پێشنیارێک بۆ کەمکردنەوەى خەرجیەکانى حکومەت
Sunday, 26/04/2020, 1:12
هەرچەندە هەرێمى کوردستان زۆر لە مێژە ڕوبەڕوى قەیرانى دارایی بوتەوە ، بەڵام دواى بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى کرَونا قەیرانەکەى گەیاندە لوتکەو لە ئیفلاسبون نزێک بۆتەوە . لە ماوەى 27 ساڵى حوکمڕانى کوردا هەلى زۆرباشمان بۆ ڕەخساو ئەگەر خاوەنى بەرنامەو پلان و ستراتێجى باش بوینایە ، ئێستا هەرێمى کوردستان خاوەنى ژێرخانێکى ئابورى بەهێز دەبوو .
سەرۆکى پارتى دێموکراتى کوردستان مەسعود بارزانى کە خاوەنى دەسەڵات و بڕیارى تەواوبوو ، نەیتوانى پێگەى هەرێمى کوردستان لە بوارى ئابوریدا بەهێز بکات. لە هەموو ئەمانەش خرابتر بڕیارى ڕیفراندۆمى داو نێوەى خاکى کوردستانمان لە دەستداو پێگەى کوردیشى لە بەغدا لاواز کرد .
ئێستا کە ڤایرۆسى کۆڕۆنا بڵاو بۆتەوە و بۆتە کێشەیەکى جێهانى و بەو هۆیەشەوە نرخى نەوت بۆئاستێکى زۆر نزم دابەزیوە . زۆرینەى ئەو وڵاتانەى پشتیان بە داهاتى نەوت بەستوە ، توشى کێشەى دارایی بونەوە . کەواتە دەبێ هەموو ئەو وڵاتانە بیر لە سەرچاوەیەکى ترى داهات بکەنەوە بۆ ژیانى هاوڵاتیان . لە کاتێکدا هەرێمى کوردستان توشى قەیرانى دارایی بۆتەوە ، نەک هیچ پاشەکەوتێکى نییە ، چەندەها ملیار دۆلار قەرزدارە . ژێرخانى ئابورى سفرە. لەگەڵ بەغدا نێوانى باش نییە .خۆناشکرێت حکومەت دەستە وستان دانیشێت و خەڵک لە برسا بمرێت . ئێستاش ئەگەر حکومەت بەڕاستى بێتە مەیدانەوە و دوور لە بەرژەوەندى بنەماڵەیی و حیزبى و شەخشى بەرنامە دانێت ، دەتوانێت داهاتێکى باش بەدەست بهێنێت . ئێستاش زۆر درەنگ نییە ئەگەر بە خۆیاندا بچنەوە . بۆ کەم کردنەى قەیرانى دارایی هەرێم چەندپێشنیارێکم هەیە :
پێشنیارى یەکەم : بچوککردنەوەى حکومەت
هەرێمى کوردستان خاوەنى حکومەتێکى گەورەى زیاد لە قەبارەى خۆیەتى .ئەم هەرێمە دەتوانرێت بە کەمتر لە 10 وەزارەت بەڕێوە ببرێت . زۆر وەزارەت هەن وەکو : ڕوشنبیرى ، ئەوقاف ، کاروبارى کۆمەڵایەتى و هی تریش هەر لاببرێن و بە بەڕیوەبەرایەتییەک بەڕێوە دەبرێن . دەتوانرێت دوو وەزارەت لە یەک وەزارەتدا کۆبکەنەوە .
ئەم وەزارەتانە حەشاماتێکى زۆر فەرمانبەرى تێدا کۆکراوەتەوە و زوربەشى هەر لە بنەڕەتەوە پێویست نەبوەو بۆ ڕازیکردنى ئەم حیزب و ئەم و دانراون و بونە بارێکى قورس بەسەر بودجەى حکومەتەوە . دیارە لە پەڕلەمان و سەرۆکایەتى هەرێم و بارەگاى بارزانیش هەمان دیاردە هەیە . بەسەدان کەس ڕاوێژ کارەو بۆ یەک جاریش ڕاوێژى پێ نەکراوە .
ئەو هەموو وەزیر و جێگر وەزیر و بەڕێوەببەرى گشتى و ڕاوێژکار و زۆرپۆستى ترى داتاشراو بە ملیار دینار خەرجیان هەیە بۆ کڕێی خان و . تەئسیسى ناوماڵ . کڕینى سەیارە خەرجى سەیارەو دابین کردنى پاسەوان و گرتنى خانو بۆیان . نەسریەى زۆر . ئەگەر لە 20 ساڵى ڕابوردوەوە پارەى ئەم فەرمانبەرە زیادانە بۆ سیکتەرى کشتوکاڵ خەرج بکرایە ، ئێستا لە زۆر بواردا پێویستمان بە بەرهەمى وڵاتان نەدەبوو.
کەواتە ئەگەر حکومەت لێرەوە هەنگاو بنێت و دەست بکات بە بچوک کردنەوەى حکومەت و کەمکردنەوەى ژمارەى فەرمانبەر و بەرپرسى نا پێویست لە هەموو دامەزراوەکانى حکومەتدا پارەیەکى زۆرپاشەکەوت دەکات. دەتوانێت ژمارەیەکى زۆر سەیارە وەرگرێتەوەو بیانفرۆشێـت جگە لەوەى پارەیەکى باشى دەست دەکەوێت ، لە خەرجى سەیارەکانیش ڕزگارى دەبێت .
پێنیارى دوەم : پلان دانان بۆ جێبەجێکردنى ئەمانەى خوارەوە
1- کاتى خۆى بایۆمەترى کرا بەو هیوایەى هەموو ئەوانە بدۆزنەوە کە موچەى ناشەرعى وەردەگرن . بەڵام ئەنجامەکەى ئاشکرا نەکرا . چونکە دەرکەوت هەموو ئەوانەى موچەى ناشەرعى یان دوو موچە وەردەگرن ئەندامى حیزبەکان خۆیانن . ئێستا دەتوانن جارێکتر پێدا چونەوە بکەن و هەمو ئەوانەى بە ناشەرعى موچە وەردەرگرن یان بە نایاسایی خانە نشسین کراون ، چیتر موچەیان نەدەنى و بڕیارى سزادانیش دەرکەن بۆ ئەوانەى بە نایاسایی پارەیان وەرگرتوە .
2- پڕۆسەى چاکسازى کە سەرۆکى حکومەت لە سەرەتاوە بڕیارى دا بە تایبەتى بۆ کەمکردنەوەى موچەى پلە باڵاکان و ئەندام پەڕلەمان و چۆنیەتى خانە نشینیان ، بە زویی بخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە . لە بەغدا ئەندام پەڕلەمان تا تەمەنى نەبێت 50 ساڵ خانە نشین ناکرێت . بۆچى لێرەش بەو شێوەیە نەبێت .خۆ بارى دارایی ئێمە لە هى ئەوان باشترنییە .
خەڵک هەیە خۆى هیچ نەبوە بە بڕیارى بەرپرسێک بەدەر لە ڕینمایەکان خانە نشین کراوە بە 3 ملیۆن دینار . ئەوە نابێت شمولى موچە کەمکردنەوە بکات ، بەڵکو لە بنە ڕەتەوە هەڵوەشێرێتەوە چونکە نایاسیە.
3- تا ئێستا دیار نییە داهاتى گومرگەکان چەندە . دەیان کۆمپانیاى وەهمى لەو مەرزانە پارەوەردەگرن بۆخۆیان . باشە بۆچى ئەمە بۆ حکومەت نەبێ و حیزب و بەرپرسانى حیزب پارە وەرگرن بۆ خۆیان . حیزبەکان خۆیان خەرێکى کارى قاچاخن و پارەى گومرگیش نادەن . ئەگەر سەرۆکى حکومەت دەیەوێت پارە پاشەکەوت بکات ، با وەزیرى دارایی ڕاسپێرێت کە ڕاستەو خۆ ئیدارەى هەموو گومرگەکان بکات و و ستافى تازەیان بۆ دانێت و دەستى پارتى و یەکێتى لەو گومرگانە دوور بخاتەوە . سەدان نمونەمان هەیە کە بەشێکى ئەو پارەیە ئەو دوو حیزبە بۆخۆیانى دەبەن . با سەرۆکى حکومەت وەزیرى دارایی ڕاسپێرێت کە بە پێی یاسا باج لە کۆمپانیا گەورەکان وەرگرێت کە هەمویان موڵکى پارتى و یەکێتین . چاکسازى لێرەدا دەکرێت ئەگەر بتانەوێت . هەوڵ بدرێت باج بە شێوەیەکى عادیلانە لە هەموو کەسێک وەرگیرێت و کەس نەبەخشن لە پێدانى باج. زۆر وڵات نێوەى داهاتیان هەر باجە .
4- ئەو پارەیە وەرگرنەوە کە بەقەرز دراوە بە کۆمپانیاکان .
5- ئەرزێکى زۆر بەناوى وەبەر هێنانەوە دەدرێتە ئەم و ئەو یان بەرپرسانى حیزب داگیرى دەکەن و نمونەمان زۆرە . باشتر وایە ئەو ئەرزانە بفرۆشرێن بۆ خەرجى حکومەت نەک خەڵکیان پی َدەوڵەمەند بکەن .
6- زیاتر لە 6 هەزار کەس لە ئاوارەى سورى بەناوى هێزى ڕۆژەوە کراونە پێشمەرگە . ئەوانە بۆ دژایەتى شۆڕگێرەکانى سوریا دروستکران چونکە نەهاتنە ژێر هەژمونى پارتییەوە . تا ئێستا بڕى 300 ملیار دیناریان بۆ خەرج کراوە . خەرجى مانگانەیان نزیکەى سێ ملیار و نێوە و موچەیان لە 500 هەزارەوە ددەست پێ دەکات .
دەڵى: ماڵ لە خۆیا نەبوو مێواننیش ڕوى تێدەکرد . ئێستا موچە بۆ کارمەندانى تەندروستى نییە .زیاتر لە 200 هەزار دەچوى زانکۆو پەیمانگامان هەیەو دانەمەزراوان . چ ویژدانێکە مانگانە ئەو بڕپارە زۆروە بدرێت بەم هێزە کە پێویستمان پێیان نییە . حەق وایە موچەکانیان ببرَن و با بچنەوە ئۆردوگا ، یان بچنەوە سوریا خۆ لەویش خەبات هەیە .
7- گومانێکى زۆر هەیە لەسەر ئەوەى کە زۆرى ئەو نەوتەى فرۆشراوە پارەکەى نەگەڕاوەتەوە. واتە دزراوە . ئەگەر پارەى نەوتى فرۆشراو بگەڕایەتەوە ، ئێستا قەرزدار نەدوەبوین و پارەشمان پاشەکەوت دەبوو . ئەوەتا یەک ملیارى لە لوبنان ئاشکرا بوەو بەرپرسانیش ناچنە ژێرى . بەڕاستى کاتى ئەوەیە ئەو پارانە بگەڕێننەوە و موچەى هاوڵاتیانى پێ بدەن . ئەگەر بڵێن ئەمە بوختانەو شتى وانییە ، چۆن بڕوا بکەم . هەتا ئەو کاتەى دۆسیەى نەوت وەکو ئێستا شاراوەبێت. هەتا گومرگەکان لە ژێردەسەڵاتى حیزبدابن ، هەموو تاکێکى ئەم گەلە بۆى هەیە گەورەترین بەرپرسى ئەم وڵاتە بەدزبزانێت . ئەگەر ڕاست دەکەن و دزنین ، بڵێن، فەرمون ئەوە حساب و ئەوە کیتاب. ئەگەر بڕواشمان پی َناکەن وەرن خۆتان سەرپەرشتى بکەن .
چەندین ساڵە هاوار دەکرێت و گوێتان بۆ کەس نەگرت تا ئەم میللەتەتان ئاوا توشى قەیران کرد. ئەگەر دەتانەوێت هاوڵاتیان بارى قورسى ئەم قەیرانە لەگەڵ ئێوە هەڵگرن و بە قسەکانتان بڕوا بکەن ، دەبێ ئەو پێشنیارانەى من لەبەر چاو بگرن ، چونکە خەڵک ئاگادارى هەموو شتێکەو چیتر بەدرۆى زل فریوناخۆن .
من خۆم بێم لە گومرگى ئیبڕاهیم خەلیل پارە بدەم و وەسڵم نەدەنى چۆن بڕوات پی َدەکەم بڵێی پارە نییە ؟ بە چاوى خۆم ببینم لە مەرزى باشماخ قاچاخچییەتى هێلکەى بەسەرچو بکەیت و پارەى گومرگیش نەدەیت و خەڵکیش نەخۆش بخەیت و دەتەوێ بڕواشت پێ بکەم بڵێی پارەى موچەمان نییە ؟
ئەوە بزانن بەغدا فرسەتى بۆ هەڵکەوتوە . تۆڵەى خۆیان دەکەنەوە کە دەتان گوت ئابورى خۆمان سەربەخۆ دەکەین و نەوتى خۆمان بۆ خۆمان دەفرۆشین . ئێستا کە دەچن بۆ بەغدا ، ئەوەى پار ئامادەبون بماندەنێ ئەمساڵ ناماندەنى . وەکو فەلەستینیەکانتان لێکردین . ئەوەى ئیسڕائیل ئەمساڵ ئامادەیە بیدا بە فەلەستینیەکان ، ساڵێکى ترپێیان نادات .
هیوادارم باش بیرى لێبکەنەوەو هەتا زوە دەست بکەن بە چاکسازى لەو بوارانەدا کە ئاماژەم بۆ کردوە . دڵنیابن بەغدا وا بە ئاسانى نایەت ژێربارى پێدانى بودجەوە . جگە لەوەى خۆشى توشى قەیران بوە ، دەیەوێت هەرێمیش بچوک بکاتەوەو بیخاتە قاوغەکەى خۆیەوە . هەموشمان ئەوە دەزانین بەبێ بەغدا موچەتان پێ نادرێ . کەواتە دوو ڕێگاتان لەبەردەمدایە : یەکەم : هەنگاونان بۆ چاکسازى خێرا . هێنانەوەى پارە ى نەوت بۆ دەربازبون لەم قەیڕانە . دووەم: یان گەڕانەوەیە بۆ بەغداو ڕازى بون بە هەموو داواکانیان تا ئاستى تەسلیم بونى تەواو . دڵنیایین خاڵى بەکەم جێ بە جێ ناکەن . کەواتە بۆ مانەوەى خۆتان بۆ خاڵى دووەم دەڵێن بەسەر چاو موافیق . هیوادارم من هەڵەبم و وادەرنەچێ .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست