ئۆپۆزیسیۆنی چەنەباز
Thursday, 04/06/2020, 21:31
گەورەترین بەدبەختى هەندێک مرۆڤ لەوەدایە، کە نە ئەوەندە خوێندەواری هەیە تا بزانێت چۆن قسە ئەکات، نە ئەوەندەش هەستی هەیە تا بێدەنگ بێت." ژان بروە"
------------------------------
٢٨ساڵە دەسەڵاتێکی فاسد، لەهەرێمێکی ئەتککراودا حاکمە، کە پڕە لە شەرمەزاریی مێژوو، کەچی گەلێک بەڕێوە دەبات.
ئەگەر شانازییەک لەو مێژووەدا هەبێت، ئەوە دروستکراوی ئەوانەن، کە ئەمڕۆ، یان پەیوەندییان بە دەسەڵات و حیزبەوە نەماوە، یاخود بێدەنگ دانیشتوون، لەدەرەوەی ئەو هەرێمەدا بە بەردەوامی تۆپەڵێک خەڵک بەناوی ئۆپۆزیسیۆنەوە هەرجارە و لە شێوەیەک یان لە ڕەنگێکی نامۆ بەخۆی و بە کۆمەڵگا دانیشتووە قسەی زل دەکات، لەپشتی کۆمپیوتەرێکەوە، خۆی لێبۆتە سەرەنێزەی ڕوخانی زیندانە وەهمییەکەی کە ناتوانێت لێی نزیک بێتەوە.
ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو قسەزان و قسەکەرانە نەهاتوون لەخۆیان بپرسن: ئەرێ ئێمە خەریکی چین ؟ لەکاتێکدا تەنها جێگەی ئاسایش بۆ مرۆڤەکان دەروونی مرۆڤەکە خۆیەتی. ڕاکردن بەشوێن سەرکەوتن و ناوبانگدا وەک کوتانی ئاو وایە لەدەسکەواندا، مرۆڤ هیچ کاتێک بەچەنەبازیی ناوبانگ دەرناکا، ئەگەر دەریشی بکات، ئەوەلای خەڵکانی وەک خۆی چەباز و داماو جێگەی دەبێتەوە و گوێی لێدەگرێت.
لەسەر ئەم شانۆی ژیانەدا هەموومان ئەکتەرین، ئەوە بەو مانایە نا کە هەموومان دەبێت ڕۆڵی سەرکردە وەرگرین، چونکە ئەگەر وابێت ژیان لە بێمانایدا هەرەس دەهێنێت.
لەژیاندا مرۆڤ ئەگەر بیەوێت خەبات بۆ ئامانجێک بکات، دەبێت لایەنی کەم خۆی خۆش بوێت! تۆیەک کە تا خۆتت خۆش نەوێت، محاڵە کەسانی ترت خۆش بوێت، هەڵبەت خۆشەویستی خودیش سنوریی هەیە، لەوە تێپەڕی خۆشەویستییەکەت بۆ خەڵک دەبێتە رق. پاشان کەسانی تر بۆچی تۆیان خۆش بوێت، لەکاتێکدا تۆ خۆتت خۆش ناوێت؟
دیاردەیەکی تریش کە زۆر کۆمێدییە، ئەم بە ناو ئۆپۆزیسیۆنانە نمایشی دەکەن، وەستانە لە بەردەم کتێبخانەیەکدا لەکاتی قسەکردن ووتارداندا، وای نیشان دەدەن گوایا ئەوانە کتێبیان خوێندۆتەوە و جیاوازتر لە عەوام بیر دەکەنەوە، کاتێک دەمیشیان دەکەنەوە دەزانی، کە نەک کتێبی نەخوێندۆتەوە، بەڵکو بەرگەکەشی سەیر نەکردوە. لەم بارەیەوە ئەربێرت کامۆ جوان دەڵێت:
"هەرگیز هیچ كەسێك جورئەتی ئەوەی نەكردووە بەو جۆرەی كە هەیە، وێنەی خۆی بكێشێ"
هەرکەسێک تا ئەو کاتەی ئازایەتی ئەوەی نەبێت وێنەی ڕاستەقینەی خۆی نمایش بکات، چاوەڕێی ئەوە نەبێت، خەڵکانی تر بێن، کە بەجوانی وێنەی بۆ بکێشن، چونکە یەکێک لە سەرکەوتنی ئۆپۆزیسیۆن بوونی ڕەوشتە بەرزەکەی قوربانییدانە، پاشان گوێگرتن و قبوڵکردنی ڕەخنەیە بەدڵێکی فراوانەوە، نەک بەردەوام لەهێرشێکدا بیت کە چاک دەزانیت لەو شەڕەدا دۆڕاوی ڕاستەقینە خۆتی.
ڕەشبینی و گەشبینی لەکارکردندا، زۆر کۆمێدیایە، لەکاتێکدا لە ژیاندا شتێک نییە ناوی گەشبینی یان ڕەشبینی بێت، چونکە ئەوە خۆتی، کە دووری لە خەڵک و نازانی کامە دیوی ژیان ببینی، گەشبینی لەوەدا نییە تۆ هەرقسە بکەیت و کۆمەڵی خەڵک گوێت بۆ بگرن، ڕەشبینیش لەوەدا نییە کە لە دەرەوەی تۆ کەسانێک بێن بیانەوێت شەڕی کەرامەت بکەن.
جارێک لە لە دانیشتنێکدا مامۆستایەکی ئاینیلەگەڵمان دانیشتبوو، کەوتبووە قسەکردن و بەوە کۆنترۆڵی خەڵکەکەی کرد، هەر قسەی دەکرد، منیش زۆر بێتاقەت بووم، چونکە بواری بە کەس نەدا، تا من قسەم پێ بڕی ووتم: مامۆستا تۆ خۆت بڕوات بەو قسانە هەیە کە دەیکەیت؟
تۆزێک وەستا، پاشان ووتی: ڕاستدەکەی من سنوری خۆم بەزاند، من زۆر قسەکرد، پاش کەمێک لێدا ڕۆیشت، ئاخر ئەوانەی خیتابکردن دەکەنە پیشە، سەرەنجام نامۆ دەبن بەرامبەر بەخۆیان، دوای نامۆدەبن بە کۆمەڵگاش، چونکە ئەوانە تەنیا قسەدەکەن، گوێناگرن. مرۆڤ بۆ ئەوەی خۆشەویست بێت دەبێت گوێگریش بێت، تۆ کە گوێ نەگریت نابیتە هیچ!
باران هەموومان پێی ئاسودەین، کە دەبارێت، بەڵام دەبێت پشوش نەدا و نەوەستێت، هەر ببارێت دەبێتە کارەسات و بەڵا، دەبێتە لافاو ئەوسا سودی نامێنێت، بەڵکو زیانی زۆرتردەبێت. نازانم کێ بوو دەیووت کە عەقڵی ساغ لە دەرەوەی جەستەی ساغ دەست ناکەوێت. ڕاستە لە مێژوودا کەسایەتییەکی دەگمەنی وەک "ستیفان هۆکینیگ " دەردەکەوێت بە لەشێکی ناساغەوە، عەقڵێکی ساغی هەبێت، بەڵام وەک دەڵێن: بەگوڵێک بەهار نایەت.
ئەم گفتوگۆیە وەڵامێک نییە، بەڵام لە داماوی ئۆپۆزیسیۆندا شانسی دەسەڵاتیشە، کەوا هەریەکە لەپشتی کۆمپیوتەرێکەوە دەیەوێت ڕابەربێت و داوای خۆشەویستی لەخەڵک دەکات، خۆشی ڕقی دنیای خەڵکە، بەلای منەوە لوتبەرزیی و خۆبەکەم زانین هەمان ئەو دەردەن، کە مرۆڤی لاواز داگیر دەکەن، زۆر قسەکردن هەمیشە هەڵەت پێدەکات، بۆیە زنێک کەمتر توشی گرفت دەبێت، وەک لە مەلایەک، کە هەر قسە دەکات، زنێک زیاتر بیر دەکاتەوە و بەدوای ناسینی خۆیەوەیە، مەلایەک یان قسەکەرێک کە بە کوردی پێی دەڵێن چەنەباز نەسیحەتی خەڵک دەکات، کەچی خۆی هەموو گیانی کەمایەسییە. لێرەدایە گوێگرەکانی درەنگ یان زوو پێێ دەڵێن: ئەمانەی تۆ دەیلێیت لە کەسایەتی خۆتەوە دوورە. بۆیە ئەمانە نابنە جێگای باوەڕ و متمانە پێکردن. ئاخر دەبەنگی باوکێکی جگەرەکێش لەوەدایە بەمنداڵەکەی بڵێ تۆ نابێت جگەرە بکێشی، چونکە زیانت پێ دەگەنێت، ئەمە لەو پەنجەرەیە دەچێت، کە ئومێدی کردنەوەی لێناکرێت.
دواجار بەیتێکی مەولانە هەیە دەڵێت:
"ئاستی ووشەکانت بەرز کەرەوە نەک دەنگت، ئەوە بارانە گوڵ پێدەگەیەنێت، نەک هەورەتریشقە"
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست