حکومەتى هەرێمى کوردستان وەک خۆى
Tuesday, 12/05/2020, 22:07
فەزیحەى یەکەم
گەشتێک لە سلێمانییەوە بۆ گومرگى ئیڕاهیم خەلیل
لە سلێمانییەوە بەڕێکەوتم بۆ گومرگى ئیبراهیم خەلیل بارم بۆ هاتبو . دەبوایە فەحسى موختەبەر بۆ مەوادەکان بکرێت . بۆ نمونە مادەى وا هەیە هەر بۆ ڕەنگە پێویستى بە یەک کەوچکە چا هەیە بۆ فەحس . بەڵام ئەوان بۆ هەموو مادەیەک دوو کارتونى 40 کیلۆیی دادەگرن . هەر کیلۆى بە 40 دۆلارە . واتە 80 کیلۆکە ئەکاتە 3200 دۆلار . بۆ هەموو مەوادەکان بەم شێوەیە .
سەیرەکە لەوەدایە دواى فەحسەکە کارتۆنەکان ناگیڕنەوە و دەڵین ئەوە فەرمانە پێمان کراوە . دیارە بۆ ئەرشیف هەڵیان دەگرن . بۆ ئەوەى ئەو کارتۆنانە نەشکێنن چونکە دوایی دەیانفرۆشنەوە ، دین لە کارتونى ترى بارەکە نمونە بۆ فەحس دەبەن . دوایی بەدوادا چۆنمان کرد ئەم کارتۆنانە بە کەسێکى تر دەفرۆشنەوە و ئەو کەسەمان دۆزیەوە و هەر کیلۆى بە 7 هەزار دینار لێمان کڕیەوە و کابرا وتى خۆم بە 5 هەزار کڕیومە.
دواى ئەوەى فەحس تەواو بو چوم پارەى گومرگ بدەم . وتیان باجەکەى دەکاتە 500 دۆلار . پارەکەم داو پسوڵەیان نەدامى .
سەیرکەن جگە لە پارەى گومرگ بایی چەندین هەزار دۆلاریش مەواد دەبەن و ناشتوانى قسە بکەى . ئەمەش داهێنانە لە دزیکردندا . ئەگەر بەرپرسانى حکومەت و وەزیرى دارایی تا ئێستا نەیان زانیوە ئەمە دەگوزەرێت لە گومرگى ئیبڕاهیم خەلیل ، فەرمون ئێستا بیزانن ، بزانین چى دەکەن ؟ ئەمە تەنها یەک جۆر دزییە لەو سەدان جۆرى دزیەى کە لە گومرگ دەکرێت . ئەمە یەک نمونەى گەندەڵیەیە لەو هەزاران گەندەڵیەى لە سێکتەرەکانى تریشدا دەکرێت .
دواى هەمو ئەو قاچ و قوچەى لە گومرگ دەکرێت لە نیوەى کەمتر دەنێرن بۆ خەزێنەى حکومەت و باقیاتەکەى بەشى حیزب خۆیەتى . کاتى خۆشى سەید ئەکرەم لە درکندنى ئەو ڕاستییە لە گومرگ دەرکراو خراشە زیندانەوە .
هەر هەمان کەس دەڵێت : بارم بۆ هات بۆ گومرگى باشماخ . لەوى َ هەموو مامەلەکەم تەواو کرد . فەحسى موختەبەر بۆ مەوادەکان کران و هیچ کێشەیان نەبوو . بەڵام ڕەزامەندى هەولێرى دەویست بۆ داخڵ کردنى بارەکان .
بە کورتى تەنها بۆ ئێمزاکردنى مامەلەکەم لە نێوان چوار کەسدا لە هەولێر ، ماوەى 10 ڕۆژى خایاند . کە هاتمەوە خاوەن تڕێلە بۆ هەر شەو ڕۆژێک بڕى 200 دۆلارى لێ وەرگرتم . واتە ماوە 10 ڕۆژ چاوەروِانى و دوو هەزار دۆلاریش حەقى ڕاوەستان . دەوڵەت دارى بە ڕۆتینیان نابرێت بە ڕیوەو خەڵکى خۆى پێویستە.
فەزیحەى دووەم
لە بەروارى 15/4/2020 تا 15/11/2020 بە بڕیار هاوردەکردنى پەتاتە قەدەغە کراوە بۆ پشتیوانى بەرهەمى ناوخۆیی . لە 10/3/ 2020 ئاگادارى هەموو بازرگانەکان کراوە کە دواى 15/4 پەتاتە بهێنن هەرکیلۆى 600 دینار باجى دەخرێتە سەر .
بەڵام بەڕێوەبەرى گشتى گەشە پێدانى پیشەسازى لە وەزارەتى بازرگانى ، بەڕێز ئاراس ڕەئوف عارف لە بەروارى 4/2/2020 نوسراوێکى کردوە بۆ وەزارەتى دارایی کە ڕێگا بدەن خاوەنى کارگەى دروستکردنى جبسى پەتاتە بڕى 6500 شەش هەزار و پێنج سەد تەن پەتاتە هاوردە بکات لە ماوەى 6 مانگدا .
بە مەرجێک خۆشى باش دەزانێت دواى 15/4 هەرکیلۆیەک پەتاتە بڕى 600 دینار باجى دەخرێتە سەر . خاوەنى کارگەکە لە دوای 15/4 / 2020 یەکەم وەجبەى پەتاتەى لە گومرگى باشماخەوە داخل َکردوە ، کە دەکەوێتە کاتى قەدەغە کردنەکە . کاتێک پەتاتەکە فەحس دەکەن ، سەیردەکەن هەموى چەکەرەى کردوە بەکەڵک نایەت .
لە وەش سەیرتر کە سەیرى نوسراوى ڕێ پێدراوەکەى دەکەن ، دەبینن لە پێدانى باجیش بەخشراوە . باجیش بۆ هەر کیلۆیەک 600 دینارە . باجى هەموى دەکاتە 4900 چوار ملیارو نۆسەد ملیۆن دینار . بە دۆلاریش دەکاتە 3250 سی ملیۆن و دوو سەدوو پەنجا دۆلار . نازانم چۆن ئەمە بەسەر وەزیرى داراییدا تێپەڕیوەو ئیمزاى کردوە بۆ بەخشین لە باج ؟.
وەکو زانیاریش هەیە خاوەنى ئەو کارگەیە ساڵى پاریش لە گومرگ بەخشراوە . تەنانەت بەخشین بۆ شیشى ئاسن و شتى تریش کراوە . پرسیار لێرەدا ئەمەیە : چۆن ئەم بەڕێوەبەرە کڵاوى کردە سەرى وەزیرى بازرگانى و دارایش ؟ ئەگەر بەوە فریومان بدات بڵێت ئەم پەتاتانە بۆ خواردن نییەو بۆ جبسەو لە کوردستان نییە ، ئەى بەخشین لە گومرگ چ مانایەکى هەیە ؟
چۆن کەسێک دەبەخشرێت لەو هەموو پارەیە ؟ لە پێناوى چێدا ؟؟ دیارە ئەمە بی َبەرامبەر نەکراوە و بە درێژایی ساڵەکانى تریش ئەم فەرهودە کراوەو تا ئێستا کەسێک لێ پێچینەوەى لەگەڵ نەکراوەو کەسیش سزا نەدراوە .
خۆش بەختانە فەزیحەکە ئاشکرا بوو لە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانەوە بە نوسسراو بەخشین قەدەغە کرا . ئەمە بڕیارێکى باشە . خۆزگە بەردەوام بەدواداچون بکرێت و بریارى لەو شێوەیەش بدرێـت و سزاشى بەدواوە بێت .
بەڵام بە بۆچونى من حەق وایە لێپرسینەوەو بەدواداچون بۆ کارەکانى پێشوى ئەم بەڕیوەبەرە بکرێت و بزانن ئەمە یەکەم کاریەتى ، یان کارى تریشى لەو جۆرە کردوە . هێوادارم سزاى ئەوانەى ئیبڕاهیم خەلیلیش بدەن کە لە برى بردنى یەک کەوچکى چا مەواد بۆ فەحس ،دوو کارتون دەبەن بۆخۆیان .
فەزیحەى سێیەم
لە کابینەى هەشتەم کە ڕێباز حەملان وەزیرى دارایی بوەو لە هەمان کاتیشدا وەزیرى کشتوکال َبوە بە وەکالەت ، نوسراوى کردوە بۆ گومرگى باشماخ کە ڕێگا بدەن بە (عەمر یان زەید ) بڕى 300 سێ سەد هەزار کارتون کە هەر کارتۆنەى 100 تەبەق هێلکەى تێدایە .، بەمەرجێکیش لەو کاتەدا هاوردەکردنى هێلکە قەدەغە بوە . کارەسات لەوەدایە جەنابى وەزیرلەپێدانى گومرگیش بەخشیویەتى. کە واتە جەنابى وەزیر دوو جار سەرپێچى یاساى کردوە .
لە ساڵ لە ساڵى 2019 و 2020 لەبەر ئەوەى هاوردەکردەکردنى هێلکە قەدەغە بوە ، ڕێژەى باجى گومرگیش نازانین . بەڵام ئێمە ڕێژەى گومرگى ساڵى 2018 دەکەینە بنەما بۆ حسابکردنى پارەى گومرگى ئەو هێلکانە . ئەو کات باجى تەبەق هێلکەیەک 350 دینار بوە . کەواتە پارەى گومرگى یەک کارتون دەکاتە 35000 دینار .
پارەى گومرگى 300 هەزار کارتون دەکاتە دەملیار و پێنج سەد ملیۆن دینار . بە دۆلاریش دەکاتە نزیکەى 8 ملیۆن دۆلار و نیو . لەگەڵ قازانجى فرۆشتنى هێلکەکان دەگاتە نزیکە 20 بیست ملیۆن دۆلار . بۆیە لەو کاتەوە ڕەجەب کراوەتە سەرپاڵە حالیشمان ئاوا جوانە .
لە ساڵى 2019 وە تا ئێستاش هاوردەکردنى هیلکە قەدەغە کراوە ، بەرپرسانى حیزبیش بەردەوام هێلکە هاوردەدەکەن . قازانجەکەى بۆ حکومەت نییە و بۆ بەرپرسانى حیزبە . پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەگەر لەم هەرێمە شتێک هەبێ بەناوى حکومەت ، نابێ پرسینەوە لەو وزیرە بکرێت و بزانن چۆن و بۆچى و بە چ دەسەڵاتێک حەق بە خۆى دەدات بڕیارى لەو شێوەیە بدات ؟ . بەڕاست ئەمە حکومەتە ئێمە هەمانە ؟. دیارە لەم هەرێمەدا یاسا نییەو کارەکان بە میزاجى شەخسى دەکرێن .
فەزیحەى چوارەم
لە مەرزەکان کۆمیانیاى جۆراو جۆر هەیە بۆ وەرگرتنى پارە . بەناوى سۆنەر ، نەشتەرگەرى ، قەپان، سەرانە و زۆر شتى تر . هیچ کۆمپانیایەک نییە ، بەرپرسێکى حیزبى شەریکى نەبیت . هەندى کۆمیانیا هەیە کە گوایە فەحسى مەوادەکان دەکات ، هەر ئامێریشى نییە .
ئەگەر ئەم کۆمپانیانە پێویستن بۆچى حکومەت خۆى سەرپەرشتیشیان ناکات ، بۆ ئەوەى پارەکە بۆ حکومەت بگەڕێتەوە ؟ چۆن دەبێت حکومەت خۆى دزى لە خۆى بکات ؟ . دیارە بۆ خاترى بەرپرسەکانى حیزب دانراون کە پارەیان دەست کەوێت . ئێستا لە گومرگەکەن کاڵاى زۆر داخڵ دەکرێت کە هاوردەکردنى قەدەغەیە . وەکو هێلکە و پەتاتە .
بەڵام ڕۆژانە زۆربەئاسایی دێتە ناو هەرێمەوە باجێکى زۆر وەردەگیرێت و بۆ حکومەت نییە . ئەوانەى ئەوەدەکەن کەسانى ئاسایی نین ، دەسەڵاتدرانى ناو حیزبن کە بەشێکن لە دەسەڵاتى ئەم هەرێمە . کەواتە مرۆڤ چ دڵێکى بەم حکومەتە خۆشبێت .؟.
حکومەت هاوار دەکات دەڵێ، ئیفلاسمان کردوە ، ئەوەتا موچە نادرێـت. لە ناچاریدا تەسلیم بە بەغدا بونەوە ، لەولاوە خەریکى تاڵانین لە گومرگەکان . ئەمە تەنها چەند نمونەیەکى زۆر کەمن لە گەندەڵى ناو گومرگەکان .
ئەى گەندەڵى و تەخشان و پەخشان لە بوارى زەوی و زاردا . لە بوارى بازاڕ قۆرخ کردندا و خۆدزینەوە لە پێدانى باج . لە بوارى وەبەرهێنان و دروستکردنى باڵەخانەدا هەموو بوارەکانى تریش دەبێ چۆنبیت . بوارى نەوتیش لاى هەموان ئاشکرایە و بو بە مایەى ئیفلاسبونى و حکومەت .
ئەگەر لەناو هەموو دام و دەزگاکانى حکوموتدا بەم جۆرە تاڵانى بکرێت و گەندەڵى بوبێتە کەلتور هاوڵاتى چ ئومێدێکى بەم دەسەڵاتدرانە دەمێنێت . لە ئێستادا لەناو زۆرێک لە دام و دەزگاکانى حکومەتدا تۆڕێک بۆ ئەنجامدانى گەندەڵى لە سەرى سەرەوە تا خوارى خوارەوە دروست بوە . سێ سێ و چوار چوار سەریان بەیەکەوە ناوەو بەرنامەى دزى و گەندەڵى دادەڕێژن .
داهێنانى تازە دەکەن لەچۆنیەتى دزیکردندا . هەر پڕۆژەیەک پێویستى بە ڕەزامەندى دەست بەکاربونى هەبێت ،بی َپێدانى بەرتیل ئێمزا ناکرێت . هیچ پڕۆژەیەک نییە ئەگەر بڕى تێچونى بگاتە ملیۆنێک دۆلار و بەرپرسێکى حیزبى شەریکى نەبێت .
کەواتە ئەو سەرینە بخەن ژێر سەرتان کە هەرگیز چاکسازى بە ئەمانە ناکرێت ، چونکە ئەوەى ئێستا هەیە بەرهەمى کارى ئەمانەیە. چاکسازى بە کەسانى دڵسۆز و دەست پاک و نیشتمان پەروەر دەکرێت ، نەک کەسانى تاڵانچى .
حکومەت لە برى هەوڵ بدات چارەسەرێک بۆ ئەم بارودۆخە بدۆزێتەوە ، باسى هەر گەندەڵییەک بکەێت ، پێت دەڵێن کوا بەڵگە ، بیدەنە دادگا . ئاخر دادگا نییە بۆیە ئەم تالاِنیە دەکرێت . نە دادگا بیلایەنەو نە یاساش سەروەرە . لە کاتێکدا حکومەت موچەى پێ نەدرى ، هەرچى سەرچاوەى داهاتیشە دەستى بەسەردا بگرێت ، بەرپسانى حیزبیش باج نەدەن ، داهاتى نەوتیش دیار نەبێت ، حکومەتى عێراقیش موچە نەنێرێـت ، ئەم بەرپرسانەش دەست بەردارى دەسەڵات نەبن و سەربارى هەموو ئەمانەش هەڕەشە بکەن ، ئەى هاوڵاتیان دەبی َچى بکەن ؟.
یان دەبێ بێدەنگى هەڵبژێرن تا ئێستا چۆن ڕۆیشتوە با هەر ئاوا بڕوات . یان دەبێ خەڵک لە خەو بێدارببنەوەو بەم بارو دۆخە ڕازی نەبن و دەست بکەن بە خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەڕیرین .
ئەگەر ئەمە ئەنجامى نەبوو ، دەبێ دەست بکرێت بە ئەنجامدانى ڕاپەڕینى گشتى ،چونکە ڕێگا چارەیەک نامێنێت . بەڕاستى بارودۆخەکە زۆر مەترسیدارە چونکە هەڵسو کەوتى بەرپرسەکان ئەوەمان پی َدەڵێ کە ئەمانە ئومێدیان بە پاشەڕۆژى ئەم هەرێمە نەماوەو ئەوەى ئێستا دەگوزەرێت وەکو شاشبەتاڵ و بێ ئومێدى وایە ، بۆیە هەرکەس بۆخۆیەتى و ئەوەتا بە بەرچاومانەوە وڵات تاڵان دەکرێت و کەسیش لە خەمى هاوڵاتیان نییە . دیارە ئەمانە ئەهلى دەوڵەت دارى نین . کەواتە دەبێ تازوە میللەت فریاى خۆى بکەوێت .
دکتۆر عەلى وەردى دەڵێت :
ستەمکار هەست بە ستەم ناکات ، تا خەڵکى دەورو بەریان چەیڵەیان بۆ لێدەن . بۆیە تکایە واز لەچەیڵە لێدان و پێدا هەڵدان بێنن. کاتى ئەوەیە بێنە دەنگ و بڵێن ئیتر بەسە .
3/5/2020
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست