کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كۆيله‌كانى پارتى (به‌شى‌ دووه‌م)

Friday, 05/06/2020, 17:23


پارتى هه‌روه‌ك حزبێكى دواكه‌وتوو به‌عه‌قلييه‌تى ساڵانى په‌نجاو شه‌سته‌كان سياسه‌ت ئه‌كا ، به‌خيتابێكى ئيعلامى غافڵگيير له‌گۆرانكارييه‌كانى سه‌رده‌م و به‌مه‌نتيقى گۆبڵزييانه‌ هه‌وڵى چه‌واشه‌كردنى كۆمه‌ڵگه‌ ئه‌دات . به‌م خيتابه‌ دواكه‌وتووه‌ى سه‌ده‌ى رابردووش ئه‌يه‌وێ هه‌ژموونى خۆى به‌سه‌ر ميلله‌ته‌كه‌يدا بسه‌پێنێ كه‌ ئه‌ويش تێرى خواردووه‌ له‌مجۆره‌ خيتابه‌ چه‌واشه‌كارانه‌ى كه له‌گه‌ڵ چاوكرانه‌وه‌ى تاكى كورد و پێشكه‌وتنه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى جيهان و كرانه‌وه‌ى فه‌زاى راگه‌ياندنيش ناگونجێ .سه‌ربارى ئه‌وه‌ى پارتى ته‌مه‌نى له‌حه‌فتا ساڵيش تێپه‌ڕى كردووه‌و ، سه‌ركردايه‌تيه‌كه‌شى ده‌يان ساڵه‌ له‌بوارى سياسيه‌ت و به‌ڕێوه‌بردندا ئه‌زموونێكى دو‌ورودرێژيان هه‌يه‌ ، به‌ڵام ئێستاش به‌ ‌عه‌قلييه‌تى ساڵانى په‌نجاو شه‌سته‌كان كاره‌كانى به‌ڕێوه‌ ئه‌بات .
كاتێك ئه‌ندامێكى حزبه‌كه‌يان دێته‌ سه‌ر شاشه‌ى ته‌له‌فزيۆن وبه‌به‌رچاوى مليۆنان كه‌سه‌وه‌ ده‌ڵێ " سه‌ياره‌ى هاوڵاتييه‌كى ئاسايى له‌ سه‌ياره‌ى كاك مه‌سعود باشتره‌ " !! . مه‌فروزه‌ سه‌رانى پارتى دڵيان به‌مجۆره‌ گوفتاره‌ خۆش نه‌بێ ، به‌ڵكو‌ پێويسته‌ محاسه‌به‌ى بكه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و درۆ شاخداره‌ و هه‌قبوو بانگيان بكردايه‌ و پێيان وتايه‌ " ئاخر قورمساغ ، خۆ خه‌ڵك چاوى كوێر نه‌بووه‌ نه‌بينێ كه‌ كاك مه‌سعود له‌هه‌ر ده‌رچوونێكيدا سه‌دان سه‌ياره‌ى ئاخر مۆديلى به‌رزى به‌دواوه‌يه‌ ، تۆ چۆن ئه‌م قسه‌يه‌ ئه‌كه‌ى كه‌ خه‌ڵكى گاڵته‌مان پێبكه‌ن و له‌سۆشيال ميديادا پێمان‌ ڕابوێرن "!.. سه‌ركرده‌يه‌كيان كه‌ دێته‌‌ سه‌ر شاشه‌و ده‌ڵێ " مێوانخانه‌كه‌ى كاك مه‌سعود ئه‌وه‌نده‌ بچووكه‌ جێگاى هه‌شت كه‌سى لێنابێته‌وه‌ كاتێك بۆ جه‌ژنه‌ پيرۆزه‌‌ ئه‌چينه‌ لاى " !! ، هه‌قوايه‌ بانگ بكرێ وموحاسه‌به‌ بكرێ ، چونكه‌ ئه‌م قسه‌يه‌ بچووككرنه‌وه‌ى كاك مه‌سعوده‌ نه‌ك ته‌نها وه‌كو سه‌رۆكى هه‌رێم به‌ڵكو وه‌ك سه‌رۆكى عه‌شييره‌تێكيش ، چونكه‌ ته‌نانه‌ت كوێخاى گونديش ديوه‌خانه‌كه‌ى ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌يه‌ كه‌ جێگاى لانيكه‌م بيست كه‌سى لێ ببێته‌وه‌‌ .
سه‌يرم پێدێ كه‌سانێك هه‌بن له‌ناو سه‌ركردايه‌تى پارتيدا دڵيان به‌مجۆره‌ قسانه‌ خۆش بێ و ته‌نانه‌ت ئه‌م درۆزنانه‌ش خه‌ڵات بكه‌ن له‌كاتێكدا خۆشيان باوه‌ڕيان به‌ قسه‌كانيان نيه‌ ، ئه‌مه‌ لهگێلى و ‌گه‌وجاندن زياتر هيچتر نيه‌ . ئه‌مجۆره‌ خيتابه‌‌ سواوه‌ى سه‌رده‌مى گۆبلزى وه‌زيرى ديعايه‌ى هيتله‌ره‌ كه‌ ده‌يوت " درۆ بكه‌ و درۆ بكه‌ تا باوه‌ڕت پێده‌كه‌ن ". ئه‌مه‌ش له‌ساڵانى چله‌كانى سه‌ده‌ى رابردوودا ده‌يخوارد ، به‌ڵام ئێستا له‌ده‌ره‌وه‌ى بازنه‌يه‌ ، چونكه‌ خه‌ڵكى به‌گشتى چاوى كراوه‌يه‌و هه‌موو شت ئه‌بينێ ، بۆيه‌ ئه‌بينين هه‌ر لێدوانێكى له‌م بابه‌ته‌ سوشيال ميديا ده‌ته‌نێ و هه‌زاران كه‌س دێنه‌ سه‌رخه‌ت بۆ ريسواكردنى پارتى و كۆيله‌كانى .
له‌وانه‌ش سه‌يرتر رۆژ نيه‌ ده‌يان جار نه‌بينين ونه‌بيستين له‌سايته‌كاندا كه‌وا فڵانه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان وه‌ڵامى فڵانه‌ سه‌ركرده‌ى يه‌كێتى يان يه‌كگرتوو يان كۆمه‌ڵ ئه‌داته‌وه‌ له‌سه‌ر ره‌خنه‌يان له‌پارتى ، وه‌كو ئه‌وه‌ى ئه‌وانه‌ وته‌بێژى ده‌زگاى راگه‌ياندنى پارتى بن نه‌‌ك ئه‌ندام په‌رله‌مان كه‌ ئيشى ئه‌وان ته‌شريعكردنى ياسايه‌‌ نه‌ك وه‌ڵام و وه‌ڵامكارى حزبيانه‌ !. يان ئه‌بينين هه‌ندێ له‌په‌رله‌مانتارانى فراكسيۆنه‌كه‌ى پارتى هه‌ر له‌خۆڕا يان به‌ ده‌فعى حزبه‌كه‌يان دێنه‌ ده‌نگ بۆ داكۆكى كردن له‌سياسه‌ته‌كانى حكومه‌ته‌كه‌ى پارتى ، بيريان چۆته‌وه‌ وه‌زيفه‌ى ئه‌سڵى ئه‌ندام په‌رله‌مان چاودێرى و ره‌خنه‌گرتنه‌ له‌ئه‌داى حكومه‌ت نه‌ك ديفاعكردن . راسته‌ ئه‌و‌انه‌ سه‌ر به‌حزبى پارتين ، به‌ڵام خۆ پارتى ده‌يان ده‌زگاى ئيعلامى حزبى و وته‌بێژى حكومه‌ت و حزبيشى هه‌يه‌، چ پێويست ده‌كات ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانى بێنه‌ ده‌نگ له‌سه‌ر بابه‌تى رۆژ . پارتى ده‌زگاى گه‌وره‌ى راگه‌ياندنى هه‌يه‌ كه ‌نازانم ژماره‌يان چه‌نده‌ ، ئه‌مانه‌ وه‌كو دابه‌ستى دانيشتوون مووچه ‌و ئيمتيازاتى زۆريشيان پێدراوه‌ ، به‌ڵام بێ ئيشوكار رۆژ به‌سه‌ر ئه‌به‌ن ، ئه‌م شه‌ڕه‌ ئيعلاميه‌ى حزبه‌كه‌شيان له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌كاندا داوه‌ته‌ ده‌ست په‌رله‌مانتار و وه‌زيره‌كانيان .
له‌هه‌موو سيسته‌مێكى ته‌ندروستدا سكرتێرى ئيعلامى رۆڵێكى گه‌وره‌ ده‌بينێ له‌هوشياركردنه‌وه‌ى به‌رپرسه‌كه‌ى ، به‌تايبه‌ت له‌سه‌ر ‌بابه‌ته‌كانى په‌يوه‌ست به‌ ئيداره‌كه‌يه‌وه‌‌ . بۆ نموونه‌ وه‌زيفه‌ى سكرتێرى ئيعلامى هه‌ر سه‌رۆك حزب و حكومه‌ت و ته‌نانه‌ت‌ ده‌وڵه‌تيش ئه‌وه‌يه‌ كه‌وا به‌رده‌وام موتابه‌عه‌ى رووداوه‌كانى رۆژ بكاو به‌راپۆرتێكى كورتكراوى رۆژانه‌ به‌رپرسه‌كه‌ى خۆى ئاگادار بكاته‌وه‌ . وه‌زيفه‌ى ئه‌م سكرتێره‌‌يه‌ موتابه‌عه‌ى رۆژنامه ‌و سايت و په‌يجه‌كان بكات بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ر بابه‌تێك په‌يونده‌دى به‌ كارى مه‌سئووله‌كه‌يه‌وه‌ هه‌بێت به‌راپۆڕتێك ئاگادارى بكاته‌وه‌ ، كه‌چى لاى خۆمان سكرتيره‌كان ئه‌وه‌نده‌ى به‌دواى ئيمتيازات وڕاوه‌ كچ و دامه‌زراندنى خزمو كه‌سه‌كانيانن ، ئه‌وه‌نده‌ ناپه‌رژێته‌ سه‌ر ئه‌و ئه‌ركه‌ فه‌رميه‌وه‌‌‌ . بۆيه‌ هه‌ميشه‌ مه‌سئوله‌كانمان بێ خه‌به‌رن له‌رووداو پێشهاته‌كان ، كاتێكێش به‌خه‌به‌ر دێنه‌وه‌ ئه‌بێنن ماڵيان وێران بووه‌ ‌و كاتيش به‌سه‌رچووه‌ . له‌مڕۆژانه‌ براده‌رێكى پارتى بۆى گێڕامه‌وه‌ كه‌وا يه‌كێك له‌به‌رپرسه‌كانيان ته‌له‌فۆنى بۆ پاسه‌وانێكى خۆى كردووه‌و لێى پرسيوه‌ " ئه‌رێ راسته‌ ئه‌ڵين له‌گه‌ڕه‌كه‌كان كاره‌با كه‌مبۆته‌وه‌ "؟!! .
هيچ گومانم له‌وه‌دا نيه‌ كه‌وا مه‌سئوله‌كانى پارتى به‌عام بۆ ساتێكيش چاويان به‌ رۆژنامه‌و گۆڤارێكدا كه‌وتبێ ، يان به‌رامبه‌ر به‌رنامه‌يكى ته‌له‌فزيۆنى دانيشتبن بۆ ئه‌وه‌ى وه‌كو خه‌ڵكى ئاسايى بزانن له‌دونيا چ خه‌به‌ره‌ ، ته‌نانه‌ت باوه‌ڕم به‌وه‌ش نيه‌ له‌هه‌موو ژيانيان دوو رۆمان يان كتێبێكيان خوێندبێته‌وه‌ ، جا چاره‌نووسى ميلله‌ته‌ نه‌گبه‌ته‌كه‌ى ئێمه‌ش كه‌وتۆته‌ ده‌ست ئه‌م نه‌خوێنده‌وارانه‌وه‌ !! .
ئه‌مه‌و جگه‌ له‌زۆروبۆررى ئيعلامه‌كانى پارتى كه‌ هه‌ر يه‌كيان ده‌يان مليۆن دۆلاريان بۆ ته‌رخانكراوه‌ و هه‌ر يه‌كيان به‌ئاوازێكه‌وه‌ ئه‌خوێنن ، ئه‌مه‌ش به‌شێكه‌ له‌ململانێى ناو باڵه‌كانى پارتى ، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌ڵێن‌ له‌ناو پارتيدا هيچ جۆره‌ باڵباڵينێك نيه‌ ، به‌ڵام‌ كه‌ سه‌يرى روداو وباسنيوز ئه‌كه‌ى دوو خيتابى زۆر جياواز ئه‌بينى‌ . كاتێك‌ رووداو دامه‌زرا ، چ پێويست به‌كه‌ناڵى 24 ئه‌كات . كاتێك كوردستان تي ڤى زمانحاڵى پارتى بوو ، چ پێويستى ئه‌كرد كه‌ناڵى زاگرۆس دروست ببێ . كه‌ زانكۆى كوردستان نێچير دروستيكرد، چ پێويست به‌ زانكۆى ئه‌مه‌ريكى مه‌سرور ئه‌كات ، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر باڵباڵێن نه‌بێ ئه‌ى ناوى ئه‌نێن چى ؟؟!! .. ئه‌مانه‌و ده‌يان نمونه‌ى ترى زه‌ق كه‌ زۆر به‌راشكاوى پێمان ئه‌ڵێن ، نه‌ك باڵباڵين له‌ناو پارتيشدا هه‌يه‌ ، به‌ڵكو‌ خه‌ريكه‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ى ئێستاى نێچيرو مه‌سرور سه‌رى حزبه‌كه‌ و يه‌كبوونيشيان ئه‌خوات .
ئه‌مه‌و جگه‌ له‌و جه‌يشه‌ گه‌وره‌يه‌ى فه‌يسبوك وسۆشيال ميديا كه‌ به‌ سه‌دان هه‌زار دۆلار به‌ڕێوه‌ ئه‌برێن ، به‌بێ ئه‌وه‌ى بايى يه‌ك فلسى قه‌ڵپيش سووديان بۆ پارتى هه‌بێ ، ته‌نها كاريان شه‌ڕفرۆشتنه‌ به‌ نه‌ياره‌كانى پارتى وهه‌ڕه‌شه‌ ڵێكردنيان به‌ زمانبڕين وكوشتن .
نوسه‌ره‌كانى ده‌رباريشيان ئه‌وه‌نده‌ سووك و چرووك و بێ مسته‌وان كاتێك نوسينه‌كانيان ده‌خوێنيه‌وه‌ بێزيان لێئه‌كه‌يته‌وه‌ ، سه‌قافه‌تيش وه‌كو سياسه‌تى ئه‌مڕۆى ده‌سه‌ڵاتى كوردستانت له‌به‌رچاو ئه‌كه‌وێ . ئه‌مانه‌ به‌هه‌مان نه‌فه‌سى نوسه‌رانى سه‌رده‌مى سه‌دام وتاره‌كانيان ئه‌نوسن ، ته‌نها جياوازييه‌كه‌ ئه‌وه‌يه نوسه‌ره‌كانى سه‌دام له‌ترسا خزمه‌تى رژێمه‌كه‌يان ئه‌كرد ، به‌ڵام ئه‌مانه‌ى پارتى ته‌نهاو ته‌نها بۆ پاره‌ و ئيمتيازات قه‌ڵه‌مه‌كانيان فرۆشتووه‌ ، ته‌نانه‌ت خۆشيان باوه‌ڕيان به‌ نوسينه‌كانيان نيه‌ ته‌نها بۆ ئيسپات حزووره‌ !!
به‌هه‌رحاڵ بوونى ئه‌م كۆيله‌و قه‌ڵه‌مه‌ سواوانه‌ى ميدياكانى پارتى و مناڵه‌ هه‌رزه‌كانى فه‌يسبوكه‌كانيان ، هه‌م ئاستى نوسينه‌كانيان زۆر نزم وبازاڕييه‌ كاتێك دژ به‌ يه‌كێك له‌نه‌ياره‌كانى پارتى دێنه‌ ده‌نگ ، هه‌م ماهييه‌تى حزبه‌كه‌شيان ده‌ر ئه‌خه‌ن به‌م زمانه‌ بازاڕى وجنێو و ته‌خوينانه‌ ، بۆيه‌ هيچ مه‌نتقێك له‌نووسينه‌كانياندا نيه‌ سه‌رنجى خوێنه‌ر راكێشێ .
به‌كورتى وبه‌كوردى ئه‌م قه‌ڵه‌مه‌ سواوانه‌ خۆشيان باوةه‌ڕيان به‌نوسينه‌كانيان نيه‌ و، هه‌موو خه‌ڵكيش ئه‌زانێ ئه‌م به‌رگرييانه‌يان بۆ پاره‌و مه‌سڵه‌حه‌ته‌ و دوور نيه‌ پێڕابواردنيش بێت‌ به‌ پارتييه‌وه‌ . كاره‌ساته‌كه‌ش لێره‌دايه‌ كاتێك سه‌رانى پارتى ته‌مه‌ن حه‌فتا ساڵه‌ به‌ هه‌موو قه‌ناعه‌تيانه‌وه‌ كه‌يفيان به‌مجۆره‌ زمانه‌ بازاڕييه‌ى كۆيله‌كانيان دێ و ته‌نانه‌ت خه‌ڵاتيشيان ئه‌كه‌ن ، به‌مه‌ش زۆر به‌زه‌حمه‌ت له‌ناو ده‌زگاى راگه‌ياندن وميدياكانى پارتى به‌ سوشيال ميدياشه‌وه‌ كه‌سێكى تۆزێ موحته‌ڕه‌ميان تيا ببينى .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە