هه‌رێم و ههرێمچیەکان
Saturday, 13/06/2020, 23:50
دۆخی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی کوردستان ڕه‌نگه ده‌یان و سه‌دان وتار و لێکۆڵینه‌وه هه‌ڵبگرێت، به‌ڵام له‌هه‌موی مه‌ترسیدارتر ساده‌بوونه‌وه‌یه‌کی داینامیکی تێزه‌کانه بۆ ته‌نها چه‌ند ڕسته‌یه‌ک! به‌واتایه‌کی تر؛ له‌ڕاستیدا پێویسته مرۆڤ له‌پاش لێکۆڵینه‌وه و خوێندنه‌وه‌یه‌کی فره‌ڕه‌هه‌ندی بگاته ئه‌نجامێک، به‌ڵام مرۆڤ له هه‌رێمدا هه‌میشه ڕووی ده‌ته‌قێت به تێزه‌یه‌کی ساده و ساکاری وه‌ک؛ دانپیانانی مافیایه‌ک به تاوانه‌کانیدا و له‌هه‌مانکاتیشدا دڵنیایی ئه‌و به‌رامبه‌ر به لێخۆشبوو‌ن یان دواجار به‌سزاگه‌یاندنی که‌سایه‌تیه مافخوراوهکهش له‌بری خۆی! واته حوکمی تۆقاندن؛ ئه‌وه‌ی که گه‌لانی ئێراق له سه‌رده‌می سه‌دام حوسه‌یندا دهیانچهشت و ئه‌مڕۆش گه‌لانی تورکیا له سایه‌ی ئه‌ردۆگانه‌وه ئه‌یچێژن. بۆیه له‌بری وتار و هه‌ڵسه‌نگاندنی تێزی ئاڵۆز مرۆڤ ده‌توانێ چه‌ند ده‌رئه‌نجامێک له‌ناو چه‌ند خاڵێکی کورت‌دا بخاته ڕوو
یه‌که‌م: پارته‌کانی باشور و به‌تایبه‌تی یه‌کێتی نیشتمانی و پارتی دیموکرات ڕۆژێ له ڕۆژان له‌سه‌ر بنه‌مای فه‌لسه‌فی و ئه‌خلاقی و بیروباوه‌ڕ شه‌ڕیان نه‌کردووه، به‌ڵکو ململانێکانیان ته‌نها له‌سه‌ر پاره و ده‌سه‌ڵات بووه. ئه‌وان هه‌رگیز په‌یوه‌ندیه‌کانیان له‌ئاستی سه‌ره‌وه‌دا به یه‌کجاری نه‌بڕیوه، ته‌نها پێشمه‌رگه‌کانیان له‌خواره‌وه به‌ده‌ستی یه‌کتری داوه به‌کوشت. کلکگرێدراوی ئه‌مڕۆی ئه‌وان و سیاسه‌تی دووفاقی ئه‌و دوو هێزه به‌رامبه‌ر به‌یه‌کیش گه‌واهیده‌ری ئه‌و تێزهیهن
دووه‌م: هه‌ردوولا مه‌حکومن به پاراستنی یه‌کتری، ئه‌مڕۆ به بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیشه‌وه، گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و یه‌قینه‌ی که هه‌رسێ پارته‌که مه‌حکومن به پاراستنی یه‌کتری، چونکه سه‌رباری زیاده‌ڕه‌وی به‌رده‌وامی لوتکه‌ی بارزانیه‌کان و به‌ناو "ناکۆکی"ش، ئه‌وان له‌ناو به‌له‌مێکدان و چاره‌نوسیان هاوبه‌شه
سێیه‌م: ئه‌وان ته‌نها له یه‌ک پرۆژه‌یاندا سه‌رکه‌وتووبوون، ئه‌ویش ۲۹ ساڵ گه‌وجاندنی کۆمه‌ڵگایه به‌ناوی کوردستان و ئاڵا‌و هێزی پێشمه‌رگه و باڵه‌خانه‌ی شوشه‌به‌ند، که موڵکی تایبه‌تن و جگه له داگیرکاری و له‌به‌ریه‌کهه‌ڵوه‌شاندنی ده‌زگا گشتیه‌کان و ڕوخاندنی ماڵ و شوێنه‌واره کلتوریه‌کان بۆی، هیچ سودیان بۆ گه‌ل نیه و نه‌بووه، ته‌نها ئه‌گه‌ر راپه‌ڕین بکرێت ڕه‌نگه شکاندنی شوشهبهنگی باڵه‌خانه‌کان خۆشی بخاته دڵی گه‌نجان و هیچی تر
چواره‌م: هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه تاکتیکی جیابونه‌وه‌ی نهوشیروانیهکانی ناو یه‌کێتی و دروستکردنی کۆمپانیای وشه‌و و دواتر قه‌واره‌ی سه‌ربه‌خۆش له به‌رژه‌وه‌ندی گشتی نه‌بووه به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی بریتیبووه له کۆنترۆلکردنی کۆمه‌ڵێک کادر و که‌سایه‌تی ناڕازی ناو یه‌کێتی، که ئه‌گه‌ر له‌ژێر چه‌ترێکدا نه‌بن، ئه‌وا ڕه‌نگبوو ببن به مه‌ترسی بۆ یه‌کێتی نیشتمانی و خودی نه‌وشیروان مسته‌فا خۆشی! له‌ڕاستیدا ئه‌وه جیابوونه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بوو که بووه هۆی ڕزگارکردنی یه‌کێتی نیشتمانی له له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵوه‌شان و له‌ناوچوون. ئه‌مڕۆ ته‌نها ڕه‌نگی ئاڵاکانیان نه‌بێ که جیاوازه، هه‌ردوکیان دوو برابچوکی پ.د.ک ن و هه‌ریه‌که ئه‌رکی تایبه‌تی خۆی هه‌یه و جێبه‌جێی ده‌کات
چونکه له‌ناو ئه‌وانه‌دا که‌سایه‌تی به ئه‌زموون و ناودار هه‌بوون و ده‌یانتوانی به‌ره‌ی تر به فه‌رهه‌نگه شۆڕشگێڕیه‌کانی سه‌رده‌می زوو، به‌تایبه‌تی کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌ران دروستبکه‌نه‌وه و نزیکایه‌تی خه‌باتی ڕۆژهه‌ڵات و ڕه‌نگبێ قه‌ندیل و دواتر ڕۆژاڤاش بکه‌ن. هه‌روه‌ها چه‌ندین کادر و که‌سایه‌تی به‌ئه‌زموون و خاوه‌ن پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیش له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بوونیان هه‌بووه، به‌تایبه‌تی له‌وانه‌ی نارازیبوون به ده‌رئه‌نجامه‌کانی ڕاپه‌ڕین و هه‌ر زوو وڵاتیان به‌جێهێشتبوو. بێگوومان زۆر که‌س له‌م تێزه‌یه زویر ده‌بێت و ڕه‌نگه کاریزمای وێنه‌کانی مام جه‌لال و نه‌وشیروان مسته‌فا کاریان تێبکات و هه‌ڵبچن، به‌ڵام دوو هۆکار هه‌یه له پشتی ئه‌م تێزهیهوه، ئه‌وانیش
ا- ڕێکه‌وتننامه‌ی ستراتیژی یه‌کێتی و پارتی و سودوه‌رگرتنی مه‌سعودبارزانی له ته‌واوی بارستایی یه‌کێتی له زۆنی سه‌وزدا، به‌رامبه‌ر به کورسی سه‌رۆکی ئێراق له‌لایه‌ن به‌ناو ڕکابهرهکهیانهوه (مام جه‌لال تاڵه‌بانی) و هه‌روه‌ها به‌شداریکردنی کارای یه‌کێتی نیشتمانی له په‌ره‌پێدانی حوکمڕانی پۆلیسی له هه‌رێمی کوردستاندا
ب- به بنه‌ماڵه‌ییبوونی ماڵ و مڵکی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له پاش مردنی سکرتێرهکهیی و میراتیه‌که‌ی باوکی هه‌ژارانه، که ته‌نیا ۲ کوڕه زکماکیهکهی خۆی سودمه‌ندبوون، هه‌روه‌ها دواتر له ئاڕاسته‌کردنی هه‌موو ئه‌و یاسا و ڕێسایانه‌ی په‌رله‌مانیش له به‌رژه‌وه‌ندی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیه‌کان
پێنجه‌م: له ئه‌نجامی تاقیکردنه‌وه و سه‌رکه‌وتنی (به‌شێک) له لوتکه‌ی هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی نیشتمانی و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا له له‌خشته‌بردن و په‌رتکردنی ده‌نگی ناڕه‌زایی شه‌قام، به‌تایبه‌ت له سه‌رکه‌وتنی ئه‌وان له کپکردنه‌وه‌ی ناڕه‌زاییه‌کانی ۱۷‌ی شوباتدا، که بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان لانی که‌م به‌قه‌ده‌ر نه‌یاره‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یان (یه‌کێتی نیشتمانی و پارتی دیموکرات) لێی به‌رپرسیارن، ئه‌وا ئه‌مڕۆ بنه‌ماڵه‌ی بارزانیش شانۆگه‌ریه‌کی ده‌سبازییان له‌نێوان مه‌سرور و نێچیردا به‌رپاکردووه و به ڕێسای (پۆلیسی باش و پۆلیسی خراپ) ده‌خوازن وای پیشانبده‌ن که له نێوان خۆیاندا له ئان و ساتی ته‌قینه‌وه‌دان، به‌ڵام له ڕاستیدا نه‌ک ئه‌وان به‌ته‌نیا یه‌ک هه‌ڵوێستن، به‌ڵکو ته‌واوی پارته‌کانی باشوری کوردستان (به‌تایبه‌تی پارتی، یه‌کێتی و گۆڕان)، یه‌ک چاره‌نوسیان هه‌یه و وه‌ک کۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌کانی وه‌به‌رهێنان، که هه‌رده‌م له‌کاتی قه‌یران و توڕه‌یی گه‌لدا له‌ترسدا ده‌بن به یه‌ک
دواهه‌مین: له‌هه‌مووی مه‌ترسیدارتر بیردۆزی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و هاوپه‌یمانه‌کانیانه که به هه‌موو ڕاو بۆچوونه جیاوازه‌کانیانه‌وه و به هه‌ژموونی شاراوه و نادیاری ده‌زگاکانی هه‌واڵگری نێوده‌وڵه‌تی و عه‌شره‌ت و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی چوارده‌وریشیان له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ی لای خواره‌وه کۆکن
- هه‌رێمی کوردستان بۆ ئه‌وان هێلکه‌یه‌که به‌سه‌ر ته‌نافێکه‌وه و گره‌نتی مانه‌وه‌ی ئه‌وان به پێگه‌یه‌کی ههژمونگهراوه به‌نده به بوونی هێزی داگیرکه‌ر، که له‌م سه‌رده‌مه‌دا ته‌نها سوپای تورکیایه
- ئه‌وان یان ئه‌وه‌تا هاوکاری تورکیا ده‌که‌ن بۆ دامه‌زراندنی هه‌رێمێکی سونی له ناوڕاستی ئێراق و وابه‌سته‌یی ئه‌و هه‌رێمه‌ش به تورکیا یان لانی که‌م سعودیه و تورکیا پێکه‌وه، یان ده‌خوازن جڵه‌وی خۆیان بده‌نه ده‌ست ده‌وڵه‌تی تورکی و هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ره‌تا و کۆتاییشیان به‌رپاکردنی شه‌ڕی براکوژیه، واته چه‌سپاندنی میساقی میلی ده‌ستوری تورکیا. بۆئه‌وه‌ش هه‌ر له ۱۹۹۱هوه تائه‌مڕۆ، چه‌ندین هه‌وڵ و پلانی وڵات هه‌ڕاجکردنیان لێ تێکدراوه و پوچه‌ڵکراونه‌ته‌وه (پێویسته بگوترێ: به کارکردنێکی ته‌واو که‌م و سنورداری یه‌کێتی و گۆڕان و هه‌ندێ لایه‌نی تریش ، که سه‌رباری بچوکی و شه‌رمنی وتاره‌کانیان، به‌ڵام لالوتی خۆیان له‌هه‌مبه‌ر پارتی و بارزانیه‌کان پیشان داوه سه‌باره‌ت به‌نۆکه‌رایه‌تی ڕه‌ها بۆ ئه‌نکه‌ره، و ئه‌وه‌ش جێگه‌ی ده‌ستخۆشیه‌کی سنورداره) . دوورنیه ڕیفراندۆمێکی کارتۆنیشیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته نه‌کردبێت! چونکه یه‌کێک له خاڵه ده‌ستنیشان کراوه‌کانی ڕێکه‌وتننامه‌ی ئه‌نکه‌ره‌ی ساڵی ۱۹۲٦ له‌گه‌ڵ مه‌ندوبی سامی و زلهێزی جیهانی ئه‌وسه‌رده‌مه (به‌ریتانیای گه‌وره) بریتیه له: جوڵه‌ی سوپای تورکی له حاڵه‌تی دامه‌زراندنی هه‌ر ده‌وڵه‌تێک یان کیانێکی سه‌ربه‌خۆ له ناو سنوری ئێراق یان سوریادا! هه‌روه‌ها ئه‌و ڕێکه‌وتنه له سه‌رده‌ستی زلهێزی جیهانی ئه‌مڕۆش (ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا) له ساڵی ۲۰۰۷ دا له سه‌ر ده‌ستی جۆرج بۆشی کوڕ هه‌موارکرایه‌وه و ئه‌مریکا واژۆی له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی تورکیا کردووه به‌رامبه‌ر به مانه‌وه‌ی تورکیا له ناتۆدا. هه‌ربۆیه هه‌تا ئێستاش ئه‌مریکا بێده‌نگ و قوڕوقه‌پ وه‌ستاوه له ئاستی کۆمه‌ڵکوژی و سه‌رکوتکردنی گه‌لی کورد له‌لایه‌ن ده‌وله‌تی تۆرانیهوه، واته هێزی پێشمه‌رگه ده‌بوو له دوای ڕیفراندۆم له‌باتی که‌رکوک زیاتر له براهیم خه‌لیل جێگیر بکرایه! ڕه‌نگه ئه‌م تێزهیهش نهێنی کڕینی چه‌کی ڕوسی له‌لایه‌ن تورکیاوه ئاشکرا بکات، که له‌بری دوژمنایه‌تی ئه‌وان له‌سه‌ر خاکی سوریا ، ڕاسته‌وخۆ دوای به‌شداری کارای ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانانی تری ناتۆ له له‌ناوبردنی داعشدا، تورکیا له هه‌موو بواره‌کاندا له ڕوسیا نزیکبوونه‌وه و به ئاشکرا ئه‌مریکای خستۆته به‌ر دووڕیانی؛ یان کورد یان مانه‌وه‌ی ئه‌وان له ناتۆدا
- ڕێکه‌وتنی ئه‌نکه‌ره که ته‌واوکه‌ری ڕێکه‌وتننامه‌ی لۆزان بووه، له‌ساڵی ۲۰۰۷ یش له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌مریکا هه‌مان سه‌قفی زه‌مه‌نی بۆ دانراوه و هه‌تا ۲‌۰۲۳ ئاماده‌یه بۆ جێبه‌جێکردن. هه‌ربۆیه تورکیا داعشی زۆر به به‌هێزی دروستکرد و زۆری نه‌ما بنه‌ماڵه‌ی بارزانی خودی خۆیان ببن به خۆڵه‌مێشی ئاگرێکی داعشی ـ تورکی. ئه‌وه‌ی له هه‌مووی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌تره، ده‌بینین بنه‌ماڵه‌ی بارزانی حاکم (مه‌سعودبارزانی و نه‌وه‌کانی هه‌روه‌ها نێچیر و موشتهقاتهکانیان) له تورکیا زیاتر په‌له‌ده‌که‌ن له‌وه‌ی به‌ر له ساڵی ۲‌۰۲۳ (تا ۳ ساڵی تر) ئاشوبێکی بێکۆتای به‌سه‌ر گه‌لی کورددا بهێنن و هه‌موو هێز و توانای خۆیان خستۆته گه‌ڕ بۆ تێکدانی ناوماڵی کوردی و دروستکردنی نه‌هامه‌تی و قه‌یرانی نوێ له‌دوای یه‌کتری! وه‌ک ئه‌وه‌ی ساڵی ۲‌۰۲۳ دواهه‌مین مۆڵه‌تی ئه‌وانیش بێت بۆ مانه‌وه‌یان له‌سه‌ر حوکم
- له‌ڕاستیدا کوشتوبڕی و گه‌نده‌ڵی و ئیهانه و شکاندنی شره‌ف و شکۆی گه‌لی کورد له باشور و هه‌موو ره‌فتاره‌کانی تری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش به هاوپه‌یمانه‌کانیانه‌وه له یه‌کێتی و به بێده‌نگی کردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش، شایه‌نی ڕاپه‌ڕینن و بگره شایه‌نی ئه‌وه‌ن چاره‌نوسیان بدرێته ده‌ست توندترین دادگای گه‌ل که ڕه‌نگبێ هه‌مان مامه‌ڵه‌ی ئه‌فسه‌رانی ئه‌منه سوره‌که‌یان له‌ته‌کدا بکرێت له ساڵی ۱۹۹۱ دا له سلێمانی! به‌تایبه‌تی ماڵباتی مه‌سعودبارزانی واده‌رده‌که‌ون که خودی خۆیان له‌لایان سه‌یربێت که گه‌ل ئه‌وه‌نده نهفهسدرێژن و ئه‌وه‌نده چاوه‌ڕێی ساڵحبوونی ئه‌وانن، بۆیه ئه‌وان به‌هیچ شێوه‌یه‌ک بیریان بۆ ئه‌وه ناچێ که ئیتر دواهه‌مین فرسه‌تی ئه‌وان بێت و ڕۆژانه‌ش ئه‌و فرسه‌ته ڕوو له کزییه، چونکه ڕه‌نگبێ ئه‌وان له ته‌مه‌نی دوور و درێژ و له تاکتیک و پلان و ستراتیژیاندا هه‌موو ئه‌زموونێکیان هه‌بێت، ته‌نها ئه‌زموونی توڕه‌یی جه‌ماوه‌ر نه‌بێت و نه‌توانن ئه‌و مه‌ترسیه حه‌تمیه له‌سه‌ر بوونی خۆیان به کرداری هه‌ستپێ بکه‌ن. له ڕاستیدا ده‌بێ مه‌منون بن که ده‌سه‌ڵات ته‌سلیم بکه‌ن و داوای لێبوردن بکه‌ن ئه‌گه‌ر به‌وه نه‌جات ببن، ئه‌گین که‌وتونه‌ته ناو زۆنگاوێکهوه که ده‌رهاتنه‌وه‌یان قورسه و یه‌ک درزیش بکه‌وێته هه‌یمه‌نه‌یان، ئه‌وا زۆر زوو زیاد ده‌کات ده‌بێت به شه‌به‌ق و هه‌پرون به هه‌پرون ده‌بن! ده‌بێت ئه‌وان زۆرباش بزانن که کۆمپانیا سیکویریتی و جه‌رده و جه‌رده‌وانه په‌روه‌رده‌کراوه‌کانیان سه‌رباز نین و له‌کاتی هه‌ڵمه‌تی توڕه‌یی گه‌لدا زۆر پێش سه‌رکرده‌کانیان ئه‌وان خۆیان ون ده‌که‌ن و دیار نامێنن، ئه‌وسا به چه‌شنی بنه‌ماڵه‌ی پادشای فه‌ڕه‌نسای سه‌رده‌می شۆڕش، هه‌رچی پاره و چه‌ک و جبه‌خانه‌ی ئه‌م دونیایه‌ش هه‌یه له‌لایان بێت، سودی چیه که که‌سیان نه‌بێ به‌کاری بهێنێت
به کورت و کرمانجی - (به زاری خۆمان به کورتی و کوردیه‌که‌ی) یه‌کێتی نیشتمانی و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش به حوکمی ڕابردووی هه‌ندێک له که‌سایه‌تیه‌کانی ناویان، سه‌رباری خۆڕهشکردن و خنکاندنی چرۆکانی خۆیان و لهمپهڕکردنی په‌ره‌سه‌ندن و خۆداڕشتنی خۆیان، هێشتا ده‌توانن خاوه‌ندارێتی له به‌شێک له ده‌ستکه‌وته سنورداره‌کانی باشور بکه‌ن (ئه‌گه‌ر گه‌ل لێیان ببورێت!) و فرسه‌تی خۆکشاندنه‌وه‌ی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران به‌کار بهێنن و هه‌وڵی نزیکبوونه‌وه بده‌ن له گه‌ل. چونکه پارتی دیموکرات به‌و سه‌رکردایه‌تیه‌ی ئه‌مڕۆیان، ته‌نها ئیحائی پرۆژه‌یه‌کی کۆنترا ده‌ده‌ن و بریتین له پرۆژه‌ی دژ و کارده‌که‌ن بۆ له‌ناوبردنی نیمچه کیانێکی کوردی له باشوری کوردستان که یه‌کێتی و گۆڕان لانی که‌م به‌شدارن له به‌رهه‌مهێنانیدا. تاکه ڕێگه‌ی گه‌ل به‌رخۆدانه و تاکه ڕێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتیش ته‌سلیمبوونه به‌گه‌ل، هه‌موو ڕێگاکانی تر بریتین له جه‌نگێکی بۆگه‌ن و ڕژانی خوێنی گه‌ل، به‌ڵام دواجار ده‌بن به هۆکاریش بۆ هه‌ڵواسینی سیمبولی ده‌سه‌ڵاتداری ئاغایه‌تی هه‌رێمی کوردستان به دووڕیان و دارتهلهکاندا
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست