باپیرە و باوک وکوڕ
Saturday, 30/05/2020, 2:00
شیوەنێک وخواستێک، بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان
لەو ماوەیەدا کە ڕێڕەوی ڕوداوەکان لە باشووری کوردستاندا بووە هۆی بە دەسەڵات گەیشتنی باوکەکان دوای باپیرەکان، ئەو بەشە بندەستە لە نەتەوەی کورد، هیوا و ئومێدێکی گەورەیان لەسەر هەڵچنی و بۆ پارچە بندەستەکانی تریش وەک قەڵایەک تەماشای دەکرا.
وەلێ....
هەموو پارچە بندەستەکان و بە تایبەتیش پارچەکەی باشوور، بەهەڵەدا چوون و سەریان دای لەبەرد، بەردی بێتام و ڕەق و تەقی حیزبگەلی باشووریی. ئەوە بۆ وا بوو؟! هەر گەنجێکی تۆزێ هوشیاریی بووبێت، هەر زوو لەو سەرەتایانەوە، بۆی ڕوون بوویەوە، کە باوکی بەهەڵەدا چووە، کە شوێن باوکە سیاسییەکانی سەرکردەی حیزبەکان کەوتووە، وەلێ باوکی تێ نەگەیشت و تێ نەگەیشت، تا هێدی هێدی گەنجەکە بووە باوک و شوێن باوکی سەرکردەی حیزبگەلەکان کەوت...ئیتر بەمجۆرە، قەوانە کۆنەکە و گۆڕانییە سواوەکەی بۆ کوڕەکەی لێدایەوە و مێژووی پڕ لە شەرمەزاریی ئەو حیزبەگەلانەی کردە شانازییەک و دووان و سییان....و لەباوکی خۆی کە سەردەمێک پێی وا بوو، تێ ناگات و تێ ناگات، باشتر و هونەرمەندانە تر، سەربووردەی تێکشکاندنە زنجیرەییەکانی ئەو سەرکردە دۆڕاوانەی کردە ئەفسانەی سەرکەوتن و بەهەق و ناهەق دای بە گوێی کوڕەکەی خۆیدا، واتە میراتیی کویلە بوون و کۆیلایەتی لە باوکی خۆیەوە، بە دیاری بۆ کوڕەکەی گواستەوە، جیاوازییەکە ئەوە بوو، کە ئەم تازە باوکەی سەردەمێک پێی وابوو کە باوکی تێ ناگات و تێ ناگات، ئێستا بۆی ڕوون بۆتەوە، کە خۆی لە باوکی باشتر لە شتەکان و قارەمانە تێکشکاوەکان و ژیانی شۆڕگێرانەی ئەوان تێ گەیشتووە!!! بۆیە دەیەوێ ئەم تێگەیشتنە، بە ئەمانەتەوە بۆ کوڕەکەی بگوازێیتەوە، تا پەروەردەیەکی باشی بکات و ببێتە جێی ئومێدیی کۆمەڵانی خەڵک و جەماوەرە بە شەرەفەکەی حیزب....!!!
سەربووردەی باپیرەکان و باوکەکان و کوڕەکان
لە باشووری کوردستان دوو باپیرە هەبوون، دانوویان پێکەوە نەدەکوڵا، بێ یەکیش هەڵیان نەدەکرد، زوو زوو وەک دوو زارۆ بەگژ یەکدا دەهاتنەوە و ئامبازی یەکدی دەبوون و جاری وا بوو هەر چاویان لە یەکدی سوور دەکردەوە و جاری واش بوو دەستیان لێک دەوەشان و....بەمجۆرە لە شەڕیی منداڵان، کە لەسەر تۆپ و پاسکیل و مەیدانی تۆپتۆپێن و خورمای شەوی بەرات و فشکردنەوەی باڵی کوڕی یەکێکیان لە کوچەکەی ئەوەی تریاندا و تەماشا کردنی بە نەوعێکی کوڕێکی گەڕەکی سەروو بۆ کیژێکی گەڕەکی خواروو... شەڕی ئەم دوو باپیرەیە لەم نەوعە شەڕانە بوو، ئێ خۆ ئەمە هەر بە خۆیانەوە نەوەستا، لەبەر درێژەکێشانی، برا و خزم و گەڕەک و ئەوسا خێزان و عەشیرەت و هۆز و شار و گوندیش تێکەڵ بەم هەرایە بوون، مەسەلەکە لە قینی دوو کەسەوە، بوو بە قینی عەشیرەت، لە جوگرافیای کۆڵانێکەوە بوو بە پانتایی دوو ناوچە، باپیرەکان درزیان خستە ناو ئەو بەشە لە نەتەوەی کورد لە باشووری کوردستاندا، لە سلێمانی بۆیان گێڕامەوە، دەیان وت: لەبەردەرکی سەرا ڕۆژی وا بووە لەو سەرەتایانەی ئەو درزبردنەدا، لە نێوان دەستەی سەر بە مەلاییەکاندا و دەستەی سەر بە جەلالییەکاندا، نۆ کەس کوژراوە و هەر ڕۆژە ناڕۆژێک شار قڵیشاوەتەوە*، وەک فیلمی ئەوسەردەمانەی تازە فیلمخانەی هۆلیود دامەزرابوو، فیلمگەلی وێسترینی زۆری بەرهەم دەهێنا، لە سلێمانی ئاوا مەلاییان و جەلالییان، یەکدیان وەبەر دەمانچە داوە.
واتە باپیرەکان ( برایم ئەحمەد و مەلا مستەفا) فەرهەنگی ڕاکێشانی دەمانچە لەیەک و کوشتنی یەکیدیان لەو بەشەدا ڕەواج پێدا و ئێدی ئەو کەسەی دەمانچەی زۆری بوو، خەڵکی زۆرتر شوێنی کەوتن، دەی خۆ دەمانچە پەیداکردن، کە بوونی بەرامبەریشە بەدەست کەوتنی دەسەڵات و ناوچەی زیاتر و قسەڕۆشتنی زیاتریش، باپیرەکان هەر دەبوو سواڵی بکەن، لەو حکومەتانەی کە بەشێک لە کوردستانیان داگیر کردووە، دەنا خۆ تا ئێستایش کورد بۆ خۆی نەیتوانییوە هەروەک کورد دەلێ، دەرزییەکی دروومان بەرهەم بێنێت!!!، لێرەوە باپیرەکان فەرهەنگێکی تریان داهێنا، کورد ناوی نا (جاشایەتی)، باپیرەکان ناویان نا ( کوردایەتی)، ئەم پاسپۆرتەی کوردایەتی، ئێدی ڕێگای دا، بەم باپیرانە، هەموو ناڕەوایەتییەک بە ناوی نەتەوەکەوە، لە نەتەوەکە بکەن بە ڕەوا و هەموو ناحەقییەک لە مێشکی خەڵکدا، بە حەق وێنە بکەن و بێ گومان هەر باپیرەیەکیش، دەیگوت کە حەق بەوە و لای ئەوە و بەرامبەرەکەی جاشی بێگانەیە، هەڵبەت، ئەم قسانەیان لە تاران و بەغداوە دەکرد و یەکێکیان دەست و پا تێکەڵکردنەکەی ناو نابوو ڕێبازی مەکتەبی سیاسی و ئەوی تریان ناوی نابوو ڕێبازی بارزانی.
ئەم، ڕێبازی مەکتەبی سیاسی و ڕێبازی بارزانییە، کە لە ڕاستیدا، بەردەبازی برایم ئەحمەد و بەردەبازی مەلا مستەفا بوون بۆ درێژەدان بە کەڵەگایی دوو بنەماڵە کە لە سەرەتای دروست بوون و شکڵ گرتنی سەرەتایی خۆیاندا بوون، دەیان ساڵ خوێنیان ڕژاند، سوکایەتییان بە نەتەوەکە کرد، کوردایەتییان نابووت و بۆگەن کرد، کۆتایی هەردووکیان ڕژایە چاڵێکەوە، چاڵی بەدناوی ئاشبەتاڵ، یا وەک خۆیان و کاسەلێسانی دەورو بەریان بۆیاخی دەکەن، چاڵی هەرەس، نسکۆ، سەرسم و...
ئەوە پانۆرامای ئەو مێژووە پیسە بوو کە لە باشووری کوردستان ڕوویدا و ئەوەی بەرهەم هێنا کە لەو سەرەتا زووانەوە، کورد بە ئومێدەوە بۆی دەڕوانی و دیسان، سەرەڕای ئەو ڕابووردووە زۆر ناشرین و بڵحەیان، نەتەوەکە لێیان بوورد و دەفتەرە شڕەکەیانی داخست، بە ئومیدی ئەوەی باوکەکان دەرسێکیان لە ڕابووردووی ناشرینی باپیرەکان وەرگرتبێ: بەڵام هەی هوو هەی هوو، سەرچۆپی بدیتە دەست.......
• تۆ ( دادگای نەتەوە، ویژدانی گەل، وەفای میللەت)، کاتێک ئاشبەتاڵیان کرد و هەڕەشەی کوشتنیان لەهەر کەسێکیش کرد کە دوای ڕۆشتنی بنەماڵەی ئەوان بۆ تاران، بە شاخەوە بمێنیتەوە، بۆ و بە ناوی کێوە، لێیان بووردی؟!
• تۆ( نەتەوە)، کاتێ موعینیان، دکتۆر شڤانیان.....هتد، شەهید کرد، بۆ لێیان بووردی؟!
• تۆ ( کۆمەڵانی خەڵک !)، کە کابرا دەرگای پەرلەمانی داخست بۆ لێی بووردی؟!
• تۆ ( میللەت)، کە کابرا شێت بوو، سوار سەری خۆی بوو و دوایی سۆزی تۆی دۆڕاند و ژیوان بوویەوە، بۆ بەخشیت؟!
• تۆ ( جەماوەری بەشەرەف)، کاتێک سەردەشتیان کوشت، نەوتیان دزیت، ژن و کچ و پیاو و کوڕانی ئێوەیان خراپ کرد، بۆ لێیان بووردی؟!
• تۆ ( ڕۆلەکانی باشووری وڵات)، کاتێ لە شەڕی بیست ڕۆژەی شاری سنەدا، کوڕان و کچانی سنەییان گوڵلەباران کرد، بۆ لێت نەپرسیینەوە؟!
• تۆ ( خاڵەی جووتیار) بۆ زەوییەکانی خۆت فرۆشت بەوان و خۆت بوویت بە پاسەوانی بەردەرگای ئەوان و ئێستا بە سێ مانگ جارێک، مووچەیەکی مەمرەمەژیت پێ دەدەن، بۆ ناڕازیت؟!
• تۆ ( مامۆستا، دکتۆر، فەرمانبەر)، بۆ هەڵیانت بژارد، کامیان لە کامیان باشتر بوو، مەگەر هەموویان منداڵی یەک سک نەبوون؟! بۆ گلەیی دەکەی؟!
.......ئیتر هەروەها، جا میللەتێک یان بەشێک لە میللەتێک، خۆی دیواری خانووەکەی خوار بنیات نابێ، دەبێت هەر چاوەڕیی ڕووخانی بکات، بەسەر خۆیی و ماڵومنداڵیدا!!!
کەسەکانم، دیواری خوار دەبێ بڕوخێنرێ و بە راستی (لەسەر گۆشەی ٩٠) دروستبکرێتەوە، چاکسازیی لە شتی خراپ بوودا ناکرێت، شتەکان لە چاکەوە چاکتر دەکرێت، ڕازی سەرکەوتنی سیستەمی دامەزراوی خۆرئاوایی ئەو هەوڵە بەردەوامەیانە بۆ باشترکردنی شتە چاکەکان، جا لە یاسادا بێت، لە گرفتە کۆمەڵایەتییەکان بە سیاسەتیشەوە، یا لە بوارە فەرهەنگی و ژیارییەکەیشدا بێت.
چاوەڕوانی ( گۆدۆ) مەکەن، ئەو نایەت، چونکە ئەو بوونی نییە، دوو ڕێبازە و دوو ڕسوایی، دوو شکست و دوو مەرامی دژ بەنەتەوەکەن، هەروا بوون و هەروا دەبن.
خۆتان کۆمەڵی هەرەوەزی بنیات بنێن، زەوییەکانتان ئاوەدان بکەنەوە، نیری ئەو ڕێبازانە لە گەردنتان دابماڵن، قوتی خۆتان خۆتان بەرهەمی بێنن، با ئەوان نەوتەکەتان هەناردە نەکەن و نەخۆشیتان بۆ هاوردە نەکەن.
فرە ئاسانە: ئەو پێویستیانەی کە نا پێویستن، لێیان مەکڕن، ئەو کارخانانەی هی ئەوانن، بایکۆتیان کەن، مەچنە تازییەکانیان، مەبنە سەرچۆپی کێشی زەماوەندیان، لەم بەری شەقامەکە بوون، بچنە ئەو بەر، هاتنە چایخانە بەجێی بێڵن، سڵاویان کرد وەڵامیان مەدەنەوە، نووسیان بۆیان مەنووسنەوە، نەڕاندیان، مەی بیستن، گریان باوەڕیان پێ مەکن، پاڕانەوە درۆ دەکەن، حوکمیان بەتاڵە، دەرسیان جادووە، قسەیان ئاوەژووە، خوینیان تاڵە، ڕەزایان قورسە.
ئێستا دەزانین کە سەر لە نوێ دەبێت، کوڕان و کچانمان، لە سفری دیمۆکراسییەوە، دەست پێ بکەنەوە، چونکە دوو بابیان یا لە شۆڕشدا ژیان، یا لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەو دوو شکستە گەورەیەدا.
واتە دوو نەوە ( باوک و کوڕ) یا لە سەردەمی قڵیشانەوەدا( سەرەتای درز تێکەوتنەکە)، یا لە شۆڕشدا ( قوڵکردنەوەی ناکۆکییەکان و کوشتنی بەشێکی گەورە لە نەتەوەکە بە یەکتری) ، یا لە سەردەمی دەسەڵاتی کوردیدا ( بڵاو بوونەوەی بۆنی ناخۆشیی عەقڵی سیاسی کوردی) دا ژیاون.
کە ئەم قۆناغانەش هیچیان بۆ ئەوە ناشێن و ناگونجێن، کەسێکی وشیاری سەر بەنەتەوە و لێهاتوو بۆ بەڕێوەبردن و پرسەکانی کورد، بەرهەم بێنێت. ئەوە سی ساڵە ئەو بەشە لە نەتەوەی کورد لە باشوور تاقی دەکاتەوە و هیچی لێ سەوز نەبوو، جگە لە وێران کردنی هەموو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و فەرهەنگییەکان، کە بارستایەکی گەورەی وێران بوونی، زمان و تێگەیشتن لە نەتەوە و نیشتمان و هەستکردن بە لێپرسینەوەی تاکی کوردی لە پاش خۆی بەجێهێشتووە.
هیچ کات بۆ هەنگاونان و گەڕانەوە و خۆ ڕزگارکردن لە کۆیلایەتی حیزبەکان، درەنگ نییە، هەنگاوی چاککردن لە خۆتەوە دەست پێ بکە و خۆت بێ نیاز بکە لەو گەمە و سەرگەرمییە ئاست نزمانەی وەک بازنەیەک بەدەوری تۆیاندا کێشاوە، چەند لەو حیزبانە دوور کەویتەوە، بە ئەندازەی ئەوە، لە ئازادیی خۆت نزیک دەکەویتەوە و نرخی مرۆڤ بوونی خۆت زیاد دەکەیت، هەنگاو بنێ...هەنگاو بنێ.
بۆیە دەست پێکردنی سەرەتایەکی تر، گرنگ و پێویستە، لە سوچێکی ترەوە، بە عەقڵێکی تر و رێ و ڕەوشێکی تر، دووری دوور لە جەلالی و لە مەلایی، لە ڕێبازی مەکتەبی سیاسی و ڕێبازی بارزانی، هێندە دوور کە نەوەی تازە، تەنانەت لە تاقە پۆستێکی ناو فەیس بووکیشدا، ناو و پاشماوەکانیان نەخوێنێتەوە.
ئەم قوڕە ئەم هاوارە ئەم شیوەنە، فرە خەست و زۆر بڵند و فرەیش بە سوێیە، بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، هێشتا زووە فریای منداڵەکانتان بکەون، ئەم ئاوەی لە باشوور ڕژاوە ئێوەش دەبات، دیوارێکی فکریی بڵند، لە نێوان منداڵەکانتان و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتدا، کە هاو شان و هاو ڕاز و هاو سۆزیی حیزبەکانی باشوورن، دروست بکەن، عەقڵی سەرانی کۆنە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ژەنگرتووە ، چارەنووسی خۆتان مەدەنە دەست ئەو عەقڵانەوە، ئێوە دەتوانن، باری فکریی و هۆشتان، ڕێگەتان پێ دەدات دەستی براو خوشکەکانتان لە باشووریش بگرن، هاوکاری یەکتر بن، گەنجانی پاکی خراپ نەبوو لە باشووردا فرەن ، زەمینەی کارکردنی کوردستانیی زۆر هەیە کە پێکەوە ئەم دوو بەشە دوور لە ڕابووردووی پیسی کۆنە حیزبەکانیان، کاری تێدا بکەن، هەر ئەمڕۆ ئەنجومەنە گەلییەکان ڕێک بخەن، وەک لە هەندێ ناوچە دەیان بینین، بۆ هەرەوەزیی کۆمەڵایەتی و بە دەنگی یەکەوە چوون، تا لە ڕۆژی قەومانە گەورەکەدا، ئەو عەقڵە سکراب و ئەو ئارەزووە دڕ و ئەو خواستە ناشرینانە، نەتوانن وەک لە باشوور ڕوویدا، لە ڕۆژهەڵاتیش، سوک و ڕسواتان بکەن.
من وتم و سەرنجتانم بۆ مەسەلەکان ڕاکێشا....ئاگادار بن.
*لە شەستەکانی شاری سلێمانیدا، وەک باسی دەکەن، هەوادارانی جەلالیان و مەلاییان، لە سەر شەقامەکان بەردەبوونە یەکتر و تەقەیان لەیەکتر دەکرد، دوکان و بازاڕ دادەخران یا نییوە داخراو، بە جێ دەهێڵدران و خەڵک بەرەو ماڵ ڕایان دەکرد، بەم فیلمەیان دەووت: قڵیشایەوە، ئەمە زوو زوو دەقەوما و خەڵکێکی زۆر لەم قڵیشانەوەیانەدا، سەریان تێدا چوون و بوونە قوربانی ڕێبازەکەی برایم ئەحمەد و ڕێبازەکەی بارزانی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست