ده‌زانن حاڵی كورد پاش كۆرۆنا چۆن ده‌بێت؟
Wednesday, 25/03/2020, 19:01
به دوور له سیاسه‌ت، جارێك هیوادارم ئه‌و ره‌وشه ناله‌باره‌ی هه‌موو جیهان به خێرایی ته‌واو بێت وكورد به سه‌ربه‌رزی لێی ده‌رچێت و بیسه‌لمێنێت كه میله‌تێكه ده‌توانێت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م پێشهاته هه‌مه‌لایه‌نه‌كان بكات و بیر و مێشكی باڵاتره له زۆر میله‌تی تر كه به‌خورافات و ئه‌فسانه و داستانه كۆنه‌كان مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بابه‌تێكی زانستی وه‌كو كۆر‌ونا ده‌كه‌ن.
ئه‌مه قۆناخێكی گواستراوه‌یه و له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ژیانێكی تر ده‌ست پێده‌كات. گومانی تێدا نیه له رووی فكری و فه‌لسه‌فیشه‌وه ژیانی خه‌ڵك به گشتی گۆڕانكاریه‌كی یه‌كجار گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا دێت، به‌ڵام لێره‌دا مه‌به‌ستمانه ئه‌وه روون بكه‌ینه‌وه كه كورد به‌م ڕه‌وشه هه‌مه‌جۆره ئاڵۆزه و پاش كاریگه‌ریه هه‌مه‌چه‌شنه‌كانی كۆرۆنا، وه‌زع و حاڵی به‌كوێ ده‌گات و چۆن ده‌بێت؟
ئه‌وه‌ی هه‌یه ئه‌گه‌ر ئه‌م حاله‌ته‌ی ئێستا درێژه‌ش بكێشێت، له هه‌مو لایه‌كی زانستی و كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه، ئه‌و تیۆریه پهرسهندنهی داروینه رۆڵی خۆی دهرگێڕێت و راستی خۆی ده‌رده‌خات، ئه‌وه‌ش ده‌سه‌لمێت كه خه‌ڵكانی خودپارێز بیرفراوان و رۆشنبیر و واقیعی و خاوه‌ن فه‌لسه‌فه‌ی ژیاندۆستی و بیری زانستی و عه‌قڵانی ئه‌گه‌ری ساغ و سه‌لامه‌تی و مانه‌وه‌یان زیاتر ده‌بێت، ئه‌مه نه به مزگه‌وت و كه‌نیسه و نه‌ش به دوعا و نزا وسروتهكانی سه‌رجه‌م ئایین و ئایینزاكان و نه‌ش به هاوار و زه‌نا و نه‌ش به گریان و لاڵه و و له‌خۆدان و سنگ كوتان و نه‌ش به هیچ قسه‌یه‌كی زاره‌كی و پاڕانه‌وه چاره‌سه‌ر نابێت و وه‌زعی ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌م به‌ڵایه ده‌ریخست كه گرنگێتی رێنمایی دوكتۆریك چه‌ند له ویعاز و خوتبه‌ی مه‌لا و شێخیك گرنگتره و نه‌خۆشخانه‌یه‌كی بچوك چه‌ند له‌پێش هه‌ر پهرستگایهكهوهیه، كه پشت به میتافیزیك ده‌به‌ستێت نه‌ك مامه‌ڵه‌ی زانستیانه‌ی تاقیگه‌یی راست و دروست له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م بابه‌ته‌كانی ژیاندا.
مه‌سه‌له‌ی په‌یوه‌ندی ئایین به سیاسه‌ته‌وه، له پاش كاروباره فیعلیه‌كانی سه‌ر ساحه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی به ئاراسته‌یه‌ك و ئه‌ویتر، تێگه‌یشتنی خه‌ڵك به عه‌مه‌لی له ئایین و زانست و سیاسه‌ت و رۆڵی هه‌ر لایه‌ك گۆڕانكاری سه‌ره‌كی له‌سه‌ر ئه‌رز به‌سه‌ریدا دێت، ئه‌گه‌ر زۆرێكیش له‌وانه دان به‌وه‌دا نه‌نێن، كه ئاستی تنیگهیشتن و بیركردنه‌وه‌ی تایبه‌تی خۆیان له لایه‌ك و لوتبه‌رزی و ملهوری كه‌له‌ره‌قی له لایه‌كی تره‌وه رێگه‌یان پێنه‌دات ملكه‌چی حه‌قیقه‌ته‌كان بن، به‌ڵام ئه‌و گۆڕان و وهرگۆڕانانه خۆیان فه‌رزده‌كه‌ن به‌سه‌ر هه‌موواندا و حه‌قیقه‌ته‌كان ده‌رده‌خه‌ن .
مرۆڤ له‌م كاته‌دا كه ته‌كنۆلۆجیا زاڵه به‌سه‌ریدا و ئه‌وه‌ی پێویسته ماده بهردهستهكانه نه‌ك شتی زاره‌كی و پێویستیی كاتی و، گرنگ خیراكردنی هه‌وڵه‌كانه بۆ خۆ خۆپاراستن نه‌ك خۆخه‌ڵه‌تاندن. له لایه‌نی حكومیشه‌وه، ئه‌وه‌ی بۆ هه‌مولایه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت كه وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده و پیشه‌سازی و رۆشنبیری چه‌ند له ده‌زگا و كه‌سی بانگه‌شه‌كاری میتافیزیكی و خه‌ڵكی خۆخهلهتێن و وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و ئایینی و داموده‌زگا خه‌یاڵیه‌كان گرنگتره.
ئه‌وه‌ی زۆر دیاره كه سۆشیالیزمی واقعی دوور له یۆتۆبیا و خه‌یاڵ له‌م كاته‌دا خۆی سه‌پاند و راستی خۆی سه‌لماند، ئه‌مه‌ش به دان پێدانانی خودی سیستمی سه‌رمایه‌داری كه رۆژ نیه هاوار نه‌كات و تكای ئه‌وه‌نه‌كات كه بۆ رزگاركردنی سه‌رمایه‌داری ده‌بێت بۆ ماوه‌یه‌كی كاتیش بێت سیستمی سۆشیالیزمی پیاده بكه‌ن له‌بازاردا و ئه‌وه‌ی پێیان ده‌كرێت خه‌رجی بكه‌ن بۆ مانه‌وه‌ی بازاڕی ئازاد به په‌نا بردن بۆ ره‌فتاری سۆشیالزیمی و، باشترین رێگه‌ش گیرابیێه به‌ر به قسه‌ی خۆیان، ئه‌وه‌یه كه حكومه‌ته‌كانی زۆر له وڵاتان په‌یمانیان دا به دابه‌شكردنی پێداویستی و مه‌عاش ویارمه‌تی به‌سه‌ر سه‌رجه‌م هاوڵاتیاندا كه له‌م په‌تایه زه‌ره‌رمه‌ند بوون.
وڵاتان ئه‌مڕۆ په‌نجه‌ی په‌شیمانی ده‌گه‌زن له‌وه‌ی كه وا پ}تر نه‌یازانیوه به پرسێكی ته‌ندروستی بابه‌تی فه‌لسه‌فی و ساسی و فكریش ئه‌مڕۆ خۆی فه‌رزده‌كات. قسه‌ش له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن له‌رووی ئابووریه‌وه؛ ئه‌وه‌نده‌ی خه‌رج ده‌كه‌ن بۆ كه‌رتی گشتی له پاش كه‌رنتینه و دابڕان و لاته‌ریك، ئه‌گه‌ر پێشتر نیوه‌ی ئه‌مه بۆ كه‌رتی ته‌ندروستی و په‌روه‌رد و پیشه‌سازی گشتی خه‌رج بكرایه ئه‌وه‌نده له‌سه‌ریان نه‌ده‌كه‌وت و وه‌زعیان به‌م حاڵه‌ته نه‌گه‌یشت كه‌ناتوانن زاڵ بن به‌سه‌ر ئه‌م په‌تایه له رێگه‌ی كه‌رتی تایبه‌ت و بازاری ئازادی ته‌نها قازانج ویسته‌وه .
له لایه‌كی تره‌وه، ئه‌وه‌ی زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت كه ئابووری سه‌رمایه‌داری و ته‌نها مامه‌ڵه‌كردن له روانگه‌ی چۆنێتی قازانج كردن دوور له ژیانی مرۆڤایه‌تی ئیستێكی گه‌وره‌ی ده‌وێت له لایه‌ن تیۆریزان و خه‌ڵكی رێبه‌ر و فه‌یله‌سوف و زانایانی داهێنه‌ردا، گرنگتر له‌هه‌موو شتیكی تر ململانێ جیهانیه‌كه گۆڕانكاری سه‌ره‌كی به‌سه‌ردا دێت و هه‌ڵه‌كان ده‌ستنیشان ده‌كرێن و په‌یوه‌ندیه‌كانی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا وه‌رگۆڕانێكی گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا دێت و قسه‌كانی میشیل فۆكۆیاما و سامۆئیل هنتگتن چه‌ند هه‌ڵه و خهڵهتێنهربوون. بۆ كوردیش ده‌بێت له بازنه‌یه‌كی تایبه‌تی خۆیه‌وه ئه‌مانه بخوێنێته‌وه و له‌گۆشه‌ی ورد و كورتمه‌ودای خۆیه‌وه ره‌فتار بكات.
با باسه‌كه ته‌نها بۆ كورد كورتكهینهوه،
* له روانگه‌ی قسه‌كانی سه‌ره‌وه بۆ جیهان به‌گشتی، ده‌بێت كورد بێ دودڵی به شێوه‌یه‌كی یه‌كلاكه‌روه‌ی توند مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته و لهریزبهدهرهكانیش بكات و په‌ند له هه‌ڵه‌كانی وڵاتانی جیهان وه‌رگرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی له‌م جۆرانه ته‌نها هه‌ڵه‌یه‌كه و كۆتا هه‌ڵه‌یه بۆ هه‌ر وڵات و لایه‌ن و كه‌سێك هه‌ڵه‌بكات.
له‌پاش چه‌ندین ده‌یه‌ی مێژووی خوێناوی ئه‌م میله‌ته بۆ یه‌كه‌م جاره له وهزعیكی گشتی مامه‌ڵه‌ی یه‌كسان له‌گه‌ڵ هه‌مووان به سه‌رچه‌م چین وتوێژهكانهوه ده‌كرێت و بۆ ئه‌مجاره پاره داری و خانه‌دانی و ده‌م سپێتی له‌بواری ئه‌م مه‌سه‌له‌یه جیاواز نیه له‌گه‌ڵ هه‌ژار و داماو و كه‌مده‌رامه‌ت و بێ نه‌وایان دا.
* ئه‌مه وا خۆی سه‌پاند كه تا هه‌تایه گرنگیدان به ته‌ندروستی و په‌روه‌رده له ئه‌وله‌ویات بێت و له هه‌موو شتێكی تر زهروریتره بۆ هه‌ر وڵاتێك كه وه‌به‌رهێنانی تێدا بكرێت، كه‌چی له هه‌رێمه‌كه‌ی لای خۆمان ته‌نها به شێوه‌ی زاره‌كی به بێ گرنگیدانی پێویست وه‌رگیراوه، بۆیه ده‌بێت چاوی پێدا بخشێنرێته‌وه و دهشتپێشخهریكاری زه‌روری و هه‌نوكه‌یی تێدا بكرێت.
* ئه‌وه‌ی بۆ كورد گرنگه به‌م وه‌زعه لهخۆبوردووهی حاڵی كه له‌سه‌رجه‌م كهرتهكانیدا ده‌یبینین، ده‌بێت له‌مه‌ودوا ته‌ندروستی و په‌روه‌رده و زانست و خوێندنی باڵا له‌وانی تر گرنگتر و بایه‌خدار تر بێت لای نه‌ك كه‌مته‌رخه‌می و بێخه‌می له به‌ڕێوه‌بردنی كوردستان و گوێ نه‌دان به پێوێستیه زهروریهكان پیشه‌ی هه‌میشه‌یی بێت و، هه‌وڵی هه‌مه‌چه‌شنی ههموولایك بۆ خۆسپهاندنی حوكمی كاری مافیایی و گه‌نده‌ڵی و به‌رژه‌وه‌ندی بنه‌ماڵه و تاك و كوتله و حزب بێت . بۆیه ده‌توانین بڵێین ئه‌گه‌ر په‌ند وه‌رگرین قازانجی كۆرۆنا به‌قه‌د زهرهركهی ده‌بێت بۆ جیهان و له‌وێشدا زیاتر بۆ كورد و كوردستانیش. به‌لام پرسیاره‌كه لهوێداهی. ئایا په‌ند وه‌رده‌گرین؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست