(1) "هه‌ر ئه‌ڵمانیه‌ك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه، به بێ ئاگادارکردنه‌وه یان مۆڵه‌ت وه‌رگرتن ئازادانه و به بێ چه‌ك گردببێتهوه."
(2)" بۆ گردبونه‌وه له ژێر ئاسمانی ئازادا ده‌کرێت ئه‌م مافه له ڕێگای یاساوه یان له‌سه‌ر بنه‌مای یاساکان سنوردار بکرێت."
لێره‌دا ده‌بینین به ڕاشکاویه‌وه له مافی تاك ده‌دوێت وه‌ك ئه‌وه‌ی نوسراوه "jeder" به مانای هه‌رکه‌سێك یان هه‌ر یه‌کێك ، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ده‌ستوری ئێراقی دا نوسراوه " هه‌موو تاکێك". به‌ڵام به گشتی له ئازادیه‌کان نه‌دواوه وله پاڵ شێوازه‌کانی ده‌ربڕینی ئازادیه‌کان، په‌نجه‌ی بۆ جۆری ده‌ربڕینی ئازادیه‌کانیش ڕاکێشاوه که "گردبونه‌وه" یه، ئه‌مه‌ش گردبونه‌وه له شوێنێکێکی دیاریکراودا، خۆپیشاندان، ڕێپێوان یان هه‌ر شێوازێکی تری ناڕه‌زایی یان ڕاده‌ربڕین بۆ ڕای گشتی ده‌گرێته‌وه.
ماده‌ی 26 له ده‌ستوری به‌لجیکا:
" به‌لجیکیه‌کان مافیان هه‌یه به شێوازی ئاشتیانه و به بێ چه‌ك گردببنه‌وه، به مه‌رجێك به پێی یاساکان ڕه‌فتار بکه‌ن، که مماره‌سه‌ی ئه‌و مافه ڕێکده‌خات، به بێ ئه‌وه‌ی بچنه ژێر مۆڵه‌ت پێدانی پێشتر- إذن مسبق -".
"ئه‌م دیاری کردنه ئه‌و گردبونهوانهی له ژێر ئاسمانی ئازادا ڕووده‌ده‌ن ناگرێته‌وه، که به‌ته‌واوی ده‌خرێنه ژێر یاساکانی پۆلیسه‌وه."
له به‌شی یه‌که‌می ماده‌که‌دا هیچ هه‌ل و مه‌رجێك ناکات به بیانو بۆ ڕێگرتن له‌و مافه، ته‌نانه‌ت به ڕاشکاوی ئه‌وه دیاری ده‌کات که ده‌کرێت به بێ ئاگادار کردنه‌وه یان مۆڵه‌ت وه‌رگرتن گردبونه‌وه بکرێت و ناڕه‌زایی ده‌رببڕێت و چالاکی بۆ ده‌ربڕینی بیروڕا ئه‌نجام بدرێت، به‌و مه‌رجه‌ی له شوێنی داخراودا ڕوبدات. ئه‌گه‌رچی شوێنی گشتیش بێت.
له به‌شی دوهه‌م دا ئه‌و مافه له ئاسمانی ئازادا به جیاواز به‌کارده‌هێنرێت، به جیاواز له ده‌ستوری ئه‌ڵمانیا باس له مۆڵه‌ت یان ئاگاداری کردنه‌وه ناکات. ته‌نها په‌نجه بۆ ئه‌وه ڕاده‌کێشێ که به پێی یاسای پۆلیس ڕێکده‌خرێت.
ماده‌ی 9: ده‌ستوری هۆڵه‌ندا:
1. دان ده‌نرێت به مافی گردبونه‌وه و خۆپیشاندان، جگه له سه‌رجه‌م به‌رپرسیارێتیه‌ك به پێی یاسا.
2. یاسا ده‌توانێت ڕێچکه‌کان دیاری بکات بۆ پاراستنی ته‌ندروستی، له به‌رژه‌وه‌ندی هاتوچۆ و بۆ ڕوبه‌ڕو وه‌ستانه‌وه و ڕێگری له ئاژاوه‌کان.
ئه‌م سێ ده‌ستوره‌ی ئه‌ڵمانیا، به‌لجیکا و هۆڵه‌ندا هه‌ر یه‌کێکیان جه‌ختی له‌سه‌ر لایه‌نێکی سه‌ره‌کی ئه‌و ئازادیه کردۆته‌وه به‌ڵام وه‌کو ته‌واوکه‌ری یه‌کتری له یاسا تایبه‌تیه‌کانی ئه‌و وڵاتانه‌دا سه‌رجه‌میان ده‌بینینه‌وه. ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که ته‌واوی ئه‌م ده‌ستور و یاسا په‌یوه‌ندیدارانه یه‌ك سه‌رچاوه‌یان هه‌یه ئه‌وه‌ش باوه‌ڕ هێنانی قوڵ و فراوانه به ئازادیه‌کانی تاك له ده‌ربڕینی بیروڕا دا به هه‌موو شێوازێکی شارستانی و دیموکراسی.
بنه‌مایه‌کی گرنگی تری ئه‌م ده‌ستور و یاسا تایبه‌تیانه‌ی ئه‌و وڵاتانه ئه‌وه‌یه هیچ یاسایه‌کی نه‌ته‌وه‌یی وڵاتانی ئه‌ندامی یه‌کێتی ئه‌وروپا ناکرێت نه‌گونجاو بێت له‌گه‌ڵ ناوه‌رۆکی یاساکانی ناو یه‌کێتی ئه‌وروپا.
یه‌کێتی ئه‌وروپا بۆ دیاری کردنی مافه‌کانی تاك له‌و بواره‌دا ڕێکه‌وتن نامه‌یه‌کی هه‌یه به ناوی "گرێبه‌ستی ئه‌وروپا بۆ مافه‌کانی مرۆڤ"،. ئه‌م گرێبه‌سته له ساڵی 1950 وه داڕێژراوه، به‌ڵام ته‌نها ئه‌و وڵاتانه پابه‌ند بون پێوه‌ی که له لایه‌ن په‌رله‌مانه‌که‌یانه‌وه په‌سه‌ند کرابوو. له ساڵی 1998 وه به بێ جیاوازی ته‌واوی وڵاتانی ئه‌ندامی یه‌کێتیه‌که، به چاوپۆشین له په‌سه‌ند کردنی له لایه‌ن په‌رله‌مانی وڵاته‌که‌وه یان نا، پابه‌ندن به‌م گرێبه‌سته‌وه.
گرێبه‌ستی ئه‌وروپا بۆ مافه‌کانی مرۆڤ
ماده‌ی 10: "هه‌ر یه‌کێك مافی هه‌یه بۆ ئازادی ڕاده‌ربڕین (...)"
ماده‌ی 11
1. "هه‌ر یه‌کێك مافی هه‌یه بۆ ئازادی گردبونه‌وه‌ی ئاشتیانه (...).
2. "بۆ مماره‌سه کردنی ئه‌م مافانه ڕێگا نادرێت بکه‌ونه ژێر هیچ سنوردارکردنێکی تره‌وه، جگه له‌و سنوردارکردنانه‌ی له یاسادا هاتون و له به‌یه‌که‌وه‌ژیانی دیموکراتی دا پێویستن و له به‌رژه‌وه‌ندی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، ئاسایشی گشتی دان و ڕێگرن له ئاژاوه‌کان و کرداری نایاسایی و بۆ پارێزگاری ته‌ندروستی و نه‌ریتی باشن یان بۆ پارێزگاری له ماف و ئازادیه‌کانی که‌سانی ترن. ئه‌م ماده‌یه داڕشتنی سنوردارکردنی یاسایی قه‌ده‌غه ناکات له لایه‌ن ئه‌ندامانی هێزی چه‌کداری و پۆلیس و ده‌زگای فه‌رمانبه‌ری ده‌وڵه‌ته‌وه."
ماده‌ی 10 ده‌کرێت وه‌کو یاسایه‌کی گشتی"lex generalis" تێی بڕوانرێت، به‌ڵام ماده‌ی 11 ده‌کرێت وه‌کو یاسای تایبه‌تی "lex specialis" سه‌یری بکرێت، ماده‌ی 11 ده‌که‌وێته ژێر ماده‌ی 10 وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ماده‌ی 11 بۆ هه‌ل و مه‌رجی دیاری کراوه و کۆمه‌ڵێك سنوردار کردنی تیادایه. به‌ڵام دژ به ماده‌ی 10 نییه و نابێت دژی بێت بۆ ئه‌وه‌ی دژ به پرنسیپه دیموکراتیه‌کان نه‌بێت.
له ماده‌ی 10 دا له مافی ڕاده‌ربڕین سه‌یرکراوه وه‌کو بنه‌ڕه‌تی ترین کۆڵه‌که‌ی سیسته‌می دیموکراسی. ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌م کۆڵه‌که‌یه‌یه که ته‌واوی مافه‌کانی میدیا به سه‌رجه‌م ئاراسته و ڕه‌خنه‌کانیه‌وه سه‌قام گیر ده‌بێت، گردبونه‌وه‌ش به مانای فراوانیه‌وه که ده‌کرێت مانگرتن و خۆپیشاندان له شوێنێكی داخراو یان کراوه، ڕێ پێوان یان داگیرکردنی ئاشتیانه‌ی باڵه‌خانه و ده‌زگا گشتیه‌کان و ڕێگیری ڕێگاو بانه گشتیه‌کان بگرێته‌وه. مافی دامه‌زراندن و جیابونه‌وه‌ی پارت و ڕێکخراو و یه‌کێتیه‌کان ده‌چنه هه‌مان چوارچێوه‌ی مافی ده‌ربڕینه‌وه. بۆیه بریندار کردنی ئه‌م مافه برینارکردنی دڵ و کۆڵه‌که‌ی سیسته‌می دیموکراتیه و جگه له به‌رژه‌وه‌ندی ڕاسته‌وخۆی گشتی "نه‌ك ناڕاسته‌وخۆ" ناکرێت به هیچ بیانویه‌کی تره‌وه سنوردار بکرێت.
له چه‌ندین حوکمی دادگایی "دادگای ئه‌وروپا بۆ مافی مرۆڤ" له شتراسبورگ، له به‌رژه‌وه‌ندی حوکمی تاك دا بڕیار دراوه و سنوردار کردنه‌کانی ماده‌ی 11 له‌به‌ر تیشکی ماده‌ی 10 دا لێکدانه‌وه‌ی بۆ کراوه.
گریمان ئه‌گه‌ر هه‌ندێك خۆپێشاندان مه‌ترسی ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی بۆ دروست بووبێت له لایه‌ن هێزێکی گه‌وره‌ی دژ به بهشداریکهرانی ئه‌و خۆ پێشاندانه، بۆ نمونه هه‌میشه خۆ پێشاندانی ڕاست ڕه‌وه‌کانی ئه‌وروپا مه‌ترسی بهیهکدادنی تیادایه له‌گه‌ڵ چه‌پ ڕه‌وه‌کانی ئه‌و وڵاتانه. سه‌رباری بونی ئه‌و مه‌ترسیه‌ش ڕێگا له‌و خۆ پێشاندانانه ناگیردرێ ئه‌گه‌ر چی مه‌ترسیه‌که ئه‌گه‌ری زۆره به‌ڵام ڕاسته‌وخۆ نیه، کاتێك ڕاسته‌وخۆیه که هێزه‌کانی پۆلیس له چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تیدا نه‌توانن ببنه دیواری جیاکردنه‌وه و به‌یه‌ك نه‌گه‌یشتنی لایه‌نه دژ به یه‌که‌کان. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مافی ڕا ده‌ربڕینی ڕاست ڕه‌وه‌کان دژ به چه‌پڕه‌وه‌کان یان به پێچه‌وانه‌وه مافێکی بنه‌ڕه‌تی دیموکراسیه. ئه‌رکی ده‌سه‌ڵاته سه‌رجه‌م ڕێگایه‌کی سه‌خت و پڕ خه‌رجی و مه‌ترسی داریش بگرێته به‌ر تاکو ئه‌و مافه ڕێگیری لێ نه‌کرێت. ئه‌و مافه‌ش نه په‌یوه‌ستن به هاوڵاتی بون، نه ئایین، نه ڕه‌گه‌ز، نه به ئایدۆلۆژیا، نه به جه‌نده‌ر، نه به ئاراسته‌ی سێکسیه‌وه، نه‌به هه‌ل و مه‌رجی سیاسی و ئابوری و کۆمهڵایەتیهوه. به‌ڵکو ته‌نها په‌یوه‌سته به مرۆڤه‌وه و ته‌نها مرۆڤ بونه ئه‌و مافه‌ی پێده‌به‌خشێت.
ئه‌گه‌ر سه‌یری ده‌ستوره‌کانی هه‌ر سێ وڵاته ئه‌وروپیه‌که و ئێراقیش بکه‌ین تیایاندا توخمی یاسا گشتی و تایبه‌تیه‌کان ده‌بینینه‌وه، به‌ڵام کولتوری نا دیموکراتی سه‌دان ساڵه‌ی ڕۆژهه‌ڵات به ڕاده‌یه‌ك به‌سه‌ر بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی فرکسیۆنی پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی هه‌رێمی کوردستان دا زاڵه که ڕماندنی ئه‌و دیواره به لایانه‌وه ئاسته‌مه، یان له به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیاندا نیه. ده‌سه‌ڵات و میدیاکانی ده‌سه‌ڵات، ناڕه‌زاییه‌کانی جه‌ماوه‌ر و ئۆپۆزسیۆن و میدیا ئازاده‌کان و ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای شارستانی دژ به به‌ربه‌ست کردنی مافی ڕاده‌ربڕین و داکۆکیهکان له‌و مافه ته‌نها به پلان وپیلانگێڕی ده‌زانن و به ده‌ستی سیاسی پشت په‌رده‌ی داده‌نێن.
به‌شی دوهه‌م سه‌باره‌ت به یاسا تایبه‌تیه‌کانی وڵاتانی دیموکراسیه که سه‌رباری سنورداری کردنه‌کان دژ به یاسا گشتیه‌کان (ده‌ستوره‌کان ) و پرنسیپه‌کانی دیموکراسی نین. به پێچه‌وانه‌ی یاسای هه‌رێم که چه‌ندین دژوه‌ستانه‌وه‌ی تیادایه به‌رامبه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه و ده‌ستوری ئێراقیش.
ماویەتی...
بۆ بەشی دوهەم: به‌راوردێك له نێوان یاسا تایبه‌تیه‌کانی ئه‌ڵمانیا، هۆڵه‌نداو به‌لجیکا له‌گه‌ڵ یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندانه‌کانی هه‌رێمی کوردستان.
سه‌رچاوه‌کان:
یاسای بنه‌ڕه‌تی ئه‌ڵمانیای فیدراڵ
http://www.bundestag.de/dokumente/rechtsgrundlagen/grundgesetz/index.html
ده‌ستوری عێرقی:
http://www.parliament.iq/kurdish/Iraqi
یاسای بنه‌ڕه‌تی به‌لجیکا
http://www.senate.be/doc/const_nl.html
یاسای بنه‌ڕه‌تی بۆ پاشایه‌تی هۆڵه‌ندا
http://www.st-ab.nl/wetgrondwet.htm
یاسای ڕێکخستنی خۆ پیشاندان له هه‌رێمی کوردستان- عیراق
http://www.perleman.org/files/articles/191210122204.pdf
یاسای خۆپیشاندانی گشتی (هۆڵه‌ندا)
http://www.st-ab.nl/wetten/0730_Wet_openbare_manifestaties_Wom.htm
یاسا ده‌رباره‌ی گردبونه‌وه و ڕێپێوانه‌کان (ئه‌ڵمانیای فیدراڵ)
http://www.gesetze-im-internet.de/versammlg/BJNR006840953.html
ڕێچکه گشتیه‌کانی پۆلیسی گشتی به‌لجیکا
http://pssp.marche.be/uploads/pdf/Reglement2010nl.pdf
ڕێچکه گشتیه‌کانی پۆلیسی سه‌نته‌ری شاری برۆکسل
http://www.brussel.be/dwnld/77305239/RGP-Bruxelles_cover_2008.pdf
ڕێچکه گشتیه‌کانی پۆلیسی گه‌ڕه‌کی ئه‌ندێرلێخت له برۆکسل
http://www.policelocale.be/sites/5341/images/stories/PDF/anderlecht.pdf
ڕێچکه گشتیه‌کانی پۆلیسی گه‌ڕه‌کی ئێته‌ربێك له برۆکسل
http://www.etterbeek.irisnet.be/site/fr/demarches_administratives/securite/Files/rgp_nl
ڕێچکه گشتیه‌کانی پۆلیسی گه‌ڕه‌کی ئێلسنه له برۆکسل
http://www.polbru.be/Public/Files/media/documentation/RGPIxelles.pdf
فۆڕمی داخوازی مۆڵه‌ت بۆ چالاکیه‌کان له شوێنه گشتیه‌کان دا له شاری ئه‌نتوێرپن (به‌لجیکا)
http://www.antwerpen.be/eCache/ABE/1/826.html