کورد پاڵەوانی بەردەباز(بەشی 3)
Wednesday, 06/05/2020, 1:31
ئێران هەر لە 2/11/1914 بێلایەنى خۆى لە جەنگدا راگەیاند، بەڵام تورکیا رێز لەو هەڵوێستە ناگرنء بۆ پێشگرتن لە لەشکرى رووسیا چەند ناوچەیەکى خۆرئاواى ئێران داگیر دەکەنء سەرۆک هۆزێکى کورد، موحەممەد حوسێن خانى موکرىء یەکێک لە کورەکانى لە سێدارە دەدەن. هێزەکانى روسیاش لەهەر سێ قۆڵى خانەقین، سلێمانى، رەواندزەوە بەسەرکردایەتى ژەنڕاڵ باراتۆڤــ پێشڕەوى دەکەن، 13/ 5/ 1916 لە ناوچەى رایاتەوە هێرش دەکەنە سەر رەواندزء دەیگرن، رەشید ئاغاى هەرکیش تیرباران ئەکەن، ئەرمەنەکانى ناوچەکەش گەلێک کارى ناڕەوا ء دەستدرێژیان کردە سەر دانیشتوان، هێرشى رووسەکان لە رەواندزەوە سەرکەوتوو بوو، بەڵام لە قۆڵى خانەقینەوە لە یۆنیۆى 1916 دەشکێن.(61)( بەدەستی هێزەکانی شێخ مەحمود). وەک لەو دو روداوەدا دەردەکەوێت تورکەکان سەرۆک هۆزێکى کورد لە سێدارە دەدەن بە تاوانى ئەوەى هاوکاریى رووسەکانى کردووە، رووسەکانیش کە دێنە رەواندز سەرۆک هۆزێکى کورد تیرباران دەکەن گوایە هاوکاریى تورکى کردووە.
ئێمەی کورد زۆر لە مێژە بەردەبازی دوژمنانین و خزمەتیان دەکەین،بەڵام بێمنەت بون وپاداشێکیان نەداینەوە. نوێترین نمونە بۆ خزمەتکردنی بێگانەو پاداشت یاریزانی هەرە ناسراوی هەڵبژاردەی فەرەنسا زەینەدین زەیدان کە ئێستا راهێنەری تیپی شاهانەی ریال مەدریدی ئیسپانیایە و بەرەگەز جەزایری یە و بنەماڵەکەیان سەردەمە شۆڕشی جەزایر لەبەرەی گەل وشۆڕشدا نەبون، لەپاڵ هێزە داگیرکارەکەی فەرەنسادا بون .. لەمۆندیاڵدا گەورەترین هەڵەی کرد ، بەکارتی سور کرایەدەرەوە و بووە هۆی ئەوەی فەرەنسا بدۆڕیت و کاسی مۆندیاڵەکەی لەدەست دەرچێت، بەڵام لیژنەی ئۆلمپی فەرەنسا لەگوڵ کاڵتریان پێنەوت ، نە حکومەت و نە میدیاکانیش رەخنەیان لێنەگرت. کاتێکیش بڕیاریدا چیتر یاری نەکات ئەوپەڕی هاوکاری کرا بۆئەوەی پۆستی راهێنەری ریال مەدرید وەربگرێت .
شۆڕشی پێشکەوتنخوازی 14ی گەلاوێژی1958لەعێراق، رژێمی پاشایەتی لە رەگوڕیشەوە هەڵتەکاند هەرچەند چەندین خوێنی بەناهەقیشی تێدا رژێنرا، بارودۆخێکی سیاسیی نوێ هاتەکایەوە،عارەب و کورد و کەمایەتی یەکان هەناسەی شادیی و ئازادی هەڵدەمژن،بەڵام بەعسی یەکان تورکمانەکان پشتگیریی شۆڕشەکەیان نەدەکرد، بەعسی یەکان بە ئاشکراو مەردانە،بەڵام تورکمان نامەردانەو لەژێر لێفەوە.. سەرکردەی شۆڕش ژەنەڕاڵ عەبدولکەریم قاسم خۆسەریی وراستەوخۆ، دوا بە دواى سەرکەوتنى شۆڕش لەگەڵ یەکەمین هەنگاوەکانیدا بێمنەت، بێ داواکردن وئیمزا کۆکردنەوە، بێ راپەڕین و شۆڕش و قوربانیدان ئەوەندەى لە مافەکانى کوردى باشور لە یاساى کاتیی عێراقدا بەرجەستەکردو خستیە قاڵبى جێبەجێکردنەوە، گەلی کورد لە باشوری کوردستان هەتا 1992 دەستمان نەیگەیشتێ .. دەقی مادەی سێی دەستوری کاتیی عێراق(هەردو گەلی عەرەب و کورد هاوبەشن لە ئەم وڵاتەدا) ناتوانم رێزو پێزانینم بۆ ئەو سەرکردە مەزنەى شەهیدى دەستى رەشى بەعسیەکان، ژەنەڕاڵ عەبدولکەریم قاسم نەبێت کە هەردو سەرکردایەتی پارتى کۆمۆنستى عێراق و سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستانیش بەشێک لە ئۆباڵى هەڵەکانى ئەو سەرکردە مەزنەی گەلانی عێراق و لە رێدەرچونى شۆڕشی 14گەلاوێژی 1958 دەکەوێتە ئەستۆیان. خۆزگە روناکبیران و مێژونوسان دواى هەست و سۆز نەکەوتنایەو بە ناڕەوا ئەو سەرکردە هەڵکەوتووەی کە هێشتا عێراق وەها سەرکردەیەکی خاکەڕایی و پاک و دڵسۆزی بەخۆیەوە نەدیوە، ئەویش وەک سەرکردەکانى بەعس نەخەنە جوغزى دوژمنى خوێنە خۆرى کوردەوە و کۆمۆنیستەکانى عێراق و سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستانى ئەو سەردەمەى نێوان 1958 – 1961 و خودى سکرتێرەکەى پۆلەتیک بیرۆ، هەمزە عەبدوڵڵا کەلاى کۆمۆنیستەکان بەڕۆژو دەبو، لاى پارتى بەربانگى دەکردەوە، خۆیان بێهەڵەو بێتاوان و مەڕى بەردەم کەڵبەى گورگ پێشان بدەن .
زلهێزەکان بەتایبەتیش بەریتانیا و ئەمەریکا، هەمو جارێک سمێڵی کورد دەتاشن، ئاوێنەکەش دەدەنە دەستی ! شۆڕشی گەلاوێژ لەبەرژەوەندیی بەریتانیا،فەرەنسا ، ئەمەریکا ، ئیسرائیل، کۆمپانیا مۆنۆپۆڵەکانی نەوت ووڵاتانی کەنداو، بەتایبەتیش کاتێک پێشەوای شۆڕشەکە رایگەیاند کە(کوێت بەشێکی داگیرکراوە لە عێراق و دەبێت بگەڕێتەوە باوەشی نیشتیمان) ئەو هەمو ناحەزە کەوتنە پیلانگێڕان و لە (کوڕە ئازاکە) باشتریان نەدۆزی یەوە بیکەنە مقاش، ئەوەبو کوردی باشور هاندرا بۆ یاخیبون ودواتریش بۆشۆڕش لە1961 داو و دوای 15پازدە ێاڵ قوربانیدانیش هەر هەمو کوردی باشورو ئاوات و ئامانجەکان و دەستکەوتەکانیان خستە بەر رەحمەتی ێەدام حسێن وحەمەرەزاشای ئێران. هەر بەو هۆیەوەش مرۆڤی کورد لە ناخێدا بەردەوام و هەتا هەتایە نەفرەت لە زلهێزەکان دەکات.. لێرەدا پێویستە هەڵوێستەیەک لەسەر شۆڕشی ئەیلولی1961 بکەین. پێشخانی شۆڕشەکە بریتی بو لە ناڕازیبونی ئاغاو دەرەبەگەکانی باشور لە یاسای چاکسازیی زەوی کشتوکاڵ(3) کەبریتیبو لە سەندنەوەی زەوی و زار لە دەرەبەگەکان و دابەشکردنی بەسەر جوتیاراندا. سەرەتا دەرەبەگەکان بەخاوو خێزانەوە رویانکردە ئێران،بەڵام ئێران بەپێی فەرمانەکانی بەریتانیا و ئەمەریکای ئاغای ناردنی یەوە ئەمدیو کە چەک هەڵبگرن و لەڕوی رژێمی کۆماری عێراقدا بجەنگن، بەڵام ئەوهێزە بێسەروبەرەی دەرەبەگەکان و عەشایەر خۆیان بەرامبەر یەکەمین هێرشی سوپای عیراق رانەگرت و بڵاوەیان لێکرد . سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆک مستەفا بارزانی چاودێری بارودۆخەکەیان دەکرد، هێشتا پەیوەندیشیان لەگەڵ حکومەت نەپچڕابو،بەرنامەی بەرپاکردنی شۆڕشیش لەئارادانەبو،بەڵام تێکچونی پەیوەندی یەکانی نێوان حکومەت و شێخ ئەحمەدی خودانی بارزان بەهۆی بێئەنجامیی کۆبونەوەکانی هەولێر بەسەرپەرشتی موتەێەڕیفی هەولێر بەدرەدین عەلی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان خێڵی بارزان و خێڵەکانی هەرکی و سورکی و شیخانی لۆلان، بەوهۆیەوەی گوایە حکومەت لایەنگیریی لە دوژمنانی بارزانیان دەکات، چەند روداوێکی گرنگی بەدوی خۆیداهێنا وەک تیرۆرکردنی بەدرەدین عەلی موتەێەڕیفی هەولێر وێدیق میران سەرۆکی خێلی خۆشناو، هەروەها فەرمانی دەستگیرکردنی مامۆستا برایم ئەحمەد ی سکرتێری پارتی بونەهاندەری پارتی و بارزانی مستەفا بۆ لەباوەشگرتنی (هەراکە). ئەوەبو سەرانی پارتی خۆیان گەیاندە شاخ و فویان بە کەڕەنای شۆڕشداکرد و جەماوەرەکەی پارتیش ئامادەی چەکهەڵگرتن و قوربانیدان بو، بێئاگا لە پێشخان و سەروبنی پێشهاتەکە،هەرئەوەبو کوردایەتی و مافەکانی کورد هانیدەدان چەکی شۆڕش بکەنە شان یا بەنهێنی لە شارو شارۆچکە و گوندەکان خەبات بکەن، فراوانکردن و بەردەوامیی بەو بزوتنەوە و شەڕەتەقە وشوڕشی چەواشەکاری یە بدەن و سەرسەختانە شەڕی ژیان و مردنیان دەکرد و وایاندەزانی کوردایەتی دەکەن، نازانن ئەوەی دەیکەن هێندەی لە خزمەت کۆمپانیا مۆنۆپۆڵەکانی نەوت ،ئیسرائیل،ئێران،سوریا،سعود،کوێت دا بو، لەخزمەتی کورددا نەبو. پێویستە ئەوەش لەبیرنەکەین کە ئەو وڵاتانە ی بەرژەوەندی یان لە بێهێزکردنی رژێمەکانی بەغدا دا بو، جگە لە لیبیای پێشەوای شەهید موعەممەر قەززافی کە دۆست وپشتیوانی راستینەی کورد بو،ئەوانی دیکە بۆ عەلی نەدەگریان، شینی هەریسەکەیان دەکرد. هەر ئەو وڵاتانەش،بگرە زۆرینەی گەلانی عەرەب موسوڵمان و حکومەتەکانیان شۆڕشەکە بە دەستنێژی دەستگای هەواڵگریی بەریتانیا و ئێسرائیلی دووەم ناودەبرا ..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست