کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەمریکا بەرامبەر بە ئیران لە عیراق چی دەکات!؟

Wednesday, 01/04/2020, 12:26


بۆ ساڵانێکی زۆرە ناتەبایی نێوان ئیران و ئەمریکا لە جەنگی سارد دەرچووە، بەبێ جاڕدانی جەنگ لەنێوانیاندا دەستدرێژی سەربازی بۆ سەر یەکتری ئەنجام دەدەن، عیراق بۆتە گۆڕەپانێکی پانوبەرین بۆ زۆرانبازێ و ملاملانێی ئەو دوو وڵاتە.
قاسم سلێمانی ئیرانی بوو، جێگەی نیشتەجێبوونی خۆی و خێزانی لە ئیران بوو، بەڵام ئەمریکا پلانی کوشتنی لە فرۆکەخانەیەکی بەغداد بۆ دانا. ڕوونە کە ئەگەر ئەمریکا بیویستبا دەیتوانی هەمان پلان دارێژێت و بەڵام لە فڕۆکەخانەی تاران ئەنجامی بدات و ئەو جەنگە بخاتە نێو خاکی ئیران. بۆ وەڵامدانەوەی ئەو کارە ئیران بەهەمان شێوە چەند موشەکێکی ئاراستەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عیراق کرد. چەند جاریکیش بە کاتیوشا لە ناوچەی سەوز و باڵویزخانەی ئەمریکای دا. دواتر چەند موشەکێکی ئاراستەی بنکەی سەربازیی ئەمریکی لە تاجی کرد. لە دەرئەنجامدا دەردەکەوێت کە ڕوون نییە کە ئایا هەنووکە گرفتی نێوان ئیران و ئەمریکا لەسەر دەسەڵاتداری و حوکمڕانی عیراقە، یان لەسەر ڕووخاندنی حکومەتی ئیرانە کە ئەمریکا هەمیشە لە میدیاکاندا بە سەڕۆکی میلیشیا شیعەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەڕۆکی چەکدارە تیرۆریستەکان دەیناسێنێت و دەڵێت ئاسایشی ناوچەکە و نێودەوڵەتی خستۆتە مەترسیەوە!؟
خوێندنەوەی ڕووداوە ساتەوەختەکان دەریدەخەن، کە هەنووکە ئەمریکا و ڕوسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئەمریکا لە عیراق و ڕوسیا لە سوریا بەبێ شەریک دەسەڵاتدار بن. لەبەرئەوە ئەمریکا شەڕی ئەوە دەکات ئیران دەسەڵاتی لە عیراقدا نەمێنێت. ڕوسیاش بەهەمان شێوە هەوڵدەدات ئەنقەرە و تاران دەسەڵاتیان لە سوریا نەبێت. مسۆگەرکردنی دەسەڵاتی سیاسی لەو دوو وڵاتەدا بەهێشتنەوەی ئەسەد و حکومەتێک لە عیراق کە سەدا سەد سەر بە ئەمریکا بێت، لە چواچێوەی سوریا و عیراقێکی یەکگرتوو، مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییە ئابووریی و سەربازییەکانی ڕوسیا و ئەمریکایە. لە ئاکامدا دەردەکەویت کە هەردووکیان لەم قۆناغەدا هەوڵدەدەن بۆ سەرکەوتنی عیراقێک و سوریایەکی یەکگرتوو کە ڕوون نییە لە ئایندەدا لەنێو ئەو چوارچێوەیەدا چارەنووسی سیاسی و پرسی کورد چۆن دەبێت، بەرەو کوێ دەچێت، کە لەمەشیانە ستراتیژیەتی ئەمریکا بەرامبەر بە پرسی کورد نادیارە!؟
ئەمریکا لە عیراق لەسەر چەند ئاستێکدا کار دەکات بۆ ئەوەی دەسەڵاتی بەغداد لەژێر چەپۆکی تاران دەربهێنێت. لەنێو عیراقدا لەسەر ئاستی تاک و کەسایەتی، شەقام و ئەوانەی لە پشت پەردەوە پشتیوانییان دەکەن، حکومەت و پەرلەمان و ئەوانەی خۆیان ئامادە دەکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتی کاتی لە عیراق کار دەکات. واتە لە یەک کاتدا ئەمریکا لەگەڵ هەموو دژەکان دۆستە و دوژمنیشە.
کاتێک کە هەندێک لە لایەنە شیعەکان بە تایبەتی کوتلەی سەدر ویستیان عەلاوی بەبێ ڕەزامەندی لایەنەکانی دی وەک شیعەی علمانی و سونەکان بۆ سەڕۆکی حکومەتی کاتی هەڵبژێرن، ئەمریکا دژی لێدوانی نەدا و پۆمپیۆ بە پەلە پەیونەدیی تەلفۆنی لەگەڵ ئەنجام دا و تاوتوێ دۆخی هێزەکانی ئەمریکای لەگەڵدا کرد. هەنووکە، عەدنان زەرفی کە هەڵگری هەمان بەرنامەی سیاسی عەلاویە و بۆ عیراقێکی یەکگرتوو کار دەکات، کاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەڕۆک وەزیران کوتلەی فەتح، سائیرن و هادی عامری ناڕازین، بەڵام چەند کەسێک لە ئەندام پەرلەمانی ئەو لایەنانە دەنگیان بە زەرفی دا و ١٥٠ ئەندام واژۆی لەسەر بوونی زەرفی بە سەڕۆک وەزیران کردوە. واتە ئەمریکا توانیویەتی لەسەر ئاستی تاکیش لەنێو پەرلەمان کار بکات. هاوپەیمانی سونە بە خۆشحاڵیەوە پێشوازیان لە پێشنیار کردنی زەرفی کرد و ڕایانگەیاند کە ڕوانگەی زەرفی دژ بە تائفی، مەزهەبگەرییە و بووچوونەکانی نیشتمانین، بەڵام کوتلەی شیعەکان پێیان وایە کە هەڵبژاردنی زەرفی ئیستیفزازیە و دژ بە قانون و دەستوری عیراقییە و هەوڵدەدەن نەهێڵن سەرکەوێت. لە ئاکامدا ئەمریکا هەڵوێستی بەرامبەر بە عەلاوی چۆن بوو هەنووکە هەمان هەڵوێستی بۆ زەرفیش هەیە، لە کاتێکدا ڕابردووی سیاسی ئەو کاندیدە، ئەوە دەردەخات کە ئەمریکا لە سەرەتاوە واتە لە ساڵی ٢٠٠٣وە هەوڵی دابێت زەرفی بخزێنێتە نێو گوڕەپانی سیاسیی پڕ لە کێشمەکێشمی عیراق و وەک داشی خۆی هەژماری بۆ بکات!
لە ساڵی ٢٠٠٣دا زەرفی ئەندامێكی تیمی تایبەتی ئاوەدانكردنەوە بوو لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بۆ عێراق هات، ئەو كات پۆڵ برێمەر كردییە پارێزگاری نەجەف، دواتر پۆستێكی باڵای لە وەزارەتی ناوخۆ وەرگرت، لە ساڵی ٢٠٠٩-٢٠١٥ دا دووبارە بوو بە پارێزگاری نەجەف، لە ساڵی ٢٠١٨دا بوو بە ئەندام پەرلەمانی عێراق، واتە کابرایەکە لەسەر دەستی ئەمریکا دروست بووە. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مایک پۆمپیۆ، لە تویتەری خۆی ڕایگەیاند کە:
" عیراق حکومەتێکی دەوێت کە بتوانیت پارێزگاری لە سیادەتی عیراق بکات، مافە سەرەتاییەکان و مافی مڕۆڤ دابین بکات، ئەگەر زەرفی لە بەرنامەی کارکردنیدا لە یەکەم هەنگاویدا ئەو خاڵانە ڕەچاو بکات، ئەوا ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی پشتیوانی لێ دەکەن".
وێرای ئەوەش ئەمریکا لەگەڵ حکومەتی ئێستای عیراق ڕێککەوت و لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بنەکەی سەربازی گەیارە، کەیوان و ئەلقایم، بە هەموو کەلوپەلە سەربازییەکانی ڕادەستی سوپای عیراقی کرد. مایلز کاگینز وتەبێژی هاوپەیمانی نێو دەوڵەتی لە عیراق لە میدیاکاندا ڕایگەیاند:
"کە ئەوان لەگەڵ حکومەتی عیراق ڕێککەوتن کە ئەو بنەک سەربازییانە ڕادەستی سوپای عیراقی بکرێت".
ئەمە لە کاتێکدایە کە گڕژیەکانی نێوان ئیران و ئەمریکا لە هەڵکشانە، دەگوترێت کە حکومەتی ئێستای عیراق زێتر لە ئیران نزیکە، ئەمریکا دژایەتی دەکات و پشتیوانی لە حکومەتی کاتی زەرفی دەکات! جگە لە هەموو ئەوانەش ئەمە ئاماژەیەکی باش نییە بۆ کورد، کە بنەکە سەربازییەکانی ئەمریکا بە تایبەتی لە کەیوان و گەیارە بە هەموو کەلوپەلە سەربازییەکان ئەمریکا بۆ سوپای عیراقی بەجێبهێڵت، کە ئەمە دەیسەلەمێنێت نادیارە هەر کاتێک ئەمریکا خوازیار بوو بنکەی حەریریش گەیارە و کەیوان ئاسا کە لەنێو دڵی خاکی کوردستانە بۆ سوپای عیراقی بەجێبهێڵێت و لە ئەنجامدا بە شێنەیی سوپای عیراقی بەبێ دەنگی بۆ سەرتان سەری کوردستان بگەڕێنێتەوە بۆ پاراستنی عیراقێکی یەکگرتوو لەژێر ئاڵای ئەو حکومەتەی کە خۆی پشتیوانی دەکات!
ئەمڕۆ گەلانی عیراق لە هەژاری و نەهامەتیەکی بێ هاوتادا گوزەر دەکەن، پەتای کڕۆنا دەردێکی تەندروستی و کۆمەڵایەتی دی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، سەرەڕای ئەوەش ناڕوونی سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە دژایەتی کردنی ئیران و حکومەتێکی گەندەڵی وەک ئەمڕۆی عیراق، پەتایەکی دی کوشندەیە کە خەڵک لە چارەنووسی خۆی و وڵاتەکە بێ هیوا بووە و دەشزانێت کە گرفتی نێوان ئەمریکا و ئیرانیش لەسەر خاکی ئەواندا بە موشەک ساغ دەکرێتەوە. لە ئاکامدا ئێستا خەڵک لە دووڕیانی هەڵبژاردنی حکومەتێک کە سەر بە ئیران بێت یان ئەمریکادا داماون و متمانەیان بە گۆڕانکاریە سیاسیەکان نەماوە.
ئەوانەی هەنووکە حوکمڕانی عیراق دەکەن، لەسەر پەتی هەردوولادا واتە ئیران و ئەمریکا یاری دەکەن بۆ ئەوەی پارێزگاری لەمانەوە لە پۆست و پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیان بکەن. هەر ئەوانەشن کە خاوەن ئەو ڕابردووەن ڕێگەیان بۆ خۆشکراوە، ڕیساکڵ بکرێنەوە و بکرێن بە سەڕۆک وەزیران و حکومەتی کاتی عیراق دابمەزرێنن و ئەمریکاش پشتیوانیان بکات نمونە، زورفی و عەلاوی هەردووکیان لە گەڕای نێو زێرابی گەندەڵی سیاسی عیراقدا توروکاون و پەروەردە بوون.
ئەمریکا نهێنی پلان و ئەجێنداکانی دەپارێزێت، ڕوویداوە ئەوەی لە میدیاکاندا گوتوویانە بە پراکتیک پێچەوانەی ئەوەیان کردوە یان ڕێککەوتنی ژێربەژێریان لەگەڵ لایەنە کۆک و دژەکان ئەنجام داوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێیان وایە، لەبەرئەوەی کەس و حزبەکانی سەر بە ئیران بە ناڕاستەوخۆ لەژێر پەردەوە ڕۆڵی سەرکییان لە عیراق هەیە بۆ دژایەتی کردنی ئەمریکا و موشەکباران کردنی بنەکەکانی، بەردەوامبوونی هێڕشە سەربازییەکانی ئێران بۆ سەر ئەمریکا لە عیراق، چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکریت کە ئەمریکاش لێ بێ دەنگ نەبێت، پلان و ستراتیژیەتی بۆ ڕووبەڕووبووەنەوەی بە جۆرێکی دیکە دارێژێت، ئەمەش هۆی سەرەکییە کە ئەمریکا چەند بنەکەیەکی سەربازی ناسەرەکیی ڕادەستی سوپای عیراق کردوە و سەربازەکانی بۆ بنکەکانی دی وەک حەریر و عەین ئەلئەسەد گواستۆتەوە!
ئیران بە جوڵە و گواستنەوەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا نیگەرانە، لە میدیاکاندا دەستی بە گەڤوگاڵ کردوە، دەیەوێت ئەوە بسەلمێنێت کە ئەمریکا لە ترسی ئەوان ئەو بنکانەی گواستۆتەوە و دەبێت لە ئایندەدا بە تەواوی عیراق بەجێبهێڵێت!
بنکەی سەربازی گەیارە و کەیوان و ئەلقام بنکەی سەرەکیی نەبوون، وەک بنکە سەرەکییەکانی عەین ئەلئەسەد و حەریر بە تۆکمەی دروست نەکراون، ئەمریکا فۆکەیسی زۆری نەخۆستۆتە سەر، لەبەرئەوەیە کە میلیشیاکانی عیراقیش زەفەریان پێ دەبرد، بۆیە ئەمریکا ئەو هێزانەی ئەو بنکەیە هەندێکیان بۆ بنکە سەرەکییەکانی کە لە عیراقن گواستەوە، هەندێکی دیش لەو سەربازانە بۆ ئەمریکا دەنێرێتەوە.
ناردنەوەی هەندێک لە سەربازە ئەمریکییەکان لەم کاتەدا بۆ ئەمریکا لەبەرئەوەیە کە دۆناڵد ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا بەڵێنی گەڕانەوەی سەربازە ئەمریکیەکانی لە عیراق بە ئەمریکییەکان دا، هەنووکە کە هەڵبژاردنەکانی سەڕۆکایەتی ئەمریکا چەند مانگێکی ماوە وەک بانگەشەی هەڵبژاردن ترامپ دەیەوێت ئەوە ئەنجام بدات و بەشێک لەو بەڵینە بێنێتە دی.
ئەمریکا بۆ خۆئامادە کردن بۆ چوونە جەنگەوە لەگەڵ ئیران هەوڵدەدا چەند هەنگاوێکی گرنگ بهاوێت و ڕای گشتی نێودەوڵەتی و ناوەخۆی ئەمریکا بەلای خۆیدا بشکێنێت. سەڕۆکی ئەمریکا بۆ ئەو مەبەستە پینتاگۆنی کرد بە بڕیاڕ بەدەست بۆ دەربڕینی هەڵوێستی ڕاست بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عیراق. واتە ئەگەر پێش هەڵبژاردنەکانی بڕیاری جەنگی دژ بە ئیران دا، ئەوا ئەو کات لێپرسراوەتی ئەو بڕیارە دەخاتە ئەستۆی پینتاگۆن و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، بەڵام ئەگەر دوای هەڵبژاردنەکان بێت و هەر خۆی ببێتەوە بە سەڕۆکی ئەمریکا ئەو کات ئەو گرفتەی نابێت ئەگەر بڕیاری جەنگ لەگەڵ ئێران بکەوێتە ئەستۆی ئەو یان نا واتە مەسەلەکە کاتە.
ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر بیناغەی مادەی ٣٩ و ٤٦ لە یاسای ئەو ڕێکخراوە سوودمەند دەبێت کە دەسەڵاتی داوە بە لیژنەی ئاسایشی نێونەتەوەیی کە بڕیاری پارێزگاری لە چ شوێنێکی جوگرافی بدات کە ئاسایش و بەرژەوەندیی نێونەتەوەیی و ناوچەکە دەخاتە مەترسیوە لەو بارەوە، جینەراڵ جین مارک میللی لە سێڤننیوس لە ٧/١/٢٠٢٠ گوتی:
" ئێمە پەیرەوی یاسای نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی شەڕی سەربازی دەکەین".
ئەمریکا لەسەر ئاستی حکومەتی عیراق هەوڵدەدا لە ڕێگەی پێکهێنانی حکومەتی تازەی کاتی و پەرلەمان بە دەنگ بڕیاری گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی عیراقی سەر بە ئیران بدات، ئەگەر ئەوەی بۆ نەکرێت ئەوا بڕیاری هەڵگیرسانی جەنگ دەدات. لە سەرەتادا دەستوەشاندنی ئەمریکا بۆ سەر هێز و میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ئیران لە عیراق دەبێت، بەڵام ئەگەر درێژە بخایەنێت ئینجا ئەو جەنگە بۆ نێو ئیران دەگوازرێتەوە، بەڵام ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت دەسەڵاتدارانی ئیران وەک پیشەی هەمیشەیان سەرشۆڕکەن و ئینجا داوای گفتوگۆ بکەن، ئەگەر ئەوە ڕوونەدات ئینجا ئامانجی هێرشی سەربازی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئیران دەست پێ دەکات،
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئەسۆشیتد پریس ڕایگەیاند:
ڕەخنەی توندی لە هەڵوێستی ئیران گرت، دەربارەی فرەوان کردنی هەوڵەکانی بۆ بەرهەم هێنانی چەکی ئەتۆمی و گوتی ئەمە کارێکی ڕێگە پێ نەدراوە و ئاسایشی ناوچەکە و نێودەوڵەتی دەخاتە مەترسیوە".
بێ گومان ئیسرائیل ئامانجی سەرەکیی ئەوەیە کە ئەو بنکانە وێران بکرێن لەبەرئەوەی پێ وایە بە پلەی یەکەم بەرژەوەندییەکانی ئەوی لە ناوچەکە خستۆتە مەترسیەوە. بە هەموو پێوەرێکی سەربازی تەکنەلۆژیا بێت، لە جەنگدا ئیران دەرقەت ئەمریکا نایەت و هەروها ئەمریکا دەستوەستان نەوەستێت بەرامبەر دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئیران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی لە عیراق. واشینگتۆن بەکەری فری لە ٣١/٣/٢٠٢٠دا بڵاوی کردەوە کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مایک پۆمپیۆ ڕایگەیاند:
" چۆن لە سەرەتای ئەم ساڵدا، قاسم سلێمانیمان کوشت، بەهەمان شێوە وەڵامی هەڕەشەکانی ئیران بۆ سەر بنکە سەربازیەکانمان دەدەینەوە".

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە