لەسایەی دەسەڵاتی حوكمی مەركەزدا لە فەرمانگاكانی كوردستاندا چی دەگوزەرێ و چۆن دەگوزەرێ
Saturday, 02/05/2020, 1:46
چەند ساڵێك پێش ئێستا 21-07-2017 لە ئەڵمانیاوە گەڕابومەوە كوردستان . بەڵگەنامەیەكی لەدایكبوونم دەویست بۆ فەرمانگاكانی ئەڵمانیا ...لەدوای تەواوكردنی ئیشوكاری فەرمانگەی ( جنسییەو نفوس ) لە پشتی بازنەی مەلیك محمود ناردیانم بۆ ... ئەو فەرمانگەیەی كەوتۆتە خوار فولكەی مامەڕیشەوە لە گەڕەكی چوارباخ . لەدوای ئەوەی هەرلەپاسەوان و پۆلیسی بەردەرگاكەوە خۆیان لەئیش و كارەكان هەڵقورتاند و لێی پرسیم بۆكوێ دەچیت .!؟ گوتم ئەو مامەڵەیەم پێیەو پێویستم بەو بەڵگەنامەیەكە لێرە . كاتژمێر چارەكی دەویست بۆ یانزەی نیوەڕۆ ...كەچی پاسەوانەكە گوتی ; ئەمڕۆ فریاناكەویت و سبەینێ وەرەوەو تۆزێكی تر دەوام تەواودەبێت .! گوتم كاكە خۆ هێشتا هەر بەبەیانییەو هێشتا نەبۆتە نیوەڕۆ تۆ چوزانیت فریاناكەوم .!؟ بەكورتی چومە ژورەوە گوتیان بەیانی وەرەوە . بەیانی چومەوە گەڕان و ناوەكەمیان نەدۆزییەوە، گوتیان بەیانی كاتژمێر هەشت وەرەوە بۆت دەگەڕێین . بەیانی پێش كردنەوەی فەرمانگە چومە ئەوێ و وەستام تاهاتن و كردیانەوە . دیسانەوە چاوێكیان پێداخشاندو گوتیان ناوت نییە .! گوتم چارە ئێستا چیبكەین .!؟ گوتی بڕۆدەرەوە با لەژووری بەشی كۆمپیتەر بۆت سەیربكەن .... ژووری كۆمپیتەر لە حەوشەكەدابوو كەچومە دەرەوە خەڵك لەبەر ئەو هەتاوی گەرمای هاوینەدا وەستاون و زۆربەی ئەوانەش كەوەستاون، ئەوخانمانەن كەتازە كۆرپەكانیان بۆناو جەهەنەمی ژێردەسەڵاتی كوری هاتوون ... بڕوابكەن هەندێكیان منداڵەكانیان یەك هەفتەی تێنەپەڕاندبوو .! لەدوای نزیكی نیوكاتژمێر زیاتر لەبەرگەرمای مانگی حەوتی كوردستاندا و لەبەر پەنجەرەیەكی شیشبەندا . كوڕێكی گەنج لەودیوو پەنجەرەكەوە دانیشتبوو خەریكی تەلەفوونەكەی دەستی بوو و نامەی دەنوسیی و خۆی سەرقاڵكردبوو چاتكردنەوە .! منیش پێم گوت ” كاكە گیان ئەو خەڵكە وەستاوین و چاوەڕوانی تۆین كارەكەمان بۆ بكەیت و بەتایبەتیش ئەم خانمانە منداڵی چەندڕۆژەی لەدایك بویان پێیەو گوناحن و گەربكرێت بەڕێمانبكە . بەمۆڕەیەكەوە چاوی هەڵبڕیی و سەیری كردم و گوتی كاكە كۆمپیتەرەكە كارناكات . خەتی ئەنتەرنێتەكە ناهێنێت من چیبكەم . گوتم دەی بیكوژێنەوەو دایگیرسێنەوە، یاخود جارێكی تركلیكێكی لەسەربكەو تاقی بكەرەوە بەشكم ئێستا چاك بوبێت . دوای چلوپێنج خولەك ئەوسا كوژاندییەوەو دایگیرساند و كەوتەوە كارو خەتەكەیی و سەیری كردو ئەویش گوتی نییە .! بەكورتی دوای نزیكی هەشت ڕۆژ لەهێنان و بردن ....مۆزەفێكی ڕیشنی سمێڵ تەنكی بەرسمێڵكراوی چڵكن، كەهەریەكەم ڕۆژ بەمنی گوت ناوتی تێدانییەو لە بەرپرسی ئەوژورە دەچوو ....یاخود باشتربڵێم كارەكەی منی كەوتبووە دەست لەوێدا . بەقسەكردن و شێوەزارەكەیدا دیاربوو خەڵكی سلێمانی نەبوو .... لێی پرسیم كاكە تۆ خەڵكی كوێیت .!؟ منیش گوتم سلێمانی . گوتی هەرسلێمانی سلێمانی .!؟ منیش تۆزێك وەستام و سەیرم بەپرسیارەكەی هات و دواتر پێم گوت كاكە گیان بێجگە لەخۆم پێنج پشتی ترم لەم شارەدا لەدایك بوون . بەڕاستی وادیاربوو ئەو چاوەڕوانی ئەو قسەیەی نەدەكردو تاڕادەیەك هەستی بەشكاندن و خەجاڵەتی كرد لەوەڵامەكەی من لەبەردەمی مۆزەفەكانی ترداو ئەو خەڵكەی تری ژورەكەش .! گوتی جا ئەوە چییە تۆ باسی دەكەیت .!؟ منیش زۆر توڕەبووم و پێم گوت ; ئەرێ تۆ ئەقڵت تەواوە .!؟ تۆ پرسیار لەمن دەكەیت و منیش وەڵامی پرسیارە هەڵەكەی تۆم داوەتەوە . دیاربوو زانی هەڵەی كردووەو منیش بەپرسیارەكەی هەراسان بووم . گوتی ئێ لەوانەیە تۆ لەنەخۆشخانە لەدایك نەبوبیت .! گوتم بڕوابكە لەماڵی ئێمەدا بەتەنها من لەنەخۆشخانە لەدایك بووم . دیسان گوتیان لەدەرەوە چاوەڕێبكە و بۆی دەگەڕێین . كەچومە دەرەوە كوڕێك هاتە تەنیشتمەوەو گوتی ئەگەر زانیت بۆیان نەدۆزرایەوە شتێك پارە بدە بەو برایەی ئەو كارمەندە ئەها لەویا وەستاوە كارەكەت بۆ دەكەن .!! بەڕاستی هێندەی تر توڕەبووم لەقسەی ئەم كوڕەش بەڵام دەرم نەخست و گوتم بابزانم چۆن دەبێت و ئەگەر نەی دۆزییەوە باشە . تۆزێك بیرم لێكردەوە كەئەمانە لەباندێكی قاچاخچێتی دەچن، نەك لەفەرمانبەر و هەر لەسەرەتاشەوە ئەوهەموو ئەمسەروئەوسەرەیان بۆ پارەپێكردم .!! واخۆم ئامادەكردبوو لەكاتی داواكردنی پارەكەدا كورسییەكەی ژێری بكێشم بەسەریدا . زۆر لەوە پەستبووم ئەمانە چەندڕۆژە مەدروجەزری دنیایان بەمنكرد بۆ وەرەقەیەكی بێ بەها ..... جاوەرە دەبێت لەفەرمانگەكانی تری ئەو نیشتیمانەدا چی بەومیلەتە بكەن كەهیچ دەرەتانێكی نییە . من هەرلەسەرەتاوە دەمتوانی بە نیوكاتژمێر بەواسطەیەك ئەم وەرەقەیە بكەم و هەشت نۆڕۆژی پێوە نەكوژم . بەڵام پێم شەرمبوو جیاواز لەخەڵكی تر هەستم بەڕێگای دۆستایەتی سەرەبڕی لەخەڵكی فەقیروهەژاری شارەكەم بكەم . دوای ماوەیەك بانگیانكردم و گوتیان كاكە وەرە ئەوە دۆزیمانەوە ...! گوتم تۆ نۆڕۆژە من دێنیت و دەبەیت شەرم ناكەن خەڵكی ئەم وڵاتەن و ئاوا بێڕێزی بەكەسوكارو هاوڵاتیانی ئێرەدەكەن .!؟ گوتی كاكە غەلەتێكی تێدابوو بۆیە وابوو بۆمان چاكردی . گوتم هیچ هەڵەیەكی تێدانەبوو، بەڵام ئێوە هەروافێركراون و دانراون ئازاری دەرونی یەكتربدەن بۆیە ئەم نیشتیمانە داڕزیوە . بەكورتی كاری ژووری مدیری مابوو كەچوم و بینیم بڕوابكەن مدیرەكە لەو چڵكن و پاتاڵتربوو . پێمگوت نۆ ڕۆژە بۆ ئەم وەرەقەیە كەكاری دەخولەكە من دێننودەبەن .! گوتی بۆ .؟؟ گوتم من لەتۆ دەپرسم بۆ .!؟ تۆ مدیریت و تۆ دەبێت بەدواداچونبكەیت و بزانی بۆ وایە . بەهەرحاڵ گوتیان لێرە تەواو بڕۆ واژۆیەكی هەولێری دەوێت .! ڕۆژێك پێنجی بەیانی لەگەڵ هاوڕێیەكم چوم بۆ هەولێر . دووكاری فەرمانگەكانی ئەوێم هەبوو كەواژۆیەكی ئەوێی دەویست و ( بەحساب تصدیق ) لەدوای پێنج جار بۆ شەش جارتەكسیگرتن و بێنەو بڕۆ و ئەم فەرمانگەو ئەوفەرمانگەیە .... دواتر هەر لەدایرەی محكمەی هەولێرو چەندین فەرمانگەی تریشیان پێكردین و لەزۆربەی ئەم فەرمانگانە عەرەبی بعسیی و ئەمنی عەرەبی كوركوژو كەسوكاری ئەوداعشانەی كەپێشمەرگەو منداڵی كوردیان سەردەبڕی بینیی و زۆربەشیان كارەكانیان لەكوران باشتر دەڕۆیشت و تەنانەت هەندێكیان لەژوری بەڕێوبەرەكاندا لەلای سەرۆوە دانیشتبوون و كارەكانیان بۆ ڕادەپەڕاندن .!كەم لەو ژوورو فەرمانگانە هەبوو دەیان عەرەبی تێدانەبووبێ .! تەنانەت وەك داگیركردنی گشت فەرمانگەكان لەلایەن عەرەبەوە من دەهاتە بەرچاوم و بەكورتی من هیچكام لەمامەڵەكانم بۆ تەواونەكراو بەجێم هێشت و ئێستاشی لەسەربێت هەروازم لێهێنا . جاكورد دەڵێن : ”بۆڕیش چووم و سمپێریشی نایە بانی” من لەوكاتەدا كەچوبوم لەجنسیەی پشتی شەقامی مەلیك محمود پسوڵەیەك وەرگرم ...هەوێی ئەحوال مەدەنی و هەندێك پسوڵەیتریشم لێكەوتبوو . دوای ئەوانیشم بۆ نەدەدۆزرایەوە . چەندجارێك برایەكم گوتی بڕۆ لەو دایرانە بگەڕێ و ئەگەر هەرلەوێ لێت بزربوبێت و خەڵك دۆزیبێتیانەوە، ئەوا سندوقێكی شوشەیی هەیە لەوێ بۆت دادەنێن و هەڵیدەواسن . بڕوابكەن هەرچەندم كرد زاتم نەدەكرد بچمەوە هیچ كام لەو فەرمانگایانەو دوای گەڕانەوەی من بەیەك دوو مانگ ڕۆژێك ئەودەچێت لەجنسیە لەجامخانەكەدا پێناسەكەم دەدۆزێتەوەو وەری دەگرێتەوە . بەكورتی لەمێژە دەبوایە هەموو شاروشارۆچكەكان سەربەخۆبونایەو مرۆڤی هیچ جێگایەك بۆ واژوویەك نەنێێرێتە بنی دنیاو كارەكەشی بەنیوەناچڵ و سەقەتی بەجێبێڵێت و ئەم لامەركەزییە دەكرێت بۆگشت شاروشارۆچكەو گوندەكانیش بگونجێ .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست