کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تاکەى سلێمانى سزا دەدەن ؟

Monday, 13/04/2020, 19:29


پەیوەندییەکانى نێوان پارتى و یەکێتى ئایندەى هەرێمى کوردستانى خستۆتە ئاستێکى زۆر مەترسیدارەوە، کە هەموو سنورەکانى ئەخلاق و ویژدان و ئینسانیشى تێپەڕاندوە. شەڕە قسەو بەیان دەرکردنى سەرانى یەکێتى و پارتى لەم ماوەیەى پێشوو و کولانەوەى برینەکانى ناکۆکیەکانى ساڵى 1964 نێوان ئەم دوو بەرەیە، کە خوێنى دەیان هەزار لاوى ئەم گەلەى تێدا ڕژاو ئێستاش هەر خۆیان بەرهەمەكەى دەخۆن.
ڤایرۆسى کۆڕۆنا بۆ یەکەم جار لە هەرێمى کوردستان لە شارى سلێمانییەوە دەرکەوت. ئەو ڤایرۆسە لە ڕێگاى ئەو هاوڵاتیانەوە کە بۆ مەبەستى گەشت و سەیران سەردانى ئێرانیان کردبو گواسترایەوە بۆ شارى سلێمانى .
یەکەم لێدوانى وەزیرى تەندروستى ئەوەبوو بارودۆخى سلێمانى ئەوەندە خراپە، دەبێ وەکو زونى مەترسیدارحسابى بۆ بکرێت. هەندێکى تریش وەکو تانەو تەشەر باسى بڵاوبونەوەى کۆرۆنایان دەکرد وەکو ئەوەى بڵێن ئيدارەى سلێمانى بێ کەڵکەو هیچى لە بارا نییە.
لەبرى ئەوەى حسابێکى تایبەت بۆ ئەم زۆنە بکەن كە بەقسەى خۆيان مەترسیدارەو هەوڵى گەمارۆدانى ڤایرۆسەکە بدەن، دەرمان و تیوبى پشکنینیان وەک پێویست بۆ نەدەنارد، لەکاتێکدا بەهەموو پێوەرێکى زانستى دەبوو حسابى تایبەتى بۆ بکەن چونکە چى لەڕووى ژمارەى دانیشتوان وهەمیش لەڕووى فراوانى سنورەکەى لەگەڵ ئێران کە کانگاى بڵاوبونەوەى ڤایرۆسەکەيە، شایەنى گرنیگدانى زیاترە.
ئەم دۆخە ڕێک بەو کاتە دەچێت کەشەڕى داعش لەوپەڕى گەرمیدابو لە گەرمیان و کەرکوک ، بەڵام پارتى ئەوکات فیشەک و تەقەمەنی بۆ هێزەکانى 70 نەدەنارد بۆ ئەوەى تێك بشکێن. هەرچەندە ئێستا پاساویان هەیە بۆ زۆرى ژمارەى فەحس کردن لە هەولێر بە هۆى ئەو دوو پرسەیەوە، بەڵام ئەو جیاوازیە هەر لە سەرەتاوە دیار بوو خەڵک هەستى پێدەکرد و پرسیارى دەکرد.
خۆشبەختانە ئیدارەى خۆجەیی شارى سلێمانى بە ستافى تەندروستى و پارێزگار و قایمقام و هەموو لیژنەکان و هێزە چەکدارەکان بە هەموو بەشەکانیەوەو دواجار بە هۆى پابەندبونى هاوڵاتیان بە ڕێنمایەکانەوە، هیممەتێکى ئەوەندە بێ وێنەیان کرد کە شایانى سوپاس و ڕێز گرتنن و هەمومانیان قەرزدار کرد، ئەوەتا خەریکە مەترسى لەسەر شارى سلێمانى نەمێنێت.
بۆ ئەوەى هیچ گومانێک لەبوونى ڕق و کینە یان ناوچەگەرێتى لاى کەس نەهێڵمەوە، گرنگە ئاماژە بەچەند خالێک بکەم:
1-لە سەرەتادا ئیشارەتێکى کورتم بەوەدا کە لە کاتى شەڕى داعشدا سەرانى پارتى چەک و تەقەمەنییان بۆ هێزەکانى 70 نەدەنارد لە کاتێکدا هاوپەیمانان دەیانهێناو هى پارتى نەبوو . هێزەکانى یەکێتى لە بەرەى پێشەوەى جەنگ لە شەردابون و شەهیدو برینداریان دەداو هەندێک بەرپرسەکانى پارتیش قاچاخچییەتى نەوت و بازرگانى سەیارەى دەبڵ کابینەیان لەگەڵ داعش دەکرد. دوایی دەریش کەوت هەندێک لەو قاچاخچیانە سەر بە بنەماڵەى بارزانى بون و بەو بۆنەیەوە ئەوانى تریش سزانەدران .
2- هاوکات لەگەڵ دەرکەوتنى ڤایرۆسى کۆڕۆنا لە هەرێمى کوردستان، لە ئەنجامى بارینى بارانێکى زۆر لافاو زیانى گەورەى بە دەڤەرى دهۆک و زاخۆ گەیاند. دەستبەجێ سەرۆکى حکومەت دوو ملیار دینا رو سەرۆکى هەرێمیش بە جیا یەک ملیار دینارى وەکو کۆمەک بۆ ناردن .
کەس قسەى لەسەر ئەوە نییەو ئەوە ئەرکى حکومەتەو هاوڵاتیانى ئەو ناوچانەش خەڵکى ڕەسەنى ئەم وڵاتەن. بەڵام لەوکاتەوەى کە بومەلەرزە لە شارۆچکەى دەربەندیخانى داوە خەستەخانەیەک و خانوى پزیشکەکان توشى زیانى گەورە بون و بە چۆڵى ماونەوەو نۆژەن نەکراونەوە. ئەى ئەو کاتە سەرۆکى حکومەت و سەرۆکى هەرێم لەکوێ بوون؟ ئەوە ئەوانن جیاوازى ئەکەن، يان ئێمە ناوچەگەرێتى ئەکەین؟.
لەم قەیرانەدا سەرۆکى حکومەت دەچێت بایی یەک ملیۆن دۆلار سەیارە بۆ پۆلیسى هەولێر دەکڕێت، من ناڵێم ئەى سەیارە بۆ پۆلیسى نەکڕدراوە، بەڵکو ئەلێم لەم کاتەدا سەیارە بۆ پۆلیسى هەولێر پێویستر بوو لەدابینیکردنى پێویستى نەخۆشخانەکانى سلێمانى؟.
3- پارتى هەمیشە خەریکى جیاکارى بوە. ئەو کاتەى پاشەکەوتى موچە دەستى پێکرد، پارتى ناوى هەموو ئەندامانى لق و ناوچەى خستنە سەر لیستى هێزەکانى 80 و شمولى پاشەکەوتیان نەکرد. لەکاتێکدا هەموو چین وتوێژە ماندووەکانى تر ستەمى پاشکەوتى مووچە گرتنییەوە.
4- شەقامى شەست مەترى و سەد مەترى و 150 مەترى و چەندین تونێڵ لەهەولێرو دهۆک تەواوبون، بەڵام شەقامى سەد مەترى سلێمانى خەریتەشى بۆ نەکراوە. پێمان ناَڵێن پارەى ئەو شەقامانەى هەولێرودهۆک لە کوێوە هاتوون ؟ ئەگەر هى حکومەتە بۆچى بۆ سلێمانى نییە؟.
باشە ئەم شارى سلێمانییە بۆچى هەمیشە غەزەبى لێگیراوە، ئایا هۆکارەکەى دەگەڕێتەوە بۆ خراپ بونیان ، یان عاسى بونیانە لە زۆردارى و ناعەدالەتى؟ لە کۆتایی جەنگى جیهانى یەکەم 1914- 1918 و دواتر لە سەردەمى حوکمڕانى مەلیک مەحموددا، ئینگلیزەکان چییان بە سلێمانى نەکرد. لە ئەیلولى ڕەشى 1930 لەبەر دەرکى سەرا چى بە سلێمانى نەکرا؟. لە 17ى شوباتدا پارتى و یەکێتیش چییان بە گەنجانى سلێمانى نەکرد .؟
لە سەردەمى سەدام حوسەیندا لە هەموو پارێزگاکانى عێراقدا خەستەخانەیکى گەورە دروست کرا دروست کرا، تەنها لە شارى سلێمانى دروست نەکرا وەکو سزایەک بۆ عاسى بونیان لە حکومەت. بەلاى سەدامەوە سلێمانى سەرى مارەکە بوو. بۆیە هەمیشە خەریکى کوشتن و بڕینبون لە سلێمانى. لە بیرتان نەماوە ساڵى 1963 زەعیم سەدیق چى بە سلێمانى نەکرد ؟
باشە دەپرسم بۆچى لە ژێر سایەى دەسەڵاتى کوردیشدا سلێمانى توشى هەمان چارەنوس بۆتەوەو هەمیشە خەریکى سەرکوتکردنین؟. پارتى بۆچى بەم شێوەیە دەڕوانێتە شارى سلێمانى و چی لە دانیشتوانى ئەم شارە دەوێت ؟.
ئایە بە لاى پارتیشەوە سلێمانى هەر سەرى مارەکەیە ؟ مەسعود بارزانى و نێچیر بارزانى لەماوەى چەند ساڵى ڕابردودا چەند جار سەردانى توکیاو ئوردن و وڵاتانى کەنداویان کردوەو چەند جاریش سەردانى دەڤەرى ئەنفال و کیمیابارانى هەڵەبجە و سلێمانییان کردوە ؟ ئەوە ماناى وایە ئەم بەشە بە وڵاتى خۆیان نازانن .
ئەگەر وانییە، ئەى هەمو ڕق و دوژمنایەتییە چییە بەرامبەر بە سلێمانى؟ باشە کەسێک ئەم هەموو جیاوازیانە بەچاوى خۆى ببینیت چۆن گومان ناکات ؟ چۆن باوەر بەوە دەکات ئەمانە بتوانن سەرکردایەتى ئەم وڵاتە بکەن.
ئەمەوێت ئەوەش بلێم ئەم نوسینەم دوور و نزێک پەیوەندى نییە بە بەرگرى کردن لە سەرانى یەکێتى ، چونکە ئەوەى یەکێتى بە شارى سلێمانى کردووە هیچى کەمتر نییە لەوەى پارتى کردوویەتى و دەیکات. پارتى سلێمانى وەکو نیچیرێک خنکاندوەو بەرپرسانى یەکێتیش خەریکى لەت و پەتکردنى لاشەکەین. بەرپرسەکانى زۆنى سەوز، یەکێتى و ناوى یەکێتى و شەهیدانى یەکێتى بۆمەرامى دەوڵەمەندکردنى خۆیان بەکار دێنن. لێرەدا هەقى خۆیەتى ئەم پرسیارە بکەین :
با بڵێین پارتى ڕقى لە زۆنى سەوزەو ڕێگریشە لەوەى هیچى بۆ بکرێت و پێش بکەوێت. ئەى تا ئێستا سەرانى یەکێتى چیان بۆ ئەم زونە کردوە؟ ئەى بۆ هیچى بۆ ناکەن و هەر خەریکى تاڵانکردنین؟.
زۆنى سەوز دوو جۆر سزاو چەوسانەوەى لەسەرە. لە لایەک سزاى پارتى کە لەزۆرێک لە پرۆژە خزمەتگوزارییە گرنگەکان بێبەشى کردووە، ئەوە باسى پرۆژەى ستراتیجى هەر ناکەین و چاوەڕێشیان لێناکەین. لە لایەکەى تریشەوە سزاى سەرانى یەکێتیە، کە خۆیان کردۆتە وارس و دەم سپى تێکۆشەران و شەهیدان و ئەم زونەیان فەرهود کردوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە