به‌راوردێکی یاسای خۆپیشاندانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیموکراتی دا بەشی (٢)
Friday, 22/05/2020, 21:23
(به‌راوردێك له نێوان یاسا تایبه‌تیه‌کانی ئه‌ڵمانیا، هۆڵه‌نداو به‌لجیکا له‌گه‌ڵ یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندانه‌کانی هه‌رێمی کوردستان)
یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندانه‌کانی هه‌رێم که له لایه‌ن په‌رله‌مانی کوردستانه‌وه په‌سه‌ند کراوه و له لایه‌ن سه‌رۆکی هه‌رێمه‌وه ئیمزا کراوه. به به‌راورد کردنی به یاسا په‌یوه‌ندیداره‌کانی وڵاتانی دیموکراتی بڕگه و توخمه نا دیموکراسیه‌کانی یاساکه‌ی هه‌رێم باشتر خۆده‌رده‌خه‌ن که له‌گه‌ڵ یاسا گشتیه دیموکراتیه‌کان و ده‌ستوره‌کان و یاساکانی ئه‌و وڵاتانه و ده‌ستوری ئێراق دا دژ به یه‌کن و ئه‌و یاسایه ده‌خه‌نه ژێر پرسیاره‌وه.
1) ماوه‌ی ئاگادار کردنه‌وه یان ماوه‌ی داوا بۆ مۆڵه‌ت وه‌رگرتن
ماده‌ی 4؛ به‌شی 1: (ده‌قی یاسای خۆپیشاندان له هه‌رێمی کوردستان)
" داواکاری ڕێکخستنی خۆ پیشاندان له لایه‌ن لیژنه‌وه پێش واده‌ی ئه‌نجامدانی به (48) کاتژمێر به لایه‌نی که‌م به مه‌رجێك ڕۆژانی پشووی فه‌رمی ڕه‌چاو بکرێت."
یه‌که‌م:
هه‌ردو یاسای هۆڵه‌ندی و ئه‌ڵمانی به هه‌مان شێوه (48) کاتژمێریان دیاری کردووه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی نوسین له لایه‌ن سه‌رۆکی یه‌که‌ی کارگێڕیه‌وه، به‌ڵام هیچ یه‌کێك له‌و دوو یاسایه ڕه‌چاو کردنی ڕۆژانی پشووی فه‌رمی دیاری نه‌کردووه. له هه‌ر دوو وڵاته‌که‌دا وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ئاگادار کردنه‌وه" نه‌ك داواکاری" به هۆی ڕۆژی یان ڕۆژانی پشوی فه‌رمیه‌وه له 48 کاتژمێر تێ ناپه‌ڕێنرێت، له‌به‌ر چاو گرتنی ڕۆژانی پشووی فه‌رمی به پێچه‌وانه‌ی سه‌رجه‌م کار و مه‌سه‌له‌یه‌کی تر بۆ خۆپیشاندان ده‌گمه‌ن ڕه‌چاو ده‌کرێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سروشتی دیموکراتی مافی ڕاده‌ربڕین به ڕاده‌یه‌ك به‌رز ڕاگیراوه که به شێوه‌ی تایبه‌ت مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ دا ده‌کرێت.
دوهه‌م:
له ماده‌ی 5 ی یاسای خۆپیشاندانی هۆڵه‌ندا خاڵی c مافی ئه‌وه‌ی داوه به سه‌رۆکی یه‌که‌ی کارگێڕی که له هه‌ندێك هه‌ل و مه‌رجی دیاری کراودا ماوه‌ی یاسایی دیاری کراو که 48 کاتژمێره بۆ ئاگادار کردنه‌وه، که‌م بکاته‌وه. ئه‌مه‌ش به پێچه‌وانه‌ی یاسای هه‌رێمی کوردستان هیچ بڕگه‌یه‌ك نیه له حاڵه‌تی پێویست و ڕوداوه کتو پڕه‌کان ئه‌م ماوه‌یه که‌م بکاته‌وه.
سێهه‌م:
یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندان له به‌لجیکا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئاڵۆزی پێکهاته‌ی وڵاته‌که‌یه و یاسایه‌کی ئاڵۆزه. یاساکانی خۆ پیشاندانی ئه‌م وڵاته ده‌که‌وێته چوار چێوه‌ی یاساکانی پۆلیسه‌وه، یاساکانی گشتی پۆلیس به ڕاوێژکاری پۆلیسی فیدراڵ له‌گه‌ڵ حکومه‌ت و په‌رله‌مانی فیدراڵ داده‌نرێن. یاساگشتیه‌کانی پۆلیسی یه‌که کارگێڕیه‌کان که شار و گوند و گه‌ڕه‌که گه‌وره‌کانن به ڕاوێژکاری پۆلیسی یه‌که کارگێڕیه‌کان، له لایه‌ن لیژنه‌ی شاره‌وانی یه‌که کارگێڕیه‌کانه‌وه و له‌به‌ر تیشکی یاسا گشتیه‌کانی پۆلیسی گشتیه‌وه داده‌نرێن. هه‌ر بۆیه له بەلجیکا له هه‌ر یه‌که‌یه‌کی کارگێڕیه‌وه یاسایه‌کی که‌م تا زۆر جیاواز هه‌یه که به پێی دۆخی ئه‌و یه‌که کارگێڕیه و ژماره‌ی دانیشتوانی و گرنگیه‌کان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی دانیشتوانی ئه‌و یه‌که کارگێڕیانه داڕێژراون و ڕێکده‌خرێن. هه‌ندێك جار گه‌لێك جیاوازیان له نێواندا هه‌یه.
بۆ ئه‌م بابه‌ته یاسا گشتیه‌کانی پۆلیسی فیدراڵ و سێ گه‌ڕه‌کی برۆکسل له‌به‌رچاو گیردراوه.
له ماده‌ی 27 ی ڕێچکه گشتیه‌کانی پۆلیسی گشتی به‌لجیکادا هاتووه که پێویسته 20 ڕۆژی که‌له‌نده‌ری (ڕۆژژمێری) پێش ڕوودانی هه‌ر گردبونه‌وه، خۆپیشاندان و ڕێپێوانێك له شوێنه گشتیه‌کاندا داوای نوسین له سه‌رۆکی یه‌که‌ی کارگێڕی بکرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه و ئه‌م ماوه‌یه ده‌خاته بارێکه‌وه که بۆ چه‌ند کاتژمێرێك که‌م بکرێته‌وه ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ی تری هه‌مان ماده‌یه که ده‌ڵێت:"جگه له‌وه‌ی که (ئه‌وه) ده‌رئه‌نجامی ڕوداوێکی چاوه‌ڕوان نه‌کراو بێت". لێره‌دا" ئه‌وه" مه‌به‌ستی له گردبونه‌وه،خۆپێشاندان، ڕێپێوان و هه‌رسێکیان به‌یه‌که‌وه‌یه. ته‌واوی ده‌سته‌واژه‌که ئه‌و 20 ڕۆژه ده‌خه‌نه ژێر سروشتی ئه ڕوداوه چاوه‌ڕوان نه‌کراوه‌ی که خۆپیشاندانه‌که‌ی بۆ ده‌کرێت. لێره‌دا چه‌ند نمونه‌یه‌ك ده‌هێنمه‌وه. کاتێك له وڵاتێك هێزێکی چه‌کداری بکه‌وێته کوشتاری ده‌سته‌یی و ڕۆژانه سه‌دان که‌س بکوژرێت مه‌حاڵه خۆپیشاندان بۆ ڕاگرتنی ئه‌و کوشتاره 20 ڕۆژ بخایه‌نێت. به‌ڵکو له چه‌ند کاتژمێرێکدا سه‌رۆکی یه‌که‌ی کارگێڕی ئاگادار ده‌کرێته‌وه و په‌سه‌ند کردنه‌که ده‌هێنرێت بۆ شوێنی خۆپیشاندانه‌که و له ڕه‌وتی خۆ پیشاندانه‌که‌دا ده‌درێته به‌رپرسی خۆپێشاندانه‌که. ئه‌مه‌ش به پشت به‌ستن به ده‌سته‌واژه‌ی "جگه له‌وه‌ی...". ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌ی له کاتی پێویست و ڕوداوی کتو پڕی دا ئه‌و ماوه دیاری کراوه پوچه‌ڵ ده‌بێته‌وه.
ڕێچکه گشتیه‌کانی پۆلیسی گه‌ڕه‌کی ئه‌ندێرلێخت له برۆکسل، له ماده‌ی 30 دا، به پێی هه‌ل و مه‌رجی سنوری یه‌که کارگێڕیه‌که 10 ڕۆژی کاری دیاری کردووه (ڕۆژانی کاری ئه‌و ڕۆژانه‌ن که کاری تیا ده‌کرێت و پشوی فه‌رمی ڕه‌چاو ده‌گیردرێت). گه‌ڕه‌کی ئه‌ندێرلێخت یه‌کێکه له گه‌ڕه‌که میللیه پڕ گیروگرفت و قه‌ڵه‌باڵغه‌کانی شاری بروکسل و ئه‌و هه‌ل و مه‌رجانه له‌به‌ر چاو گیردراوه.
ڕێچکه گشتیه‌کانی پۆلیسی گه‌ڕه‌کی ئێته‌ربێك له برۆکسل، له ماده‌ی 11دا داواکاره له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی به‌رپرسه‌وه داواکاری خۆپیشاندان په‌سه‌ند کراو بێت و داوا به نوسین پێشکه‌ش بکرێت. به‌ڵام هیچ کاتێکی بۆ دیاری نه‌کردوه، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌ی سروشت و ئامانجی خۆپیشاندانه‌که بڕیارده‌ره. جێگای سه‌رنجه زۆربه‌ی ده‌زگاکانی یه‌کێتی ئه‌وروپا و حکومه‌ته‌کانی به‌لجیکا ده‌که‌ونه ئه‌م گه‌ڕه‌که‌وه و زۆربه‌ی خۆپیشاندانه‌کان به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌زگایانه له‌م گه‌ڕه‌که‌دا ئه‌نجام ده‌درێت.
ڕێچکه گشتیه‌کانی پۆلیسی گه‌ڕه‌کی ئێلسنه له برۆکسل، له ماده‌ی 31 دا وا هاتووه که پێویسته 20 ڕۆژی ڕۆژ ژمێری پێش ڕودانی خۆپیشاندانه‌که داوا به نوسین پێشکه‌ش بکرێت. هه‌روه‌ها له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی به‌رپرسه‌وه په‌سه‌ند کراو بێت. بێگومان ئه‌م ماوه‌یه‌ش ده‌که‌وێته ژێر هێزی ماده‌ی 27 ی ڕێچکه گشتیه‌کانی پۆلیسی گشتی به‌لجیکا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕێچکانه بۆ وڵاتن و گشتی ترن له ڕێچکه‌ی گه‌ڕه‌که‌کان. ئه‌مه‌ش ئه‌و ماوه‌ی بیست ڕۆژه پوچه‌ڵ ده‌کاته‌وه له کاتی پێویست و ڕوداوه کتو پڕیه‌کان دا.
شایانی باسه که ژماره‌یه‌کی زۆر باڵوێزخانه‌کانی وڵاتان ده‌که‌ونه ئه‌م گه‌ڕه‌که و گه‌ڕه‌که‌کانی نزیکیه‌وه.
2) ئه‌و ئاستانه‌ی ده‌سه‌ڵات که داواکاری نوسین یان ئاگادارکردنه‌وه‌یان ئاراسته بکرێت؟
ماده‌ی 3 ؛ بڕگه‌ی 1خاڵی 1 (ده‌قی یاسای خۆپیشاندان له هه‌رێمی کوردستان).
"وه‌زیر ده‌سه‌ڵاتی مۆڵه‌تدانی خۆپیشاندانی هه‌یه، ئه‌گه‌ر له سه‌ر ئاستی هه‌رێمدا بوو."
له هیچ یه‌کێك له وڵاتانی ناو براو دا جگه له سه‌رۆکی یه‌که‌ی کارگێڕی باس له داواکاری یان ئاگادارکردنه‌وه‌ی پله‌ی به‌رز تر نه‌کراوه و ئه‌نجام دان و دواکاری و ئاگاداری بۆ خۆ پیشاندان به یه‌که فه‌رمانبه‌ریه‌کانه‌وه به‌ستراوه. ته‌نانه‌ت له یاسای ئه‌ڵمانی دا ته‌نها په‌نجه بۆ فه‌رمانبه‌ری به‌رپرسیار ڕاکێشراوه. ئه‌گه‌ری خۆپیشاندان له ئاستی هه‌رێم دا به شێوازی کرداری ئه‌گه‌رێکی تیۆری و ئه‌گه‌رێکی بێ بنه‌مایه. ئه‌گه‌ر سه‌رباری ئه‌وه‌ی بۆ مه‌سه‌له‌یه‌کی تایبه‌ت به هه‌رێمه‌که‌وه له لایه‌ن ڕێکخراوێکی سه‌رتاسه‌ری له هه‌مان ڕۆژ و کات دا خۆپیشاندان بڕیار بدرێت، هێشتا ناچاریه که له هه‌ر یه‌که‌یه‌کی کارگێری دا به پێی هه‌ل و مه‌رجی یه‌که کارگێڕیه‌که شوێنه‌کان دیاری ده‌کرێت و په‌یوه‌سته به یه‌که کارگێڕیه‌که‌وه. بۆیه ئه‌م بڕگه‌یه ده‌کرێت ته‌نها بۆ ئاڵۆزکردن و به‌دوادا خستنی خۆپیشاندانه‌که لێکبدرێته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕێکخه‌رانی خۆپیشاندانێك له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم له لایه‌که‌وه ده‌به‌ستێته‌وه به مۆڵه‌تی وه‌زیری ناوخۆوه، بۆ په‌سه‌ند کردنی مه‌بده‌ئی خۆپیشاندانه‌که. له لایه‌کی تره‌وه ڕێکخه‌رانی خۆپیشاندانه‌که ده‌به‌ستێته‌وه به ڕێکخستنی کرداری خۆپیشاندانه‌که له یه‌که کارگێڕیه جیاوازه‌کاندا. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیش ئه‌وه بێت ته‌واوی به‌شداری بوانی خۆپیشاندانێکی گه‌وره که دانیشتوانیی یه‌که جیاوازه کارگێڕیه‌کان له شارێکی دیاری کراودا کۆبکاته‌وه. ئه‌وا ئه‌وسا ته‌نها سه‌رۆکی ئه‌و یه‌که کارگێڕیه، که خۆپیشاندانه‌که‌ی تیادا ئه‌نجام ده‌درێت مافی هه‌یه مۆڵه‌ت بدات یان ئاگادار بکرێته‌وه. بۆیه ئه‌م بڕگه‌یه ده‌کرێت به توندی بخرێته ژێر گومان و پرسیاره‌وه.
3) ئاگادار کردنه‌وه یان داوای به نوسرا و بۆ مۆڵه‌تی خۆپیشاندان
ماده‌ی 3 ؛ به‌شی 2 : (ده‌قی یاسای خۆپیشاندان له هه‌رێمی کوردستان)
نابێ خۆ پیشاندان بکرێت، هه‌تا داوایه‌ك پێشکه‌ش به وه‌زیر یان سه‌رۆکی یه‌که‌ی کارگێڕی نه‌کرێ و ڕه‌زامه‌ندی نووسراو به‌ده‌ست نه‌هێندرێت.
هه‌ر دوو یاسای خۆ پیشاندانی ئه‌ڵمانی و هۆڵه‌ندی ته‌نها داوای ئاگادار کردنه‌وه ده‌که‌ن نه‌ك داواکاری به نوسین. داواکاری نوسین ته‌نها له یاسای پۆلیسی به‌لجیکا و یه‌که کارگێڕیه‌کانی ئه‌و وڵاته‌دا هاتووه. ئه‌مه‌ش وه‌ك ئه‌وه‌ی له سه‌ره‌وه باسکرا ئاسانکاری تیادا کراوه له هه‌ل و مه‌رجی ڕوداوه چاوه‌ڕوان نه‌کراو و کتو پڕه‌کان دا.
له ماده‌ی 6 بڕگه‌ی a یاسای خۆ پیشاندانی هۆڵه‌ندی ئه‌گه‌رچی ته‌نها داوای ئاگادار کردنه‌وه به نوسین ده‌کات، له هه‌مان ماده‌دا بڕگه‌ی c مافی ئه‌وه‌ی داوه به سه‌رۆکی یه‌که‌ی کارگێڕی که له هه‌ندێك هه‌ل و مه‌رجی دیاری کراودا پێویسته ئاگادار کردنه‌وه‌ی ده‌میش په‌سه‌ند بکات.
له هه‌ندێك فۆڕمی داواکاری بۆ ڕێگه‌دان به چالاکیه کولتوری و وه‌رزشی و ئابوریه‌کان له شوێنه گشتیه‌کان دا پێویسته 8 حه‌فته زووتر له ڕۆژی چالاکیه‌کان فۆڕمی داواکاری پێشکه‌ش بکرێت و چاوه‌ڕێی مۆڵه‌ت وه‌رگرتن ببن. له ساڵی 2011 وە داواکاریه‌کان له شاری ئه‌نتوێرپن که دوهه‌مین شاری گه‌وره‌ی به‌لجیکایه پێویسته ته‌نها له ڕێگای دیجیتاڵه‌وه بێت. به‌ڵام بۆ خۆ پێشاندان به ڕاشکاوی و ڕوونی نوسراوه ماوه‌ی 8 حه‌فته خۆپیشاندان ناگرێته‌وه "بۆ خۆپیشاندان داوای مۆڵه‌ت پێدان پێویست نییه، ته‌نها ئاگادارکردنه‌وه پێویسته، ئه‌وه‌ش به لایه‌نی که‌مه‌وه پێش 72 کاتژمێر" ئێستا ئاگادارکردنەوە بۆ خۆپیشاندانیش به پێی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه له‌و شاره پێویسته به شێوازی دیجیتاڵ بێت، ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا ئه‌وه ڕاده‌گه‌یه‌نێت که ئیمزا خستنه سه‌ر ئاگاداریه‌که پێویست نیه به‌ڵکو ته‌نها ناو، ناونیشان، ژماره‌ته‌له‌فۆنی ڕێکخه‌ری خۆپیشاندانه‌که و شوێن و کات و بهروار و ئامانجه‌کانی خۆپیشانه‌که پێویسته ڕابگه‌یه‌نرێت.
له ئه‌ڵمانیا له سه‌ره‌تای ساڵانی هه‌شتاوه 'خۆپیشاندانی خۆ ڕسك" " Spontane Demonstration " هه‌یه و بۆته یاسایی و ڕێگا پێدراو بووه.
خۆپیشاندانی خۆڕسك له ده‌ستور و له یاسای خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌ڵمانیادا ناوی نه‌هێنراوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا یاساییه. به یاسایی بونی خۆپیشاندانی خۆڕسك ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕوداوێکی ساڵی 1981 له هه‌رێمی نۆرد ڕاین وێست فاڵنی ئه‌ڵمانیا به ناوی بڕیاره‌که‌ی برۆکدۆرف " Der Brokdorf-Beschluss" . له ساڵی 1975 وه خۆپیشاندانی به‌رده‌وام دژ به وێستگه‌ی ئه‌تۆمی برۆكدۆرف ئه‌نجام ده‌درێت، زۆر جار خۆپیشاندانه‌کان توند و تیژ و بون، له نێوان خۆپیشانده‌ران و پۆلیس دا به‌یه‌کدادان ڕووی داوه. له کۆتایی مانگی دووی ساڵی 1981 خۆ پیشاندانێکی 50 هه‌زار که‌سی به بێ ئاگادارکردنه‌وه‌ی فه‌رمی ئه‌نجام ده‌درێت، به‌رپرسان به لادانی داده‌نێن له ماده‌ی 14 ی یاسای گردبونه‌وه‌کانی ئه‌ڵمانیا، مه‌سه‌له‌که ده‌که‌وێته دادگای ده‌ستوری ئه‌ڵمانیاوه. دادگای ده‌ستوری به پشتبه‌ستن به ماده‌ی 8 ی ده‌ستوری ئه‌ڵمانیا به لادانی یاسایی دانانێن و له‌و به‌رواره‌وه ئه‌و جۆره خۆپیشاندانانه نایاسایی نین.
خۆپیشاندانی خۆڕسکیش ده‌کرێت به دوو شێوازه‌وه. یه‌که‌م؛ گردبونه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ یان (هەر ئێستا) Sofortversammlung هه‌روه‌ها گردبونه‌وه‌ی خێراEilversammlung .
گردبونه‌وه‌ی ڕاستوخۆ ، په‌یوه‌سته به سروشتی خودی ئه‌و گردبونه‌وه‌یه، لێره‌دا که‌سێك یان ڕێکخراوێك داواکه‌ری یان ئاگادارکه‌ره‌وه‌ی گردبونه‌وه‌که نیه ، به‌ڵکو هۆکاری ئه‌کتوێڵ و ڕوداوی له پڕ خۆپیشاندان یان گردبونه‌وه خۆڕسكه‌که دروست ده‌کات، ئه‌مه‌ش داوای ئاگادارکردنەوە پوچه‌ڵ ده‌کاته‌وه.
دوهه‌م شێوازی گردبونه‌وه‌ی خۆڕسك، گردبونه‌وه‌ی خێرایه، کاتێك ڕێگا پێدراوه ئه‌نجام بدرێت که به شێوه‌ی یاسایی که‌س یان ده‌زگای په‌یوه‌ندیدار ئاگادار کرابێته‌وه. به‌ڵام به هۆی ڕوداوه تایبه‌تیه‌که‌وه پێویست نیه پابه‌ندی بکرێت به 48 کاتژمێره‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له یاسای خۆ پیشاندنه‌کانی ئه‌ڵمانیادا هاتووه.
بڕیاری بڕۆکدۆرف بۆته مه‌رجه‌عێك له زۆربه‌ی وڵاتانی دیموکراتی دا و له زۆر وڵاتانی تردا ئه‌نجام ده‌درێت. له ساڵی 1992 دا نوسه‌ری ئه‌م بابه‌ته به‌شداری خۆ پیشاندانی کردووه دژ به سه‌فاره‌تی ئێراقی له برۆکسل، به بێ داواکاری و به بێ ئاگادارکردنه‌وه. به‌ڵام ڕوبه‌ڕوی هیچ سزا و لێپرسینه‌وه‌یه‌ك نه‌بووم و ته‌نها لێپرسینه‌وه و سزا دان بۆ چونه ناو باڵوێزخانه‌که و شکاندن و خه‌ساره‌ت دان له باڵوێزخانه‌که و بردنی دۆکومێنته‌کان بووه.
له به‌رواری 29.07.2009 له دێنهاخی پایته‌ختی هۆڵه‌ندا، له 17.05.2010 له زاندامی هۆڵه‌ندا ، له 15.05.2009 له له‌نده‌ن، له 06.10.2010 له ڤێنا، له 01.05.2010 له گیسنی ئه‌ڵمانیا ، خۆپیشاندانی خۆڕسك ڕویداوه و ده‌توانرێت ده‌یان نمونه‌ی تر بخرێنه ڕوو.
4) هۆکاره‌کانی ڕه‌ت کردنه‌وه یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خۆ پیشاندانه‌کان.
ماده‌ی 3 ؛ به‌شی 3: (ده‌قی یاسای خۆپیشاندان له هه‌رێمی کوردستان)
" وه‌زیر یان سه‌رۆکی یه‌که‌ی کارگێڕی بۆی هه‌یه داواکاری ڕێکخستنی خۆپیشاندان ڕه‌ت بکاته‌وه، ئه‌گه‌ر بۆی ساغ بووه‌وه که زیان به سیسته‌م و ئاکاری گشتی ده‌گه‌یه‌نێ و پێ ڕاگه‌یاندنی ڕه‌ت کردنه‌وه‌که‌ش به نووسین ده‌بێت و هۆکاره‌که‌ش دیاری بکرێت."
یاسای پۆلیسی به‌لجیکا و سه‌نته‌ری بڕۆکسل وگه‌ڕه‌که‌کانی برۆکسل، که به توند ترین یاساکان داده‌نرێن له هیچ شوێنێکدا ره‌ت دانه‌وه‌ی ئه‌و داوایه دیاری ناکات و ئه‌گه‌ری بۆ دانه‌نراوه. ته‌نها له هه‌ندێك شوێنی دیاری کراوی سه‌نته‌ری بروکسل خۆ پیشاندانی فراوان قه‌ده‌غه‌یه، (سه‌رباری ئه‌وه نوسه‌ری ئه‌م بابه‌ته له 2008 دا له ناوه‌ڕاستی برۆکسل بۆ چه‌ند سه‌د که‌سێك په‌سه‌ندکردنی گردبونەوەی بۆ یادی هه‌ڵه‌بجه به‌ده‌ست هێناوه) ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌ی کاتێك له شوێنێکی دیاری کراوی ناوچه قه‌ده‌غه‌کراوه‌کاندا بێت و کاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆ نه‌کاته سه‌ر ژیانی گشتی، ڕێگا پێدراوه. له ماده‌ی 30 ی ڕێچکه گشتیه‌کانی پۆلیسی گشتی به‌لجیکا و ماده‌ی 33 ی ڕێچکه گشتیه‌کانی پۆلیسی سه‌نته‌ری بڕۆکسل دا له قه‌ده‌غه کردنی ( به مانای ڕاگرتن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی) خۆ پیشاندان ده‌دوێت ئه‌گه‌ر بێت و ئاسایشتی گشتی بخاته مه‌ترسیه‌وه یان هات و چۆی ئاسایی نائاسایشت بکات. ئه‌و نائاسایش کردنه‌ش له هه‌ردوو تێکسته‌که‌دا دیاری کردون، به گشتی بریتین له: (1.به‌رد و شتی تر هاویشتن. 2. به‌کارهێنانی چه‌كی فیشه‌کی ئاسایی و فیشه‌کی دەنگی (موختار کوژ). 3. به‌کارهێانی ته‌قه‌مه‌نی (فیشه‌که شێته).4. پیا هه‌ڵگه‌ڕان به دیوار و دره‌خت و په‌یکه‌ر و شوێنه گشتی و تایبه‌تیه‌کان دا. 5.کرداری توند و تێژی و ده‌نگه ده‌نگی زۆر و فراوان و بەردەوام. 6 ئه‌نجام دانی کار و مامه‌ڵه‌ی بێ مۆڵه‌تی کڕین و فرۆشتن لە گردبونەوەکاندا. 7.هه‌ندێ کاری ئه‌کرۆباتی به چه‌ك و فیشه‌ك و شتی بریندارکه‌ر 8. .به‌کارهێنانی ده‌مامك.
له یاسای هۆڵه‌ندی دا هیچ شتێك سه‌باره‌ت به ڕه‌ت کردنه‌وه نه نوسراوه ، ته‌نها له ماده‌ی 2 دا له سنوردار کردن ده‌دوێت، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌ی ڕه‌ت کردنه‌وه‌ی خۆپیشاندان که ڕای خۆ ده‌ربڕینه له یاسادا ڕێ پێ نه‌دراوه، ته‌نها قه‌ده‌غه کردنی و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یان سنوردار کردنی ڕێگا پێدراوه پاش دروست بونی خۆپیشاندانه‌که. ئه‌وه‌ش به هۆکاری دیاری کراو و به مه‌به‌ستی دیاری کراو ئه‌نجام ده‌درێت که بریتین له پاراستنی ته‌ندروستی و له به‌رژه‌وه‌ندی هاتوچۆ و ڕوبه‌ڕو وه‌ستانه‌وه و ڕێگری له ئاژاوه.
یاسای خۆپیشاندانی ئه‌ڵمانی به هه‌مان شێواز له هیچ ماده‌یه‌كدا په‌نجه بۆ ڕه‌ت کردنه‌وه و ڕێگا پێنه‌دان ڕاناکێشێت. له ماده‌ی 15 دا ته‌نها له قه‌ده‌غه‌کردن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌دوێت، پاش دروست بونی خۆپیشاندانه‌که. ئه‌وه‌ش ته‌نها ڕه‌وتی خۆپیشاندانه‌که دیاری ده‌کات و له‌به‌ر ئاسایشی گشتیه و کاتێك ڕوده‌دات که خۆ پیشاندانه‌که یان ڕێپێوانه‌که بکه‌وێته مه‌ترسی ڕاسته‌وخۆوه. له هه‌مان ماده‌ی 15 به‌شی 2 دا دیاری کراوه که ته‌نها ئه‌و خۆ پیشاندانانه ڕێگا پێنه‌دراون که له‌و شوێنانه‌دا ئه‌نجام ده‌درێن که تیایدا قوربانیه‌کانی ئه‌ڵمانیای نازی هه‌ستی خه‌ڵکی بریندار ده‌کات. ئه‌مه‌ش ته‌نها هه‌ڵقوڵاوی مۆڕاڵ و مرۆڤایه‌تیه نه‌ك هیچ هه‌ل و مه‌رجێکی تر.
له ماده‌ی 5:به‌شی 4: (ده‌قی یاسای خۆپیشاندان له هه‌رێمی کوردستان) دا ده‌ڵێت:
" لیژنه بۆی هه‌یه تانه له بڕیاری ڕه‌تکردنه‌وه بگرێت له لای دادگای تێهه‌ڵچونه‌وه‌ی ناوچه‌که له ماوه‌ی (3) ڕۆژ له مێژووی پێ ڕاگه‌یاندن و دادگاکه‌ش پێویسته له ماوه‌ی (48) کاتژمێر تانه‌که یه‌کلایی بکاته‌وه و بڕیاره‌که‌ش یه‌کلایی که‌ره‌وه‌یه".
جێگای تێڕامانه که لێره‌دا ده‌سته‌واژه‌ی" پێ ڕاگه‌یاندن" بۆ وه‌ڵامی ڕه‌تکردنه‌وه‌ی داواکاریه‌که به‌کار هێنراوه، له کاتێکدا له ماده‌ی 3 ؛ به‌شی 3 دا هاتووه که " پێ ڕاگه‌یاندنی ڕه‌ت کردنه‌وه‌که‌ش به نووسین ده‌بێت و هۆکاره‌که‌ش دیاری بکرێت." ئه‌م دوو ماده‌یه ده‌کرێت نه‌گونجاو بن له‌گه‌ڵ یه‌کتری دا. ده‌کرێت لێره‌دا له ده‌سته‌واژی " پێ ڕاگه‌یاندن" به وورده‌کاریه‌كی هۆشیارانه و به ئانقه‌ست بخوێنرێته‌وه. لێره‌دا ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه ماف ده‌داته سه‌رۆکی یه‌که‌ی کارگێڕی له هه‌ر شوێنێك و کاتێکدا بێت به ده‌می یان به ته‌له‌فۆن ڕه‌ت کردنه‌وه‌ی داوای خۆپیشاندنه‌که به داخوازی که‌ران ڕابگه‌یه‌نێت.
کاتێك خۆپیشاندان په‌یوه‌ست نه‌بێت به داواکاریه‌وه و ته‌نها ئاگادرکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بێت ئه‌گه‌ری ڕه‌تکردنه‌وه‌ی نییه، به‌ڵکو له ڕه‌وتی خۆ پیشاندانه‌که‌دا به هۆی ڕوداوه چاوه‌ڕوان کراو یان نه‌کراوه‌کان ئه‌گه‌ری قه‌ده‌غه کردن به مانای ڕاگرتنی و بڵاوه‌پێکردنی هه‌یه. له یاسای هه‌رێم دا ئه‌گه‌ره‌کانی ڕه‌تکردنه‌وه پێشبینی و دیاری کراون. ئه‌مه‌ش بێ متمانه‌یی دروست ده‌کات و گومانی ده‌چێته سه‌ر بۆ ئاماده‌کاری ڕێخۆشکردن بۆ ڕه‌ت کردنه‌وه‌ی زۆر یان زۆربه‌ی خۆپێشاندانه‌کان. به تایبه‌تی له هه‌رێمێکی وه‌کو کوردستان و له که‌لتورێکی نادیموکراسی سیاسی دا.
5)داواکاری یان ئاگاداری کردنه‌وه له لایه‌ن یه‌ك که‌سه‌وه یان لیژنه‌وه.
ماده‌ی 1: بڕگه‌ی 4: (ده‌قی یاسای خۆپیشاندان له هه‌رێمی کوردستان)
"لیژنه‌ی ڕێکخه‌ری خۆپیشاندان: بریتیه له ژماره‌یه‌ك که له سێ که‌س که‌متر و له پێنجیش زیاتر نین، خاوه‌ند شیانی یاسایین و ئه‌رکی به‌ڕێوه بردن و ڕێکخستنی خۆپیشاندان، ده‌گرنه ئه‌ستۆ."
ئه‌م ماده‌یه لێسه‌ندنه‌وه‌ی مافی تاك پێشان ده‌دات له دوو لایه‌نه‌وه.
یه‌که‌م؛ پێشێلکردنی مافی تاك بۆ ڕێکخستنی خۆ پیشاندان.
ئه‌گه‌ر که‌سێك به هه‌رهۆیه‌ك نه‌توانێت دوو که‌سی تر په‌یدا بکات بۆ پێشکه‌ش کردنی داوا ئه‌وسا ناتوانێت ئه‌و خۆپیشاندانه بێته پیك هێنان. ئه‌مه‌ش شتێکی مه‌حاڵ نیه. ڕه‌نگه خه‌ڵکانێکی زۆر یان دیاریکراو ئاماده‌ییان تیادا بێت که به‌شداری له خۆپیشاندانێکی دیاریکراودا بکه‌ن به‌ڵام ئاماده‌یی ئیمزا کردن و داواکاریان تیادا نه‌بێت و نه‌یهانه‌وێت که‌مترین به‌رپرسی بخه‌نه سه‌ر شانی خۆیان له مه‌ترسی ڕوداوه چاوه‌ڕوان نه‌کراوه‌کانی ناو خۆ پیشاندانه‌که. له‌م باره‌دا ئه‌گه‌ر تاقه که‌سێك ئه‌و ئاماده‌ییه‌ی به ته‌نها تیادا بێت ئه‌وا ئه‌و مافه‌ی لێ زه‌وت کراوه.
دوهه‌م؛ لێسه‌ندنه‌وه‌ی مافی تاك بۆ خۆ پیشاندان و ده‌ربڕینی بیروڕای خۆی به ته‌نها.
بێگومان ئه‌مه شتێکی ناوازه‌یه به‌ڵام مه‌حاڵ نیه. ئه‌گه‌ر که‌سێك یان دوو که‌س بیانه‌وێت به ته‌نها خۆپیشاندان بکه‌ن، که هه‌ندێك جار له وڵاتانی دیموکراسی دا ڕوده‌دات. له چوارچێوه‌ی یاسای هه‌رێم دا مه‌حاڵه ئه‌و که‌سه ڕه‌زامه‌ندی به‌ده‌ست بهێنیت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێویسته سێ که‌س به‌لایه‌نی که‌مه‌وه ئه‌و داوایه پێشکه‌ش بکه‌ن. شتێکی زۆر ئاساییه زۆربه‌ی خوێنه‌ران له کۆمه‌ڵگا نادیموکراسی یان نیمچه دیموکراسیه‌کان دا به‌م ڕه‌خنه‌یه زه‌رده‌خه‌نه بیانگرێت. به‌ڵام ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ی له پشتی ئه‌م ڕه‌خنه‌یه‌وه‌یه شتێك نیه جگه له باوه‌ڕی دیموکراسیانه به مافه‌کانی تاك، که خۆی له خۆیدا به‌شێکه له گشت و کۆمه‌ڵ.
بێگومان تاکه که‌سه‌کان ده‌توانن دادگا بۆ ناڕازیبونیان له کرداری که‌سێك یان ده‌زگایه‌ك به‌کار بهێنن. به‌ڵام کاتێك که که‌سه‌که بڕیاری دادگای به ناڕه‌وا زانی بۆ سه‌رنج ڕاکێشانی ڕای گشتی مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه به ته‌نها خۆ پیشاندانێك داوابکات وبه‌و شێوازه‌ی خۆی پێی په‌سه‌ند و گونجاوه ئه‌نجامی بدات.
ئه‌م خاڵه له تێڕوانینی یه‌که‌م دا به بچوك ده‌بینرێت به‌ڵام ته‌واوی مافه‌کانی مرۆڤ له‌سه‌ر بنه‌مای مافی تاكه، هه‌رگیز ناوترێت کۆمه‌ڵ یان کۆمه‌ڵگا ئه‌و مافه‌ی هه‌یه به‌ڵکو ده‌وترێت تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ و کۆمه‌ڵگا ئه‌و مافه‌یان هه‌یه.
ئه‌م مه‌سه‌له په‌یوه‌سته به تێڕوانینی کۆمه‌ڵگا و ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی فراکسیۆنه‌کانه‌وه که هه‌میشه له مێژووی پارته سیاسیه‌کانیاندا نه‌یانتوانیوه هاوسه‌نگیه‌كی دروست له نێوان کۆمه‌ڵگه‌ری "کۆله‌کتیڤیزم" و تاكگه‌ری "ئیندیڤیدوالیزم" دا پێك بهێنن. به پێچه‌وانه‌وه له هیچ په‌رله‌مانێکی دیموکراسی و له هیچ یاسایه‌کی خۆپیشاندانی وڵاتانی دیموکراسی دا ئه‌م مه‌رجه نه‌خراوه‌ته ڕوو، به‌ڵکو ته‌نها یه‌ك که‌س یان سه‌رۆکی ڕێکخراوێك ئه‌و مافه‌ی پێدراوه که ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کان ئاگادار بکاته‌وه یان داواکاری پێشکه‌ش بکات بۆ خۆپیشاندنه‌که و کات و شوێن و ئامانجه‌کانی. ئه‌مه‌ش هه‌ردو مافه‌که بۆ تاکه که‌س ده‌سته‌به‌ر ده‌کات.
سه‌باری ئه‌مانه ئه‌و بڕگه‌یه دژ به ماده‌ی 15 ی ده‌ستوری ئێراقیه که به ڕوونی و ڕاشکاویه‌وه له " هه‌موو تاکێك" ده‌دوێت.
ئه‌گه‌ر که‌سانێك ئه‌م به‌راورده‌ی نێوان یاسای خۆپیشاندانی هه‌رێمێکی وه‌کو هه‌رێمی کوردستان له پارچه‌یه‌کی دونیای وڵاتانی جیهانی سێهه‌م دا به نه‌گونجاو یان ناڕه‌وابزانن مافی خۆیانه، به‌ڵام پێویسته ڕێگا به سه‌رانی ئه‌و هه‌رێمه‌ش نه‌ده‌ن که له کۆڕ و کۆنگره‌ی سه‌رانی دیموکراتی دا ڕوی ده‌میان بکه‌نه ئاماده‌بوان و بڵێن:"هه‌ڤاڵه دیموکراته‌کانم". له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناشێت مه‌سه‌له‌کان به دوو پێوانه یان دوو ته‌رازوی جیاواز بپێوین. پێویسته ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کان و سه‌رانی سیاسی هه‌رێمه‌که‌مان سیسته‌می هه‌رێمه‌که‌مان یه‌کلایی بکه‌ینه‌وه. دیموکراتی یان نادیموکراتی.
کۆتایی
به‌شی یه‌که‌م
به‌راوردێك له نێوان ده‌ستوری ئێراق، ئه‌ڵمانیا، هۆڵه‌نداو به‌لجیکا سه‌باره‌ت به مافی تاك بۆ ده‌ربڕینی بیروڕا.
سه‌رچاوه‌کان:
یاسای بنه‌ڕه‌تی ئه‌ڵمانیای فیدراڵ
http://www.bundestag.de/dokumente/rechtsgrundlagen/grundgesetz/index.htl
ده‌ستوری عێرقی
http://www.parliament.iq/kurdish/Iraqi
یاسای بنه‌ڕه‌تی به‌لجیکا
http://www.senate.be/doc/const_nl.html
یاسای بنه‌ڕه‌تی بۆ پاشایه‌تی هۆڵه‌ندا
http://www.st-ab.nl/wetgrondwet.htm
یاسای ڕێکخستنی خۆ پیشاندان له هه‌رێمی کوردستان- عیراق
http://www.perleman.org/files/articles/191210122204.pdf
یاسای خۆپیشاندانی گشتی (هۆڵه‌ندا)
http://www.st-ab.nl/wetten/0730_Wet_openbare_manifestaties_Wom.htm
یاسا ده‌رباره‌ی گردبونه‌وه و ڕێپێوانه‌کان (ئه‌ڵمانیای فیدراڵ)
http://www.gesetze-im-internet.de/versammlg/BJNR006840953.html
ڕێچکه گشتیه‌کانی پۆلیسی گشتی به‌لجیکا
http://pssp.marche.be/uploads/pdf/Reglement2010nl.pdf
ڕێچکه گشتیه‌کانی پۆلیسی سه‌نته‌ری شاری برۆکسل
http://www.brussel.be/dwnld/77305239/RGP-Bruxelles_cover_2008.pdf
ڕێچکه گشتیه‌کانی پۆلیسی گه‌ڕه‌کی ئه‌ندێرلێخت له برۆکسل
http://www.policelocale.be/sites/5341/images/stories/PDF/anderlecht.pdf
ڕێچکه گشتیه‌کانی پۆلیسی گه‌ڕه‌کی ئێته‌ربێك له برۆکسل
http://www.etterbeek.irisnet.be/site/fr/demarches_administratives/securite/Files/rgp_nl
ڕێچکه گشتیه‌کانی پۆلیسی گه‌ڕه‌کی ئێلسنه له برۆکسل
http://www.polbru.be/Public/Files/media/documentation/RGPIxelles.pdf
فۆڕمی داخوازی مۆڵه‌ت بۆ چالاکیه‌کان له شوێنه گشتیه‌کان دا له شاری ئه‌نتوێرپن (به‌لجیکا)
http://www.antwerpen.be/eCache/ABE/1/826.html
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست