کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شه‌وى سوور له‌ یانه‌ شه‌وانه‌كانى هه‌ولێر

Thursday, 14/05/2020, 21:02


“له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌و پیاوانه‌ی ده‌چنه‌ یانه‌ شه‌وانه‌كانه‌وه‌، چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ژنه‌ خزمه‌تگوزار و ئه‌وانه‌شی له‌وێن وه‌ك چۆن له‌گه‌ڵیان ده‌خۆنه‌وه‌، ئاواش له‌گه‌ڵیان بخه‌ون، من ئه‌مه‌م به‌ چاوه‌كانی خۆم بینیووه‌”.
---------------------
ئه‌مانه‌ قسه‌ی مامۆستایه‌كی بیانی پیاوه‌ كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كارده‌كات، پێی وایه‌ “یانه‌ شه‌وانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بوونه‌ته‌ شوێنی كاری نه‌شیاو، چونكه‌ نه‌ مافی ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ تێیاندا كارده‌كه‌ن پارێزراوه‌، نه‌ مافی میوانه‌كانیشیان له‌به‌رچاو ده‌گیرێت”. ئه‌م مامۆستایه‌ خۆی باس له‌ یه‌كێك له‌و ده‌یان‌ چیرۆكانه‌ ده‌كات كه‌ به‌ “چاوی خۆی”، له‌ یانه‌ شه‌وانه‌كانی شاری هه‌ولێر بینیویه‌تی و ده‌ڵێت: “من، مامۆستام له‌ یه‌كێك له‌ زانكۆكانی هه‌ولێر، له‌به‌رئه‌وه‌ی چوون بۆ یانه‌ی شه‌وانه‌ له‌ كلتوری ئێمه‌دا كارێكی ئاساییه‌، من و هاوڕێ كورده‌كانم ده‌چین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رنجه‌ له‌ كوردستان ئه‌وه‌یه‌، پیاوان له‌ناو یانه‌ شه‌وانه‌كاندا، چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ژنان له‌گه‌ڵیاندا بشخه‌ون، ته‌نانه‌ت چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ له‌ خزمه‌تگوزاره‌ ژنه‌كانیش ده‌كه‌ن”.

ئه‌و مامۆستایه‌ باسی یه‌كێك له‌و چیرۆكانه‌ ده‌كات، كه‌ به‌چاوی خۆی له‌ یانه‌یه‌كی شه‌وانه‌ بینیویه‌تی و ده‌شڵێت: “ئێواره‌یه‌كیان چووین بۆ یه‌كێك له‌ یانه‌ شه‌وانه‌كان، له‌ شارۆچكه‌ی عه‌ینكاوه‌ له‌ هه‌ولێر. یانه‌كه‌ تاریك و پڕ له‌ دووكه‌ڵ بوو، كه‌ دانیشتین خزمه‌تگوزارێكی ژن هات بۆلامان بۆ ئه‌وه‌ی داواكارییه‌كانمان بزانێت، ژنه‌كه‌ ته‌مه‌نێكی مامناوه‌ندی هه‌بوو، پانتۆڵێكی جینس و تیشێرتێكی له‌به‌ردابوو، تۆزێك شوێنه‌ سه‌رنجڕاكێشه‌كانی جه‌سته‌ی گه‌وره‌بوون، هاوڕێكانی من زۆر به‌ سه‌رنجه‌وه‌ سه‌یریان ده‌كرد. یه‌كێك له‌وانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵمان دانیشتبوو وتی: پێت چۆنه‌؟ چونكه‌ پێیان وابوو، منیش وه‌ك ئه‌وان له‌ بازاڕی سێكس-دام، له‌كاتێكدا ئه‌و ژنه‌ سێ منداڵ و هاوسه‌ری هه‌یه‌”.
وێنه‌ى كچێكى سه‌ماكه‌ر له‌ یانه‌ى لۆته‌س له‌ هه‌ولێر
 ئه‌و مامۆستایه‌ كه‌ به‌وپه‌ڕی بێزارییه‌وه‌ و به‌ هه‌ڵكێشانی هه‌ناسه‌ی سارده‌وه‌، درێژه‌ به‌ چیرۆكه‌كه‌ ده‌دات، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: “پێش ئه‌وه‌ی ئێمه‌ خواردنه‌وه‌كانمان ته‌واوبكه‌ین، ژنه‌كه‌ ئه‌و شوێنه‌ی به‌جێهێشت، به‌ڵام چونكه‌ هاوڕێكانی من به‌ مه‌به‌ستێكی تر سه‌یریان ده‌كرد و ویستی تریان هه‌بوو له‌گه‌ڵی، له‌ خاوه‌نی شوێنه‌كه‌یان پرسی: بۆ كوێ چووه‌، بۆ دیار نیه‌؟ ئه‌ویش وتی: له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ زۆر هیلاكبووه‌، رۆیشته‌وه‌! دوای ئه‌وه‌ش هاوڕێكانم زۆر پێیان ناخۆش بوو”.

له‌ كۆتای قسه‌كانیدا ئه‌و مامۆستا بیانییه‌ جه‌خته‌ده‌كاته‌وه‌ له‌به‌كارهێنانی میوانان و خزمه‌تگوزاره‌ ژنه‌كانی نێو یانه‌ شه‌وانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ڵێت: “له‌ كوردستان ئه‌وه‌ی تووشی شۆكت ده‌كات ئه‌وه‌یه‌، پیاوان وابیر ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌موو ئه‌و ژنانه‌ی ده‌چنه‌ یانه‌ شه‌وانه‌كان به‌رده‌ستن بۆ ئه‌وان و ده‌توانن له‌گه‌ڵیان بخه‌ون، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌شه‌ یانه‌كان بوونه‌ته‌ شوێنی بڵاوبوونه‌وه‌ی بابه‌تی نه‌شیاو”.

(پیاوان وابیر ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌موو ئه‌و ژنانه‌ی ده‌چنه‌ یانه‌ شه‌وانه‌كان به‌رده‌ستن بۆ ئه‌وان)

كردنه‌وه‌ی یانه‌ شه‌وانه‌كان یه‌كێكه‌ له‌و كلتورانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ به‌ره‌وپێشچوونی، وڵاتان و زیاتر كرانه‌وه‌یان، سه‌رهه‌ڵده‌دات، یه‌كێكیشه‌ له‌و خاسیه‌تانه‌ی كه‌ وڵاتان بۆ ڕاكێشانی گه‌شتیار و به‌هێزكردنی ئابورییه‌كه‌یان به‌كاری ده‌هێنن، له‌ چوارچێوه‌ی یاسا توندوتۆڵه‌كانیدا. هه‌رێمی كوردستانیش وه‌ك یه‌كێك له‌و هه‌رێمانه‌ی كه‌ له‌ قۆناغی كرانه‌وه‌دایه‌ به‌رووی جیهاندا له‌دوای ساڵی 2010ه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كرانه‌وه‌ی یانه‌ شه‌وانه‌كان به‌ تایبه‌تمه‌ندی جیهانی تێیدا په‌ره‌یان سه‌ندووه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام له‌ ئێستادا ئه‌م یانانه‌ له‌به‌ر نه‌بوونی یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌ سه‌رپه‌رشتی كردینان بوونه‌ته‌ شوێنی كاری نه‌شیاو و كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌ی نایاسایی له‌لایه‌ن ئه‌و سه‌رچاوه‌ نادیارانه‌ی كه‌ خاوه‌ندارییان ده‌كه‌ن.
یانه‌ شه‌وانه‌كانی هه‌ولێر كامانه‌ن و (پاشاكان)یان كێن؟
شاری هه‌ولێر به‌ به‌راورد به‌ سێ پارێزگاكه‌ی تری هه‌رێمی كوردستان (سلێمانی، دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌) بنكه‌ی سه‌ره‌كی یانه‌ شه‌وانه‌كانه‌ له‌ كوردستان كه‌ میوانه‌كانی زۆركات ته‌نیا گه‌نج و كه‌سی ئاسایی نین، به‌ڵكو له‌ وڵاتانی دراوسێی عێراق-یشه‌وه‌ به‌ تایبه‌تی خه‌ڵكی سه‌ردانی ده‌كه‌ن، گرنگترینیان بریتین له‌:
ـ یانه‌ی شه‌وانه‌ی لۆته‌س، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ هۆتێل دیڤان له‌ شاری هه‌ولێر، چوار ئه‌ستێره‌یه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ یانه‌ شه‌وانه‌ پله‌ یه‌كه‌كانی ئه‌و شاره‌، چونه‌ژووره‌وه‌ بۆ ناو ئه‌م یانه‌یه‌ بۆ پیاوان 35 دۆلاره‌ و بۆ ژنانیش به‌خۆڕاییه‌. ئاهه‌نگه‌كانی له‌ كاتژمێر 11:00ی شه‌وه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ن بۆ كاتژمێر 1:00ی به‌ره‌به‌یان. ئه‌م یانه‌یه‌ له‌لایه‌ن گروپی كۆمپانیاكانی (سوپاس) ناسراو به‌ (سوپاس گروپ) به‌ڕێوه‌ده‌برێت.
وێنه‌ى ریكلامێكى یانه‌ى ئینفێرنۆ

به‌شێوه‌یه‌كی گشتی دی جه‌ی یان به‌ زمانی یانه‌كان (پاشاكان)ی ئه‌م یانه‌یه‌ بریتین له‌ : دی جه‌ی مادج، دی جه‌ی ئبلی بانكس، دی جه‌ی جۆنی جه‌به‌ل، دی جه‌ی نور، دی جه‌ی زارا، دی جه‌ی ئێف ئێم، دی جه‌ی لید، دی جه‌ی فادی و كچه‌ دیی جه‌ی جیهانی نێسا، سه‌ماكه‌ره‌كانیشیان به‌گوێره‌ی كات ده‌گۆڕێن، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كچه‌ سه‌ماكه‌ره‌ به‌ناوبانگه‌كانیان بریتین له‌: مریه‌م كلینك و گۆگۆ دانسه‌ر.
– یانه‌ى شه‌وانه‌ى ئینفێرنۆ، یه‌كێكى تره‌ له‌ یانه‌ شه‌وانه‌ گه‌وره‌كانى هه‌ولێر كه‌ چوار ئه‌ستێره‌یه‌ به‌هه‌مانشێوه‌ى لۆته‌س. ئه‌م یانه‌یه‌ ده‌كه‌وێته‌ ۆڵد ته‌ره‌ید سێنته‌ر له‌ گه‌ڕه‌كى به‌ختیارى له‌ ته‌نیشت پاركى گوڵان، له‌ كاتژمێر 11:00 شه‌و ئاهه‌نگه‌كانیان ده‌ستپێده‌كات بۆ 1:30 به‌ره‌به‌یان، نرخى چونه‌ژووره‌وه‌ بۆ پیاوان دیارى نه‌كراوه‌ به‌گوێره‌ى شوێنى دانیشتن و خواردنه‌وه‌كان ده‌گۆڕێت، بۆ خۆشه‌ویسته‌كان 25 دۆلاره‌، به‌ڵام چونه‌ژووره‌وه‌ بۆ خانمان به‌خۆڕاییه‌.
دى جه‌ی-ه‌كانى ئه‌م یانه‌یه‌ بریتین له‌: دى جه‌ى هه‌ردى، دى جه‌ى ئارمان، دى جه‌ى مسته‌ر زى، دى جه‌ى شایگان و دى جه‌ى له‌یدى دى، دى جه‌ى له‌یدى، دى جه‌ى هاك، كچه‌ سه‌ماره‌كانیشیان بریتین له‌: ئۆتالیا، گۆگۆ دانسه‌ر.
یانه‌ى شه‌وانه‌ى ئه‌ى جه‌یس، یه‌كێكى تره‌ له‌ یانه‌ شه‌وانه‌ به‌ناوبانگه‌كانى هه‌ولێر، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ قاتى شه‌شه‌مى هۆتێلى (هاى لایڤ) له‌ عه‌ینكاوه‌. ئه‌م یانه‌یه‌ له‌ڕووى كواڵیتیه‌وه‌ له‌ لۆته‌س و ئینفێرنۆ، ئاستى كه‌متره‌، به‌شێوه‌یه‌كى گشتى له‌ كاتژمێر 9:00ى شه‌و ئاهه‌نگه‌كانى ده‌ستپێده‌كه‌ن، چونه‌ژووره‌وه‌ بۆى تا كاتژمێر12:00ى شه‌و بۆ پیاوان به‌ خۆڕاییه‌، له‌دواى ئه‌و كاتژمێره‌وه‌ ده‌بێت به‌ پاره‌، بۆ ژنانیش چونه‌ژووره‌وه‌ تا كاتژمێر 2:00ى به‌ره‌به‌یان به‌خۆڕاییه‌ و له‌دواى ئه‌و كاتژمێره‌وه‌ ده‌بێت به‌ پاره‌.
وێنه‌ى ریكلامێكى یانه‌ى ئه‌ى جه‌یس
 دى جه‌ی-ه‌كانى ئه‌م یانه‌یه‌ بریتین له‌: دى جه‌ى عه‌لى، دى جه‌ى ئیلۆ، دى جه‌ى ئیلناز، دى جه‌ى حه‌نتوش، دى جه‌ى ئارۆ، دى جه‌ى مارۆ، دى جه‌ى سامۆ، دى جه‌ى مانۆ، دى جه‌ى ئاره‌زوو، كچه‌ سه‌ماكه‌ره‌كانیشیان بیانین به‌گوێره‌ى كات ده‌گۆڕێن، زۆر كاتیش گروپى سه‌ماكه‌ر له‌ ئاهه‌نگه‌كانیاندا به‌كارده‌هێنن.
– یانه‌ى شه‌وانه‌ى بێلا ڕینیژا، یه‌كێكى تره‌ له‌ یانه‌ شه‌وانه‌ به‌ناوبانگه‌كانى شارى هه‌ولێر و ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شه‌قامى قازى محه‌مه‌د، له‌سه‌ر رێگاى عه‌ینكاوه‌ و چوار ئه‌ستێره‌یه‌. ئه‌م یانه‌یه‌ له‌ كاتژمێر 11:00ى شه‌و ده‌ست به‌ ئاهه‌نگه‌كانى ده‌كات بۆ كاتژمێر 1:00ى به‌ره‌به‌یان، ئاهه‌نگى تایبه‌ن به‌ كچانى تێدایه‌، هاوشێوه‌ى یانه‌كانى تر چونه‌ژوره‌وه‌ و تا دوو خواردنه‌وه‌ بۆ كچان به‌خۆڕاییه‌.
دى جه‌ی-ه‌كانى ئه‌م یانه‌یه‌ بریتین له‌: دى جه‌ى میلاد، دى جه‌ى جاف، دى جه‌ى مارتن، دى جه‌ى مه‌هدیار، دى جه‌ى رودار، دى جه‌ى هه‌ردى، دى جه‌ى مه‌نسور، سه‌ماكه‌ره‌كه‌شیان به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى بریتیه‌ له‌ گۆگۆ دانسه‌ر.
– یانه‌ى وۆڵف، یانه‌یه‌كى تره‌ و ده‌كه‌وێته‌ ناو یانه‌ى زه‌نزیبار له‌ عه‌ینكاوه‌ له‌ هه‌ولێر، خاوه‌نى پێنج ئه‌ستێره‌یه‌. ئه‌م یانه‌یه‌ ئاهه‌نگه‌كانى له‌ كاتژمێر 9:00ى شه‌و ده‌ستپێده‌كه‌ن تا 3:00ى به‌ره‌به‌یان به‌رده‌وام ده‌بن. چونه‌ژووره‌وه‌ بۆ ژنانى به‌ته‌نیا له‌گه‌ڵ دوو خواردنه‌وه‌ به‌ خۆڕاییه‌.
دی جه‌ی-ه‌كانى ئه‌م یانه‌یه‌ بریتین له‌: دی جه‌ی شاهین، دی جه‌ی بڵند و دى جه‌ى دروم، دی جه‌ی مه‌نسور، دی جه‌ی جۆرج، دی جه‌ی سه‌ید بیهنام، دی جه‌ی حه‌نتوش، یه‌ڵدا، دی جه‌ی ناڤاك، دی جه‌ی جامبارى سانى، دی جه‌ی مه‌تین، دی جه‌ی كۆیی، دی جه‌ی تامپۆ، دی جه‌ی سامۆ و دی جه‌ی ئاره‌زوو، سه‌ماكه‌ره‌كانیشیان زۆربه‌ى له‌ وڵاتى ئێران-ه‌وه‌ ده‌هێنن.
وێنه‌ى ریكلامێكى یانه‌ى ئه‌ى جه‌یس
 – یانه‌ى شه‌وانه‌ى ئاورا، یه‌كێكى تره‌ له‌ یانه‌ شه‌وانه‌ به‌ناوبانگه‌كانى هه‌ولێر كه‌ ده‌كه‌وێته‌ شه‌قامى 60 مه‌ترى، خاوه‌نى چوار ئه‌ستێره‌یه‌، له‌ كاتژمێر 7:00ى ئێواره‌ ئاهه‌نگه‌كانى ده‌ستپێده‌كات، تێیدا ئاهه‌نگى شه‌وى (ڕوسى) و شه‌وى (فارسى) به‌ڕێوه‌ده‌چێت، كه‌ مۆسیقا و شێوه‌ى ئاهه‌نگه‌كه‌ به‌گوێره‌ى كه‌لتورى ئه‌و وڵاته‌یه‌. له‌م یانه‌یه‌دا له‌ ڕۆژى دووشه‌ممان چونه‌ ژوره‌وه‌ بۆ ژنان به‌ خۆڕاییه‌.
دی جه‌ی-ه‌كانى ئه‌م یانه‌یه‌ زۆرینه‌یان كچن و دیارترینیان بریتین له‌: دى جه‌ى شه‌هره‌زاده‌ و دى جه‌ى ئۆلگا ڕیازانۆڤا و دى جه‌ى نێوده‌وڵه‌تى كاتیوشا كه‌ ته‌نیا بۆ به‌شداریكردن له‌ ئاهه‌نگه‌ زۆر تایبه‌ته‌كان سه‌ردانى ئه‌و یانه‌یه‌ ده‌كات.
ئه‌م سه‌ره‌ڕاى هه‌بوونى چه‌ند یانه‌یه‌كى تر كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى لاوه‌كى كارده‌كه‌ن له‌ هه‌ولێر وه‌ك: لۆتۆ 9 كه‌ له‌سه‌ر رێگاى به‌حركه‌یه‌، مامۆنیا كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شه‌قامى قازى محه‌مه‌د.
وێنه‌ى كچێكى سه‌ماكه‌ر له‌ یه‌كێك له‌ یانه‌كانى هه‌ولێر
 كردنه‌وه‌ى یانه‌ شه‌وانه‌كان له‌ سێ پارێزگاكه‌ى ترى هه‌رێمى كوردستان، به‌ شێوه‌یه‌كى ئاشكرا هاوشێوه‌ى هه‌ولێر بوونى نیه‌، یانه‌ى نێوده‌وڵه‌تیشیان تێدا نیه‌، به‌ڵام زۆرى خواست له‌سه‌ر هه‌بوونى یانه‌ى شه‌وانه‌ وایكردووه‌، چه‌ند هاووڵاتیه‌ك داواى كردنه‌وه‌ى یانه‌ى شه‌وانه‌ له‌ سلێمانى و دهۆك پێشكه‌ش بكه‌ن.
له‌و باره‌یه‌وه‌ عه‌لى ڕه‌ئوف، به‌ڕێوه‌به‌رى گه‌شتوگوزارى سلێمانى ده‌ڵێت: “له‌ كۆتایی ساڵى 2018ه‌وه‌ هه‌شت كه‌س، داواى كردنه‌وه‌ى یانه‌ى شه‌وانه‌یان كردووه‌ له‌ شارى سلێمانى، به‌ڵام ئێمه‌ ڕێگه‌مان به‌ كردنه‌وه‌یان نه‌داوه‌، چونكه‌ به‌ باشمان نه‌زانیووه‌ له‌م كاته‌ى ئێستادا”.

ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات: “ئه‌گه‌ر گه‌ره‌نتى پێدانى مۆڵه‌تیان هه‌بێت، پێشبینى ده‌كه‌ین ڕێژه‌كه‌ زۆر به‌رزببێته‌وه‌”.

هاوكات له‌ دهۆك چوار كه‌س داواى كردنه‌وه‌ى یانه‌ى شه‌وانه‌یان كردووه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ خالید حه‌یده‌ر، به‌ڕێوه‌به‌رى گه‌شتوگوزارى دهۆك ده‌ڵێت: “چوار كه‌س داواى مۆڵه‌تى كردنه‌وه‌ى یانه‌ى شه‌وانه‌یان كردووه‌، یه‌كێكیان ڕه‌تكراوه‌ته‌وه‌، سیانه‌كه‌ى تریشیان تا ئێستا چاوه‌ڕێن”.

(هه‌موو یاساكانیان كه‌سین، له‌ژێر ره‌حمى یاسایی خاوه‌نه‌كانیاندا به‌ڕێوه‌ده‌برێن)

ئایا ئه‌م یانانه‌ به‌ یاسا به‌ڕێوه‌ده‌برێن؟
به‌ڕێوه‌بردنى یانه‌ شه‌وانه‌كان له‌ جیهاندا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى بابه‌تێكى هه‌ستیاره‌ هه‌میشه‌ یاسایی زۆر وردى بۆ داده‌نرێت و له‌ژێر مه‌رجى تونددا رێگه‌ به‌ كردنه‌وه‌یان ده‌درێت، به‌رده‌وام چاودێریش ده‌كرێن، به‌ڵام له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هیچ یاسایه‌ك نیه‌، چاودێرى ئه‌م یانانه‌ بكات، هه‌موو یاساكانیان كه‌سین، له‌ژێر ره‌حمى یاسایی خاوه‌نه‌كانیاندا به‌ڕێوه‌ده‌برێن.
وێنه‌ى ریكلامێكى یانه‌ى ئه‌ى جه‌یس
له‌و باره‌یه‌وه‌ ئارام شوانى، وته‌بێژى گه‌شتوگوزارى سلێمانى ده‌ڵێت: “ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزارى هه‌رێم هیچ یاسایه‌كى دیارى كراوى له‌ به‌رده‌ستدا نیه‌ كه‌ تایبه‌ت بێت به‌ كردنه‌وه‌ یان به‌ڕێوه‌بردنى یانه‌ شه‌وانه‌كان، ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ ته‌نیا تایبه‌ته‌ به‌ رێستۆرانت و باڕ، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ كه‌ دێته‌ یانه‌ شه‌وانه‌كان چاوپۆشى ده‌كرێت”.

داخستنى چه‌ند یانه‌یه‌كى شه‌وانه‌ له‌ 27ى ته‌موزى 2018، له‌ سه‌یرانگاى سه‌رچنار بووه‌ جێگه‌ى سه‌رنج، له‌كاتێكدا به‌رپرسانى ئه‌م شاره‌ ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ یانه‌ى شه‌وانه‌ به‌شێوه‌ى فه‌رمى له‌م شاره‌دا هه‌بێت.
له‌و باره‌یه‌وه‌ سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د، وته‌بێژى پۆلیسى سلێمانى ده‌ڵێت: “پێنج یانه‌ى شه‌وانه‌مان داخستن له‌ سه‌رچنار، به‌هۆى پابه‌ندنه‌بوون، به‌ مه‌رجه‌كانى گه‌شتوگوزار”.
هاوكات مه‌وله‌وى جه‌بار، سه‌رۆكى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزارى هه‌رێم، ده‌ڵێت: “ئه‌وانه‌ یانه‌ى شه‌وانه‌ نین، ته‌نیا باڕن و به‌ یانه‌ى شه‌وانه‌ دانراون، ئه‌وانه‌شى كه‌ داخراون یانه‌ى شه‌وانه‌ نه‌بوون، به‌ڵكو باڕ بوون ته‌نیا به‌هه‌ڵه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ به‌ یانه‌ى شه‌وانه‌ دانراون”.
یانه‌ شه‌وانه‌كانى هه‌ولێر چۆن خه‌ڵكى ده‌ڕوتێننه‌وه‌؟
سه‌ردانیكردنى یانه‌ شه‌وانه‌كانى شارى هه‌ولێر به‌ به‌راورد له‌ یانه‌ شه‌وانه‌كانى جیهان كه‌ له‌ هه‌مان ئاستدان، به‌ نرخێكى زۆر گرانن، هۆكارن بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندبوونى خاوه‌نه‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كى ناشه‌رعى. ئه‌گه‌ر به‌راوردێكى كورت بكه‌ین، له‌نێوان یانه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و گه‌وره‌ترین یانه‌ى شه‌وانه‌ى جیهان به‌ئاسانى ئه‌و جیاوازییه‌مان ده‌ستده‌كه‌وێت.
وێنه‌ى كچێكى سه‌ماكه‌ر له‌ یانه‌ى ئینفێرنۆ له‌ هه‌ولێر
 به‌سه‌ربردنى كات له‌ یانه‌یه‌كى شه‌وانه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌شێوه‌یه‌كى گشتى له‌سه‌ر كه‌سه‌كه‌ له‌ 40 دۆلار ده‌كه‌وێت، ئه‌گه‌ر یانه‌كه‌ چوار ئه‌ستێره‌ش بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت كاتبه‌سه‌ربه‌رێت له‌ یانه‌ى (پریڤلیج ئیبیزا) له‌ ئیسپانیا كه‌ گه‌وره‌ترین یانه‌ى شه‌وانه‌ى جیهانه‌، ناوى چووه‌ته‌ كتێبى گینسه‌وه‌، به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌ یه‌ك كاتدا 10 هه‌زار كه‌س ده‌گرێت، ته‌نیا 28 دۆلارى تێده‌چێت.
بۆچى یانه‌ شه‌وانه‌كانى هه‌ولێر هیچ ده‌سته‌به‌رییه‌كیان نیه‌؟
كردنه‌وه‌ى یانه‌ى شه‌وانه‌ له‌ وڵاتانى جیهاندا هه‌موو له‌ڕووى یاساییه‌وه‌، هه‌میش له‌ڕووى ئابورییه‌وه‌ بارێكى قورسه‌ و به‌ خه‌ڵكى ئاسایی هه‌ڵناگیرێت. ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا به‌ نموونه‌ وه‌ربگرین كه‌ وڵاتێكه‌ خاوه‌نى 62 هه‌زار و 602 یانه‌ى تۆماركراوه‌، به‌شێوه‌یه‌كى فه‌رمى تۆماركراون، ئه‌وا تێده‌گه‌ین نه‌ به‌ڕێوه‌بردنى یانه‌ى شه‌وانه‌ و نه‌ كردنه‌وه‌شى كارێكى ئاسان نیه‌.
بۆ كردنه‌وه‌ى یانه‌یه‌كى شه‌وانه‌ له‌ شارێكى ئاسایی نه‌وه‌ك له‌ شارێكى گه‌شتیارى به‌ تایبه‌تمه‌ندى ستاندارد له‌ ئه‌مریكا، كه‌سى سه‌رمایه‌دار 837 هه‌زار دۆلارى پێویسته‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى به‌ده‌ستهێنانى ئه‌م مۆڵه‌تانه‌ى خواره‌وه‌ له‌ڕووى یاساییه‌وه‌:
– مۆڵه‌تى بازرگانى
– مۆڵه‌تى تایبه‌ت به‌ دانى باج و چۆنیه‌تى دانى ئه‌و باجه‌، كه‌ باجى ساڵانه‌ و به‌رده‌وام له‌خۆ ده‌گرێت.
– مۆڵه‌تى ناوخۆى له‌ پارێزگارى ئه‌و شاره‌ى كه‌ یانه‌كه‌ى تێدا ده‌كرێته‌وه‌.
– مۆڵه‌تى تایبه‌ت به‌ ستافى یانه‌كه‌، كه‌ هه‌موو زانیاری و ورده‌كارییه‌كانى ستافه‌كه‌ى تێدا بێت.
– مۆڵه‌تى تایبه‌ت به‌ سه‌رجه‌م ئه‌و جۆرى خواردنه‌وه‌ كحولیانه‌ى كه‌ له‌ناو ئه‌و یانه‌یه‌دا ده‌فرۆشرێن، له‌ كۆمپانیاى به‌رهه‌مهێنه‌رى كحوله‌كه‌، پاشان پێشكه‌شكردنى ورده‌كارییه‌كه‌ى به‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ئه‌مریكا بۆ دڵنیابوونه‌وه‌ له‌ جۆرى كحوله‌كه‌ و لانه‌دان له‌ یاساكانى.
– دیاریكردنى مه‌رجى ته‌مه‌ن، بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى ده‌چنه‌ یانه‌كه‌وه‌.
– مۆڵه‌تى تایبه‌تى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ئه‌مریكا، بۆ پشكنینى سه‌رجه‌م ئه‌و خواردنانه‌ى كه‌ له‌و یانه‌یه‌دا پێشكه‌شه‌كرێن.
– وه‌رگرتنى مۆڵه‌تى تایبه‌ت به‌ ئاسایشى یانه‌كه‌، دیاريكردنى ستافى راهێنراوى تایبه‌ت به‌و كاره‌، به‌شێوه‌یه‌ك له‌لایه‌ن كۆمپانیاى كه‌رتى تایبه‌ته‌وه‌ و به‌ سیڤى تایبه‌تى په‌سه‌ند ده‌كرێن، پاشان راده‌هێنرێن دواتر ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن.
– تۆماركردنى یانه‌كه‌ له‌ ده‌سته‌ى باجى فیدراڵى ئه‌لكهول و توتن و بازرگانى.
– هه‌بوونى ده‌سته‌به‌رى ته‌ندروستى بۆ سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ره‌كانى یانه‌كه‌.
– ئه‌گه‌ر یانه‌كه‌ به‌ شێوازى مێژووى دروستبكرێت، ئه‌وه‌ دیسانه‌وه‌ مۆڵه‌تى تایبه‌تى پێویسته‌.
– هه‌بوونى مۆڵه‌تى تایبه‌تى شاره‌وانى.
– هه‌بوونى مۆڵه‌تى پابه‌ندبوون به‌ مافى میوان و سه‌ردانیكه‌ر، له‌ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ به‌ توندوتیژى، ده‌ستدرێژى، دزى….هتد.
ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى، له‌ هه‌ر جوڵه‌یه‌كى بازرگانى وه‌ك: گه‌شه‌دان به‌ یانه‌كه‌، گه‌وره‌كردنى، زیادبوونى ئه‌ستێره‌كانى، له‌ هه‌ر كاتێكدابێت پێویسته‌ مه‌رجى نوێى بۆ دابنرێت و دووباره‌ مۆڵه‌ته‌كانى پێداچوونه‌وه‌یان بۆ بكرێت.
وێنه‌ى كچێك له‌ یه‌كێك له‌ یانه‌ شه‌وانه‌كانى هه‌ولێر
له‌دواى كردنه‌وه‌شیان ئه‌م یانانه‌ ده‌چنه‌ قۆناغێكى نوێوه‌ كه‌ قۆناغى چاودێریكردنه‌، چونكه‌ ئه‌م یانانه‌ ده‌خرێنه‌ ژێر چاودێرى وردى سه‌رجه‌م ئه‌و لایه‌نانه‌ى كه‌ مۆڵه‌تیان پێداون. ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى، باجدان هه‌میشه‌ گه‌وه‌رترین كێشه‌یه‌ بۆ ئه‌و سه‌رمایه‌دارانه‌ى كه‌ یانه‌ى شه‌وانه‌یان هه‌یه‌، چونكه‌ به‌شێكى زۆرى ئه‌و سه‌رمایه‌ بێشوماره‌ى له‌م بازرگانییه‌دا ده‌ستیان ده‌كه‌وێت ناچارن به‌ ڕێگه‌ى جیاواز بیده‌نه‌وه‌ به‌ حكومه‌تى وڵاته‌كه‌یان، ئه‌گه‌ریش سه‌رپێچى بكه‌ن زۆر به‌ ئاسانى رووبه‌ڕووى داخستن ده‌بنه‌وه‌.
ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ى له‌ سه‌ره‌وه‌ باسكرا، به‌راوردى بكه‌ینه‌وه‌ به‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌ ئه‌و جیاوازییه‌ گه‌وره‌یه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت. له‌و باره‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ پۆلسى شارى هه‌ولێر باسى شێوازى كاركردنى ئه‌م یانه‌ شه‌وانانه‌ و ده‌ره‌ئه‌نجامه‌كانى نه‌بوونى یاسا تێیاندا ده‌كات و ده‌ڵێت: “ئه‌و كه‌سه‌ى ده‌چێته‌ ئه‌م یانانه‌ كه‌سێكه‌ هیچ ده‌سته‌به‌رییه‌كى نیه‌، به‌ كوردى خاوه‌نى خۆى نیه‌، چونكه‌ نه‌ گیانى پارێزراوه‌، نه‌ ڕه‌وشتى، ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر ژن بێت زۆر به‌ ئاسانى رووبه‌ڕووى ده‌ستدرێژى ببێته‌وه‌، هیچ یاسایه‌كیش نیه‌ پارێزگارى لێ بكات”.

(ئه‌و كه‌سه‌ى ده‌چێته‌ ئه‌م یانانه‌ كه‌سێكه‌ هیچ ده‌سته‌به‌رییه‌كى نیه‌)

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕوو: “ئێمه‌ شه‌وانه‌ له‌ كێشه‌ى ئه‌م یانانه‌ ئاگادار ده‌كرێینه‌وه‌، ڕۆژانه‌ به‌چاوى خۆمان نموونه‌ ده‌بینین، كوردستان وه‌ك ئه‌وروپا و ئه‌مریكا نیه‌، كه‌ یاسایی توندووتۆڵى هه‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ته‌نانه‌ت پیاوه‌كانیش پارێزراو نین. ئه‌وه‌شى گرنه‌ له‌بیر نه‌كه‌ین ئه‌وه‌یه‌، ئێمه‌ له‌ كوردستان پاشخانى كلتوریمان له‌گه‌ڵ ئه‌م یانانه‌ رانه‌هاتووه‌، یاساش نیه‌ رێكیان بخات، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ زۆركات حاڵه‌تى نه‌خوازراو و ترسناك به‌تایبه‌ت به‌سه‌ر كچاندا دێت له‌م یانه‌یه‌، چونكه‌ زۆر به‌ روونى به‌شێك له‌و پیاوانه‌ى ده‌چنه‌ ئه‌و یانانه‌وه‌ وابیرده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و كچانه‌ مووڵكى ئه‌وانن، ده‌توانن له‌گه‌ڵیان بخه‌ون، نازانن ئه‌و یانه‌ شه‌وانانه‌ ته‌نیا بۆ به‌سه‌ربردنى كاتێكى دیاریكراون”.

( تێبینى:)

له‌به‌ر نه‌بوونى به‌ڵگه‌ى پێویست و نادیارى خاوه‌نه‌ ڕاسته‌قینه‌كانیان، ره‌تكردنه‌وه‌ى قسه‌كردنى خاوه‌نه‌ رووكه‌شه‌كانیان، نه‌مانتوانى خاوه‌ندارییه‌تى یانه‌كان له‌م بنكۆڵكارییه‌دا بخه‌ینه‌ڕوو.
تێبینیکوردستانپۆست: ئەم بابەتە لە سایتی (snnc) وەرگیراوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە