەند بگەڕێین سەرچاوەیەکی بۆ نادۆزینەوە جگە لە کۆمەڵە هۆکارێکی وەک نەخوێندەواری،هەژاری،ناهوشیاری کۆمەڵایەتیی و رامیاریی و پەیدانەبونی سەرکردەیەکی رابەر و رزگارکار،بۆیە ئەویش وەک سەرکردە،سیاسەتکار،نوسەر وروناکبیرەکان ئەو مافە بەخۆی دەدات کە نوێنەری جەماوەرە، چونکە چینەکانی دیکە ناتوانن جەماوەر بجوڵێنن و جۆشیدەن،بەلام شۆڕشی فەرەنسا1789 ئەو تێگەیشتنەی راستکردەوە وجەماوەر لەکەنارەکانەوە هاتنە نێو جەرگەی روداوەکان و لەبری ئەوەی لەدورەوە تەماشابکەن، ئەوان رۆڵی کاریگەریان دەگێڕا.
سەرچاوەکانی رۆشنبیریی ئێمەی کورد چییە؟دەتوانین بڵێین بنەماو بناوانی هەر هەموی بریتی یە لە چیرۆکی گوێ ئاگردان،بەند، بەیت، هۆنراوەی میللی و هۆنراوە. ئەی رۆشنبیرانی کورد چەند مەلۆیان خستۆتە سەر خەرمانی بەرهەمی ناوازەی مەزنەکانی وەک گۆران،نالی،مستەفابەگی کوردی،ئەحمەد موختار جاف،حەمدی صاحیبقڕان و سالم و ..
روشنبیرانی ئێمە بەشێوەیەکی گشتیی کە دەنوسن، زۆردەنوسن وکەمتر دەخوێندنەوە،زۆر دەڵێن و کەمتر بیردەکەنەوە. دیسان دەڵێمەوە داهێنەر نین، مەلۆیەک بخەنە سەرخەرمانی داهێنانەکانی رۆشنبیرانی خۆمان وگەلانی دیکە کە مۆرکی مرۆڤی کوردو مرۆڤایەتی پێوەدیاربێت لەجیهانبینیدا،چونکە کەدەدوێین، دەنوسین یا هەڵوێست وەردەگرین لەروانگەی بەرژەوەندی یە تەسکەکانەوە بیردەکەینەوە و دەدوێین،بەرژەوەندی خود، بەرژەوەندی حێزب، بەرژەوەندی بنەماڵە،عەشرەت،شار و ناوچە و دیالێکتی زمانی لۆکاڵ!!
**************
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست