مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی بۆ ترسنۆك بووە؟
Tuesday, 14/04/2020, 9:01
هاوڕێ بەمۆ
(بەڕادیۆیەك عەرشی بەعسمان ئەهەژاند و پارتیمان خستە كونەوە) ئەمە وتەی هەزاران كادیری یەكێتی بوە لە ساڵانی ڕابردوو، بەڵام ئێستا مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی بەجۆرێ لەڕولاواز و كەڕوڵاڵە لە ئاست ئەو هەموو گۆڕانكاری و پێشهاتانەی كوردستان، تەنانەت چەندین پەیجی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان هەیە كە ڕێژەی خوێنەرەكانیان زۆر لە تیڤی و كەناڵ و رۆژنامە و گۆڤارەكانی مەكتەبی راگەیاندن زیاترە! نهێنیەكەی لە چیدایە؟.
لە دوای كۆنگرەی یەكێتی، ئاژاوەیەكی زۆر كەوتە ناو سەركردایەتی یەكێتی كە كێ ببێتە مەسئولی مەكتەبی راگەیاندن، بە زەبر و گوشاری سەركردە پرۆپارتیەكانی ناویەكێتی ئەیانویست كەسێ دابنرێ كە بیر لەوە نەكاتەوە كەناڵەكانی یەكێتی بینەریان لە كەناڵەكانی ڕوداو و كەناڵ 24 زیاتر بێ، ڕێژەی خوێنەری كوردستانی نوێ و بڵاوكراوەكانیتر لە خوێنەرانی هەفتەنامەی ڕووداو زیاتر بێ، هەم بەرژەوەندیشی لەگەڵ پارتی و وڵاتانی ئێران و توركیاش هەبێ تا قەت بیر لەوە نەكاتەوە تەعبیر لە ڕای ڕاستەقینەی خەڵك و هزری كوردایەتیش بكات، بۆ ئەو مەبەستەش –لەتیف شێخ عومەر-ی كۆنە سكرتێرەكەی د.بەرهەم كە تازە بۆتە سەركردایەتی، بۆ ئەو ڕۆڵە قێزەونە دیاری كرا.
لەتیف شێخ عومەر لەو كەسانەیە كە ئەلفوبێی اعلام نازانێ، لە ژیانیدا وتارێكی توندی تەنانەت دژی بەعسیش نەنوسیوە، وەكالەتی چەندین كۆمپانیای ئێرانی و توركی لە سلێمانی هەیە، پارتی ڕێگای پێداوە مۆڵ و كافتریای لە هەولێر هەبێ و شارەوانی بە موزایەدە زەویەكەی پێبەخشیوە، بە نایاسایی بە پلەی وەزیر تەقاوت كراوە بۆیە هەرگیزاوهەرگیز بیر لەوە ناكاتەوە ئەو بەرژەوەندیانە بۆ خاتری كەس لەخۆی بشێوێنێ!
لەڕوی بژێوی و مەعیشەتەوە، بەپێچەوانەی اعلامەكانی پارتی كە ئەوپەڕی خۆشگوزەرانیان بۆ دابین كراوە، مەكتەبی راگەیاندن بە دوو مانگ جارێكیش موچە دەدرێ بە نوسەران و كارمەندان، ئاستی كوردستانی نوێ بەجۆرێ نزمە كە وەك رۆژنامەكانی سەورە و هەولێر بە بەلاش تەوزیع بكرێتن كەس نایخوێنێتەوە، كەناڵی گەلی كوردستان بۆتە كەناڵێكی بێزراو و بێ بینەر.
كەواتە لەم قوڕەی مەكتەبی ڕاگەیاندن، كەس چاوەڕێ نەبێ لە هیچ ڕوداوێك و كارەساتێكدا تەپوتۆزێ بكەن بۆیە بون و نەبونیان یەكسانە بە سفر، ئەمەش گرەنتیەكی باشترە بۆ لەتیف شێخ عومەر لای پارتی تا لە دواگێمی یارییە سیاسیەكەدا وەك ئەرسەلان بایز و ئازاد جوندیانی كە پێشتر مەسئول مەكتەبی راگەیاندن بوون، ئەمیش جامانەیەكی سور لەسەر ئەكات و ئەبێتە كۆیلەیەكی بارزانی!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست