کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


27ملیار دۆلاره‌كه‌ له‌ په‌رله‌مان یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌ یا ده‌بێته‌ به‌ردى بن گۆمان؟

Tuesday, 02/06/2020, 1:37


هه‌ر دوای وتاره‌كه‌ى مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم به‌ وروژاندنى قه‌رزاربوونى حكومه‌ت به‌بڕی  27ملیار دۆلار له‌ماوه‌ى شه‌ش ساڵی رابردوودا، میدیا حه‌زو ناحه‌زه‌كان، ئه‌وانه‌ى له‌ حكومه‌ت هاوبه‌شن و ئه‌وانه‌یشی له‌و حكومه‌ته‌ ئۆپۆزسیۆنن، هه‌ر یه‌كه‌ له‌ده‌لاقه‌یه‌كه‌وه‌ شه‌ن و كه‌وی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یان كرد، له‌دیارترینیان: سه‌رۆكى په‌رله‌مان وتى: حكومه‌ت یه‌ك دۆلار قه‌رزار نیه‌..سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان وتى:حكومه‌ت 7ملیار دۆلار قه‌رزاره‌و 5ملیار دۆلاریشی لای هاولاتیانه‌..وه‌زیری پێشووى دارایی وتى: حكومه‌ت هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كى له‌ ده‌ره‌وه‌ قه‌رز نه‌كردوه‌و به‌لای سه‌رۆكى فراكسیۆنى كۆمه‌ڵ و نه‌وه‌ى نه‌وێ و یه‌كگرتوویشه‌وه‌ حكومه‌ت هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك قه‌رزار نیه‌و دواجار 17 ئه‌ندام په‌رله‌مان له‌ یاداشتێكى هاوبه‌شدا داوا له‌ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان ده‌كه‌ن كه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ى دوای جه‌ژن به‌مه‌به‌ستى به‌دواداچوونى ئه‌و قه‌رزه‌، بانگێشتى سه‌رۆكى حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ى بۆ ناوهۆڵی په‌رله‌مان بكه‌ن و رێوشوێنى یاساییان له‌هه‌مبه‌ر بگرنه‌ به‌ر كه‌ ئایا چاره‌نووسی ئه‌وپاره‌یه‌ به‌كوێ گه‌یشتووه‌؟.
له‌م روانگه‌وه‌ ئه‌وه‌ى له‌م بابه‌ته‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌:
1- پێموانیه‌ نه‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت و نه‌جێگره‌كه‌ى بێنه‌ په‌رله‌مان و روو به‌رووى هه‌موو ئه‌وپرسیارانه‌ ببنه‌وه‌ له‌كاتێكدا روو به‌روویان ده‌بنه‌وه‌ كه‌ ره‌نگه‌ تووشی پێكدادان بێن به‌تایبه‌ت ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌ى به‌رده‌وام له‌ میدیاكاندا حكومه‌ت به‌ گه‌نده‌ڵ ودزو قۆرخكار ناوزه‌د ده‌كه‌ن.
2-هه‌وڵێك هه‌یه‌ له‌لایه‌ن فراكسیۆنى پارتی كه‌ له‌جیاتى ئه‌و بانگێشتكردنه‌، وه‌كو لیژنه‌ى دارایی په‌رله‌مان خۆیان پڕۆژه‌ یاسایه‌ك گه‌ڵاڵه‌ بكه‌ن و هه‌ر خۆیان به‌دواداچوون بۆ ئه‌و پرسه‌ بكه‌ن.
3-فراكسیۆنى یه‌كێتیش تا ئه‌م ئان و ساته‌ به‌ پشتیوانى فراكسیۆنه‌كانى تر پێداگره‌ له‌سه‌ر ساخكردنه‌وه‌ى ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌و مكوڕه‌ له‌سه‌ر بانگكردنى سه‌رۆكى حكومه‌ت بۆ هۆڵی په‌رله‌مان.
 دوای جه‌ژن و به‌پێی سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵ كه‌ پارتى و یه‌كێتى بڕیاره‌ له‌سه‌ر رۆژی كۆبوونه‌وه‌و شوێنى كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردوولایان  ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر كۆبوونه‌وه‌ى هه‌ر دوو حزب له‌سه‌ر ئاستى لوتكه‌و باڵا گرێ نه‌درێ وه‌ك یه‌كێتى خوازیاری ئه‌نجامدانیه‌تى تا له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ زۆربه‌ى بابه‌ته‌ هه‌ستیاروهه‌ڵپه‌سێراوه‌كان باس بكه‌ن و ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ له‌مڕۆ بۆ ئه‌وڕۆ دوابخرێ، پێ ده‌چێ ئه‌و پرسه‌ له‌لایه‌ن فراكسیۆنى یه‌كێتى و سه‌رۆكى په‌رله‌مان به‌ته‌واوى بوروژێندرێ له‌كاتێكدا وای نابینم هیچ بانگێشتێك بۆ لێپرسینه‌وه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت وا ئاسان بێ و خۆ ئه‌گه‌ر كۆبوونه‌وه‌ى دوو قۆڵێ هه‌ردوو لا به‌ بنبه‌ست بگات و دابنیشن و بگه‌نه‌ رێكه‌وتن ئه‌وه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ وه‌كو زۆر كه‌یس و بابه‌تى دیكه‌ داده‌خرێ و ده‌بێته‌ به‌ردى بن گۆمێ.
هه‌رچه‌نده‌ به‌پێی لێداونه‌كانى وته‌بێژی حكومه‌ت 10ملیار دۆلار ساغ بۆته‌وه‌ كه‌ حكومه‌ت قه‌رزاری فه‌رمانبه‌رانه‌و قه‌رزه‌كانى دیكه‌یش به‌و پێیه‌بێ پاره‌یه‌كى كه‌م له‌ توركیا قه‌رزكراوه‌و ئه‌ویتر له‌بانكه‌ ناوخۆیی و بانكه‌كانى دیكه‌ى عێراق قه‌رز كراون و به‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ى ئه‌و قه‌رزانه‌ى حكومه‌ت به‌ بازرگانانى داوه‌ ده‌توانرێ به‌ر به‌و ته‌نگژه‌ بگیرێ و تا راده‌یه‌ك چاره‌سه‌ری ئه‌و قه‌یرانانه‌ بكه‌ن.
خه‌ڵك به‌ په‌رۆشه‌وه‌ حه‌ز ده‌كه‌ن چاره‌نووسی ئه‌و 27ملیار دۆلاره‌ دیاربێ و ته‌مه‌نای ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن حكومه‌ت به‌ بوونى قه‌رزێكى كه‌م ئومێدى هه‌ستانه‌وه‌ى هه‌بێت له‌و قه‌یرانه‌و ئه‌و قه‌رزه‌و ئه‌و كێشانه‌ى به‌رۆكى هه‌رێمیان گرتووه‌ كه‌ به‌پیاده‌كردنى چاكسازى جارێكى دیكه‌ ئومێد بۆ كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان بگه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌نگاوانه‌ رێڕه‌وی خۆیان نه‌گرن، ئه‌وه‌ داهاتوویه‌كى نادیار روو له‌هه‌رێمه‌كه‌مان ده‌كات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە