هەرێمى کوردستان و ئایندەیەکى نادیار ؟
Saturday, 02/05/2020, 1:55
لە دەست پێکردنى شۆڕشى ئایلولەوە هەتا ئەم ساتەى ئێستا ، هیچ کاتێک کوردى باشور وەکو ئێستا بێ ئومێد نەبون . وەکو ئێستا ئایندەیان مەترسیدار نەبوە . وەکو ئێستا چارەنوسیان نا دیار نەبوە .
هیچ ئاسۆیەکى ڕونیان لەبەردەمدا نەماوە . لە ڕاستیدا ئەمە ئاشبەتاڵى ساڵى 2020 کوردە بەڵام لە بەرگێکى ترو لە فۆڕمێکى تردا. ئەم ئاشبەتاڵە زۆر مەترسیدار ترە لە ئاشبەتاڵى 1975 و ئەمەشیان هەر پارتى و بنەماڵەى بارزانى بەسەر کوردیان هێنا .
ئەمەیان ئاشبەتاڵى بی َئومێدبونە ، بێ ئیرادە بون و تەسلیم بونە . ساڵى 1975 ئاشبەتاڵمان کرد ، بەڵام شاخەکانمان لە دەست نەدا . ئەمجارەیان پێش ئەوەى ئاشبەتاڵ بکرێت شاخەکانیش ڕادەستى دوژمن کراون .
مەسعود بارزانى نێوەى بادینانى تەسلیم بە تورکیا کردوەو ئەوەتا خەریکە زینوى وەرتیش تەسلیم بە تورکیا بکات پەکەکە دەپەڕێنێت . 6-7 هەزار ئاوارەى سورى چەکدار کردوە بۆ ئاژاوە نانەوە لەناو کوردانى سوریادا . ئاشبەتاڵى سیاسى ئەمجارەمان بە لەدەستدانى سامانى ژێر زەوى نەوەکانى داهاتومان تەواوبوو . بەدەستى خۆمان ماڵى خۆمان وێران کرد شاخ و سامانى سەر زەوى و ژێر زەویمان لەدەستدا .
سەرکردەکانى کوردى باشوور خاوەنى بەرنامەو ستراتیج و ئەجینداى نیشتمانى نەبون . شارەزای سیاسەت نەبون . بە میزاجى شەخسى و بۆ بەرژەوەندى خۆیان و بنەماڵەو حیزبەکانیان ئیشیان کردوە . خەلکانى ئەنانی و خۆپەرست بون. گوێیان بۆ کەس نەگرتوە . پارتى بێ ڕەزامەندى هاولاِتیان تاک لایەنە دەستى بە دەرهێنان و فرشتنى نەوت کردو هەرێمى کوردستانى توشى ئیفلاسى سیاسى و دارایی کرد.
مەسعود بارزانى تاک لایەنە بڕیارى ڕیفراندۆمى داو بەو هۆیەوە نیوەى خاکى کوردستانمان لە دەست دا . ئەم کارەساتەى ئێستاى بەدوادا هات. گەڕانەوە بۆ بەغدا وتەسلیم بونى کورد بەبێ مەرج تەنها لە پێناوى موچەدا ،خۆى لە خۆیدا ئاشبەتاڵە . هیچ باسێک لە بەغدا نییە جگە لە باسى موچە . مادەى 140 و کێشەى ناوچە دابڕێنراوەکان کرانە قوربانى هەڵەى ئەم سەرکردە تاڵانچیانە .
لە هەموى سەیرتر ئەوەیە وەڤدى کوردى لە بەغدایە بە سەرۆکایەتى قوباد تاڵەبانى ، بەڵام ئەندازیارى بەتاڵابردنى نەوتى کوردستان ، ئەندازیارى ئیفلاسکردن بە هەرێمى کوردستان تا دەگاتە لە دەستدانى قەوارەى هەرێمى کوردستانیش ئاشتى هەورامى لێی بەرپرسیارەو ئەندامى وەڤدەکە نییە . ئەمە پرسیارەو وەڵامى دەوێت .
لە ئێستادا حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بارودۆخێکى زۆر خراپدایەو هەموو دەرگاکانى بە ڕودا داخراون . ژێرخانى ئابورى هەرێمى کوردستان لە ئاستى سفردایە . لە ساڵى 2020 هیچ موچەیک نەدراوە. حکومەتى عێراقیش قسەى سوارەو لە مەرکەزى قوەتەوە قسە دەکات ، چونکە حکومەتى هەرێم پابەندى ڕێکەوتنەکەى نێوانیان نەبوە .
لە ئێستادا حکومەتى هەرێم ڕازییە هەموو دۆسییەى نەوت ڕادەستى بەغدا بکاتەوە لە بەرامبەر ئەوەى بەغدا موچەى فەرمانبەران بدات ، بەڵام حکومەتى بەغدا هەر بەڕادەستکردنى نەوت ڕازى نییە بەڵکو داواى داهاتى گومرگ و ناوخۆش دەکات . کەواتە کورد هیچ کارتێکى بەدەستەوە نەماوە جگە لە تەسلیم بون . تەسلیم بونیش بەماناى ئاشبەتاڵى سیاسى .
ئایندەى خەڵکى کوردستان بە کوێ دەگات ؟
هەروەکو لە سەرەوە وتم لە ساڵى 2020 حکومەتى هەرێم موچەى نەداوە . لەوانەیە خەڵک هەرچۆنێک بێت بەرگەى دوو مانگ یان سێ مانگى تر بگرن ، بەڵام دواجار بارى گوزەرانى خەڵک زۆر خراپ دەبێت و شیرازەى پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانیش لەبەر یەک هەڵدەوەشێـت . هاولاِتیان دەگەڕێنەوە بۆ ساڵانى نەوەدەکانى دواى ڕاپەڕین . بەدوریش نازانریت دواجار ئەمە سەر نەکێشێت بۆ ئەنجامدانى ڕاپەڕێنێکى گەورە.
تا ئێستا حکومەتى هەرێمى کوردستان هەر ناو بوەو چەترێک بوە بۆ شاردنەوەى کارە قێزەونەکانى دوو حیزبى دەسەڵاتدار . لە ڕاستیدا دامەزراوەیەکى پۆلیسى تاڵانچى تۆقێنەربوە نەک حکومەت . ئەم حوکمڕانیەى ئێمە لە بنەڕەتەوە بۆ تاڵانى سامانى ئەم وڵاتە دروست بوە و هەر واش دەرچوو .
مام جەلال و مەسعود بارزانى چون بۆلاى پۆڵ برێمەر لە جیاتى داواى گەڕانەوەى خاکى کوردستان و کەرکوک بکەن، داواى پارەو پۆستیان کرد . زیاتر لە ملیارێک دۆلاریان وەرگرت و ئێستاش بۆ کەرکوک دەگرین .
ئەم دوو سەرکردە مەزنە تا دروستبونى گۆڕان مانگانە هەر یەکەى 35 ملیۆن دۆلاریان لە بودجەى هەرێم دەبرد بۆخۆیان . ئەم دوو بەڕێزە 4 ملیار دۆلارى شیرینى گریبەستە نەوتییە کانیان بە یەک گوژمە بۆخۆیان برد لە کاتێکدا هەرێمى کوردستان ئێستاشى پێوەبێت کارەباى نییە .
پاشماوەى ئەنفال ئاوى خواردنەوەیان نییە . بەم پارەیە ژێرخانى ئابورى هەرێمى کوردستانى پی َبنیات دەنرا . بۆ ئاگادارى هەمولایەک پارەى شیرینى هەر ئەوە نەبوە . کەواتە ئومێدێک نییە لە ژێر سێبەرى حوکمڕانى نەوەى ئەم سەرکردانە هیچ پێشکەوتنێک بەدەست بێت جگە لە ماڵ وێرانى .
پیرەمێردى نەمریش دەڵێت :
دزو پاسەوان کردەیان یەک خەن - گاجوت بە کونەبانا سەردەخەن
هەرگیز بە لیژنە ناکرێ چاکسازى - چۆن شەریکە دز دەکرێ بە قازى
ئەرکى هاوڵاتیان لەم قۆناغەدا چییە؟
دۆخەکە زۆر مەترسیدارە . پارتى دەستى گرتوە بەسەر هەموو جومگەکانى دەسەڵاتدا . ئیفلاسى بە هەرێمى کوردستان کردوە . سامانى ئەم وڵاتەى تاڵان کردوە . دۆسیەى نەوت لە خۆیان زیاتر کەسى تر ئاگاى لە هیچ نییە . پەڕلەمانى بێ دەسەڵات کردوە . لە ئێستادا حکومەتێکى پۆلیسى تاڵانچى تۆقێنەر حوکمى هەرێمى کوردستان دەکات و سەرۆکەکەى وەکو قوتابیانى پۆلى یەکى سەرەتایی سەیرى وەزیرەکان دەکات . هیچ وەزیرێک ناتوانێت بڵێ بەرنامەم ئەمەیەو دەمەوێت ئەوەبکەم . بەڵکو دەڵێت : داوام کردوە ئەوە بکرێت . واتە بڕیار لاى وەزیر نییە . یەکێتى بەقەدەر پارتى تاوانبارە . ئەگەر شەریک نییە لە گەنەڵیەکان بۆچى بۆتە پشتیوانى ئەم حکومەتە پۆلیسیە .
لێرە بەدواوە گاڵتە بە خۆکردنە کارمەندانى تەندروستى و مامۆستایان و کەم ئەندامان و فەرمانبەران و موچە خۆرەکانى تر جیابەجیا مان بگرن و خۆپیشاندان بکەن .
حکومەت حساب بۆ ئەو جۆرە خۆپیشاندانانە ناکات چونکە پێشتر خەڵکى تاقیکردۆتەوە . کاتى ئەوەیە هەموو چین و توێژەکان بەیەکەوە دەست بکەن بە خۆپیشاندان و داواکاریان هەبێت . نابێ چیتر ئەم بارودۆخە قبوڵ بکرێت .
لە ڕاستیدا بونى حکومەتێکى ئاوا ماڵ وێرانکەر مانایەکى بۆ مانەوە نەماوە . پەڕلەمانێکى بێدەسەڵات نەبونى باشترە . دەزگاى سەرۆکایەتى هەرێم هەر لە بنەڕەتەوە زیادەیە .ئەم سی َدامەزراوەیە و بارەگاى بارزانیش خەرجییەکى زۆریان هەیە و بونە بارێکى قورس بەسەر قوتى هاوڵاتیانەوە .
.کاتى ئەوەیە هێزى پێشمەرگە بێنە سەرخەت و داوابکەن لیستى ناوەکانیان پاک بکرێتەوە لە ناوى بندیوار و ئەندامانى حزبى پارتى . با هیچى تر پێیان نەڵێن میلیشیاى حیزبى .
کاتى خۆى حکومەتى بەغدا ڕازى بوو ناوى 70 هەزار پێشمەرگە بخاتە سەر وەزارەتى بەرگرى و هەموو موچەو پێداویستیان بۆ دابین بکات . ئێستاش و ئەو کاتەش 70 هەزار پێشمەرگەى ڕاستەقینەمان نەبوە . ئەگەر ئەوە قبوڵ بکرایە ، موچەکانیشیان زیاتر و مسوەگەرتر دەبوو . بەڵام پارتى بۆ شاردنەوەى ناوى بندیوارەکانى لەناو لیستى پێشمەرگەدا ، ئەوەى قبوڵ نەکرد و ئەو زیانەشى بە پێشمەرگە گەیاند. هەتا ئێستاش لیستى ناوەکانى هێزەکانى 80 نەداوە بە وەزارەتى پێشمەرگە لە پێناوى شاردنەوەى ڕاستییەکان
کاتى ئەوەیە هەموو چین و توێژەکانى کۆمەڵگا هەموو موچەخۆران . ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى ، ڕۆشنبیران ، هەموو خوێندکاران ، هەموو دەرچوانى زانکۆو پەیمانگاکان ، مامۆستایان و خوێنکارى زانکۆکان کە ئایندەیان وەک تاریکە شەو وایە بەیەک جار بێنە دەنگو بە نوسراو داوا لە حکومەت بکەن : کاتى ئەوەیە دان بە شکستى خۆتاندا بێنن .
پارە دزراوەکانى میللەت بهێننەوە . واز لە قۆرخکردنى بازاڕ بهێنن . واز لە تاڵانکردنى پارەى گومرگەکان بهێنن . واز لە داگیرکردن و دابەشکردنى زەوى وزار بهێن . ئەو 7 هەزارئاوارەى سوریا کە پارتى کردونى بە موچە خۆر بۆ دژایەتى کوردانى سوریا ، موچەکەیان ببڕن و لە برى ئەوە بیدەن بە کارمەندانى تەندروستى .
ئەگەر وەلاِمیان نەبو دەست بکرێت بەمانگرتن و خۆپیشاندانى سەرانسەرى لە هەموو شارو شارۆچکەکان هەتا وەڵامى داواکاریەکان دەدەنەوە . پێیان بگوترێت : بەسە ماڵ وێرانکردن ، بەسە تاڵانى ، بەسە کوشتن و سزادان ، بەسە کلکایەتى بۆ دوژمنان ، بەسە قۆرخکردنى دەسەڵات و تاڵانکردنى سامانى نیشتمان .
پێیان بگوترێت : ئێوە لە دواى 29 ساڵى حوکمڕانیتان سەرکەوت و نەبون و وڵاتتان توشى کارەسات کرد. ئەوە 5 مانگە موچەتان نەداوە. ئیتر بەس نییە تاڵانى قوتى ماڵ و مناڵمان و چیتان لێمان دەوێت . تکایە بە ئاشتیانە دەست بەردارى دەسەڵات ببن . ئەگەر وەڵامى خۆپیشاندەرانیان نەدایەوە ، هاوڵاتیان بەکۆمەڵ دەست بە ڕاپەڕینى سەرانسەرى بکەن ، داوا بکەن حکومەتێکى ڕزگارى نیشتمانى لە کەسانى تەکنۆکرات و بێلایەن و دەسەت پاک و نیشمان پەروەر پێک بهێنرێت . ئەوە حەقى شەرعى و یاسایی میللەتە . ئەم دەسەڵاتدرانە ماوەى 29 ساڵە بۆخۆیان کاردەکەن و ئێمەش بۆ ئەوان .
لەبرى ئەوەى گۆمەڵکا بە باشى بەڕیوەبەرن و ژیان وگوزەرانى خەڵک باش بکەن ، کۆى کۆمەڵگایان داگیرکردوە و تاڵانیشیان کردوەو دەستیشیان کردوە بە فرۆشتنى . کاتى ئەوەیە لێرە بەدواوە ئێمەش بۆخۆمان کاربکەین .
دواى هەموو ئەمانە ، ئەگەر خەڵک هەر بێ دەنگ بن ، ئەوانیش دەستیان خۆشبێت و میللەتیش ئەم بارودۆخەى پیرۆزبێت و هەر بۆ ڕیسواکردن باشن . چونکە وادیارە شانیان ئەوە هەڵدەگرێت و هەر قابیلى ئەوەن ئەمانە حوکمیان بکەن . جان جاک ڕۆسۆ دەڵێت :
هەر میللەتێک بێ مەرج خۆى ڕادەستى دەسەڵاتێک بکات لە بەرامبەردا هیچ وەر ناگرێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست