بۆچى بارزانى بێدەنگە؟
Sunday, 19/04/2020, 0:13
هەرێمى کوردستان بە بارودۆخێکى زۆر هەستیاردا گوزەردەکا ، لە لایەک ڕوبەڕوى مەترسى ڤایرۆسى کۆڕۆنا بۆتەوە . لە لایەکى ترەوە ڕوبەڕوى قەیرانى ئابورى بۆتەوەو حکومەت موچەى فەرمانبەرانى پێ نادرێت .
ئێستا کە مستەفا کازمى ڕاسپێراوە بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ کاتێکى زۆر هەستیارە بۆ هەرێمى کوردستان و دەبێ ڕێکەوتنێکى نوێ لەگەڵ ئەو ئەنجام بدەن و تا ئێستا ڕونیش نییە ئەو چۆن هەڵس و کەوت لەگەڵ هەرێم دەکات .
لە برى ئەوەى هەوڵ بدرێت ناوماڵى کورد ڕێک بخرێت و بە یەکگرتویی بچنە بەغداو هەوڵى بەدەست هێنانى شایستە داراییەکانى هەرێم و مافە نیشتمانیەکان بدەن ، خەریکە ئاگرى شەڕێکى خوێناوى خۆش دەکرێت ، بە هۆى کەسانى هەل پەرست و نا بەرپرسیارەوە و کوردستان خەڵتانى خوێن بکەن .
سەرەتاى دەستپێکردنى ناکۆکیەکان و دەستپێکردنى شەڕى میدیاو دەرکردنى بەیاننامە لە سەر یەکترى دەگەڕێتەوە بۆ گرتنى پاسەوانێکى ڕێباز حەملان لە لایەن پارتییەوە کە سەر بەیەکێتییە بە تۆمەتى سیخوڕى کردن بۆ لایەنێکى تر . ئەوەش نەگبەتییەکى ترى کوردى داماو . لە ڕاستیدا دەبوو ڕێباز حەملان خۆى پاسەوانى خەڵک بوایە : نەک پاسەوانى هەبێت و ببێتە مایەى دروستبونى شەڕ. دواى ئەمانە کێشەى لە سێدارەدانى مستەفا سەلێمى لە لایەن حکومەتى ئێرانەوە و دروستبونى شەڕى ئیعلامى و تۆمەتبار کردنى یەکترى ، کە لە ڕاستیدا هیچ پێویست نەبوو ئەوە بکرێتە کێشە ، بەڵام وەکورد دەڵێت: ئەم ماستە بێ مو نییە .
بەڕاستى مایەى سەرسوڕمانە بەڕێز مەسعود بارزانى ئاوا بێدەنگە لە ئاستى ئەم هەموو شەڕى میدیایی و تاوانبارکردنى یەکترى و خۆشکردنى ئاگرى شەڕ لەم کاتە ترسناک و هەستیارەدا .
ئایا بەڕێز مەسعود بارزانى هەست بە مەترسى ئەم قۆناغە ناکات ، ئەگەر شەڕدروست ببێت چ کارەساتێک ڕودەدات ؟ ئایا وەرتى چی تێدایە شەڕى لەسەر دروست بکرێت ؟ ئەم بێدەگییەى بارزانى گومانى گەورەى بۆ هەموان دروست کردوە .
بەڕێزم ئەوەتا لە کوڵەجۆ پێشمەرگە شەهید دەکرێ و لە جلەولا بەناوى حەشدى شەعبیەوە ، جاش دروست دەکەن بۆ لێدانى کوردو ئێوەش هێز ڕەوانەى زینوى وەرتى دەکەن ؟
ئەوەى ئێستاش لە زینوى وەرتى خەریکە ڕو بدات لە بەرژەوەندى تورکیادایە. تورکیا چەندین ساڵە نەیتوانیوە پەکەکە لە قەندیل دەرکات . بەڵام ئێستا دەیەوێت ئەو کارە بە کورد خۆى بکات . دیارە دروستبونى شەر ِلە نێوان پارتى و یەکێتى ، پەکەکەش دێنێتە ناو هاوکێشەکەوەو تورکیاش لەو نێوانەدا هەلێکى باشى بۆ دەرەخسێت و ئەو ناوچەیە داگیر دەکات . ئەوەتا لە یەکەم هەنگاودا تەیارەى تورکى چەندین گەریلاى شەهید کردن ودوو ئافرەتیش لە کەمپى مەخمور .
دڵنیام ئەگەر بارزانى بیەوێت بە یەک تەلەفون چارەسەرى ئەو کێشەیە دەکات بەڵام پێدەچێت نەیەوێت کۆتایی بەو گرژیە بهێنێت و ئەوەش بێ مەبەست نییە . لە هەموى سەیرترئەوەیە : وەزارەتى بەرگرى عێراق و وەزارەتى دەرەوەى عێراق لەسەر ئەو بۆردومانە هاتونە دەنگ و سەفیرى تورکیایان بانگ هێشت کردوەو لە نیگەرانیەکانى عێراقیان بەرامبەر بەو دەست درێژیە ئاگادار کردۆتەوە .
سەفیرى تورکى زۆر ڕاشکاوانە وتویەتى ئێمە قبوڵى ناکەین لەناو خاکى عێراقەوە هێرشمان بکرێتە سەر . بەڵام حکومەتى هەرێم نقەى لە خۆى بڕیوە . کەواتە دروستکردنى ئەم ئاڵۆزیە لەم کاتدا ، بەبەرنامە کراوەو لە خۆوە ڕوینەداوە . ئەوەتا بە خۆڕایی بەهانە درایە دەستى تورک و بەو هۆیەوە هاتە ناو هاوکێشەکەوە . پارتى عەقڵانە وەکو هەموو جارەکانى تر بەرنامەکەى لە ڕێگاى وەزیرەکەى یەکێتییەوە جێ بەجێ کرد .
ئەوەتا مەکتەبى سیاسى پارتى بەیانى دەرکردوە ، کەو ئەو هێزە بە فەرمانى وەزیرى پێشمەرگە جوڵێنراوە . بەڕاستى بە بێ ئەوەى جەنابى وەزیر بە خۆى بزانێت ، سەریان تاشى و کڵاویان کردە سەرى و ئاوێنەشیان دایە دەستى . ئێستا دەبێ مستەفا چاو ڕەش دژى شۆڕش ئیسماعیل بچێتە سەنگەرەوە . هەر وەکو چۆن لە ڕێگاى جەماعەتێکى ناو یەکێتییەوە ڕیفراندۆمیان ئەنجام داو کە کارەساتە قەوما ئەنجامە خراپەکەیان ملى چەند کەسێکى ناو یەکێتى و ناویان نان ، جەماعەتى 16 ئۆکتۆبەرى خیانەتکار و عاقڵانە یەکێتیشى کردە دوو بەرەى دژ بە یەک .
کەواتە شەهید کردنى ئەو گریلاو هاوڵاتیانە بارزانى لێیان بەرپرسیارە ، هەر وەک چۆن بەرپرسیارن لە شەهید کرانى پێشمەرگەکانى کوڵە جۆ . هەموو ئەمانە بەرهەمى سیاسەتە خراپەکانى بارزانین .
زانیاریشمان هەیە بەڕێز نێچیر بارزانى هەر لە سەرەتاوە هەستى بە مەترسى بارودۆخەکە کردوەو ڕۆڵى هەبوە لە هێور کردنەوەى بارودۆخەکە ، بەڵام پێ دەچێ ڕێگرى لە هەوڵەکانى گیرابێت . کەواتە چۆن گۆمان نەبێت ، لە لایەک ڕیگرى لەنی هەوڵەکانى بەڕێز نێچیر بازانى دەگیرێت کە هەمیشە وەکو پیاوێکى میان ڕەو دەردەکەوێت و لە لایەکى تریشەوە مەسعود بارزانى یەک قسە ناکات لەم بارودۆخە هەستیارەدا .
لە کاتێکى ئاوا هەستیار و مەترسیداردا هەموو کەس بێدەنگ بوایە ، نەدەبوو بەڕێزیان بێ دەنگ بن . ڕادەست کردنەوەى مستەفا سەلیمى بە ئێران ، هەر کەس و لایەنێک ئەنجامى دابێت ، دەچێتە بابى تاوانەوەو دەبێ هەمومان دژى ئەو جۆرە تاوانەبین . بەڵام کارەساتەکە ئەوەیە کە هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەیە بەزۆر بەسەر یەکێتیدا ساغ بکرێتەوە .باشە ئەوە چ پەیوەندییەکى بەسەر پارتییەوە هەیە بیکاتە بەهانەى کێشە دروستکردن ؟؟.
ئەگەر ئەوە تاوان و عەیبەو حەیا چون بێت ، بە ویژدانتان ئێوە خۆتان چەند کارى لەو جۆرەتان ئەنجام داوە کە هەر لە ژمارە نایەن ؟ حەق وایە کە باسى شتى لەو جۆرە کرا ئێوە خۆتان بشارنەوە .
هۆکارى دروستکردنى ئەم کێشەیە لەم کاتە چییە؟
دروستکردنى ئەم کێشەیە لەم کاتەدا لە خۆڕایی نییەو بەرنامە داڕێژراو بوەو مەبەستى تایبەتى لە پشتەوەیە . بۆیە مەسعود بارزانى مەسرورى کوڕى کردە سەرۆکى حکومەت بۆ ئەوەى لە ئێستاوەو هەتا خۆى لە ژیاندا ماوە ، ئەو بکاتە جێنشینى خۆى و بیکاتە کەسى یەکەمى بنەماڵەو حیزبەکەى و شوێن پێی قایم بکات . بەڵام وەکو دەرکەوت لە هەنگاوى یەکەمدا شکستى هێنا و کابینەکەى بە خرابترین کابینەى هەرێمى کوردستان هەژمار دەکرێـت . هەر لە هەنگاوى یەکەمى دەست بەکار بونیەوە دەرکەوت کە پیاوى دەوڵەت دارى نییەو هەرگیز سەرکەوت و نابێت .
حکومەتێک یەک ملیۆن دۆلارى پاشەکەوت نەبێ بۆ ڕۆژى تەنگانەو مانگانە موچەى فەرمانبەرانى بۆ دابین نەکرێـت و ئەوا مانگى نیسانى ساڵى 2020 بەرەو کۆتایی دەچێت و یەک موچەى تێدا نەدرابێـت ، هەر شەرمە پێی بڵێی حکومەت . نازانم هەر چۆن لە ڕویان دێت قسە بکەن .
جگە لەوەش سەرۆکى حکومەت لەم کاتە هەستیارەدا هیچ ڕوڵێکى نەبوەو خۆى شاردۆتەوە و تەنها لە پشتى کۆمپوتەرەوە قسەى کردوە . حکومەتەکەى تەنها بەیانى دەرکردوەو قەدەغەى هاتو چۆى ڕاگەیاندوە . ئەى باشە موچە، ئەى ژیانى خەڵک و ئەوانەى نان نییە بیخۆن کێ لێیان بەرپرسیارە ؟. سەرۆکى وڵاتانیش لەپَێشەوەى بەرەى شەڕى کڕۆنادان .
مەسعود بەرزانیش بۆ شاردنەوەى فەشەلى کوڕەکەیی و ڕزگار کردنى ، هاتوە کێشەى زینوى وەرتێی دروست کردوەو کەوتونە دانانى هێز بەرامبەر یەکترى و هەڕەشە لە یەکترى و دروستکردنى ترس و دڵە ڕاوکێ لاى هاوڵاتیان . ئاخر ئەگەر ئەمە بە مەبەست نییە ، هێزەکان بکشێننەوەو کێشەکە تەواو دەبێت . ئەى بۆچى ئەو بڕیارە نادەن ؟ چونکە ئیشیان بەو کارەیە .
ئەم سیناریۆیەشى بۆ ئەوە ڕێک خستوە خەڵک سەرقاڵ بکەن بە کێشەى شەڕەوەو مەسەلەى موچەیان لە بیر بەرنەوەو زەمینەش خۆشکەن بۆ دروستکردنى دوو ئیدارەیی . لەوە دەچێت هیچ ئومێدێکیان بە حوکمڕانى نەمابێت و بەتەواوى ئیفلاسیان کردبێـت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست