بێ بایەخکردنى خوێندن لە هەرێمى کوردستان
Tuesday, 19/05/2020, 0:27
لاى هەمومان ڕون و ئاشکرایە کە گەشەکردن و پێشکەوتنى ئاستى خوێندن و زانست و زانیارى هۆکارى سەرەکین بۆ ئەو پێشکەوتنانەى لە بوارى پێشەسازى و تەکنەلۆجیاى سەردەم بەدەست هاتون .
وڵاتە پێشکەوتوەکانى جیهان بەرنامەو پلانى تۆکمەیان هەیە بۆ ئەوەى لە بوارى زانستدا زیاتر بەرەو پێشوە بچن و هەمیشە لە کێبڕکیدان لەگەڵ یەکترى لەو بوارەدا . پارەیەکى زۆر بۆ ئەو بوارە تەرخان دەکەن و هەوڵ دەدەن زانکۆ و پەیمانگاکانیان لە پلەى یەکەمدا بن .
پێشکەوتنى بوارى زانست ، وابەستەیە بە ئاستى پێشکەوتنى بوارى ئابورى و پیشەسازیشەوە . وابەستەیە بە بونى کەرتى تایبەتى گەشەسەند و هەبونى ژێرخانێکى ئابورى بەهێز .
هەتا کەرتى تایبەت بە هێزبێت و بوارى باز رگانى و پیشەسازى و کشتوکاڵ لە ئاستێکى گەشەسەندودابێت ، شان بە شانى ئەوە زانست و زانیارى وپڕۆسەى خوێندنیش لە گەشەکردن و پێشکەوتنى بەردەوامدا دەبێت ..
لە وڵاتە پێشکەوتوەکانى جیهاندا کۆمپانیا گەورەکان بە تایبەتى ئەوانەى لە بوارى تەکنەلۆجیاى پێشکەوتودا کاردەکەن ، بەشوێن کەسانى پسپۆڕ و شارەزادا دەگەڕێن . جگە لە پێدانى موچەى باش ، پارەى زۆریشیان دەخەنە بەردەست بۆ ئەوەى بتوانن داهێناننى تازە بکەن . بۆیە نوێنەرى ئەو کۆمپانیانە سەردانى زانکۆکان دەکەن و هەواڵى ئەو خوێنکارە زیرەکانە دەپرسن کە لە قۆناغەکانى کۆتایی خوێندنن و زانستەکەشیان بۆ کۆمپانیاکانى ئەوان بەسودەو پێیان دەڵێن کە خوێندنتان تەواو کرد ، لاى ئێمە شوێنتان بۆ دانراوە . ئەمەش دوو گرینگى تایبەتى هەیە :
یەکەم : کۆمیانیا گەورەکان بەردەوام لە کێبڕکێی یەکتریدا دەبن بۆ ئەوەى تەکنەلۆجیاى تازە بەرهەم بهێنن و پارەى زۆر پەیدا بکەن .
دووەم : خوێنکارەکانیش هەمێشە لە کێبڕکێی یەکتریدادەبن و هەوڵ دەدەن زیاتر و زیاتر فێرى عیلم و زانست ببن و بە زوویى کاریان دەست کەوێت پارەى باش بەدەست بەهێنن و ژیانێکى شایستە بۆخۆیان دەستەیەر بکەن . کەواتە ئەم دوو جۆرە کێبڕکێیە دەچنە خزمەتى گەشە کردن و پێشکەوتنى کۆمەڵگاوە .
پڕۆسەى خوێندن هەر لە قۆناغەکانى سەرەتاییەوە تا دەگاتە قۆناغى زانکۆ و خوێندنى باڵا ، بە تەواوى سەر بەخۆیە لە هەموو دەست تیوەردانێک .
پڕۆسەى خوێندن لە وڵاتە پێشکەوتوەکان بە جۆرێک بەرنامەى بۆ دانراوە کە نەوەیەکى تازە پێ بگەیەنن کە تەواو شارەزابن لەو بوارانەى هەڵى دەبژێرن بۆ ئەوەى بتوان بەشداربن لە بنیاتنان و پێشکەوتنى وڵاتدا . ئەو کەسەى قۆناغى زانکۆ یان خوێندنى باڵا تەواو دەکات بە ماناى وشە دەبێتە کەسێکى شارەزاو لێهاتو و بنیاتنەر .
خوێندن لە هەرێمى کوردستاندا
لە هەرێمى کوردستان حکومەت بەماناى خۆى نییە و حیزب ڕوڵى حکومەت دەبینێـت . حیزبیش هەرچى لە خزمەتى خۆیدابێت ئەوە دەکات . حیزب دەستى خستۆتە ناو هەم و دام و دەزگاو سێکتەرەکانى کارگێڕییەوە . بەو هۆیەوە نە یاسا سەروەرە . نە پەڕلەمانتار ڕۆڵى هەیە لە بڕیارداندا . نەوەزیر دەسەڵاتى خۆى هەیە . واتە هیچ شتێک لە شوێنى خۆیدا نیەو هیچ کارێک بە بەرنامە ناکرێت .
زانکۆکان بونەتە بارەگاى مەڵبەندى یەکێتى و لقى پارتى . زوربەى مامۆستاکان ڕۆڵى کادیرى حیزبى دەبینن . لە زانکۆکانى کوردستاندا پسپۆڕى و شارەزایی و ئاستى زانست نابنە پێوەر بۆ ئەوەى پلەى وەزیفى پی َبەرزبکرێتەوە . ئەگەر ئەندامى حیزب نەبى ، فەیلەسوفیش بیت بایەخى نیە.
بە دەیان مامۆستاى زانکۆ هەیە بە نامەى بەرپرسێک بە قبوڵ خاس لە زانکۆ وەرگیراوە . بە قبوڵ خاس ماستەرو دکتۆراى وەرگرتوە . زوربەى ئەو مامۆستایانە نامەى ماستەرو دکتۆراکەشیان بۆ نوسراوەتەوەو هەشیانە لە ماڵەوە مەکتەبەشى نییە . کەواتە دەبی َئەمانە چۆن مامۆستایەکى زانکۆبن و ئەوانەشى لەسەر دەستى ئەمانە پەروەردەبکرێ، چییان لێ دەرچێت .
هەندى لە مامۆستاکانى زانکۆ بە جۆرێک بونە کۆیلەى حیزبەکان لە پێناوى وەرگرتنى پۆستدا ، ئابڕوى مامۆستاى زانکۆیان بردوە . ئێستا ئەم مامۆستا حیزبیانە بونە بەرپرسى مامۆستاکانى پێشوى خۆیان و زانکۆکان بەڕێوەدەبەن .
زوربەى مامۆستا شارەزاکان کە حیزبى نین لە زانکۆکان پشت گوى َخراون و هیچ بەرپرسیاریەتێکیان پی َنادەن . ئاستى زانست لە زانکۆکانى کوردستان لە بارو دۆخێکى زۆر خرابدایە . خوێنکارەکان تەنها ڕۆژگار بەڕێدەکەن تا بڕوانامەکە وەردەگرن . چونکە هیچ هیوایەکیان بە ئایندەى خۆیان نییە .
ئەم سیستەمى خوێندنە لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستاندا هەر خوێندکارەکانى بی َهیوا نەکردوە ، بە هەمان شێوە مامۆستا دڵسۆز و بە ئەزمونەکانیشى بی َئومید کردوە . مامۆستاکانى سەر بە حیزب پێویستیان بەوە نییە خۆیان ماندو بکەن و بەدواى زانستدا بگەڕێن چونکە حیزبى بونەکەیان زامنى هەموو شتێکیان بۆ دەکات و خۆماندوکردنى پێویست نییە .
مامۆستا غەیرى حیزبیەکان و بە ئەزمونەکانیش سەیردەکەن هەرچۆنێک هەوڵ بدەن و چەند خاوەنى زانستى بەرزبن ، سودى نییەو ڕێگایان پێ نادرێت نەخشەو پلانى گونجاو دانین بۆ پێشخستنى زانکۆکان .
کەواتە ڕوحى کێبڕکى لەناو مامۆستاکانى زانکۆشدا نامێنێت ئەوانیش وەکو خوێندکارەکان تۆشى نا ئومێدى دەبن . مامۆستاى حیزبى پێویستى بەزانست نییە . مامۆستاى غەیرى حیزبیش دەڵى هەرچى بیکەم حسابم بۆ ناکرێت .
دواجار لە نێوان بێ ئومێدبونى خوێندکاران و مامۆستایانى زانکۆدا ، خوێندن بە تەواوى بی َ بایەخ دەکرێت ، ئەوەش حکومەت لێی بەرپرسیارە .
ئەم بێئومێد بون و بێ بایەخکردنى خوێندنە هەر پەیوەست نییە بە قۆناغى زانکۆکانەوە،لە قۆناغى سەرەتایی و ناوەندى و ئامادەیش ، هەمان کێشەو گرفت هەیە . لەکوێ حیزبە دەستى هەبێت ، ئەویش وێران دەکات . بەڵام ئەوەت ئەنجامە خراپەکانى لە قۆناغى زانکۆدا دەرکەوتوە .
کارەساتى گەورە هەر ئەوە نییە ئاستى زانست لە زانکۆکانى کوردستاندا زۆرنزمە ، لەوە خرابتر ئەوەیە کە دواى تەواوکردنى قۆناغەکانى خوێندن هیچ هیوایەک نییە بۆ دامەزراندن چ لە لایەن حکومەتەوەو چ لە بوارى کەرتى تایبەتدا . دام و دەزگاکانى حکومەت فەرمانبەرى زیادەیان هەیە و پڕە لە بندیوار . کەرتى تایبەت هەر نییە .
دەتوانم بڵیم بۆ ماوەى شەش ساڵیش دەبی َتاکە تاکە یان مناڵى بەرپرسەکان نەبێت کەس دانەمەزراوە . تەنانەت یەکەم و دووەم و سێیەمى زانکۆ و پەیمانگاکانیش شانسى دامەزراندنیان کەمەو هەموو ساڵێک خۆپیشاندان دەکەن و داواى دامەزراندن دەکەن . وەکو دەردەکەوێت تا چەندین ساڵى تریش ئۆمێدێک نییە بۆ دامەزراندن لە کەرتى گشتى و تایبەتیدا.
کەواتە حکومەت قۆناغى خوێندنى زانکۆى بە تەواوى بی َبایەخ کردوەو هیچ کەس ئومێدى بەوە نییە کارێکى دەست کەوێـت تەواوکردنى خوێندن و تەنها ئەوەیە بڕوانامەیەکى سەرکاغەزى هەیەو لە بوارى کردەییدا هیچ فێر نەبوەو ئەو تۆزەى فێرێشى بوە ، بە هۆى ئەوەى دانامەزرێت لە بیرى دەچێتەوە .
حیزبەکان لە برى ئەوەى بەرنامەیان هەبێت بۆ دەستەبەرکردنى ئایندەیەکى باش بۆ دەرچوانى زانکۆ و پەیمانگاکان و هەلى کاریان بۆ بڕەخسێنن ، خەڵکێکى زۆریان چەکدار کردوەو کراونە پاسەوان و باخەوانى بەرپرسان و بارەگا حیزبیەکان .
لە برى ئەوەى حکومەت بەرنامەى هەبێت کە خوێنکارێکى کۆلیجى پزیشکى کە خوێندنى تەواو کرد ، یەکسەر دایمەزرێنن لەبەر ئەوەى زۆرپێویستیان پێیان هەیە ، لە برى ئەوە بە هەزارن پاسەوان لە بەردەرگاى بارەگا حیزبیەکان بە نەعلەوە دانیشتون و خەریکى گوڵەبەڕۆژە خواردنن و موچەى باشیشیان هەیە .
کەواتە خوێندکار هیچ ئارەزویەکى بۆ خوێندن نەماوە . چونکە حیزب خوێندنى بێ بایەخ کردوە . خوێنکار هەر ساڵ بەڕێدەکات و هیچ ئومێدێکى بە ئایندەى خۆى نییە.
کارەساتە گەورەو ترسناکەکە لێرەوە دەست پێ دەکات :
ماوەى چەندین ساڵە بەردەوام گەنجەکان وڵات جێدێڵن و بەرەو ئەوروپا دەکەونەڕێگا لە پێناوى ژیانێکى خۆشتردا . بەو هۆیەوە ژمارەیەکى زۆر لە کچان ماونەوەو شویان نەکردوە . ماوەى چەندین ساڵیشە دەرچوانى زانکۆ و پەیمانگاکان دانەمەزراون و لە کەرتى تایبەتیشدا شانسى کارکردنیان نییەو بێکار لە ماڵەوە دانیشتون .
ئەگەر بارودۆخ ئاوا بڕوات چەندین ساڵى تریش هەر بەم شێوەیە دەبێت . لەوانەیە تا ئێستا نزیکەى 200 هەزار هەر دەرچوى زانکۆ و پەیمانگاکان هەبن کە بەلانى کەمەوە نیوەیان کچن .
کەواتە ئەگەر سەرنج بدەین دواى 10 ساڵێکى تر ژمارەیەکى بێ شومار لە کچان دەبنە پیرەکچ و کورد واتەنى دەبێ لەماڵەوە پرچى سپى بهۆننەوە لە سایەى سەرى دەسەڵاتى پارتى و یەکێتییەوە .
ئەمە لێرەدا ناوەستێت و تەواو نابێـت و کۆتایی نایەت . دواجار کێشەى کۆمەڵایەتى گەورەى بەدوادا دێت . کچ بچێتە دەرەوە قسەو باسى لەسەر دروست دەبێت . ئەگەر لە ماڵەوە بمێنێتەوە چ لەبەر قسەى خەڵک بێت یان نەبونى پارەوەبێت ، توشى نەخۆشى نەفسى دەبێت . دواجار ئەمانە هەموى دەبنە کێشەى دایک و باوک و کەس و کار و کۆى خەمى کۆمەڵگا . ئەمە کێشەیەکى ئێجگار گەورەیەو نامەوێت بچمە وردەکارى باسەکەوە.
ماوەتەوە ئەوەى بلێم: دایک و باوکى ئازیز . ئەى دەرچوانى زانکۆو پەیمانگاکان ، خوێندکارە ئازیزەکان کە ئایندەتان نادیارە . مامۆستایان و پزیشکان و گشت موچەخۆران و کەم ئەندامان و خانە نشیانى داماو کاتى ئەوە نەهاتوە بیرێک لە ئایندەى خۆتان و نەوەکانتان بکەنەوە ؟؟؟. ئەوەى بەسەر ئەم میللەتە هاتوە ئەنجامى حوکمڕانى 29 ساڵى یەکێتى و پارتییە ، لە ئێستادا بارودۆخى هەرێمى کوردستان لە هەموو کاتێک خرابتر و ترسناکترە .
کاتى ئەوە نەهاتوە هەمومان بەیەکەوە بەو دەسەڵاتدارانە بڵێین بەس نییە تاڵانکردنى قوتى ماڵ و مناڵمان . هەرێمێک بە 23 وەزیر و 111 ئەندام پەڕلەمانەوە نەتوانیت موچەى هاوڵاتیان دابین بکات ، باشتر نییە دەست بەردارى دەسەڵات ببن ؟؟ بۆچى وازمان لێ ناهێنن ، چیتان لێمان دەوێت و چی ماوە پێمان نەکەن .
ئەگەر هەر وەڵامیان نەداینەوە حەقى خۆمانە دەست بکەین بە خۆپیشاندانى ئاشتیانە . ئەگەر ئەوەش نەبوو بە چارەسەر حەقى خۆمانە دەست بەرین بۆ ڕاپەڕینێکى سەرانسەرى چونکە چارەیەکى تر نامێنێت . ماوەتەوە ئەوەى بڵێم : هاوڵاتیانى ئازیزو خۆشەویست : هیچ کەسێک بە دیکتاتۆرى لە دایک نابێت ، ئەوە بێدەنگى من و تۆیە دیکتاتۆر دروست دەبێت . کە دیکتاتۆریش دروست بوو ، بە ئاسانى ناڕوات .
ئەوانەى دزى و تاڵانى دەکەن ، ناتوانن چارەسەرى دزیکردن بکەن . تەنها ڕێگا ئەوەیە ئەو دزانە دوور خەیتەوە . ئەوانەى فێرى دزیکردن دەبن ، هەرگیز ناتوانن دەست بەردارى دزیکردن ببن بە خۆشى .
ئەگەر ئێوە بیرێک لە خۆتان و کەس وکار و نەوەکانتان نەکەنەوە ، هەرگیز چاوەڕوانى لە هیچ کەسێکیش مەکەن بیر لە ئێوە بکاتەوە . ئەگەر ئێوە خۆتان لە خەمى خۆتان نەبن ، چاوەڕوانى ئەوەش مەبن هیچ کەسێکى تر لە خەمى ئێوەدا بێت .
کەواتە کاتى ئەوە هاتوە پەردەى بێدەنگى بدڕێنن و بێنە دەنگ و داواى مافى زەوت کراوى خۆتان بکەن . ئەگەر ئەم بارودۆخەى ئێستاشتان بەدڵە پیرۆزبایتان لێ دەکەم . سەرى خۆتان کزبکەن و وەکو جارى جاران بارى خۆتان بەرن.
12/5/2020
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست